|
١٧\٩\٢٠٢٦
نەشتەرگەریی
ئاوێنەکان.
ستوونی ژمارە
٤٥
- گۆشەیەکی هزرییە بە
خوێندنەوەیەکی بوونناسیی و دەروونشیکاریی کۆمەڵایەتی و رامیاریی
بابەتیی -

ئەرسەلان مەحمود
کۆمەڵگەی مەدەنی، لە
دیکۆرەوە بۆ دامەزراوە.
هۆڵێکی بچووک، بیست گەنج، مێزێک و چەند کورسییەکی نەگونجاو. جیهانێک لە
خەون دەکەونە گفتووگۆ و دیالۆگەوە، گەنجێک ناوێک پێشنیار دەکات،
گەنجێکی تر بەیاننامەی دامەزراندن دەهۆنێتەوە، دەستەیەک هەڵدەبژێردرێت
و لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا هەموویان بە هەستێکی خۆشەوە دەڕۆنە دەرەوە،
هەستی ئەوەی هیچ نەبێت شتێک لە جیهانبینی ئەواندا دەستیپێکرد. ئەم
دیمەنە لە هەموو کوردستاندا هەزاران جار دووبارەبووەتەوە، ڕێک نیو
سەدەیە دووبارەدەبێتەوە، زۆرینەی ئێمە لە قۆناغێکی تەمەنماندا لەو
هۆڵانەدا دانیشتووین. پرسیارە بریندارەکەش لێرەوە دەستپێدەکات، ئەو
بیست گەنجە دوای دە ساڵێک لە کوێن، ئەو ناوەی لەو ڕۆژەدا هەڵبژێردرا،
ئەو بەیاننامەیەی ئەوساکە خوێندرایەوە، ئێستا چییە و بە کوێ گەیشت؟ لە
زۆربەی حاڵەتەکاندا ناوەکە ماوەتەوە، مۆرەکە ماوەتەوە، تەنانەت
نووسینگەکەشی ماوە، بەڵام ئەو هەست و ئامانجەی لەو ڕۆژەدا لە هۆڵەکەدا
بوو، نەماوە. ئەم ستوونە باسی ئەو نەمانە خەمهێنەرە قووڵە دەکات.
پێش هەموو شتێک دەبێت پێناسەیەکی ورد دابنێین، چونکە زۆرترین شێواندن
لە کوردستاندا لە پێناسەکەدا ڕوویداوە. کۆمەڵگەی مەدەنی نە بەشێکە لە
دەوڵەت و نە بەشێکە لە بازاڕ. سێ فەزای جیاواز هەن، فەزای دەسەڵات
لەسەر بنەمای زۆر و یاسا کاردەکات، فەزای بازاڕ لەسەر بنەمای قازانج و
ئاڵوگۆڕ کاردەکات، بەڵام فەزای مەدەنی لەسەر بنەمای خواستی ئازادانەی
هاوڵاتییان کاردەکات. ئەم فەزای سێیەمە تاکە شوێنێکە مرۆڤ تێیدا نە
فەرمانی پێدەکرێت و نە دەکڕدرێت، لە خۆیەوە و خۆبەخشانە دەچێت. بۆیە
پێوانەی ڕاستەقینەی ڕێکخراوێکی مەدەنی نە ژمارەی ئەندامەکانییەتی و نە
قەبارەی نووسینگەکەی، پێوانەکە ئەمەیە، ئەگەر بەرپرسێک یان کۆمپانیایەک
پێی نەڵێت چی بکات، ئایا هێشتا دەزانێ چی بکات؟ ئەم پرسیارە بە تەنها
دەتوانێت زۆربەی ئەو ناوانەی لای ئێمە بەرەو سەر هەڵدەکێشرین، لە
خشتەکە دەربکات.
ئەلێکسی دە تۆکڤیل، لە شیکارییەکەیدا لەسەر ئەمریکای سەدەی نۆزدەیەم،
بە شتێک سەرسام بوو، شتێک لە دەرەوەی چاوەڕوانی خۆی. ئەو دەڵێت
ئەمریکییەکان لە هەموو تەمەن و پێگە و ئارەزوویەکدا بەردەوام ڕێکخراو
پێکدەهێنن، ئەمە بۆ دروستکردنی قوتابخانەیەک، بۆ چاککردنی ڕێگەیەک، بۆ
بڵاوکردنەوەی کتێبێک. لای تۆکڤیل ئەم کردەیە تەنها کارێکی قازانج
نەویستانە نییە، زانستێکە ناوی هونەری ڕێکخستنی هاوبەشە، ئەم هونەرە
دایکی هەر هەموو زانستەکانی تری دیموکراسییە. هۆکارەکەشی ڕوونە، مرۆڤی
بە تەنها هەڵکردوو لە بەرامبەر دەسەڵاتێکی گەورەدا هیچ هێزێکی نییە،
بەڵام دە هاوڵاتی ڕێکخراو دەبنە هێزێکی بچووکی ڕاستەقینە و ئەم هێزە
بچووکانەش پێکەوە ئەو بەربەستەن ڕێگە لە خۆسەپاندنی دەوڵەت و لە
زۆرداریی زۆرینەش دەگرن. لێرەدا وردەکارییەکی گرنگ هەیە زۆرجار
فەرامۆشی دەکەین، تۆکڤیل باسی ئەوە ناکات ڕێکخراوەکان خزمەتی خەڵک
دەکەن، باسی ئەوە دەکات خەڵک لە ڕێگەیانەوە فێری دیموکراسی دەبن.
ڕێکخراو خوێندنگەیە، پێش ئەوەی خزمەتگوزاربێت.
ئەنتۆنیۆ گرامشی لە لایەکی ترەوە، وێنەیەکی جەنگاوەرانەتری داناوە. ئەو
دەڵێت لە دەوڵەتە مۆدێرنەکاندا، دەوڵەت تەنها خەندەقی پێشەوەیە و لە
پشتیەوە زنجیرەیەک قەڵا و سەنگەری بەهێز هەن، ئەو قەڵایانە کۆمەڵگەی
مەدەنین، قوتابخانە، ڕۆژنامە، سەندیکا، کڵێسا، ڕێکخراو. هەر
گۆڕانکارییەکی ڕاستەقینە لە قەڵاکانەوە دەستپێدەکات نەک لە خەندەقەکەوە.
لێرەدا دوو ئەنجامی جەوهەری هەن. یەکەم، هەرکەسێک بیەوێت کۆمەڵگە
بگۆڕێت و تەنها چاوی لە دەسەڵات بێت، شەڕی هەڵە دەکات. دووەم و گرنگتر،
دەسەڵاتیش هەمان شت دەزانێت، بۆیە یەکەم هەنگاوی هەر دەسەڵاتێکی وریا
داگیرکردنی ئەو قەڵایانەیە پێش ئەوەی لە دژی بەکاربهێنرێن. کاتێک لە
کوردستاندا دەبینین هەموو ڕێکخراوێکی کاریگەر بە جۆرێک لە جۆرەکان بە
بارەگەیەکەوە بەستراوەتەوە، ئەمە بێسەلیقەیی نییە، ستراتیژە.
ئێستا با بێینە سەر خودی برینەکە خۆی، لێرەدا دەبێت بە ڕاشکاوی
قسەبکەین. ڕێکخراوی مەدەنی لای ئێمە بە سێ شێواز داگیرکراوە. شێوازی
یەکەم داگیرکردنی ڕێکخراوەیی، ڕێکخراوەکە هەر لە سەرەتایەوە وەک باڵێکی
حزب دادەمەزرێت، سەرکردایەتییەکەی لە بارەگەوە دیاریدەکرێت و
ئەندامەکانی لە ڕاستیدا کادری حزبین. لەم حاڵەتەدا فۆڕمەکە مەدەنییە و
ماهییەتەکە حزبی، ئەمە خراپترین جۆری چەواشەکارییە، چونکە جێی
ڕێکخراوێکی ڕاستەقینە داگیردەکات. شێوازی دووەم داگیرکردنی داراییی،
ڕێکخراوێک هەموو دارایییەکەی لە دەرەوەوە بێت، ئەرکەکەی لە دەرەوەوە
دیاریدەکرێت. کاتێک بەخشەرێک بڕیاردەدات ئەمساڵ پارە بۆ کێشەیەکی
دیاریکراو تەرخانبکات، دەیان ڕێکخراو یەکسەر لەسەر ئەو کێشەیە کاردەکەن
و ساڵی داهاتوو هەموویان بۆ کێشەیەکی تر دەگۆڕێن. لەم دۆخەدا ڕێکخراو
چیتر دەنگی کۆمەڵگە نییە، پەیمانکار یان ئامرازی جێبەجێکاری بەخشەرە.
شێوازی سێیەم داگیرکردنی کەسیی، ڕێکخراوەکە دەبێتە موڵکی
دامەزرێنەرەکەی و دوای سی ساڵیش هەر هەمان کەس لەسەر هەمان کورسییە،
ئەمە هەمان یاسای ئاسنینی ئۆلیگارشییە لە ستوونی ٣٧دا باسمانکرد، بەڵام
ئەمجارە لە بچووکترین ئاستدا.
سەیرترین شت لەم سێ شێوازەدا ئەوەیە هەموویان لە ڕواڵەتدا سەرکەوتوون.
ڕاپۆرت دەنووسرێن، کۆنفرانس دەبەسترێن، وێنە دەگیرێن، ژمارەکان بەرزن و
لە کۆتایی ساڵدا هەموو شتێک تەواوە. بەڵام ئەگەر بپرسیت لەم هەموو
چالاکییەدا چ یاسایەک گۆڕا، چ بڕیارێک هەڵوەشێنرایەوە، چ بەرپرسێک
لێپرسینەوەی لەگەڵدا کرا، چ ماهییەتێک گۆڕا، وڵامەکە زۆرجار بێدەنگییە،
بێدەنگییەکی تەژی لە غەوغای هیچ نەوتن. ئەمە جیاوازیی نێوان چالاکی و
کاریگەرییە. کۆمەڵگەی مەدەنیی ڕاستەقینە بە چالاکی ناپێورێت، بە گۆڕینی
یاساکان دەپێورێت، چونکە ئەرکەکەی گۆڕینی خودی یاسایە نەک داپۆشینی
دەرەنجامەکانی. لێرەدا دەبێت جیاوازییەکی گرنگیش ڕوونبکەینەوە، کاری
خێرخوازی و کاری مەدەنی دوو شتی جیاوازن. خێرخوازی برسییەک تێردەکات،
کاری مەدەنی دەپرسێت بۆچی برسییە. یەکەمیان بەهایەکی گەورەی ئەخلاقی
هەیە، بەڵام لە قووڵاییدا سیستەمەکە پارێزراو دەهێڵێتەوە، چونکە
دەرەنجامە توندەکانی نەرم دەکاتەوە بەبێ ئەوەی دەستکاری هۆکارەکانی
بکات. کۆمەڵگەیەک هەموو وزەی مەدەنیی بۆ کاری خێرخوازی تەرخانبکات،
هەرگیز پێویستبوون بە گۆڕانکاری تێدا دەرناکەوێت.
قووڵترین بەشی ئەم شیکارییە لە دەروونی ئەو گەنجەدایە لەو هۆڵە
بچووکەدا دانیشتبوو. لە یەکەم ساڵدا وزەیەکی گەورەی هەیە، شەو تا درەنگ
کاردەکات و بێ هیچ پارەیەک دەڕوات و دێت. لە ساڵی دووەمدا دەبینێت
هەموو دەرگەکان بە یەک کلیل دەکرێنەوە، کلیلی پەیوەندی. لە ساڵی
سێیەمدا یەکێک لە دوو ڕێگە هەڵدەبژێرێت، یان دەکشێتەوە و دەڵێت ئەمە
جێگەی من نییە، یان فێری یاساکە دەبێت و کاری پێدەکات. ئەمە ساتی ئەو
برینەیە دەکرێت پێی بڵێین برینی ئەخلاقی، کاتێک مرۆڤ بۆ باشە دێتە ناو
شوێنێک و لەوێ فێردەبێت باشە بێهودەیە. دەسەڵاتیش لەم ساتەدا زیرەکترین
ئامرازی خۆی بەکاردەهێنێت، ئامرازێک لە زیندان و ترساندن کاریگەرترە،
پلەبەخشین. ڕەخنەگرێکی بەهێز پۆستێکی پێبدەیت، هەم دەنگەکەی کپدەبێت و
هەم دەبێتە بەڵگەی ئەوەی سیستەمەکە دەرگەکانی کراوەن. بەم شێوەیە
قەڵاکە بەبێ تەقەیەک داگیردەکرێت و ئەو گەنجەی دوێنێ دەنگی بێدەنگەکان
بوو، ئەمڕۆ دەبێتە بەشێک لە هەمان تەلار.
لێرەدا گرنگە شتێکی تریش بڵێین، چونکە زۆربەمان بەشێکین لەم چیرۆکە.
ئەو گەنجانەی ساڵانی تەمەنیان لە ڕێکخراوەکاندا بەڕێکرد، ڕاستییەکەی
هیچیان بەفیڕۆ نەداوە. کۆبوونەوەکان، مشتوومڕەکان، ئەو شەوانەی لەسەر
داڕشتنی بەیاننامەیەک بەسەرچوون، هەموویان مەشقی ئەو کەلتوورە بوون
هێشتا بەرهەمەکەی لە کۆمەڵگەدا ماوە. کێشەکە لە نیەتی ئەو گەنجانەدا
نییە، لە ژینگەیەکدایە هەموو وزەیەکی نوێی دەمژێ و دەیداتەوە دوو کەناڵ،
کەناڵی بارەگە و کەناڵی پڕۆژە. بۆیە ڕەخنەکە دەبێت ڕووی لە بونیادەکە
بێت نەک لەو نەوەیەی بێهودە تێکۆشا. تەنانەت زۆرێک لەو ڕێکخراوانەی
ئەمڕۆ داگیرکراون، لە سەرەتای نەوەتەکاندا بە دەست گەنجانەوە بوون و بە
هیوای ڕاستەقینەوە دامەزران، ئەمە خۆی بەڵگەی ئەوەیە خاکەکە بەپیتە و
ئەوەی گۆڕاوە، شێوازی ئاودانەکەیە.
لەم تەلارەدا برینێکی قووڵتر هەیە زۆرجار بە بێدەنگی تێدەپەڕێنرێت،
ئەویش ئەو ستەمەیە بەرامبەر کچان و ژنان لە ناو خودی ئەو ڕێکخراوانەدا
ڕوودەدات دروشمی مافەکانیان هەڵدەگرن. لێرەدا نەشتەرەکە دەبێت تیژتر
بێت، چونکە ئەمە تاوانێکی دوو ئەوەندەیە، هەم خودی کردەکەیە و هەم ئەو
بەرگە پیرۆزەیە کردەکەی تێدا شاردراوەتەوە. با میکانیزمەکە بە ساردی
شیبکەینەوە. لە هەر ڕێکخراوێکدا ناهاوسەنگییەکی دەسەڵات هەیە، لایەکیان
کورسی و بڕیار و بودجە و بڕوانامە و دەرفەتی گەشتی لە دەستدایە و
لایەکەی تر تازە دەستیپێکردووە و هەموو داهاتوویەکی بەم دەرگەیانەوە
بەستراوەتەوە. لەم دۆخەدا هەر داوایەکی کەسی، چ بە زمانی نەرم و چ بە
زمانی هەڕەشە بێت، لە بنەڕەتدا داواکاری نییە، ناچارکردنە، چونکە
نەخێروتنەکە نرخێکی گەورەی هەیە. ئەوەی لەم بارودۆخەدا بە ڕەزامەندی
ناودەبرێت، هەر هەمان ئەندازیاریی ڕەزامەندییە لە ستوونی ٤٠دا
شیمانکردەوە، بەڵام لێرەدا لە ئاستی جەستە و ژیانی تاکێکدا کاردەکات.
بەشە کوشندەکەشی دوای ئەم کردەیە دێت، ئەویش ئامرازی بێدەنگکردنە. لە
کۆمەڵگەیەکی لەمەڕ خۆماندا، پێگەی ژن بە ناوبانگەکەیەوە بەستراوەتەوە،
بۆیە یەکەم چەکی بەکارهاتوو لەکەدارکردنە. ئەوەی سکاڵا دەکات، پێش
ئەوەی سکاڵاکەی بخوێندرێتەوە، خۆی دەخرێتە بەردەم دادگای گشتی، دەیان
دەم ئامادەن بۆ گێڕانەوەی چیرۆکێکی تر. بەم شێوەیە بێدەنگی چیتر
هەڵبژاردنێکی ترسنۆکانە نییە، دەبێتە بڕیارێکی ژیرانە بۆ پاراستنی خود،
ڕێک وەک ئەو گومانەی لە ستوونی ٤٤دا وتمان لە ژینگەیەکی وەهادا
ئەقڵانییەتێکی بەرگرییە. لە بلۆکی ژناندا بە درێژی باسی ئەو بێدەنگییە
سەپێنراوەمان کرد، ئێستا دەبینین هەمان بێدەنگی چۆن لەناو ئەو
شوێنانەدا دووبارەدەبێتەوە پێویست بوو ببنە پەناگە.
دەرەنجامی بونیادیی ئەم دیاردەیە لە ئاستی تاکێک دەڕوات و دەگاتە ئاستی
نەتەوەیەک. ژنێک لە یەکەم ئەزموونی کاری گشتیدا ئەم ستەمە بچێژێت،
تەنها یەک ڕێکخراو لەدەستنادا، تەواو لە فەزای گشتی دەکشێتەوە،
بنەماڵەکەشی لەوەودوا هەموو دەرگەیەکی لێدادەخات و دەڵێت ئەو شوێنانە
شوێنی کچان نین. بەم شێوەیە دوو کارەسات پێکەوە ڕوودەدەن، ژنێک لە
ژیانی گشتی دەردەکرێت و ئەو بۆچوونە کۆنەش بەڵگەی نوێی بۆ دەدۆزرێتەوە.
ئەوەی جێی داخە، لەم پرۆسەیەدا هەمان ئەو ڕێکخراوانە بەشدارن ساڵانە
دەیان ڕاپۆرت لەسەر بەهێزکردنی ڕۆڵی ژنان دەنووسن. بۆیە دەبێت بە ڕوونی
بڵێین، هەر ڕێکخراوێک میکانیزمێکی سەربەخۆی سکاڵا و لێپرسینەوەی نەبێت
لە دەرەوەی دەسەڵاتی سەرکردایەتییەکەی، هەرچەندە دروشمەکانی بەرزیش بن،
لە ڕاستیدا خوێندنگەی دیموکراسی نییە، گۆڕەپانی ڕاوە بۆ خاوەن
دەسەڵاتەکانی.
لە پاڵ ئەم برینەدا، دیاردەیەکی تری شەرمهێنەر هەیە پێویستە بە ناوی
خۆیەوە بانگبکرێت، ئەویش گۆڕینی کاری مەدەنییە بۆ پیشەیەکی داهاتهێن بە
ناوی خزمەتی خەڵکەوە. لێرەدا مەبەستم ئەو کەسانە نییە بە شەرەفەوە
موچەیەک وەردەگرن لە بەرامبەر کارێکی ڕاستەقینەدا، چونکە کاری بەردەوام
تێچووی هەیە و پارە خۆی لە خۆیدا پیس نییە. مەبەست ئەو دۆخەیە ڕێکخراو
لە ئامرازی چارەسەرەوە دەگۆڕدرێ بۆ ئامرازی بژێوی، لەو ساتەوە هەموو
لۆژیکەکەی هەڵدەگەڕێتەوە. لە دۆخێکی وەهادا کێشەکانی کۆمەڵگە چیتر
ئازار نین، دەبنە سەرمایە، هەژاریی خەڵک دەبێتە وێنە و ئاوارەبوونیان
دەبێتە بەڵگەنامە و برینەکانمان دەبنە کاڵای گەشتی کۆنفرانسەکان. ئەوەی
زیاتر لە هەموویان ناخ دەسووتێنێت، ئەو شێوازەیە هەندێ لایەن بەرەو
دەرەوە دەڕۆن و بە هەرە تاڵترین وێنەی ئێمەوە داوای پارە دەکەن، ئەمە
نەک هەر فرۆشتنی مافی ئەو خەڵکەیە، تەنانەت چەسپاندنی هەمان ئەو
وێنەیەیە هەمیشە بۆمان کێشراوە، وێنەی گەلێک هەمیشە پێویستی بە بەزەیی
هەیە و هەرگیز پێویستی بە مافی خۆی نییە.
زیانی ئەم دیاردەیە لە دزینی پارە زۆر گەورەترە، چونکە متمانە دەکوژێت.
کاتێک هاوڵاتییەک چەند جارێک ببینێت ناوی ڕێکخراو بۆ ژیانی خۆش و
ئۆتۆمبێلی گرانبەها بەکارهێنراوە، لەوەودوا هەموو ڕێکخراوێک بە هەمان
چاو دەبینێت و ئەو کەسانەی بە ڕاستی خۆبەخشانە کاردەکەن، یەکەم
قوربانیی ئەم گومانە دەبن. ئەمە دەقاودەق هەمان یاسای دراوی خراپە لە
ستوونی ٤٤دا وتمان، دراوی ساختە دراوی ڕاست لە بازاڕ دەردەکات. بۆیە
پاککردنەوەی ئەم بوارە نە کارێکی ئەخلاقیی لاوەکییە و نە ڕەخنەیەکی
توندڕەوانە، مەرجی مانەوەی خودی فەزای مەدەنییە. جیاکەرەوەکەشی سادەیە،
لە ڕێکخراوێک بپرسە بەڕێوەبەرەکەی چەند وەردەگرێت و پرسیارەکە بە
سووکایەتی بزانرێت، ئەوا وڵامەکەی هەر لەو ڕەفتارەدا هەڵگیراوە.
کەواتە دامەزراوەی ڕاستەقینە دەبێ بە چی بناسرێتەوە؟ بە پێنج پێوانەی
سادە. یەکەم، سەربەخۆیی دارایی، ڕێکخراوێک زۆرینەی داهاتەکەی لە
ئەندامەکانی خۆیەوە بێت، بەرامبەر ئەندامەکانی بەرپرسیارە، ئەگەر لە
سەرچاوەی دەرەکییەوە بێت، بەرامبەر ئەو سەرچاوەیە بەرپرسیارە. ئەو
ئەندامانەی مانگانە بڕە پارەیەکی بچووک دەدەن، بەهایان لە بودجەیەکی
گەورەی دەرەکی زیاترە، چونکە پارەی خۆیان دەیانکاتە خاوەنی ڕێکخراوەکە.
دووەم، دیموکراسیی ناوخۆیی، هەڵبژاردنی ڕاستەقینە، ماوەی سنووردار بۆ
پۆستەکان، ئەگەری ئەوەی سەرکردایەتییەکە ببەزێت. سێیەمییان
تایبەتمەندییە، ئەو ڕێکخراوەی دەڵێت لە هەموو بوارێکدا کاردەکەم،
ڕاستییەکەی لە هیچ بوارێکدا کارناکات، کاریگەری لە چڕبوونەوەدایە.
چوارەم، شەفافیەت، هەر ڕێکخراوێک داوای شەفافیەت لە دەسەڵات دەکات و
خۆی بودجەکەی بڵاوناکاتەوە، لە یەکەم هەنگاودا کەوتووە. پێنجەم،
بەردەوامی، دامەزراوەی ڕاستەقینە ئەوەیە دوای ڕۆیشتنی دامەزرێنەرەکەی
بمێنێتەوە، ئەمە هەمان پێوانەی ستوونی ٤١ـە، بەڵام لە ئاستی ئێمەدا نەک
لە ئاستی دەوڵەتدا. شەشەم، پاراستن، سیستەمێکی ڕوونی سکاڵا و
لێکۆڵینەوەی سەربەخۆ هەبێت بۆ هەر جۆرە ستەم و دەستدرێژییەک، بە
دەرەنجامی ڕاستەقینەوە نەک بە بەڵێنی نهێنی، ڕێکخراوێک ئەندامەکانی خۆی
نەپارێزێت، ناتوانێت داوای پاراستنی هیچ کەسێکی تر بکات.
با دژە ئەرگومێنتێکەی ئێرەش وڵامبدەینەوە، دەوترێ لە کۆمەڵگەیەکی هەژار
و لە ژێر گوشاری ئابووریدا، هیچ ڕێکخراوێک بەبێ پشتیوانیی دەرەکی
ناتوانێت بژی، بۆیە وابەستەیی زەروورەتێکی ژیانە. ئەم بۆچوونە
ڕاستییەکی تێدایە، بەڵام دوو شت تێکەڵدەکات، پێویستی بە سەرچاوە و
ڕادەستکردنی ئیرادە. سەرچاوەی دەرەکی خراپ نییە کاتێک ئەرک و ئاڕاستەکە
هی ڕێکخراوەکە خۆی بێت و بەخشەرەکە تەنها بەشداری تێچووەکە بکات، خراپ
ئەوەیە ئەرکەکە خۆی لە دەرەوەوە بێت. جیاکەرەوەشی پرسیارێکی سادەیە،
ئەگەر ئەم پارەیە نەبێ، ئایا هەمان کارە دەکەیت بە قەبارەیەکی بچووکتر،
یان بە تەواوی وازدەهێنیت؟ ئەگەر وڵامەکە دووەمە، ئەوا ئەو کارە هەرگیز
هی تۆ نەبووە.
دواجار با ئەمە بڵێین، کۆمەڵگەی مەدەنی بە ژمارەی ڕێکخراوەکان
بونیادنانرێت، بە کەلتووری ڕێکخستن بونیاددەنرێت. ئێمە هەزاران ناومان
هەیە و کەمترین کاریگەریمان هەیە، چونکە ناوەکان لە سەرەوە دروستکراون
و کەلتوورەکە لە خوارەوە نەڕواوە. سێ کردەی بچووک ئەم کەلتوورە دەڕوێنن،
کۆبوونەوەیەک بە کاتی خۆی دەستپێبکات، بڕیارێک بە دەنگدان بدرێت و
پارەیەکی گشتی بە شەفافی پەیدابکرێ و خەرجبکرێت. ئەمانە لە ڕواڵەتدا
بچووکن، بەڵام لە قووڵاییدا هەمان مەشقن هیچ دەوڵەتێک بە بێیان
بونیادنانرێت.
دیارە هەموو ئەم بازنانە پێویستیان بە جێگەیەکە یەکتری تێیدا ببینن.
ڕێکخراو دەبێت لە کوێ گفتوگۆ لەگەڵ ڕێکخراوێکی تردا بکات، لە کوێ ڕای
خۆی بەرامبەر ڕای گشتی ڕابگەیەنێت و لە کوێ دەنگی بگاتە ئەو خەڵکەی
ئەندامی نین؟ کۆمەڵگەی مەدەنی بەبێ فەزایەکی گشتیی ئازاد وەک
مەکینەیەکە بێ هەوا، پارچەکانی هەموویان لە جێی خۆیاندان و ناجووڵێت.
کەواتە پرسیاری ستوونی داهاتوو ئەمەیە، ئەو فەزا گشتییە چییە، لە کوێدا
لەدایکدەبێ کاتێک شەقام و مەیدان و شاشە هەموویان خاوەنیان هەیە،
هاوڵاتی لە کوێ دەتوانێت بەبێ ترس و بەبێ کڕین و فرۆشتن پێەوەی قسەبکات؟
__________________________________________________________
●
هەموو ستوونەکانی
گۆشەی ''نەشتەرگەریی ئاوێنەکان'':
www.emrro.com/gosheyneshtergeriya.htm
ماڵپهڕی ئهرسهلان مهحمود
|