په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١\٨\٢٠٢٢

نەتەوەی خەوێندراو، حیزبی خەواڵوو!!


ئەرسەلان مەحمود    


ئەردۆغان لە (٢٠١٥)ەوە، بانگەشەی داگیرکردنەوەی حەلەب و موسڵ و کەرکوک و هەولێرو زیاتریش لەلایەن وڵاتەکەیەوە دەکات، ئەم هەڵمەتە پلان بۆداڕێژاوەو لەوساشەوە بەوردی ئامادەکاری بۆ دەکرێت، لەم پڕۆژە پیلانگێڕییەدا ئەردۆو پارتەکەی (ئەکەپە) تەنها نین، مەهەپەش بەشدارە، دەخوازن لە ٢٠٢٣ جێبەجێی بکەن، قوڵایی و ستراتیژییەتی پرۆژەکەش بریتییە لەداگیرکردنەوەی باشورو ڕۆژئاوای کوردستان.

چڕ کردنەوەی پەلامارە جۆراو جۆرە سەربازییە ئاسمانی و زەمینییەکانی بەتایبەت دەسالەی ڕابردوی تورکیا بەئێستایشەوە، لـەگـەڵـیدا جێگــیر کردنی دەیان بنکەو بارەگای سەربازی و هەواڵگری، دروستکردنی هێزی چەکداری تورکمانی کەرکوک، ڕێککەوتننامەی ٥٠ ساڵەی نەوت، دەیـان خوێندنگەو زانکۆی تورکی لەهەرێم لەچێوەی ئەم پڕۆگرام و ئەجێندایە دان، ئەمە جگە لەوەی لەڕێگەی چەندان کەڵی میدیایی بەوەکـالەتەوە ژەهری تورکیزە کردن دەرخواردی خەڵک ئەداو کار لەسەر بەکۆمەڵایەتی کردنی فەرهەنگی تورک دەکات، بەسەدان مارکێت و کافێ و پڕۆژەی بازرگانیشی دامەزراندون.

بێگومان ڕۆژئاوای کوردستان لەچەقی هەمان ئەو پیلانگێڕییەی تورکیادا نەک هەر بەدەر نییە، چێگەی سەرنج و تەماعکاری زیـاتریشیەتی، داگیر کردنی عەفرین و سەرێکانی و گرێسپیی لەماوەی دوو ساڵی ڕابـردوداو هەڕەشەکانی ئێستای لەسەر نـاوچەکـە، جێبەجێکـردنی هـەمـان ئـــەو ئەجێندایە، ئەوان بەئاشکرا دەڵێن دوبارە بوونەوەی ئەزموونی باشور لەڕۆژئاوا قبوڵ ناکەن.

کورد لەبەرامبەردا، ئەوەی دەبێ ئامادەو دیزاینی بکاتەوە لەخۆدا چەک و تفاقی جەنگی و تاک ڕەهەندگەرایی حیزبی نییە، ئیـرادەی نیشتمانییە، دروستکردنی ڕێبەرایەتی و سەکردایەتی هاوبەشە، تێگـەیشتنە، چـەکی داکۆکیکارو بەرەنگاری، خوێندنەوەو هەڵسەنگاندنی هەمەلایەنەی دۆخ و هاتنە ژێر بارەوەی لێپرسراوێتییە بەهزرو بەرزە مۆڕاڵی نیشتمانی نەک خەنجەری بکوژ، پێناسە کردنەوەی چەمکەکانە لەخۆدا نەک وەک ئەوەی ئەوانی تر پێناسەیان کردوە.

ئەگەر بمانەوێ ئەم پرسە بەکۆمەڵایەتی بکەین لەخۆداو نەتەوەکەمان ئامادەی ڕووبەڕوو بوونەوەی داگیرکارییەکان بکەین، سەرەتا دەبێ لەپڕ چەک کردنی تاک بەتاکیانەوە دەستپێبکەین، ئەمە بەهێنانە ئاراوەی کۆ دەنگییەکی نیشتمانی لەناو هێزە سیاسیەکاندا، بـەنواندن و بـەکردەیی کردنی هەڵوێستەکانی هەر لایەک، بـــەبێدار کــردنەوەو بەرپــــاکردنی هەڵمەتی هۆشیاری سەرتاسەری نیشتمانی، بەدروستکردنی لۆبییەکی نیشتمانی بەمانا دەبێت، بەدی دێت.

کورد، نەتەوەیەکی گەورەیە، بەڵام خەوێندراوە، حیزبەکانی زۆرن، بەڵام خەواڵون و خەفڵەت بەرینەداون، گۆمە مەنگەکەی دونیای ئەمڕۆ کورد خۆی نەبێ، هیچ لایەکی تر نییە لەبەرژەوەندیدا بــۆی بجوڵێنێت، جیهان بەم کەرەستە کۆنینە هەژمونگەرە حیزبی و وشکە ئایدیۆلۆژییەی کـورد ئەمڕۆ هەیەتی لەدونیا بینیدا، ناجوڵێت، بەم حاڵەوە وەک هەمیشە لەهاوکێشەکەدا بۆی دەمێنێتەوە، کێشەکەتی!!

هێز نییە لەیەک کاتدا بتوانێت هەزار ڕو بێت، زۆرێک لەبوونەوەرەکان ونبوون، چونکە نەیانتوانی خۆیان لەگەڵ ژینگەی گـــۆڕاودا بگونجێن، کورد دواهەمین بوونەوەری مرۆییە بۆ ئەبەد وندەبێت ئەگەر ئەمجارە غافڵگیربێ و نەتوانێت لەگەڵ ژینگەو دونیای گۆڕادا، خۆ بگونجێنێت.

 

ماڵپه‌ڕی ئه‌رسه‌لان مه‌حمود

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک