په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٦\٩\٢٠٢٦

نەشتەرگەریی ئاوێنەکان.

ستوونی ژمارە ٤٦

- گۆشەیەکی هزرییە بە خوێندنەوەیەکی بوونناسیی و دەروونشیکاریی کۆمەڵایەتی و رامیاریی بابەتیی -


ئەرسەلان مەحمود      

فەزای گشتی، لە دیوەخانەوە بەرەو گۆڕەپانی گفتوگۆ.


لە تەواوی شار و شارۆچکەکانی کوردەواریدا، پانتایییەک هەیە خەڵکی تیایدا کۆدەبنەوە و دەدوێن. چایخانە، دیوەخان، باخچەی گشتی، سەر شەقام، دوکانێکی گەڕەک، یان ژوورە دیجیتاڵییەکان. لەم فەزایانەدا، بەردەوام گفتوگۆ و قسە لەسەر تەواوی شتەکان دەکرێت، ئەمە لە بەهای ڕۆژانەی دراوەکانەوە تا سیاسەتی نێودەوڵەتی، لە هەڵەی وەزیرێکەوە تا چارەنووسی نەتەوە. هەڵبەتە ئەمە کێشەیەک یان قەیرانە بنەڕەتییەکە نییە، داڕمانەکە ئەوەیە دوای تێپەڕینی دە ساڵێک سەرلەنوێ بگەڕێیتەوە ناو هەمان ئەو باس و خواس و کۆڕ و فەزایە، هەمان ئەو خەڵکانە، ڕێک لە هەمان ئەو پانتایییانەدا، هەر هەمان باس دەبارە دەکەنەوە، بەبێ ئەوەی هیچ شتێک گۆڕابێ و وەرچەرخانێکی بەخۆیەوە بینیبێت.

جارێ با پەی بە قووڵایی جیاوازییەکی ڕیشەیی بەرین، چونکە زۆرجار ئەم دوانە ئاوێتە و تێکەڵی یەکتریان دەکەین، قسەکردن و گفتوگۆ. قسەکردن، دەربڕینی هزرە، هاوکات گفتوگۆ، ڕەوتێکە دەرەنجامی هەیە. لەناو قسەکردندا هەر کەسێک تەنها بۆ خودی خۆی دەدوێت و لە دەرەنجامدا گشتیان بە هەمان هزری پێشوویانەوە هەڵدەستن و دەڕۆن. لەناو گفتوگۆدا هەر کەسێک ئامادەیە دیدگەی خۆی وەرچەرخێنێت، ئەگەر بەڵگەیەکی سەنگین تر بەرامبەر بە هزری ئەو ئاشکرا ببێت. کۆمەڵگەی ئێمە لە پرۆسەی قسەکردندا لە تەواوی گەلان دەوڵەمەندترە و لە ڕەوتی گفتوگۆشدا لە گشتیان هەژارترە، ئەم بۆشایییە ناوێکی مەعریفیی هەیە، غیابی فەزای گشتی.

یۆرگن هابرماس، فەیلەسووفی ئەڵمانی، لە ناو لێکۆڵینەوەیەکی مێژووییدا، فۆرمی لەدایکبوونی ئەم فەزایەی لە ئەورووپای سەدەی هەژدەیەمدا شیکردووەتەوە. لەو زەمەنەدا لەناو قاوەخانەکانی لەندەن، لە هۆڵەکانی پاریس و لە کۆڕەکانی خوێنەرانی ئەڵمانیدا، ڕەهەندێکی نوێگەر لەدایکبوو، پانتایییەک هاووڵاتییان تیایدا ئامادە دەبوون و پێکەوە دەربارەی کاروباری گشتی گفتوگۆیان ساز دەدا. هابرماس بڕوای وایە ئەم فەزایە لەسەر سێ کۆڵەکە بونیاد نراوە. یەکەم، دانانی پێگە لە دەروازەوە، لەناو قاوەخانەدا گرنگ نەبوو تۆ میرزادەیت یان بازرگان، ئەوەی بەهای هەبوو تەنها ئەو بەڵگەیە بوو لە هەگبەتدا بوو. دووەم، خستنە ژێر پرسیارەوەی ئەو بوارانەی لە ڕابردوودا هیچ مرۆڤێک مافی ئەوەی نەبوو پرسیاریان لەبارەوە بکات، واتە کاروباری دەسەڵات و ئایین بوونە بابەتی شیکاریی گشتی. سێیەم، کراوەیی، لە بنەڕەتدا دەروازە بەڕووی تەواوی خەڵکیدا واڵابوو. لە هەناوی ئەم سێ کۆڵەکەیەدا، شتێکی تازە بە ناوی ڕای گشتییەوە سەریهەڵدا، ڕای گشتیش لەو ڕۆژەوە وەرچەرخا بۆ ئەو هێزەی دەسەڵات ناچار دەکات وڵام بداتەوە.

ئێستا با ئەم پێوانەیە ئاراستەی سەر خود بکەین و لەو ڕێڕەوەوە مێژووی فەزا گشتییەکەی خۆمان بخوێنینەوە. لای ئێمە دیوەخان سەدان ساڵە پانتایی کۆبوونەوەی گشتییە، لە ڕواڵەتدا فەزایەکی گشتی تیادا ئاشکرا دەبێت، وێڕای ئەوەش ئەگەر بە پێوانەکانی سەرەوە ڕوانینی ئاراستە بکەین، جیاوازییەکی ڕیشەیی ئاشکرا دەبێت. لە دیوەخاندا جێگەی دانیشتن پێش قسەکردن دیاری کراوە، بۆ نموونە یەکێک لە سەرووەوە دادەنیشێت، کەسانێکی تر لە دووەم ڕیز و کەسانێکیش لە نزیک دەرگە. قسە بەپێی ئەم ڕیزبەندییە هەنگاو دەنێت و بەهای هزرەکەش بەپێی جێگەی ئاخێوەرەکە دەپێورێت. لە قاوەخانەی هابرماسدا پێگە لە دەروازە دادەنرێت، لە دیوەخانی ئێمەدا پێگە، خودی خۆی لەتەک خۆیدا دەیهێنێتە ژوورەوە و لە ترۆپکی سەرووەوە دادەنیشێ. ئەمە تەنها وردەکارییەکی کۆمەڵایەتی نییە، بگرە ڕەگی ئەو دیاردەیەیە تا ئەمڕۆش هاوشانمانە، لای ئێمە بەڵگە بۆ خۆی هێز نییە، سەنگینیی ئاخێوەر بەڵگە دەئافرێنێت. ڕێک لەبەر ئەوە لە تەواوی گفتوگۆ گشتییەکاندا، پرسیاری دەستپێک ئەمە نییە چی دەدرکێنێت، پرسیاری دەستپێک ئەمەیە کێ دەیدرکێنێت.

بێگومان تەنها دیوەخان نا. مینبەریش ئامادەیە، فەزایەکی گشتیی بەهێز، هاوکات یەک ئاراستەیی، مرۆڤێک دەدوێت و سەدان مرۆڤ گوێ دەگرن، پرسیارکردن لە جەوهەری خۆیدا لە دەرەوەی ڕێسای ئەو پانتایییەیە. لە زەمەنی مۆدێرندا فۆرمە تازەکان دەرکەوتن، پەرلەمان و کەناڵەکانی تیڤیی و کۆنفرانس و ...تاد، وێڕای ئەمەش لە زۆرینەی دۆخەکاندا هەمان لۆژیکی دیوەخان و مینبەریان لەتەک خوددا گواستەوە، میوانەکان پێشوەخت دیاری کراون، دەرەنجام پێشوەخت زانراوە و بەرنامە، شانۆیەکە بۆ ئاشکراکردنی هێز، دوور لە مەیدانێک بۆ ئەزموون و تاقیکردنەوەی بەڵگە و ئەرگومێنتەکان. هابرماس لەمەدا بڕوای وایە فەزای گشتی لە کۆمەڵگە هاوچەرخەکاندا گەڕاوەتەوە بۆ دۆخێکی فیۆداڵی تازە، واتە گەڕاوەتەوە ئەو دۆخەی گفتوگۆ لەنێوان یەکسانەکاندا بوونی نییە، ئەوەی هەیە نمایشی شکۆیە لەبەردەم بینەراندا. لە فەزای ڕاستەقینەدا هاووڵاتی بەشدارە، لە فەزای نمایشییدا هاووڵاتی بینەرە، لەنێوان ئەم دووانەدا جیاوازییەکانی دیموکراسی و ڕواڵەت، تەواو بەرجەستەن.

زۆرینە دەڵێن ئێستا تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بۆشایییەکەیان پڕ کردووەتەوە، هەر مرۆڤێک توانای هەیە بنووسێت و هزری خود بەیان بکات. ئەمە ڕاستە، بەڵام هاوکات ناتەواوە، چونکە فەزای گشتی هەر بە تەنها پانتایی دەنگ نییە، پانتایی گوێگرتنیشە. لەناو تۆڕەکاندا تەواوی مرۆڤەکان دەدوێن و هیچ کەسێک گوێ ناگرێت، هەر مرۆڤێک لەناو بازنەی هاوبیرانی خۆیدا دەژی و ئەو زایەڵانەیشی گوێبیستیان دەبێت، دەنگی خۆین لە فۆرمێکی دیدا. لە فەزای ڕاستەقینەدا، مرۆڤ ڕووبەڕووی بەڵگەی جیاواز دەبێتەوە و ناچار دەبێ وڵامی بداتەوە، لەناو تۆڕەکاندا، مرۆڤ ڕووبەڕووی کەسی جیاواز دەبێتەوە و هێزی ئەوەی هەیە بە جووڵەی پەنجەیەک بیسڕێتەوە. چونکە ئەوەی لەوێ ساز دەبێت زۆرینەیجار ڕای گشتی نییە، هەرا و هۆریایە و جیاوازیی نێوانیان لەمەدایە، ڕای گشتی بەڵگە کۆدەکاتەوە و بەرەو بڕیارێک هەنگاو دەنێ، هەرا و هۆریا سۆز و هەست کۆدەکاتەوە و سەرئەنجام هەڵدەوەرێت، ڕێک هاوشێوەی ئەو کۆبوونەوە تێپەڕانەی لە ستوونی (٤٣)دا شیمانەمان بۆ ئەنجام دان.

بەشێکی دی ئەم قەیرانە جوگرافییە و بە دەگمەنیش ئاماژەی پێدەدرێت. فەزای گشتی پێویستی بە پانتایی گشتی هەیە، بە پارک، مەیدان، هۆڵی گشتی، کتێبخانە، پانتایییەک بەبێ بوونی بلیت و بەبێ پرۆسەی کڕین. لە شارەکانی ئێمە، ئەم پانتایییانە یان هەبوون و فەنا بوون یان هەر لە دەستپێکەوە بونیاد نەنراون، ئەوەی شوێنیانی داگیر کردووە، مۆڵ و کافێکانن. جیاوازییەکە جەوهەرییە، پارک پانتایی هاووڵاتییە و بازاڕ پانتایی کڕیارە. لە پارکدا مرۆڤ بەبێ بوونی نرخ لەناو سەرزەمینی خۆیدایە و لە بازاڕدا مرۆڤ بەقەد قەبارەی باخەڵ و خەرجکردنەکەی، جێگەی بۆ فەراهەم دەبێت. لە ساتەوەختی وەرچەرخانی تەواوی فەزاکانی کۆبوونەوە بۆ فەزای کڕین و فرۆشتن، هاووڵاتی خودی خۆی لە هاووڵاتییەوە دەگۆڕێت بۆ بەکاربەر، ئەم وەرچەرخانە لە قۆناغی دواتردا لە هەڵبژاردن و لە هەڵوێستە گشتییەکانیشدا ڕەنگدەداتەوە و ئاشکرا دەبێت. زانستگەش، ئەوەی بە زانکۆ ناوی دەبەین و دەیناسین، ئەو پانتایییەی لە تەواوی جیهاندا دڵی فەزای گشتییە، لای ئێمە بە یاسا و بە نەریت، لە سیاسەت و گفتوگۆی ڕەخنەگرانە دوور خراوەتەوە، تا ئەو ئاستەی چالاکی خوێندکاری بەبێ بوونی مۆڵەت مەحاڵە. بەم فۆرمە نەوەیەک بەرهەم دێت هەرگیز لە هیچ پانتایییەکدا مەشقی گفتوگۆ و دیالۆگێکی ئازادی بەرجەستە نەکردووە.

بۆ ئەوەی فەزایەک ڕاستەقینە بێت، پێویستی بە چ مەرجێک هەیە؟ چوار مەرجی بنەڕەتی ئامادەن. یەکەم، ئاسایش، واتە قسەکردن هیچ باجێکی نەبێت. لە کۆمەڵگەیەکدا ڕەخنە بەهای کار و ژیان و ئاسوودەیی بێت، بێدەنگی ئیدی بژاردەی مرۆڤ نییە، ناچارییە. دووەم، مەعریفە و زانیاری، چونکە گفتوگۆ بەبێ بوونی زانیاریی ڕاستەقینە، دەچەرخێت بۆ گێچەڵ. لە ستوونی (٤٠)دا بینیمان چۆن ئەندازیاریی ڕەزامەندی کار دەکات و چۆن بەبێ بوونی زانیاریی سەربەخۆ هیچ گفتوگۆیەک هێزی ڕاستەقینەبوونی نییە. سێیەم، یەکسانی بەڵگە، واتە گەڕانەوە بۆ بنەمای قاوەخانەکان، هزر بە هزر بپێورێت نەک بە ئاخێوەرەکەی. چوارەم، دەرەنجام، لە سۆنگەی ئەوەی گفتوگۆ لە هیچ بڕیارێکدا نابڕێتەوە، دەبێتە هەمان چایخانەی دە ساڵی ڕابردوو. لێرەدا فەزای گشتی خودی خۆی بە دامەزراوەکانەوە گرێ دەدات، بەو یاسا و لێپرسینەوەیەی لە ستوونی (٤١)دا ئاماژەمان پێدا.

کۆمەڵگەی ئێمە، هێشتا ئامادە نییە بۆ گفتوگۆی کراوە، چونکە لە دیدی ئێمەدا، هەر گفتوگۆیەکی گشتی بەرەو دووبەرەکی و جەنگ هەنگاو دەنێت، لەبەرئەوە باشترە هەندێک باس هەرگیزاو هەرگیز نەورووژێنرێن. کەواتا ئەوەی جیاوازی دەئافرێنێت، گفتوگۆ نییە، جیاوازی پێشوەختە بوونی هەیە و گفتوگۆ تەنها ئاشکرای دەکات. کۆمەڵگەیەک باسەکانی پەنهان بکات، جیاوازییەکانی فەنا نابن، لە قووڵاییدا کەڵەکە دەبن و لە دەستپێکی یەکەم قەیراندا بە توندترین فۆرم سەرهەڵدەدەنەوە. ئەم یاسایەمان لە ستوونی (٤٣)دا لە زمانی دۆرکهایمەوە خستە ڕوو. هاوشانی ئەمە پێویستە بڵێین ئەوەی لای ئێمە ئاگری جەنگ خۆش دەکات، گفتوگۆ نییە، غیابی کەلتووری گفتوگۆیە. گفتوگۆ هونەرێکە هاوشێوەی تەواوی هونەرەکانی دی، پێویستە فێری ببیت، فێرە گوێگرتن، فێرە بەڵگە هێنانەوە، فێرە جیاکردنەوەی هزر لە کەسایەتی و فێری ئەو ڕستە هەرە سەنگینەی لە زمانی ئێمەدا باوە، 'ڕاست دەفەرموویت'. ئەم مەعریفەیە پانتایییەکی هەیە و ئەویش هەمان ئەو خوێندنگە و ئەو بازنە بچووکانەن لە دوو ستوونی ڕابردوودا ئاماژەمان پێدان.

فەزای گشتی بە بڕیاری دەسەڵات و بێدەسەڵات لەدایک نابێت و بە بەیاننامەش بونیاد نانرێت. لە هەر پانتایییەکدا مرۆڤەکان ئامادە بن و بەبێ بوونی ترس بدوێن و لە دەرەنجامدا بڕیارێک بدەن، فەزایەکی گشتیی بچووک لەدایکبووە، کۆبوونەوەی دانیشتووانی گەڕەک، گرووپ، ئەنجومەنێکی خوێندکاری، پۆدکاستێکی سەربەخۆ، مێزگردێکی ڕۆشنبیری لە هۆڵێکی بچووکدا. ئەم فەزا بچووکانە لە ساتەوەختی زیادبوون و گرێدرانیان بە یەکترییەوە، ڕای گشتی دەئافرێنن، ڕای گشتیش هاوشێوەی ئەوەی لە ستوونی (٤٥)دا درکاندامان، تەنها ئەو هێزەیە کۆمەڵگەی مەدەنی توانای هەیە پشتی پێ ببەستێت.

دوان لەتەک یەکتریدا، بەشێکە لە ژیانی هاوبەش، نەک گشتی. کۆمەڵ لەو ساتەوەختەدا دەژی، مرۆڤەکانی نەک تەنها هاوشان دەدوێن، هاوشان کار دەکەن و بێ بوونی چاوەڕوانی بەرامبەر شتێک دەبەخشن. ئەو وزەیە چییە مرۆڤ بەبێ بوونی پارە و بەبێ بوونی فەرمان دەبزوێنێت؟ بۆچی لە کۆمەڵگەی ئێمەدا لە ساتەوەختی کارەساتدا بەرزترین ئاستی خۆبەخشی دەردەکەوێ و لە سەردەمی ئاساییدا ئەمە فەنا دەبێت؟ ستوونی داهاتوو شیکاریی ئەو کەلتوورە دەکات.

___________________________________
_______________________
● هەموو ستوونەکانی گۆشەی ''نەشتەرگەریی ئاوێنەکان'': www.emrro.com/gosheyneshtergeriya.htm
 

ماڵپه‌ڕی ئه‌رسه‌لان مه‌حمود

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک