په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١١\٦\٢٠١٢

نیگەرانیی رەفتاری رەگەزپەرستانە لە ‌یارییەکانی جامی نەتەوەکانی ئەوروپا بۆ تۆپی پێ.


ئاراس رەشید     


وەرزش بە ھەموو جۆرەکانیەوە بریتیە لە پێش بڕکێ لە نێوان تاکە کەس یا گروپ بۆ سەلماندنی کە کامیان خێراتر یا بەھێزتر یا بەرزترە بە پێی یاسا و جۆری ھەر یاریەک. ئەوە جگە لە مەسەلەی پێویستی مرۆڤ بۆ لەش ساغی و ڕاگرتنی تەندروستی باشتر لەچوارچێوەی کەسایەتی دەکرێ و ناچێتە خانەی پێش بڕکێوە. ھەروەھا تەماشاچی ھاندەرانی ھەر یاریەک بۆ لایەنێک لەو ساتانەدا چێژ و خۆشی لێ وەردەگرن.


ئەم سیما و بنەمایەی وەرزش ساڵانێکە تا دێت لەگیان و ڕۆحی ئارەزووی وەرزش دوور دەکەوێتەوە. ئەوەش بۆ ٢ ھۆکاری سەرەکی کە ئامانج لێیان بەژەوەندیە ئابووری و سیاسیەکانە دەگەڕێتەوە. کە تێکەڵ بە ھەلومەرج وکەش وھەوای بەرامبەرکێ سیاسیەکانی ووڵاتان ونەتەوە و گروپە بەشدار بوەکانن. لەکاتی یاریەکاندا ھاندەران ڕق و قینە سیاسیەکانیان کە لەلایەن ڕژێمەکانیانەوە تۆو کراوە و تێکەڵ بەکێ بڕکێیەکە دەکەن و رەفتاری ڕاسیستی و قینەی سیاسی دەردەبڕن و زۆر جاریش کارەسات وتوند و تیژی و قوربانی گەورەی لێ کەوتۆتەوە.


یاریەکانی جامی نەتەوەکانی ئەوروپا ٢٠١٢ بۆ تۆپی پێ, کە لە ٨ حوزەیران لە ھەردوو ووڵاتی پۆلەند و ئۆکرانیا بۆ یەکەم جار لەم ووڵاتانە پێش بڕکێی ئاوا گەورە بۆ ماوەی ٤ھەفتە بەردەوام دەبێ لەخۆ دەگرن.


بە پێی ئاماژەکانی ڕاپۆرتێکی دۆکیۆمێنتەری کە دەزگای بی بی سی بڵاوی کردەوەو ڕەفتارە ڕەگەز پەرستیەکانی ھاندەرانی ئۆکرانیای لە بەرامبەر ھاندەرانی ووڵاتانی ئاسیایی نیشان دا و کاری توندو تیژیان بەرامبەریان کرد بوو، ھەروەھا لە کاتی یاریەکانی پێش جامی ئەوروپا ھاندەران سڵاوی ( نازیان ) کردوە دژ بە نەتەوەی جولەکە. لەچوارشەممەی ڕابردووشدا ھاندەرانی پۆلەندی بە یاریزانە ڕەش پێستەکانی تیمی ھۆلەندەیان گوتوە ( مەیمون) و بۆتە جێی نیگەرانی زۆری ئەو تیمە و تیمی ئینگلیزی و ئەو تیمانەی کە یاریزانی ڕەش پێست لەخۆیان دەگرن. ھەروەھا یەکێتی تۆپی پێی ئەوروپا و بەرپرسان لە ھەردوو ووڵاتی ئۆکرانیا و پۆلەندا توشی نیگەرانی کردوە لە ڕوودانی کێشەو کاری توندو تیژی کە ببێتە ھۆی تیکدان وڕاگرتنی ھەندێک لە یاریەکان. ھەرچەندە ھەردوولا بەرپرسانی ئۆکرانیا وپۆلەندا و یەکێتی تۆپی پێی ئەوروپا ھەندێک ڕێگەو شوێنی یان گرتۆتە بەر بۆ بەرگرتن بە ڕوونەدانی ئەو رەفتارانە، بەڵام ئەوە نیگەرانیەکانی بنەبڕ نەکردوە.


ئینگلیزەکان دەستپێشکەری یەکەم بوون لەدەرکردنی بڕیار دژ بەرەگەز پەرستی. بەجۆریک خێزانی ھەرسێ یاریزانی ڕەش پێستی ئینگلیزی ( ئەلواعد ئەلێکس و ئۆکسلاید و تشامبر لاین و ھاورێکانیان لە یانەی ئەرسناڵ تیۆ ئەلکوت) بریاریان داوە کە لەگەڵیان سەفەر نەکەن، لەترسی ھەرەشە ڕەگەز پەرست ئامێزەکانی ھاندەرانی ئۆکرانیا و پۆلەندا ھەر لەبەریتانیا بمێننەوە بۆ تەماشاکردنی یاریەکان.


مەسەلەیەکی دیکەش کەبوەتە ھۆی بایکۆت کردنی چوونی وەزیری وەرزشی فەرەنسی و وەزیرەکانی دیکە و مستەشاری ئەڵمانی ئەنجلا میرکل و سەرۆکی یەکێتی ئەوروپا ھیرمان ڤان ڕومبوی و سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەوروپا جۆزیە مانویل پارسۆ و وەزیرەکانی بەریتانیا بۆ تەماشاکردنی یاریەکان لە ئۆکرانیا، بەھۆی مەسەلەی زیندانی کردنی سەرۆک وەزیرانی پێشووی ئۆکرانیا تیمۆشینکۆ کە پێشڕەوی بزووتنەوەی پرتەقاڵی کرد لە ئۆکرانیا، بە تۆمەتی سوود وەرگرتن لە دەسەڵاتەکەی و بەکارھێنانی بۆ بەرژەوەندیەکانی خۆی. کە ئەمەش کێشەی زۆری بۆ بەشداری ئۆکرانیا لە یەکێتی ئەوروپا دروست کردوە و بە پەڵەیەکی ڕەش دادەنرێت بۆ مەسەلەی ئازادیەکان لە ئەوروپا.


ئەو پرسیارەی کە لێرەدا دێتە پێش ئەوەیە کە ئایا ئەو پایانەی سەرمایەداری لەسەری گەشەدەکا ( نەتەوە، نیشتیمان، ئایین و جێندەر و ڕەنگی پێست ...) بە تەواوی ژیان وچارەنووسی تاکەکانی کۆمەڵگایان نەخستۆتە مەترسیەوە؟ بەجۆرێک دەخالەت و کاریگەریان بۆ سەر ھەموو جومگەکانی ژیانی ئینسانەکان کردووە ولەھەوڵی تێکدانی تەواوی ژیانی بەشەریەتن، ھەر ئەمانەشە کەلەکارو سیاسەت و ئایدۆلۆژیاو رۆژانە لەمیدیاکانی دەوڵەتە قەومی و حزبە قەومیەکانەوە دەدرێ بەگوێ و دەرخواردی کۆمەڵگا دەدرێت لەیاریەکانی جیھاندا بەزەقی رەنگدەداتەوە لەدابەشکردن و جیاکردنەوەی ئینسانەکان لەیەکتری، کەئەمە پەڵەی شەرمە بەنێوچەوانی سەرمایەداری سەدەی بیست و یەکەم کەئیدعاو بانگەوازی مافی مرۆڤ دەکات.


بۆیە تاکە ڕێگا بۆ بەرگرتن بە ھەموو ئەو موسیبەت و کاولکاریانەی ئەم نیزامە، کۆبوونەوە ویەکگرتنە لە دەوری یەک و یەک ھەویەتی ئینسانیە کەبناسرێ بەجیا لەدین و قەومیەت و رەگەزو نەژاد بۆ بنبڕ کردنی ھەموو کێشەو نا ئارامیەکانی ھەموو سووچێکی ئەم دنیایە کە ئەم نیزامە بۆ مانەوەی خۆی و بەرژەوەندیەکانیان کە تەنیا خۆی لە ( سوود) دا دەبینێتەوە و ڕۆژانە ژمارەیەکی زۆر لە ئینسانەکان دەبنە قوربانی و بە گژ یەکتریان دا دەکەن.


بۆیە گەڕانەوە بۆ بەھا و ژیانی سروشتی ئینسانی و خۆشگوزەرانی و ئارامی و دنیایەکی باشتر، ژێرەو ژوور کردنی ئەم سیستەمەیە کەئەو جیاوازیانە دروستدەکات.


٨\٦\٢٠١٢

ماڵپه‌ڕی ئاراس ره‌شید

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک