٢٤\٣\٢٠١٣
نەورۆزی
٢٠١٣.

شوان
عوسمان
نەورۆزە لە وڵات و
هەر نەورۆزیشە ئەڕوات، منیش بەسەر پشتی کیسەلێکەوە ئەڕۆم،
ئەڕۆم و غوربەت ئەشێڵم، دوورەوڵاتی ئەبڕم...
لە مەنفادا لە پەنجەرەیەک ئەگەڕێم، تا هەناسەیەک بدەم..
تا لەوێ بۆنی نێرگز و چڕە دوکەڵی پرچکەدارێکی نیشتمانم بۆ بێت..
کە لەو نەورۆزەدا وەکو من قرچەی دێت، وەکو من ئەسوتێت، وەکو من بەبا
ئەبێت..
من لێرەدا بۆ وڵات بە تیشکی ئاگر ئەنوسم، پیرۆزە نەورۆز جەژنتان پیرۆز...
ئەمڕۆژی ساڵی تازەیەو نەورۆزە هاتەوە،
ئەمڕۆکەش ساڵی دووبارەبوونەوەی منە لە دوورەوڵاتی، نەورۆزی
دوورکەوتنەوەیە لە وڵات ،
بەهاری بە غوربەت بوونی منە بە نیشتمان..
ساڵ دێت و ساڵ ئەڕوات، من رۆژ بە رۆژ لە نەورۆز دوور ئەکەومەوە، لە
وڵاتیش دوورتر...
نەورۆز دێت و ئاگر ئەسوتێت، نێرگز دێت و پەلکی ئەوەرێت...
من هەر لێرەدا لەگەل خۆمم، لەناو خۆمدا ئەسوتێم، چرکەچرکە پەلکەکانم
زیاتر ئەوەرن...
گڕێک ئەمبا و گڕێک ئەمهێنێ، من لێرەدا هەر خۆمم، لەگەل خۆم بە تەنیا،
ئاگری خۆم و نەورۆزی خۆم ئەکەمەوە..
جەژنە جەژنی نەورۆزەو نەورۆزە جەژن،
نەورۆزیش وەکو ژنێکی شەرمن،
لە شەوی بەزاوا بوونیدا لەگەل من،
شەرمم لێ ئەکات،
چۆن ماچی کەم، چۆن باوەشی پێکەم...
ئەو سەری سوڕماوە و منیش سەرم سوڕ ماوە لە ژن...
چۆن خۆم بداتە دەست، چۆن خۆی بدەمە دەست...
چۆن خۆمان رووت کەینەوە، چۆن شەرمی لە من بشکێت تا ماچێکم بکات،
من ماچی کەم..
وەرە با ماچت کەم ماچم کە، خۆ بە ماچێک کەس حەیای ناتکێت..
٢١\٣\٢٠١٣
-
هۆلەندە
ماڵپهڕی
شوان عوسمان
|