په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٤\٩\٢٠١٢

ساتیر:

نەخۆشخانەی چوار سەد قەرەوێڵەیی یان کاڤیار و گۆڵدنبێری!

سەردار عەبدوڵا     


لە سلێمانی بەجادەی توی مەلیکدا سەرکەوە و یەکسەر بەبێ کۆنترۆڵ بەدەستی چەپدا، خۆت بکە بەشەقامێکی پانتردا کەپێی دەوترێت شەقامی بازنەیی مەلیک مەحمو(پێویست ناکات سەیری لای راست و چەپت بکەیت چونکە ئەو جۆرە کۆنترۆڵانە عەیبە و گاڵتەت پێدەکرێت)، پیویست ناکات باسی خراپی سەلامەتی و ئاماژەکانی هاتووچۆ بکەیت یاخود بۆ خەتی سپی نیوان سایتەکانی بگەڕێیت چونکە دەرکەوتووە کە ماستی (کالەی) ئێرانی وەک بویاخ بەکارهێنراوە لەخەتکێشانی ئەو شەقامەدا. جا پێویستیش ناکات لەو مرورانە بترسیت کەبەکامێراکانیان خۆیان لەبن دارەکاندا شاردۆتەوە، ئەوانە بۆ سەلامەتی تۆ دانیشتوون.
هەر زوو لەدەستی ڕاستت بۆ بینایەکی ئەسەری بگەڕێ کە تەمەنەکەی دەگەڕیتەوە بۆ شەڕی واترلۆ، هەندێ ئەرکۆلۆگی خۆمانەش پێیان وایە کە یەکەم باڵەخانەبێت لەناوچەکە کە کۆنکرێت و شیش لە درووستکردنیدا بەکارهێنرابێت.


سەرەڕای ئەوەی کە تەمەنی ئەم باڵەخانە ئەسەرییە لەلایەن گەنجانی شارەوە بە چوارسەد ساڵ مەزەندەکراوە، بەڵام هیچ یەکێک لەبەتەمەنەکانی شار بڕوا بەم مێژووە ناکەن و پێیان وایە زۆر لەمە کۆنتربێت، هەندێک پێیان وایە کە دووەم پرۆژە بێت لە دوای بنیاتنانی قەڵای هەولێر.


کاتێک گەیشتیتە ئەو بینا پانوپۆڕە، خوێنی خۆت لەسەر شانی خۆتە گەر بتەوەێ بچیتە ژورێ، بۆری و ئاسنی چوارسەد قەروێڵەی ڕزیو بەو ناوەدا بڵاوبۆتەوە لە تیرەکانی جۆمۆنگ خەتەرترن، ڕۆحیانەتی سپی چەند چوارسەدێک نەخۆشی فریای عیلاج نەکەوتوو وەک خێو بەژوورەتاریکەکانیدا هاتووچۆدەکەن و بەدەیانی وەک قەشە ماوریۆ لەو ناوەیان دوورناخاتەوە.


لەدەستی ئەوبەری ئەو نەخۆشخانەیەدا و لەوبەری جادەکەوە سەرقەبرانێکی کۆن نزیکە، دەڵێن کاتی خۆی نەخۆشەکان بەهۆی سیمی ئاسمانییەوەCable car لەنێوان نەخۆشخانەکە و ئەو سەرقەبرانە هاتووچۆیانکردووە( کە ئیستا وێنەیەکی ئەو سیمە ئاسمانییە لە ئەزمەڕەوە بۆ نێو شاری یاری بناری ئەزمەڕ دەبینرێت)، جا وەک باسە کۆمپانیایەکی تورکی بەنیازە بەشێوەیەکی مۆدێرن ئەو سیمە ئاسمانییە درووستبکاتەوە لەسەر ستاندارتی تورکی.


بەهەر حاڵ بۆ ئەو کەسانەی کە لەخەمی چارەنووسی ئەم نەخۆشخانە جوانەمەرگەن، قسەو بەڵێنی جوراوجۆر هەیە. هەر کابینەیەکی حکومەتیش هاتبێت بەڵێنکی جۆروجۆری داوە و خەڵکی خەنی کردووە، ئەو هەموو بەڵینانەش تەنیا سەلمێنەری ئەوەبوون، کە لەناو کوردا هەیە پەیامانشکێنی.


وەک هەموو دەزانین ئەم نەخۆشخانەیە پارەیەکی زۆری تێ دەچێت، کە بەنیازە هەندێکی لەیاری تۆپی پێی دۆستانەی نێوان حکومەتی هەرێم و پەرلەمان بۆ دابینبکرێت، هەرچەند کەس پێی وانییە ئەو یارییە ئەنجامبدرێت ئەویش بەهۆی نەبوونی سایزی فانیلەی بچووک بۆ یاریزانە ڕەشیقەکان.


بەهەر حاڵ، کێشەی ئەم نەخۆشخانەیە لەگەڵ بڵاوبوونەوەی ڕیکلامەکانی کاڤیار و گۆڵدنبێری کەناڵە عاسمانییەکانی خۆمان، لەوەدەچێت بۆ هەتاهەتایە حەلبکرێت و ئیتر لەمەودوا پێویستمان بە نەخۆشخانە و عیادەکان نەبێت.


هەر وەک لەو ڕیکلامانەدا دیارە کەبەهۆی نەخواردنی ئەو نەوعە شتانەیە کە هەموو نەخۆشین و زوودەمرین. کابرایەک ژنەکەی بە هۆی نەخۆشی شەکرەوە میروولە تێیداوە بەڵام دوای بەکارهێنانی ئەو شتانە عەلەمی تێدا نامێنێ و بە هەردوودەست دەستدەکاتەوە بە خواردنی نوقڵ و جیقڵاتە، کابرایەکی فیلەتەن دەبێتە چوارچڵ ئێسقان، ژن و پیاوێکی وەجاخکوێر دەبنە خاوەنی رەوزەیەک مناڵ، ئەوە پەڕاندنی ڕەبوو و سەرەتان باس ناکرێت.


پێدەچێت کڕینی چادرێک و هەڵدانی لەبەردەم نەخۆشخانەی ناوبراودا و تەوزیعکردنی گۆڵدنبێری و کاڤیار بۆ نەخۆشەکان لەسەر شێوە و ستاندارتی ئەڵقە کۆرییەکان، لەکۆڵ خەفەت و مەراقی تەواونەبوونی ئەو نەخۆشخانەیەمان بخاتەوە. وادیارە کە ئەم نەخۆشخانەیە چەندین گوژمەی تری پارەی دەوێت، هەموو ئومێدەوارین کە واز لەو مەسرەفە گرانە بهێنرێت و وەزارەتی تەندروستی بەخێرایی چادرەکە بکڕێت و بکەوێتە تەوزیعکردنی کاڤیار و گۆڵدنبێری بۆ خەڵکی نەخۆشی شار.

 

ماڵپه‌ڕی سه‌‌ردار عه‌بدوڵا

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک