په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٣\١١\٢٠١٥

نهێنیی سەرکەوتنەکەی ئاکپارتی.

هۆشیار ئەوڕەحمان   


لە ٧ی حوزەیراندا خەڵکی تورکیا بۆ ڕەواندنەوەی مەترسی ڕۆچون و قوڵبونەوەی دەسەڵاتی تاک حیزبی دەنگیان بۆ حکومەتی کوالیسیۆندا ، بەڵام پێک نەهێنانی ئەو جۆرە لە حکومەت زۆربەی خەڵکی تورکیای بەرەو ڕەشبینی و نائومێدی برد، بۆیە لە ١ ی نۆڤەمبەردا دەنگیاندایەوە بەدەسەڵاتی تاکە حیزبی... لە حەوتی حوزەیراندا تەنها ئاکپارتی توانیتی سودلە دۆخەکە ببینێت و لەبەرژەوەندی خۆی بخوێنێتەوە وپێکنەهێنانی حکومەت لەگەڵ هەر یەک لە حیزبەکانی جەهەپە ومەهەپە وهەدەپە بکاتە سەرمایەی دەنگ ، لە کاتێکدا پلان ولەمپەڕەکە بۆ پێک نەهێنانی حکومەتی کوالیسیۆنی ئاکپاتی خۆی دایڕشتبو ! ئەوە ئاکپارتی بو، کە حەوسەڵەی ئەوەی نەبو ، کە هاوبەشی هەبێت لەدەسەڵاتدا و هەڵەی کوشندەی بەشێک لە حیزبەکانیش ئەوە بو،کە پێش ڕاگەیاندنی ئەنجامەکانی هەڵبژاردنەکە بڕیاری پێشوەختی بەشداری نەکردنی حکومەتیان دابو لەگەڵ ئاکپارتیدا ئەویش بو بەسەرمایەیەکی تری زیادکردنی دەنگ بۆ ئاکپارتی... ئەمە جگە لە بێ بەرنامەیی هەر یەک لە حیزبەکانی جەهەپە و مەهەپە بەتایبەتی مەهەپە هیچ پلان وبەرنامەیەکی رونی نەبو بۆ هەڵبژاردن دژ بە ئاکپارتی لەکاتێکدا ئاکپارتی ئەو بزوتنەوەیەی ناوکۆڵکردبو ، ئەوەی بیستمان وبینیمان لە دەوڵەت باخچەلی لە حەوتی حوزەیرانەوە بۆ ئەم هەڵبژاردنە تەنها ئەوەبو ، کە دەیگوت وێر بیلالی ئاڵ ئیقتیداری ( ver bılalı al ıktıdarı) واتا ئێمە وەکو پارتی بزوتنەوەی نەتەوەیی دەسەڵاتمان ناوێ دەسەڵات بۆ تۆ ئەردۆغان، بەڵام بیلالی کوڕتمان ڕادەست بکە تا دادگایی بکەین ! ئەمە لە کاتێکدا لە دیارکردنی سەرۆکی پەڕلەمانی خولی ٢٥ دا هەمو نویەرانی مەهەپە وەکو ئەوەی نوێنەری ئاکپارتی بن دەنگیان دا بە عصمت یلمازی نوێنەری ئاکپارتی... لێرەدا ئاکپارتی وئەردۆغان هیچ ناحەقیەکیان نەکردوە وبەهەڵەشدا نەچونە، کە جەماوەری مەهەپەیان بەهی خۆیان داناوە، کە بەدوایدا جیابونەوەی ( تورگوت تورکەش*) یشی لێکەوتەوە. دەوڵەت باخچەلیش جگە لە نواندنی توڕەبونێکی بێ ناوەڕۆک وبەتاڵ هیچیتری نەکرد.

واتا حەوتی حوزەیران و پێک نەهێنانی کوالیسیۆن بە خێرکەوتەوە بۆ ئاکپارتی، چونکە زۆربەی دەنگدەر گوتیان ئەوا دەنگیشمان دانێ، بەڵام هیچیان نەکرد .. لێرەدا تاکەکان تەنها بیر لەبەرژەوەندی خۆیان دەکەنەوە وهەمویان پیکەوە نائومێد بونە لەو نائارامەیەی دوای هەڵبژاردن وتەنها یەک لایەن تاوانبار ناکەن لە پێک نەهێنانی حکومەت هەرچەندێک هەوڵدرا ئەو شەڕو ئاژاوەیە تەنها ئاکپارتی پێ لەکەدارو تاوانبار بکرێت ، بەڵام ئەو هەوڵە نەیتوانی خۆی لە هەست ونستی دەنگدەردا جێگیر بکات و ئاکپارتی توانیتی توندو تیژیش بکاتە سەرمایەی بەدەستهێنانی دەنگ و لە بەرانبەر هەدەپە دا توانیتی دەنگی کوردە دیندارو کۆنسەراتیڤەکانی هەڵبژاردنی پێنج مانگی پێشوتر بەدەست بهێنێتەوە، چونکە کوردستان کرایە گۆڕەپانی شەرو پێکدانی نێوان ئاکپارتی و پەکەکە و هەدەپەش لەو نیوانەدا هەڵوێستی رونی نەبو بو بەقوربانی بەرداشی نیوانیان ... سەرەڕای کاڵ وکرچی و بێبەرنامەیی لە راگەیاندنی خۆسەری (özereklık) لە شارو شارۆچکەکانی کوردستان کە جگە لە زیندانیکردن وڕاوەدونانی سەرۆکەکانی ئەو دامەزراوە شەعیانە (سەرۆک شارەوانیەکان) کەلە هەڵبژاردەی کادرو سەرکردەی پارتەکانی هەدەپە() و بەدەپە(BDP) وهەدەکە (HDK)وهەتەکە(HTK) و (Emek)ئەمەک بون، کە ٤٠٠ شەهیدی ژن ومناڵیشی لێکەوتەوە . ئەگەینا گەر بەهیزی دروشمەکانی هەدەپە نەبوایە مەترسی تێنەپەڕاندنی چەپەرەکە تاڵە مویەکی مابو !

ئەمە جگە لە کۆمەڵێک هەڵەی ستراتیژی زۆر کوشندەی دەنگکوژ بۆ نەیارەکانی ئاکپارتی ، لەوانە:

١- کڕکەوتن لەسەر هەمان بەرنامەی هەڵبژاردنی پێشو لەلایەن جەهەپە ومەهەپە وهەدەپەشەوە،، تەنها هەدەپە دروشمەکانی گۆڕی.

٢- ئەنجام نەدانی کۆڕو کۆبونەوە و میتینگ وپانێل لەلایەن حیزبەکانەوە وقۆڕخکردنی سەرجەم دەستگاکانی راگەیانی دەوڵەتی تەنها بۆ ئاکپارتی.

٣- بێتوانایی حیزبەکان لە ساغکردنەوەی هێزی پشتی تەقینەوەکانی ئامەد وپرسوس وئەنقەرە .

٤- سەپاندنی هەڵبژاردنێکی پێشوەخت بەسەر حیزبەکاندا، لە ئەنجامی دروستکردنی دۆخێکی نائاسایی یاسایی بەکاراکردنی مادەی (٧٨) دەستوری بۆ دەسەڵاتەکانی سەرۆک کۆمار بۆدیاریکردنی کاتی هەڵبژاردنی پێشوەخت وناوەخت !

٥ - دەستەوستان بونی جەهەپە ومەهەپە بەرانبەر پێشێلکاریەکانی ئاکپارتی وچاوپۆشی لێکردنی سەرپێچیەکانی ئاکپارتی.

٦- کڕکەوتن لەسەر هەمان نوێنەرو کاندیتەکانی پێشو لەلایەن حیزبەکانی ترەوە ، کە هەر یەکەیان ١- ٢ گۆڕانکاریان کردوە، بەڵام ئاکپارتی لە ئەنجامی شکستەکەی ٧ ی حوزەیرانەوە ‌هەڵەکانی خۆی راستکردەوە و(٢٣٥) کاندیتی لە کاندیتەکانی هەڵبژاردنی پێشو گۆڕی و بەشێکی زۆری لەوانە خستە پێشەوە، کەلەگەڵ ( تورگوت تورکەش) دا لەمەهەپەوە سەنگەریان گواستەوە لای ئاکپارتی وبەمەش توانیتی (٣٧) نوێنەر لەمەهەپە بکشێنێتەوە بۆ خۆی و (١٩) لەهەدەپە کەمبکاتەوەو ( ٤) کاندیتی جەهەپەش لە قوڕدا بچەقێنێت. بە ڕێژەی سەدی ئاکپارتی بەم شێوەیە دەنگی جەهەپە ومەهەپە وهەدەپە ی بردوە : ٤،٢٩ کە دەکاتە ٣٩ کورسی، ٢،٣٧ لەهەدەپە کە دەکاتە ٢١ کورسی ، لە جەهەپە ٠،٣٥ کە دەکاتە ٤ کورسی.. کۆی ئەم ڕێژەی سەدیانە دەکاتە ٦،٣١ بەڵام دەنگەکانی ئاکپارتی (٨،٥٤) زیادی کردوە..

٧ - یەکێک لەهەرە هەڵە کوشندەکان نەبونی خوێندنەوە بو بۆ هەڵکشانی ژمارەی دانیشتوانی خەڵکی تورکیایە ( سبحان اللە) لەماوی پێنج مانگدا لە نێوان دوهەڵبژاردندا ژمارەی دانیشتوانی تورکیا بەبەراورد بەخولی هەڵبژاردنەکانی پێشو جیاوازیەک هەیە، کەساڵی ٢٠٠٢ ژمارەی دەنگدەر (٤١،٤) بوە لە ٢٠٠٧ بۆتە ٤٢،٨ لە ساڵی ٢٠١١ دا ژمارەی دەنگدەر بۆتە (٥٢،٨) لە هەڵبژاردنی ٧ ی حوزیرانی ٢٠١٥ ژمارەی دەنگدەر گەیشتە ٥٤ ملیۆن و٨١٣ هەزارو ٣٧٦ دەنگدەر، بەڵام لە ١ی نۆڤەمبەردا ژمارەی دنگدەر لەماوەی ٥ مانگدا بەم شێوەیەیە ٥٦ ملیۆن و٩٦٥ هەزار و ١٠٠ کەس جیاوازیەکە (٢) ملیۆن و١٥١ هەزار و ٧٢٤ دەنگدەرە ..ئایا ئەم ژمارەی زیادەیەی دەنگدەر لە کوێوەهاتوە؟ چونکە لەبەراوردکاریەکەدا هەر چوارساڵەو ملیۆنێک وشتێک سەرکەوتوە، بەڵام لەم ٥ مانگەدا جیاوازیەکە زۆر گەورەیە و جێگەی گومان وتێڕامانە، کەئەم تەڵەکەیە چۆن بەسەر حیزبەکاندا تێپەڕیوە و ڕۆڵی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان (ysk) چی بوە ؟ کێ بەرپرسیارە لەو زیادبونەی ژمارەی دەنگدەران، لە کاتێکدا لە مێژوی تورکیادا لە ماوەی پێنج مانگدا (*٢) ملیۆن کەس پێکەوە تەمەنیان نەچۆتە سەروی ١٨ ساڵیەوە ! بۆیە دۆزینەوەی ئەم تەلیسمە ئەرکی ئۆپۆزۆسیۆنە، کە تویژینەوە و شیکاری وبەدواداچون بۆ ئەم مەسەلەیە بکەن، کە ڕەوایی وبێگەردی پرۆسەی هەڵبژاردنی ١ ی نۆڤەمبەر دەخاتە ژێر پرسیارەوە . هەڵهێنانی ئەم نهێنیە و بێدەنگی حیزبەکان لە ئەنجامی هەڵبژاردنەکە جێگەی سەرنج وتێرامانە ! چونکە لە مێژوی هەڵبژاردنەکانی تورکیادا ڕیکەوتێکی دەگمەنە ، لەبەر ئەوەی بۆ یەکەم جارە حیزبێکی وەکو جەهەپە لە (٣٥) ولایەتدا دەنگەکانی سفرە و مەهەپەش لە (٥٨) وڵایەتدا دەنگەکانی سفرە... لەبەرانبەردا ئاکپارتی تەنها لە ولایەتی دەرسیم (تونجەلی) سفری هێناوە .. واتا لە کۆی ٨١ ولایەت ئاکپارتی لە (٨٠) ولایەتی تورکیادا سەرکەوتنی بەدەستهێناوە !! ئەمە ئەوە دەگەیەنێت ، کە ئەو دوحیزبە لەدۆخی هەڵوەریندان وئەوەی هەشیانە لەکادرو ڕێکخستن وردە وردە لەدەستی دەدەن. ئاکپارتی لێرەدا دوکێشەی ڕوبەڕودەبێتەوە لۆژیکی و سۆسیۆلۆژی .. لە روی لۆژیکەوە ناکرێت پارتێک لەوپەڕی دۆخی خەراپیدا زۆرترین دەنگ بەدەستنهێنێت ولەناو ٥ مانگدا دەنگەکانی (*٥) ملیۆن بێتە سەری.. ئاکپارتی لە ٧ی حوزەیراندا ١٨ ملیۆن دەنگی هێناوە پاش پێنج مانگ لەو بەروارە ٢٣ملیۆن دەنگی هێناوە بەمەرجێک مێژوی ئەو پێنج مانگە بە خوێناویترین رۆژگارەکانی حکومەتی ئاکپارتی دێنەژماردن، کە تێیدا ٤٠٠ مرۆڤ کوژراوە و ئازادی تێیدا سەربراوە وتەقینەوەی تێدا ئەنجامدراوە و توندوتیژی تێدا گەیشتۆتە پۆپە، دەستدرێژی کراوەتە سەر رۆژنامەنوسان ، کەچی ئەم حیزبە لەم دۆخەنالەبارەیدا دەنگەکانی ٥ ملیۆن زیادیکردوە.. بەلۆژیکی میلەت بتۆقێنە ودەنگ بەدەست بهێنە. ئیتر ئاکپارتی نانی توندوتیژی خواردوە، بۆیە هەرگیز دەستبەرداری نابێت.

سەرکەوتنەکەی ئاکپارتی سەرلەبەری کۆمپانیاکانی راپرسی پێشوەختیان سەرسامکرد، جگە لەیەک پەیمانگای زۆر زۆر نزیک لە ئاکپارتی بەناوی (Adıl gür) ، کە ئاکپارتی چەند دەنگ دەهێنێت پێشوەخت زانیوێتی وپێشبینی کردوە... واتا هیچ کۆپانیایەک لەو کۆمپانیایانە لە ٤١ – ٤٣٪ زیاتری بەئاکپارتی ڕەوانەبینیوە وتەنانەت زۆربەیان هاتنەخوارەوەی دەنگەکانی ئاکپارتیان بۆ ٣٨٪ بڵاوکردۆتەوە . لە کۆتاییدا لەم هەڵبژاردنەدا جگە لەئاکپارتی هەمو حیزبەکانی تر دۆراون. نهێنی سەرکەوتنەکەش ناگەڕێتەوە بۆ سەرۆکی ئاکپارتی احمد دواد ئۆغڵو ، بەڵکودەگەڕێتەوە بۆ ئەردۆغان وتیمە پسپۆڕەکەی بواری هەڵبژاردن وهەڵسەنگاندن. لەگەڵ فەراهەمکردنی هەمو تواناکانی دەوڵەت لەپێناوی سەرکەوتنی ئاکپاتیدا بەسەر ڕکابەرەکانیدا.... لێرەشدا پێویستە خوێنەرو شارەزایان لە کاروباری تورکیا ئەو راستیە بزانن، کە هەر یەک لەپارتەکانی (BBP) بەیوک بیرلک پارتیسی و(FS) فەزیلەت پارتیسی بەنهێنی لەگەڵ ئاکپارتی ڕیکەوتبون دژ بە حیزبەکانی تر.


لە ٧ ی حوزەیرانەوە بۆ ئیمڕۆ دەکاتە ١٤٦ رۆژ وئەوا پێنج رۆژیش بەسەر هەڵبژاردنە کارەساویەکە و سەرکوتنە تەلیسماویەکەی ئاکپارتیشدا تێپەڕی، بێ ئەوەی هیچ لەپارتەدۆراوەکان حەپەساوی وسەرسامیان ڕەوابێتەوە... هەرچی مەهەپە ودەوڵەت باخچەلیە گەشکەوپەکەملێیداون نوزەیان لێوەنایان ئاکپارتی مارانگازی کردون ، بەوەی ئاکپارتی بە مەهەپە دەڵێین (ئێمە زۆر لە ئێوە زیاتر نەتەوەچی ونەتەوەپەرستین، هەر بۆیە مانەوەتان وەکو حیزبێک بێهودەیە) هەرچی جەهەپەیە ئیستی پێکراوە و لە شوێنی خۆی گینگڵدەدات ! بەبەپە و فەزیلەت شیرینی خۆیان وەردەگرن... دەمینێتەوە سەر هەدەپە کە هێشتا نازانێت دەنگەکانی، کەلێی کەمبۆتەوە چوە بۆ ئاکپارتی یاخود دەنگەدەرەکەی لەبەر هەر هۆیەک بێت نەیتوانیوە بگاتە سەر سندوقەکانی دەنگدان، چونکە دۆخی ناوەند و بنکەکانی دەنگدان لەباکور نائاسایی ولەبنکەو بارەگای سوپا وجەندرمە دەچون تا ناوەندی دەنگدان ! لەم هەڵژاردنەدا باسی زیادبونی(٢) ملیۆن دەنگدەر دەکرێت ، بەڵام بەپێی ئامارێکی دروست ژمارەی دەنگەدەرەکان (١،٦) ملیۆنێک و شەش سەد هەزارە، کە ئەویش سڕێکیترە ڕەنگە ساغکردنەوەی هەرواسانانەبێت .

تورگوت تورکەش کوڕی حسین فیض اللە ئەڵپ ئەرسەلان تورکەش ( باشبوغ) ە تورکەش دامەزرینەری (MÇP) و پاشان (MHP) و باوکی روحی نەتەوە پەرستەکانی تورکیا وئاسیای ناوەراستە. تورگوت هەر لەدوای مردنی باوکیوە چاوی لە شوێنەکەی باوکی بو ، بەڵام تەنها چەند مانگێک ڕیگەیاندا سەرۆکی مەهەپە بێت ئەم دەوڵەت باخچەلیەی ئێستا دەریپەڕاند پاشان جارێکیتر وەکو جێگری سەرۆک دەستبەکاربۆتەوە تا دوای حەوتی حوزەیران سەنگەری گواستەوە بۆ ناو پارتی دادو گەشەپێدان وپۆستی جێگری سەرۆک وەزیرانی پێدراو لەناو ئاکپارتیدا بایەخی تایبەتی پێدرا.
 

ماڵپەڕی هۆشیار ئەوڕەحمان

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک