٧\٢\٢٠١٣
نەخۆشیی دەسەڵات..
لە وڵاتانی نا دیموکرات.

رەزا ساڵح
لە ئاوڕدانەوە و چاوپێخشانەوەیەکی خێرادا، بۆ چۆنییەتی وەرگرتنی
دەسەڵات، لە سەدەی بیستەم و لەوە پێشتر و تا دەگاتە ئەم رۆژگارەش.. بە
تایبەتیش لە زۆربەی وڵاتانی ئاسیا و ئەفریکادا، کە ئازادی و
دیموکراتیان تێدا نەبووە و نییە.. سەرکردە و سەرۆک و دەسەڵاتدار و
فەرمانڕەوایانی وڵاتانی ئەم دوو کێشوەرە، یا بە میراتی یا بە
کودەتایەکی سەربازی، یا بە زۆرداری و ستەمکاری و کوشتن و بڕین و
خوێنڕشتن و ئاسن و ئاگر، دەسەڵاتیان وەرگرتووە.. یا لەسەر شان و شکۆ و
خەبات و قوربانیدانی رۆڵە شۆڕشگێڕ و تێکۆشەرەکانی گەلەکانیان
بەرزبوونەتە و گەیشتوونەتە لووتکەی دەسەڵات، هیچ بە لاشیانەوە گرنگ و
مەخابین نەبووە، کە بە هەزاران هاوڵاتییانی گەل و وڵاتەکانیان بکەن بە
قوربانی و سوتەمەنی گەیشتنیان بە دەسەڵات و بە پلە و پایەکانیان.. لە
دوای وەرگرتنی دەسەڵاتیشدا، بۆ خۆ قایمکردن و مانەوەیان بۆ درێژترین
ماوە لە دەسەڵاتدا.. بەبێ شەرم هەموو پایە و پلەیەکی هەستیار و هەموو
دامودەزگا سەرەکییە گرنگەکانی وڵاتەکانیان، لە بنەماڵە و دەست و پێوەن
و ملکەچان و، لە ماستاو ساردکەرەوەکان و لە مامەحەمەییەکانی سەربەخۆیان
قورخ کردوون.. بڕیار و سۆپا و دارایی و وەزیفە و دامەزراندن.. لە ژێر
رکێف و، بە بڕیاری خۆیان بووە.. بەبێ لێپرسینەوە و بێ حەق و حیسابیش
پارە و سامانی وڵاتەکانیان پەخشان و تەخشان کردوون.. بە کورتی کەس نەی
دەتوانی بەبی پرس و ئاگادارایی ئەوان پەنجە لە ئاو وەربدات.. هەردەم
خۆیان تێر و تەسەل و گیرفان پڕکردووە.. تا بۆشیان کرابێت گەلەکانیان
برسی و رەشوڕووت و نەبوون و زەبوون کردوون.. هەر خۆیان بە شایانی ژیان
و خۆشی و دەسەڵات زانیووە..
ئەم دەسەڵاتدارانە، چ پاشا و چ میر، یا سەر کۆمار و، سەرۆک وەزیران
بووبن، تاک رەوانە دەسەڵاتیان بەڕێوە بردووە، بڕیار و وتەکانیان لە
سەرووی یاساوە بووە و پەڕلەمان و ئەنجوومەنی وەزیرانیش کارتۆنی و بێ
دەسەڵات بوونە.. لە ئاستیاندا کەس ئەو ئازایەتییەی نەبووه، کە پێیان
بڵێ: "بەری چاوتان کلی پێوەیە". ئەوانەی لە روویاندا لەلیان بکردایە،
زمانیان دەبڕین و، بەرەو چارەنووسێکی نادیاری هەتا هەتاییان رەوانە
دەکران. یاسا و دادپەروەری و ئازادی و دیموکراتی و یەکسانی و مافی
مرۆڤ، تەنها درۆشمی رووت و مەرەکەبی سەر کاغەز بوون و هیچی تر نەبوون.
بۆ نموونە هەموو پاشاکانی عێراق، لە دامەزراندنی دەوڵەتی عێراقەوە، یەک
لە دوای یەک تا دەگاتە سەرۆک وەزیرانی ئێستای عێراق (نووری مالیکی پاشا)..
هەر هەموویان، نادەپەروەر و پێشێلکەری یاسا و دەسەڵاتپەرست و
بەرژەوەندیپەرست و جیاوازی کەر و سەرکوتکەر و ناڕاست و گەندەڵکار و
گیرفانپڕکەرن بوونە.
دەسەڵاتدارانی وڵاتانی میسر و، تونس و، لیبیا و، مەغریب و، سودان و،
ئوردن و سوریا و، یەمەن و، ئێران و، تورکیا و، رۆمانیا و، پاکستان..
ئەگەر لە هاوشێوەی دەسەڵاتدارانی عێراقدا نەبووبێتن، لەمان باشتر
نەبوونە.. دەسەڵاتیان لە بنەماڵە و دەستوپێوەنەکانیاندا قورخکردبوون و،
تا ئەمڕۆش درێژەی هەیە و دەستبەرداری نابن.. هەموو پاشا و میر و سەرۆک
و سەرۆکی وەزێران و دەسەڵاتدارانی ئەم وڵاتانەش، هەڵگری ڤایرۆسی
قورخکردنی دەسەڵاتن و، هەمووشیان خۆپەرستن و سامان دزی وڵاتەکانیانن..
لەو کاتەی کە گەلی عێراق گەمارووی ئابووری خرابووە سەر و، بە بێ ئاو و
بەبێ نان و، بە کوێرەوەریی و هەناساردیی رۆژ و شەویان بەڕێ دەکرد..
کەچی دیکتاتۆر سەدام حسەین لە یادێکی جەژنی لە دایکبوونیدا، (بیست
ملیۆن دۆلار)ی بۆ ئاهەنگ گێران بەم بۆنەیەوە، لە پارەی عێراقییەکان
خەرجکرد و هەر لەو بۆنە و رۆژەشدا، بێ شەرم و شکۆ، بە بەرچاوی جیهانەوە
پۆزی لێدا و سواری گالێسکەی لە زێر دروستکراو بوو.
هەرچەند تەمەنی ئەم دیکتاتۆر و زۆردار و ستەمکارانە درێژە بکێشێت..
دوژمن و بەرهەڵستیان زیاتر دەبن.. کە جامیش پڕ بوو لێی دەڕژێت.. رۆژێک
دێت کە کونە مشکیان لێدەبێت بە قەیسەری.. ئەوسا دەردەکەوێت کە ئەم
دیکتاتۆر و مێردەزمە و زۆردارانە ، چەند ترسنۆک و بێ غیرەتن.. نە سوپای
دڕندەیان و نە کوشندەترین چەکیان ناتوانن لە رووی راپەڕین و تین و
شەپۆڵی بەهێزی نارەزایی و تووڕەیی گەلەکانیاندا خۆیان رابگرن.. باجی
هەموو کردەوە قێزەوەنەکانیان دەدەنەوە و.. بە سزای رەوای خۆیانیان
دەگەیەنن.
ئەم راستیی و چارەنووسەشما ن بە چاوی خۆمان بینی.. کە دیکتاتۆری
گۆڕبەگۆڕی عێراق سەدام حسەین چەند لە خۆبایی بوو، دەیوت: "من عێراقم و
عێراقیش منم" من پاڵەوانی نەتەوەم و من.. من... هتد، نەوەت و نۆ
نازناوی پیا هەڵدانی بۆ خۆی دانابوو.. بەڵام کە گەلانی عێراق لێی
راپەڕین.. لە پەنجا کۆشک و تەلاری نایابی پڕ لە حەشارگە. شوێنی نەبوو
خۆی لێ حەشار بدات، وەکو جورج زەوی هەڵدڕی بوو.. خۆی تێدا مات دابوو..
ئەو سەدامە لە خۆباییەی بە دەستێک تفەنگی دەگرت و تەقەی دەکرد.. کەچی
وەکو گوێدرێژێکی لە مەیدان فرۆش ، دەمیان دابچڕی و شیلەکانیان دەپشکنی..
لە کاتی دادگایی کردنیشدا، هێندە سەرشۆڕ و رووڕەش و رسوا و بەزیوو بوو،
رووی ئەوەی نەبوو کە سەر هەڵبڕێ و بەرگری لە خۆی بکات.. فسفس
پاڵەوانەکەی ئامۆزاشی - عەلی کیمیاوی -ی نامەرد و بێ غیرەت، لەو رسواتر
بوو.. دیمەنی لە سەگسارێکی پەتکراوی شایانی پێکەنین دەچوو.. ئەمەیە
چارەنووسی هەموو زۆرداران و ستەمکاران و دیکتاتۆرەکان و لە خۆباییەکان.
هەمووشمان چارەنووسی سەرۆکی تونس - زین العابدین بن عەلی -ی هەڵهاتوو
و، سەرۆکی میسر - حوسنی مۆبارەک - خۆڕانەگر و ، سەرۆکی یەمەن - عەلی
عەبدوڵا ساڵح -ی ملکەچ و، شای گۆڕبەگۆڕێ ئێران - حەمە رەزا شا - و،
سەرۆکی گۆڕبەگۆڕی رۆمانیا - چاوچسکی و ، میلۆدۆڤیجی - یۆگۆسلاڤیا -، کە
چۆن رسوا بوون و بە چ ئاکامێک گەیەنران. هەموویان بوونە مەخسەر و پەندی
زەمانە.. هاکا ستەمکارە خوێنڕێژەکەی سوریاش (بەشار ئەسەد) بە هەمان
چارەنووس بگات.
حەزدەکەم چیرۆکی چارەنووس و کۆتایی ژیانی (ناپلیۆن) تان بۆ بگێڕمەوە،
گەرچی ناپلیۆن ناگەیشتە شاگردی ئەو دیکتۆرانەی کە لە سەرەوە ناوم بردن
.
بەڵام ئەمیش تا رادەیەک ، سەرکەوتنەکانی لە خۆی بایی کردن. ناپلیۆن بە
پۆستاڵە سەربازییەکانییەوە، دەیکێشا بەسەر خاکی فەرەنسادا و، دەیوت: "من
فەرەنسا و ئەوروپام.. بەڵکو من جیهانم.." بەڵام دواتر گرتیان و لە (دوورگەی
سانت هێلانە)دا لە ژوورێکی پەرپووتی شیشبەندی بچووکدا بەندیان کرد..
دیمەنی لە دیمەنی ورچێکی زنجیرکراو و ئەڵقە لە لووتکراو دەچوو..
تەنانەت کە پایپی جگەرەکێشانەکەشی لە دەست بەردەبووە و دەکەوتە ئەمدیوی
شیشبەندەکەوە.. زۆر بە داماوییەوە لە پاسەوانی ژوورەکەی، دەپاڕایەوە کە
پایپەکەی بداتەوە دەستی.. بەڵام پاسەوانەکە ئاوڕیشی لێ نەدەدایەوە و،
تەڵفیسی پێ دەکرد.. ناپلیۆن لەم ژوورەدا مرد.. دەبوایە وەکو سەرکردەیەک،
بە جۆق و موزیک و مارشی سەربازی و بە تۆپ تەقاندن و رێوڕەسمێکی شکۆداری
و، بە ئامادەبوونی سەرۆک و پاشایانی جیهان تەرمەکەی بۆ گۆرستان ببرایە
و، بە دەیان چەپکە گوڵ بخرایەتە سەر گۆڕەکەی.. بەڵام ئەم ناپلیۆنە وەکو
کەسێکی بێکەس بردیان بۆ گۆرستان و ناشتیان.. ئەمەش چارەنووسی هەر
سەرکردەیەکی لە خۆباییە، کە وا بزانێت هەتا هەتایە دەخوڕی و دەنازێ.
با سەرۆک و پاشا و فەرمانڕەوا و دەسەڵاتدارانی ئەمڕۆ.. وانە و پەند لە
چارەنووس و لە ئاکام و لە رسوابوون و شەرمەزاریی ، ئەو دەسەڵاتدارانە و
ناپلیۆن وەربگرن.. ئەوە بێنە بەرچاوی خۆیان کە کورسی و پلە و پایە و
دەسەڵات تا سەر بۆ کەس نییە.. بەڵام کاری باش و خۆشەویستی و خزمەتی گەل
و نیشتمان تا سەر دەمێنی.. با چاو لە سەرکردەیەکی تێکۆشەری دەسەڵات
نەویستی وەکو نیلسون ماندێلا بکەن.
بەڵام بەداخەوە، پەتای دەسەڵات و قورخکردنی پایە و خۆپەرستی و تاکڕەوی،
لە نێو سەرکردایەتی و بەڕیۆبەرایەتی زۆربەی پارتە سیاسییەکانی وڵاتانی
نادیموکراتدا، لە ئاسیا و لە ئەفریکادا، چ ئەو پارتییانەی لە
دەسەڵاتدان، یا لە دەرەوەی دەسەڵاتدان.. پلە و پایەی حیزبایەتیش بوونە
بە میراتی و باوک بۆ کوڕی بەجێی دەهێڵێ و، برازا و خوشکەزا و... شوێنی
مام و خاڵ و کاکیان دەگرنەوە.. بەبێ هیچ پێوەر و مەرج و ئاستێکی شیاوی
سیاسی و رۆشنبیری - خوای دەکرد لەولای هیچەوە لۆقەیان دەکرد -
هەڵبژاردنیش رووکەشیە و، مەحسووبیەت و مەنسووبیەت و بەرژەوەندی تایبەتی
و هاوبەش، هەموو ئەم فاکتەرانە بوونەتە هۆی ئەوەی کە کەسانی شیاو لە
شوێنی شیاودا نەبن و.. بێ توانای و نابەڵەدیان پێوە دیاربێت.
تەنانەت ئەو پارتییانەی کە هەڵبژارن و بە دەنگی زۆرینەی دەنگدەرانی
گەلەکەیانیش سەردەکەون و، دەسەڵات دەگرنە دەست.. هەر هێندە خویان قایم
کرد، دەسەڵات قورخ دەکەن و، لە هەموو ئەو بەڵێن و دروشم و پرۆگرامانەی
کاتی هەڵبژاردن بانگەشیان بۆ دەکردن پاشگەز دەبنەوە.. هەموو پلە و
پایەیەکیش قورخ دەکەن.. لە خۆشیان زیاتر بڕوا و متمانەیان بە دڵسۆزی
هاوڵاتیانی تر نییە.
پارتییەکان و دەسەڵاتدارانی ئەمڕۆی عێراقیش، هەڵگری ئەم ڤایرۆسەن و
تووشی ئەم پەتایە بوونە (پەتای قورخکردنی دەسەڵات).. گەندەڵی لە
عێراقدا گەیشتۆتە لووتکە و نومرەی پێوەری باڵای جیهانی لە گەندەڵیدا
زۆر بە زیادەوە شکاندووە.. عێراق شایانی ئەوەیە کە ناوی لە کتێبی (گیتس
دا - بۆ ریکۆردی باڵای جیهانی) لە گەندەڵیدا تۆماربکرێت.. بڕوانامەی
باڵای پاڵەوانی گەندەڵیش پێشکەش نووری مالیکی بکرێت.
ماڵپهڕی رهزا
ساڵح
|