په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٤\٨\٢٠٢٦

نەشتەرگەریی ئاوێنەکان.

ستوونی ژمارە ٣٤

- گۆشەیەکی هزرییە بە خوێندنەوەیەکی بوونناسیی و دەروونشیکاریی کۆمەڵایەتی و رامیاریی بابەتیی -


ئەرسەلان مەحمود      

هۆشیاری و باجی یاخیبوون لە سەردەمی پۆست-بێماناییدا.

مرۆڤ کاتێک بڕیاردەدات خودخوێنەری خۆی بێت و ئیرادەی خۆی لە ناو کارگە و شاشەکاندا دەستبخاتەوە، ڕووبەڕووی قۆناغێکی نوێی ئۆنتۆلۆژی دەبێتەوە، قۆناغێک دەتوانین ناویبنێین تەنهایی هۆشیاری. ئەم تەنهاییە دەرئەنجامێکی حەتمییە بۆ هەر تاکێک بیەوێت لە دەرەوەی ڕێڕەوە گشتییە باوەکە هەنگاوبنێت. کاتێک ئاوێنەی ناخت لە تەپوتۆزی وەهم پاکدەکەیتەوە، ئیدی چیتر ناتوانیت لەگەڵ ئەو زۆرینەیەدا هەڵبکەیت هێشتا سەرقاڵی پەرستنی سێبەرەکانن لەناو ئەشکەوتە تاریکەکەدا. مرۆڤی هۆشیار لێرەوە، لەناو ماڵەکەی خۆیشیدا، هەست بە نامۆیی دەکات، باجی ئەم نامۆبوونەش ئازارێکی وجودیی قووڵە و بەردەوام ڕۆح بریندار دەکات. پرۆسەی بەئاگاهاتنەوە پرۆسەیەکی ڕۆمانسییانەی پڕ لە ئارامی نییە، بەڵکوو پەردە هەڵماڵینە لەسەر تراژیدیایەکی گەورە، ئەوەی پێشتر نەدەبینرا و شاراوە بوو.

فەیلەسووفی ئەڵمانی، ئارسەر شۆپنهاوەر، پێیوابوو ئاستی ئازارچەشتن پەیوەندییەکی ڕاستەوانەی بە ئاستی هۆشیارییەوە هەیە. تا مرۆڤ زیاتر تێبگات و زیاتر هەست بە ماهییەتی تراژیدیی بوون بکات، ئازارەکانیشی قووڵتر و سەختتر دەبن. ئەو گەنجە کوردەی لەڕێگەی خودخوێندنەوەوە، فیلتەرێکی ڕەخنەیی بۆ خۆی دروستکردووە، ئیتر ناتوانێت وەک ئەوانی تر بە هەواڵە ڕووکەشەکان و ترێندە کاتییەکان دڵخۆشببێت. ئەو دەبینێت کارگەکانی بێهودەیی چۆن و لە چ ئاستێکدا هاونیشتمانییەکانی دەهاڕن، دەبینێت بەها باڵاکان لە فێرگە و زانستگەکاندا چۆن بە چ ئەندازەیەک و مەبەستێک گۆڕدراون بۆ کاڵای هەرزانفرۆش. ئەم بینینە ڕوونە، وەک نەفرەتێک وایە ئارامیی زەوتدەکات. ئەو لەناو جیهانێکدا دەژی هەمووان تێیدا خەریکی نمایشن، بەڵام ئەم تاکە کەسە پەردەکانی پشتەوەی شانۆکە دەبینێت. ئەمە ئەو ئازارەیە شۆپنهاوەر وەک تایبەتمەندیی مرۆڤی باڵا وێنایدەکات، ئازارێک سەرچاوەکەی تێگەیشتنە نەک نەفامی و نەزانین.

لە قووڵایی ئەم دیدەدا، دەبێت لە یادمان نەچێت فریدریش نیچە هۆشدارییەکی مێژووی دەدات بەو مرۆڤانەی خۆیان لە زۆرینەی چاومەڵکەوت جیادەکەنەوە. نیچە بەم شێوەیە لەم دۆخە دەڕوانێت، ئەوەی لە قووڵاییدا سەیری چاڵ بکات، چاڵەکەش سەیری ئەو دەکات. مرۆڤی هۆشیار کاتێک بەم شێوەیە لە قووڵاییی بێماناییی سەردەم دەڕوانێت، خودی ئەم قووڵاییە دەبێتە بەشێک لە ناخی خۆی. ئەو دەبینێت هەموو ئەو ستوونانەی کۆمەڵگەیان لەسەر دامەزراوە، لە ئاین و ئایدیۆلۆژیا و نەتەوایەتی و بەها ئاکارییەکانەوە، لە بنەڕەتدا داهێنانی گروپی مرۆڤن بۆ سووکترکردنی بارگرانیی بوون. بەڵام ئەم دۆزینەوەیە قازانجێکی نییە، بەڵکوو بارگرانییەکە. مرۆڤی هۆشیار دەبێتە هەڵگری ئەم حەقیقەتە، لە کاتێکدا لە دەوروبەری هەمووان خۆیان بە جامی وەهمەکانیانەوە سەرگەرم کردووە. ئەمە دۆخێکە فەیلەسووفە وجودییەکان پێیدەڵێن ئازاری بەئاگاهاتنەوە.

بۆ تێگەیشتن لەم جیهانە ڕووکەشییەی مرۆڤی هۆشیار تێیدا هەست بە نامۆیی دەکات، دەبێ پەنا بۆ تێزە کۆمەڵناسییەکانی پۆڵەندی زیگمۆنت باومان سەبارەت بە مۆدێرنیتەی شل بەرین. لەم سەردەمەدا، هەموو چەمکە ڕەقەکان و بەها جێگیرەکان تواونەتەوە. خۆشەویستی، ئینتیما، سیاسەت و تەنانەت حەقیقەتیش شێوەیەکی شل و ناسەقامگیریان وەرگرتووە و وەک ئاو بەپێی قاڵبی بەرژەوەندییەکان فۆڕمی خۆیان دەگۆڕن. لەناو ئەم شڵەژاویی و پۆست-بێماناییەدا، ئەو مرۆڤەی دەیەوێت لەسەر بنەمایەکی فەلسەفیی ڕەق و پڕەنسیپێکی مەعریفیی جێگیر بوەستێت، وەک بەردێک لەناو ڕووبارێکدا دەردەکەوێ، شەپۆلەکان بەردەوام لێیبدەن. کۆمەڵگەی دیجیتاڵی ئارەزووی لە خێراییە، ئارەزووی لە گۆڕینی بەردەوامی ماسکەکانە، بەڵام کەسی خودخوێنەر بەدوای جێگیری و ڕەسەنایەتیدا دەگەڕێت. ئەم دژایەتییە ئۆنتۆلۆژییە وادەکات مرۆڤی هۆشیار هەمیشە لە ململانێیەکی سەختدا بێت لەگەڵ ژینگەکەیدا و بەردەوام هەست بە نامۆبوونێکی کاتگوشەر بکات.

ئایا ئەم ململانێیە بێهودەیە؟ ئەلبێرت کامۆ لە ئەفسانەی سیزیفدا وڵامێکی زۆر سەیری ئەم دۆخە دەداتەوە. سیزیف ئەو پاڵەوانە مەحکومکراوەیە بەردێکی گەورە تا لوتکەی چیایەک پاڵبنێت و دواتر بەردەکە غلۆربێتەوە بەرەو خوارەوە و پرۆسەی هەڵزنانەوەکە هەم دیسانەوە دەستپێبکاتەوە. کامۆ پێماندەڵێت دەبێت سیزیف وەک مرۆڤێکی دڵخۆش وێنابکەین، چونکە خودی پرۆسەی پاڵنانی بەردەکە مانایەکە بۆ بوونی. ململانێی مرۆڤی هۆشیار لەناو کۆمەڵگەیەکی وێران و ناهۆشیاردا، ڕێک ئەو ئەزموونکردنە سیزیفییەیە. سەیرکە، تۆ ڕۆژانە هەوڵدەدەی ڕاستییەکان ئاشکرابکەیت، بەرگری لە بەهاکان بکەیت و مەعریفە بڵاوبکەیتەوە، بەڵام شەپۆلی بێبایەخیی سۆشیاڵ میدیا و سیستەمە گەندەڵەکە هەمووی دەسڕێتەوە و دەیگەڕێنێتەوە خاڵی سفر. سەرەڕای ئەم بێهودەییەش، خودی هەوڵدانەکە و یاخیبوونەکە بەرزترین فۆڕمی سەلماندنی مرۆڤبوون و زیندووێتییە.

لێرەدا، زیادکردنی ڕوانگەیەکی دیکەش بە گرنگ دەزانم، ڕوانگەی ڤیکتۆر فرانکل، ئەو دەروونناسە جولەکەیەی زیندانی نازییەکانی بەسەربرد و لە کتێبی گەڕانی مرۆڤ بەدوای مانادا نووسیوێتی، مرۆڤ ئەوە نییە ژینگەی دەرەوە چی بەسەردا دەهێنێت، بەڵکوو ئەوەیە خۆی چۆن وڵامدەداتەوە. فرانکل لە قووڵترین بێمانایی مێژوویدا، لە ئۆشویتز، ئەم حەقیقەتەی دۆزییەوە، دەڵێت ئەمە دواین ئەو ئازادییەی مرۆڤر کەس ناتوانێ لێیزەوت بکات، هەڵبژاردنی هەڵوێستە بۆ چۆنیەتی وڵامدانەوە بۆ ئازار. لەم سۆنگەیەوە، تەنهایی مرۆڤی هۆشیار لە کۆمەڵگەیەکی وێراندا، نەک نەفرەتێک، بەڵکوو دەرفەتێکە، تێیدا مرۆڤ بەرزترین ئاستی ئازادیی وجودیی خۆی دەردەخات. ئەو گەنجەی لە ناو کۆمەڵگەیەکی گەندەڵدا ڕەفتاری خۆی پاک ڕادەگرێت، ئەوەی لەناو لێشاوی درۆدا هەوڵدەدات ڕاستگۆیی خۆی بەرزڕابگرێت، هەڵگری نیشانەیەکە ماناکەی لە خودی ئەم هەڵبژاردنەدایە، نەک لە ئەنجامی دەرەکییدا. ئەمە ئەو خاڵەیە ئەگزیستێنسیالیزم - بوونخوازی لە نیهیلیزم - پووچگەرایی، جیایدەکاتەوە، ڕەتکردنەوەی خودی مانا، لە کاتێکدا بوونخوازی دەڵێت مرۆڤ خۆی داهێنەری ماناکەیەتی.

واقیعی ئێمە لە کوردستان ترۆپکی ئەم ئەزموونە سیزیفییەیە. گەنجێکی یاخیبوو، دوای ئەوەی لە پرۆسەی خودخوێندنەوەدا عەقڵی بونیاددەنێتەوە، ڕووبەڕووی دیوارێکی ئەستووری نائومێدی دەبێتەوە. ئەو دەبینێت کایەی گشتی داگیرکراوە، دەنگە ڕەسەنەکان پەراوێزخراون و ساختەکاران پێشەنگن. دامەزراوەکان، لە خێزانەوە تا دادگە و زانستگەکان، توانای بەرهەمهێنانی متمانەیان لەدەستداوە. لەم دۆخەدا، مرۆڤی هۆشیار دەبێت بڕیارێکی چارەنووسساز بدات، یان بگەڕێتەوە ناو مێگەل و گەمژەژیاو بێت بۆ ئەوەی ئاسودەبێت، یانیش ئازاری تەنهایی هەڵبژێرێت و بەردەوامبێت لە پاڵنانی بەردەکەی سیزیف بەرەو سەرو و غلۆرکردنەوەی. بێگومان گەڕانەوە بۆ ناو تاریکیی دوای بینینی ڕووناکی، کوشتنی ڕۆحە بە هێواشی. بۆیە تاکە ڕێگەی مانەوە، قبوڵکردنی تەنهاییەکەیە وەک سەنگەرێکی مەعریفی، نەک وەک شکستێکی کۆمەڵایەتی.

ئەم دۆخە بۆ گەنجی کورد ڕەهەندێکی دیکەشی هەیە، ڕەهەندێک پەیوەندیی بە مێژووی نیشتمانیی گەلەکەیەوە هەیە. گەلی کورد لە درێژایی مێژووی نوێ و هاوچەرخدا، خۆی لە دۆخێکی سیزیفیدا بینیوەتەوە. هەر جارێک هەوڵێکیداوە بۆ بونیادنانەوەی خۆی، بەردەکە غلۆربووەتەوە. ئەنفال، هەڵەبجە، جینۆسایدی بەعس، ڕاپەڕین، جینۆسایدی داعش، هەموویان چرکەسات بوون سیزیفی کورد تێیاندا لە لوتکەی چیاوە غلۆر بۆتەو خوارەوەە. بەڵام گەلێک دوای هەموو غلۆربونەوەیەک ‌هەڵزنابێتەوە و زیندوو مابێتەوە تاقەتی نەچووبێ لە بەردەم ئەو بەردەدا، ئەوا هەڵگری ئەو ئیمکانە ئۆنتۆلۆژییەیە کامۆ باسیدەکات. گەنجی هۆشیاری کورد لە ئێستادا، هەڵگری ئەم زەوییە تراژیدییە سیزیفییەیە. یاخیبوونی دژی گەندەڵی و بێمانایی سەردەم، درێژکراوەی هەمان ئەو یاخیبوونە باوان -دایانییەیەتی دژی مەرگەسات و پۆست-بێماناییەکانی، لە ڕۆژگاری ئەمڕۆدا. لەبەرئەوە تەنهایی ئەم گەنجە، تەنهایی مێژووییە، نەک تەنها تەنهاییەکی وجودی.

ئایا ئەمە بەو مانایە دێت، مرۆڤی هۆشیار دەبێت تاهەتایە لە گۆشەگیرییەکی ڕەهادا بژییە؟ نەخێر، شۆڕشی بێدەنگی خود لێرە قۆناغێکی نوێ دەستپێدەکات، ئەویش دروستکردنی کۆمەڵگەی بچووکی هاوهزرییە. کاتێک دامەزراوە گەورەکان و پلاتفۆرمە زەبەلاحەکان وێرانبوون، ئیشی ئەم کۆمەڵگە بچووکانە ئەوەیە پەنا بۆ دروستکردنی خانەی مەعریفیی بچووک بەرن. چەند تاکێکی خودخوێنەر دەتوانن لە دەرەوەی چاوی سیستەم، فەزایەکی نوێ بۆ گفتوگۆ و بیرکردنەوە دروستبکەن. ئەم خانە بچووکانە، وەک ئاگرێکی شاراوەی ژێر خۆڵەمێش، دواجار دەتوانن گرفە بکەن و ڕۆژێک لە ڕۆژان ببنە بزوێنەری گۆڕانکارییەکی گەورەتر. گرنگ ئەوەیە لەناو ئەم ژینگە وێرانەیەدا، ڕێگەنەدەین ئیرادەمان تووشی ئیفلیجی ببێت. تەنهایی سەرەتایەکە بۆ دۆزینەوەی ئەوانەی وەک ئێمە لە هەمان ئازاردا دەژین، پێکەوەگرێدانی ئەم تەنهاییانە دەبێتە هێزێکی ئۆنتۆلۆژیی بێوێنە توانای گۆڕینی واقیعی هەیە.

ئەم کۆمەڵگە بچووکە هاوهزرانە، بۆ ئەوەی توانای مانەوە و پەرەسەندن هەبێ، دەبێت بەرەنگاری چەندان تەڵزگەی گەورە گەورە ببنەوە. لەوانە، تەڵەی گەورەکردن. کاتێ گروپێکی بچووکی هاوهزر یەکتر دەدۆزنەوە، دوای ماوەیەک بەرەو گەورەکردنی چەندایەتی دەڕۆن و پێیانوایە زیاتر لە ژمارە، ئامانجەکە بەرزیی ئاستی مەعریفەیە. بەڵام ڕاستییەکەی بەپێچەوانەوەیە. کۆمەڵگەی مەعریفی، چەندە گەورە بێت، هاوسەنگی مەعریفی خۆی لەدەستدەدات و دەبێتە حزب یاخود ڕێکخراوێکی ئاسایی و لە ئامانجە سەرەکییەکەی دادەبڕێ. یان تەڵەی ئایدیۆلۆژیزەبوون. گروپی هاوهزر ئەگەر بەردەوام گومان لە خودی خۆی نەکات، ئەگەر بەردەوام پرسیار لە خۆی نەکات دەبێتە دۆگمایەکی بچووکی نوێ و دەبێتە هەمان ئەو دامەزراوانەی دژیان یاخی بووە. تەڵەیەکی تر بێچالاکییە. گروپێک تەنها لە گفتوگۆ و بیرکردنەوەدا بمێنێتەوە و نەگوازێتەوە ئاستی کردەیی، وەک زانکۆکانمان دەبنە ناوەندێکی تیۆری وشک و بێڕۆح، دەبێتە کلوبێکی هزریی لوکس و بەرەبەرە بەرەو مەرگی خۆی دەڕوا و دەمرێت. لەبەرئەوە، کۆمەڵگەی بچووکی هاوهزری ڕاستەقینە، دەبێت هەم خەونی هەبێ و هەم بەرپرسیارێتیی هەڵبگرێت. هەم بیرکردنەوەی هەبێ و هەم کردار. هەم تەنها بێت لە عەووام و هەم پەیوەست بێت بە ماف و ئازار و ئازادییەکانی خەڵکەوە.

لەم چوارچێوەیەدا، تەنهایی مرۆڤی هۆشیار پێناسەیەکی نوێ وەردەگرێ. لە دیدی مرۆڤی هۆشیاردا تەنهایی چیتر بریتی نابێت لە دابڕان، بەڵکوو دەبێتە جۆرێکی تر لە پەیوەندی، پەیوەندییەکی قووڵتر بە خودی خۆیەوە، خودیخۆی بە واتا نرگسییەکەی نا، وەک خۆییبوون، بە مێژووی گەلەکەیەوە، بەو کەمینەیەوە هاوکات و هاوزەمانی خۆی، لە هەمان ئەو ئاگردا دەسووتێت. مرۆڤی خودخوێنەر بەرزتریین بەخشینی خۆی بۆ کۆمەڵگە لەوەدا دەبینێتەوە ڕازیدەبێ ئەم باجە بدات، باجی نامۆبوون، بۆ ئەوەی ڕۆژێک ئاوێنە پاکەکە بۆ نەوەکانی داهاتوو جێبهێڵێت. لەبەرئەوە، تەنهاییی ئەو، تەنها بەشێکی سەرەتاییە لە پرۆژەیەکی گەورەتر، پرۆژەی گەڕاندنەوەی هۆشیاری بۆ کۆمەڵگە. ئەمە ئەو خاڵەیە لە ستوونی داهاتوودا هەڵیدەوەشێنینەوە، ئایا چۆن هۆشیاریی تاک دەگۆڕێ بۆ هۆشیاریی کۆمەڵگە؟ ئایا ئێمە لە کوردستاندا، ئیمکانی ئەم گواستنەوەیەمان هەیە یاخود مەحکومین بە تاکە هۆشیارییە پەرتەوازە و بێدەنگەکانەوە؟

______________________________________

هەموو ستوونەکانی گۆشەی ''نەشتەرگەریی ئاوێنەکان'': www.emrro.com/gosheyneshtergeriya.htm
 

ماڵپه‌ڕی ئه‌رسه‌لان مه‌حمود

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک