په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٦\٩\٢٠٢٦

نەشتەرگەریی ئاوێنەکان.

ستوونی ژمارە ٤٤

- گۆشەیەکی هزرییە بە خوێندنەوەیەکی بوونناسیی و دەروونشیکاریی کۆمەڵایەتی و رامیاریی بابەتیی -


ئەرسەلان مەحمود      

متمانە، ژێرخانە نەبینراوەکە.

دوو کەس گرێبەستێک واژۆدەکەن. کاغەزەکە هەمان کاغەزە، وشەکان هەمان وشەن و مۆرەکەش هەر هەمان مۆرە، بەڵام یەکێکیان دوای واژۆکردنەکە ئارامدەبێتەوە و ئەوی تر بەدوای کەسێکدا دەگەڕێت وا لە بەرامبەرەکەی بکات پابەندبێت. جیاوازییەکە لە دەقەکەدا نییە، لەو شتە نەبینراوەدایە لە پشتەوەی دەقەکەوە وەستاوە یان نەوەستاوە. ئەم شتە نەبینراوە ناوی متمانەیە، ئەگەر سەیری بناغەی هەموو تەلارە کۆمەڵایەتییەکانی کۆمەڵ و کۆمەڵگە بکەی، دەبینی هیچیان لەسەر بەرد دانەنراون، هەموویان لەسەر ئەم بێدەنگییە دامەزراون. پرسیاری ئەم ستوونە ئەمەیە، ئەو ژێرخانە نەبینراوە چییە، لە کوێوە دێت، چۆن دەڕووخێت و ئایا کۆمەڵگەیەکی بریندار دەتوانێت دووبارە بونیادیبنێتەوە؟

پێش هەموو شتێک دەبێت متمانە لە دوو شتی هاوشێوە جیابکەینەوە. متمانە دڵنیایی نییە. کاتێک من دەزانم شتێک ڕوودەدات، ئەوە زانینە نەک متمانە، متمانە ڕێک لەو خاڵەدا دەستپێدەکات زانین کۆتاییدێت. هەر متمانەیەک لە خۆیدا هەڵگری مەترسییەکە، چونکە من خۆم دەخەمە دەست ئیرادەی کەسێکی تر، بەبێ ئەوەی کۆنترۆڵی بکەم. لەم ڕوانگەیەوە، متمانە کردەیەکی بوونناسییە پێش ئەوەی کردەیەکی کۆمەڵایەتی بێت، ئەوەیە مرۆڤ دان بەوەدا بنێت بە تەنها ناتوانێت بژی. هەروەها متمانە ساویلکەیی نییە، ساویلکە ئەو کەسەیە بەبێ هیچ بەڵگەیەک بڕوادەکات، بەڵام متمانەداری ئەو کەسەیە لەسەر بنەمای ئەزموون و پێوانەکاری بڕوادەکات و ئامادەشە ئەگەر پێوانەکە شکێنرا، بەڵێنەکەی ڕابگرێت. کۆمەڵگەیەک ساویلکەیی و متمانە تێکەڵبکات، دوای یەکەم هەڵخەڵەتان بۆ هەمیشە دەبێتە کۆمەڵگەیەکی گومانخواز.

ئێستا با بگەڕێینەوە بۆ خودی بونیادەکە. گیۆرگ زیمڵ، کۆمەڵناسی ئەڵمانی، وتەیەکی هەیە هەموو ئەم باسە لە خۆدەگرێ، متمانە ئەو دۆخە ناوەندییەیە لە نێوان زانین و نەزانیندا وەستاوە. مرۆڤ هەموو شتێک بزانێت، پێویستی بە متمانە نییە، هیچ نەزانێت، ناتوانێت متمانە بکات. ژیانی هاوبەش هەمووی لەم ناوەندەدا دەڕوات. تۆ کاتێک نانێک دەکڕیت، متمانە بە نانەواکە دەکەیت، کاتێک منداڵەکەت دەنێریتە قوتابخانە، متمانە بە دەیان کەسی نەناسیاو دەکەیت، کاتێک پارەکەت لە بانک دادەنێی، متمانە بە سیستەمێک دەکەیت هەرگیز نەتبینیوە. کۆمەڵگە بەبێ ئەم بێدەنگییە هەموو ڕۆژێک لە خاڵی سفرەوە دەستیپێدەکاتەوە.

بەڵام متمانە بێ تێچووش نییە. لێرەدایە ڕۆبەرت پاتنام، توێژەری ئەمریکی، چەمکێکمان پێدەدات، سەرمایەی کۆمەڵایەتی. ئەو دەڵێت کۆمەڵگەکان دوو جۆر سامانیان هەیە، سامانی ماددی لە پارە و کارگە و زەوی، سامانێکی نەبینراو لە تۆڕی پەیوەندی و نۆڕم و متمانەکاندا. ئەم سامانە دووەمە بە چاو نابینرێت، بەڵام لە کاتی پێویستدا کاردەکات، کۆمەڵگەیەک متمانەی بەرزی هەبێت، بە کەمترین تێچوو زۆرترین کار ئەنجامدەدات، چونکە هەموو مامەڵەیەک پێویستی بە پارێزەر و شاهید و بەڵگەنامەی زیادە نییە. لە کۆمەڵگەیەکی بێمتمانەدا بەپێچەوانەوە، هەموو شتێک گرانتر دەبێت، دوو بازرگان ناتوانن شەراکەت بکەن، دوو گەڕەک ناتوانن یەک پرۆژە بەڕێوەببەن و دوو کەس ناتوانن یەک لیژنە پێکبهێنن. پاتنام هەروەها دوو جۆر پەیوەندی جیادەکاتەوە، پەیوەندیی ناوەکی، ئەوەی ئەندامانی یەک گرووپ پێکەوە دەبەستێتەوە و پەیوەندیی پردی، ئەوەی گرووپە جیاوازەکان بە یەکترییەوە دەبەستێتەوە. کۆمەڵگەی ئێمە لە یەکەمیاندا زۆر دەوڵەمەندە و لە دووەمیاندا زۆر هەژارە، لەناو خێزان و خێڵ و حزب و ناوچەدا متمانە بەهێزە، بەڵام لە نێوان ئەم بازنانەدا نزیکە لە سفر. ئەمە ڕوونکردنەوەی ئەو دیاردەیەیە هەموومان دەیبینین، هەمان مرۆڤ لە بازنەی خۆیدا هەرە دڵسۆز و لە دەرەوەیدا هەرە گومانخوازە.

باشە بۆچی ئەم پردانە لای ئێمە هەڵوەشاون؟ نەشتەرەکە لێرەدا دەبێت قووڵتر بچێت. متمانە بەرهەمی وتاری باش نییە، بەرهەمی ئەزموونی دووبارەکراوەیە. مێشکی مرۆڤ لە ڕێگەی دووبارەبوونەوەوە پێشبینی فێردەبێ، ئەگەر سەد جار بەڵێنێک جێبەجێبووبێت، بۆ جاری سەد و یەکەم بڕوادەکەم، ئەگەر سەد جار شکێنرابێت، بڕواکردن لەو دۆخەدا چیتر ئەخلاق نییە، ساویلکەییە. کەواتە کۆمەڵگەی گومانخواز کۆمەڵگەیەکی خراپ نییە، کۆمەڵگەیەکی فێربووە، گومان لێرەدا نەخۆشی نییە، بەڵکوو ئەقڵانییەتێکی بەرگرییە فێری بووی لە ژینگەیەکدا وا ڕاهێنراوی. لێرەدایە هەموو شیکارییەکە دەگۆڕێت، ئێمە ناتوانین خەڵک سەرزەنشتبکەین بۆچی متمانە ناکەن، دەبێت بپرسین چ ئەزموونێک بەم دۆخەی گەیاندون.

ئەو ئەزموونە لە هەموو بلۆکەکانی پێشووی ئەم زنجیرە باسەدا تۆمارکراوە. کاتێک یاسا بەسەر لاواز جێبەجێدەکرێت و بۆ بەهێز نا، ئەوە تەنها بێدادییەکی تاکەکەسی نییە، وانەیەکی گشتییە، پێوانە بوونی نییە. کاتێک پۆست بە پەیوەندی دەدرێت نەک بە شایستەیی، ئەوە تەنها زوڵمێک نییە لە کەسێک، وانەیەکە بۆ هەموو نەوەیەک، ماندووبوون بێهودەیە. کاتێک بەڵێنی هەڵبژاردنەکان بێشەرم پێشێلدەکرێن، ئەوە تەنها درۆیەکی سیاسی نییە، ڕاهێنانێکە لەسەر ئەوەی وشە بایەخی نییە. بەم شێوەیە ڕووخانی متمانە نە ڕێکەوتە و نە دیاردەیەکی ئەخلاقییە، بەرهەمی سیستەمێکە بە شێوەیەکی بەردەوام پێوانەکانی خۆی پێشێلکردووە. لە زانستی ئابووریدا وتەیەکی ناودار هەیە دەڵێ دراوی خراپ دراوی باش لە بازاڕ دەردەکات، لە بازاڕی کۆمەڵایەتیشدا هەمان یاسا کاردەکات، کاتێک زیرەکی و واسیتە پاداشتدەدرێن و ڕاستگۆیی و شایستەیی زیانیان لێدەکەوێت، مرۆڤە ڕاستگۆکان ورد وردە یان دەگۆڕێن یان لای دەکێشنەوە، کۆمەڵگە بە پێوانەی زیرەکانی خۆی ڕێکدەخرێتەوە.

هەروەها دەبێت ئەوەش بڵێین متمانە نامێنێ کاتێک هیچ نرخێکی بۆ خیانەت نەبێت. لە هیچ کۆمەڵگەیەکی جیهاندا خەڵک متمانە پیرۆز ناکەن، متمانە دەکەن چونکە دەزانن پێشێلکردنی نرخێکی هەیە. ئەو نرخە یان یاساییە یان کۆمەڵایەتی، یان دادگە لێتدەپرسێتەوە یان کۆمەڵگە لە پێگەکەتی دەسەنێتەوە. لای ئێمە هەردوو ئامرازەکە کاڵبوونەتەوە، دادگە بۆ هەمووان یەکسان نییە، وەک لە ستوونی ٤١دا بینیمان، کۆمەڵگەش لەبری لێپرسینەوە، زۆرجار سەرکەوتنی هەر شێوەیەک هەڵدەکێشێت. کاتێک ئەو کەسەی خیانەتی کرد لە شوێنی خۆیدا مایەوە و باشتریش بوو، ئەوا خیانەت چیتر ڕەفتارێکی هەڵە نییە، دەبێتە ستراتیژێکی سەرکەوتوو. لێرەدا نەشتەرەکە دەگاتە قووڵترین شوێن، کێشەکەمان کەمیی مرۆڤی باش نییە، نەبوونی سیستەمێکە باشبوون تێیدا قازانج بێت.

لێرەدا دژە ئەرگومێنتێکی ناودار دەردەکەوێت، دەڵێن ئێمە گەلێکی خۆشەویست و میهرەبانین و متمانەی ئێمە لە هەموو گەلان زیاترە، بەڵگەشمان میوانداری و هاوکاریی نێوان خزمانە. ئەم بۆچوونە ڕاستی تێدایە، بەڵام دوو شت تێکەڵدەکات، هاوکاریی گەرم و متمانەی سارد. هاوکاریی نێوان خزمان و دراوسێیان بەهایەکی گەورەیە، بەڵام هەمان جۆری متمانەی کۆمەڵگەی خزمایەتییە باسمانکرد، متمانەیەک لەسەر ناسیاوی و ئینتیما دەوەستێت. متمانەی مۆدێرن جۆرێکی ترە، متمانەکردن بە کەسێکی نەناسیاو، بە دەزگەیەکی نەبینراو، بە دەقێکی نووسراو. ئێمە لە یەکەمیاندا لە هەموو گەلان بەهێزترین و لە دووەمیاندا لە هەموویان لاوازترین، ئەم دووەمە ڕێک ئەو جۆرەیە دەوڵەت و ئابووری و کۆمەڵگەی مۆدێرنی لەسەر دەوەستێت.

کەواتە چۆن متمانە دەگەڕێتەوە؟ لێرەدا دەبێ ڕوونبین، متمانە بە بانگەواز و پەیامی هاندەر و دروشم نایەتەوە، بە پێوانەی دووبارەکراوە دەێتەوە، دووبارەکردنەوەش کات دەبات. سێ ئاست هەن. ئاستی یەکەم دەزگەکانن، هەر دادگایەکی سەربەخۆ، هەر لێپرسینەوەیەکی ڕاستەقینە و هەر بودجەیەکی ئاشکراکرا، بەردێکە لەم بناغەیەدا، چونکە خەڵک متمانە بە دەزگە دەکەن پێش ئەوەی متمانە بە کەسان بکەن. ئاستی دووەم بازنە بچووکەکانن، هەمان ئەوانەی لە ستوونی پێشوودا باسمانکردن، لیژنەی گەڕەک، سەندیکا، ڕێکخراوی مەدەنی. لەم بازنانەدا مرۆڤ ئەزموونی ئەوە دەکات بەڵێنێک جێبەجێدەبێت و متمانە هەمیشە لە بچووکەوە بۆ گەورە دەڕوێت، نەک بەپێچەوانەوە. ئاستی سێیەم تاکە، هەر کەسێک لە جێی خۆیدا، مامۆستایەک نمرەکە بە دادپەروەری بدات، بازرگانێک بەڵێنی خۆی ڕابگرێت، بەرپرسێک بۆ خزمەکەی ئیستیسنا دروستنەکات. ئەمانە کردەوەی بچووکن، بەڵام هەر کردەوەیەکیان بەڵگەیەکە لە بەرامبەر ئەو باوەڕەدا هیچ شتێک ناگۆڕێت.

دەبێت بەخۆشەویستیشەوە بڵێین: نانەوەی متمانە ئەرکی سەرەکیی بەهێزەکانە، نەک لاوازەکان. ئەوەی لەسەر کورسی دەسەڵاتدا دانیشتووە، بە یەک بڕیاری دادپەروەرانە هەزار کەس فێری متمانە دەکات، بە یەک بڕیاری هەڵبژاردەیی هەزار کەس فێری گومان دەکات. بۆیە کاتێک لە کۆمەڵگەیەکدا متمانە کەم دەبێت، سەرەتا نابێت لە خەڵک بپرسین بۆچی گومان دەکەن، دەبێت لە پێوانەکان بپرسین بۆچی نەپارێزراون. لەگەڵ ئەوەشدا تاک بەرپرسیار نییە، لە کۆمەڵگەیەکی گومانخوازدا بەردەوامبوون لەسەر ڕاستگۆیی خۆی کردەیەکی یاخیبوونە، چونکە بەرهەڵستیی ئەو لۆژیکە دەکات دەڵێت هەمووان وەک یەکن.

ئێستا با هەنگاوێک بەرەو دواوە بچین و وێنەکە بە تەواوی ببینین. متمانە بەڵێنێکە لە نێوان مرۆڤەکاندا، بەڵام ئەم بەڵێنە پێویستی بە شوێنێک هەیە خۆی تێیدا بجووڵێنێ و ڕێکبخات. لە نێوان تاک و دەوڵەتدا فەزایەکی فراوان هەیە، ڕێکخراوەکان، سەندیکاکان، یەکێتییەکان، ئەنجومەنە خۆجێیەکان، ئەو دەزگایانەی نە دەسەڵاتن و نە بازاڕ. ئەم فەزایە ناوی کۆمەڵگەی مەدەنییە، لای ئێمە بەداخەوە زۆرجار دووچاری هەمان چارەنووسی هەموو شتەکانی تر بووە، یان بووەتە باڵێکی حزب، یان دوکانێکی پڕۆژە، سەرەتای نەوەتەکان ڕیکخراوەکان بە دەست گەنجانەوە بوون، ئێستا ئەوانیش بوونەتە موڵکی بەرپرسە حزبی و حکومی و کەسایەتییە باڵا یان پێگە لە پێشەکان، کەواتە پرسیاری ستوونی داهاتوو ئەمەیە، کۆمەڵگەی مەدەنیی ڕاستەقینە چییە، بۆچی لای ئێمە لە دامەزراوەوە بووەتە دیکۆر، ئەمە چۆن دەگەڕێتەوە بۆ ئەرکە بنەڕەتییەکەی؟
__________________________________________________________

هەموو ستوونەکانی گۆشەی ''نەشتەرگەریی ئاوێنەکان'': www.emrro.com/gosheyneshtergeriya.htm
 

ماڵپه‌ڕی ئه‌رسه‌لان مه‌حمود

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک