٢٧\٧\٢٠١٣
نێڵسۆن ماندێلا و
سەرکردەکانی کورد.

دەریا
''من رێگەی سەخت و دژوارم بڕی بۆ ئازادیی،
کۆششی زۆرم کرد لە پەلوپۆ نەکەوم، من ھەڵەم کرد لەو رێگەیە درێژەدا،
بەڵام ئەو نهێنییەم دۆزیەوە کە پاش ئەوەی وەسەر چیایەکی گەورە سەربکەوی
زۆر چیای دیکە ھەیە دەبێ مرۆڤ وەسەری بکەوی''.
نیلسۆن ماندێلا لە ساڵی ١٩١٨ لە دایک بووە و بە
یەکەمین سەۆکی ئەو وڵاتەش دادەندرێ کە بە شێوازی دیموکراسیی
ھەڵبژێردرا، کەسایەتییەکی ناسراو و بەناوبانگە لە جیھاندا و لە دڵی
گەلانیشدا جێگەی تایبەتی خۆی ھەیە، کەسایەتییەکی ئاشتییخوازو خۆڕاگر و
خۆشەویستە و ساڵی ١٩٩٣ خەڵاتی ئاشتیی پێ بەخشرا،
ھەروەھا لە ساڵی ١٩٩١دا تورکیا خەڵاتی ئاشتیی
ئەتاتورکی بەخشییە نیلسۆن ماندێلا، بەلام ئەو مرۆڤە قارەمانە سەربەرز و
ئازایە، ئەو پیاوە نەبەردە دژ رەگەزپەرستییە، ئەو پیرەمێردە جوان و
تەڕپیرە کە رۆحی پڕە لە میهر و بەخشندەیی، بیر و رامانی پڕە لە
ئازادیی، ھەست و سۆزی وەک ھی پەپوولەکان جوانە، فەرمووی ئەو خەڵاتە بۆ
من ژەھرە.. بۆ من دەردە.. بۆ من کوشندەیە، ھەر کەسێک دەیەوێ بڵێ ئەو
خەڵاتە بەرزە.. با بچێ بۆ ھەفتەیەک لە تورکیا بڵێ من کوردم! بەڵێ.. ئەو
مرۆڤەە سادە و ساکارە ئەو خەڵاتە دزێوەی رەتکردەوە.. وەرگرتنی ئەو
خەڵاتەی بە تاوان دانا، حیزبەکەی کە ناوی (ئەی.ئێن.سی) بوو بە فەرمیی
راگەیاندنێکی لەسەر خەڵاتەکە و کورد دەرکرد، بۆیە یەکێک لەو کەسانەی
ھەمیشە لە یادمە ئەو مرۆڤە ھەمیشە سەربەرزەیە و ھەردەم شانازیی پێوە
دەکەم، ئێستا دەڵێم ئەگەر ئەو خەڵاتەی ئەتاتۆرکیان بە سەرکردەکانی کورد
بەخشیبا، بێ دوودڵیی وەریاندەگرت و چەندین وێنەشیان لەگەڵ دەگرت و
شانازیشیان پێوەدەکرد!
سەرکردەکانی ئێمە ھەرچی زەوی ھەیە لە شار کردوویانە بە خانوو و
باڵەخانەی چەند نهۆمیی، ھەرچی ھیوا و گوڵ و جوانییەکانی نێو شار ھەیە
ھەر ھەموویان ھەڵوەراند، سەرکردەکانی ئێمە بە گوللە وەڵامی پێنووس
دەدەنەوە، ھەرچی ھیوا و خەونی (سەردەشت و سۆران)*
ھەبوون گوللەبارانیان کردن. سەرکردەکانی ئێمە کە ھەمیشە بیریان لە
سندووقی مێشکیاندا دەشارنەوە و بوێریی ئاشکراکردنیان نییە، ھەرچی رق و
کینە ھەیە بەرانبەر بە یەکتری دەکەن، سەرکردەکانی ئێمە نەھامەتیی و
فرمێسک و مەرگ و بۆنی بارووتیان پێشکەش بە مرۆڤایەتیی کردووە، ھەرچی
ھەژاریش ھەیە چاوەڕێی مەرگ دەکا، پڕنرخترین و مەزنترین شت بۆ مرۆڤ
ئازادیی بیرکردنەوە و ژیانکردنێکی ئازادانەیە چون مرۆڤ لە بنچینەدا بە
ئازادیی لە دایک بووە و دەبێ بە ئازادییش ژیان بکا.
______________________________________
*
(سەردەشت عوسمان
و سۆرانی مامەحەمە)،
دوو شەهیدی پێنووس.
کەنەدا
deriyarewandzi@hotmail.com
|