نهێنییەکانى شکستى
بەرەى گۆڕان و سەرکەوتنى لیستى گۆڕان.
گەرمیانى حەمەىپوور
یەکەم جار وشەى گۆڕان بەو مانایەى گۆڕان لە
سیستەمى حکومڕانى وڵاتدا بکرێت ساڵى 2006 چەپەکان وەکو بەرنامەى کار،
کاریان لەسەر کردو هەر زووش مەشخەڵى کاروانەکەیان کوژایەوە، تادواجار
لەساڵى 2009 پاش گۆشەگیرى نەوشێروان مستەفا لە حزبەکەى و هاتنەدەرەوەى
بەشێک لە لایەنگرانى لە مەکتەبى سیاسى و سەرکردایەتى یەکێتى و لە
سەروبەندى هەڵبژاردنەکاندا جارێکى تر وشەى گۆڕان هاتەوە نێو کایە
سیاسیەکانى کوردستان، ئەوان لیستێکیان بەناوى لیستى گۆڕانەوە بۆ
پارلەمانى کوردستان دامەزراند، بەڵام مەشخەڵى ئەم گۆڕانە مەشخەڵێکى
گەشاوە بوو هەڵبەت بەیەک خستنى ئەو دەنگە ناڕازییەى کە لەشەقامى
کوردیدا هەبوو.
ئەگەر پەیام و بەرنامەى کارى لیسى گۆڕان کە ڕیفۆرمیستەکانى نێو یەکێتى
نیشتمانى کوردستان سەرکردایەتى دەکەن بریتی بێت لە جیاکردنەوەى حزب لە
حکومەت و بەرجەستەکردنى ئۆپۆزسیۆنێکى کاراو حکومەتێکى شەفاف و
سەربەخۆیی دادگاو دابین کردنى دادگەرى کۆمەڵایەتى و پێکهێنانى
پارلەمانێکى هەڵبژێردراوى خەڵک و کارا، ئەوە بەرەى گۆڕانى چەپەکانیش
هەر خاوەنى هەمان بەرنامەو پەیام و کارنامە بوون، بەڵام ئەو نهێنییە
چییە کە کاروانى ئەوانى لە سەرەتاى ڕێگا لە ناو بردو کاروانى
نەوشێروانییەکانى بەشکۆمەندییەوە گەیاندە مەنزگاى خۆى؟
لە 10/6/ ساڵى 2006 پێنج حزبى کوردستانى بۆ پێکهێنانى بەرەیەکى
ئۆپۆزسیۆن بەناوى بەرەى گۆڕان کۆبوونەوە بەڵام هەر دواى ئەو
کۆبوونەوەیە هەریەک لە بزووتنەوەى دیموکراتى گەلى کوردستان کە مام خدر
ڕووسى سەرۆکایەتى دەکرد و پارتى کارى سەربەخۆى کوردستان ڕۆستەم حەلاق
سەرۆکایەتى دەکرد کشانەوە، ئەو کات بەرپرسی یەکێک لە حزبەکان پێی وتم
کە سەرۆکى یەمکێک لە حزبەکان ئاراستەى بەرەکەى وەکو ئۆپۆزسیۆن پێ
مەترسى بووەو لەکۆبوونەوەکەدا وتویەتى لێمانگەرێن با تیکە نانەکەمان
نەبڕن.
پاشان سێ پارتى تر لە 10/10/2006 بەرەى گۆڕڕنیان ڕاگەیاند، ئامانجى
سەرەکى ئەو بەرەیە گۆڕانێک بوو لە هەیمەنەى حکومەتى هەرێم لەو کاتەداو
بەرجەستەکردنى پارلەمان و ئۆپۆزسیۆنێکى کارا لەجەستەى ئەو هەرێمەى کە
ئەوان پێیان وابوو دەبێت بۆ بەرقەرار کردنى دیموکراتییەکى بەمانا
دیموکراتى هێزێکى ئۆپۆزسیۆنى کارا هەبێت و هاوکارى دەسەڵات بێت و
پێکەوە کارى حکومەت تەواو بکەن دواى ماوەیەکى تر پارتى چارەسەر
دەرچوونى خۆى لەبەرەکە ڕاگەیاند و ئەو دوو حزبەى کەمانەوە وایان
ڕاگەیاند کە لە ژێر فشارى پەکەکە کشابێتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا
نەیانشاردەوە کە هەردوو حزبى دەسەڵاتدار لەکوردستان دەستیان لە تێکدانى
بەرەکەیاندا هەیە، هەریەکە لە حزبى ڕزگارى و بزووتنەوەى
دیموکراتسیخوازان کە مابوونەوە دوولەت بوون، و پارتى و یەکێتیان بەو
کارە تاوان بار کرد.
حزبى ڕزگارى کە ڕێکار ئەحمەد سەرکردایەتى دەکرد دەرکردنى ناوبراویان
ڕاگەیاند و لەلایەکى تریشەوە بزووتنەوەى دیموکراسیخوازانیش کۆنگرەیان
بەست و دەست لەکارکێشانەوەى شوکرەڵا حەمەدەمینى سکتێرى ئەوکاتى
بزووتنەوەکەیان ڕاگەیاند و سامان عەلایان وەک سکرتێرى هەڵبژێردراوى
کۆنگرەکەیان بە جەماوەرى بزووتنەوەکەیان ناساند، بەڵام ئەمە تەنها
بەشێک لە مەکتەبى سیاسی و سەرکردایەتى بزووتنەوەکەى لەگەڵ بوو و بەشێکى
تریان لەگەڵ باڵى گشتى بەسەرکردایەتى شوکرڵڵا لەهەولێر خۆیان بە خاوەنى
ڕاستەقینەى بزووتنەوەکە ناساندو ڕایانگەیاند کە ئەوان برادەرانى
سلێمانیان لێ جیابووەتەوە چونکە برادەرانى سلێمانى لە ژێر فشارى
پەیوەندییەکانى یەکێتیدا داواى کشانەوەیان لە بەرەى گۆڕان کردووەو
بەڵێنى وەرگرتنى پارەشیان پێدراوە کە ئەوکات بزووتنەوە لەلایەن حکومەتى
هەرێمى کوردستانەوە پارەیان پێنەدەدرا.
ئەگەر لێرە تێبینى بکەین نهێنییەکانمان بۆ ئاشکرا دەبێت.
چەپەکەیان هەڵگرى هەمان بەرنامەى کار و پەیام و ئامانج بوون کە ئێستا
لیستى گۆڕان هەڵگریەتى، بەڵام ئەو جیاوازییە گەورەى کە لەنێوان ئەو دوو
بزووتنەوەیەدا هەیە دەست بەرداربوون و دەست بەردارنەبوونە لە پارەو
ئیمتیازات.
حزبەکانى بەرەى گۆڕڕن تەنها بۆ ئەوەى دڵى یەکێتى و پارتى نەڕەنجێنن و
ئەو بڕە پارەى کە پێیان دەدرێت لێیان نەبڕن لەبەرەکەیان دوورکەوتنەوەو
کاروانیان خست. بەڵام سەرکردەکانى لیستى گۆڕان لە پلەکانى جێگرى
سکرتێرو ئەندامى مەکتەبى سیاسی و سەرکردایەتى و بۆ خوارەوە تا پۆلیسێک
ئامادەبوون نان بڕاو بن بەڵام ئەو کاروانەى بەڕێیان خستووە بەمەنزڵى
بگەیەنن.
دەکرێت ئەو ڕاستییەش بووترێت کە بزووتنەوەى گۆڕان تەنها باڵە
ڕیفۆرمیستەکەى ناو یەکێتى نییە بەڵکو ئەو بزووتنەوەیەیە کە هەموو
دەنگەناڕازییەکانى لەسەرتاسەرى کوردستاندا کۆکردووەتەوەو لە ئێستادا
بزووتنەوەیەکى جەماوەرى سەرتاسەرییە، لەکاتى دروست بوونى بەرەى
گۆڕانیشدا هەمان جەماوەرى ناڕازى لەکوردستان هەبوو، بەڵام
ئامادەنەبوونى سەرکردەکان یان حزبەکان بۆ دەستبەردار بوون لە ئیمتیازات
هەلى سەرکەوتنى لەدەست بردن، لەگەڵ ئەوەشدا دەکرێت جیاوازى ڕاگەیاندنى
بەرەى گۆڕان و لیستى گۆڕان لەبەرچاو کە کەناڵێکى ئاسمانى و ڕادیۆیەک و
ڕۆژنامەیەکى ڕۆژانەو سایتێکى ئینەرنێت لەگەڵ دەیان ڕۆژنامەنووسى چالاک
بەراورد ناکرێت لەگەڵ تەنها 3 ژمارەى بڵاوکراوەکى بەرەى گۆڕان بەکاڵ و
کرجى.
garmyan@gmail.com
|