|
٦\١٠\٢٠٢٦
نەشتەرگەریی
ئاوێنەکان.
ستوونی ژمارە
٤٨
- گۆشەیەکی هزرییە بە
خوێندنەوەیەکی بوونناسیی و دەروونشیکاریی کۆمەڵایەتی و رامیاریی
بابەتیی -

ئەرسەلان مەحمود
خێزانی تازە، یەکەم
ئاوێنەی مرۆڤ.
لە سفرە و خوانی هەر ماڵێکی کوردەواری بڕوانی، تەواوی یاسا
نەنووسراوەکانی کۆمەڵگە لە فۆرمێکی بچووککراوەدا دەبینیت. کێ
دەستپێدەکات، نایابترین بەشی خواردنەکە لەبەردەم کێدا دادەنرێت، کێ
دەدوێت و کێ گوێ دەگرێت، لە ساتەوەختی پرسیارێکی نائاسایی منداڵێکدا چ
کاردانەوەیەک بەرجەستە دەبێت و لە کاتی هەڵەیەکی باوکدا کێ هێزی ئەوەی
هەیە بڵێت باوکە ببورە هەڵەتکرد. لەم ڕووبەرە بچووکەدا، بەبێ ئەوەی کەس
بەخۆی بزانێت، مرۆڤی داهاتوو دادەڕێژرێت، هاوڵاتییەکی خاوەن ئاوەز، یان
گوێڕایەڵێکی وریا. هەر چەمکێک لەم بلۆکەدا ڕوونمانکردەوە، لە متمانە و
پەیمان و گفتوگۆ و بەخشین، پێش هەر شوێنێک لێرەوە چرۆ دەکەن یان لێرەدا
فەنا دەبن. لەبەرئەوە مەحاڵە باسی کۆمەڵگەیەکی تازە بکەین بەبێ ئەوەی
نەشتەرەکە بخەینە سەر ئەم فەزا بچووکە، ئەو فەزایەی هەمووانی بە
خۆشەویستی داپۆشیوە و کەسی نییە ورد بنکۆڵی بکات.
منداڵ لە یەکەم ڕۆژی ژیانیدا خۆی نابینێت، خۆی لە چاوی دایک و باوکیدا
دەبینێ. ئەو وێنەیەی لە ڕێگەی ئەو چاوانەوە بۆی دەگەڕێتەوە، دەبێتە
ناسنامەی یەکەمی ئەو منداڵە. ئەگەر ئەو ئاوێنانە سازگار بن، منداڵەکە
بە خۆی دەزانێت شایانی خۆشەویستییە و هیچ بەڵگەیەکی تری ناوێت، ئەگەریش
ئاوێنەکان شکاو یان تەمومژاوی بن، ئەوا ئەو منداڵە بە درێژایی ژیانی
بەدوای ئەو وێنەیەدا دەگەڕێت هەرگیز بۆی نەگەڕاوەتەوە. هەروەها
کارەساتێکی تری لێرەوە دەستپێدەکات، ئەو کاتەی دایک و باوک منداڵ
دەکەنە ئاوێنەی خۆیان، داوای لێدەکەن ئەو خەونانە ببینێت ئەوان
نەیانتوانیووە بیانبینن و ئەو ژیانە بژیەت ئەوان لەدەستیانداوە. لەم
دۆخەدا منداڵ ژیانێک دەژی هی خۆی نییە و دوای سی ساڵێک لە ناخی خۆیدا
دەپرسێت من کێم، لە بەرامبەردا لەبری دۆزینەوەی وڵام، بێدەنگییەک
دەبینێتەوە. نەشتەرگەریی ئاوێنەکان لێرەدا دەستپێدەکات، لە یەکەم
ئاوێنەی ژیانی مرۆڤدا.
لە ستوونی چوارەمدا خێزانی باوکسالارمان وەک وێستگەی دەستپێکی ملکەچی
هێنایە بەرباس. ئێستا کات کاتی دەرخستنی ڕەهەندی دووەمە، ئەو خێزانەی
هێزی ئەوەی هەیە ببێتە دەروازەی ئازادی. بەڵام لێرەدا دەبێت خۆمان لە
وەهمێکی باو بپارێزین، خێزانی تازە ئەوە نییە هیچ ڕێسا و دەسەڵاتێکی
تێدا نەبێ. هانا ئارێنت جیاوازییەکی ڕوون لە نێوان دەسەڵاتداری و
دەسەڵاتخوازیدا دەخاتەڕوو. دەسەڵاتی ڕاستەقینەی گەورەکان لەوەوە
سەرچاوە دەگرێت بەرپرسیارن بەرامبەر بەم جیهانەی منداڵ تێیدا
لەدایکبووە و ئەرکیانە ڕێنوێنی بکەن تا خۆی توانای هەڵبژاردنی بۆ
فەراهەم دەبێت، دەسەڵاتخوازی بەپێچەوانەوە داوای گوێڕایەڵی دەکات بۆ
خۆی و لە خۆیدا. جیاکەرەوەی ئەم دووانە پێوانەیەکی ئاسانی هەیە،
دەسەڵاتی تەندروست بە تێپەڕینی کات کەمدەبێتەوە و دەسەڵاتی نەخۆش بە
تێپەڕینی کات زیاد دەبێ. باوکێک منداڵەکەی هەرچەندە گەورەتر دەبێت
کەمتر پێویستی پێیدەبێت، ئەو باوکە ئەرکەکەی بە سەرکەوتوویی
تەواوکردووە، باوکێک لە چل ساڵیشدا هێشتا لەبری کوڕەکەی بڕیار بدات،
هەرگیز باوک نەبووە، دەسەڵاتدارێک بووە بێڕۆح لەناو ماڵەکەدا و هیچی تر.
لە ڕەهەندێکی قووڵتردا، خێزان یەکەم تاقیگەی متمانەیە. ئێریک ئێریکسۆن،
دەروونناسی گەشەسەندن، پێیوایە قۆناغی سەرەتایی ژیانی مرۆڤ ململانێی
نێوان متمانە و غیابی متمانەیە. ئەو ساوایەی زایەڵەی گریانەکەی دەبێتە
وڵامدەرەوە بۆ جارەسەرکردنی برسێتییەکەی، لە قووڵترین ئاستی خۆیدا پەی
بەوە دەبات جیهان جێگەی پشتە، ئەو ساوایەی جارێک وڵامەکەی ئامادەیە و
جارێک غائیبە، فێری ئەوە دەبێت جیهان نادڵنیاییە. ئێستا ئەم دەربڕینە
ئاوێتەی ستوونی ٤٤ بکە. لەوێ باسی کۆمەڵگەیەکی بێمتمانەمان کرد، لێرەدا
ڕەگەکەی دەبینین. متمانە لە پەرلەمان و لە دادگەوە دەستپێناکات، لە
لانکەوە دەستپێدەکات. منداڵێک لەناو ماڵێکدا باڵا بکات هەرچی پەیمانە
تێیدا بشکێت، لە گەورەییدا سیستەمێکی سیاسیی متمانەپێکراویشی پێببەخشیت،
خۆی لێی دەپارێزێت، چونکە ناخی پێش عەقڵی بڕیاری لەسەر ئەمە داوە.
ئەم فێربوونە تەنها بە وشە ڕوونادات، لە جەستەدا تۆماردەکرێت. پییەر
بۆردیۆ، کۆمەڵناسی فەرەنسی، پێیوابوو کۆمەڵگە ڕێسا سەرەکییەکانی خۆی لە
جەستەی مرۆڤدا دەنووسێت پێش ئەوەی لە زەینیدا بیاننووسێت، بەو شێوەیەی
مرۆڤ دواتر وایدەزانێت ئەمانە خودی سرووشتن. ئەو منداڵەی فێردەکرێت
لەبەردەم گەورەکاندا سەری دابنەوێنێت، لە چل ساڵیشدا لەبەردەم
دەسەڵاتدا هەمان ڕەفتار دووبارە دەکاتەوە، ئەو کچەی فێردەکرێت بە دەنگی
نزم بدوێت، لە کۆڕی گشتیشدا دەنگەکەی نزمە. ئەمە شیکارییەکی وردی ئەو
دیاردەیەیە لە بلۆکی جەستەدا باسمانکرد، ئەوەی عەقڵ فەرامۆشی دەکات،
جەستە لەبیری ناچێت. لەبەرئەوە گۆڕانی خێزان تەنها بە پەندوئامۆژگاری
ناکرێت، بە گۆڕینی ئەو ڕەفتارە بچووکە دووبارەکراوانە دەکرێت لەسەر
سفرە و لەبەر دەرگە و لە دەنگی قسەکردندا دەردەکەون.
سەرسوڕهێنەرترین ڕەهەند لەم باسەدا ئەوەیە، خێزانی ئێمە لە نێوان دوو
بەرداشدا وردوخاش دەبێت. لە لایەکەوە فۆرمە دێرینەکەی لەدەستداوە،
منداڵ ئیدی لە ژێر چاودێریی خێڵ و گەڕەکدا باڵا ناکات و ئەو تۆڕە
پشتیوانە ڕابردووە فەنا بووە. لە لایەکی ترەوە فۆرمە تازەکەی
وەرنەگرتووە، پەیوەندییەکان هێشتا لەسەر بنەمای فەرمان و شەرم
بونیادنراون. بەم فۆرمە خێزان لەناو هەمان ئەو بۆشاییەدا هەڵپەسێردراوە
لە ستوونی ٤٣دا لە زمانی تۆنیسەوە ئاماژەمان پێدا، نە گوند و نە شار،
نە خزمایەتیی دێرین و نە گرێبەستی تازە. دەرەنجامی ئەم هەڵپەساردنەش لە
سێ دیمەندا دەردەکەوێت. باوکێک بە درێژایی ڕۆژ کاردەکات و شەوانە لەناو
ماڵدا ئامادەیە، بەڵام غیابێکی تەواوی هەیە، ئامادەبوونێک بەبێ
بەرکەوتن. دایکێک تەواوی بەرپرسیارێتییەکانی ماڵ و منداڵ لە ئامێز
دەگرێت و هیچ بڕیارێکی سەنگینی بەدەست نییە، کەواتاا کارەساتەکە
لێرەدایە، ئەو دایکە هەمان ئەو یاسایە دەگوازێتەوە بۆ کچەکەی، خۆی
لەژێرباریدا بریندار بووە، هەڵبەتە نەک لە خراپی، لەبەرئەوەی ئەو زمانە
تاکە زمانێکە فێری بووە. سێیەمیش منداڵێکە لەناو ماڵێکدا دەژی گشت
شتێکی تێدا ئامادەیە جگە لە گفتوگۆ.
بۆ ئەوەی وێنەکە تەواو بێت، دەبێت ئەوەش بڵێین، هەموو خێزانێک نهێنینی
تایبەت بە خۆی هەیە. بەڵام جیاوازییەک هەیە لە نێوان نهێنیی پاراستن و
بێدەنگیی سەپێنراودا. ئەو ئازارانەی لە ماڵێکدا ناتواندری بە دەنگی
بەرز بوترێن، هەرگیز نامرن، لە زمانی جەستە و لە دەموچاو و لە
کاردانەوە بچووکەکاندا دەژین و بۆ نەوەی دواتر دەگوازرێنەوە. لە بلۆکی
ژناندا باسی جەستەی وەک ئەرشیفی ئازار کرا، لێرەدا هەمان ئەرشیف لە
سێبەری ماڵەوەدا کۆدەبێتەوە. ماڵێک هیچ پرسێکی تێدا نەکرێت، منداڵەکانی
فێری ئەوە دەبن ئازار شتێکە دەبێت بشاردرێتەوە و لە گەورەییدا هەمان
شێوازیان دەبێت لەگەڵ برینەکانی نەتەوەکەیاندا.
ڕەهەندێکی دی ئەم برینە ئابوورییە. مارەیی و خەرجی و فۆرمی هاوسەرگیری،
لە نەریتێکی ڕازاوەوە وەرچەرخاوە بۆ بازاڕێکی سەخت، تا ئەو ئاستەی
گەنجێک پێویستە بۆ زەمەنێکی درێژ قەرزار بێت تا هێزی ئەوەی هەبێت
ژیانێکی هاوبەش بونیاد بنێت. ئەم دەستپێکە پاشان لە تەواوی
تەکەوتەقەیەکی ماڵەکەدا دەردەکەوێت. هاوشانی ئەمە، ژیانی هاوبەش لای
ئێمە زۆرینەی جار لە گرێبەستێکی نێوان دوو مرۆڤەوە دەگۆڕێت بۆ
ڕێککەوتنێکی نێوان دوو بنەماڵە، لەبەرئەوە دواتریش هەر ئاڵۆزییەکی
نێوانیان دەبێتە قەیرانی دوو بنەماڵە. وێڕای ئەمەش، نابێت بێدەنگ بین
لەو حەقیقەتەی هێشتا لە زۆرینەی ماڵەکاندا توندوتیژی وەک ئامرازی
پەروەردە بەکاردەهێنرێت، لە کاتێکدا تەواوی توێژینەوەکان یەک دەربڕین
دەسەلمێنن، توندوتیژی هەرگیز هیچ ڕەفتارێک ڕاستناکاتەوە، تەنها هونەری
شاردنەوەت فێردەکات و لە قووڵاییشدا ئەو وانەیە دەچێنێت هێز مافی ڕەهای
خۆی هەیە. ئەم مەعریفەیە پاشان لە تەواوی ئاستەکانی کۆمەڵگەدا دووبارە
بەرجەستە دەبێتەوە.
لەبەرامبەر ئەم شیکارییەدا دەنگێکی تر بەرزدەبێتەوە و دەڵێت خێزانی
کوردی لە زەمەنی ئەنفال و ئاوارەیی و برسێتیدا، ئەو قەڵایە بوو
نەتوانرا بشکێندرێت و ئێمەی پاراست، لەبەرئەوە ڕەخنەگرتن لە خێزان
پرۆسەی مانەوەمان لاواز دەکات. ئەم دیدگەیە ڕاستە و شایستەی شکۆیە.
خێزانی کوردی بەڕاستی پەناگە بوو، ئەرکی تەواوی ئەو دامەزراوە
غائیبانەی دەوڵەتی پڕکردنەوە، سەنگینییەکی مەزنتر لە هێزی خۆی هەڵگرت و
بە تەواوی ماندوو بوو. لەبەرئەوە ئەوەی لێرەدا داوای دەکەین داڕماندنی
ئەو خێزان نییە، دابەزاندنی ئەو سەنگینییە زیادەیەیە. خێزانێک ناچار
نەبێت فۆرمی بانک و پۆلیس و کۆمپانیای بیمە و دادگە بۆ ئەندامەکانی
بپۆشێت، لەو ساتەوەختەدا توانای هەیە ئەوە بێت لە بنەڕەتدا بۆی
ئافرێنراوە، پانتایی ئەڤین و پەروەردە. هاوشانی ئەمەش، تەواوی ئەو بەها
باڵایانەی خێزانی کوردی لە خۆی گرتوون، لە هاوپشتی و ڕێزی گەورەکان و
پاراستنی یەکترەوە، گشتیان پارێزراو دەبن لەو ساتەی بنەماکەیان لە
ترسەوە دەگۆڕێت بۆ سۆز و لە فەرمانەوە دەگۆڕێت بۆ ڕێککەوتن.
لێرەوە پرسیارەکە ئەمەیە، خێزانی تازە چ خەسڵەتێکی لە خۆ گرتووە؟ پێنج
خەسڵەتی بنەڕەتی. یەکەم، هاوبەشی لە بڕیاردا، هاوسەرگیری
هاوپەیمانێتییە و منداڵانیش بەپێی تەمەنیان بەشدارییان لە بڕیارە
هاوپێچەکاندا هەیە. دووەم، ئازادیی پرسیار، هیچ پرسیارێک لەناو ماڵدا
قەدەغە نەبێت، لەبەرئەوەی منداڵێک لەناو ماڵدا پرسیار نەکات، لە
دەرەوەش پرسیار ناکات. سێیەم، ڕێزی سنوورەکان، هەر مرۆڤێک ژیانی
تایبەتی و خواستی سەربەخۆی خۆی هەیە، ئەم مەعریفەیە بنەمای تەواوی ئەو
مافانەیە لە ئاستی دەوڵەتدا داوایان دەکەین. چوارەم، دادپەروەری لە
ناوەوە، هیچ منداڵێک بەسەر منداڵێکی دیدا پێش نەخرێت، بەتایبەتی لە
نێوان کوڕ و کچدا، چونکە ئەو مرۆڤەی لەناو ماڵدا ئاشنای نایەکسانی
دەبێت، لە کۆمەڵگەدا بە تەواوی زمانە مۆدێرنەکانیشەوە بەرگری لە
نایەکسانی دەکات. پێنجەم، توانای لێبوردەیی. ئەو باوکەی لەبەردەم
منداڵەکەیدا دەڵێت هەڵەم کرد، لە یەک ڕستەدا شتێک دەچێنێت هیچ
قوتابخانەیەک ناتوانێت بیچێنێت. ئەو منداڵە فێردەبێت هەڵە شتێکی مرۆییە
و هەڵەکردن شکۆ نافەوتێنێت، فێردەبێت دەسەڵات لێپرسینەوەی هەیە و لە
گەورەییدا لەبەردەم هیچ دەسەڵاتێکدا وا نازانێت لێپرسینەوە جۆرێکە لە
سزا. پرسیارەکەی سەرەتای ئەم ستوونە، ئەوەی کێ هێزی ئەوەی هەیە بڵێت
هەڵەم کرد، لێرەدا وڵامەکەی هەیە.
خێزانی تازە پرۆژەیەکی سیاسییە، گەرچی لەناو ژووری میوانەکاندا
بەرجەستە دەبێت. تەواوی ئەو بەهایانەی لەم بلۆکەدا ئاواتەخواز بووین،
لە هیچ گۆشەیەکی دیدا بەم قووڵییە لە ناخدا نانووسرێن. منداڵ لەناو
ماڵدا ئاشنای گشتیان دەبێت پێش ئەوەی پەی بە مانای وشەکانیان ببات،
لەبەرئەوە هەر وەرچەرخانێکی کۆمەڵایەتی بەبێ وەرچەرخانی پەیوەندییەکانی
نێو ماڵ، تەنها ڕواڵەتێکی ساختەیە. وێڕای ئەمەش، لە هەناوی هەمان ئەو
ماڵەدا ڕووداوێکی دی بەرجەستە دەبێت، دوو جیهان لە دوو ژووردا دەژین.
باوکێک لەناو جیهانی خۆیدا و کوڕێک لەناو جیهانی شاشەکەیدا، دایکێک بە
زمانێک دەدوێت و کچێک بە زمانێکی دی. ئەم بۆشاییە تەنها قەیرانی خێزان
نییە، دەبێت وەک قەیرانێکی نەتەوەیی سەیربکرێت، سێ نەوە لە یەک زەمەندا
دەژین و لە یەکتری تێناگەن. لێرەوە پرسیاری ستوونی داهاتوو ئەمەیە،
پەیوەندیی نێوان نەوەکان چۆن لە جەنگەوە بەرەو گفتوگۆ ئاڕاستە
وەردەگرێت؟
__________________________________________________________
●
هەموو ستوونەکانی
گۆشەی ''نەشتەرگەریی ئاوێنەکان'':
www.emrro.com/gosheyneshtergeriya.htm
ماڵپهڕی ئهرسهلان مهحمود
|