١٣\٢\٢٠١٩
نیگەرانیی.

ئەرسەلان مەحمود
١
کەیفم
بە قسانێک نایە مەتاتی،
گەر نا دەمگوت: چەند مەترێک ھەناسە، بەشی ئەوە دەکا
بمانبا بەرەو مەودایەک لە پیاسە، خۆت ون
مەکە!!
٢
حەزم
بە شتانێک نایە مەوسمی،
گەر وا نەبا، چاوێکم لە رۆژھەڵات و، قاچێکم
لە رۆژئاوا و،
دەستێکم لە باکوور و، ھەرچی ئیمانم ھەیە لەسەر
ئەم باشوورەی لای خۆمانم
دانەدەنا!!
٣
جاران زۆر
لە خۆت و، خۆمەوە نزیک بووی،
دڵم نایە ھیچ بڵێم، گەر نا دەمگوت: حەقە ئیتر
عیشق و بازی، سیاسەت و ڕۆمانسییەت، ھاوپیل و پاتری،
زانست و قسەی نەستەق، جیابکرێنەوە
لە یەکتررری!!
٤
خۆش نیە
بڵێم: دەست لە ئافرین ھەڵگرن،
ھەورە تەڕپۆشەکان، وەک ھەمیشە پتر، ڕوو
لە چیان!!
٥
ئێمە بۆ بەفر،
گەر ڕاستت دەوێ چیتر پێویستمان
بەوە نیە چاوەڕوانی زستان بکەین، قەندیل/مان ھەیە،
بۆ ژیانەوە، پێویست بەوە ناکا بە دیار ھاتنی بەھارەوە دانیشین،
داباشان/مان ھەیە، ئاخر چیمانداوە لە ئاتەش پەرستی،
نەورۆزمان ھەیە، بۆ نانی گەرم ھاوینمان بۆ چیە،
گەرمیان/ی بڵێسە و کورەی گەنم رەنگی
مۆڕاڵمان ھەیە!!
٦
بۆ نایەی
لە کۆڵ خۆمانی بکەینەوە، پایز!
ئەوەی ماومانە لە ئومێد، ئەویشی بدەینێ و،
ببڕێتەوە!!
ماڵپهڕی ئهرسهلان مهحمود
|