په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٥\١٠\٢٠٢٦

نەشتەرگەریی ئاوێنەکان.

ستوونی ژمارە ٥٠

- گۆشەیەکی هزرییە بە خوێندنەوەیەکی بوونناسیی و دەروونشیکاریی کۆمەڵایەتی و رامیاریی بابەتیی -


ئەرسەلان مەحمود      

گرێبەستی کۆمەڵایەتیی نوێ، پەیمانێک لەبری چاوەڕوانی.


ڕۆژانە هەموو، یان زۆرینەمان دەیان گرێبەست جێبەجێدەکەین، ئەمە بەبێ ئەوەی یەکێکیشیان بخوێنینەوە. دەوەستین، چونکە ڕەنگی ترافیکەکە سوورە، پارە دەدەین بەو کاغەزەی لە خۆیدا هیچ بەهایەکی نییە، منداڵەکانمان لە خوێندنگە و فێرگەکاندا دەخەینە بەردەست کەسانێکی نەناسیاو، لە کاتی نەخۆشیدا خۆمان دەخەینە ژێر نەشتەری کەسێکەوە هەرگیز نەمانبینیوە. هەموو ئەمانە کردەیەکن لەسەر بنەمایەک دەوەستن، پەیمانی نەنووسراوی نێوان ئێمە وەک تاک و کۆمەڵگە. کۆمەڵگە کاتێک هەڵدەوەشێت پەیمانەکە بشکێت، ترافیکەکە ڕەنگی سووری هەیە و کەس ناوەستێت، بڕوانامەکە مۆری فەرمیی لەسەرە و هیچ بەهایەکی نییە، دەنگەکەت دەخەیتە سندوقێکەوە و هیچ گۆڕانکارییەک دروستناکات. ئەم ستوونە، وەک وێستگەی کۆتایی ئەم بلۆکە، باسی ئەو پەیمانە دەکات.

فەیلەسووفە گەورەکانی سەردەمی نوێ لە پرسیارێکەوە دەستیانپێکرد، بۆچی مرۆڤ ملکەچی دەسەڵات دەبێت، لە کاتێکدا بە سرووشت ئازاد لەدایکبووە؟ تۆماس هۆبز دەڵێت مرۆڤەکان لە ترسی یەکتری بەشێک لە ئازادیی خۆیان دەدەنە دەسەڵاتێکی بەهێز تا بۆ خۆپارێزی لە دەست یەکتر و کارەساتە سروشتییەکان ئاسایشیان بۆ دابینبکات، بۆیە بنەمای دەوڵەت لای ئەو ترسە. جۆن لۆک وتی مرۆڤ هەندێک مافی سەرەتایی هەیە لە ژیان و ئازادی و موڵک، دەسەڵات تەنها بۆ پاراستنی ئەمانە دادەمەزرێت و ئەگەر خۆی ببێتە پێشێلکاری ئەم مافانە، پەیمانەکە هەڵدەوەشێتەوە. ژان ژاک ڕوسۆ لەمەش قووڵتر ڕۆیشت و وتی گرێبەستی ڕاستەقینە ئەوەیە هەموو تاکەکان بەشدارن لە داڕشتنی ئەو یاسایانەدا دواتر ملکەچییان بۆ دەکەن، چونکە تەنها لەم حاڵەتەدا ملکەچبوون بۆ یاسا خۆی جۆرێکی ئازادییە. ڕوسۆ جیاوازییەکی وردیشی هێنایە ئاراوەم زۆر بەکەڵکی ئێمە دێت، جیاوازیی نێوان کۆی خواستی تاکەکان و خواستی گشتی، یەکەمیان کۆکردنەوەی بەرژەوەندییە کەسییەکانە و دووەمیان ئەو خواستەیە ڕووی لە بەرژەوەندیی هاوبەشە. کۆمەڵگەیەک هەرکەسێک تێیدا تەنها بەدوای پشکی خۆیدا بگەڕێت، لەوانەیە دەنگدان و پەرلەمانی هەبێت، کەچی خواستی گشتیی تێدا لەدایکنابێت.

لێرەدا پرسیارێکی ورد هەیە هەموو ئەم تیۆرییانە هەڵدەگرێت، ئایا ئەم گرێبەستە لە هیچ ڕۆژێکی مێژوودا واژۆکراوە؟ هیچ گەلێک لە هیچ کاتێکدا لە مەیدانێکدا کۆنەبووەتەوە بۆ واژۆکردنی گرێبەستێکی لەم جۆرە. ئیمانوێل کانت ئەم گرێیەی بە شێوەیەکی ژیرانە کردەوە، وتی گرێبەستی سەرەتایی ڕووداوێکی مێژوویی نییە، بیرۆکەیەکی عەقڵییە، پێوانەیەکە هەموو یاسایەکی پێ تاقیدەکرێتەوە. پرسیارەکە ئەوەیە، ئایا گەلێکی ئازاد و ژیر دەتوانێت ڕەزامەندی لەسەر ئەم یاسایە بدات؟ ئەگەر وڵامەکە نا بێت، ئەو یاسایە ڕەوایەتی نییە، هەرچەندە مۆر و واژۆشی لەسەر بێت. ئەم پێوانەیە لە بلۆکی دەسەڵاتدا زۆر بەکەڵکمان دەهات، چونکە ڕەوایی لە کاغەزەکەوە دەگوازێتەوە بۆ ناو ویژدانی هاوبەش. هەر مامەڵەیەکی گشتی، هەر بڕیارێک و هەر ئیمتیازێک، بەم پرسیارە سادەیە دەپێورێت، ئەگەر هەموو هاوڵاتییان بیانزانیایە، ڕەزامەندییان پێدەدا؟ ئەوەی لە تاریکیدا دەکرێت، لە بنەڕەتدا لەم تاقیکردنەوەیە هەڵدێت.

جۆن ڕاوڵز، فەیلەسووفی ئەمریکی، لە سەدەی بیستەمدا ئەم بیرۆکەیەی کانتی بردە ئاستێکی بەرجەستەتر و ئەزموونێکی زەینیی ناوداری داهێنا، پەردەی نەزانین. داوامان لێدەکات وێنای ئەوە بکەین پێش لەدایکبوون لە ژوورێکدا دانیشتووین و دەبێت یاساکانی کۆمەڵگە دابڕێژین، بەبێ ئەوەی بزانین لەو کۆمەڵگەیەدا کێ دەبین، دەوڵەمەند یان هەژار، پیاو یان ژن، لە بنەماڵەیەکی دەسەڵاتدار یان لە ماڵێکی بێکەس، لە شار یان لە گوندێکی دوورەدەست. ڕاوڵز دەڵێت لەم دۆخەدا هەر مرۆڤێکی ژیر یاسایەک هەڵدەبژێرێت ئەگەر خراپترین پێگەیشی بەرکەوت، هێشتا بتوانێت بە شکۆوە بژی. ئێستا ئەم پەردەیە بەسەرچاوی خۆماندا بدەین. ئەگەر نەمانزانیایە لە ماڵی کام حزبدا لەدایکدەبین، کوڕ دەبین یان کچ، خاوەن پەیوەندی دەبین یان بێپەیوەندی، ئایا ئەم سیستەمەی ئێستامان هەڵدەبژارد؟ وڵامی ئەم پرسیارە، بە بێدەنگیش بێت، ئەو داوەرییەیە هیچ دادگەیەکی تر ناتوانێت بیکات.

ئێستا با ئەم پێوانانە بهێنینە سەر خۆمان. لای ئێمە گرێبەستێکی نەنووسراو هەیە، ماوەی چەند دەیەیەکە کاردەکات و مەرجەکانی زۆر ڕوونن، دەسەڵات بژێوی و ئارامی نسبی دابیندەکات، هاوڵاتیش لە بەرامبەردا لێپرسینەوە وەلادەنێت. ئەمە هەمان ئەو گرێبەستەیە لە ستوونەکانی پێشوودا ناومانلێنا گرێبەستی بێدەنگی، گرێبەستێکی هۆبزییە لە جەوهەردا، ترس بنەماکەیەتی و ئاسایشی نزیک بەرهەمەکەی. کێشەکەی ئەمەیە، دوو لای گرێبەستەکە نایەکسانن و یەکێکیان بە تەنها مەرجەکانی دیاریدەکات، هەروەها گرێبەستێکی مێژوویی بەسەرچووە، چونکە ئەو بژێوی و ئارامییەی لە بەرامبەریدا دەدرا، ئێستا خۆشیان لەرزۆکن. کاتێک لایەک ناتوانێت بەشەکەی خۆی جێبەجێبکات، لایەکەی تریش چیتر پابەند نییە، لەم خاڵەدا کۆمەڵگە دەکەوێتە بۆشاییەکەوە، گرێبەستە کۆنەکە مردووە و گرێبەستە نوێیەکەش لەدایکنەبووە.

ئەلبێرت هیرشمان، ئابووریناس و بیرمەندی ئەڵمانی-ئەمریکی، سێ ڕێگەی داناوە، مرۆڤ لە کاتی لاوازبوونی دامەزراوەیەکدا دەیگرێتەبەر. یەکەم، دەرچوون، واتە جێهێشتن و ڕۆیشتن. دووەم، دەنگ، واتە مانەوە و ناڕەزایی و داواکردنی چاکسازی. سێیەم، وەفاداری، واتە مانەوە و بێدەنگی و خۆگونجاندن. هیرشمان دەڵێت دامەزراوەیەک تەنها کاتێک چاکدەبێتەوە دەنگ هەبێت، چونکە دەرچوون ئازارەکە دەبات بەبێ ئەوەی ڕاپۆرتی بکات و وەفاداری ئازارەکە دەشارێتەوە بەبێ ئەوەی چارەسەری بکات. ئەگەر بەم چاوە سەیری کۆمەڵگەکەمان بکەین، ئەم بۆشاییەی باسمانکرد دەبێتە وێنەیەکی ڕوون، بەشێکی زۆری گەنجەکانمان ڕێگەی دەرچوونیان گرتەبەر، بەشێکی گەورەی تریش ڕێگەی وەفاداری بێدەنگ و دەنگ، تاکە ڕێگەی چاککردنەوە، لە نێوانیاندا لاواز و تەنها ماوەتەوە. کۆچی گەنجان لە ڕواڵەتدا بڕیارێکی کەسییە و لە ڕاستیدا ڕاپۆرتێکی سیاسییە لەسەر ئەو گرێبەستە شکاوە. هەر پاپۆڕێک دەڕوات و هەر پاسپۆرتێک ڤیزەی لێدەدرێت، دەنگێکە نەتوانرا لە ناوخۆدا بدرێت.

پێش داڕشتنی مەرجەکان، دەبێت یەک هەڵەی باو ڕاستبکەینەوە. گرێبەستی کۆمەڵایەتی لە نێوان هاوڵاتی و دەسەڵاتدا کورت نابێتەوە، لە نێوان هاوڵاتییان و یەکتریشدا هەیە، لای ئێمە ڕێک ئەم لایەنە دووەمە لاوازترە. دەسەڵات دەتوانێ خراپ بێت و کۆمەڵگە بە یاسا و متمانەی ناوخۆیی بەرگری لە خۆی بکات، بەڵام کۆمەڵگەیەک هاوڵاتییەکانی بەرامبەر یەکتری هیچ پەیمانێکیان نەبێت، هیچ دەسەڵاتێکی باشیش ناتوانێت ڕێکیانبخات. لەم ڕوانگەیەوە هەموو ئەو ستوونانەی ئەم بلۆکە بەشێک بوون لە داڕشتنی هەمان پەیمان، متمانە خاڵی دەستپێکی بوو، فەزای گشتی مەیدانەکەی بوو، بەخشین وزەکەی بوو، خێزان یەکەم خوێندنگەکەی بوو و گفتوگۆی نەوەکانیش درێژکراوەکەی بوو لە کاتدا.

دەبێت بە ڕاشکاوی پرسیارێکی قورس بکەین، ئەم گرێبەستانە کێیان تێدا ئامادە بوو و کێیان تێدا ون بوو؟ کارۆل پەیتمان، بیرمەندی سیاسیی بەریتانی، لە توێژینەوەیەکدا دەڵێت گرێبەستە کلاسیکییەکەی هۆبز و لۆک و ڕوسۆ گرێبەستێکی نێوان پیاوان بوو، کاتێک بڕیارەکان دران ژن لەو ژوورەدا ئامادە نەبوو، تەنها بابەتی بڕیارەکان بوو. ئەم ڕەخنەیە بۆ ئێمە قورسترە، چونکە گرێبەستی بێدەنگیی ئێمە هەمان شێوازی هەیە، لە ژوورەکانی بڕیاردا ژن کەمە و کەمینەکان کەمترن، ئەوانەی پەیوەندییان نییە هەر نین، ئەو نەوەیەی هێشتا لەدایکنەبووە و ژینگە و قەرز و ئایندەکەی دەخوێت، هیچ کورسییەکی نییە. هەر گرێبەستێکی نوێ ئەم ونبووانە نەهێنێتە ناو ژوورەکەوە، دووبارە هەمان گرێبەستی کۆنە بە واژۆیەکی نوێوە.

کەواتە مەرجەکانی گرێبەستێکی نوێ چین؟ پێنج مەرجی بنەڕەتی. یەکەم، یەکسانی لە بەردەم یاسادا. ئەمە یەکەم بڕگەی هەر گرێبەستێکە، چونکە یەکسانی نەبێت، هیچ کەسێک باوەڕی بە هیچ بڕگەیەکی تر نامێنێت. دووەم، شەفافیەت و لێپرسینەوە، واتە هەر دینارێکی گشتی خاوەنێکی دیاریکراوی هەبێت و هەموو پۆستێکی گشتی وڵامدەرەوەیەکی هەبێت. سێیەم، دەرفەتی یەکسان، واتە شایستەیی ببێتە تاکە ڕێگەی چوونەپێشەوە، ئەمە کوشندەترین بڕگەیە بۆ ئەو سیستەمەی هەیە و لە هەمان کاتدا زیندووکەرەوەترینیشە بۆ کۆمەڵگە. چوارەم، پاراستنی کەرامەت، واتە هیچ هاوڵاتییەک بۆ سادەترین مافی خۆی ناچار نەبێت بپاڕێتەوە. پێنجەم، پابەندبوونی هاوڵاتیش، چونکە گرێبەست یەک لایەنە نییە، دانی باج، پاراستنی ماڵی گشتی، ڕێزگرتن لە یاسا و بەشداریکردن لە ژیانی گشتیدا، ئەرکی هاوڵاتین و هیچکامیان بەخششی ئەو نین.

لێرەدا دژە ئەرگومێنتێکی جدی هەیە دەبێت وڵامبدرێتەوە، دەڵێن ئەم قسانە فەلسەفەن و لە واقیعی ئێمەدا هیچ لایەنێک نییە بەم مەرجانەوە ڕازیبێت، بۆیە خەونێکی جوانن و هیچی تر. با ڕاشکاوانە بین. گرێبەستی نوێ بە بەڵێندان لە سەرەوە دروستنابێت و بە بەیاننامەش داناڕێژرێت، ڕەگەکانی لە کردەوەی دووبارەکراوی خوارەوەدا دەڕوێن. لە مێژووی جیهاندا هیچ گرێبەستێکی نوێ بەبێ گوشار لەدایکنەبووە، بەڵام گوشاریش بەبێ ڕێکخستن هەڵدەوەرێت، ڕێک وەک ئەو کۆبوونەوانەی لە ستوونی ٤٣دا شیمانکردەوە. بۆیە ئەم پرۆژەیە تەمەنی نەوەیەکی دەوێت و بە کاتی خولێکی هەڵبژاردن ناپێورێت. هەروەها دەبێت بزانین گرێبەستی نوێ جێی چاوەڕوانی دەگرێتەوە، چاوەڕوانی واتە خەڵک دانیشتوون تا دەسەڵات بگۆڕێت، پەیمان واتە خەڵک لە جێی خۆیانەوە دەستپێدەکەن و لە دەسەڵاتیش داوای هەمان شت دەکەن.

هانا ئارێنت، لە دواین بەشی کتێبەکەیدا لەسەر دۆخی مرۆیی، دوو توانای مرۆیی بە دەرمانی دوو نەخۆشیی بنەڕەتیی ژیانی هاوبەش دادەنێت. لێبوردن دەرمانی ئەوەیە ڕابردوو ناگەڕێتەوە و هەڵەکان ناسڕدرێنەوە، پەیمانیش دەرمانی ئەوەیە داهاتوو نادیارە و مرۆڤ ناتوانێت پێشبینیی خۆی و ئەوانی تر بکات. ئارێنت دەڵێت مرۆڤ کاتێک بەڵێن دەدات، دوورگەیەکی دڵنیایی لەناو زەریای نادڵنیاییدا دروستدەکات، هەموو دامەزراوەیەکی سیاسی لە کۆتاییدا ئەم دوورگانەیە بە یەکترەوە بەستراون. ئەمە جوانترین پێناسەیە بۆ ئەوەی ئێمە دەمانەوێت، کۆمەڵگەیەک ئەندامەکانی توانای لێبوردنیان هەبێت تا ڕابردوو زیندانیان نەکات، و توانای بەڵێندانیان هەبێت تا ئایندە نەیانترسێنێت. ستوونی پێشوو لێبوردنی نێوان نەوەکانی خستە ڕوو، و ئەم ستوونە پەیمانی نێوان هاوڵاتییان.

ئەم بلۆکە لە پرسیارێکەوە دەستیپێکرد، ئایا ئێمە کۆمەڵگەیەکین یان کۆمەڵە بازنەیەکی داخراو لە جوگرافیایەکدا؟ وڵامەکە ئێستا ڕوونترە. ئێمە هێشتا بەتەواوی نەبووینە کۆمەڵگە، بەڵام هەموو پێکهاتەکانی لەبەردەستماندان، مرۆڤی خۆبەخش هەیە، بازنە بچووکەکان هەن و هەموو ئەو وزەیەی لە کاتی کارەساتدا دەریدەخەین، بەڵگەی زیندووبوونی ئەو جەستەیەیە. ئەوەی کەممانە ئامرازی ڕێکخستن و پەیمانی بەردەوامە، لە ستوونەکانی ئەم بلۆکەدا هەوڵمانداوە پێوانەکانی دابنێین.

بەڵام کۆمەڵگە تەنها بە یاسا و ڕێکخراو و پەیمان ناژی. کۆمەڵگە بە مانا دەژی، بەو گێڕانەوەیەی خۆی بە خۆی دەڵێت، بەو شیعر و ڕۆمان و گۆرانی و فەلسەفەیەی پێیان دەناسرێینەوە. هەر گەلێک لە کۆتاییدا بەو شتانە دەمێنێتەوە خەڵکی جیهان و نەوەکانی داهاتوو لە ڕێگەیانەوە دەیناسنەوە. کەواتە پرسیاری بلۆکی داهاتوو ئەمەیە، بەرهەمی هزری و ئەدەبی و کەلتووریی ئێمە لە چ حاڵێکدایە، بۆچی خاوەنی نەریتێکی فەلسەفی نەبووین و بۆچی هزرمان لە شیعرییەتدا بەندکراوە؟

__________________________________________________________
● هەموو ستوونەکانی گۆشەی ''نەشتەرگەریی ئاوێنەکان'': www.emrro.com/gosheyneshtergeriya.htm
 

ماڵپه‌ڕی ئه‌رسه‌لان مه‌حمود

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک