په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٧\٩\٢٠١٤

نمایشی "مەردان"

یەکەمین فیلمی بڵندی بەتین قوبادی لە فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی تۆرێنتۆ.

 

مەنسوور جیهانی


فیلمی سینەمایی "مەردان" لە دەرھێنانی سینەماکاری کورد "بەتین قوبادی" لە سی و نۆیەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی تۆرێنتۆ لە وڵاتی کەنەدا نمایش دەکرێت.


"مەردان" یەکەمین فیلمی بڵندی سینەماکاری لاوی کورد "بەتین قوبادی" دوای کورتە فیلمی "لە با بپرسن"ە کە خەڵاتی ورچی بلۆرینی شەستەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی بەڕڵین لە ساڵی ٢٠١٠ بەدەستھێنا، لە یەکەمین بەشداری نێودەوڵەتیی خۆیدا لە بەشی "دۆزینەوەکان" بە ناونیشانی "داھاتووی سینەمای جیھان" لە ٣٩یەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی تۆرێنتۆ لە وڵاتی کەنەدا دەچێتە سەر پەردەی سینەماکان.


"مەردان" کە چیرۆکی پێشمەرگەیەکی کورد بۆ بینەر دەگێڕێتەوە، ساڵی ڕابردوو لە ھەرێمی کوردستان سازکراوە و تیایدا ئەکتەری ناوداری کورد "حوسێن حەسەن"، گۆرانیبێژی کورد "ھێلانە عەبدوڵا" (ھێلی لۆڤ)، "ئیسماعیل زاگڕۆس"، "فەیاز دۆمان"، "میر موراد بەدرخان" و چەندین ئەکتری دیکە ڕۆڵیان بینیوە، لە سێ سانسی جیاوازدا لەوانە: لە ڕۆژانی ٦، ٨ و ١٤ی ئەیلوولی ٢٠١٤ لە فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی تۆرێنتۆ نمایش دەکرێت.


لە کۆنگرەی ڕۆژنامەوانیدا کە ڕۆژی ٢٨ی ئابی ٢٠١٤ لە شاری تۆرێنتۆ بەڕێوەچوو، لە لایەن بەرپرسانی فیستیڤاڵەوە بە ڕەسمی ڕاگەیاندرا کە "مەردان" دوایین بەرھەمی "بەتین قوبادی" لە نێوان فیلم گەلێک لە وڵاتانی ئەمەریکا، بەریتانیا، کەنەدا، فەڕەنسا، ئەڕژەنتین، نەمسا، نۆڕوێژ، ئوستوڕاڵیا، پاکیستان، ھێندستان و چەندین وڵاتی دیکە لە بەشی "دۆزینەوەکان" بە ناونیشانی "داھاتووی سینەمای جیھان" وەرگیراوە.


فیستیڤاڵی فیلمی تۆرێنتۆ کە یەکێکە لە فیستیڤاڵە گرینگ و پلە یەکەکانی سینەمای جیھان و زۆربەی فیلمە بەرچاوەکانی سینەما لەم ڕێگایەوە چوونەتە ناو فیستیڤاڵە جۆراوجۆرە جیھانییەکان و ئاکادیمیای ئۆسکارەوە، لەم خولەی خۆیدا بە نمایشی ٣٠٠ فیلم لە فیلمسازانی زیاتر لە ٦٠ وڵاتی جیھان لە بەشەکانی چیرۆکی، دیکۆمێنتاری، ئەزموونی و ئەنیمەیشنی و بە ئامادەبوونی سینەماکارانی بەئەزموون و ئەستێرە ناودارەکانی سینەمای جیھان لە چەندین بەشی جۆراوجۆری پێشبڕکێی و دەرەوەی پێشبڕکێی لەوانە: بەشی "فیلمسازە سەربەخۆکان"، بەشی "دۆزینەوەکان"، بەشی "مامۆستایان"، "کەشفی بەھرەمەندان" و بەشی "دیکۆمێنتاری" لە ڕۆژانی ٤ تا ١٤ی ئەیلوولی ٢٠١٤ لە شاری تۆرێنتۆ لە کەنەدا بەڕێوەدەچێت.


لە پوختەی سیناریۆی فیلمی "مەردان"دا ھاتووە: پێشمەرگەیەکی کورد کە لە منداڵیدا چیرۆکێکی ناخۆشی بۆ دێتە پێشێ دەبێتە مرۆڤێکی دوورەخراو، تەنیا و دوورەپەرێز، ئەو لە سرووشتی کێویی و لە نێوان شاخەکانی کوردستاندا بە شوێن پیاوێکی ونبوودا دەگەڕێت.


"بەتین قوبادی" ساڵی ١٩٧٩ لە شاری بانە لە دایک بووە. ساڵی ١٩٩٥ بە شێوەکاری چووە دنیای ھونەرەوە و ساڵی ١٩٩٧ بە سازکردنی کورتە فیلمی "شێوەکاری" بۆ تەلەڤیزیۆنی سنە دەستی بە چالاکی فیلمسازی کرد.


ئەم ھونەرمەندە تا ئێستا ٦ کورتە فیلمی چیرۆکی سازکردووە، لەوانە: کورتە فیلمی "شێوەکاری"، کورتە فیلمی "حەتمەن ئەمڕۆ" لە ساڵی ١٩٩٧، کورتە فیلمی "لێرە ئانتین نادات" لە ساڵی ١٩٩٨، کورتە فیلمی "سەربازێک کە شکا" لە ساڵی ٢٠٠٠، کورتە فیلمی "ئامادە بۆ مردن" لە ساڵی ٢٠٠٨ و ھەروەھا کورتە فیلمی "لە با بپرسن" لە ساڵی ٢٠٠٩.


بەتین لە تەمەنی ٢٣ ساڵیدا بۆ کامڵبوونی چالاکییە سینەماییەکانی خۆی بەرەو پاریس سەفەری کرد و ئەم شارەی وەکوو زانکۆیەک ھەڵبژارد. ئەو چەندین کورتە فیلمی لە فەڕەنسا و وڵاتانی دیکەی ئەورووپا سازکرد. ساڵی ٢٠١٠ بە کورتە فیلمی "لە با بپرس" توانی خەڵاتی ورچی بلۆرینی شەستەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی بەڕڵین لە وڵاتی ئەڵمانیا بۆ خۆی مسۆگر بکات.

بۆ زانیاریی پتر:

http://www.tiff.net/festivals/thefestival/programmes/discovery/mardan
 

ماڵپه‌ڕی مه‌نسوور جیهانی

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک