١٨\١\٢٠١١
نەخۆشخانەى ٤٠٠
قەرەوێڵەیى؟ یان ٤٠٠ ساڵى!

هیوا رەش
ئەگەر تەماشاى دەمى کەناڵەکانى ڕاگەیاندنى سەر بە دەسەڵات بکەین ئەوا
کوردستان لە هەڕەمى پێشکەوتنە ئابورى ، سیاسى ، کۆمەڵایەتى ، فەرهەنگى
و ڕۆشنبیرییەکاندایە و پێویستە وڵاتانى دنیا بێن و لاى ئێمە دەرس
بخوێنن و چاومان لێ بکەن و لە ئێمەوە فێر بن تا لە وڵاتەکەیان مافى
مرۆڤ پارێزراو بێت و عەدالەتى بەرقەرار بێت و یەکسانى فەراهەم بێت و
دیموکراسیەت پایەدار بێت و حزب لە حکومەت جیا بێت و دامەزراندن بە
تەزکیەى حزب نەبێت و بە بوژاندنەوەى کەرتى کشتوکاڵى نیشتمان سەوز بێت و
ژینگە پاکژ بێت و نرخى کالا و کەلەپەل و سوتەمەنى گیرفانى هاونیشتمانى
هەڵنەتەکێنێت و بودجە ناڕوون نەبێت و خانەنشینى بێشەهادە پلەى وەزیر
نەبێت و ئاستى خوێندن و شەهادە لە ترۆپکدا بێت و بێکارى بوونى نەبێت و
خزمەتگوزارى لە هیچى کەم نەبێت و لە سێ شاردا فرە کوێخایی نەبێت و لە
برى بنەماڵەیەک دووان حاکم نەبێت و پەرلەمان گوێڕایەڵى حزب نەبێت و بۆ
یەک پرۆژە چەندین جار بودجە تەرخان نەکرێت و بە تەنکەر نەوت بە قاچاغ
ئاودیو نەکرێت و مۆڵەت بۆ خۆپیشاندان دانەنرێت و پرۆژە و
بەڵێندەرایەتییەکان بۆ حزب نەبێت و جادە کانمان پڕ تاسە نەبێت و
ئۆپۆزیسیۆن وەکو دوژمن سەیر نەکرێت و زەوى بۆ پیاوانى حزب دابین نەکرێت
و قەیرانى کرێنشینى چارەسەر بێت و وەزیرێک لە سەر کەموکوڕییەکى
وەزارەتەکەى دەستلەکار بکێشێتەوە و گەندەڵکارێک بدرێتە دادگا و لە
بودجە و قووتى هەژاران بپرسرێتەوە و کاروبارە باشەکان بە منەتى حزب بە
هاوڵاتییان نەفرۆشرێتەوە .
لەگەڵ هەموو ئەمانەدا ئەبێت وڵاتان بێن و لاى ئێمە دەرس بخوێنن و
چاومان لێ بکەن و لە ئێمەوە فێر بن تا بنیاتنانى نەخۆشخانەیەکى 400
قەرەوێڵەیى هەموو ساڵێک بودجەکەى بۆ نۆژەن نەکرێتەوە و یاخوا بە دوو
چاوى خۆمان بیبینین و دواى 400 ساڵى دى تەواو بووبێت و لەوێدا چارەسەری
نەخۆشییەکانمان کرابێت .
ئێمە نامانەوێ شارەکانمان وەکو دوبەى وا بن ، بەڵکو ئەخوازین
سەرۆکەکانمان چەشنى شێخەکانى وا بن ، بە خۆیان و دەسەڵات و داهاتى
بەردەستیانەوە لە خزمەتى گەل و وڵاتدا بن .
تێبینى : لەوانەیە پرۆژە بیناى نەخۆشخانە 400 قەرەوێڵەییەکەى لەمەڕ
خۆمان لە بورجەکەى دوبەى دژوارتر بێت ، بۆیە داواى لێبووردن ئەکەم
ئەگەر گلەییەکەم لە جێى خۆیدا نەبێت .
ماڵپهڕی
هیوا رهش
|