١٦\٨\٢٠١٢
نەوشێروان لە پاش
حەڤدە ساڵ و لە پاش هەمووان ئەوجا تازە بە تازە پێدەکەنی!!!

دارا ئەحمەد
ساڵانەکی زۆر دوورودرێژە خەڵکی کوردستان بە
تایبەتییش خەڵکە هەژار و چینە زەحمەتکێشەکان،
ژنان، لاوان،
تەواوی ئازادییخوازان و
یەکسانییخوازان و دیموکراتخوازن.. واتە میللەت بە
شێوەیەکی گشتیی لە تێکڕای رووە رامیاریی و ئابووریی و کۆمەڵایەتیی و
فەرهەنگیی و دیبلۆماسییەکان و
لە کێشە نەتەوەیی
و نیشتیمانییەکانیش رەخنەی راشکاوانەیان لە دەسەڵاتدارانی کوردستان
هەبووە و بە شێوەیەکی ئاشتییانە داواکاریی خۆیان پێشکەش کردییە،
وەلی بە داخەوە ئەوان بە هۆی بەرژەوەندییە چەوسێنەرە مافیایی و
خێلەکییەکانیان بە شێوازی جۆراوجۆری
توندوتیژیی وەک کوشتن و گرتن و ئەشکەنجەدانی جەستەیی و دەروونی
و چاو لێ سۆرکردنەوە و نانبڕین و
پەرواوێزخستن.. بەرسڤی خەڵکیان دایتەوە..
واتە هەر کەسەک دوو قسەی چاکی لە بەرژەوەندیی گەل کردبی یان هەڵوێستەکی
نواندبی ئەوە بە دڕندەترین شێوە سەرکوتیان کردییە.
هەر لە نێو خودی ئەو دەسەڵاتدارانەش کەسانەک
هەبوونە پێگەی بەرزی
بەرپرسییان
هەبووە و بەرانبەر هەموو ئەو رەخنە و داواکارییانەی
میللەت بە گفتار
و بە رەفتار بڕیار بەدەست بوونە لە
ئەنجامدانی
سەرکوت و توندوتیژییەکان، کەچی ئێستا بە هۆی ئەوەی چەند ساڵێکە
میللەت هۆشیارییەکی پتری وەدەستهینایە بە تەواویی
و بێ هومێد بوونە لەو
دەسەڵاتدارانە و ناڕەزایەتییەکانیان لەسەری دەڕێژتەوە و چیدی ئەو هەموو
بێ مافیی و چەوسانەوەیە قەبووڵ ناکەن.. ئێستا
هەمان ئەو کەسانە دەیانەوێ سواری شەپۆڵی ئەو ناڕەزایەتییانە ببن
و خۆیان وا پیشان بدەن لە بەرەی میللەت دان
و بەرگریی لە بەرژەوەندییەکان و مافە نەتەوەیی نیشتیمانییەکانیان دەکەن
و ناوە ناوەش لە کۆڕ و کۆبوونەوە و
دەزگە میدیاییەکان دەردەکەون.. تازە بە تازە لە
پاش ئەو هەمووە ساڵە دێن هەمان ئەو
رەخنە و داواکارییانەی میللەت بە شێوەکی پلاستیکییانە و سیاسەتبازانە
دووبارە دەکەنەوە، نموونەی دیار و هەرە بەرچاویش لەو کەسانە (نەوشێروان)ە
کە لە پاش حەڤدە ساڵ و لە پاش هەمووان ئەوجا تازە بە تازە پێدەکەنی*.
لەو رۆژانە دیسان نەوشێروان لە میدیایە حیزبییە هەڵخەڵەتێنەرەکەی کە
ماکینەکەی بە خوێن و فرمێسک و ئارەقەی
میللەت دەچەرخێ هێندەک قسەی دیکەی
جوویەوە کە هەمان ئەو قسانە حەڤدە ساڵ بوو میللەت
رووبەڕووی ئەویشیان
دەکردەوە.. ئەویش بە ئاگر و ئاسن بەرسڤی
دەدانەوە، تەوەری سەرەکیی قسەکانی لەسەر
مامەلەی (دوو پێوانەیی) سەرکردایەتی هەرێم بەرانبەر بە میللەت و کارە
سەرەتایی و پڕ بایەخەکان بوو کە دەبوو دەسەڵاتدارانی کوردستان ئەنجامی
بدەن و ئەنجامیان نەدا.
زۆر راستە و دەبووایە دەسەڵاتدارانی کوردستان لە ماوەی ئەو هەموو ساڵەی
حوکمڕانییان کارە سەرەتایی و پڕ بایەخەکانیان ئەنجام بدابا.. کە
ئەنجامیان نەداوە ئەوە ئەو واتایە دەبەخشی کە ئەوان دەسەڵاتی
بەرژوەندییە تەسکەکانی خۆیان بوونە و دەبن نەک ئی میللەت، بەڵام
دەبووایە نەوشێروان ئەو پرسیارە لە
خودی خۆشی بکا چونکە ئەویش لە ماوەی
ئەو حەڤدە ساڵەدا لە پاش بارزانی و تاڵەبانی
بەشدارییەکی زۆر کاریگەری هەبووە لە
بنیاتنانی ئەو دەسەڵاتە گەندەڵ و میلیشیاییە، کات تێپەڕی و تازە ئیدی
ئەو قسانە بە دەردی
ئەو ناخۆن و دەبی لەوە دڵنیا بی کە هەر رۆژەک میللەت
بتوانی بارزانی و تالەبانی لەسەر دەسەڵاتە ستەمکارییەکەیان رووبەڕووی
دادگایەک بکەنەوە.. بێگومان ئەویش سێیەم کەس
دەبی دادوەریی بکرێ و بە سزایەکانی خۆی بگا.
نەوشێروان زۆر راست دەکا سەرکردایەتی هەرێم بە شێوەی (دوو پێوانەیی)
مامەلەی لەگەڵ میللەت کردییە و دەکا، بەڵام ئەگەر بە ویژدانەوە
تەماشایەکی سەرکردایەتی گۆڕانیش بکەین ئەوە هەموو ئاماژەکان ئەوە
دەردەخەن کە ئەوان لە مامەلە دوو پێوانەییەکەی یەکێتی و پارتیش
تێیانپەڕاندییە و کردیتیانە (سێ پێوانەیی)! واتە بە سێ رووبە مامەلە
دەکەن:
- بە روبەیەک دەکڕن کە کێشەکەی زۆر قورسە و
قەبارەکەی زۆر گەوریە.
- بە روبەیەک دەفرۆشن کە کێشەکەی زۆر سووکە و قەبارەکەی زۆر گچکەیە.
- بە رووبەیەک خۆیان هەڕاج دەکەن کە قەبارەکەی زۆر گەورەیە بەڵام
کێشەکەی زۆر سووکە.
ئەو سێیەم پێوانەیە داهێنانی نەوشێروانە و (گۆڕان)ی
پێ دەناسرێتەوە؛ واتە قسەی زۆر گەورە دەکەن و پەیمان و بەڵێنی زۆر
گەورە بە میللەت دەدەن کەچی نەک هەر لە هیچ رووەکەوە سوودەکیان بە
میللەت نەگەیاندییە بەڵکە بە پێچەوانەوە زیانیشیان زۆر هەبووە؛ هەمیشە
خەریکی ئاژاوەگێڕیی بوونە لەپێناو ئەوەی ئەوانیش بتوانن وەک یەکێتی
و پارتی میللەت دابدۆشن و بە هەمان شێوەی
ئەوانیش بە درێژکردنەوەی ئەو فیدرالیەتە پەڕپووتە سەربەخۆیی کوردستان
دوور و دوورتر بخەنەوە، هەروا هەر کاتەکیش کە میللەت بە شێوازی خۆی
ناڕەزایەتی دەردەبڕی و خەریک دەبی
دەسەڵاتداران ملکەچ بکەن.. ئەوان سواری
شەپۆڵەکە دەبن و لە بەرانبەر دەسەڵات دەیکەنە کارتەک و مامەلەی
خۆسەپاندنی پێوە دەکەن بەڵکو بەشەکیان لە
کێکەکەی دەسەڵات پێ بدرێ، ئەوە
سەرەڕای ئەوەی ئەوان بوونە
یەکەک لە هۆیە هەرە
کاریگەرەکانیش لۆ
زندییکردنەوەی بزووتنەوە ئیسلامییە کۆنەپەرستەکان و
بەرجەستەترکردن و پەسندترکردنی هزر و بۆچوونەکانی
سیستەمی ستەمگەرانەی سەرمایەداریی لە نێو کۆمەڵ.
حەتمەن دەبی ببەخشی کاکی (فریادڕەس)، کاتی (پێکەنین)ت
تێپەڕیی و تازە زۆر درەنگە!!!
_________________________________________________
*
لەگەڵ رێزمان لۆ (گێدرێژ) کە خەڵکی کوردستان زۆر بێڕێزیی پێ دەکەن و
ناویان لێ نایە (کەر).. واتە بێ هۆش و بێ
ئاوەز، بەڵام بمانەوێ یان نەمانەوێ ئەوە فەرهەنگی میللەتەکەی خۆمانە کە
لەگەڵ ئەوەی بە درێژایی مێژوو زۆر سوودمان لە تواناکانی (گێدرێژ)
وەرگرتییە - هەرچەندە بە هۆی پاشداماییمان لە دەستکەوتە زانستییەکان و
بەکارهینانیان هێشتاش هەر سوود لە تواناکانی دەبینین - کەچی چەندین
نوکتەی نابەجێمان لەسەر دروست کردییە، یەک لەو نوکتانەش ئەوەیە: (رۆژەک
ئاژەڵەکان پێکەوە کۆدەبنەوە و
یەکەکیان قسەیەکی عەنتیکە دەکا و
ئەوانیدی هەموویان لە قاقای پێکەنین دەدەن و تەنیا گێدرێژەکە پێناکەنی،
یەک رۆژ پاشتر دەبینن گێدرێژەکە ئەوەندە پێدەکەنی تا لەسەر پشت دەکەوی!
لێی دەپرسن: ''ها.. ئەوە چییە.. چت زانییە ئەوها پێدەکەنی؟'' ئەویش لە
وەڵامدا دەبێژی: ''نا هیچ رووی نەدایە، بەس
بەو قسەیەی دونێ پێدەکەنم.. بە راستیی زۆر
عەنتیکە بوو''!!!). جا نەوشێروانیش ئێستا زۆر خراپ
تێدەگا و رێک بەو دەردە چووە!
ماڵپهڕی دارا ئهحمهد
|