٢٨\١٢\٢٠١٥
نەوتی کەرکوک
تەنها دووکەڵەکەی بۆ کەرکوکییەکانە.

رەزا ساڵح
شاری کەرکوک دەکەوێتە باشووری کوردستان .. یەکێکە لە شارە ھەرە
دێرینەکانی کوردستان .. مێژووی دروستبوونی بۆ زیاتر لە حەوت ھەزار ساڵ
بەر لە ئێستا دەگەڕێتەوە .. تا ئەمڕۆش کورد کە دانیشتوانی رەسەنی
شارەکەن و گەورەترین رێژەی دانیشتووی شارەکە و پارێزگاکەش پێکدەھێنن ..
سەرەڕای نیشتەجێکردنی زیاتر لە (٩٥٠) ھەزار عەرەب، کە لە شارەکانی
باشوور و ناوەڕاستی عێراقەوە ھێنراون بۆ بە عەرەبکردنی کەرکوک و، بۆ
گۆڕینی دیموگرافیای رێژەی نەتەوەیی لە ناو شار و لە پارێزگاکەدا،
ئەمڕۆشی لەگەڵدا بێت، بە عەرەبکردنی شاری کەرکوک نەوەستاوە و بە چەندین
ھۆ و شێوازی نوێ لە لایەن حکوومەتی عێراقەوە درێژەی ھەیە .. چونکە
حکوومەتی ئێستای عێراقیش کە لە زۆرینەیەکی شیعە پێک ھاتووە، ھەموو
دەسەڵات و بڕیارەکانیان قورخکردوون و تاکڕەوانە بڕیاردەدەن .. ئەمانیش
ھەر ھەمان سیاسەتی رەگەزپەرستی رژێمی گۆڕبەگۆڕی بەعەس پیادە دەکەن،
ئەمان ھەر بە بەعەرەبکردنی شاری کەرکوکەوە نەوەستان .. بەڵکو ھەوڵی بە
( شیعەکردنی ) کەرکوکیش دەدەن .. لە چەند مانگی رابردوودا .. بینیمان
کە چۆن ( الحشد الشعبی ) و میلیشیا چەکدارەکانی تری گرووپە شیعە
توندڕەوەکان پەلاماری شارۆچکەی (خورماتوو) یان دا کە زۆرینەی
دانیشتوانە رەسەنەکەی کوردن، بۆ دەرکردنی کورد لەم قەزایەدا کە پێش
ئەوەی رژێمی بەعس بیخاتە سەر پارێزگای سەلاحەدین، سەربە پارێزگای
کەرکوک بوو .. بە ناڕەوا و نامەردانە پزیشکێک و چەند گەنجێکی کوردیان
لەم شارەدا شەھید کرد .. من لە چەند نووسینێکی ترمدا، باسم لە
رەسەنایەتی کوردستانییەتی کەرکوک کردووە .. بۆیە دێمە سەر کرۆکی
سەرباسەکەمان، کە بە کورتی دەربارەی ( کەرکـوک و کـورد و نـەوت )ە .
بوونی نەوتێکی زۆر و گازی سروشتی و کانزای ھەمەجۆرە و سەرچاوەکانی زۆری
ئاو و زەوی و زاری بەپیت لە ھەر وڵاتێکدا، دەبنە مایەی خێروبێر و خۆشی
و بەختەوەری و خۆشگوزەرانی و ئاوەدانی و پێشکەوتن بۆ ئەو ڵاتە ..
وڵاتانێکی وەک : ( قەتەر ) و ( سعوودیە ) و ( کوێت ) و ( ئیمارات )
ئەگەر نەوت و گازی سروشتی لە وڵاتەکانیاندا نەدۆزرانایەتەوە، دەبوایە
تا ئەمڕۆش کۆچەری و وشترەوان بوونایە ـ مەبەستم بێڕێزی نییە بە
وشترەوانی ـ بە کولەمەرگی و بە ھەژاری و مەینەتی و بە کەساسی بژینایە
.. بەڵام دۆزینەوەی نەوت و گازی سروشتی و دەرھێنانیان و فرۆشتنیان لە
لایەن ئەو وڵاتانەوەوە .. بوونە ھۆی خیروبیر و خۆشگوزەرانی و ئاوەدانی
و پێشکەوتن و رێزگرتن لێیان .. بوونە ھۆکاری بنیاتنی ژێرخانێکی ئابووری
دەوڵەمەند و بەھێزی وڵاتەکانیان .. توانیان بیابانێکی لماوی و قاقڕی
کاکی بە کاکی بکەن بەھشتێکی زۆر جوان و رەنگین، بە رووگەییکی گەشت و
گوزاری و، لە ھەموو شوێنێکی جیھانەوە گەشتیاران روو لە وڵاتەکانیان
بکەن .. بوونە بەخاوەنی ( بەرزتـرین بـورج ) و خۆشترین ئوتێل و مۆڵ و
بازاڕ و چەقی بازرگانی .. بە خاوەنی کۆشک و باڵەخانەی بەرز .. بوونە بە
خاوەنی گەورەترین ھێڵی ئاسمانی .. لە ئەمڕۆدا ( دەوڵەتی قەتـەر )
ساڵانە بە قەی ھەموو بودجەی کوردستان .. تەنھا لە ریکلام کردن بۆ
وڵاتەکەیان خەرج دەکەن .. سەرەڕای خیروبیری نەوت و گاز، وەکو دوو
سامانی سروشتی .. زۆر جاریش نەوت و گاز وەکو کارتێکی سیاسی و فشاریش لە
ناکـۆکی و لە شەڕەکاندا بەکاردەھێـنرێن .. لە شەڕی ساڵی ( ١٩٧٣) ی
نێوان وڵاتانی عەرەب و ئیسرائیلدا، وڵاتانی عەرەبی خاوەن نەوت، نەوتیان
وەکو فشارێکی سیاسی و ئابووری لە ژێر ناوی ( نەوت چەکێـکە لە شـەڕدا )
بەکارھێنا .. نەوتیان بەو وڵاتانە نافرۆشت، کە لایەنگر و پاڵپشتی
دەوڵەتی ئیسرائیل بوون .
کوردستانی ئێمەش لەسەر دەریایەکی نەوت و گازدایە .. دەوڵەمەندیشە لە
گۆگرد و مس و جیوە و کانزای تر، سەرەڕای سروشتی جوان و رەنگینی .. شاری
کەرکوک یەکێکە لە شارە ھەرە دەوڵەمەندەکانی جیھان لە بوونی نەوت و گازی
سروشتیدا .. لە (٤./.)ی نەوت و گازی سروشتی ھەموو جیھان لە کەرکوکدایە
.. میژووی بوونی نەوت لە کەرکوکدا دەگەڕێتەوە بۆ پێش زاینی .. گریکەکان
( یۆنانییە کۆنەکان) باسیان لە نەوتی کەرکوک کردووە و سوپاکەیان لە
شەڕەکانیاندا سوودیان لێوەرگرتوون .. باو باپیرانی ئێمەی کوردی خەڵکی
رەسەنی کەرکوک، دەماودەم باسیان لە مەشخەڵی ئاگرە ھەمیشەییەکەی ( باوە
گوڕ گوڕ ) کردووە، کە تا ئەمڕۆش بە ھەمان بڵێسە و گوڕەوە ئەم مەشخەڵە
گڕ و کڵپەی خامۆش نەبووە و، بووە بە سیمبولی شاری کەرکوک .. بەڵکو ھەر
لە کۆنەوە کەرکوکییەکان ئاگرە ھەمیشەییەکەی باوە گوڕگوڕیان بە پیرۆز
زانیوە، بە تایبەتیش ژنانی دووگیان کە بەرەوپیری ئاگـرەکەی باوە گوڕ
گوڕ دەبوونەوە دەیان، وت : " باوە گوڕ گوڕ .. بەگوڕ ھاتین .. بۆ کوڕ
ھاتین .. " دەچوونە بەردەم ئاگرەکە و بۆ ھێنانەدی نیاز و مرازەکانیان
نزای خۆیان دەکرد . ھەر دەربارەی پیرۆزی باوە گوڕ گوڕ:
باوە گوڕ گوڕ باوە گوڕ گوڕ
جێگای نیازی بۆ کچ و کوڕ
بە نیازی تۆ ھاتووم لە دوور
ھاتووم بۆ لات بۆ جووتێ کوڕ.
ھەندێ لە مێژوونووسانی بیانی و کورد، پێیان وایە کە وشەی ( کەرکـوک )
لە وشەی ( گوڕ گوڕ) ی لاسایی کردنەوەی دەنگی گڕەگڕی ئاگرەکەی باوە
گوڕگوڕەوە ھاتووە.
بوونی نەوت و گازێکی سروشتی زۆر و زەبەند لە پارێزگای کەرکوکدا، نەک
ھەر نەبۆنەتە سەرچاوە و مایەی خێروبێر و خۆشی و بەختەوەری و
خۆشگوزەرانی و ئاوەدانی و پێشکەوتن بۆ کورد و کوردستان .. بەڵکو بە
پێچەوانەوە ، دەرھێنان و فرۆشتنی نەوت و گازی کەرکوک لە لایەن حکوومەتە
یەک لە دوای یەکەکانی عێراق، بوونە ھۆی چەوسانەوە و نەھامەتی و دەرکردن
و راگواستنەوەی کورد لە کەرکوکدا .
لە (١ی/ یۆنیو/ ی ١٩٧٢) کە عێراق نەوتی خۆماڵی کرد و دەستی بەسەر
بەشەکانی کۆمپانییە بیانییەکاندا گرت .. یەکسەر رژێمی بەعسی عێراق
دروشمی ( نەوتی عەرەب بۆ عەرب ) یان بەرزکردەوە، بەبێ ئەوەی ھیچ
حیسابێک بۆ کورد و پێکھاتەکانی تری عێراق بکەن .. ھاوڕێیەکی مامۆستای
کوردم ھەبوو .. پێکەوە لە لە شەقامی کۆماری لە کەرکوک پیاسەمان دەکرد
.. مامۆستایەکی عەرەب کە لەگەڵ مامۆستا کوردەکەی ھاوڕێم پێکەوە لە
قوتابخانەیەکدا بوون خۆشی بە نووسەر دەزانی .. من نەمدەناسێ .. لە
ھاوڕێ کوردەکەمی پرسی : " رات چییە لە بارەی خۆماڵی کردنی
نەوتەکەمانەوە ؟"
ھاوڕێکەم وتی : " ھەنگاوێکی باشە " ھەمان پرسیاریشی لەمن پرسی، منیش
زۆر بە راشکاوی لە وەڵامدا وتم : " بە راستی زۆرم پێم ناخۆشە کە نەوتی
کەرکوک خۆماڵی کرا .. ئەوەش بزانە کە نەوتی کەرکوک نەوتی کوردستانە،
بەڵام ئێمەی کورد تا ئێستا ھیچ سوودێکمان لە نەوتەکەمان وەرنەگرتووە ..
لە ساڵی ( ١٩٦٣) وە، ئەو رێژە کەمە کرێکارانەی کورد کە لە نەوتی
کەرکوکدا کاریان دەکرد .. ھەموویتان دەرکردن و بە زۆرداریش بارتان
پێکردن بۆ دەرەوەی پارێزگای کەرکوک .. ژمارەیەکی زۆر کەمی کورد
ماونەتەوە .. کەچی عەرەبتان لە باشوور و ناوەڕاستی عێراقەوە ھێنا و لە
نەوتی کەرکوک داتان مەزراندن و خانووتان لە کەرکوکدا بۆ دروست کردن ..
ئێوە لەگەڵ یەکەم رۆژی خۆماڵی کردنی نەوتدا، دروشمی ( نەوتی عەرەب بۆ
عەرەب ) تان بەرزکردەوە .. ئێستاش پارەیەکی زیاتر لە فرۆشتنی نەوتی
کەرکوک دێتە دەستان و .. چەک و تانک و تۆپ و فرۆکەی جەنگی و ناپاڵمی
زیاتری پێدەکڕن بۆ کورد کوشتن و کاولکردنی کوردستان .. نەوتەکەمان لە
دەست بێگانە بێت باشترە لە ئێوە .. لەگەڵ ئەوەشدا من گەشبینم کە رۆژێک
دێت کە نەوتی کەرکوک ببێتە نەوتی کوردستان .. " پێشبیی و بۆچوونەکەم لە
شوێنی خۆیدا بوون .. گەر کەرکوک نەوتی لێنەبووایە .. نە کیمیاباران و
نە ئەنفال و نە ژینۆساید دەکراین .. کەرکوکیش دەمێک بوو گەڕابۆوە بۆ
باوەشی کوردستان .. کەرکوکییەکان ھیچ سوودێکیان لە نەوت و گازی
پارێزگاکەیان نەبینیوە .. تا ئەمڕۆش نەوت و گازی کەرکوک تەنھا
دۆکەڵەکەی و بۆنەکەی بۆ کەرکوکییەکانە .. سووودیان تەنھا بۆ برای
عەرەبی چاوڕەشمانە .. کەرکوکییەکانیش زەقەی چاویان دێت .. وەکو شاعیری
گەلەکەمان عەبدوڵڵا پەشێو دەڵێ:
ئا لێرەدا منداڵێکی چاوگەشی کورد
لە برسا مرد.
تا ساڵی ( ٢٠٠٣) رێژەی کرێکارانی کور لە نەوتی کەرکوکدا ( ١./ .) بوو
.. لە ئەمڕۆشدا کە پارێزگاری کەرکوک کوردە و، زۆرینەی ئەنجوومەنی
پارێزگای کەرکوک کوردن و .. تا رادەیەک بە ناوە کورد باڵا دەست و
دەسەڵاتدارە لە کەرکوکدا.. بەڵام لە راستیدا ھیچ دەسەڵاتێکیان نییە ..
ھەموو بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکانی کەرکوک سەر بە وەزارەتەکانی
حکوومەتی عێراقن .. کۆمپانیای نەوتی کەرکوکیش کە تا ئەمڕۆش بە ناوی (
کۆمپانیای نەوتی باکوور ) ماوەتەوە، سەر بە وەزارەتی نەوتی عێراقە ..
دامەزراندن و دەرکردنی فەرمانبەران و بەڕێوەبەرەکانیان قورخکردوون و ..
بەبێ ئاگاداری پارێزگای کەرکوک و بەبێ ئاگاداری ئەنجوومەنی پارێزگای
کەرکوک .. وەزارەتەکانی عێراق لە شارەکانی باشوور و ناوەڕاستی عێراقەوە
عەرەب دادەمەزرێنن و دەیان نێرن بۆ شاری کەرکوک .. لە کاتێکدا سوپایەکی
بێکاری دەرچوانی زانکۆ و پەیمانگاکانی کەرکوک، بە ھەزاران کورد بێکارن
و کرێکاریی روژانەشیان دەست ناکەوێت .. لە ئەمڕۆشدا رێژەی کرێـاران لە
کۆمپانیای نەوتی کەرکوکدا بەم شێوەیەیە : رێژەی عەرەب لە سەدا (٦٣ ./
.) تورکمان لەسەدا ( ٢٦./ .) کورد لە سەدا ( ٧ ./ .) کلدۆئاشوری لە
سەدا (٤ ./ .) .. بەڕێوەبرەکانی کۆمپانیای نەوت ھەر لە نەتەوەی
عەربوونە .. ئەمە و بە ڕێوەبەرەکانی کۆمپانیای نەوتی کەرکوک ھەر
عەرەبوون .. بە بەڕێوەبەرەکەی ئێستاشییەوە .. بەڵی ئەمەیە برایەتی و
دادپەروەریی برای عەرەبی چاوڕەشمان .. کە لە تەمەڵەوە تا سەربانەکەی بۆ
خۆیان و .. لە سەربان بە سەرەوەش ( ئاسمان ) بۆ ئێمەی کورد ..؟!
رۆژێک ئەندازیارێکی نەوتی نەرویجی باسی نەوتەکەیانی بۆ کردم .. کە لە
ناو دەریای باکووردا دەری دەھێنن .. بۆتە کۆڵەکەیەکی بەھێز بۆ ژێرخانی
ئابووریی نەرویج .. منیش باسی نەوتی کەرکوکم بۆ کرد و پێم وت : گەر
ئێوە بەو زەحمەتییە نەوت لە دەریا دەردەکەن و .. ھەر بەرمیلێک نەوت (
٢٥) دۆلار لەسەرتان دەکەوێت .. بەڵام لە شاری کەرکوکی کوردستانیدا ..
نەوتی خاو بە خڕ و شیوەکانی شارەکەماندا وەک ئاو رێدەکات .. دەرھێنانی
ھەر بەرمیلێکی نەوتیش (٥) دۆلار لەسەرمان دەکەوێت ..
دوایی لە دڵی خۆمدا وتم .. ئێستا ئەم نەرویجییە وا تێدەگات .. مادام
کەرکوک ھێندە نەوتی زۆرە .. رەنگە شاری کەرکوک بە ھەشت بێت ..
شۆستەکانی شەقامەکانی شەرەکەیان لە بەردی مەڕمەڕبن .. بە دەیان
ئاپارتمانی باڵابەرزی تێدابێت و .. تا چاوبڕبکات سەوزایی و باخچەی
رەنگین بێت .. خەڵکییەکەی تێر و پۆشتەبن و .. ھای لایڤ بژین و شەق لە
پارە ھەڵبدەن .. بەڵام بە داخەوە کە وانییە .. کەرکوک، کەرکوکی وێران و
بێ خزمەت و بێ خزمەتگوزارییە .. بێ ئاوە بێ کارەبایە .. خەڵکییەکەی
لەژێر ھێڵی ھەژاریدا دەژین .. بێ نازە و بێ کەسە و لێی ناپرسنەوە ..
زۆر جاریش پارتە کورییەکانمان، موزایدەی پێوە دەکەن و، بۆ بانگەشی
ھەڵبژاردن کەرکوکیان بە بیردێتەوە .. بەڵێنی دەدەنێ کە ئەمە و ئەوەی بۆ
دەکەن .. دەیکەن بە بووکی شاران .. ھەر لە دوای ھەڵبژاردنەکاندا، ئەوەی
بە بیریان نەیاتەوە کەرکوکە.
بەڵام لەگەڵ ئەو ھەموو ستەم و تاوان و زۆردارییەی لە کوردستان بە گشتی
و، لە کەرکوک بە تایبەتی کراون و دەکرێن .. کەرکوکییەکان زۆر دڵسۆزن و
تا سەر ئێسقان کورد و کوردستان پەروەرن .. وەک لە ئەنفال و ماڵوێرانی و
ژینۆساید و دەربەدەریدا پشکی شێریان بەرکەوت .. بە شانازیشەوە دەڵێین،
لە دڵسۆزی و کوردایەتی و خەبات و تێکۆشان و بەرگری و خۆڕاگریشدا پشکی
شێریمان ھە بووە و ھەیە .. لە ئەمڕۆشدا کەرکوکییەکان لە سەنگەرەکانی
پێشەوەدان، بە بڕوا و ھیوا و بە ئیرادەیەکی پۆڵاینەوە، شێرانە و
مەردانە و گیانبەخشانە بەرگری لە خاکی پیرۆزی کوردستان دەکەن و .. تا
ئێستا چەندین گورزی گورچکبڕیان لە داعشی کۆنە بەعسییەکانی ژێر عەبای
ئیسلامی داوە .. چەندین سەرکردە و رۆڵەی دلێر و قارەمانی بە جەرگمان
شەھید بوون .. ئەو بەڵێنەشمان داوە، کە تا رزگارکردنی دوا بستی خاکی
کوردستان و .. تا دامەزراندنی دەوڵەتی کوردستان .. ناسرەوین و سنگمان
دەکەین بە قەڵغانی بەرگری کردن لە پاراستنی سنوورەکانی کوردستان .. بە
ھەڵەش لێمان تێمەگەن .. ھەموو شارێکی کوردستان ( ئامەد، مەھاباد ،
ھەولێر، قامیشلو ، سلێمانی ، ماردین ، کۆبانی ، سنە ، دھۆک ، خانەقین
.. ھەر ھەموو شارەکانی کەی کوردسـتانی نشتمانی جوانـمان ) وەک کەرکوک
لە لام شیرین و خۆشەویستن .. ئەوەتا لەسەر ئەرزی راستیشدا، پێشمەرگە
قارەمانەکانی ھەموو کوردستان ( باکوور، رۆژھەڵات ، باشوور، رۆژئاوای )
کوردستان ھاودەنگ و ھاوسەنگەرن و .. چەندین داستانی قارەمانییەتییان
پێکەوە تۆمار کرد .. سنووری دەستکردی داگیرکەرانیان بەزاند ھەمووشمان
ھاوھیواین و ھاوچارەنووسین.
لە مانگی ( ئاوگوستی / ٢٠١٣) ەوە .. وەک کارتێکی سیاسی فشار حکوومەتی
عێراق بەشە بودجەی دیاریکراوی پارێزگای کەرکوکی نەناردووە .. زیاتر لە
(٥٠٠) پرۆژەی جۆراوجۆر لەبەر بێ پارەیی کارەکانیان وەستاوندوون .. وا
نزیکەی دوو ساڵیشە کەرکوک پارەی ( پەترۆدۆلاری ) وەرنەگرتووە، زیاتر لە
( ٧٠٠) فەرمـانبەری کەرکـوک کە ( بە گرێبەست ) دامەزراون، لە پارەی
پەترۆدۆلار مووچەکانیان پێدەدان . پارەی پترۆدۆلاری ئەم دوو ساڵەی
کەرکوک زیاتر ( ٦٠٠) ملیۆن دۆلارە .. بێجگە لەوەی کە رۆژانە لە نێوان (
٥٠ بۆ٦٠) ھەزار بەرمیل نەوت بە تەنکەر لە کێڵگەکانی کەرکوک بە ناوی (
فرۆشتنی ناوخۆوە ) باردەکرێن .. کێ دەیفرۆشێ .. ؟ .. پارەکەی چەندە ..
؟ پارەکەی دەدرێ بە کێ .. ؟ ھەموو دەڵێن نازانین ..؟! ئەی کێ دەزانێ ..
؟!
سەرباری ئەم کێشانەش زیاتر لە ( ٦٠٠) ھەزار ئاوارەی عەرەبی شارەکانی
باشوور و ناوەڕاستی عێراق ھاتوونەتە سەروگوێلاکی کەرکوک ..
بارگرانییەکی زۆریان خستۆتە سەر شاری کەرکووک .. سەرەڕای ئەوەش ئەم
عەرەبانە بە پشتگیری و بە فیتدانی ھەندێ لایەنی سیاسی عەرەبی بەڵکو بە
پشتگیری حکوومەتی عێراقیش .. نایانەوێت بگەڕێنەوە بۆ پارێزگاکانی خۆیان
و، دەیانەوێت تۆماری باری کەسیان بگوازنەوە بۆ کەرکوک .. ئەمەش
شێوازێکی ترە لە بەعەرەبکردنی کەرکوک و گۆڕینی دیموگرافیای پارێزگای
کەرکوک .. بەشێکی زۆری ئەو ئاوارە عەرەبانە، شوێنەکانیان لە دەستی داعش
رزگار کراون، کەچی تا ئێستا نەگەڕاونەتەوە .. پێویستە بە زۆر بیان
گەڕێننەوە بۆ شوێنەکانی خۆیان .. چونکە گەر بمێننەوە، رێژەی نەتەوەیی
لە کەرکوکدا، لە سوودی عەرەبدا سەنگەلا دەبێت و، رێژەی کورد کەمتر
دەکەن .. تا ئێستاش ئەو عەرەبانەی کە بە پێی مادەی ( ١٤٠) قەرەبوو
کرانەتەوە، بۆ ئەوەی بگەڕێنەوە .. کەسیان نەگەڕاونەتەوە ..
دەسەڵاتدارانی کەرکوکیش بە پارێزگاری کەرکوکیشەوە ھیچ فشارێکیان
نەخستۆنەتە سەر ئەو عەرەبانە .. کەچی راگەیاند و میدیاکانی لایەنە
عەرەبییە شۆڤێنییەکان و، بەرەی تورکمانی، تا ئەمڕۆش زۆڕنای ئەوەمان بۆ
لێدەدەن، کە ئێمەی کورد لە باکوور و لە رۆژھەڵات و لە رۆژئاوای
کوردستانەوە کوردمان ھێناون و لە کەرکوکدا نیشتەجێمان کردوون، کەچی تا
ئەمڕۆش بە شێکی زۆر لە کوردە دەرکراوە رەسەنەکانی کەرکوک، لە شاری
سلێمانی و ھەولێردا ماونەتەوە .. لەبەر بێشوێنی و قەرەبوونەکردنەوەیان
نەگەڕاونەتەوە .
وەنەبێ تا ئێستا کەرکوکییەکان تەنھا لە نەوتەکەیان خێریان نەدیبێ ..
بەڵکو لە ئاوی زێی بچووکیش، کە لە دوای پارێزگای سلێمانی دێتە پارێزگای
کەرکوکەوە پێش ئەوەی کە تێکەڵاوی رووباری دیجلە بێت .. زۆر بە کەمی
جوتیارانی کورد سوودیان لە ئاوی زێی بچووک بینیوە .. قەزای ( دووبـز )
کە سەر بە پارێزگای کەرکوکە، بەشی ھەرە زۆری دانیشتوانەکەی کوردن،
سەرەرای ھاوردنی بە سەدان ماڵە عەرەب لە موسڵ و شارەکانی تری باشوور و
ناوەڕاستی عێراقەوە، بۆ بە عەربکردنی ئەم قەزایەش .. لە سەرووی
دووبزەوە لەسەر زێی بچووک ( بەربەستی کونەکۆتر ) دروستکراوە .. بە
کەناڵێکی ئاوی ( پرۆژەی ئاودێرێ کەرکـوک) کە دەبوایە ئەو کەناڵە ئاوییە
بە ناوچەی ( ساڵەیی ) و ( شوان ) دا تێبپەڕیبایە، بەڵام حکوومەتی بەعسی
رەگەزپەرست بۆ ئەوەی کە کورد سوود لەو پرۆژەیە وەرنەگرێت .. نەخشەی
رێڕەوی کەناڵەکەیان گۆڕی و خستیانە خوار شاری کەرکوکەوە .. لەوێوە بۆ
حەویجە و ناوچەی عوزێم .. بەڵی سوودی ئاوی کەرکوکیش ھەر وەکو نەوت و
گازەکەمان بۆ برای عەرەبی چاوڕەشمانە و، جووتیارانی کوردیشمان زەقەی
چاویان دێت و .. نوێژە بارانە دەکەن، سا بەڵکو خوا لە زستادا چاوێکی
لێیان بێت و، چەند گەواڵە بارانێکیان بۆ ببارێنێت .. زۆر وشەکەسالێش
سفر بەدەست بوونە .. ھەر ئەو عەرەبانەی حەویجە، کە بە ئاوی کوردستان
بوونە پیاو .. لە ساڵی ( ١٩٦٣) و (١٩٩١) دا، بە دزی و بە تاڵانکردن و
وێرانکردنی ناوچەکانی ساڵەیی و شوان و شێخ بزێنی و قەرەھەنجیر و
چەمچەماڵ، پاداشت و پیاوەتی کوردیان دایەوە .. کورد وتەنی : " ئەوانەی
پێمان کـردن خێر .. لێمان بوونە بە گورگ و شـێر ) دەک نمەکی کورد
بتانگرێ .
لە ئەمڕۆدا، نەوت و گازی سروشتی لە جیھاندا بوونەتە پێویست و
جێگرەوەیان نییە .. بوونەتە کارتی فشاریش، بە دەستی وڵاتانی
بەرھەمھێنەر و ھەناردەکەرەوە .
لە رۆژی ( ١٤ی/ ئوکتۆبەری/ ١٩٢٧) یەکەمین بیری ھەڵکەندراو لە گێڵگەی
باوەگوڕ گوڕ لە کەرکوک دا، لە شەودا تەقییەوە و، بە بەرزی ( ١٤٠) پێ
نەوتی خاوی بە ئاسماندا ھەڵدا .. روژانەش زیاتر لە ( ٩٢) ھەزار بەرمیل
نەوتی لێ دەڕۆیی .. دوای چەند رۆژێک کۆنترۆڵ کرا .. لەو رۆژەوە
داگیرکەرانی کوردستان زیاتر چاویان بڕییە سامانی کەرکوک .. کێڵگە
نەوتییەکانی کەرکوک بە درێژی ( ١٠٥) کیلۆمەتر و بە پانی (١٢) کیلۆمەترە
.. تا ئێستا زیاتر (١٥) ملیار بەرمیل نەوت، لە کێڵگەکانی کەرکوکدا
دەرھێنراون .. یەدەکی نەوتیش ـ ئەو نەوتەی ماوەتەوە ـ بە (١٦) ملیار
بەرمیل نەوت مەزەندە دەکرێت .. لە ئێستادا زیاتر (٣٣٠) بیرە نەوتی
بەرھەمھێنەر لە کەرکوکدا ھەیە ژمارەکانیشی بەرەو زیادبوون دەچێت ،
کێڵگەکانی نەوتی کەرکوک پێنجەمین گەورەترین کێڵگەیە لە جیھاندا ..
گرنگترین کێڵگە نەوتییەکانی کەرکوک ئەمان:
١ـ کێڵگەی کەرکوک ( باوە گوڕگوڕ ) .
٢ـ کێڵگەی بای حەسەن .
٣ـ کێڵگەی جەمبور .
٤ـ کێڵگەی ئاڤان .
٥ـ کێڵگەی جەبەڵ بۆر .
٦ـ کێڵگەی خەباز .
٧ـ کێڵگەی کۆرمۆر .
٨ـ کێڵگەی حەمرین .
٩ـ کێڵگەی گلابات .
١٠ـ لەم چەند ساڵەی دواییشدا کە چەند کۆمپانیایەی بیانی بە دوای
دۆزینەوەی نەوتدا لە ناوچەی کەرکوکدا گەڕان .. ئەویان ئاشکرا کرد، کە
یەدەیەکی زۆر نەوت و گازی سروشتی لە ناوچەی ( شوان، چەمچەماڵ، قادرکەرم،
جەباری، قەرەحەسەن ) دا ھەیە .. کە ( ٠ە) ملیار بەرمیل خەمڵێنراون ..
گەر بێت و گازەکەی چەمچەماڵ دەربھێنین و ھەناردەی بکەین .. کوردستان
دەبێتە ملەکەرێکی بەھێزی ئەو وڵاتانەی گاز ھەناردەی ئەوروپا و وڵاتانی
تر دەکەن، وک ( روسییا ، قەتەر ، کازاخستان ) .
لە ئیستا کێڵگەی نەوتی ( بای حەسەن ) و ( ئاڤـان ) لەژێر دەسەڵات
حکوومەتی کوردستان دایە و بەستراون بە ھێڵی نەوتی کوردستانەوە .. لە
لایەن وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی ھەرێمی کوردستانەوە بەڕێوەدەبرێن
و، نەوتەکەیان دەفرۆشن .
لە ساڵی ( ١٩٩١) دا نەوتی بەرھەمھێنراوی کەرکوک گەیشتە ( ٩٠٠) ھەزار
بەرمیل لە رۆژێکدا .. لە توانشدایە کە رۆژانە بگاتە ( یەک ملێون و سەد
ھەزار ) بەرمیل نەوت .. لە ئێستادا ھۆی دابەزینی دەرھێنانی نەوت، لە
کێڵگەکانی کەرکوک دەگەڕێنەوە بۆ چەند ھۆیەکی تەکنیکی و سیاسی و نا
سەقامگیری و شەڕی داعش و بۆ کۆنی و نوێژەنەکردنەوەی ئامێرەکانی
دەرھێنان .. ھەر لەم مانگەدا داعشی بێڕەوشت چەند بیرە نەوتێکی
کەرکوکیان تەقاندە وە ( بیرە نەوتی ژمـارە ـ ٢) لە کێڵگەی خەباز .
ماوەیەک بەر لە ئێستا ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکوک بڕیاری دا کە ناوی (
کۆمپانیای نەوتی باکوور ) بگۆڕن بە ( کۆمپانیای نەوتی کەرکوک ) بۆ
ئەوەی لە لایەن پارێزگای کەرکوکەوە بەڕێوەببرێت .. ئەمەش مافێکی یاسایی
و دەستوورییە .. بەڵام وەزارەتی نەوتی عێراق بڕیار و داواکەیانی
رەتکردەوە .
لە ساڵی (١٩٣٥) دا، بە فەرمی دەستکرا بە ھەناردەکردنی نەوتی کەرکوک بە
رێگای بۆڕییە نەوتەکانی ( کەرکوک ـ حەیفا : فەلەستین) و (کەرکوک ـ
تەرابلوس : لوبنان ) کە لەلایەن مەلیک (غازی) یەوە کرایەوە .. کە
رۆژانە ( ٨٤) ھەزا بەرمیل نەوت ھەناردە دەکرا .. بە ھۆی شەڕی نێوان
دەوڵەتانی عەرەبی و دەوڵەتی ئیسرائیل ەوە، تا ئەمڕۆ ھەناردەکردنی نەوتی
کەرکوک بە رێگای ئەم دوو ھێڵە نەوتییەوە وەستاوە . دواتر لە ساڵی (
١٩٥٢) دا بوڕییە نەوتێکی تازە ( کەرکوک ـ بانیاس : سوریا ) کە تیرەکەی
(٨٠) ئینجە و، درێژی ھێڵەکەش (٧٠٥) کیلۆمەترە .. لە رۆژی ( ١٨ی /
نۆڤەمبەری / ١٩٥٢) دا، لەلایەن مەلیکی عێراق ( فیسەڵی دووەم ) لە
کەرکوکدا کرایەوە .. لە ساڵی لە ساڵی (١٩٨٣) دا، بە سونگەی ئەوەی کە
سوریا پشتی ئێرانی دەگرت لە شەڕی نێوان عێراق و ئێراندا ..
ھەناردەکردنی نەوتی کەرکوک بۆ بەندەری بانیاس تا ئێستا راگیراوە .. لە
ساڵی (١٩٧٧) بە ھۆی ھێڵێکی بۆڕییە نەوتی تازە کە درێژییەکەی دەگاتە
(١٠٠٥ ) کیلـۆمەترە و تـیرەی بۆڕییەکـەش (٤٠) ئینجە لە شـاری ( کەرکوک)
ەوە بۆ بەندەری( جیھانی ) تورکی راکێشراوە، نەوتی کەرکوک و شارەکانی
عێراق لە ئێستادا بە ھۆی ئەم ھێڵەوە ھەناردەی ڤرۆشتن دەکرێت .. نەوتی
کێڵگە تازەکانی کوردستانیش بە بۆڕییە نەوتی ( کوردستان ـ جیھان: تورکیا
)ھەناردە دەکرێت.
ھەر لە بەرواری ساڵی (١٩٣٥) ەوە .. کە نەوتی کەرکوک بۆ فرۆشتن ھەناردە
کرا ..
ھە لەو ساڵەدا، کە حکوومەتی عێراق بۆ دووەمین جار لە لایەن سەرۆک
وەزیرانی عێراق ( یاسین الھاشمی ) یەوە پێکھێنرا، کە مەیلێکی توندڕەوی
شۆڤێنی عەرەبی ھەبوو .. یاسین الھاشمی دەستیکرد بە بەعەرەبکردنی
پارێزگای کەرکوک .. ئەوەبوو ھۆزی ( جبوری) و ھۆزی ( عوبەیدی) ی کە دوو
ھۆزی گەورەی عەرەبن .. لە پارێزگای موسڵەوە ھێنانی بۆ قەزای ( حەویجە )
کە سەر بە پارێزگای کەرکوکە .. لەویدا نیشتەجێی کردن .. ئەوە یەکەمین
شاڵاوئ بە عەرەبکردنی کەرکوک بوو لە لایەن حکوومەتەی عێراقەوە ..
دواتریش چەند ھۆزێکی تری عەرەبیان ھێنان بۆ پارێزگای کەرکوک وەکو (
لھێـبی، حەمـدانی، نعـێمی، تـەی، بەیـات ) لە کەرکـوک ، لە ( دووبز و
حەویجە و داقوق و شاری کەرکوک ) دا نیشتەجێیان کردن .. حکوومەتە یەک لە
دوای یەکەکانی عێراق بە حکوومەتەکەی ئێستاشەوە .. بە رانبەر بە کەرکوک
پیادەی ھەمان سیاسەتی شۆڤێنی عەرەبییان کردوون و دەکەن، وەکو وتمان تا
ئەمڕۆش بە عەرەبکردنی پارێزگای کەرکوک بە تایبەتیش ( شاری کەرکوک )
درێژەی ھەیە و نەوەستاوە .. تەنگ بە کورد ھەڵدەچنن و رۆژ لە دوای رۆژیش
قەیرانی نوێ و کێشەی زیاتر بۆ کورد لە کەرکوکدا دروست دەکەن .. بە
سەدان درۆ و بوختانی بێ بنەما و بێ بەڵگە بۆ تاوانبارکردن و ناوزڕاندنی
کورد ھەڵدەبەستن .
لە یاسای بودجەی عێراقدا بۆ ساڵی ( ٢٠١٦) لە سەدا حەڤدەکەی (١٧./ .)
بەشی کوردستان وەکو خۆی مایەوە ، ئەگەرچی لە راستیدا ئەو رێژەیە نادەن
بە کورد .. رێژەکە لە نێوان ( ١٠ـ ١٢./ . ) یە .. ناردنی ئەم
بودجەیەیان بەمەجێک بەستۆتەوە ھەناردەی نەوتی کەرکوک و کوردستان خرایە
سەر ئەو رێژە بودجەیەی کوردستان بەپێی رێکەوتنەکەی نێوان ھەولێر و
بەغدا .. دەبێت کوردستان رۆژانە ( ٥٥٠) ھەزار بەرمیل نەوت ھەناردە ی
بەندەری جیھانی تورکی بکات .. کە ( ٣٠٠) ھەزار بەرمیل لە کێڵگە
نەوتییەکانی کەرکوکەوە .. ( ٢٥٠) ھەزار بەرمیلیش لە کێڵگەکانی تری
کوردستان .. ئەگەر کوردستان کەمتر یا زیاتر بنێرن .. یا ئەو بڕە نەوتە
نەنێرن کە لەسەری رێکەوتوون .. حکوومەتی عێراق زیاتر لە ( یەک ملیار )
دۆلار لە کوردستان دەبڕێت .. لەوانەشە لە (١٧./ . ) کەش ببڕن .. خۆ
ئەگەر کوردسـتان رۆژانە تەنھا ئەو (٥٥٠) ھەزار بەرمیلە نەوتە بفرۆشێت
.. بە پێی نرخی ئێستای نەوت کە لە چل دۆلار کەمترە .. ناتوانێت مووچەی
مانگانەی فەرمانبەرانی کوردستان دابین بکات .. بە رای من لەم
رێکەوتنەدا خاڵێکی ئەرێنی ھەیە، ئەویش ئەوەیە کە بۆ یەکەمین جارە
حکوومەتی عێراق رێ بە کوردستان دەدات کە نەوتی کەرکوک بفرۆشێت، ئەمە
دانانە بەوەی کە نەوتی کەرکوک بەشێکە لە نەوتی کوردستان و، دانانە
بەوەی کە کەرکوک بەشێکە لە کوردستان .. بۆێە پەڕلەمانتارانی شیعەکان بە
تایبەتیش پەڕلەمانتارەکانی پارتی ( الدعوە ) ناڕەزاییان دەربڕی و
بەشێکی زۆریان دەنگیان لەسەر بودجەی (٢٠١٦) نەدا .. بەم رێکەوتنە و، بە
خستەپاڵی نەوتی کەرکوک بۆ سەر بودجەی کوردستان .. نیگەرانن و داوای
پێاچوونەوەیان بەم یاسا و بڕیارە کرد .. لە ئێستاشەوە کەوتوونەتە درۆ
ھەڵبەستن بۆ کورد .. پەڕلەمانتاری عێراقی ( ھەیسەم الجبوری ) کە
ئەندامە لە ( لیژنەی دارایی ) لە پەڕلەمانی عێراق، لە رۆژی (١٤ ی/
دێسەمبەر/ ی ٢٠١٥) دا وتی : " ھەندی لە پەڕلەمانتارانی کورد کە ئەندامن
لە ( لیژنەی دارایی ) لە پەڕلەمانی عێراقدا .. ئەوەیان درکاند کە
ھەناردەی نەوتی کوردستان، رۆژانە دەگاتە ( ٨٠٠) ھەزار بەرمیل، نەک وەکو
لە یاسای بودجەدا بە (٥٥٠) ھەزار بەرمیل دیاری کراوە، ئەم
پەڕلەمانتارانە ناتوانن بە ئاشکرا قسەبکەن لەوە دەترسن کە بەند بکرێن "
من بڕوام بەم قسەیەی ھەیسەم الجبوری نییە .. دەزانم مەبەستی تێکدان و
درز خستە نێوان ریزی پەڕلەمانتارانی کوردە لە پەڕلەمانی عێراق ..
پەڕلەمانتارانی کوردمان وریان .. سەڕای ھەندێ ناکۆکی لە نێوان پارتییە
کوردییەکاندا .. بەڵام ھەموویان لە ئەودیوی( شاخی حەمرین ) ەوە .. کۆکن
و یەکڕیزن و یەکدەنگن .. بەرژەوەندی گەلەکەمانیان لە بەرژەوەندی حیزبی
لا لەپێشترە .. ئەو ئازایەتییەشیان ھەیە کەبە ڕاشکاوی رەخنەبگرن و، را
و بۆچوونەکانی خۆیان دەرببڕن .
پێویستە حکوومەتی کوردستان پارەی ( پـترۆدۆلار ) ی نەوتی کەرکوک
حەپەلۆش نەکەن کە ( ٥) دۆلارە بۆ ھەر بەرمیڵێکی نەوتی فرۆشراو ..
کەرکوک بە بڕە پارەی پترۆدۆلار، دەتوانێت مووچەی ئەو فەرمانبەرانە بدات
کە بە گرێ بەست دامەزراون .. دەشتوانێت بۆ کۆمەڵە پرۆژەیەکی بچووکیش
سوودی لێوەربگرن .. پێویستە پارەی نەوتی کەرکوک بە روونی و بە داتە
بخرێتە بەردەستی خەڵکی کوردستان .. بۆ ئەوەی ھیچ قسە و باسێک بە دوای
خۆیدا نەھێنێت .
ئەو لیژنەیەش کە لە لایەن لیژنەی سامانە سروشتییەکانەوە، لە پەڕلەمانی
کوردستان لە رۆژی (٨ ی/ نۆڤەمبەر/ی ٢٠١٥) پێکھێنراوە و، ئەندامی
ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکوکیش لە ناو لیژنەکەدا ھەیە .. بۆ بەدواداچوون
و لێکۆڵێنەوە لەو بڕە نەوتەی کە لە کێڵگەکانی پارێزگای کەرکوکەوە
ھەناردەی جیھانی تورکی کراون .. ھیوادارین کە بە دڵسۆزی و راشکاوی
ئانجامەکانی لێکۆڵینەوەکانیان رابگەین و بە زمانی داتا بۆ خەڵکی
کوردستانی روون بکەنەوە .. بۆ ئەوەی چیتر بڕە پارەی ( پتـرۆدۆلار) ی
کەرکوک حەپەلۆش نەکرێت .. ھەرکەس و ھەر لایەنکیش کە ناپاکی و فێڵ و
دزیان لە سامانی کەرکوک کردووە .. رسوا و بە پەنبن .. چونکە بەشی ئەو
خەڵکە رەشوڕووتەیە .
دەبێ ئەوەش بزانین کە کێشەی کەرکوک .. تەنھا کێشەی فرۆشتنی نەوت و
قەیرانی دارایی نییە .. کێشەی کەرکوک کێشەیەکی نەتەویی و جوگرافی و
مێژوویی و سیاسی دیموگرافییە .. کێشەی داگیرکردنی بەشێکی گرنگ و
دەوڵەمەندی کوردستانە .. کێشەی خاک و نیشتمانە .. بۆیە پێویستە وریابین
و، نابێت کێشەی کەرکوک لە کێشەی داراییدا چڕبکەینەوە .. لە ئەمڕۆدا،
پیلانێکی ژێراوژێر و ئاشکراش لە ئارادایە .. نەیارانی کورد و دەستێکی
ناوچەیی بە جدی کار لەسەر ئەوە دەکەن کە پارێزگای کەرکوک بکرێت بە (
ھەرێمێکی سەربەخۆ ) .. ھەندێ ھەلپەرست و بەرژەوەندیپەرستی کوردیشمان
لایەنگری ئەم نیازە گڵاوەن .. ھەر دەربارەی کەرکوک لە پشت پەردەشەوە
قسە لەسەر چەند سینارێوییەکی تر دەکرێت .. دەیانەوێت لە رێی ئەم
پیلانانەوە، پارێزگای کەرکوک لە کوردستانی دایک داببڕن .. ئەو ھەموو
قوربانییەی کە لە پێناوی گەڕانەوەی کەرکوک بۆ سەر کوردستان داومانە، بە
فێڕۆی بدەن .. نابێت ھیچ کوردێک بەمە رازی بێت .. سازشکردن لە سەر
کەرکوک ( ھێـڵی سوورە ) و ئەوپەڕی ناپاکییە، لە ھیچ کوردێکی لایەنگری
ئەم پیلانە گڵاوانە قبوڵ ناکەین .. با کەرکوکیش وەکو شاری موسڵ لە دەست
نەدەین .. پێویستە ھەموو پارتە کوردستانییەکان، لە ئاستی چارەنووسی
کەرکوکدا . یەکدەنگ و یەکڕەنگ و یەکھەڵوێست بن .
خوالێخۆشبوو ( مستەفا بارزانی ) لە یەکێک لە قسەکانیدا، وتی : "
نامەوێت بمرم و منداڵە کوردێک بە لای گۆڕەکەمدا تێپەڕێت و، پێم بڵێت بۆ
دەستبەرداری کەرکوک بوویت " .. کەرکوک کێشەییەکی سەرەکی نەتەوەییمانە
.. کلیلی چارەسەرکردنی ھەموو کێشەکانمانە .. بە گەڕانەوەی کەرکوک بۆ
باوەشی کوردستان .. کێشەی نەوت و گاز و بەنزین و دارایی و مووچە و
ھەموو کێشەکانی تریشمان چارەسەردەبن .. ھیــوا و خەونی دامەزراندنی (
دەوڵـەتی کوردسـتان ) یش زۆر نزیکتر دەبێتەوە .. ئەمەش خواست و ئاواتی
ھەموو کورد و کوردستان پەروەرێکە .. تەنھا لە سایەی رێکخستنی بە تۆکمەی
ناوماڵی کورد و.. یەکێـتی و یەکڕیـزی و یەکڕەنـگی و یەکدەنـگی و یەک
وتاری سیاسیدا دێتە دی .. داوا لە ھەموو پارتییە سیاسییەکانی کوردستان
دەکەین بەبێ جیاوازی .. کۆتایی بە ناکۆکی و ململانێ و مشتومڕی نێوانتان
بھێنن .. لێبووردە بن و یەکتری قبووڵبکەن .. رێکبکەون و بسازێن .. با
ئەم دەرفەتە زێڕینە لە دەستی خۆمان نەدەین .. زۆر زەحمەتە کە
دەرفەتەتێکی وا دووبارە ببێتەوە .. ھەمووشمان باش ئەوە دەزانین .. کە
بزووتنەوەی رزگاریخوازی کورد .. بە قۆناغێکی زۆر چارەنووساز و ھەستیار
و مەترسیداردار تێدەپەڕێت .. گەلێ بەرھەڵستی رووبەڕوومان بوونەتەوە ..
نەیارانی کورد لە گەلێ لاوە بۆسەیان بۆ ناوینەتەوە .. لە گەلێ لاوە بە
ئاشکرا و بە نھێنی پیلان لە دژی یەکگرتنمان و ھێنانەدی مافەکانمان
دەکێشن .. لە گەلێ رێگاوە ھەوڵدەدەن کە درز بخەنە بزووتنەوەی
رزگاریخوازی کوردەوە .. ھەوڵدەدەن بە چەکە کلاسیکییەکە ( پەرتکە و ..
زاڵبە ) بە یەکتری قڕمان بکەن .. ئەوسا بە ئاسانی زاڵبن بەسەرماندا ..
دڵپاکی و خۆشبڕوایی کوردیان قۆستوونەتەوە .. زۆر جار کەوتوویتە داوی
دوژمنەوە .. با مێژووی تاڵمان دووبارە نەبێتەوە .. با ھۆشیاربین و پەند
و وانە لە ھەڵە و شکستی و لە نەھامەتی و بەسەرھاتەکانمان وەربگرین ..
تاکەی رۆڵەکانی گەلەکەمان، باجێ نابەڵەدی و ھەڵەکان و دوورنەبینی
سەرکردەکانمان بدەنەوە .. با بەر شەرمەزاری و نەفرەتی نەوەکانی
داھاتوومان نەکەوین .. بەسە یەکتری سووکردن .. بەسە پاشقولدانی یەکتری
.. بەسە شەڕە جوێن .. بەسە ھێنانە سەربەڕی بن بەڕە .. دڵنیا و گەشبینم
کە لە سایەی یەکێتی و یەکھێزی گەلەکەماندا، ھێچ ھێزێکی داگیرکەر، ھیچ
سوپایەکی دڕندە، ناتوانن لە بەردەم ئیرادەی پۆڵایین و لە بەردەم
شەپۆلەکانی تسۆنامی راپەڕینی گەلەکەماندا خۆیان بگرن .
برایــان .. خوشــکان .. دڵســۆزانی کوردســتان .. تو شیری پاکی
دایـکمان .. تو خوێنی ئاڵی شەھیدانمان .. با دەست بخەینە ناودەست .. بۆ
یەک ھیـــوا و بۆ یەک مەبــەست .
٢٧\١٢\٢٠١٥
- نەرویج
ماڵپهڕی رهزا
ساڵح
|