په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٧\٤\٢٠١٧

نهێنیی ئەم گشتپرسییە چیە؟


ئاسۆ کەمال      


پارتی پرۆژەی گشتپرسیی دوای ساڵێک١ کردۆتە ئەمری واقیع پاش ڕاکێشانی یەکێتی. سەیر لەوەدایە ئەوانەی ئەم گشتپرسییە ئەنجام دەدەن دەڵێن کە پابەند نابن بە ئەنجامەکەیەوە، واتە دوای گشتپرسیی سەربەخۆیی ڕاناگەیەنن. کەواتە نهێنیی پشتی پەردەی بەرپاکردنی ئەم گشتپرسییە چیە ئەگەر بۆ ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی نیە؟


سەرەتا جێگای سەرسوڕمانە کاتێک باسی گشتپرسیی لە ناو گۆڕەپانی سیاسی کوردستاندا گەرمە بەڵام لە ئاستی عێراق و لە لای دەوڵەتی ئەمەریکا و بەریتانیا ولە ئاستی نێودەوڵەتی و لای نەتەوە یەکگرتوەکان و تەنانەت لە سەردانەکانی بارزانی بۆ لای سەرکردەی وڵاتانی دەرەوە هیچ باسێكی لێوەناکرێ. بەپێچەوانەوە مەسەلەیەکی چارەنووسسازی وا لەهەر شوێنێکی هاوشیوەی کوردستاندا کراوە،بۆنمونە تەیموری ڕۆژهەڵات،باسوری سودان و تەنانەت سکۆتلاند ئەم باسە جیهانی بەخۆیەوە سەرقاڵکردوە.


ئاشکرایە جیاوازی ئەم گشتپرسییەی کوردستان لەوانەی جیهان، ئەوەیە کە لایەنی داواکاری گشتپرسیی لە کوردستان داوای جیابونەوە ناکات تا پیویست بکات سەرنجی جیهانی بۆ ڕاکێشێت؟


سیاسەتی گشتپرسیی پارتی شاراوە و نادیارە. گشتپرسیی بۆ سەربەخۆیی کوردستان دەکرێ بەڵام سەربەخۆیی ئامانج و ئەنجامی گشتپرسییەکە نیە، ئەی کەواتە ئەم گشتپرسییە بۆچیە و لە پێناو چیدایە؟


دیارە مەبەستی پارتی و یەکێتی لە گشتپرسییێکی نافۆرماڵ و ناڕەسمی نیە و ئەگەر گشتپرسیی هەر بۆ دەرخستنی ڕای خەڵکی کوردستان بێ لەسەر سەربەخۆیی ئەوا لە ئەم کارە لە ساڵی ٢٠٠٥کراوە و لە سەدا ٩٨،٥ خەڵکی کوردستان دەنگی بەسەربەخۆیی داوەو دیسانەوە پیویست بە دوبارەکردنەوەی گشتپرسییێک نیە کە بڕیاری گشتپرسییەکە جێبەجێ نەکرێ.


بەڵام ئەگەر گشتپرسییێکی ڕەسمی دەکرێ ئەوا پێویستە ئەم حیزبانەی کە پێشنیاری گشتپرسییان کردوە پێویستە بەرنامەی گشتپرسییەکە وچۆنیەتی جێبەجێکردنی ئەنجامەکەی وەک نەخشەڕێگا وبەرنامەیەک بخەنەڕوو ووە ماوەی ٦ مانگ دیاری بکرێ لەکوردستان تاکو هەموو حیزب وریكخراوە و گروپ وکەسێک مافی ئەوەی هەبێت لەو پرۆسەیەدا بەشداری بکا و ئازادانە بانگەشە بۆ بەرنامەی خۆی بکا.هەروەک حیزبی نیشتمانی سکۆتلەند کاتێ داوای گشتپرسیی کرد ئەو حیزبە بەرنامەی خۆی بۆ سەربەخۆیی سکۆتلەند خستەڕوو کە لەباری ئابوری و سیاسی یەوە چی دەکا؟ مەسەلەی دراو وپەیوەندی لەگەڵ بەریتانیا چی لێ دەکا؟ پەیوەندی بە یەکێتی ئەوروپا وەچی لێ دێت؟ لەسەر نەوت وزۆر مەسەلەی تر چی دەکا؟ وەبەکورتی نەخشەڕێگای سکۆتلەندی سەربەخۆی ئاشکراکردوبانگەشەی بۆکرد تا خەڵک بزانن لەو گشتپرسییەدا بۆ بڕیاری سەربەخۆیی بدەن؟یاخود باشوری سودان٢ بڕیاری گشتپرسیی بەپێی لەپێشەوە ڕێکەوتنی لەگەڵ دەوڵەتی سودان کرد کە ئەگەر بڕیاری سەربەخۆیی دەنگی هێنا جیادەبێتەوەو هەموو چارەسەری کێشەو مەسەلەکانی ئەم ماوەی گواستنەوە و ئینتقالیە بەڕیکەوتنی نوسراو ولەژێرچاودێری نێونەتەوەییدا ئەنجام دا.


گشتپرسیی ئەگەر بڕیاری خەڵکە لەسەر چارەنوسی سیاسی کوردستان. پێویستە پارتی و یەکێتی ئەو بەرنامەیە نیشانی خەڵک بدەن کە چەند کات پێویستە بۆ ڕاگەیاندنی دەوڵەتی سەربەخۆ وەک بڕیاری گشتپرسییەکە و وە بۆچی ئەو ماوەیەی پێویستە و لەگەڵ کێدا ڕێکدەکەون لەسەر ئەو کاتە؟ لەگەڵ‌حکومەتی عێراق چی دەکەن؟ کێشەی نەوت وگازی عێراق وکوردستان و کێشەی کەرکوک وناوچە دابڕاوەکان و سنور چۆن چارەسەر دەکەن ؟لەگەڵ تورکیا وئێران و نەتەوە یەکگرتوەکان چی دەکەن؟


لە نادیاری ئەم بەرنامەی سەربەخۆییەدا و شاراوەیی ئامانج لە بەرپاکردنی ئەم گشتپرسییەدا ، بارزانی پار ڕایگەیاند "سەركردایەتیی سیاسیی كوردستان لە كات و دۆخی گونجاودا ئیرادە و بڕیاری گەل جێبەجێ دەكات."٣ بەم شێوەیە بارزانی پێمان دەڵێ کە مەبەست لە گشتپرسیی سپاردنی کارتی سەربەخۆیی کوردستانە بەدەست "سەرکردایەتی سیاسی کوردستان(بێگومان لە ئیستادا پارتی دیموکراتی کوردستانە)"تاکو بەپێی بەرژەوەندی ئەم حیزبە ببێتە مایەی یاریکردن لەسەر پەتی ئەم سیناریۆ وهاوپەیمانی ونەخشانەی لەناوچەکەدا هەن و بەم پێیە جێگاوڕێگا و ستراتیژی پارتی و بارزانی مسۆگەربکا. مێژووی سەدەیەک لە خەباتی خەڵکی کوردستان لە دژی داگیرکەرانی ئینگلتەرە،ڕژێمی پاشایەتی،قاسم،سەلام وبەعس پێویستە ئەوەی لای خەڵک ڕٶشنکردبێتەوە کە داواکانی خەڵک بۆ ڕزگاری و سەربەخۆیی کراوەتە لیستێک لە داواکاری پلەوپۆست وپارەوڕەسمیەتدان بە دەسەڵاتی ناوچەیی و میلیشیایی ئەم "سەرکردایەتیە سیاسیەی کوردستان" لەژێر ناوی جۆراوجۆری لامەرکەزی،حوکمی زاتی و فیدرالیدا. ئێستاش لەڕێگەی گشتپرسییەوە کارتی سەربەخۆیی بۆ هەمان ئامانج و بەهەمان مەبەست بەکاردەهێنرێ و هیچ کات بە دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆ و بەیەکجاری کۆتایی هێنانی ئەم چارەنوسە سیاسیە نایەت. ئەمە نهێنیی پشتی پەردەی گشتپرسییێکە کە پابەند نیە بە ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی کوردستانەوە.


لای ئۆپۆزسێۆنی گۆڕان هەموو خراپەکاریەکانی دەسەڵات بەهۆی "خواردنی سێوی پەرلەمانەوە" بوە و لێرەش هەر شینی ئەوە دەکا کە گشتپرسیی تا پەرلەمانەکە لەگۆڕ نەیەتەوە دەرێ حەلال نیە. کوردستان لە چارەکە سەدەیەکی خودموختاری خۆیدا بە ڕێکەوت ناوبەناو پەرلەمانێکی بێ سەروزمانی بوە و هەمیشە بڕیار بەدەستی یەکەم "سەرکردایەتی سیاسی"بوە و هیچکام لە دۆستە دیموکراسیەکانی جیهانیش کێشەیان لە پەکەوتنی "پەرلەمانی کوردستان" نەبوە. کردنی سیاسەتی گشتپرسیی بە ئەمری واقیعی کوردستان نیشانی دەدا کە پرۆسەی دیموکراسی و پەرلەمانی لە کوردستان هیچ دەور و نەخشێکی لەسەر دیاریکردنی کوردستان نیە و پارتی ئەو هێزەیە لەڕێگەی گشتپرسییەوە دەیەوێ یەکێتی و حیزبەکانی کوردستان بخاتە بەردەم ئەمری واقعی "کارتی سەربەخۆیی"یەوە.


پارتی بەم کارتە لەلایەک کاریگەری میحوەری شیعە و ئێران بەرتەسک دەکاتەوە لە کوردستاندا و لەلایەکی ترەوە باڵا دەستی خۆی نیشانی تورکیا و ئەمەریکا دەدا . لەسەروی ئەمانەشەوە ڕوخساری مەسەلەی قەیرانی سیاسی لە کوردستان لە پۆستی سەرۆکایەتی و داخستنی پەرلەمانەوە دەگۆڕێ بۆ شەڕی چارەنوس و سەربەخۆیی. هەڵکردنی ئاڵا لە کەرکوک لەلایەن یەکێتی و بەڕێخستنی گشتپرسیی لەلایەن پارتیەوە ئەو گیانە ناسیونالیستیە دەکاتەوە بەبەر ئەم دەسەڵاتەیاندا کە دەنگی ناڕەزایەتی دژی گەندەڵی و هەژاری کزدەکا.


ئەم ڕاستیانەی سەرەوە ئەو ڕاستیە دەخەنە ڕوو کە بانگەشەی گشتپرسیی بۆ سەربەخۆیی دەسەڵاتدارانی کوردستان یاریکردنێکە بە عەقڵ و مەزاجی خەڵکی کوردستان و سیاسەتێکە کە یاریکردنە لەسەر حسابی مافی بڕیاردانی خەڵکی کوردستان لەسەر چارەنوسی خۆی کە دەمێکە دەبوایە وەک خەڵکی کوردستان خۆمان گشتپرسیی و سەربەخۆیمان ئەنجام بدایە و نەمان هێشتایە ئەم مافەش وەک باقی ژیانمان بکرایەتە یاری و دیاری دەسەڵات.

_________________________________
سەرچاوەکان:
١-
www.rudaw.net/sorani/kurdistan/0202201631
٢- (اهم-بنود-قانون-استفتاء-جنوب-السودان):

www.aljazeera.net/news/arabic  
٢-
www.gov.uk/…/topic…/scottish-independence-referendum

 

ماڵپه‌ڕی ئاسۆ که‌مال

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک