١٤\٧\٢٠١٣
نیگایێکی بەتاڵ لە
ھیوا لەودیو شووشەی فرمێسکەوە.*

نەھیەی خۆشکەلام
ئێوارەیەکی جوان و ئەھوەند و لەسەرخۆیە، پرچی کاڵەوەبوی خۆرەتاوی
مەڵبەندی باران وردە وردە خەریکە پاشەکشە دەکات و ڕێگە بۆ دڵداری
مانگەشەو دەکاتەوە، دەسپێکی شەو بە قەڵاچۆ کردنی دوایین تیشکەکانی
خۆرەتاوێکی جوان و کەموێنە بونی خۆی بە دونیا ڕادەگەیەنێت و ھێمای
پشوودان لە دوای ڕۆژێکی کاری دەنێتە سەر ڕوخساری شاری کۆڵن. بڕیار وایە
ئەو شەوە مەراسیمی "Kölnerlicht"**
بەڕێوە بچێت و ھەر بەو ھۆیە کەش و ھەوای شار لە جێژن دەچێت و لە گەڵ
پاشەکشەی ڕۆژ شەقامەکانی ناو شار لە بەر ڕێبوار بەر ناکەوێت. جوانی
دیمەنی کلیسای Dom***
لەو شەودا بە وشە لە باس کردن نایەت، لە کۆشکێکی ئەفسوناوی دەچێت کە
سەدان ھەزار چێروکی میژوویی لە ئامێز گرتووە، لە خانویێکی جادوویی ، کە
ھەژمونی بوونی وڵاتێک کە بە سەر ئەو ھەمووە ڕووداوەدا تێپەڕێوە
دەگێڕێتەوە، سەدان تروسکە بونەتە بازنەیەک بۆ چاوەدێری ئەم ماڵە
ئەفسوناویە کە مێژویێک لە ئەزمون و زامی سارێژ کراویان لە ناو لانکەی
مێژوویی ئەم وڵاتە بۆ چونە ناو دونیایێکی ئازاد کە مروڤەکانی بە ژن و
پیاو و منداڵەوە ماڤیان پارێزراوە دەلاوێنێتەوە و ھەگبەی تەمەنی بە سەر
گەلێک ڕووداوی مێژوویی کە چارەنوسەکانی دیاری کردووە تێپەڕیوە. شەوی
کۆڵن بە بینینی سیمای ئەفسوناوی کلیسای Dom
لە ناو تەم و مژی ڕابردویێکی درێژخایەنی پڕ لە دەسکەوت ھەیبەتێکی
تایبەتی خولقاندووە کە چاو لە بینینی تێر نابێت، پەیکەرەیەک کە سەر لە
تروپکی ئاسمان ئەسوێت و ماچ لە گۆپکی مەمکی ئاسمان ئەدات.، ژوانگەیێک
کە سەدان ساڵە بە شەو چاوەدێری دەستەملانی مانگ و ئەستێرەکان لە گەڵ
شەودایە و بە ڕۆژ ھاوکات لە گەڵ دەسپێکی بەیان چاوی لێیە کە چلۆن
ئەستێرە سەر نەوی دەکات و کرنۆش دەباتە بەر بومەڵێڵی دەمەوبەیان، چاوی
لێیە، ھەموو ڕۆژێ کە چلۆن کازێوە جەستەی پڕ تەمەنی لە سەر ئاسۆی
ئەرخەوانی لە نێۆ شەبەق دەخەملێنێت. لە سەر چۆمی ڕاین زیاتر لە ١،٥
میلیون نەفەر بۆ دیتنی ئەو شەوە ئەفسوناویە سەقامگیر بووە، کەسی وایە
لە کاتژومیری ٢ی دوانیوەڕۆ بۆ پەیدا کردنی جێگایەک کە باش بتوانی ئەو
شەوە پڕ شکۆیە ببینێت ھاتووە.
لە ناو چۆمی ڕاین دەیان کەشتی پڕ لە جەماوەر بە ئەھوەندی ڕێگەدەبڕن و
بە ناو دڵی چۆمدا بە تروسکەتروسکی سەدان گڵۆپی ڕەنگاوڕەنگ وەک لانکەیێک
بە سەر ئاوەوە بۆ چونە ناو شەوێکی فەراموش نەکراو پیاسە دەکەن.
کاتژومێری ١١.٣٠ دەنگی تەقینەوەی فشفشەکان دەست پێ دەکات بۆ ئەم
مەبەستە لە دوو کەشتی کەڵک وەردەگیردرێت. زۆری نەخایاند کە میچی ئاسمان
بوو بە گوڕەپانی ڕمبازێنی ھەزارن بروسکەی نور کە پەیامی شادیان بۆ
جەماوەر بە دیاری دەھێنا و ھاوکات لە گەڵ تەقینەوەی فشفشەکان و
تەقەمەنی تایبەت بەو شەوە موسیقایێکی ئاشنا بۆ ھاووڵاتیە ئاڵمانیەکانیش
بڵاو دەکرایەوە کە زۆربەی خەڵکەکان گورانیەکانیان دەناسی و لە گەڵی
دەیان خوێندەوە، لە گەڵ تەقینەوەی ھەر بروسکەیێک کە بەرەو ئاسمان ھەڵ
دەچوو و لە ناو دڵی ئاسماندا چرۆی دەکرد و دەگەشایەوە، ھێشوو ھێشوو
ھاوئاھەنگ لە گەڵ موسیقا بارانی نور بە سەما کردن تا دوایین چرکە ی
ھێزی و توانای خۆی دەسپاردە دەست چریکەی مێلودی جادوویی ئەو شەوە
تایەبەتیە و تا دوایین کاتەکانی ھەناسەی بۆ ڕازاندنەوەی ئەو ئاھەنگە
بەرەو زەوی نەوی دەبووەوە و ئەو کات کە دەیبینی کە سوتانی ئەو چ
دەسکەوتێک و چ چێژێکی بۆ ڕازاندنەوەی ئەو شەوە بووە ئوقرەی دەگرت و
کۆتایی پێدەھات. لە ناو گانگای دڵی ئاسمان شەپۆلانی چنگ بە خۆر،
شەپولیان ئەدا و ڕومەتیان لە شەوی لوتبەرزی ئەم وڵاتە ھەڵدەسوو و بە
قەڵەمێک لە تیشک نیگاری چیرۆکی ژیانیان بۆ دونیا دەکێشایەوە و باسیان
لەوە دەکرد کە سەردەمی دەرگا داخراوەکان بە ڕووی دونیای نور و پڕشنگ
کۆتایی ھاتووە.
تۆزی دورتر لە من تارای کچم ڕاوەستاوە و چاوم لێیە کە چلۆن خونچەی لێوی
دەپشکوێت و لە گەڵ گوڵ کردن و چرۆ کردنی ھەر بروسکەیەک کە بە ناو قەدی
ئاسماندا بۆ گەشە کردن ھەڵدەگەڕێ نیگاکانی ئەویش باڵا دەکێشێت و چاوی
بریقەی ئەدایەوە و دەگەشایەوە، بە دیتنی چێژی تارا و ھەزاران منداڵ و
گەورەیتر لەو شەوەدا ھەوڵم ئەدا کە منیش چێژ وەر گرم، بەڵام لە ناخەوە
ھەستم بە ھیچ شادیێەک نەدەکرد ، زۆر سەیرە دەڵیی زۆر لە مێژە مانای شاد
بونم لە بیرم چۆتەوە، بە دەنگی تەقینەوەی ھەر تەقەمەنێیەک کە بڕیار بوو
ئەو شەوەی پێ بڕازێتەوە و بروسکەی شادی لە گەڵ خۆی بە دیاری بھێنێت من
ڕادەچڵەکیم، و بیرم لەوە دەکردەوە کە لە وڵاتی من چلۆن ئەم دەنگانە
ژیان بەتاڵ دەکەن لە ھیوا، ھەر ئەم دەنگانە لە وڵاتی من ھێمایێکن بۆ
ھەرگیز نەگەڕانەوە. بە بینینی زەردەخەندی سەر لێوی منداڵانی ئێرە بیرم
لە زەردە خەندەی بە تاڵانچوی منداڵانی وڵاتی خۆمان دەکردەوە و بە
بیستنی ھەر تەقینەوەیەک کە لە گەڵ خۆی گەواڵ گەواڵ بروسکەی بۆ ناو دڵی
ئاسمان بەڕێ دەکرد و دەوەن دەون باڵای دەکێشا بۆ ڕاچڵەکانی ئەستێرەکان
من بیرم لە ئەو کاتانە دەکردەوە کە شار بوردومان دەکرا و بە دیتنی
بزەی سەر لێوی خەڵکی ئێرە بیری بزەی ھەڵپڕۆکاوی سەر لێوی خۆمانم
دەکردەوە کاتێک کە لە بوردومانی ١٥ی جۆزەردانی شاری بانە جەستە
بێگیانەکان، جەستە بێ دەستەکان، جەستە بێ سەرکانمان ھەڵئەدایەوە و
کاتێک ئەمانبینی کە ئەو کەسە کەس و کاری ئێمە نیە بزەیکی توراو و
تاڵمان دەھاتە سەرلێو و شوکرمان دەکرد کە خواشوکر ئەمە تەرمی براکەم،
تەرمی خوشکەکەم یان برازا و خوشکەزاکەم نیە و تا ھەڵدانەوەی تەرمێکیتر
ھەوڵمان ئەدا کە بەوە دڵشاد بین کە ئەو تەرمە، تەرمە کەسی من نەبوو.
لەو کاتەدا بیرمان بەوە نەئەکردەوە کە ئەم بزەی سەر لێوی ئێمە مانای
زەماوەند و سەرچۆپی ئازار و دەردە لە ماڵێکیترە ھەر وەک ماڵی ئێمە،
ئەوینداری تریفەی ئەم مانگەشەوە لە گەڵ شەودا لە ناو دەریای نور
بێگومان دەبێتە ھەوێنی خەونێکی خۆش و چەکەرەی ھیوا بە ئاسو لە ناو
ڕۆحی منداڵانی ئەمشە و دائەچێنێت، ئەو منداڵانەی کە پڕن لە ھیوا، پڕن
لە خەون بۆ داھاتوو.
بە دەنگی ئاخرین تەقەکان دێمەوە سەر خۆ ئاخرین بروسکەکان لە ناو ئاسمان
وەک تاڤگەیەک دەچێ کە ھەزاران چەپک گوڵاڵەی ڕەنگاوڕەنگ بە ناو دڵی
ئاسماندا دەپڕژێنن و ئاسمان زێڕوەشان دەکەن و پەلکە زێڕێنەیێکی
خەیاڵاوی چەشنی تاجێک دەکەنە سەر کلیسای Dom
و پەنجەرەی خەو بۆ بینینی مەزاری ھیوا ئینسانیەکان دەکەنەوە، پێم خۆشە
ئەمشەو لە ناو چاوەکانی' تارا'دا تێرتێر بنووم بۆ دیتنی جیھانێکی
جوانتر و میھرەبانتر لەو جیھانەی کە من دیتم، پێم خۆشە ئەگەر بۆ
ساتێکیش بوبێت لە ناو قاپی چاوی ئەو نیگام ئاوێتەی نیگاکانی بکەم و لە
دونیا بڕوانم ، بەڵام داخم کە بۆم ناکرێت من بەشێکم لەو نەوە ئازار
چەشتوەی کە چاوەکانم بە مەرگ و خەو ڕایێان دەبوارد، بەشێکم لەو خاکەی
کە چیاکانی لە گەروی زامەوە دەریایێک ئازاری بێ ناو و نیشان بۆ نیشتمان
ھاوار دەکەن. پێناسەی من منداڵانی قەندیلن ئەو منداڵانەی کە ھیچ کاتێک،
ھیچ قوناغێکی ژیان وەک خۆی تێ ناپەڕێنن و ھیچ کاتێک پێ نازانن منداڵ
بوون، گەنج بوون مانای چیە، گرینگ نیە کە لە کوێ بم، من بەشێکم لە
نیگای بە تاڵ لە ھیوای منداڵانی وڵاتەکەم لەو دیو شوشەی فرمێسکەوە، ئەو
گوڵانەی کە پێش ئەوەی چرۆ بکەن ھەڵدەوەرێن، ئەو منداڵانەی کە لەو دیو
شوشەی کریستاڵی زستانەوە بە باڵای بەرزی ئازارەکانینەوە چیروکی کوتایی
ژیان بە گوی چیای زامی باڵابەرزی بناری قەندیل دەچرپێنن.
__________________________________
*
ھەموو ساڵێک لە شاری کۆڵن بەرنامەیەک بە ناوی کولنەلیشت لە ١٣/٧ بەڕێوە
دەچێت من ٢ ساڵ لەمەوبەر بەو بۆنەوە ئەم نوسراوەم نوسی و پێم باش بوو
کە لەم کاتەدا کە دوبارە ئەو ئاھەنگە بەڕێوە دەچێت بڵاوی بکەمەوە.
**
Kölnerlicht بە مانای ڕۆشنایی کۆڵن لە
شەوێکی مانگی یونی لە شاری کۆڵن بەڕێوە دەچێت و لەو شەوەدا بۆ ماوەی
نیو کاتژمێر لە سەر چۆمی ڕاین شار نورباران دەکرێت.
***
کلیسای Dom یەکێک لە کلیسا کۆنەکانە کە
لە شاری کۆڵن لە ٢٧ی سپتامبری ساڵی ٨٧٣ ی زائینی ئیفتتاح کراوە و لە
ساڵی ١١٦٤ ی زائینی بە ئەندازەسازیی نوی جارێکیتر دروست کراوەتەوە.
nahyeh@yahoo.de
|