په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٤\١٠\٢٠٢٦

نەشتەرگەریی ئاوێنەکان.

ستوونی ژمارە ٥٢

- گۆشەیەکی هزرییە بە خوێندنەوەیەکی بوونناسیی و دەروونشیکاریی کۆمەڵایەتی و رامیاریی بابەتیی -


ئەرسەلان مەحمود      

بۆچی فەیلەسووفمان نییە؟


پیرەمێردێک لە دیوەخانێکدا دانیشتووە، قسەی هێناوەتە سەر بەهاکانی ژیان لە نێوان دوێنێ و ڕۆژگاری ئەمڕۆدا، گەنجێک پرسیارێکی لێدەکات، باشە، ژیان بۆ ئەوەندە خۆگۆڕە و ئێمەی مرۆڤ بۆچی دەژین؟ پیرەمێردەکە کەمێک بێدەنگ دەبێت، دواتر پەندێکی کۆن دەهێنێتەوە، هەموو ئەوانەی لەو ژوورەن، سەرێکی بۆ دەلەقێنن و باسەکە کۆتایی دێت. پەندەکە جوانە، چڕ و پڕە، ڕەنگە ئەزموونی سەدان ساڵەیشی لە خۆیدا هەڵگرتبێت. بەڵام پرسیارێک کرا، لەبری ئەوەی دەرگەیەک بکاتەوە، دەرگەیەکی داخست. پەند و ئیدیۆمەکان وڵامێکی ئامادەن، وێکچوواندن و وێنەسازن، زانینێکن پەتی، نەک زانستی، پرسیار لە دوای خۆی جێناهێڵن، چەمکی فەلسەفی بەپێچەوانەوە لەدایک دەبێت و کار دەکات، پرسیار لە پرسیاردا دەکات و واتای تازە بەرهەم دەهێنێت. لەم دیمەنە بچووکەدا نیوەی وڵامی پرسیاری ئەم ستوونە شاراوەتەوە.

پێش هەر شتێک دەبێت ئەم پرسیارە لە دوو تەڵەی ئاسان بپارێزین. تەڵەی یەکەم سووکایەتییە، ئەو بۆچوونەی دەڵێ ئێمە گەلێکین توانای بیرکردنەوەی قووڵمان نییە. قسەیەکی ناڕاستە و هیچ بەڵگەیەکی زانستی پشتی ناگرێت، مێشکی هیچ گەلێک لە مێشکی گەلێکی تر بچووک و گەورەتر یان کەمتر نییە. تەڵەی دووەم شانازیی بەتاڵە، ئەو بۆچوونەی بە ناوهێنانی چەند بیرمەندێکی سەر بە جوگرافیای ئێمە، پرسیار دادەخات. لە مێژووی شارستانیەتی ئیسلامیدا بیرمەندی کوردیی هەڵکەوتوو هەبوون، بۆ نموونە شەمسەدینی شارەزووری، ئەو فەیلەسووفەی سەدەی سێزدەهەم لەسەر فەلسەفەی ئیشراقی نووسی و شەرحی بۆ بەرهەمەکانی سوهرەوەردی کرد. بەڵام شارەزووری بە عەرەبی دەینووسی، واتا لەناو نەریتێکی عەرەبی و فارسیدا بیری دەکردەوە، هەر بۆیەش بیرکردنەوەکانی هەرگیز نەبوونە بەشێک لە گفتوگۆیەکی کوردی. پرسیارەکەی ئێمە ڕووی لە نەبوونی نەریتێکی فەلسەفییە، نەبوونی بیرمەند وەک تاک باسێکی ترە، ئەم دووانە زۆر دوورن لە یەکترییەوە.

ئەمە یەکەم کلیلی باسەکەیە. فەلسەفە گفتوگۆیەکی درێژە لە نێوان نەوەکاندا، وێنا و وێنەی بلیمەتی تاک لە ژووری خۆیدا، پتر ئەفسانەیە تا مێژوو. ڕاندال کۆلینز، کۆمەڵناسی ئەمریکی، لە توێژینەوەیەکیدا مێژووی فەلسەفەی یۆنان و چین و هیند و ئیسلام و ئەورووپای بەراورد کرد و گەیشتە دەرەنجامێکی سەرنجڕاکێش، بیرمەندە گەورەکان بە تەنها لەدایک نابن، لەناو تۆڕێکدا لەدایک دەبن، تۆڕێک لە مامۆستا و خوێندکار و ڕکابەر، داهێنان زیاتر لەو شوێنانەدا ڕوودەدا چەند خوێندنگەیەکی ڕکابەر پێکەوە لە مشتومڕدان. ئەفلاتوون بەبێ سوقرات، ئەرستۆ بەبێ ئەفلاتوون نەدەبوون، کانت'ـیش ئەگەر هیومی نەخوێندبایەوە، بە وتەی خۆی لە خەوی دۆگمادا دەمایەوە. فەلسەفە کاتێک دەبێتە نەریت، هەر بیرمەندێک وڵام بە پێشینەکەی دەداتەوە و بیرمەندی دواتریش وڵامی ئەو دەداتەوە. ئێمە بیرمەندی تاک و پەرتەوازەمان هەبووە و هەیشن، بەڵام هیچکامیان بیرمەندانە وڵامی پێشینەکانیان نادەنەوە، هیچ نەوەیەکی دواتریش وڵامی ئەوانی نەداوەتەوە. دەنگەکان هەبوون و هەن، گفتوگۆکان بەما فەلسەفییەکەی نەبوو و نین.

کلیلی دووەم زمانە، لێرەدا کەمێک زیاتر پێویستە وردتر بیربکەینەوە و بڕوانین. چەندین سەدە، زمانی خوێندنی ئێمە، عەرەبی و فارسی بوو. لە حوجرە و مزگەوتەکاندا فەقێ مەنتیق و فیقە و کەلامی بە عەرەبی دەوتەوە، شیعری بە زمانی فارسی و عەرەبی دەنووسی و دەخوێندەوە، تەنها لەگەڵ دایکی و لە کێڵگە و دیوەخاندا بە کوردی قسەی دەکرد. ئەم دابەشکردنە دەرەنجامێکی قووڵی هەبوو، هەستەکە کوردی بوو، چەمک زمانی ئەوانی تر. زمانناسان ئەم دۆخە بە دووزمانیی پلەبەندی ناو دەبەن، ئەو دۆخەی زمانێک بۆ ژیانی ڕۆژانە و زمانێکی تر بۆ زانست و دەسەڵات بەکاردێت. کاتێک زمانی دایک بۆ پێناسە و بەڵگەهێنانەوە و لێکجیاکردنەوەی چەمکەکان بەکارنەهێنرێت، ئەو ماسوولکانە لە زماندا بنەما ناگرن و گەشە ناکەن. ئێمە زمانێکی دەوڵەمەندمان هەیە بۆ ئازار و ئەوین و سرووشت و زمانێکی هەژاریش بۆ پێناسە. گەلێک هەستەکانی بە زمانی خۆی بن و چەمکەکانی بە زمانی ئەوانی تر، شیعر بەرهەم دەهێنێت و فەلسەفە لەوانی تر وەردەگرێت. دابەشبوونی زارەکان و ئەلفبێکانیش، ئەو دیواری نێوان سۆرانی و کرمانجییە، لە سەدەی بیستەمدا ئەم برینەی قووڵتر کرد، چونکە هەر نەریتێکی فەلسەفی پێویستی بە زمانێکی هاوبەشە نووسەران تێیدا یەکتر بخوێننەوە.

کلیلی سێیەم شێوازی گواستنەوەی زانینە. والتەر ئۆنگ، توێژەری ئەمریکی، لە کتێبەکەیدا 'زارەکی و نووسراو' دەریدەخات کەلتوورە زارەکییەکان بە شێوەیەکی جیاواز بیردەکەنەوە. لەوێدا زانین لە پەند و قسەی نەستەق و چیرۆکدا هەڵدەگیرێت، چونکە ئەوەی نەتوانرێت لەبەربکرێت، وندەبێت. زانینی زارەکی هەمیشە پەیوەستە بە ڕووداو و کەسەکانەوە، بیرکردنەوەی ڕووت، ئەو جۆرەی شتەکان لە دۆخی تایبەتیان دادەماڵێت و لە ئاستی گشتیدا سەیریان دەکات، زیاتر لەگەڵ نووسیندا گەشە دەکات. کەلتووری ئێمە بۆ سەدان ساڵ کەلتوورێکی زارەکی بوو، داناییەکەی لە پەند و بەیتدا کۆبۆتەوە. پەند و چەمک دوو شێوازی جیاوازی زانینن. پەند ئەزموونێک دەکات و دادەخات، هەموو کەس قبووڵی دەکات و کەس مشتومڕی لەسەر ناکات، چەمک ئەزموونێک دەکاتەوە و دەیخاتە بەردەم پرسیار و ڕەتکردنەوە و پەرەپێدان. کۆمەڵگەیەک دانایی لە پەنددا بخولێتەوە، ڕەنگە ببێتە کۆمەڵگەیەکی دانا، بەڵام ناتوانێ نزیکی فەلسەفە و فەیلەسووف بوون بێتەوە.

کلیلی چوارەم، پەیوەندیی نێوان فەلسەفە و پیرۆزییەوە. فەلسەفە لە سەرەتای خۆیەوە کردەیەکی بێڕێزییە بەرامبەر بە وڵامە ئامادەکان. سوقرات لە بازاڕی ئەسینادا لە خەڵکی دەپرسی دادپەروەری چییە و بوێری چییە، ئەم پرسیارانە ئەوەندە بێزارکەر بوون، شارەکە بە مەرگ حوکمیدا. هەر کۆمەڵگەیەک بیەوێت فەیلەسووفی هەبێت، دەبێت ئامادەبێت شتێک قبووڵبکات زۆر سەختە، کەسانێک لە ناویدا پرسیار لە پیرۆزترین شتەکانی بکەن. لای ئێمە سێ پاسەوانی گەورە هەمیشە ئامادەبوون، پیرۆزیی ئایینی، ئەوەی پرسیار بە گومڕایی دەزانیت، پیرۆزیی نەریت، ئەوەی پرسیار بە بێڕێزی دەزانی و پیرۆزیی دۆز، ئەوەی پرسیاری بە خیانەت دەزانیت. پاسەوانی سێیەم لە هەمووانیان قورسترە. گەلێک لە دۆخی ئاوارتە و مانەوەدا بژی، هەموو بیرکردنەوەیەک دەکاتە ئامراز بۆ ئامانجی نزیک، هەموو پرسیارێکی قووڵ وەک دابڕانێک لە ڕیزەکان دەبینێ. ئەرستۆ دەیوت فەلسەفە لە سەرسوڕمانەوە دەستپێدەکات، لە کتێبی 'مێتافیزیکا'دا ئاماژە بەوە دەکات زانستە تیۆرییەکان لەو شوێنانەدا سەریانهەڵدا خەڵک کاتی بەتاڵیان هەبوو. کۆمەڵگەیەک هەمیشە لە کاتی پەلەپەلدا بێت، کاتی سەرسوڕمانی نامێنێت.

لەمانەش قووڵتر، هۆکارێکی دەروونی، ئەوەی کەمتر باسدەکرێت. فەلسەفە هونەری ژیانە لەگەڵ پرسیاردا، توانای ئەوەیە مرۆڤ بۆ ماوەیەکی درێژ لەناو نادڵنیاییدا بمێنێتەوە بەبێ ئەوەی بەرەو وڵامێکی ئامادە ڕابکات. ئەم توانایە پێویستی بە زەمینەیەکی دەروونیی ئارام هەیە. کۆمەڵگەیەک بە شاڵاوی کۆمەڵکوژی و ئاوارەیی و کیمیابارانەکاندا تێپەڕیبێت، خۆی لە خۆیدا تینووی دڵنیاییە، چونکە جیهانی دەرەوەی ئەوەندە نادڵنیا بووە، ناتوانێت نادڵنیایی ناوەوەش لە خۆیدا هەڵبگرێت. مرۆڤی بریندار وڵامی دەوێت و مرۆڤی ئارام دەتوانێت پرسیار هەڵبگرێت. لێرەوە تێدەگەین بۆچی ئایدۆلۆژیا لای ئێمە ئەوەندە زوو جێی فەلسەفە دەگرێتەوە، ئایدۆلۆژیا وڵامی تەواو دەفرۆشێت و فەلسەفە پرسیاری بێکۆتایی، گەلێکی وەک کورد ماندوو زۆرجار یەکەمیان هەڵدەبژێرێت.

کلیلی پێنجەم، دامەزراوەیە. لە ستوونەکانی بلۆکی پەروەردەدا زانکۆکی کوردیمان بینی چۆن لە شوێنی بیرکردنەوەوە، بوونەتە شوێنی بڕوانامە. فەلسەفە لە هەموو جیهاندا پێویستی بە دامەزراوەیەک بووە بیپارێزێ، ئەکادیمیای ئەفلاتوون، لیسێیۆمی ئەرستۆ، بەیت ئەلحیکمەی بەغدا، زانکۆکانی ئەورووپای سەدەکانی ناوەڕاست. ئەم دامەزراوانە سێ شتیان بە بیرمەندەکان دەبەخشی، کات، کتێبخانە و هاوتا. ئەمە لە زۆربەی هەرە زۆری مێژووی ئێمەدا نەبوون بۆ بیرکردنەوە، ئەوەی ئێستاش هەمانە، زۆرجار فەلسەفە تێیدا وەک وانەیەکی مێژوویی، یان ئەوپەڕی وەک وانەیەکی تیۆری دەخوێندرێ، خوێندکاران ژیاننامەی فەیلەسووفەکان لەبەردەکەن و تیۆر دەناسن، هەرگیز ناگەیەندرێنە ئەو دۆخەی بیربکەنەوە.

دەڵێن: ئێمە بیرمەندمان هەبوون و نووسینەکانیشیان پڕن لە ڕامانی قووڵ. بە نموونە ئەحمەدی خانی لە سەدەی حەڤدەدا، پرسیارێکی گەورە لە پێشەکی 'مەم و زین'دا دەوروژێنێت، لە کاتێکدا ئازاترین گەلین، بۆچی لە نێوان دەسەڵاتی ئەوانی تردا دابەشبووین و هیچ یەکگرتنێکمان نییە؟ ئەمە پرسیارێکی فەلسەفیی سیاسییە، پرسیاری سەروەری و یەکێتی و چارەنووس. حاجی قادری کۆیی، مەولەوی، نالی، مەحوی، هەریەکەیان لە شیعرەکانیاندا ڕامانی قووڵیان لەسەر بوون و مەرگ و خودا و نیشتمان هەیە. ئەم بۆچوونە ڕاستە و دەبێت بە ڕێزەوە وەریبگرین. بەڵام ئەم نموونانە خۆیان وڵامی پرسیارەکە دەدەنەوە. خانی پرسیارە گەورەکەی کرد، بۆ سێ سەدە کەس وەک پرسیارێکی فەلسەفی وڵامی نەدایەوە، بە شیعر دووبارەکرایەوە، بە شانازی خوێندرایەوە و وەک دروشم بەکارهێنرا و وترایەوە. پرسیارەکە دەنگیدایەوە، بەڵام هیچ گفتوگۆکی دروستنەکرد. هزرەکە هەبوو و لە شیعردا جێگەی خۆی گرت، شیعر وەک خانووێکی جوان، پەنجەرەی هەیە، بەڵام دەرگەی دەرەوەبینی کەمە.


شتێکی تریش هەیە دەبێت بە ڕاستگۆیی بیڵێین، چونکە ئەگەر ئەم ستوونە سازشی لەسەر بکات، دەبێتە ستوونێکی دووڕوو. ئەمڕۆ لە نووسینە ڕۆشنبیرییەکانماندا ناوی فەیلەسووفەکان زۆرن، هایدگەر و فۆکۆ و نیچە و دریدا وەک ئاوێزان دەدرێنە دەست دەقەکانەوە. ئەم دیاردەیە لە ڕووێکیدا گرنگە و باشە، چونکە پەنجەرەیەکە بۆ جیهانبینی، تەنانەت ئەم زنجیرەیەش پشتی پێبەستووە. بەڵام مەترسیشی هەیە، ناوهێنانی فەیلەسووفان و فەلسەفەکردن دوو کاری زۆر جیاوازن. ژیل دۆلۆز و فێلیکس گواتاری لە کتێبێکی دواییاندا دەڵێن فەلسەفە هونەری داهێنانی چەمکە، هەر چەمکێکی ڕاستەقینە لە کێشەیەکی ڕاستەقینەوە لەدایک دەبێت. ئەگەر ئێمە تەنها چەمکەکانی ئەوانی تر بەسەر ئەزموونی خۆماندا بسەپێنین، وەک بەرگێکی هاوردەکراو وایە کردبێتمانە بەرمان، بەڵام نەشاز لە قەد باڵاماندا.

کەواتە فەلسەفەی کوردی، ئەگەر ڕۆژێک لەدایکبێت، لە کوێوە دەستپێدەکات؟ لە ئەزموونەکانمانەوە، ئەو ئەزموونانەی لە هیچ گەلێکی تر ناچن یان هیچ کەلێکی تر بەم شێوەیە نەیچێشتوون و هیچ فەیلەسووفێکی تر بیری لێنەکردونەتەوە. بێدەوڵەتی وەک دۆخێکی بوونناسی، مرۆڤ چۆن دەبێت لە جیهاندا بەبێ ئەوەی شوێنێکی فەرمیی هەبێت؟ سنوور وەک برینێک بە ناو خێزان و گوند و زمانیدا دەڕوات. گۆڕی بەکۆمەڵ وەک پرسیارێک لەسەر یادەوەری و بەڵگە و بێدەنگی. چیا وەک پەناگە و زیندان پێکەوە. دۆخی بەرزەخ، ئەو ژیانەی لە نێوان دوو نیشتماندا، لە نێوان دوو زماندا، لە نێوان هاتن و ڕۆیشتندا بەسەردەچێت. هەر یەکێک لەمانە دەتوانێت ببێتە چەمکێک ئەزموونی ئێمە بە جیهان بناسێنێت، بە مەرجێک یەکێک هەبێ ڕابمێنێت و هەڵوەستەی لەسەر بکات، بە کوردی پێناسەی بکات و نەوەی دواتریش لەگەڵیدا خۆیدا بخاتە مشتومڕەوە.

دەبێ بڵێم بە داخەوە ماڵی سەرەکی هزری ئێمە، هەتا ئیشتاش تەنها شیعرە. شیعر هەموو ئەو شتانەی هەڵگرتووە فەلسەفە دەبوو هەڵیبگرێت، پرسیاری بوون، پرسیاری خودا، پرسیاری مەرگ، پرسیاری نیشتمان، ئەمە شکۆی شیعری ئێمەیە. لە هەمان کاتدا، ڕەنگە ئەمە زیندانەکەیشی بێت، چونکە شیعر هەستەکان دەگرێ و دەیانکاتە جوانی، بەڵام ناتوانێت بیانکاتە سیستەم. کەواتە پرسیاری ستوونی داهاتوو ئەمەیە، شیعر چۆن بوو بە تاکە قاڵبی زەینی کوردی و ئایا ئەم بەها گەورەیە وردە وردو بووە بە سنوورێکی مەعریفی؟

__________________________________________________________
● هەموو ستوونەکانی گۆشەی ''نەشتەرگەریی ئاوێنەکان'': www.emrro.com/gosheyneshtergeriya.htm
 

ماڵپه‌ڕی ئه‌رسه‌لان مه‌حمود

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک