په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢\١١\٢٠١٠

نەوتى رەش و بازاڕى رەش و ماڵى سپى.


حوسێن ئیسماعیل خان دەلۆ


لە نێوان رەش و سپیدا وەکو هاوڕێیەکم کە مامۆستاى کۆلیژى هۆنەرەجوانەکان بوو لە وڵامى پرسیارێکمدا ووتى: لە نێوان ئەو دوو رەنگەدا ئەوەى چاوى مرۆڤ تواناى بیبینێ هەیە( 10 ملیۆن ) رەنگە ، ئاخۆ لە پشتى چاوى مرۆڤەوە چەند رەنگى تر هەیە کە مرۆڤ مەحرومە لە بینینى و ناتوانێ چاوى بە دیداریان شاد بێت؟ ئەوە کارى خودایە و ئێمە هەقمان پێوە نییە.


ئەگەرچى ژمارەى پیتەکانى رەش و سپى وەکو یەکە و هەریەکێکیان بە سێ پیت دەنوسرێن بەڵام لەرووى ناوەرۆک و ماناوە جیاوازى زۆریان هەیە ، کورد دەڵێت : ماڵى سپى بۆ رۆژى رەش ، هەروەها قسەى تر هەر لە بارەى رەش و سپییەوە هەیە دەڵێن : بازاڕى رەش و درۆى سپى و بەختى رەش و نێوچاوانى رەش و دەست و پێى سپى و ... هتد .


قەدەرى کورد لە هەڵکەوتى جوگرافیاى شوێنەکەیدا ئەگەر ئاو گەورەترین سامانى سروشتى بێت بۆ هەنوکە لە نەوتدا زۆرترین و بەبایەخترین سامانى سروشتى هەیە ، نەتەوەى کورد تاکو ئێستا قوربانى و باجدەرى ئەو نەوتەیە کە بە ئاڵتونى رەش ناو دەبرێت ، بوونى نەوت وەکو سامانێکى سروشتى ژێر زەوى ئەگەر بۆ وڵاتانى دیکە مایەى و هۆکارى ئاسودەى و خۆشگوزەرانى و خۆشنوودى بوو بێت ئاوا بۆ کورد پێچەوانەکەى بووە و بووەتە فاکتەرى رەشەکوژى و قەڵاچۆکردن و پاکتاوى نەژادى ماڵ کاولى و ماڵ وێرانى و دەربەدەرى و دەردە سەرى، داگیرکەرانى کوردستان وەکو پورەى هەنگیان لە کلوەدارێکدا دۆزیبێتەوە خۆشحاڵ بوونە بە دۆزینەوەى نەوتى لەکوردستاندا شیلەیان زیاتر بەکوردستان چووە و دواى داگیرکردنەکەش ویستویانە خاوەن ماڵیش بکوژن و سامانەکەش بەتاڵان ببەن ، هەر بەو سۆنگەیەوە وڵاتانى زلهێز و بڕیار بە دەستەکانى جیهان هەمیشە هەوڵیانداوە ئەم ناوچەیە بێ کێشە و قڕەوبڕە نەبێت و بەرەوام چاوى لە هێز و دەسەڵاتى ئەوان بێت بۆ چارەسەرکردنى کێشە و گرفتەکانى ناوچەکە ، کورد کیشەى نەتەوایەتى و خاکى هەبووە و ئەوانیش دزى ماڵى کورد و چاویان لە سامانى کوردستان بەگشتى و نەوتى ژێر زەویەکەى بووە ، هەر لەبازاڕى کڕین و فرۆشتنى نەوتدا لە جەزائیر لە ساڵى 1975 شۆڕشى گەورەى ئەیلولیان خنکاند.


نەوت وەکو شمەک و کاڵایەکى سەردەمیان تاکو ئێستا لە برەودایە و بازاڕى گەرمە و بووتە هۆکارى بنەڕەتى بزاوت و جۆڵە سەرەکییەکانى مرۆڤ و ئامێر و بەشێک لە ئامێرە تەکنۆلۆژییەکان و هەرەها نازانرێ ئاخۆ کەى تەکنۆلۆژیا و پێشکەوتن و داهێنان دەتوانێ ئەلتەرناتیفێک بۆ نەوت بدۆزێتەوە یان هەر نایدۆزێتەوە.


ئەگەر ئەلتەرناتیف و جێگەرەوەیەک بۆ نەوت دۆزرایەوە رەنگە ئەو کات بازاڕى ئەوەندەى ئێستا گەرم نەبێت و وڵاتانیش ئەوەندە چاویان لەسەر کوردستان نەبێت (هەرچەند رەنگە لە ئایندەدا شەڕى ئاویش بەرۆکى کورد بگرێت) و ئەوکات مانەوەى نەوتیش بۆ ئێمە ئەوەندە بە فڕ و پیت و بەرەکەت نەبێت و زۆر بەباشى خێر بۆ ئێمەى کورد نەداتەوە کە لە شەڕەکەیدا کورد زیانێکى زۆرى بەرکەوتووە.


چەند ساڵێکە گێرمەوکێشەى نێوان حکومەتى هەرێمى کوردستان و حکومەتى فیدریاڵى عێراق لە سەر یاساى نەوت و غاز بووە و ئەمسەرو ئەوسەرێکى زۆرى تێدا کراوە و تاکو ئێستاش ئەو کێشەیە بەباشى یەکلا نەبووەتەوە و ماڵ بۆ خاوەن ماڵ حەڵاڵ نەکراوە .


ئەو گرفت و کێشانە واى کردووە دەست بردن بۆ ماڵى خۆمان بەدزى و ناشەفاف و لە پێچ و پەناوە بێت، هاوکات ئەو کردووەیەش دەرگا بۆ ئەوە بکاتەوە خۆمانیش لە خۆمان دزى بکەین و دەروازە بووە بۆ فێرکردنمان دزیکردن و چۆن گزى و فزى لە خۆمانیش بکەین ، هاوکات گرێبەستە نەوتییەکانیش لەگەڵ کۆمپانیا بیانیەکاندا بەنرخى زیاتر و ب بەشە پشکى ئەوان زیاتر بێت ئەنجامدراوە.


وامان بەرگوێ دەکەوێت فڵان بەرپرس و فیسارە کەس بەشە پشکى لەنەوتى رەشدا هەیە بۆ گیرفانى خۆى و بەرژەوەندى خۆى سوود لەو بازاڕە رەشە وەردەگرێت ، من نازانم تاکو چەند ئەو قسە و باسانە راستن و چەند خراوتە سەرى و زیادەڕەوى تێدا کراوە، بەڵام ئەوەندە دەڵێم نابێت حکومەت رێگا بەو جۆرە کارانە بدات و ئەو سامانە هى هەموو تاکێکى کوردە و نابێت بەهەدەر بڕوات.


جێگاى سەرسوڕمانە! نەوتى رەش و بازاڕى رەش و فرۆشتنى لە تاریکییەوەیە واى کردووە هەمووان بە گومان بین لەوانەى بەو ئەرکە هەڵدەسن تەنانەت لێپرسراوەکانیش لە یەکتر ، ئەوەى من ئاگام لێبێت لێدوانەکانى بەرپرسانى حکومەت بۆ کەناڵە جیاجیاکانى راگەیاندن بە تایبەت سەرۆکى حکومەت و وەزیرى سامانە سروشتیەکان سەبارەت بە فرۆشتنى نەوتى کوردستان هاوتەریب نەبوو دوو لێدوانى جیاواز بوون .


تاکو ئێستا رۆژانە چەندین ملیۆن بەرمیلە نەوت لە چاڵە نەوتەکانى کەرکوکەوە بۆ دەرەوە هەناردە دەکرێت و بەشێکى زۆر کەمى بۆ بودجەى کوردستان بەسەد منەت و حنەت دەگەڕێتەوە ، ئەمە وێڕاى ئەوەى کە کەرکوکییەکان نەک سوودمەند نەبوونە لە بوونى نەوتەکە بگرە ئەوەندە سووتەمەنیان نادەنى کە بەشى پێداویستى ئەو پارێزگایە بکات کە بەناچارى دەبێت بچنە بەغدا و دواى زیاد کردنى بەشە سوتەمەنى بکەن ئەویش ئەگەر گوێیان لێبگرن و داواکەیان بۆ جێبەجێ بکەن دەکەونە ژێر منەتى ئەوانەوە ، من لێرەدا باسى ئەو چەرمەسەرى و دەردەسەرییە ناکەم کە کوردەکانى کەرکوک بەدەست بوونى نەوتەوە لەو شارە چێشتوویانە و تاکو سەر ئێسقان زەرەرمەند بوونە.


ئەوانەى ئێستا لە بەغدا دەسەڵاتدار و فەرمانڕەوان ماف بە خۆیان دەدەن نەوتى کوردستان بفرۆشن و بەشێکى ئەو پارەش بچێتە گیرفان و خەزێنەى ئەوانەوە لە کاتێکدا هیچ فڕ و مافێکیان نییە بەوەى خۆیان بە خاوەنى سامانى سروشتى کوردستان بزانن و ئەوەى خاوەن شەرعیەتە کورد خۆیەتى .


فرۆشتنى نەوت بۆ حکومەتى هەرێمى کوردستان رەوایە بەڵام بەو مەرجەى کەڵک و سوودى بۆ هەمووان بێت و هەر تاکێک کوردى کە لەم هەرێمدا دەژێت کەڵک لە داهاتى نەوت وەربگرێ و شەفافانە بێت وەزیر و سەرۆکى حکومەت یەک قسەبن لە فرۆشتنى ، من رام وایە کاتى ئەوە هاتووە نەوتى کوردستان بۆ خەڵکى کوردستان و ئاوەدان کردنەوەى کوردستان بەکار بێت و پارەى فرۆشتنى نەوت لە پێشکەوتن و ئاوەدان کردنەوە و بنیتنانەوەى کوردستان خەرج بکرێ و بۆ بوژاندنەوەى ژێرخانى ئابوورى هەرێمى کوردستان بەکار بێت نەک بۆ دەوڵەمەندى کردنى چەند کەسانێک.

 

ماڵپه‌ڕی حوسێن ئیسماعیل خان ده‌لۆ