په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٠\٥\٢٠٢٠

نە خەڵكی غوڵام و نە وڵاتيش خوانی خێڵە.


ئەرسەلان مەحمود  


دەرونی داگیركراوو عەقڵییەتی سەقەت، ناتوانێ‌ و چاوی بەرایی نادات دەرەوەی خۆی ببینێت، بۆیە هەر شتێك بكەوێتە دەرەوەی بستە باڵا دنیا بینییەكەی خۆی و بەرژەوەندییەكانی خۆیەوە، جا وەك تاك بێت یان گروپ، نەك هەر نامۆ دەبینێت هەر نایەوێ‌ تێیبگات،تەنانەت بەهەموو هێزی هەمەجییانەی خۆیشیەوە ئەو شتە بەئامانجی لەڕەوایەتیدان و بێبەها كردنی لەواقیعدا، تەموومژاوی و بارگاوی دەكات، لێدوانە تەشریفاتییە ڕۆژنامەوانییەكەی ئەم دواییەی پارێزگاری دهۆك، وەك وێنەیەكی بچوك لەوێنەیەكی گەورەتردا نمونەی هەرە زیندوی وەها زادەیەكە.

خودی ئەم دەرون نەسازی و نەخۆشییە ناوەكییەش زادەی حوكمێكن بستە باڵا، وەها حوكمێكیش نەقسێكە قوڵ لەحەقیقەتدا زادەی هاوردە كراوی بەردی بناغەو لەپێكهێنەرە بنچینییەكەیەوە سەرچاوە دەگرێت، دەرچەی ئەم هەموو بەخۆشەیدایی و عەقڵیەتە خۆسەپێنەرەی وەها مەعدەنێكیش لەنەهج و ئەداو كارو كردەوەو لێكەوتەو تێكەوتەكاندا لەبەخودو خەڵك نامۆبونەكەیەوە دێت. مەنهەج و ئەجێندای هاوردە كراو هەر خۆی لەخۆیدا چاوەڕوانی ئەوە لەخۆی ناكات ئەم كاڵاو كەلوپەلە تەندروست و پێویستە بێت دەستەبەری خواستەكان بكات تا وەك ئەوەی جەنابی پارێزگار ئیددیعای دەكات ئەم و ئەو بچنە بنكڵێشەو پشت خەڵكەوە هانیان بدەن داوای چاكسازی لێبكەن.

ناخۆشی ئەم حوكمە عەقڵیەت نەسازو نەخۆشە پتر لەهەر شتێك لەوەدایە كاتێك ناتوانێ‌ وەك ئەوەی لایەقە لەسەر پێیەكانی خۆی بووەستێت، دەكەوێتە تۆمەتبەشینەوەو تەموومژاویی كردنی واقیع، بڕۆن سەیری تاریخی حزبەكەی پارێزگار بكەن، بەتێلسكۆبیش نادۆزیتەوە دەنگێكی ناڕەزایی چ لەخۆی و چ لەدەرەوەی خۆی بەرز بووبێتەوە بەڕوی خۆیدا تۆمەتبار نەكرابێ‌ بەدەست لەپشتەوەدانی ئەم و ئەو، ئەم جۆرە حوكم و عەقڵیەتە باوەڕی بەدەرەوەی خۆی نییە، هەموو ئەو شتانە ڕەتدەكاتەوە دەیخەنە ژێر پرسیارو ڕامان و بیركردنەوەی قوڵەوە، خۆی بەخاوەنی هەمووان و دەزانێ‌ و هەرچی هەیشە وجودەكەی لەهەبوونی خۆیەوە دەبینێت، كەچی نەك هەر سەر بەخۆی نییە، جورئەتی خۆدواندنی خۆیشی نییە لەخۆدا، بۆیە بۆی قوتناچێ‌ هەبێ‌ و بییەوێ‌ سەر شەقامی لێبگرێت، پێكهاتەیەكە پتر بەتاڵ و بەد مەست، نەقسەكەی لەڕۆشنایی ئەم حەقیقەتەیشەوەیە خۆی بەسوڵتان و خەڵكیش بەڕەعییەت دەزانێت!

ئەگەرنا، تۆمەت بەشینەوە بەلەپشت خەڵك هاتنە سەرقام، لەڕاستیدا جگە لەناڕەوایەتیدان بەرەِوایی بێچەندو چۆنی مافی مەدەنی و نادیدە گرتنی ئەم هەموو موعاناتە زۆرو زەوەندو قوڵەی ئێستای لەهەر كات زیاتری خەڵك، خۆدزینەوەیشە لەواقیع، هەڵاتنیشە لەبەرپرسیارێتی، خۆپاساودانێكە تەواو زەلیلانە لەكەتافی كوردایەتیدا بێگومان بەڕیباتی بیانییەوە، ماف بدە كەس پەڵپت پێناگرێ‌، ئازادی كۆت و زنجیر مەكە، كەس پێوەندت نابڕێت، خۆت بەخاڵق ببینی و خەڵكیش بەخولقێنراوی خۆت، خۆت بەسەردار بزانی و خەڵكیش تەنها بەبەروبووم و بەرداری خۆت، ئەنانیەتێكە ترسناك، لەڕوحێكەوە دێ‌ نەسازو نەخۆش، غرورێكە لەعەقڵیەتێكەوە دێ‌ پۆپۆلیست و ڕەق، ئەگەر لەخۆیدا نەشكێنێت، ئەمڕۆش نەبێ‌ سبەی هەر دەبێت بشكێندرێت تیایدا.

لەوەگەڕێ‌ بەكەڵك وەرگرتن لەناهۆشیاری و برسیكردنی خەڵك مەسەلەی هەڵبژاردن لەم خۆرهەڵات و هەرێمەی ئێمەدا جگە لەڕەوایەتیدانەوە بەناڕەوایی هیچ بەهایەكی تری ئەوتۆی نییە، نەهەڵبژێردراوەكان خودان و نەئەوانەی دێنە سەر شەقام داوای مافەكانیان دەكەن هەڵگەڕاوە لەخوداو گومڕان، نەخودا نابینایە وەك ئێوە موعانات و ئازاری خەڵك نەبینێت، نەكێشەی ئەم خەڵكەیش لەسەر دین و بێدینییە، بەڵكە هەر دەسەڵات و حوكمێك ئەم و ئەو لەپشت هاتنە سەر شەقامەوەی خەڵك و مافخوراوانەوە ببینێت، ئەوا ئەو دەسەڵات و حوكمە لەزیهنیەتدا خەڵك و حەشامەت بەگەمژە دەزانێ و لای وایە ئەگەر فڵان و فیسار نەبێت خەڵك مۆڕاڵ و مەعدەن و هێزو خواستی بەرگریكردن لەماف و ئازادییە سروشتییەكانی خۆی نییە تا بۆی بڕژێتە سەر شەقام، خالقییەت دروستكردنی ئیزافەیە بۆ سەر هەبوون نەك لوشدانی ئەوەی هەیشە، داهێنانە نەك بیدعە.

كێشەی هەرە گەورەی ناهۆشیاری كۆمەڵایەتی خۆرهەڵاتی و كوردی لەم فەزایەدا، نەك هەر باوەڕنەبوونیەتی بەئازادی لەخۆدا، ترسانیشیەتی لەوەها بەبنەماو بەمانا بوونی پرسێك لەخۆیدا، ئازادی وەك جەنابی پارێزگار بەداهێندراو دەبینێت و پێیوایە لادین و كافرەكان لەپشت ئازادی و هزری ئازادییەوەن، داهێنانیش لەزیهنیەتیدا وەك بیدعە چەسپێندراوە، بیدعەش بێخوداییە،بەڵام ئەسڵی بێخودایی ئەم خۆ بەخوداو ئەم خۆ بەهاوبەش بینینە خوداییەی وەها حوكمێكە لەسەر ئەم بستۆكە زەوییە چارە ڕەش كراوە، لەهەر كوێش برسیكراوەكان ڕویان نەكردنەوە ئەوانەی بەهەر هۆكارو لەهەر ڕێگەیەكەوە برسیانكردون و هەڵگەڕانەوە لێیان، خودا لەپشتییانەوە حزوری هەیە، نەپارێزگارو حزبەكەی موتڵەقن، نەئەم خەڵك و وڵاتەش غوڵام و سفرەو خوان و كەرەستەی بیناسازی خێڵگەرایی مێگەل بەمۆدەكارییە.

حكومەت و قوت و قورگی خەڵك.

نەوڵات بەدروشمی دزراوو داتاشراو بەهێز دەبێت، نەدەنگی ناڕازی شەقامیش بەزیندانیكردن كپ دەكرێت. نیشتمانی بەهێز، عەقڵیەتی بەهێز دەتوانێ‌ بوونیادی بنێت، هێز وەك بەزۆرو زۆرداری سەپاندنی ئیرادە نا، وەك چەسپاندنی بنەماكانی ماف و ئازادییە بنچینەییە مرۆییەكان.

ئەو دەسەڵات و حكومەتەی لەبری پۆزش، خەڵك لەسەر هاتنە سەر شەقام و بەرز كردنەوەی هاواری ماف و ئازادییە سروشتییەكانی زیندانی دەكات، زەلیلە لەعەقڵدا خەڵەفاوە لەزیهنیەتدا. خەیاڵدان و خەونەكان زیندانی ناكرێن!

دەسەڵاتداری چاوقایم، مۆڕاڵی نییە، ویژدانی لەكوێ‌ بوو، چاڵاوەكانی مێژوو پڕییەتی لەحكومڕانی خۆبەزۆرزان، هزری خۆ بەسوڵتان و خەڵك بەڕەعییەت بینین، زۆر كەمخوێنە ئیرادەی نییە، عەقڵیەتی مرۆگەرایی و ژیاندۆستی لەكوێ‌ بوو!!

گەورەترین شەرمەزاری هەر دەسەڵاتێك ئەوەیە قوتی خەڵكەكەی ببڕێ‌ و دەستیش بنێتە قوڕگیانەوە، ترسنۆكترین دەسەڵات ئەوەیە بەهێز، هێزی پۆلیس و بەڵتەچێتیگەرا، هێزی نەرێت و تەموومژاوی قەزایی، وڵامی داخوازییەكانی خەڵكەكەی بداتەوە.

ئەو دەسەڵات و حكومەتەی خۆی بەدەسەڵاتی ڕەواو حكومەتی شەرعی بزانێت، لەو شوێنەی ناتوانێ‌ لەئاست بەجێگەیاندنی بەڵێنەكانی بێت، جا بەهەر هۆیەك بووەو بێت، ڕاشكاوانەو ڕاستگۆیانە لەبری سوكایەتی كردن بەدامەزراوە گەلی و حكومڕانێتییەكان، لەبری قەتیسكردنی ئازادییەكان، لەبری هەر بەكەڵەگایی زەوتكردنی مافەكان، رێز لەشكۆی ئەو دامەزراوانە دەگرێ‌ پێیدەگوترێ‌ حكومەت و پاڕلمان، پۆزش بۆ ئەو خەڵكە دەهێنێتەوە متمانەیان پێداوەو ڕوسورانە دەست لەكار دەكێشێتەوەو فەشلی خۆی ڕادەگەیەنێت.

ئەمە نەسەر شۆڕییەو نەهەڵاتن، حەقیقەتە، ئەوەی ناتوانێ‌ بەرگەی حەقیقەت بگرێ‌ و لەحەقیقەت تێبگات لەوەهمدا دەژییەت، نابیناو كەڕە" نابیناو كەڕ وەك هزرو عەقڵمەندی"، خودیخوی بەرەو جەهەننەمێك لەئاگرو ئافاتی خەڵك دەبات.

 

ماڵپه‌ڕی ئه‌رسه‌لان مه‌حمود

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک