٨\١٢\٢٠١٧
نیگا و
تابلۆ.

سەردار رهزا
دڵم نایا
بۆ فڵچەی نیگاری دەستم
ناز و مەکری شێتانەی تو
دەسکەنەکەم
تیری برۆت لە کاڵانا دەربێنم و
پشتم لە تۆ
رووم لە خواروو و لە کابەکەم
دڵم نایا
لەرەی تەزووی بۆنی گیانت
بۆ کراس سوورێکی نامۆ
بەرەو دوور دوور پەلکێش بم و
بە مەنزڵی بگۆڕمەوە
گڵێنەی چاو دەک نابینا و کوێرایی بێ
گەر بە رووخساری دوور لە تۆ
بشۆرمەوە
شاژنەکەم
بۆیە دێم و
ھەر ئێوارە .........
برژەنگەکان دەکەمە فڵچەی دەستم و
پرچت بە تابلۆی ڕەنگەکان
رووی تۆ کە لە مانگ جوانترە و
خۆریش جورئەتێکی نییە بە رۆژ ھەلّ بیّ
دەیکەم بە وێنای بەرگەکان
لە نزیکی ئێوارەیا ....
بەپرتاو دێم و
بە دەم وەنەوزی ڕەنگەوە
سەما دەکەم
لە سادەیی ونبوونتا
لە سەر تەختی ئاوێتە بوونی حەزمانا
شۆڕشی روخساری تۆی گوڵ
بەرپا دەکەم
دەمە دەمی ئەم ئێوارە....
من ھەر دێم و .....
چی رەنگ ھەیە لە چاوەکانتا دەینیژم
بە مەیلی ئەوینی دڵم
کلی زێوینی سێبەر و ماسکەرای رەشی لی دەدەم
کەف و کوڵی
غەریزەی سەراپا جەستەت
دەخەمە نێو چاوەکانت
مۆنالیزا داچەمێت و
مەستی و مەیلی شێتانەمت تێ بەر دەدەم
ھەر ئێوارە .....
زۆر بە زوویی دێمەوە لات
نیگای کوڵمت بۆ دەکێشم
بە سەر ڕووما چۆڕاوگەی شەونمی لێ بێ
ئاوێنەی ڕەنگی چاوت بێ
ناسک ناسک
دەرکەویت و ناخی پڕ جۆشی ھەوەسم مەست بکەی و
خوا پەرستیم بیر بەیتەوە
تەنھا ھزرم
سەرقاڵ و گیرۆدەی باڵا و لای ناوت بێ
ئا لە کاتی زەردەپەڕا ......
ئەم ئێوارە .....
دێم و دێم و دەست بەر نادەم ...
تا لێوی تۆ بە لێوی پڕ حەزم سەوز نەکەم
تا ئاوی ھەناری لێوت بە سەر لێوما نەچۆڕێنم
پڕ ئەوین و سۆزت نەکەم
ئەم ئێوارە ....
خۆرئاوابوون و تاریکی
دیقەت بدە
پەڕەی فڵچەی نیگارەکەم
وەک چاو و دەستم لاسارن
بەر لە وێنای جوتێ مەمکی سەر سینەکەت
تا دوو بەھێ جوان دەرکەون
سوخمەی بەرت
ئەتەک و ستیان دادەدڕن
ئیدی بەسە
حەشاردانیان بسڕەوە
بۆ نازانی نیگاکانم تینووی پڕ لەرز و ترسمن
تەماشاکە فڵچەی نێوان پەنجەکانم
بە کام سەبای نیوە شەوا
وێنەی دەستم و مەمکەکانت پڕ ڕەنگ دەکەن
بە سەریانا دێن و دەچن
ئەوە دەستەمۆکەی خۆتن
دوو سەگی عەجول و دڕن.
٢٨\١١\٢٠١٧
- ئەڵمانیا -
لیمبۆرگ
serdarjaff@yahoo.com
|