|
٧\١٠\٢٠٢٦
نەشتەرگەریی
ئاوێنەکان.
ستوونی ژمارە
٤٩
- گۆشەیەکی هزرییە بە
خوێندنەوەیەکی بوونناسیی و دەروونشیکاریی کۆمەڵایەتی و رامیاریی
بابەتیی -

ئەرسەلان مەحمود
نەوەکان، گفتوگۆ لە
جیاتی دادگایی.
دوو کەس، حەفتا ساڵە و بیست ساڵان، پێکەوە لە ژوورێکدا دانیشتوون.
یەکەمیان لەناو تێکۆشانی شاخ و قۆناغی ئەنفال و ڕاگوێزرانی زۆرەملێدا
گەورە بووە و ژیاوە و لە قووڵترین ئاستەکانی بیرکردنەوەیدا باوەڕی وایە
هەرچی ئەمڕۆ هەیە، بەرهەمی ئەو ڕۆژانەیە و بە خەبات و خوێن
بەدەستهاتووە. دووەم لەگەڵ ئینتەرنێت و لەناو کۆمەڵگەی بێکاری و ڤیزەی
ڕەتکراوەدا گەورەبووە و لە قووڵترین ئاستەکانی بیرکردنەوەیدا باوەڕی
وایە هەرچی ئەمڕۆ هەیە، شایانی ئەو هەموو خەبات و خوێنە نەبووە.
هەردووکیان ڕاست دەکەن و هیچیشیان لە یەکتر تێناگەن، چونکە هەریەکەیان
بە پێوانەی جیهانبینییەکەی خۆی جیهانی ئەوی تر دەپێوێت. ئەم دووانە
ئەمڕۆ، دەشێت لە هەر ماڵێکی کورددا هەن، گفتوگۆی ئەمانە زۆرجار بە
ڕستەیەک کۆتایی دێت، تۆ نازانی و ناتوانی لەوە تێبگەی ئێمە چیمان
بەسەرهات. لەم ڕستەیەدا هەم ڕاستییەکی گەورە هەیە و هەم دەرگەیەکی
داخراو.
لایەنێکی بوونناسیی ئەم باسە هەیە، زۆرجار لە بیرمان دەچێت. هیچ مرۆڤێک
جیهانی خۆی هەڵنابژێرێت. هەموومان لە کاتێکی دیار و لە جوگرافیایەکی
دیاریکراودا خۆمان دەبینینەوە، لەناو زمانێک و مێژوویەک و برینێکدا
هەڵدەستینەوە سەرپێ، کەسێکی تر زۆر پێش ئێمە هەڵیکەندووە. مرۆڤ پێش
ئەوەی هەڵبژێرێت، میراتگرە. لەم ڕوانگەیەوە نەوەی ئەمڕۆ جیهانێکی
لێکدراو وەردەگرێت، بە ناو و شوناس و دوژمن و ئاواتەکانییەوە، خاڵی سفر
بۆ هیچ نەوەیەک بوونی نییە. ئازاری نەوەکان لێرەوە دەستپێدەکات، نەوەی
ئەمڕۆ بەرپرسیارێتی ئەو بڕیارانەی هەڵناگرێت بەڵام نرخیان دەدات، نەوەی
دوێنێش هەرگیز ئەو دەرەنجامەی نەبینییەوە بۆی تێکۆشا و گیانی لە
پێناودا دانا، بەڵام بەرهەمی بڕیارەکانی بوون سایە و سێبەری نەوەکانی
ئەمڕۆ. هەردوولا لەناو ڕووداوێکدان هیچیان بە تەواوی خاوەنی نین، ئەمەش
یەکەم هۆکاری ئەوەیە گفتوگۆی نێوانیان دەبێت بەوپەڕی ڕێزەوە و بۆ تێگە
بێت.
بۆ ڕۆچوونە ناو ئەم باسە، با لە پرسیارێکی زانستییەوە دەستپێبکەین،
مەبەست لە نەوە چییە؟ کارل مانهایم کۆمەڵناسی ئەڵمانی، لە
توێژینەوەیەکدا دەڵێت نەوە ئەو کۆمەڵەیە لە قۆناغێکی مێژووییدا
گەورەبووە و هەمان ڕووداوە گەورەکانیان لە هەمان تەمەنی گەنجێتیدا
ئەزموونکردووە و هاوتەمەنی ڕووت بۆ دروستکردنی نەوەیەک بەس نییە.
مانهایم دەڵێت ئەو ئەزموونە سەرەتاییانەی لە نێوان حەڤدە و بیست و پێنج
ساڵیدا مرۆڤ دەیانبینێت، وەک قاڵبێک وان، هەرچی دواتر دێت لەناو ئەو
قاڵبەدا لێکدەدرێتەوە. ئەمە تەواو ڕوونیدەکاتەوە بۆچی گفتوگۆی نێوان
نەوەکان بەم ڕادەیە سەختە، ئێمە باسی ڕا و بۆچوون ناکەین، باسی دوو
جیهانی جیاواز دەکەین. مانهایم شتێکی لەوەش گرنگترمان پێدەڵێت، هەر
نەوەیەکی نوێ خاوەنی ئەو شتەیە ناوی ناوە بەرکەوتنی تازە لەگەڵ
میراتەکەدا، واتە نەوەی ئەمڕۆ هەمان میرات وەردەگرێت بەڵام بە چاوێکی
ڕانەهاتووی جیاوازەوە سەیری دەکات، ڕێک لەو چاوە تازەیەوە ڕەخنە و
داهێنان لەدایکدەبن. ئەوەی گەورەکان زۆرجار وەک بێڕێزی تێیدەگەن، لە
زانستدا مەرجی زیندووبوونەوەی مێژووە.
لێرەدا پرسیارێکی وردتر دێتە پێشەوە، ئایا ئەو ڕابردووەی ئەم دوو
نەوەیە مشتومڕی لەسەر دەکەن، یەک ڕابردووە؟ مۆریس هالبواکس، کۆمەڵناسی
فەرەنسی، وتەیەکی جوانی هەیە ئەم گرێیە دەکاتەوە. ئەو دەڵێت یادەوەریی
کۆمەڵایەتی کردەیەکی بەردەوامی دروستکردنەوەیە، هەموو نەوەیەک ڕابردوو
لە ڕووناکیی پێداویستییەکانی ئێستای خۆیەوە دووبارە دادەڕێژێتەوە.
لەبەرئەوە نەوەی خەبات کاتێک ئەو ساڵانە دەگێڕێتەوە، ئەو وێنەیە
دەگێڕێتەوە ئەمڕۆ پێویستی پێیەتی بۆ ئەوەی مانای هەبوون و ژیانی خۆی
بپارێزێ، نەوەی نوێش کاتێک هەمان ڕابردوو ڕەتدەکاتەوە، لە ڕاستیدا
ئێستای خۆی ڕەتدەکاتەوە. بەم شێوەیە ئەو مشتومڕەی لە ڕواڵەتدا لەسەر
مێژووە، لە جەوهەردا لەسەر ئێستایە. ئەمە دەرگەیەکی نوێمان لەبەردەمدا
دەکاتەوە، چونکە دوو کەس لەسەر ڕابردوو ڕێکناکەون، بەڵام لەوانەیە
لەسەر ئەو داهاتووەی هەردووکیان دەیانەوێت هەبێ، ڕێکبکەون.
لە بەرامبەردا، ئیبن خەلدوون شەش سەدە پێش ئێستا، وێنایەکی تری هەمان
یاسای داناوە. ئەو دەڵێت پەیوەستگرووپی، ئەو هێزەی کۆمەڵ کۆدەکاتەوە،
لە چوار نەوەدا دەڕژێت، نەوەی یەکەم بونیاددەنێت و ئازار دەچێژێت،
نەوەی دووەم لە بونیادنەرەکانەوە دەبینێت و لاسایی دەکاتەوە، نەوەی
سێیەم تەنها گێڕانەوەکەی بیستووە و نەوەی چوارەمیش لە ماڵێکی ئامادەدا
لەدایکدەبێت و پێیوایە هەموو ئەوەی حەقی خۆیەتی. لای ئێمە ئەم بازنەیە
بە خێرایی هاتووەتە پێشەوە، نەوەی خەبات، نەوەی ١٩٩١ و نەوەی دیجیتاڵی،
هەر سێکیان لە یەک کۆمەڵگەدا و زۆرجار لە یەک ماڵدا دەژین. بۆیە
ململانێکە لای ئێمە لە کۆمەڵگە ئارامەکان توندترە، چونکە لەوێ ئەم
گواستنەوەیە بە سەدەیەک ڕوویداوە و لێرە بە سی ساڵێک.
لەم سێیانەدا نەوەیەک هەیە بە دەگمەن دەبێتە جێگەی باس، ئەویش نەوەی
نێوانە. ئەو کۆمەڵەیە لە منداڵیدا شەڕ و ئاوارەیی و برسێتیی بینیوە، لە
گەنجێتیدا بەڵێنی ڕزگاری بیستووە و لە پێگەیشتوویدا شکستی خەونەکانی بە
چاوی خۆی بینیوە. ئەم نەوەیە نە قارەمانی هەیە و نە دەنگی هەیە، لە
ڕواڵەتدا لە هەردوو نەوەکەی تر لە یەکتر نزیکترە و لە ڕاستیدا لە
هەردووکیان دوورترە. لە کاتێکدا نەوەی دوێنێ خاوەنی گێڕانەوەیە و نەوەی
ئەمڕۆ خاوەنی ڕەخنەیە، ئەمیان تەنها خاوەنی کارەکەیەتی و تەواوی وزەکەی
لە هەڵسوڕان بۆ بژێوی و پێکەوەنانی ماڵێکدا بەسەر دەبات. کۆمەڵگەی ئێمە
کاتێک بێت و بییەوێ پردی نێوان نەوەکان بونیادبنێتەوە، دەبێ ئەم نەوەیە
بکاتە وەرگێڕ، چونکە هەردوو زمانەکەی بیستووە و لە هەردوو جیهانەکەیشدا
ژیاوە.
ئێستا با بێینە سەر شێوازی خودی گفتوگۆکە خۆی، چونکە قووڵترینی برینەکە
لێرەدایە. لە نێوان نەوەکانی ئێمەدا گفتوگۆ نییە، دادگایی هەیە. نەوەی
دوێنێ بە زمانی قوربانیدان دەدوێت، ئێمە ئەمەمان بۆ ئێوە کرد. نەوەی
ئەمڕۆ بە زمانی دەرەنجام وڵام دەداتەوە، ئێمە داوامان لێنەکردوون ئەوە
بکەن. هەردوو زمانەکە دەرگەی دیالۆگ دەخەن، چونکە یەکەمیان قەرزێکی
هەمیشەیی دەخاتە سەرشانی نەوەی ئەمڕۆ هەرگیز نادرێتەوە و دووەمیان ڕەنج
و تێکۆشان و ئازارێکی ڕاستەقینە لە نەوەی دوێنێدا پووچ دەکاتەوە. ئەو
حەقیقەتە دەبێ ڕاشکاوانە بەرامبەر بە هەردوولا بڵێین، قوربانیدان مافی
حوکمڕانی نابەخشێت، لە هەمانکاتدا نەوەی ئەمڕۆش لە ئازاری ئەوانی تر
بەرپرس نییە، بەڵام قەرزاری ئەو ئازارەیە بە یادەوەری و بە ڕێزەوە.
پەیوەندیی نێوان نەوەکان کاتێک تەندروست دەبێت لە قەرزەوە بگۆڕدرێت بۆ
میرات، قەرز دەبێت بدرێتەوە و مرۆڤ کۆتوبەند دەکات، میرات وەردەگیرێت و
بەکاردەهێنرێت و مرۆڤ ئازاد دەکات.
شتێکی تریش هەیە، کەمتر بە دەنگی بەرز دەوترێت، ئەویش ئازاری
نەگێڕانەوەیە. نەوەی دوای ئەنفال و کیمیابارانەکان، خودی ڕووداوەکانی
نەبینیوە، ئەوەی بە میرات بۆی ماوەتەوە بێدەنگییەکەیەتی، ئەو
بێدەنگییەی بە دەموچاوی دایکانێک و باوکانێکەوە قەتس مان، لەو ڕستە
ناتەواوانەی هەرگیز تەواو نەکران، لەو ناوانەی هەرگیز لە ماڵانێکدا
بێشوێن نەبوون. ئازاری نەگێڕدراوە نامرێت، دەگوازرێتەوە. لەبەرئەوە
زۆرجار نەوەی ئەمڕۆ هەست بە بارێک دەکات نایناسێت و توڕەییەکی تێدایە
سەرچاوەکەی نازانێت. ئەم بارە بە گفتوگۆ سووک دەبێت و بە بێدەنگی
قورستر دەگاتەوە دڵ. هەر کۆمەڵگەیەک نەیتوانیبێ ئازارەکانی خۆی
بگێڕێتەوە، لەناو نەوەکانیدا دەیانگوازێتەوە، هەر کۆمەڵگەیەکیش
بیانگێڕێتەوە، لە قوربانییەوە دەگۆڕێت بۆ شایەت، ئەمەش یەکەم هەنگاوی
چاکبوونەوەیە.
لەم خاڵەدا دەبێت بێڕەحمانە ڕەفتار لەگەڵ دوو دیاردەی هاوچەرخ بکەین.
یەکەمیان پیرۆزکردنی ڕابردووە، ئەو شێوازەی هەموو ڕەخنەیەک لە ڕابردوو
دەکاتە خیانەت و بەم شێوەیە مێژوو لە زانستەوە دەگۆڕێت بۆ ئایین.
کۆمەڵگەیەک نەتوانێت لە هەڵەکانی خۆی بپرسێتەوە، مەحکومە بە
دووبارەکردنەوەیان. دووەم سووکایەتیکردنە بە ڕابردوو، ئەو شێوازەی
هەموو ئەو ساڵانە لە خەتایەکی گەورەدا کورت دەکاتەوە و هیچ شتێکی
بەبایەخ لە خەبات و لە قوربانییەکاندا نابینێت، ئەمەش گەلێکی بێ مێژوو
بەرهەمدەهێنێ، وەک مرۆڤێکی بێ یادەوەری هەموو ڕۆژێک لە سفرەوە
دەستپێدەکاتەوە. فریدریش نیچە، لە توێژینەوەیەکیدا لەسەر سوود و زیانی
مێژوو بۆ ژیان، سێ شێوازی مامەڵەکردن لەگەڵ ڕابردوودا جیادەکاتەوە.
شێوازی یەکەم پەیکەرسازییە، ئەوەی مێژوو دەکاتە کۆمەڵێک قارەمانی نەمر
بۆ ورەبەخشین. شێوازی دووەم پاراستنە، ئەوەی هەموو شتێکی ڕابردوو پیرۆز
دەکات و دەستلێدانی قەدەغەیە. شێوازی سێیەمیش ڕەخنەیە، ئەوەی ڕابردوو
دەکاتە بابەتی داوەری و ئەو بەشەی چیتر بەکاری نایەت دەیخاتە لاوە.
نیچە دەڵێت هەر گەلێک لە یەکێک لەم سێ شێوازەدا ڕابمێنێت، نەخۆش
دەکەوێت. ئێمە بۆ چەند دەیەیە لە نێوان شێوازی یەکەم و دووەمدا
دەشويێینەوە و هەرگیز مۆڵەتمان بە شێوازی سێیەم نەداوە بێتە
ڕۆژەڤمانەوە، بۆیە مێژووی ئێمە ورەمان پێدەبەخشێت و فێرمان ناکات.
لێرەدا دژە ئەرگومێنتێک هەیە، دەڵێت: نەوەی ئەمڕۆ بێبەرپرسیارە و تەنها
گلەیی دەکات و هیچ ناکات، بۆیە شایانی گفتوگۆ نییە. بەڵام وەرن با بە
ئارامی وڵام بدەینەوە. هەر نەوەیەک دەرەنجامی ئەو دەرفەتانەیە بۆی
دروستکراون. ئەو گەنجەی هەموو دەرگەکانی لەبەردەمدا بە پەیوەندی
دەکرێنەوە و توانا و شایستەییەکەی هیچ نرخێکی نییە، تووشی ئەو دیاردەیە
دەبێت لە دەروونناسیدا پێیدەڵێن بێدەسەڵاتی فێرکراو، کاتێک مرۆڤ چەند
جارێک هەوڵبدات و بێ ئەنجام بمێنێتەوە، لە کۆتاییدا واز لە
هەوڵدانەکانی خۆی دەهێنێت. ئەوەی لە ڕواڵەتدا بێخەم دەردەکەوێت، لە
قووڵاییدا فێربوونێکی تاڵە. بۆیە لە جیاتی پرسینی بۆچی گەنجان هیچ
ناکەن، دەبێت بپرسین کێ دەرگەکانی لەبەردەمدا داخستوون. لە هەمان کاتدا
نەوەی ئەمڕۆیش پێویستە ئەم ڕاستییە قبوڵبکات، هیچ نەوەیەک لە مێژوودا
بەبێ زەحمەت مافی خۆی وەرنەگرتووە و شکایەت لە خۆیدا کردەوە نییە.
کەواتە پردەکە چۆن دروستدەبێت؟ سێ هەنگاو. یەکەم، گواستنەوەی زانیاری
لە جیاتی گواستنەوەی حوکم، نەوەی کۆن ئەزموونی خۆی بگێڕێتەوە وەک
ئەزموون نەک وەک فەرمان، بڵێت ئێمە ئەمەمان کرد و ئەمە بوو بە دەرەنجام
و ڕستەی دەبێت وابکەیت لە زمانیدا کاڵ ببێتەوە. دووەم، دەسەڵاتدانەوە
بە کات، هیچ گفتوگۆیەکی نێوان نەوەکان مانای نابێت ئەگەر هەموو
بڕیارەکان لە یەک نەوەدا بمێنێتەوە، گواستنەوەی بەرپرسیارێتی مەرجی هەر
پەیوەندییەکی تەندروستە. سێیەم، دانپێدانانی هاوبەش، نەوەی کۆن
دانبەوەدا بنێت لەگەڵ هەر خزمەتێکدا هەڵەشی کردووە، نەوەی نوێش
دانبەوەدا بنێت ئەوەی هەیەتی بێنرخ بەدەست نەهاتووە. ئەم دوو
دانپێدانانە کاتێک پێکەوە ڕوودەدەن، دادگاییەکە دەبێتە گفتوگۆ.
دواجار، با نەوەی سێیەمیش بهێنینە ژوورەوە، ئەو نەوەیەی هێشتا
لەدایکنەبووە. لە هەموو مشتومڕێکی نێوان ئەمڕۆ و دوێنێدا، کەسێکی
بێدەنگ ئامادەیە، ئەو منداڵەی بیست ساڵی دیکە دەپرسێت ئێوە لەو
ساتەوەختەدا چیتان کرد. ئەو مرۆڤە لە هیچ هەڵبژاردنێکدا دەنگ نادات و
لە هیچ کۆڕێکدا قسە ناکات، کەچی تەواوی بڕیارەکانی ئەمڕۆ لەسەر شانی
ئەو دادەنرێن. کاتێک هەردوو نەوەکە ئەو کەسە بێدەنگە لەبەرچاو بگرن،
مشتومڕەکە خۆی دەگۆڕێت، چونکە پرسیاری کێ ڕاستە دەبێتە پرسیاری چیمان
بۆ ئەو بەجێدەهێڵین. نەوەکان دوژمنی یەکتر نین، دوو کاتن لە یەک
جەستەدا. کۆمەڵگەیەک ئەم دوو کاتە بە یەکتریەوە نەبەستێتەوە، هەم
یادەوەریی خۆی لەدەستدەدات و هەم داهاتووی خۆی.
هەموو ئەو باسانەی لەم بلۆکەدا کردمان، لە کۆتاییدا شتێکیان دەوێت.
متمانە، فەزای گشتی، بەخشین، خێزان و گفتوگۆی نەوەکان، هەموویان پارچەن
و پێویستیان بە پەیوەندییەکی گشتییە پێکەوەیان ببەستێتەوە و ئەرک و
مافەکان دیاریبکات. ئەم پەیوەندییە لە فەلسەفەی سیاسیدا ناوێکی کۆنی
هەیە، گرێبەستی کۆمەڵایەتی. کەواتە پرسیاری ستوونی داهاتوو ئەمەیە،
گرێبەستێکی نوێی کۆمەڵایەتی لە نێوان ئێمەدا دەبێت چۆن بێت، لە نێوان
کێ و کێدا و بە چ مەرجێک؟
__________________________________________________________
●
هەموو ستوونەکانی
گۆشەی ''نەشتەرگەریی ئاوێنەکان'':
www.emrro.com/gosheyneshtergeriya.htm
ماڵپهڕی ئهرسهلان مهحمود
|