نمایشتى
شانۆیى(خاڵــى گــەڕانــەوە)ی (نعمە السودانى).
وهرگێڕانی: کاردۆ
دەرهێنانى: کیم ئارنتزین ،هۆک ئەلین
ڤاندێن
نواندنى: ژمارەیەک ئەکتەرى هۆڵەندیى وەک
یاکۆب فلیر،یانیس سلوت ،لوسیا میوسین ، ماریکا بۆجاکى ، میریل کامب و
هەردوو ئەکتەرى عیراقى دورەید عەباس و موهەننەد رەشید و چەند ئەکتەرێکى
تر..
ئیفێکتە دەنگییەکان : ریچارد یانسن.
جلوبەرگ: ئانا ماریا دى یۆنگ،ماریت
نایهاوس ، ئەمە جگە لە بەشداریى ژمارەیەکى بەرچاو لە دیکۆریست و
هونەریى دیکە
شوێن: وێستگەى سەرەکیى شەمەندۆفێری
ئەمستردام ..دیمەنەکانى نمایشتەکە لە سەر شۆستە و نێو کوچەو کۆڵانەکانى
وێستگەکەدا بەڕێوە دەچن.
وەرگر: دوو جۆرن، ئەوى یەکەمیان لە
نمایشتەکە بەئاگایەو لەگەڵ رووداوەکاندا لە شۆستەیەکەوە روو دەکاتە
شۆستەیەکى تر و لە رێى (هێدفۆن)ەوە گوێبیستى تەواوى ئەو ئیفێکتە
دەنگیانەدەبێت کە بە درێژایى زیاتر لە (80) خولەک لە گەڵ کردەکانى نێو
نمایشتەکەدان ، جۆرى دووەم بریتییە لەو گەڕیدەو گەشتیارانەى کە لە
وێستگەکەدان ،بەشێکیان بە دیمەنەکانى سەر شۆستەکان دووچارى سەر
سوڕماندەبن و لە مەسەلەکە ناگەن ،بەشێکى دیکەیان بارودۆخەکەیان بەلاوە
ئاساییە و هیچ کاردانەوەیەکى بەسەریانەوە نییە .
نمایشتەکە لەساتێکى لێوانلێو لە بێدەنگى دەستپێدەکات ،هەر هەمو
چاوەڕوانن لە لاى راست یان چەپەوە کەسێکى نوێ ئامادەبێت ،تەواوى شتەکان
لەم بێدەنگییەدا روودەدەن ، مرۆڤـ رووبەرووى خۆى دەبێتەوە بۆ ئەوەى
ماڵئاوایى لێبکات ، بە یادەوەرییەکانیدا دەچێتەوە هەر وەک بڵێى
تابلۆیەکى کۆنى تەواونەکراوى نیگارکێشێکى بەناوبانگبێت ..
جانتاگەلێکى گەورەو بچوک لە شۆستەکەدا دەهێنرێن و دەبرێن لەم کەش و
هەوایەدا بە بینینى (جوڵە و وەستان) لە ساتەوەختى جیاوازدا دەبیتە
هاوڕێى جنۆکەو،شەیتانەکان ،شتێک بەر دەستت دەکەوێت و وونیدەکەیت ،پاشان
دەیدۆزیتەوە ،بەم جۆرە لەماوەى چەند خولەکێکدا شتەکان بە خێرایى
دەگەڕێنەوە شوێنى خۆیان ..
رووبەرێکى فراوان لە ئارادایە سەبارەت بە درک نەکردن بەو شتانەى کە
روودەدەن ، بە درێژایى ماوەى نمایشت رێگایەکى ئێجگار تایبەتى
بەدیدەکەین و لە میانیەوە دەگەین بەو رووداوانەى کە هێدى هێدى لە شوێنە
جیاجیاکانى ئامادەبووانى تایبەتى نمایشتەکە سەرهەڵدەدەن، ئەمان بە
مەبەستى بەدواداچوونى کردەکان بە دواى هەردوو دەرهێنەرەکەوە رێیاندەکرد.
ژنێکى ئازا و بوێر لە خانویەکدا لەگەڵ فەرمانبەرەکانیدایە و سەرپەرشتى
هاتووچۆى شەمەندۆفێرەکان دەکات،و چاودێریى ژیانى ئەو کەسانە دەکات کە
لەسەر شۆستە لە یەکدوورەکاندا دێن و دەچن و چاوەڕوانى ژووانەکانیانن،
ئەوان لە خودى خۆیان هەڵدێن و پێشى خۆیان دەکەون..چاوت بە دوایانەوەیە
لە چەند شوێنێکدا دەیانگریت کە کاتى تێدا نییە، جانتا جۆرا و جۆرەکان
دەبینیت ،گەورە و بچوک ،جانتاى دەستى ،و جانتاى پشت ، ئەوانەى کە لە
رێى رەورەوەى بچوکەوە رادەکێشرێن، لە هەمو رەنگێکن ..
جانتاى گەورەى پڕ لە کەسەر ، جانتاى بچوکى دەستى کە لە ئاکامى فرەیى
خۆشەویستیى ئاشکرا و شاراوە بە جۆرێکى سەیر لێوان لێون لە قیژە و
هاوار،هەروەها ئەو جانتا پشتییانەى کە بە هۆى ئەو شەرمەى کە تژییە لە
گومان سور هەڵگەڕاون .
لە شوێنەکانى کۆچکردنى بەردەوامدا ژیان بەم
چەشنەیە..
کچێکى جوان بە دەستەگوڵێکەوە بە هەمو لایەکدا رادەکات بەدواى
خۆشەویستەکەیدا دەگەڕێت کە بڕیارە ئامادەبێت ،بەڵام هێشتا نەگەیشتووە ،بە
درێژایى نمایشتەکەبە تەواوى شۆستەکاندا دەگەڕێت و روودەکاتە هەموو ئەو
شەمەندۆفێرانەى کە لە باکور و باشورەوە دەگەنە وێستگەکە بە دواى
خۆشەویستەکەیدا دەڕوانێتە رووخسارى گەشتیارەکان بەڵکو لە نێوانیاندا
بیدۆزێتەوە.
پیرەمێردێکى پشت چەماوە جانتایەکى گەورەى پڕ لە خەم و پەژارەى ساڵهایەک
بە دواى خۆیدا رادەکێشێت ..لە سەر خۆ هەنگاو دەنێت و بە ووردیى لە
رووخسارى خەڵکى دەڕوانێت ، لە شتێک دەگەڕێت کە ساڵانێکە وونیکردووە ،لە
جانتاکەیەوە زەمەن لە شێوەى منداڵێَک دێتە دەر، منداڵەکە گوڵە گەنمێکى
پێیەو دەموچاوى پیرەمێردەکەى پێ ختووکە دەدات ،پاشان سەرپێچى دەکات..بە
درێژایى نمایشتەکە گەمە و سەرپێچى لە نێوان منداڵەکەو پیرەمێردەکەدا
بەدى دەکرێت.
جانتاکان دەسوڕێنەوە،چاوەڕوانییەکە نادیارە..هەر هەمو چاوەڕوانن،خانمێک
لە سەرەوەى پلیکانەکاندایە،جانتایەکى پێیە و چاوەڕوانى
کەسێکە..رووخسارگەلێک دەمیان کراوەیە .. هاواردەکەن ..دەقیژێنن،چەندین
جەستە پێچدەخۆن، چەندین جەستەى تر هەندێکیان دادەخرێن و هەندێکیانیش
دەکرێنەوە،جوڵەکانیان لە چوارچێوەى دیمەنە پەرت و بڵاوەکانى سەر
شۆستەکان هێڵگەلێکى راست ێکدەهێنن، کورێک لە نیگەرانییەکى نائاساییدایە
چاوەڕوانى هاتنى خۆشەویستەکەیەتى لەڕێى جوڵەکانییەوە سەرنجى رێبواران
بەلاى خۆیدا دەبات ، قاوە دەخواتەوە ،تلیفۆن دەکات چاوەڕوانە ..نیگەرانە..لە
ڕێى چاوەڕوانییەکەیەوە بە دواى کەسێکدا دەگەڕێت.
کچێکى جوان بە هەمان شێوە چاوەڕوانە، پۆشاکێکى پەمەیى لە بەردایە ،
جانتایەکى بە دەستەو خەیاڵى رۆیشتووە،بە دواى خۆشەویستەکەیدا دەگەرێت
پاشان لە نێو ئاپۆرەى خەڵکەکەدا ووندەبێت ..پاشان دەگەڕێتەوە و دیسان
ووندەبێت .. هەمو شوێنێک دەگەڕێت ..ژیان ئاوهایە وەک گەمەیەک وایە.
لە شۆستەیەکى دیکەدا ،کچێک روودەکاتە هەمو کەسێک و دەپاڕێتەوە ، هەر
کەسێک بەلایدا تێپەڕێت باوشى پێدا دەکات ، داوایان لێدەکات لە نەهامەتى
ژیان رزگارى بکەن ، لە کەسێک دەگەڕێت پارێزگاریى لە ژیانى بکات، کەس
بەدەنگییەوە نایات تا دەگاتە ناوەڕاستى شۆستەکەو لە لایەن
خزمەتگوزارەکانەوە فڕێدەدرێتە شۆێنى تایبەت بە کۆکردنەوەى خۆڵ و خاشاکى
وێستگەکە.
لە دیمەنێکى تردا(کات) خاودەبێتەوە پاشان رادەوەستێ دواتر سەر لەنوێ
زۆر بە خێرایی دەستپێدەکاتەوە ،ئەمەیش لە میانى دیدارى نێوان
گەشیارەکاندا لە –خاڵى گەڕانەوە- ى تایبەت بە( شوێنکات ) دا بەدى دەکرا،
زەمەنەکان لە ناویەکترن..هیچ زەمەنێکیش پە یوەندى بەوەى دیکەوە نییە ..
لە رێى دیمەنى جۆراو جۆرەوە ژیان بە جۆراوجۆرى نیشاندەدرێت ، هاوکات
خاڵى هاوبەش هەیە بۆ کۆکردنەوەى پێکهاتەکانى ژیان _مرۆڤ و ماتریال_
ماڵئاوایى _ بەیەکگەیشتن_ خۆشەویستى_ وونبوون _ قیژە و هاوار_ جانتاکان
_ چەپکە گوڵەکان_ چاوەڕوانى_نا ئومێدیى_شادیى_ دۆزینەوەى شتى نوێ_
کەرەستەى پڕ لە ئاماژە بۆ ژیانى رۆژانەى ئەو هاوڵاتییەى کە لە
ناوچەیکدا ژیان بەسەر دەبات ، پێیدەوترێت خاڵى گەڕانەوە.
کاتێک لەم نمایشتە ئەزموونگەرییە رادەمێنین کە لە دەرەوەى هۆڵى شانۆ
نمایشتکرا ، ئەوەمان بۆ دەسەلمێنێت کە دەرچوونى لە شانۆى عولبە
ئامانجێکى روونى بەدوواوە بووە کە پشتى بە بیرۆکەى نوێ و چەمکى
پێشکەوتوو بەستووە ،بۆیە توانا جەستەییەکانى ئەکتەر پڕبوون لە داهێنان
و پسپۆڕى ، کارەکە پشتى بەستبو بە جەستە و لێهاتوویى ئەکتەرەکان کە
لەگەلڕ وەرگردا تەواوکەرى یەکتربوون ، ئەکتەرەکان لەڕێى جەستەیانەوە
جوانترین تابلۆیان نمایشتدەکرد کە لێوان لێو بوو لە گونجان و رێکیى ،
هاوکات کاریگەرییان بەسەر رووداوەکانەوە هەبوو،جەستەگەلێک هەڵگرى هێماو
دەلالەتى روونن سەبارەت بە تەواوى پێشهاتەکانى ژیانى رۆژانەو دوور لە
بەکارهێنانى زمانێکى دیاریکراو ..بەڵکو هەر لە رێى جوڵکانەوە بوو کە
ئەویش لە دەرئەنجامى توانستى هونەریى ئەکتەرەکانەوە هاتبووە دى ،
هەڵچونەکان (إنفعالات) گەشەیاندەکرد تا دەبوونە داینەمۆى سەرجەم
کردەکان ، بەو پێیەى نمایشتەکە باسى لە ململانێى بەردەوامى مرۆڤەکان
دەکرد وایکردبوو کە دیمەنە شانۆییەکان لەگەلڕ هونەرەکانى دیکەدا
تێکهەڵکێشبن، دەرئەنجام بوارێکى پڕ لە داهێنان پێکهاتبوو.
جوڵەى نێو دیمەنەکان هەڵگرى مۆرکێکى دراماتیکى
بوون هاوکات لە(سەما)ەوە نزیک بوو.
پێکهێنانى وێنەکان بە درێژایى نمایشتەکە پشتى دەبەست بە جەستە و هەست و
هزر و پسپۆڕیى ئەکتەرەکان و نوێ بوونەوەى تواناکانیان لە دیمەنێکەوە بۆ
دیمەنێکى تر..ئێمە لەبەردەم چەندین دۆخى داهێنانداین چ لە رووى ئەو
وێنانەى کە پەرتدەبن و ئەوانەیشى کە خۆیان دروستدەکەنەوە ..لەنیو
سپەیسى نمایشتەکەدا و بە ئامادە بوونى هەردوو دەرهێنەر لەڕێى گوتارى
جەستەوە ئەکتەرەکان کۆمەڵێک دیمەن و وێنەى هونەرییان بەرهەمدەهێنا (ئێمە
کە هیدفۆنەکانمان لەگوێیە) لە ڕێى ئافرەتێکى تۆکمەوە کە تەماشاى ژیانى
خەڵکى دەکات گوێبیستى وێردێکى سەیر دەبێت ، کە لەنێو پانتاییە
فراوانەکانى وێسگەکەدا دەنگدەداتەوە ژنەکە لە بەردەم مالەکەیدا کە روو
لە هەتاوە، جلى سپى هەڵدەخات کە وەک ئاماژەیەکە بۆ رۆژێکى نوێ پاش
کۆتایى هاتنى ئەو رۆژە جارێکى جلەکان کۆ دەکاتەوەدواتر ژمارەیەک لە
وانەى کارى لەگەڵدا دەکەن کۆیان دەکاتەوە بۆ پێشوازیکردن لە گەشتیارێکى
گەنج ، کە (دورەید عەباس) رۆڵەکەى بەرجەستەدەکرد ،گەنجەکە روو دەکاتە
ئەم شارەو نامۆیە ، هەشت جانتاى سوورى پێیە دەستێ جلى سپى لە بەردایە ،
تەماشاى رووخسارى رێبوارەکان دەکات پێدەچێ بەدواى شتێکدا بگەرێت ،
بەڵام لەگەڵ زەمەندا لە قووڵایى شارەکەدا ووندەبێت بەبێ ئەوەى بگاتە
ئامانجى خۆى .. تەنها یەک جانتاى پێماوە پاش ئەوەى لەم شارەدا شوێنێک
بۆخۆى نادۆزێتەوە ، دەگۆڕێت و دەبێتە جاڵجاڵۆکە ، بە جانتایەکەوە لە
سەر پشت بە پلیکانەکاندا هەڵدەزنێ تواناکانى (دورەید) لە جوڵانەوەى
تەواوى ئەندامەکانى جەستەى مایەى سەرسوڕمان بوو، کاتێک لە سەرپشت و
سەرى بە پلیکانەیەکى درێژى وێستگەکەدا سەردەکەوت هەستت دەکرد
ئەندامەکانى جە ستەى لە شێوەى (میکانۆ) بەش بەشن ( هەربەشەو بە جیا
جوڵەى خۆى ئەنجامدەدات ) دەسەڵاتێکى تەواوى هەبوو بە سەر جوڵانەوەى ئەو
بەشانەى جەستەى ، هەندێ جار ئارام و لە سەرخۆ دەهاتە بەرچاو ، هەندێ
جاریش گرژ و نیگەران، وەک جاڵجاڵۆکەیەک دەجوڵایەوە و بزاوتەکانى خۆى
دەهۆنییەوە، هەروەها ئەکتەرى سەماکارى عیراقى (موهەننەد رەشید) لە
بەرجەستەکردنى رۆڵەکەیدا چەشنە بزاوتێکى مەزنى پێشکەشکرد.
وەک جوڵکانى بڕبڕەى پشتى کە لە شێوەى چڵە دارێکى سەوز بوو،کە
دەچەمایەوە هێندە نەرم بوو نەدەشکا توانایەکى زۆرى هەبوو لە
کۆنترۆڵکردنى جوڵەکانى، لە شۆستەیەکى وێستگەکەوە دەرەکەوێت لە
چاوەڕوانیدایە، بە جوڵەى خێرا و دوور لە خەوشیى و بێزارکردن بە
هەمولایەکدا پیچدەخوات، ووزەیەکى کاراى بەو جەستە گونجاو و لە بارەى
خۆى بەخشیوە بئۆ کارکردن لەسەر هەڵچوونەکانى ناخ ..هەروەک لە میانى
هەمەچەشنى جوڵەکانییەوە لە نێو ئەو سپەیسە فراوانەى نمایشتەکەدا رۆڵێکى
بەرچاوى هەبوو ، هەڵبەتە لە دەستپێکى جوڵەکانییەوە کە بەسەرهاتەکەیان
بۆ رووندەکردینەوە جارێک بەرەو پێش هەنگاوى دەناو جارێکى دیکەش بەرەو
دووا (موهەننەد) ئەوەمان پێ رادەگەیەنێت کە چۆن دەتوانێت لەگەڵ جەستەدا
ناکۆکبێت، ئەو چەشنە جوڵانە تەنها لە میانى جەستەیەکى و سەماکارى
بەردەوام و شارەزا لە ئیمائەوە دەربڕینەوە دێتەدى.
هەروەک دەزانین هەردوو ئەکتەر(دورەید عەباس) و(موهەننەد رەشید) لە
بوارى کیرۆگرافدا کاردەکەن بۆیە فۆرمەیشنى جوڵەکانیان دەرئەنجامى
گرنگیدانیانە بە تواناکانى جەستە لە رووى هەستپێکردن و هەڵچوونەکانەوە،
لەم نمایشتە ئەزموونگەرییەدا دیمەنەکان لە رێى هەمە چەشنى لە شێوازى
جووڵەکانى جەستەى ئەکتەرەکان ، رۆڵێکى بەرچاویان هەبوو ،بەتایبەتیى
هەماهەنگیى نێوان جوڵەکان و ئیفێکتە دەنگییەکان ،هەندێک جار وایدەکرد
بە بیستنى دەنگێکى خۆش و ناوازە وا هەست بکەیت لەگەلڕ دیمەنەکەدا لەنێو
(بەهەشت)دایت و هەندێجاریش دەگەڕایتەوە بۆ ژاوەژاو و و دەنگى
شەمەندۆفێرەکانى وێستگەکە ، ئەمە بەدرێژایى نمایشتەکە بەردەوام بەرزى
دەکردى و دایدەگرتییەوە ..
تەواوى ئەکتەرەکان لە تێکڕاى دیمەنەکاندا خاوەنى
جەستەى گوزارشتخوازبوون.
تێبینى من سەبارەت بە نمایشتەکە ئەوەیە کۆمەڵێک خەڵک لە بینینى
بێبەشدەکات ئەو کۆمەڵەیش بریتییە لە کەم ئەندامان کە شایەنى بینینى
نمایشتەکەن ، بەڵام بە هۆى ئەوەى کە ناتوانن لە شۆستەیەکەوە بۆ
شۆستەیەکى تر بە دواى دیمەنکاندابڕۆن، بۆیە لە نمایشتەکە
بێبەشدەبن،ئەمەیش کێشەیە، هیبوادارم هیچ کەسێک لە بینینى نمایشتێکى
هیومانستى و جوانى لەم جۆرە بێبەش نەبێت.
هەمو ئەمانە بریتى بوون لە جەنەراڵ پرۆڤەیەک ، نمایشتەکە لە
کۆتاییەکانیدابوو بەڵام من ئەو دیمەنانەى کۆتاییەکەیم نەبینیوە تەنها
بۆیان باسکردوم ، سوپاسى بەڕێوەبەرى شانۆییەکە دەکەم کە بانگهێشتى دوا
رۆژى پرۆڤەى نمایشتەکەى کردم ،ئەزموونێکى پڕ بایەخ بوو ، هانماندەدات
لە شانۆى عیراقى تێبفکرین،هەروەها روونکردنەوەیەکى باشمان پێدەبەخشێت
لە بارەى پێشکەشکردنى شانۆیەکى ئەزموونگەریى نوێ بە جۆرێک کە سود لە
سرووشت ببینێت، هاوکات لەگەڵ بارودۆخى (عیراق)دا بگونجێت.
|