په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٧\١\٢٠٢٤

''نیچە''ی نێرسالار!

دارا خونچە       


ئەرێ ''نیچە'' فەیلەسووف بوو، لێ فەیلەسووفی برەودان بوو وە فەرهەنگی چەوسێنەرانەی سیستەمی سەرمایەداریی کە فاشیزم و نازیزم و رگەزپەرستیی و تاکڕەویی و ستەمگەریی و شەڕ و کارەساتە مرۆیی و ژینگەییەکانی لێوەبەرهات.*


نیچە لە رووی فەلسەفییەوە سەر وە ''فەلسەفەی پووچگەرایی'' بوو کە تەنێ سەرلێشێوان و گومڕابوونی بەرهەمدەهانی. لە رووی هزرییەوە دەستەکی باڵای هەبوو لە سەرهەڵدانی فاشیزم و نازیزم. لە رووی بەڕێوەبردن و پەروەردەی کۆمەڵایەتیش لە چارچیوەی ''خودپەرستیی و نێرگزیی و تاکگەرایی'' دەخولاوە.


سەبارەت بە یەکسانیی نێوان ژنان و پیاوانیش دەیویست شێوازی کەونی نێرسالاریی بگۆڕی وە شێوازی جوانکردنی نێرسالاریی کە دەگەڵ سیستەمی سەرمایەداریی بگونجێ، پێیوەبوو دەبی پیاو هەمیشە توندوتیژ و قامچی وەدەست بی بەرانبەر وە ژن، یان دەیگۆت ژن یەک داوە سروشت داینایتەوە، ژن مەترسییدارترین یارییە، و چەندین ئەندێشە و خولیای ژەهراویی و پووچگەریی دیکەی بەرانبەر وە ماف و ئازادییەکانی ژنان کە هیچیان کەمتر نین لە تێڕوانینی نێرسالارییانەی سەتەکانی نێوەڕاست، پێویست ناکا لەیرە پتر کاتی خۆمانی پێ بکوژین و سەرودڵی خۆمانی پێ بگرین!


جا با چیدی وە ناو رۆشنبیرانی کورد کە لە بن پێی فەرهەنگی کەون و نووی نێرسالاریی و تاکگەریی پانبووینەوە نەبێژن نیچە زۆر لەوە مەزنترە کە بتانین تەنێ وە خستنەڕووی وتەیەک یان چەند وتەیەکی لە دژی ژنان سەرجەمی (فەلسەفە مەزنەکەی!) لەکەدار بکەین.


خانمی خۆشەویست.. کاکە گیان.. نەژنونەمێرانی دەلال، خۆ ئازادییخوازان هیچ دوژمنایەتییەکی کەسییان دەگەڵ نیچە نییە و هەر تەنێ دژ وە پێشێلکارییەکانی ئەو نین دژ وە یەکسانیی.. ئەوەتە سەروگێلاکی ''شۆپنهاوەر'' لەسەرئەوە دەکوتن کە دەبێژی: ''ژنان منداڵکار و هیچوپوچ و کورتبینن''! تەنانەت لە ''ئەرستۆ''ی فەلەسووفی بەر لە زاینیش خۆشنابن کە دەبێژی: ''مێینە بوونەوەرەکی شێوایە''! ئیدی ناتانن لەبەر هەر ئایدیۆلۆژیایەک کە بڕوایان پێی هەیە لە بەرانبەر هیچ فەیلەسووف و بیرمەندەکی (دینیی و نادینیی.. چاک و خراپ.. ئەرێنیی و نەرێنیی'' کە هێرش دەکەنە سەر ماف و ئازادییەکان بێدەنگ بن.


ئاخر لەو دواییانە گێتی فرە گۆڕیاگە، نووکە هەر کەسەک وە راستیی خوونەر بی دەتانی وەک ئەوەی کە ئەز لە سەرێ زۆر وە کورتیی ئاماژەم وە هەندەک لایەنی نیچە دایە.. دەتانی وەدواداچوون و لێتۆژینەوەیان لەسەر بکا و زۆر وە هاسانیی بەو دەرەنجامە بگا کە زۆرینەی تێروانینەکانی نیچە لە ئەنجامی خووندنەوەی نابابەتییانەی دوور لە زانست و ئەندێشەبازیی و تاکبینیی و رق و تۆڵەسەندنەوە چێبوونە.. سەرەنجام هێرشکردنە سەر ئاشتی و ئازادیی و یەکسانیین وە تایبەتییش یەکسانیی نێوان ژنان و پیاوان!
_______________________________________________
* هەر لەوگۆڕەی نییە کە رۆژنامەی (گاردیان)ی دەمڕاستی لیبرالیزمی نوێی جیهان ئەوها داکۆکیی لە ''نیچە'' دەکا:

https://www.theguardian.com/books/2018/oct/06/exploding-nietzsche-myths-need-dynamiting

ماڵپه‌ڕی دارا خونچە

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک