په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٥\٨\٢٠٢٦

نەشتەرگەریی ئاوێنەکان.

ستوونی ژمارە ٣٥

- گۆشەیەکی هزرییە بە خوێندنەوەیەکی بوونناسیی و دەروونشیکاریی کۆمەڵایەتی و رامیاریی بابەتیی -


ئەرسەلان مەحمود      

فەلسەفەیەکی پەروەردەیی کوردی، لە وەهمەوە بۆ بونیادنانەوەی مرۆڤ.

چۆن هۆشیاریی تاکە بەئاگاهاتووەکان دەگوازرێتەوە بۆ هۆشیارییەکی دەستەجەمعی؟ ئایا ئێمە لە کوردستاندا ئیمکانی ئەم گواستنەوەیەمان هەیە، یان مەحکومین بە تاکە هۆشیارییە پەرتەوازە و بێدەنگەکان؟ وڵامی ئەم پرسیارە نە لە وتارە ئاگرینەکانی سەر مینبەرەکان و نە لە دروشمە ڕەنگاوڕەنگەکانی گۆڕەپانەکەدایە، چونکە هۆشیاری کاڵایەک نییە بە هاوار و ئامۆژگاری دابەشبکرێت. هۆشیاری، وەک هەر بەرهەمێکی مێژوویی، پێویستی بە دامەزراوەی بەرهەمهێنان هەیە، ئەو دامەزراوەیەش ناوی پەروەردەیە. ناکرێت نەتەوەیەک لەناو گێژاوی کەلتووری و ململانێی مان و نەمانی جیۆپۆلەتیکیدا بژی و خاوەنی فەلسەفەیەکی پەروەردەیی دیار و تایبەت بە خۆی نەبێت. نەتەوەی بێ فەلسەفەی پەروەردە، وەک بیناسازێکە بەبێ نەخشە، بەردەکان لەسەر یەک کەڵەکەدەکات، ناوی لێدەنێت خانووەکەم و ماڵەکەم، بەڵام لە یەکەم بومەلەرزەدا بەسەریەکدا دەڕووخێت. ئێمە سەد ساڵ زیاترە قوتابخانە دروستدەکەین بەبێ ئەوەی بزانین بۆچی، مامۆستا پێدەگەیەنین و ڕادەهێنین بەبێ ئەوەی بزانین بۆ بەرهەمهێنانی چ مرۆڤێک و بڕوانامە دابەشدەکەین، بەبێ ئەوەی بزانین بۆ چ جیهانێک.

بۆ تێگەیشتن لە قووڵایی ئەم بۆشاییە، دەبێت سەرەتا جیاوازییەکی بنەڕەتی بکەین لە نێوان دوو چەمکدا، ئەو دوو چەمکەی زۆرجار بە هەڵە لەبری یەکتر بەکاریاندەهێنین، ئەوانیش چەمکەکانی فێرکردن و پەروەردەن. فێرکردن گواستنەوەی زانیارییە لە مێشکێکەوە بۆ مێشکێکی تر، پرۆسەیەکی تەکنیکییە و ئامێرێکیش دەتوانێت ئەنجامیبدات. بەڵام پەروەردە، لە ڕەهەندە فەلسەفییەکەیدا، داڕشتنەوەی ئۆنتۆلۆژیای مرۆڤە، واتە دەستکاریکردنی خودی شێوازە بوونییەکەی مرۆڤ لە جیهاندا. فەیلەسووفانی ئەڵمانی، لە هێردەرەوە تا هومبۆڵت و هێگڵ، چەمکی بیلدونگ – خۆبونیادنانیان بۆ ئەم پرۆسەیە داهێناوە، گەشتێک تێیدا ڕۆح و عەقڵ پێکەوە دادەڕێژرێن و مرۆڤ لە ماددەیەکی خاوەوە دەگۆڕێت بۆ فۆڕمێکی ئازاد و خاوەن مەبەست. ئیمانوێل کانتیش، لە وتارە مێژووییەکەیدا لەسەر ڕۆشنگەری، ئەم پرۆسەیەی بە دەرچوونی مرۆڤ لەو منداڵیێتییەی خۆی بەسەر خۆیدا سەپاندوویەتی پێناسە کردووە و دروشمە نەمرەکەشی بە بوێریی ئەوەت هەبێت عەقڵی خۆت بەکاربهێنیت داڕشت. کانت چەمکی موندیگکایت – پێگەیشتوویی عەقڵی بۆ ئەم مەبەستە بەکارهێنا، ئەو قۆناغەی مرۆڤ چیتر پێویستی بە سەرپەرشتیاری دەرەکی نییە بۆ بیرکردنەوە. ئەگەر بەم دوو چەمکە سەیری واقیعەکەمان بکەین، دەبینین سیستەمی ئێمە نەک هەر خۆبونیادنان بەرهەمناهێنێت، بەڵکوو بە شێوەیەکی سیستەماتیک دژی پێگەیشتوویی عەقڵی کاردەکات، سەرپەرشتیارە دەرەکییەکان، لە مامۆستاوە تا مەلا و سەرکردە و ئینفلۆنسەری دیجیتاڵی، بە درێژایی ژیان لە شوێنی عەقڵی تاکەوە بیردەکەنەوە و تاکیش لەم سەرپەرشتییە هەمیشەییەدا پشوودانێکی ساختە دەدۆزێتەوە.

سیستەمی فێرکاریی ئێستامان لە بۆشاییەوە نەهاتووە، بەڵکوو بەرئەنجامی سێ چینی مێژوویی لەسەریەک نیشتووە. چینی یەکەم، میراتی سکۆلاستیکی مەدرەسە کۆنەکانە، تێیدا مەعریفە لە لەبەرکردنی دەقدا چڕدەبۆوە و پرسیارکردن لە دەق خۆی تاوان بوو. چینی دووەم، قوتابخانەی دەوڵەتە داگیرکەرەکانە، ئەو قوتابخانەیەی بە دروشمی مۆدێرنبوونەوە هاتە مەیدان، بەڵام ئەرکە شاراوەکەی توواندنەوەی منداڵی کورد بوو لەناو شوناسی سەردەستدا، بۆیە زمان و مێژوو و جوگرافیای خۆی لێشاردەوە و نەخشەیەکی بێگانەی لە زەینیدا چاند. چینی سێیەمیش، تێکەڵەکەی ئێستایە، دابەشکردنی حزبیی دامەزراوە پەروەردەییەکان لەگەڵ لێشاوی دیجیتاڵیی سەرمایەداریدا. لوی ئاڵتوسێر فەیلەسووفی فەرەنسی، قوتابخانەی بە بەهێزترین ئامێری ئایدیۆلۆژیی دەوڵەت لە سەردەمی مۆدێرندا ناویبردووە، ئەو شوێنەی دەسەڵات تێیدا بەبێ چەک و زیندان، ملکەچی بەرهەمدەهێنێتەوە. لە واقیعی ئێمەدا ئەم ئامێرە دوو سەری هەیە، بە دەم قوتابخانە نەرێتی و حزبییەکانەوە ملکەچی کۆن بەرهەمدەهێنێتەوە و لەسەر شاشەکانیشەوە، ملکەچی بازاڕ. تاقیکردنەوەی ساڵانەیش بوونەتە ڕیتوالی پیرۆزکراوی ئەم ملکەچییە، خوێندکار فێردەبێ وڵامی ڕاست ئەوە نییە لۆژیک دەیسەلمێنێ، ئەوەیە دەسەڵاتی ناو پۆلەکە چاوەڕوانیدەکات. ئەمە ڕێک ئەو مۆدێلە بانکییەیە پاولۆ فریری لە پەروەردەی چەوساوەکاندا ڕەتیدەکاتەوە، مامۆستا دادەنێت، خوێندکار پاشەکەوتدەکات و لە کۆتاییدا هەردووکیان لە یەک تاواندا هاوبەشن، تاوانی کوشتنی پرسیار.

دەرئەنجامی ئەم سێ چینە، تیپێکی مرۆییە دەتوانین ناویبنێین مرۆڤی دووفاقی مەعریفی، مرۆڤێک بە جەستە لێرەیە، بەڵام بە ڕۆح و خەون کۆچیکردووە، بڕوانامەیەکی بەرزی هەیە، بەڵام لە یەکەم گفتوگۆی جدیدا پەنادەباتەوە بەر دروشم، لە زانستگە دەرچووە، بەڵام کتێبخانەکەی لە شاشەی مۆبایلەکەیدا کورتبووەتەوە. لە ستوونی بیست و نۆیەمدا بینیمان بڕوانامە چۆن بووەتە بتێکی نوێ، لێرەدا هەنگاوێک قووڵتر دەچینە ناو برینەکەوە، بڕوانامە بووەتە جێگرەوەی هۆشیاری، وەک چۆن دروشم بووەتە جێگرەوەی بیرکردنەوە و کۆچکردن بووەتە جێگرەوەی گۆڕانکاری. کۆمەڵگەیەک جێگرەوەی وەهای هەبێت، پێویستی بە داگیرکەر نییە بۆ مسۆگەرکردنی نەمانی خۆی.

لەبەردەم ئەم وێرانەیەدا، فەلسەفە پەروەردەییەکەی ئێمە، دەبێت لەسەر پێنج کۆڵەکە دابمەزرێت. کۆڵەکەی یەکەم، ڕزگارکردنی مرۆڤە لەو ترسە ئۆنتۆلۆژییەی سەدان ساڵە لە ناخیدا چێنراوە. لە ستوونی یازدەیەمدا بینیمان مرۆڤ چۆن لە ئازادیی خۆی دەترسێت و پەنادەباتەوە بەر قەفەزە ئاشناکان، پەروەردەی نوێ دەبێت ئەم ترسە بکاتە بابەتی کارکردن، نەک بابەتی شاردنەوە. ئازادی ماسوولکەیەکە، ئەگەر ڕۆژانە مەشقی پێنەکرێت، دەپووکێتەوە. بۆیە پۆلی خوێندن دەبێت ببێتە هۆڵی مەشقی ڕۆژانەی پرسیارکردن، شوێنێک منداڵ تێیدا فێربێ هەڵە ڕێگەیەکە بەرەو زانین، نەک تاوانێک شایانی سزادان و کەوتن بێت. پاولۆ فریری ئەم پرۆسەیە بە بەئاگابوونەوە ناودەبات، ئەو ساتەی چەوساوە لە بونیادی چەوسانەوەکەی خۆی تێدەگات و لە ئۆبژەیەکی پاسیڤەوە، واتە تەنێکی بێدەسەڵاتی ژێردەست، دەگۆڕێت بۆ سوبژێکتێکی کارا، واتە بکەرێکی خاوەن ئیرادە و دروستکەری مێژووی خۆی.

کۆڵەکەی دووەم زمانە. ڤیلهێلم فۆن هومبۆڵت، زمانناس و فەیلەسووفی ئەڵمانی، حەقیقەتێکی گەورەی ئاشکراکردووە، هەر زمانێک تەنها کۆمەڵە وشەیەک نییە، بەڵکوو جیهانبینییەکی تایبەتە و هەر گەلێک لە ڕێگەی زمانەکەیەوە جیهانێکی جیاواز دەبینێت. لە وێستگەکانی پێشووی ئەم زنجیرەیەدا بینیمان زمان چۆن دەبێتە ماڵی بوون و چۆنیش دەبێتە زیندان، ئێستا کاتی ئەوەیە لایەنە بونیادنەرەکەی ئەم حەقیقەتە بخەینە گەڕ. مرۆڤی کورد تا لەناو زمانەکەی خۆیدا نیشتەجێنەبێت و نەتوانێت لە ڕێگەیەوە فەلسەفە و زانست بەرهەمبهێنێت، هەمیشە وەک کرێنشینێک لە ماڵی ئەوانی تردا دەژی. مێژوو لەم خاڵەدا وانەیەکی ڕوونمان پێدەڵێت، هەموو بوژانەوەیەکی مەعریفیی گەورە بە بزاڤێکی وەرگێڕانەوە دەستیپێکردووە. بەغدای عەباسی بەر لەوەی ببێتە پایتەختی زانست، لە بەیت ئەلحیکمەدا بوو بە پایتەختی وەرگێڕان، ژاپۆنی سەردەمی میجیش بەر لەوەی ببێتە هێزێکی پیشەسازی، هەزاران دەقی زانستی و فەلسەفیی ڕۆژئاوای کردە ژاپۆنی. ئێمەش پێویستمان بە بزاڤێکی وەرگێڕانی نیشتمانییە، پرۆژەیەکی بەرنامەبۆداڕێژراو بۆ بە کوردیکردنی گەورە دەقەکانی فەلسەفە و زانستی جیهانی و بونیادنانی زاراوەسازییەکی زانستیی تۆکمە. ئەگینا مەترسییەکە تەنها سڕینەوەی زمان نییە بە زریانی تەعریب و تەتریک و تەفریس، بەڵکوو چینایەتیبوونی مەعریفەشە، نوخبەیەکی ڕۆشنبیر و ئەکادیمی، بە عەرەبی، فارسی، تورکی یان لەسەروی هەموو ئەمانەیشەوە بە ئینگلیزی بیربکاتەوە و جەماوەرێک لەبری پڕۆگرام، بە دروشم بڕاو بەڕێوە، لە نێوانیاندا بۆشاییەک دروستدەبێت هیچ دیموکراسییەک ناتوانێت پڕیبکاتەوە.

کۆڵەکەی سێیەم، بەستنەوەی پەروەردەیە بە واقیعەوە. جان دیوی، فەیلەسووفی پراگماتیزم - کردەگەرایی ئەمریکی لایوابوو پەروەردە خودی ژیانە، نەک ئامادەکاری بۆ ژیان و دیموکراسیش بەر لەوەی سیستەمی هەڵبژاردن بێت، شێوازێکی ژیانی هاوبەشە. لە واقیعی ئێمەدا ئەم بنەمایە سێ ئەرکی هاوچەرخ لەسەر شانی پەروەردە دادەنێت. یەکەم، پەروەردەی ژینگەیی، منداڵی کورد لە وڵاتێکدا گەورەدەبێت ڕووبار و دارستان و هەواکەی بریندارن، ناکرێ فێری کیمیا و بایۆلۆژی بکرێ، بەبێ ئەوەی فێری چۆنیەتی ساڕێژکردنی ئەو برینانە بکرێ. دووەم، پەروەردەی مێژووی ڕەخنەگرانە، لە ستوونی نۆیەمدا بینیمان مێژوو چۆن دەبێتە زیندانێکی ئۆنتۆلۆژی، قوتابخانە دەبێ مێژوو لە گێڕانەوەی پاڵەوانپەرستییەوە بگۆڕێ بۆ تاقیگەی شیکاری، تا نەوەکان لە شکستەکانەوە فێرببن، لەبری ئەوەی لە شانازییە دووبارەکراوەکاندا نوقمببن. سێیەم، پەروەردەی هاوڵاتیبوون، فێربوونی گفتوگۆ، فێربوونی مامەڵەکردن لەگەڵ جیاوازیدا و فێربوونی ئەو حەقیقەتەی هەموو بەرامبەرێک دوژمن نییە، بەڵکوو هاوبەشێکی جیاوازە لە چارەنووسدا.

کۆڵەکەی چوارەم، بونیادنانەوەی ئینتیمایە. سیستەمە بێشوناسەکەی ئێستامان مرۆڤێک بەرهەمدەهێنێ یەکەم خەونی ڤیزەیە و دوایین پەیوەندیشی بە خاکەوە پاسپۆرتێکی بێبایەخە. وڵامی ئەم دیاردەیە سەرزەنشتکردنی گەنجان نییە، چونکە هیچ سۆزێک ناتوانێت بەرگری لە عەقڵانییەتی هەڵاتن بکات کاتێک وڵات هیچ دەرفەتێک ناهێڵێتەوە. وڵامەکە گۆڕینی بناغەی ئینتیمایە، لە ئینتیمای سۆزداری و دروشمییەوە بۆ ئینتیمای تێگەیشتن و بەرپرسیارێتی. نیشتمانپەروەرییەک لە زانین و هەڵبژاردنی ئازادانەوە سەرچاوەبگرێت، قووڵتر و بەرگریکارتر دەبێ لەو نیشتمانپەروەرییەی زادەی ترس و لەبەرکردنە، چونکە یەکەمیان لە ناخەوە بونیادنراوە و دووەمیان بە یەکەم شەپۆلی قەیراندا هەڵدەوەرێت.

کۆڵەکەی پێنجەمیش، خودی مامۆستایە. لە ستوونی بیست و هەشتەمدا مامۆستامان وەک نوێنەری بێدەنگیی نەرێت شیکردەوە، ئێستا دەبێت حەقیقەتە تاڵەکە بە دەنگی بەرز بڵێین، ناکرێت بە مامۆستای کۆن مرۆڤی نوێ دروستبکەیت. هەر فەلسەفەیەکی پەروەردەیی نوێ دەبێت لە کۆلێژەکانی ئامادەکردنی مامۆستایانەوە دەستپێبکات، لەوێوە مامۆستا خۆی ببێتە یەکەم خوێندکاری ئازادی، مامۆستایەک لە پۆلەکەیدا لە پرسیار نەترسێت، دان بە نەزانینی خۆیدا بنێت و لەگەڵ خوێندکارەکانیدا بەدوای وڵامدا بگەڕێت. ئەمە شۆڕشێکی بێدەنگە لەناو پۆلەکاندا، بەڵام کاریگەرترە لە سەد شۆڕشی سەر شەقامەکان، چونکە شەقام سیستەمەکان دەڕووخێنێت و پۆل مرۆڤەکان بونیاددەنێت.

دەبێت بە ڕوونیش ڕووبەڕووی دژە ئەرگۆمێنتەکان ببینەوە، چونکە فەلسەفەیەک لە پرسیارە سەختەکان هەڵبێت، شایانی ناوەکەی نییە. بەربەستی یەکەم دەڵێت، ئێمە دەوڵەت و سەروەریمان نییە، بۆیە باسی فەلسەفەی پەروەردەی نەتەوەیی لوکسێکی پێشوەختەیە. مێژوو پێچەوانەی ئەم بۆچوونە دەسەلمێنێت، گەلانی بێدەوڵەت ڕێک لە ڕێگەی پەروەردەوە ماونەتەوە و دواتر دەوڵەتیان بونیادناوە. زمانی عیبری دەیان ساڵ بەر لە دامەزراندنی دەوڵەت، لە قوتابخانە و خێزانەکاندا زیندووکرایەوە، فینلاندییەکانیش لە ژێر سایەی ئیمپراتۆرییەتی ڕووسیادا، بە قوتابخانە و زمان و ئەدەبیاتەوە نەتەوەکەیان پاراست. سەروەریی عەقڵ پێش سەروەریی خاک دێت و دەوڵەت لە پۆلی خوێندنەوە لەدایکدەبێت، بەر لەوەی لە بارەگە سیاسییەکانەوە ڕابگەیەنرێت. بەربەستی دووەم دەڵێت، ئەمنییەت و ئابووری لەپێشترە و مرۆڤی برسی و لە ترسدا ژیاو گوێ لە فەلسەفە ناگرێت. لە ستوونی دەیەمدا گرێی نانمان بە تەواوی جدییەتەوە شیکردەوە و قورساییەکەیمان لەبەرچاوگرت، بەڵام خودی ئەمنییەت و ئابووری پێکەوە وڵاممان دەدەنەوە، وڵاتانێک نە جۆرە هێزێکی سەربازی و نە سامانێکی سرووشتییان هەبوو، بە پەروەردە سەقامگیر و دەوڵەمەندبوون و وڵاتانێکیش خاوەن هێزی زەبەلاحی سەربازی و لەسەر دەریای نەوت بوون، نەزانی وێرانیکردن. گەورەترین سەرمایەی هەر نەتەوەیەک نە نەوتە و نە زێڕ، نە سەربازە و نە سەربازگە، بەڵکوو عەقڵی پەروەردەکراوە. بەربەستی سێیەمیش دەڵێت، گۆکردنی ئەم فەلسەفەیە جەنگە دژی ئایین و نەرێت. نەخێر، جیاوازییەکی گەورە هەیە لە نێوان کوشتنی نەرێت و خوێندنەوەی ڕەخنەگرانەی نەرێتدا. پەروەردەی نوێ نەرێت ناسڕێتەوە، بەڵکوو لە قەفەزەکە دەریدەکات و دەیگۆڕێت بە کەرەستەی خوێندنەوە، نەوەیەک بە ڕەخنەوە میراتەکەی بخوێنێتەوە، لە نەوەیەک بە ترسەوە لەبەریبکات، هەم ئازادترە و هەم بە میراتەکەشەوە پەیوەستتر و دڵسۆزترە.

داڕشتنی ئەم فەلسەفەیە تەنها ئەرکێکی ئەکادیمی نییە لەناو چواردیواری زانستگەکاندا ئەنجامبدرێت، بەڵکوو پرۆژەیەکی گشتگیری سیاسی و ئۆنتۆلۆژییە، پرۆژەی گواستنەوەی هۆشیارییە لە تاکەوە بۆ کۆ، هەمان ئەو پرسیارەی ئەم ستوونەمان پێدەستپێکرد. مرۆڤی هۆشیار و ئازاد تاکە کەرەستەی خاوی بونیادنانی هەر پرۆژەیەکی سیاسیی سەرکەوتووە، بەبێ تاکێکی پەروەردەکراو لەسەر بنەماکانی ڕەخنە و ئازادی و بەرپرسیارێتی، هەموو هەوڵێک بۆ گۆڕانی سیاسی و چاکسازیی سیستەمی حوکمڕانی لە شکستەوە دەستپێدەکات و بە کارەسات کۆتاییدێت. لێرەوە پەروەردە دەبێتە پردێک و دەمانپەڕێنێتەوە بۆ ناو قووڵترین گرێکانی دەسەڵات و سیاسەت لە واقیعی ئێمەدا. بۆچی پرۆژەی سیاسیی کوردی هەمیشە لە لوتکەی هەڕەمەکەوە دەستپێدەکات و بناغەکە فەرامۆشدەکات؟ ئایا دەسەڵاتێک خۆی بەرهەمی هەمان سیستەمی پەروەردەیی داڕماو بێت، دەتوانێت نەشتەرگەری لە هەمان ئەو سیستەمەدا بکات، یان وەک نەخۆشێک وایە بیەوێت بە دەستی خۆی نەشتەرگەری بۆ خۆی بکات؟ ئەمە ئەو گرێ ئاڵۆزەیە لە ستوونی داهاتوودا نەشتەرەکەی دەخەینەسەر.

______________________________________

هەموو ستوونەکانی گۆشەی ''نەشتەرگەریی ئاوێنەکان'': www.emrro.com/gosheyneshtergeriya.htm
 

ماڵپه‌ڕی ئه‌رسه‌لان مه‌حمود

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک