٤\١١\٢٠١٤
نینیتی
لە نێوان کلتووری لۆکاڵ و کلتووری گلۆباڵدا.

عەبدولموتەلیب عەبدوڵا
رەنگدانەوەی مێژووی
مرۆڤایەتی رەنگدانەوەی زمانە لە جیھاندا.
(بریسە).
نینیتی (خانمی ژیان) وەک ناونیشانی سێیەمین ڤێستیڤاڵی جیھانی ئەدەب لە
ھەولێر ٢٢-٢٤ ساڵی ٢٠١٤ لەلایەن (ئەنجومەنی ڕۆشنبیری بەریتانی و
ڕێکخراوی نێودەوڵەتی ئارت ڕۆڵ) تایبەت بە ئەدەب و ھونەری ھاوچەرخ
بەڕێوە چوو، ئەو ڤێستیڤاڵە ساڵانەیە و کار بۆ درووستکردنی پەیوەندی
کلتووری لە نێوان رۆژھەڵاتی ناوەڕاست و جیھان دەکات، ھەوڵێکە بۆ گفتوگۆ
و ئاڵوگۆڕی ھونەری و ھاوکاریکرین و درووستکردنی پەیوەندییەکی ھارمۆنی
لە رێگای ھونەر و فێرکردن و گەڕانەوەی ئەرزش بۆ رەگەزی مێینە و بیروڕای
جیاواز و فەراھەمکردنی شێوەی داھێنەرانە بۆ دبلۆماسیەتی میللی لە رێگای
بە کارھێنانی کلتوور وەک پلاتفۆرێک بۆ دیالۆگ و رادەربڕین لە نێو گروپە
جیاوازەکانی ناو عیراق و دەرەوەی عیراق.
ئەو نووسینەی بەر دەستتان بەشداریکردنێک بوو لە سەر ئاستی رەنگدانەوەی
زمان و مێژووی زمان لە چەوسانەوەی (ئافرەت/ژن) لە دنیای پیاوسالاریدا،
وەک چۆن بەدواداچوون و خوێندنەوەیەکی رەخنەییە بۆ کۆی ڤێستیڤاڵ و ئەو
چەمک و دەستەواژە بەسەرچووانەی کە لەو ڤێستیڤاڵەدا لە لایەن ھەندێ لە
نووسەر و شاعیرانی بەریتانی لەوانەش (ڤیکی ڤێفەر) و (راچێڵ ھۆڵمز)
جەختی لێدەکرایەوە! یەکێک لەو چەمکانەش چەمکی (وەرگێڕان/تەرجەمە) بوو.
یەکێکی دیکە لەو چەمکانە چەمکی جەستە و نووسین لە بارەی جەستە بوو، وەک
لە قسەکانی (جۆلیا کۆپس ، روئا زوھێر ، مریەم مەیسەم قاسم ئەلعەتتار ،
ژاوێن شاڵی ) باس و خواسی لەسەر کرا، ھەڵبەتە بەشێکی ئەو نووسینەم بۆ
بەدواداچوونی کۆی بیروڕاکانی ئەو بەرێزانەیە تەرخان کردووە.
وەرگێڕان
بە یەکگەیشتنی دەق و خوێنەری جیاوازە.
بە بڕوای من قسەکردن لە پرۆسەی وەرگێڕان وەک ئەوەی کە (ڤیکی ڤێفەر) بە
خیانەت ناوی دەبرد، قسەکردنێکی فۆلکلۆرییانەیە بەو مانایەی کە چەمکی
خیانەت لە شوێنی خۆی کەمترین جولەی لە بواری تەرجەمە و بەدواداچوونی
وەرگێڕاندا ھەیە، وەک چۆن قسەکردن لە تەرجەمەکردنی (حەرفی) یان
(گواستنەوەی مانا) قسەکردنێکی نائامادە و تەواو بەسەرچووە!؟ ئەمڕۆ
قسەکردنی لە بارەی وەرگێڕان (لە ئاستی ئیبداعیدا)، وەک وەک تەئویل
دەبینرێت، یان وەک بە یەکگەیشتنی دەق و خوێنەری جیاواز سەیر دەکرێت!
وەرگێڕان لەوێوە تەئویلە کە ھیچ وەرگێڕانێک ناکەوێتە دەرەوەی
تێگەیشتنەوە! لەوێوەش بە یەکگەیشتنی دەق و خوێنەری جیاوازە، کە ھیچ
وەرگێڕانێک ناشێ لە دەرەوەی خوێندنەوەوە ھەبێت!
خوێندنەوە تەئویلە، بەڵام نەک بەو مانایەی کە نیازی نووسەر ئاسۆکانی
تێگەیشتن بۆ (خوێنەر/وەرگر) دیاری بکات، واتە مەرج نییە تێگەیشتن لە
مەبەستی نووسەرەوە سەرچاوە بگرێت، تەئویلیش لەسەر خوێندنەوە و ئاستە
جیاوازەکانی خوێندنەوە بونیاد دەنرێت! دەمەوێت بڵێم وەک چۆن خودی
تێگەیشتن لە سەر بنەمای بێلایەنی تەماشا دەکرێت، وەک چۆن تێگەیشتن لە
نیازی نووسەر ھەڵناقوڵێت، بەڵکو ئەوە راڤەکارە لە سەر ئاستی مەعریفە و
کلتووری جیاواز و ساتەوەختی خوێندنەوەی جیاواز و ئاستەکانی ئاگایی
رەھەند و بۆشاییەکانی دەق و ئاسۆکانی چاوەڕوانی پڕ دەکاتەوە، بە ھەمان
شێوە ھیچ تەرجەمەیەک لە دنیادا نییە تەواوی رووەکانی مانا و رەھەند و
ئاسۆکانی دەق بەرجەستە بکات.
کەواتە کە دەڵێم وەرگێڕان تەئویلە بەو مانایەیە، کە ھەموو دەقێکی
ئیبداعی لە سەر تەئویلی جیاواز و ئاستەکانی ئاگایی (خوێنەر/وەرگر) و
خوێندنەوەی جیاواز بوونی خۆی بەرفرەوان دەکات! کە دەڵێم تەئویل بە
یەکگەیشتنی دەق و وەرگرە بەو مانایەیە، کە لە دەرەوەی خوێندنەوە و
ئەویدیکەی خوێنەر لە دەرەوەی ئەویدیکەی وەرگر، دەق دەکەوێتە نەبوونەوە،
وەک چۆن ھیچ تەئویلێک لە دنیادا نییە پەی بە ھەموو رەھەندەکانی دەق
ببات، ھیچ تەرجەمەیەکیش نییە لە دنیادا ھەموو رەھەندەکانی دەق
بگەیەنێت.
رەگەزی مێ
لە دنیای نێرسالارییدا.
ھەر لە چاخی ناوەڕاستەوە بۆچوونی نێر و نێرسالاری دەڵێ: ئافرەتان لەپاش
پیاوانەوە دێن، چونکە وشەی (Female- مۆنپ) لە وشەی (Male- مژکر)
وەرگیراوە.. یان لە وشەی لاتینی (Femina) ھەڵھێنجراوە، مانای وشەی
(Femina)ەش بە (ادنی ایمانا) دێت! ئەو دوالیزمییە ھەر تەنھا لە زماندا
بەرجەستە نییە، خودا لە سەرەتادا ئادەمی درووست کردوە، کاتێک ئادەم لە
تەنیایی خۆی وەڕس دەبێت، خودا لە پەراسووی چەپی ئادەم حەوا درووست
دەکات، ئەوەش دواتر لە دەقە ئایینییەکان زۆر جوان رەنگی داوەتەوە.
من نامەوێ دوالیزمە ئایینییەکان بوڕوژێنم، بەڵام دەبینین فیکری یۆنان و
فیکری سەدەکانی ناوەڕاست لە سەر دوالیزمە ئایینەکان بونیاد نراوە،
(نێر/مێ) (چاکە و خراپە) (رەش و سپی)... جگە لە دابەشکردنی مرۆڤ بۆ:
جەستە و رۆح، کە یەکەمیان ھەڵگری لەناوچوونە و دووەمیان نەمرییە، وەک
دەردەکەوێ ئەو تێڕوانینە بۆ جەستە لە ئاستێکی نزمی بیرکردنەوەدا خۆی
دەبینێتەوە، بە بەراورد بە تێڕوانینی ئەمڕۆ بۆ جەستە؟!
فیکری مۆدێرنە وەک درێژکراوەی دروشمەکانی رۆشنگەری، فیگۆری پیاو و
نێرسالاری وەک ئیدۆل (-idolبت) و وەک ئەفسانەیەکی زیندوو و تەماشا
دەکات، بۆیە پیاو و ھەژموونی پیاو لە زیاد لە کایەیەک بازاڕی ھەیە، لە
بەرانبەر ئەوەشدا بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ ئافرەت لە دۆخێکی نێگەتیفدا
دەبینرێ، وەک پاشکۆ، وەک پلە دوو، وەک بابەتی ئیرۆتیکی، سێکسی... بە
کار دەھێنرێت، وەک چۆن دەتوانین لە پشت یارییە وەرزشییەکان و تۆپێن بە
تایبەتی، لە پشت ھەر یەک لە کاراکتەرە سینەماییەکانی وەک: (جیمس بۆند)ی
ھەواڵگری ئەمریکی و (دراکولا)ی خوێنمژ و (ڤیکتۆر فرانکشتایین)ی
تۆقێنەر، شارلۆک ھۆڵمز، دۆنجوان، تەڕەزان... ئافرەت وەک پاشکۆ و بەرکار
بخوێنینەوە... ھەڵبەتە بەشێکی گەورەی ئەو بیرکردنەوەیە ھەر تەنھا بە
فیکرەی مۆدێرنەوە بەند نییە، بەڵکو بۆ پۆست مۆدێرنەش درێژ دەبێتەوە،
بەڵام لە بەرانبەر ئەو بیرکردنەوە مۆدێرنەیە بە شێوەیەکی گشتی بزاڤی
ئافرەتان کرداری تایبەت بە خۆیان نواندووە، بۆ نموونە ئەگەر سەیری وشەی
(woman - امراە) بکەین، دەبینین لە دەستەواژەی (Woe to man- الویل
للرجل) ھەڵێنجراوە. جگە لەوەش تەماشاکردنی جەستە وەک چەمکێکی زیندوو،
دەستکەوتێکە لە دەستکەوتەکانی بزاڤی ژنان، ئەگەرچی بزاڤی ئافرەتان لەو
ناونانەی سەرەوە دووچاری پەرچەکردار بۆتەوە، بەڵام لە بیرمان نەچێ رۆڵی
سەرەکییان لە بڵاوکردنەوەی ئاگایی لەبارەی تێگەیشتنی جەستە، جێگای
شانازییە!
دەمەوێ بڵێم ئەگەر دوێنێ گوتاری فیکری بۆ تەماشاکردنی (جەستە) کەوتبێتە
نێو سیستمی ئەخلاقییەوە، ئەوە ئەمڕۆ قسە لەوە دەکرێت، کە جەستە وەک
شتێکی ماددی لە بنەڕەتدا لە ھەموو بەھا ئەخلاقییەکانەوە دوورە، نە
پیرۆزە و نە پیس، بەڵکو ئەوە بەھای ئەخلاقییە خۆی بە جەستەوە
ھەڵواسیووە، بێگومان ئەوەش بۆ سرووشتی کۆمەڵگا و رۆشنبیریی نێرایەتی
باو دەگەڕێتەوە.
کەواتە جەستە ئەو زیندانە نییە، وەک فەلسەفەی کلاسیکی تێیگەیشتووە،
بەڵکو جەستە ئەو زەویەیە کە بە ژیانەوە پەیوەستمان دەکات، زەوی یەکەمە
کە دەبێ لەوێوە پێشوازی لە ژیان بکەین و لەوێوە مامەڵەمان لەگەڵ ژیان
رێکبخەینەوە. جەستە ئەو پردەیە کە رابردوو و ئێستا و داھاتوو بەیەکەوە
دەلکێنێ، ئەگەر قسەکردن تەعبیر لە فیکر بکات، ئەوە جەستە تەعبیر لە
جیھان دەکات! دنیا و جەستە لەنێو بینراودان، کەواتە دەبێ واز لەو
حوکمانە بھێنین کە جەستە دەخەنە نێو جیھان و بینین دەخەنە نێو جەستەوە،
یان بە پێچەوانەوە، چونکە ھەر یەک لە جیھان و جەستە بەنێویەکداچوونە،
یەک لەنێو ئەویدیکەدا دەبینرێت.
وشەی (ئافرەت).
بە بڕوای فیمینستەکان بەشی سەرەکی کێشەکانی مرۆڤ لە جیھاندا راستەوخۆ
پەیوەندی بە دەسەڵاتەوە ھەیە: ئازادی، یەکسانی، دادپەروەریی.. ھەڵبەتە
ئەوە بەشێکی زۆری لە راستی تێدایە، بەڵام لە بیرمان نەچێ ئافرەتان بە
پێی ئەو کلتوورەی تێیدا دەژین، کێشەکانیان جیاوازن، بۆ نموونە لە
کلتووری رۆژھەڵات بە گشتی و کوردی بە تایبەتی لەبەر ئەوەی دەسەڵاتی
باوکایەتی و نێرایەتی زاڵە، بۆیە راناوی (نێر/ پیاو) دەسەڵاتێکی سەیری
لە دەروون و بیرکردنەوە و وێناکردنی خەڵک و ھەموو بوارەکانی دیکەی ژیان
تۆمار کردووە، پیاو ھەموو سیفەتە پۆزەتیفەکانی کردۆتە موڵکی خۆی...
عەقڵ و بیرکردنەوە و توانا و ئازایی و لێھاتوویی و سەربەرزی و....لە
ھەمان کاتتدا ئافرەتبوون یەکسانە بە: سۆز، ناسکی، دڵنەرمی، بێ
دەسەڵاتی. لە نێو کوردا دەڵێن پیاوێکی عەقڵە، ئافرەتێکی بە سۆزە...
پیاوێکی ئازایە و ئافرەتێکی بە حەیاو شەرمە... پیاوبوون واتە دەسەڵات،
و ئافرەتبوون واتە بێ دەسەڵاتی.
لە کلتووری کوردیدا، ئافرەت بە درێژایی مێژوو شێوەیەکە لە قوربانی،
ھەڵبەتە ئەو شێوەیە لە قوربانی پەیوەندییەکی راستەوخۆی بە ناونانی
ئافرەتەوە ھەیە، چونکە وشەی (ئاشتی) لە زمانی کوردیدا بە ئەسڵ واتای
(ئافرەت) دەگەیەنێت، پاشان بە ھۆی بە کارھێنانی خودی ئافرەت وەک نرخێکی
ئاشتیانە لە نێوان لایەنە ناکۆکەکان، وشەکە بە سەر ئەو ئاشتییەدا
بڕاوە، کە ئەو واتایە دەدات، کە ئەمڕۆ ئێمە دەیناسین، ئەو وشەیە لە
لایەن یەکێک لە گەلە کۆنەکانی کوردستان، کە لە ھەزارەی چوارەمی پێش
زایین دەورێکی زۆریان لە کوردستانی کۆندا بینیوە، بە کار ھێنراوە،
ئەوانیش خوورییەکانن، خوورییەکان لە ناوەڕاستی ھەزارەی دووەمی پێش
زایین دەوڵەتی (میتانی)ان دامەزراند... لە (زمانی خووری)دا وشەی ئافرەت
بە چەند شێوەیەک ھەیە: ئاشتێ، ئاشتا، ئاشتی، کە مانای (ژن-ھاوسەری
مێینە)ی ھەیە. ھەر لەو کاتەوە ئافرەتیان وەک قوربانی بۆ چارەسەرکردنی
ناکۆکی و جەنگەکان بەکارھێناوە، لەبری خوێن، لە بری سامان... ئەو
بیرکردنەوەیە ھەتا ئێستا لە کلتووری کوردی پانتاییەکی بەرفرەوانی داگیر
کردووە، بەشێکی زۆری بەرگری کردن لەو فیکرەیە لەسەر بنەمای گەڕانەوە بۆ
رابردوو و رەسەنایەتی درێژە بە خۆیان دەدەن، گەڕانەوەش بۆ رابردوو لە
نزیکترین پێناسەیدا پەیوەندی بە فەرامۆشکردنی فیکر و نەبوونی
جیھانبینییەوە ھەیە، وەک چۆن پەیوەندی بە نەبوونی بابەتبووندایە! بە
مانا (ھابرماسی)یەکەش کاتێک فیکر دەکەوێتە فەرامۆشییەوە، ئیتر تەواوی
ئازادی و ئامادەیی خۆی لەدەست دەدات و ناتوانێت پارێزگاری لە خۆی بکات،
ھەر فیکرێک نەتوانێت پارێزگاری لەخۆی بکات و خۆی نوێ بکاتەوە و
نەتوانێت ئامادەیی خۆی بسەپێنێت، ئەوە وەک بابەتیش لە بری ئەوەی وەک
بکەر (active) دەربکەوێت، وەک رەمز (symbol) ئامادە دەبێت! دنیای رەمزی
دنیای دەسەڵاتە، دنیای سیمبولەکانی باوکە، دنیای ئەویدیکەی گەورەیە...
ھەموو ئامادەییەکی رەمزیانە، ھەموو ئامادەییەکی دەسەڵات... دەکەوێتە
سەرووی واقیع و سەرووی پانتاییە حەرام و حەلالەکانەوە.
وشەی (ژن).
بیرکردنەوەیەک ھەیە کە پێیوایە وشەی ژن لە ژینەوە ھاتووە، واتە ئەو
کەسەی کە ژیان بە خەڵک دەبەخشێت، ئەو ناونانە پشت بە زمانەکانی (رووسی
و بولگاری) دەبەستێ، چونکە لەو زمانانەش بە ژن دەوترێ ژن... ئەو
بیرکردنەوەیە پێیوایە وشەی ژن لە وشەی ئافرەت باشترە بە بەڵگەی ئەوەی
کە زۆرینەی کورد کرمانجن و ئەوانیش وشەی ئافرەت بە کار ناھێنن بەڵکو ژن
بە کار دەبەن، ژن بە مانای کابان، کاڤان دێت، وشەی (کا) بۆ گەورە بە
کار دێت، تەنانەت لە سەردەمی ئەکەدییەکانیش (کا) بۆ گەورە بەکار
ھاتووە، ئەگەر بەردێک گەورە بێت دەڵێن (گابەرد).
کورد دەڵێ: شێرەژن، خاڵۆژن، مامۆژن، پیرەژن، باوەژن... وشەی ئافرەت
ناتوانێ ئەو شوێنانە پڕ بکاتەوە. بەرانبەر ئەوەش ئەوانەی وشەی ئافرەت
بە راست دەزانن، دەڵێن ژن تەنھا بەوانە دەگوترێت کە شوویان کردووە، تۆ
ناتوانیت بە کچێک بڵێیت ژن، یان منداڵی مێ؟!
بیرکردنەوەیەکی دیکە ھەیە، کە راستی نە لە (ئافرەت) و نە لە (ژن)دا
نابیننەوە، بەڵکو پێیانوایە وشەی (خوشکان) دەشێ بۆ منداڵ و ھەرزەکار و
ژن و پیرەژن... بە کار بھێنرێت. من قسە لەو بیرکردنەوەیە ناکەم، بەڵام
وەک دەردەکەوێت لە نێوان بە کار ھێنانی وشەی (ئافرەت) و (ژن) دوو
بیرکردنەوەی جیاواز ھەیە: یەکەمیان ئافرەت وەک قوربانی سەیر دەکات!
دووەم ژن وەک بەخشینی ژیان دەبینێ! ھەردوو بیرکردنەوە لەوێدا یەک
دەگرنەوە کە (مێ) وەک بەرکار تەماشا دەکەن، نەک وەک کارا، ئەگەر
بیرکردنەوەی یەکەم، پێیوابێ ھەمیشە ئافرەت وەسیلە بووە بۆ گەیشتن بە
ئاشتی و ئاشتەوایی، ئەوە جەوھەری ئەو بیرکردنەوەیە لەوێوە ھەرەس دێنێ،
کە ھیچ نرخ و ئەرزشێک بۆ ئازادی و حەز و بڕیار و ھەڵبژاردن ... ئافرەت
دانانێ، بەڵکو ئافرەت دەبێ ملکەچ بێ و لە پێناو ئاشتی و سەلامەتی نێر
واز لە بچووکترین مافە سەرەتاییەکانی خۆی بھێنێ، ئەو بیرکردنەوەیە
لەوێوە شکست دێنێ، کە پێیوایە ھەمیشە ئافرەت دەبێ وسبە لە ئامادەیی و
وسبە لە بوونی خۆی بکات، و دیدوبۆچوونەکانی خۆی فەرامۆش بکات...
بەڵام بیرکردنەوەی دووەم ژن وەک کارگەیەک تەماشا دەکات، کارگەیەک کە
باجی پێشکەوتنەکانی پیاو دەدات و چێژ و خۆشی بە ژیان و نێرایەتی
دەبەخشێت، کارگەیەک کە جگە لە بەرھەمھێنانی منداڵ لە ھیچ بوارێکی
دیکەدا توانای ئامادەیی و داھێنانی نییە، مەبەستی من ئەوە نییە، وەک
کاراکتەری (ڤیکتۆر فرانکشتاین) ئەو رۆڵە تەقلیدییە (traditional) لە
ئافرەت بسێنینەوە، چونکە فرانکشتاین دەیەوێت ھەم زرنگ بێت وەک پیاو،
ھەم رۆڵی ئافرەتیش ببینێ، واتە بێ ئەوەی ئافرەت بێت، مرۆڤێک بھێنێتە
بوون!
کەواتە لە بیرمان نەچێ ھەر تەنھا ئایین نییە، ژنان بە ھەموو مانایەک
دەچەوسێنێتەوە، بەڵکو ئەوە بزاڤی کۆمەڵایەتی و سیاسیشە پەیڕەوی لەو
چەوسانەوەیە دەکات، دەمەوێ بڵێم چەوسانەوەی ژنان ھەر تەنھا بە دیدی
ئاینییەوە بەند نییە، بەڵکو تێکەڵەیەکە لە نایەکسانی ئایینی و سیاسی و
کۆمەڵایەتی و ئابووری. بێدەنگکردنی ژنان لە رووی قەدەغەکراوە
رۆشنبیرییەکانەوە ھێزی گەورەی ھەژموونی دروشمەکانی رێنیسانس و مۆدێرنەی
لە پشتەوەیە.
مێینەیی
لە نێوان یەکسانی و جیاوازیدا.
(راچێڵ ھۆڵمز) لە دەستپێکی ئەو فێستیڤاڵەدا گوتی: ھیچ سیستمێک ناتوانێ
ھاوسەنگی بە دەست بھێنێت، ئەگەر بناغەی لەسەر (نایەکسانی) ھێزەکانی
دانرابێت. ھەروەھا گوتی ئێمە دەمانەوێت لە ئازادیدا یەکسان بین و
دەمانەوێت لە سیستەمی پەتریاکی رزگار ببین.
لە دووتوێی ئەو پێشەکییە بیرم لە زاراوەی (رەگەز) کردەوە، کە ئاماژە بە
جیاوازییە بایۆلۆژییەکانی نێوان ژنان و پیاوان دەکات، جیاوازی ئاشکرا
لە ئەندامە سێکسییەکان، لە سکپڕی و منداڵبوون و زاوزێکردن، بەخێوکردنی
منداڵ، بەرانبەر ئەوەش بیرم لەوانە کردەوە، کە بەرگری لە (یەکسانی)
نێوان پیاوان و ژنان دەکەنەوە و پێیانوایە ئەوە ئەو جیاوازیەیە وای
کردووە، ژنان لە پلەی دووەمدا بن؟!
دەمەوێ بڵێم لە ژێر زاراوەی (رەگەز) نە دەتوانین بەرگری لە (جیاوازی)
بکەین و پارێزگاری لە تایبەتمەندییەکان بکەین و بیپارێزین! نە ژن
دەتوانی لەگەڵ پیاو یەکسان بێیتەوە و خۆی وەک پیاو نیشان بدات! لێرەدا
پێویستمان بە رێگای سێیەمە، چونکە دابەشکردن بەسەر یەکسانی و جیاوازی،
دابەشکردنێکە بارودۆخی ئافرەتانی ھەر وەک خۆی ھێشتۆتەوە... بۆیە
پێویستە لە بری وشەی رەگەز زاراوەیەک بە کار بھێنین بۆ وەسفی ئەو
تایبەتمەندییانەی کە پیاوان و ژنان ھەیانە، بەڵام پەیوەندی بە جیاوازی
ئەندامەکانیانەوە نییە، بەڵکو لایەنی نەفسی و کۆمەڵایەتی دەبنە
پێکھێنەری ناسنامەی جێندەری ئەو کەسە، کاتێک لەمنداڵیەوە گەشە دەکات،
بەو مانایەش زاراوەی (جێندەرGander) چارەسەری دوالیزمی یەکسانی و
جیاوازی دەکات؟! ھەر لە سەر ئەو بنەمایەش دەمەوێ لە بەشێک لەو
قەسیدانەی خوێنرانەوە ئاماژە بەو تێگەیشتنە بدەم کە ھەڵگری لایەنی
دەروونی و کۆمەڵایەتی جێندەرن، ئەوانەیش کە نێرسالاری وەک ئامانج
دەبینن:
(ئاماژەیەک)
لە شەوی رابردوودا
ھەستم بە درێژبوونەوەیەک کرد لە دڵما
لەژێری قەفەسی سینگما
دریژبوونەوەیەکی ورووژنێری گەڕۆک
نە لە ھەناسەدان دەچێ و
نە لە تربەیەکی شەکەتی دڵ.
ئاماژەیەکی گیان بوو.
بۆیە ئێستا ھەست بە ھیچ ئاسایشییەک ناکەم
پێش ئەوەی بەندبکرێ و
کۆت بکرێ و
بخرێتە لانکی ئیسکەکانی کڵۆتم
پاشڕا بخرێتە بەلەمی پزدانم..
ھەمرە بە میھرەبانی ھەڵیدەگرم
لە ھەر ئینجێکی ماڵەکەم
گەرچی کات درەنگە لەم رۆناھییە درێژەدا
لە کەوانەی ھەردوو باڵما و پێچگەی کەنداڵدا
کە ئاو کۆدەبێتەوەو
سووری شەفەق ئارخەیانە.
(جۆلیا کۆبۆس) وەک شاعیر ھەوڵدەدات توانا و ھەستی جیاوازی مێینەیی یان
مێیایەتی بخاتە روو، ھەستێک کە توانای جوانکردنی دنیای ھەیە، وەک لە
قەسیدەی (ئاماژەیەک) دیمان، ھەروەھا لە قەسیدەی (بوارێکی ھەموار) مێینە
ئەو کەسەیە کە توانای بەرەوپێشبردنی ژیان و ژیاری تێدا رەنگدەداتەوە،
بەڵام لەو دیدەوە نا کە نێرێکی چڵێس وێنای دەکات، بەڵکو لەو دیدە کە
مێیەکی داھێنەر دایدەھێنێ!
دڵنیایی
لە (خولی کۆچ)
پاش رۆژێکی درێژ
باوکم دەرگاکان و
پەنجەرەکان و
پەردەی پەنجەرەکان دادەخا
ئاری
دەنگی با و
پرسیاری دوێنێ دادەخا.
دایکم ھەموو گڵۆبەکان خامۆشدەکا
لە ھەر ژوورێک
لە ھەر کانتۆرێک
تەلەڤزیۆن و رووناکی سووری بریسکەی دڵ و
دوامین ئەستێرەش خامۆشدەکا،
لەم ئاسمانە بیانییە ھەرگیز..
ئینجا بە پەڕۆشەوە
دەھەڵاژێن و
گوێ لە وراری زارۆکان دەگرن...
پاش بیست ساڵ
ھەناسەدانی باوکم
لە چۆڕاوگەکانی ئەشکەوت و
وڵنگە دەچوو!
دایکیشم لە خەونەکانیا دەخەفێ و
جارێکی تر لەوەش خرابتر روودەدا
چیاکان گەمارۆمان دەدەن
ھەناسەی دامێنەکانی رۆژانی گەنجی خەفەدەکەن و
ناوانێک و
شوێنانێک، کە پێیان وتمان: ھەلوەدا،
ھەمرەش ئێژین: ھەلوەدا
ئەوسا
بە پەڕۆشەوە
لە سەر نوێنەکەم رادەکشێم و
گوێ دەگرم لە دەنگی بەفرە ھەرە دوورەکان.
وەک دەبینین لە لای (کابکا کاسابۆڤا) نێر و مێ سەیرورەتی ژیان بەرێوە
دەبەن! کاسابۆڤا دروشمی سەرەکی ژیاندۆستییە و پێمان دەڵێ: با بە
پەرۆشەوە روو لە ژیان بکەین، چراکان بگەشێنینەوە، بەرەو داھاتووییەکی
سپی...
چێشتگەی دایکم
ھەمرە دەبمە میراتگری چێشتەگەی دایکم
ھەندێک شووشەواتی درێژکۆڵە و بنێسن
ھەندێکیشیان کورت و خەپەن
قاپەکانی لە تاخمە ناشیرینەکانن
پەرداخەکانی لە بۆنە جیاوازەکاندا بلەز کڕێنراون
قازان و پاتیلەکانی ژەنگاوین
دایکم ناتوانێت فڕێیانداتە دەرەوە
دەڵێت: " ئیتر ھیچ مەکڕە"
" لەم نزیکانە ھەموویان بۆ تۆ دەمێننەوە"
دایکم پلانێکی دیکە بۆ ھەڵاتن دەڕێژێ
کە یەکەمجار بووە خاوەن خانوو
خانوویەکە، ھەمرە ئاوەدانی دەکاتەوەو ناوماڵەی بۆ دادەنێ
لە (٦٩) وە دایکم نیگەرانە، کە لە سیفرەوە دەسپێدەکا
ئەمە نۆیەمین جارە
باسی کەلوپەلە لەناوچووەکانی ناکا
کە چەندین جار ماڵ وحاڵی بەجێھێشتووە
بۆ ھیچ شتێک ھەست بە پەشیمانی ناکا
جگە لە دارمێوەکانی پێش حەوشە نەبێ
کە لەسەر کەپری ھەیوانکەدا بڵاوبۆتەوە
دایکم ھەمیشە دەسترا، تا ترێ پێ بگاو
کیسەی پەمووینی دەدووری تا لە ھەنگ بیپارێزی!
ئەز دزانم
ھەرگیز نابمە میراتگری درەختەکانی دایکم!
(چۆمان ھەردی) پێیوایە خەونی مێینەی رۆژھەڵاتی، کوردی بە تایبەتی ھەر
لە یەکەم رۆژی بینیندا بە مردووی دێتە دنیاوە، مردووش جگە لە رابردوو
نە ئێستای ھەیە نە ئایندە، کەواتە ئەوەی کە مێینەی کوردی پێی دەڵێت
خۆپارێزی لە نائومێدی و رەنجەڕۆیی... جگە لە وەھم، جگە لە خەونی
خواستراو شتێکی دیکە نییە، مێینەی کوردی ھەموو ئەو وەھم و خەونانە لە
تورەکە دەکات، ھەر یەکێک تورەکەی تایبەت بە خۆی ھەیە، لەو تورەکەیە ھیچ
مێینەیەک نابێتە میراتگری مێینەیەکی دیکە، بەڵام ھەموو دەبنە میراتگری
واقیعی سەپێنراو و کەلوپەلی چێشتخانەکان و موبەقەکان، بڕوانە
قەسیدەکانی بینیلۆپەکانی نیشتمانەکەم، چێشتگەی دایکم، ھاوینە سەربان...
ئەو رەشبینییەی چۆمان ھەردی لە قەسیدەی (لاشەی کەسێکی مردووم)ی
(سەمەرقەند ئەلجابیری) بە ترۆپک دەگات:
(لاشەی کەسێکی مردووم)
من چەندەکم
لە بازاڕدا شتم بۆ کڕیون
لە سەقم و سەرمادا بە تەنیا نانم دروستکردووە
و بەتەنیا
بە لەرزانەوە کاژێرەکانی سپێدەم بەسەربردوون لە مووبەقدا
لام نەکردۆتەوە ژیانی خۆم ....چاوەڕوانی بیستنی لاقرتێ و گاڵتەکردن
بوویم
دوای ئەوە ئێوە چی چاوەڕێی دەکەن
من چەندەکم ....
قاپ و قاچاغ و چپەچی قیزەوونی ئێوەم شتوون
یارمەتی ئەو بەچکەمنداڵەم داوە لە ئەرکی ماڵەوەیدا
ئەو خاتوونەم فێرە دروومان کردووە
لەگەڵ ئەمەشدا ، شتی دیکە ھەن
بۆم ھەیە دەستم لە ژێر بالووعە ساردەکە دابنێم
خەون بە دفنکردنت ببینم
چەندین خۆشییم ھەن کە ناژمێردرێن
لە کن حەوزی شۆردن زیاد دەبن
و بزە دەمگرێ
و دیسا وەک چەندەکێک...
بە غەمبارییەوە ڕادەوەستم و جلەکان ئوتوو دەکەم
کەچی ھێشتا زۆر ماوە
دەتوانم ئاو لە خۆم بچۆڕێنمەوە لەتەک ئەو جلانەی ھەڵیان دێخم
خەیاڵی عومرێک دەکەم کە بە بێ زەردەی شکوربژێریی
ووردە ووردە لە چاو وون دەبێ و نامێنێ
لەوکاتەدا زەردەخەنە دەمگرێ.
مێیینە لە رۆژھەڵات ھەموو ژیانی لە (موبەق) بەسەر دەبات و ئاوڕ لە ژیان
ناداتەوە، لە بەرانبەر ئەوەدا خەونی مێینەی رۆژھەڵاتی لە قەسیدەکەی
سەمەرقەند ئەلجابیری خەونی لەناوبردنی نێرسالارییە، بەڵام بەو خەونەدا
دەڕوا و وردە وردە لەو خەونە ون دەبێ، ئەو خەون و ونبوونە جوانترین
شتێکە کە مێینەی رۆژھەڵاتی پێشکەشی ژیانی دەکات، وەک لە قەسیدەی
(کبریت) تەعبیری لێدەکات، بەڵام ئایا ئامادەیی مێینە لە واقیعدا
ونبوونە لەو خەونانە، ئایا ونبوون لەو خەونانە بە قوربانی ناوزەد
ناکرێت؟! لای ھەر یەک لە (ئاوێزان نوری) و (رۆژ ھەڵەبجەیی) نێر
دنیایەکی پێچاوپێچە زۆر زەحمەتە لە دەستی دەرباز بیت، چونکە تەواوی
ژیان لە ژێر ھەژموونی ئەودایە، تەنھا رێگا چارە ئەوەیە وەک (ئاوێزان)
دەنگ ھەڵبڕی و بڵێیت بڕیار دەدەم، دڵم لە بەرد مارە بکەم.. بڕوانە
قەسیدەی (تەوبە)... یان وەک رۆژە بڵێیت: تۆ لەقابیل بکوژتر بووی،
جەلادێک بووی ناخی منت ھەڵکۆڵی... (ئیلھام ناسر ئەلزوبێدی) لە قەسیدە
جوانەکانی... دوو روومان نیشان دەدات، یەکەمیان ژیان بێ دەستلەملانێی
جیاوازییەکان ئارامی بە خۆیەوە نابینێت، رووی دووەمی ئەگەرچی مەرج
نییە، بە راستی پێویستت بە ئەویدیکە و ئامادەیی ئەویدیکە لە ژێر یەک
(ناونیشان) ھەبێت، بەڵام ھەمیشە بوونی ئەویدیکەی جیاواز خۆشی و رەنگاو
رەنگی دەنەخشێنێت.
باوکە
بەیانی جەژن دێت
و منیش
چاوەڕێی شەبەنگی تۆ دەکەم
بە ھەویای دەنگی تۆم
ھاتوو لە بیرەروەریی
ملکەچی خەونەکانم دەبم ...
بەپێ دەڕۆم بەرەو باوەشت
لە ناو گەرمیی ئارامییدا نقوم دەبم
و دەچرپێنم
باوکە ...باوکە
ئەی کۆچکردوو
و لە دوورەوە ھاتوو
ھەموو ساڵێ تارماییت خۆی جەژنە.
دواجار لە کۆی ئەو قەسیدانەی کە ئاماژەم بۆ کردن و مێ نووسیویەتی، دوو
دنیابینی و دوو بیرکردنەوە دەبینرێت، یەکەمیان خۆرئاواییە بەوەی کە
گرفتی رەنگەکانی خۆی وەک (مێ) نیشان دەدات، دووەمیان خۆرھەڵاتییە بەوەی
رەنگی ئەویدیکەی (نێر) زاڵە و مێ دەیەوێ لە ژێر ساباتی ئەو رەنگە بە
خەون و خەیاڵ بژی... ھەر بەو مانایەش لەسەرەوە گوتمان مێینەکان بە پێی
ئەو کلتوورەی تێیدا دەژین، کێشەکانیان جیاوازن، بەشێکی زۆری ئەدەب خۆی
لەو تایبەتمەندییانەوە دەبینێتەوە، بەڵام بە ئاستە جیاوازەکانی چیگوتن
و چۆنگوتن.
_____________________________
سەرچاوە و پەراوێزەکان:
- ژان بیار بریسە (١٨٣٧-١٩٢٣) زانای زمانەوانی فەرەنسی، بۆ زێتر
شارەزایی بڕوانە (جان جاک لوسیرکل، عنف اللغە، ترجمە و تقدیم: د. محمد
بدوی، النڤمە العربیە للترجمە، بیروت-لبنان، گ٢، ێ١٣٣. ١٣٧.
- ئەمساڵ (٢٠١٤) سێیەمین ڤێستیڤاڵی جیھانی ئەدەب نینیتی لە ھەولێر لە
(ھۆتێل چوارچرا) بەرێوە چوو، لەو ڤێستیڤاڵەدا بەشداربووانی وڵاتی
بەریتانیا پێکھاتوون لە: (کاپکا کاسابۆڤا، جۆلیان کۆپس، نیا داڤێس،
راچێڵ ھۆڵمز، ئێس جەی فۆلەر، کەی میللەر، غەریب ئەسکەندەر، چۆمان
ھەردی) لە ھەر یەک لە شارەکانی عیراقیش ئەو نووسەر و شاعیرانە
بەشداربوون (ئیلھام ئەلزوبەیدی، سەمەرقەند ئەلجابیری، روئا زوھێر شوکر،
مریەم مەیسەم قاسم ئەلعەتتار، ئەحمەد عەبدولحوسێن، نیزاڵ ئەلقازی،
ئەزھار علی حەسەن حوسێن، عەلی وجیە، شاکر مجید سیفو، عەبدولموتەلیب
عەبدوڵڵا، رۆژ ھەڵەبجەیی، سەلام باڵایی، ئاوێزان نوری، ژاوێن شاڵی) ھەر
یەک لە بەرێزان دکتۆر ھیمداد عەبدولقادر محەمەد و دکتۆر فازل سامر و
کاکەمەم بۆتانی بەشێک لە کۆڕەکانی ئەو ڤێستڤاڵەیان بەڕیوە برد،
بەڕێوەبەری ھونەری لە (بریتش کاونسڵ) (روئا زوھێر شوکر) لە شاری بەغداد
و (عەدالەت گەرمیانی) بەڕێوەبەری جێبەجێکاری (ئارت رۆوڵ) لە شاری
ھەولێر. وەرگێرانی دەقەکانی ڤێستیڤاڵ لە ئینگلیزییەوە بۆ عەرەبی و لە
عەرەبی و کوردییەوە بۆ ئینگلیزی (موھەندیس محەمەد حوسێن رەسول) و
وەرگێرانی لە عەرەبییەوە بۆ کوردی و لە کوردییەوە بۆ عەرەبی (جەلال
زەنگابادی)، جگە لە وەرگێرانی راستەوخۆی گفتوگۆکان.
- راچێڵ ھۆڵمز لە (کۆنمار ھاوز) لە لەندەن کار دەکات، ھەڵسەنگێنەری
زنجیرەی ھەڤپەیڤینە جیددییەکانە، کە بە (مەحاڵە تازەکان) وەسف دەکرێت.
لە ساڵی ٢٠١٠دا خەڵاتی (کاونسیل کەڵچراڵ لیدەرشپ)ی وەرگرت، چونکە
یەکێکە لە (پەنجا ئافرەتی بەریتانی بۆ چاودێری). لە ساڵی ٢٠٠٠وە لەگەڵ
ئەنجومەنی رۆشنبیریی بەریتانی و بەرنامە جیھانییەکاندا کاردەکات و
بەشداری فێستیڤاڵەکان دەکات.
- جۆلیا کۆبۆس لە لەندەن لەدایکبووەو ئێستا لە سۆمرسیت دەژی. سێ کۆ
ھۆزانی ھەیەو، راسپێریی پۆیتری بووک سۆسایتی وەرگرتووە. خەڵاتی یەکەمی
وەرگرتووە لە ناشیناڵ پۆیتری کۆمبیشن و فوروورد پرایز فۆر بێست لە تاکە
شیعردا(٢٠١٠) لە (٢٠١٢)دا بۆ خەڵاتی تێد ھیووز کاندیدکراوە، لەسەر
کۆستلاینز، کە خولێکی ئیستگەیی شیعرییە، دەرەنجامی سەفەرێک بۆ
چاروسەریی پیتینی لوولەیین (IVF) و کۆھۆزانی سێیەمی (جیھان بۆ کۆمەڵگەی
مرۆڤایەتی) لە ٢٠١٢دا لەچاپدراوەو، بۆ خەڵاتی (ت. س. ئیلیوت) و خەڵاتی
کۆستا پۆیتری کاندیدکراوە. ئەمساڵیش (٢٠١٤) یەکەم کتێبی (ھۆگ لە تەمدا)
پەخشدەکرێت. خاتۆ جولیا رێڤەبەری دووەمە لە ناشنیاڵ ریدینگ راوند سکیم
لە رۆیاڵ لێترەری فند. لە ساڵی ٢٠٠٨دا، لە زانکۆی ئیکستەر ھاوەڵێتی
شکۆداری وەرگرتووە.
- روئا زوھێر شوکر نووسەرو پاچڤەوانە. لە ساڵی ١٩٨٧دا لەدایکبووە.
ھەڵگری بەڵگەنامە بەکالۆریۆسی ئەدەبیاتە، لە زانکۆی کووفە. ئەندامە لە
یەکێتی گشتی ئودەباو نووسەرانی عیراقە. لە بەرھەمەکانی: (دێڕانێک بە
مەرەکەبی گیان) و (دوا ھەڵاتنی). روئا زوھێر چەندین خەڵاتی وەرگرتووە
بەرانبەر نووسنە رۆژنامەڤانییەکانی.
- مریەم مەیسەم قاسم ئەلعەتتار شاعیرەو رۆمان نووس و وەرگێڕە. خەڵکی
(میسان) ـە لە عیراق. چالاکە لە بواری مافی ئافرەت و شیعرەکانی لەسەر
ئاستی جیھان بڵاوکردۆتەوەو، یەکەم کۆمەڵە چامەی (ھەورە گرمە) لە دەزگای
عەرەبی پەخشمەندان بڵاوبۆتەوە.
- ژاوێن شاڵی شاعیرەیەکی خەڵکی شاری سلێمانییە لە کوردستانی عیراق و،
دوو کۆھۆزانی پەخشبوونەتەوەو، ژمارەیەکی زۆر وتار لە گۆڤارو
رۆژنامەکانی کوردستان، کە رۆژنامەڤان و رەخنەگرە. یەکەم کۆھۆزانی بە
سەرناڤی (پایزی ژیانم) لە ساڵی ٢٠٠٨دا لە سلێمانی بڵاوبۆتەوەو، یەکێتی
نڤیسەرانی کورد کۆچامەکەی (نە تۆ مایت و نە باران) لە ساڵی ٢٠١٣دا
پەخشکردۆتەوە.
- سێ کۆھۆزانی پەخشکردووە: خزمە نزیکەکان- ١٩٨١، کارەکەرە دەستبڕاوەکە-
١٩٩٤کە خەڵاتی ھینمان و کاندید بۆ خەڵاتی فۆروۆرد کراو، (کتێبی خوێن) –
٢٠٠٦ کە بۆ خەڵاتی فۆروۆردو خەڵاتی کۆستا کاندیدکراو، چامەی (جودێت)ی
خەڵاتی فۆروۆرد بێست سنگڵ پرایزی بردەوە. لە ساڵی ١٩٩٣دا ھاوەڵێتیی
ھاوسۆریدنی وەرگرت و لە ساڵی ١٩٩٨دا خەڵاتی ئاتس کاونسڵ رایتەرزی
وەرگرت و، لە ساڵی ١٩٩٩دا خەڵاتی چۆلمۆندیلی بەرکەوت.
- بۆ زێتر شارەزایی بڕوانە (جان جاک لوسیرکل، عنف اللغە، ترجمە و
تقدیم: د. محمد بدوی، النڤمە العربیە للترجمە، بیروت-لبنان، گ٢ ٢٠٠٦،
ێ١٠٠-١٠١.
- خودی سەردەمی رینیسانس سەردەمی زێڕین و پاڵەوانانەی پیاو بووە، لە
بواری دۆزینەوە و کەشفی زانستیدا، کۆپەرنیکۆس، گالیلی، نیوتن...
سەردەمی کرانەوە بە رووی نھێنییەکانی گەردوون و سروشت، ھەر بۆیە پیاو
بووە بە توێژەرەوە و ئافرەتیش وەک بەشێک لەو سرووشتە ماوەتەوە، کە
لەلایەن پیاوەوە پشکێنراوە... گۆڤاری (سەردەمی ژن) ژ ٢.
- کۆمەڵێک کاراکتەری پیاو کە سەرنجی دنیا بۆ ئامادەبوونی پیاو
پەراوێزخستنی ئافرەت رادەکێشن، لەوانە: جیمس بۆند، خاوەن مەزاجێکی سارد
و بێ ھەستە، کەسایەتیەکی بە ھێز و پتەوی ھەیە، لە زیاد لە بوارێکدا
شارەزایە، بەڵام ھیچ پرۆژەیەکی بۆ ئایندە نییە، لە پەیوەندی لەگەڵ
ئافرەتدا زۆر رەق و ساردە، ھەمیشە دەیەوێت چێژ لەو ساتەوەختە ببینێ کە
تێیدا دەژی... دراکولای، سیمبولێکە بۆ گەڕانەوەی خراپە چەپێنراوەکانی
ناو پیاو، لە رێگای عەقڵی سەرەتاییەوە ھەڕەشە لە ژیاری دەکات... ڤیکتۆر
فرانکشتایین، لە رێگای خولقاندنی دەعبایەک دەیەوێت مێینەیی و منداڵبوون
لە ئافرەت بسێنێتەوە.... شارلۆک ھۆڵمز، فەرامۆشکردنی ئافرەتە وەک
مەتەڵێکی بێ وەڵام، تەعبیر لە پەیوەندی نێوان عەقڵ و سۆز دەکات...
دۆنجوان، راستەوخۆ ئاماژەیە بەو دۆخە نێگەتیفەی کە ئافرەتی پێ پێناسە
دەکرێت... تەرەزان، تەعبیر لە ململانێی نێوان عەقڵ و سۆز دەکات، نێوان
ژیاری بوون و کێوی بوون...
لەو بارەوە فرانیسیس بیکۆن جەخت لەسەر ئەقڵانی بوونی پیاو و سۆزداری
ئافرەت دەکاتەوە. کەواتە بەشێکی زۆری بە پیاوببوونی جیھان پەیوەندی بە
کلتوور و مەشھوربوونی پیاوەوە ھەیە..: ئەفسانەکانی پیاو، لە دۆنجوانەوە
تا جیمس بۆند، بڕوانە گۆڤاری (سەردەمی ژن) ژمارە ٢، بڕوا عەلائەدین.
- ە.س.پ. ل١٠١.
- بونتی، موریس میرلو ، المرئی واللامرئی ، ت. د. سعاد محمد خچر، دار
الشۆون الپقافیە العامە ، بغداد ، ١٩٨٧ ، ێ١٢٦.
-ھەندێک وا بیر دەکەنەوە کە سەرەڕای مامەڵەکردنی ئافرەت لەگەڵ شتە
نەرمەکان و مامەڵەکردنی پیاو لەگەڵ شتە زبرەکان، رووییەکی دیکەی ئەو
مەسەلەیە بایۆلۆجیە و پەیوەندی بە ھۆرمۆنی (hormone) (تیستسترۆن) ھەیە،
ھۆرمۆنی رکابەری و ململانێ، ئەو ھۆرمۆنە لە پیاوان بە رێژەی بیست
ئەوەندی ژنان ھەیە.
- پیاو سەری بەرز دەکات و لە بەرانبەردا ئافرەت دەبێ سەری نزم بکات.
- فازڵ قەرەداغی دەڵێت: لەبەر ئەوەی کە وشەی (ئافرەت) کۆنتر و
بەرجەستەتر بووە، پێدەچێت وشەی (ئاشتی) کە نوێترە و زاراوەیەکە
موجەرردە لەوەوە خوازرا بێت، واتە وشەی (ئاشتی) بە بە سەر ئاشتبوونەوە
دابڕابێت ، بڕوانە: رۆژنامەی ئاوێنە لە ٢١/٢/٢٠١٢.
- د. جەمال نەبەز، بڕوانە رۆژناموە میدیا ژمارە ١٩٢.
- بەھرۆز جەعفەری نووسەر دەڵێت من لە دەمی (مام جەلال)ەوە بیستم کە
گوتی بەکار ھێنانی وشەی ژن لە ئافرەت راستترە.
-بڕوانە (نینیتی سێیەمین فیستفاڵی جیھانی ئەدەب)، پێشەکی فیستفاڵی
نینیتی، راچێڵ ھۆڵمز، ل٤.
- ساڵی (١٩٩٥) لە کۆنگرەی لوتکەی زەوی کە تایبەت بوو بە ئافرەتان لە
(پەکین) وشەی جێندەر لە بەیانی کۆتایی کۆنگرەدا (٢٥٤) جار بەکارھێنرا.
-بڕوانە (نینیتی سێیەمین فیستفاڵی جیھانی ئەدەب)، جۆلیا کۆبۆس، ل١٩-٢٣.
-بڕوانە (نینیتی سێیەمین فیستفاڵی جیھانی ئەدەب)، کابکا کاسابۆڤا،
ل١٥-١٨.
- کابکا کاسابۆڤا شاعیرەو گەڕان نووسە. پاش رووخانی دیواری بەرلین،
خێزانەکەی لە بولغاریاوە بۆ نیوزیلەندا کۆچی کرد. چیرۆکێکی بەسەرناڤی
{(شەقامێک بێ ناو) لە ٢٠٠٨دا} کە باسی بولغاریای کۆمۆنیست دەکات، بۆ
خەڵاتی دوو لیفەر یۆرۆبیان و یانەی سفر دۆلمان کاندیدکرا. ھەروەھا
چیرۆکی {(دوازدە خولەک لە ئەڤین) لە٢٠١١دا} بۆ خەڵاتی نووسەرانی
ئوسکوتلەندی کاندیدکرا، کە باسی تانگۆی ئەرجەنتین و راڕایی و گومان و
منەی نیشتمان دەکات. رۆمانێکی ھەیە بە ناونیشانی {(ڤیللا باسفیکا)
٢٠١١}کە دەربارەی ئەمەریکای باشوورەو، دوو کۆھۆزانیش: (ژیانی کەسێکی
دیکە) و (جوگرافیای گومبوون). خاتۆ کاسابۆڤا وەرگێڕیشە لە زمانی
بولغارییەوە بۆ ئینگلیزی و، ھەمیشە بەشدارە لە: گاردین، ئینتلیجنت لایف
و سکۆچ ریڤیوو. خاتۆ کاسابۆڤا لە سکۆتس ھایلاندز- ئوسکوتلەندا دەژی پاش
ئەوەی کە تافی ھەرزەکاری و بیست ساڵێک لە تەمەنی لە نیوزیلەندا
بردۆتەسەر.
-بڕوانە (نینیتی سێیەمین فیستفاڵی جیھانی ئەدەب)، چۆمان ھەردی، ل٢٧-٢٨.
- چۆمان ھەردی لە کوردستانی عیراقدا لەدایکبووەو، لە تەمەنی یەک
مانگیدا لە ئاوارەی ھەندەران بووە. پێنج ساڵی تەمەنی منداڵێتیی لە
شارۆچکەیەکی نزیکی تاران ژیاوە، پاشان بۆ سلێمانی شارە دایکی
گەڕاوەتەوە، بەڵام دیسان لە ساڵی ١٩٨٨دا بەھۆی زەبروزەنگی سیاسی ئاوارە
بووەو لە کوردستانی ئێران گیرساوەتەوەو، خۆی فێری زمانی فارسی کردووەو
خۆی رۆشنبیر کردووە. پاشڕا لە ١٩٩٣وە بووەتە پەناھەندە لە ئینگلتەراو،
لە کوینز کۆلیج ئوکسفۆرد خوێندوویەتی و(بەکالۆریۆسی فەلسەفەو
سایکۆلۆژیا) وەرگرتووەو، ماستەری فەلسەفەی لە یونیڤرستی کۆلێجی لەندەن
وەرگرتووەو، دکتۆرای ساغڵەمی ئاوەزی لە زانکۆی کینت کانتربەری
وەرگرتووە. چۆمان لە ساڵانی (١٩٩٦و ١٩٩٨) دا دوو کۆشیعری بە زمانی
کوردی پەخشکردۆتەوە. لە ساڵی ٢٠٠٢دا پێگەی راھێنانی پێ سپێردراوە لە
جیروود- ئارڤۆن یۆنگ رایتەرز لەگەڵ کلێر شۆ، میریل پوغ، دێن پارکین و
کەسانی دیکە، بە سەرپەرشتی جیۆرج سزیرتس. کۆشیعری ئینگلیزی چۆمان (ژیان
بۆ ئێمە) لە ٢٠٠٤دا لە لایەنی بلۆدئەیکس پەخشکراوەو، پاش ھەژدە مانگ
جارێکی تر پەخشکرایەوە. چۆمان شارەزاو کارامەیە لە ھەڵبژاردنی شیعرداو،
چوار چامەی ھەڵبژێردراوە لە ٢٠١٠وە بۆ خوێندنی قوتابیانی ئینگلیزی
(GCSE)و، لە ھەمان ساڵدا (پۆیتری ئەرچیف) سیدییەکی پەخشکردووە بە
عینوانی (چۆمان ھەردی لە چامەکانی دەخوێنێتەوە). لە ساڵی ٢٠٠٦دا چۆمان
یەکێکە لە شاعیرە لاوەکان، کە ھۆزانیان بڵاودەکریتەوە وەک بەشێک لە
بەرنامەی (چامەگەلێک لە ئەندەرگراوند)ا. لە (٢٠٠١- ٢٠٠٣)دا کورسی
یەکەمی ئیکسلد رایتەرز لنکی وەرگرتووەو، ئەندامە لە پۆیتری بووک
سۆسایتی (٢٠٠٥- ٢٠٠٧) و ببلیک برودکاستینگ سێرفس پامفلیت
سێلێکتەر(٢٠٠٦- ٢٠٠٨). لە ساڵی ٢٠٠٨دا بە ھاریکاری (میمی خەلڤاتی)
شیعری (کەژاڵ ئەحمەد)ی لە کوردییەوە وەرگێڕاوەتە ئینگلیزی بۆ (پوێتری
ترانسلەیشن سەنتەر) و (Enitharmon ) لە گەڵ دەقی کوردیدا
بڵاویکردۆتەوە.
-بڕوانە (نینیتی سێیەمین فیستفاڵی جیھانی ئەدەب)، سەمەرقەند ئەلجابیری،
ل٦١-٦٢.
- ئاوێزان نوری شاعیرەو چالاکوانە. لە ٢٠٠٤دا(پەنا)ی بڵاوکردەوەو،
خەڵکانی لە بواری FGM ھۆشیارکردەوەو، و تێکۆشا بۆ ئیقناعی حکوومەتی
عیراق بۆ سەپاندنی یاسایەکی قەدەغەی گشتی. لە رووداوە سیاسییەکانی
کەرکووکی گرفتاری چەندین رووداوی تقینەوەی مۆرکداری تایفەگەری، بێ
گومان دەکەویتە بەر گوللە، ئەگەر لە ستارەی سەربانەوە سەرھەڵبڕی و، لە
بواری FGM دا کاربکەیت! (پەنا) بایەخ دەداتە ئەو ئافرەتانەش کە تووشی
زەبروزەنگی خێزانیی ھاتوونە و دێن.
- ڕۆژ محەمەد لایق ناسراو بە (ڕۆژ ھەڵەبجەیی) لەکۆتایی شەستەکان لەشاری
ھەڵەبجە لەدایک بووە.پەیمانکای مامۆستایەتی تەواو کردووەو، کاری
مامۆستایەتی کردووە. یەکەم چامەی بەناوێکی خوازراوەوە لە ڕۆژنامەی
ھاوکاری لەساڵی (١٩٨٦) دا بڵاوکردۆتەوە. دوای ئەوە ئیتر وەستا، بەھۆی
کارەساتی کیمیاباران کردنی ھەڵەبجەوەو، دوای ڕاپەڕینی١٩٩١ توانی بێتەوە
ناو کایەی ئەدەبەوەو، پێنج کۆمەڵە شیعر بڵاوبکاتەوە: (تارمای پێی
مەراقێک/ نەخوڕەی دەرگایەک نەقومێک کەس/ تاخەو دائەگیرسێ بنوو/ ئەو
موناجاتێکە لەچاوەکان/پایزێک بەپاڵتۆی کانوونێکەوە) بەوەش ڕۆژ
ھەڵەبجەیی ژمارەیەکی زۆری خەڵات لە زۆربەی فێستیڤاڵەکاندا وەرگرتووە.
- گەر کەوانی دەستی دوێنێم، تیر بۆسبەینێ بھاوێ، دەبێ ئەمڕۆکە بڕیار
دەم، تەوبە بکەم لە تۆ ئەی پیاو، تەوبە لەوەی جارێکی تر نەتپەرستم....
بڕوانە (نینیتی سێیەمین فیستفاڵی جیھانی ئەدەب) ئاوێزان نوری، ل٣٢-٣٥.
- تۆ لەقابیل بکوژتر بووی، دیداری جێھێشتن لەتۆوە فێر بووم، منت
شەڵاڵکرد بەفیراق، بەڕووخاندنی ڕۆح... ھیچ مەڵێ،ھیچ لەیارەوە بوویتە
ناحەزی زەردەخەنەکانی دڵم.... لەیارەوە بوویتە سڕینەوەی، باخچە
فڕیوەکانی گەنجیم... بڕوانە (نینیتی سێیەمین فیستفاڵی جیھانی ئەدەب)،
رۆژ ھەڵەبجەیی، ل٤٤-٤٧.
- ئیلھام ناسر ئەلزوبێدی ھەڵگری بەڵگەنامەی بەکەلۆریۆسە لە ھونەری
موزیک- ئکادیمیای ھونەرە جوانەکان ١٩٨٤. ئەندامێکی چالاکە لە
رێکخراوانێک کە تێدەکۆشن بۆ دابینکردنی مافەکانی ئافرەت و منداڵ و
تەمەن گەورەکان. لە چەندین بەرنامە چالاکی کاریگەری نواندووە. ئێستاکەش
نوێنەری کۆمەڵەی پاراستن و پێشختنی خێزانی عیراقییە لە شاری بەسرە.
چەندین لێکۆڵینەوەی نووسیوە سەبارەت بە زەبروزەنگ دژی ئافرەت و منداڵ و
کێشەکانی بێوەژنان لە عیراقدا. لە چەندین وۆرکشۆپدا بەشداربووە. ئیلھام
زوبەیدی زۆر چالاکە، نەمازە لە دەزگای عەمماری خێرخوازی جیھانی، کە
گۆڤارێکی مانگانە پەخشدەکاتەوەو، لە ١٩٨٥وە یەکخستنکەری پڕۆژەی کۆمەڵەی
ھونەرمەندان بوو. ئێستاکە خەریکی ئامادەکردنی کۆچیرۆکێکە.
- بڕوانە (نینیتی سێیەمین فیستفاڵی جیھانی ئەدەب)، ئیلھام ناسر
ئەلزوبێدی، ل٣٠-٣١.
ماڵپەڕی عەبدولمتەلیب عەبدوڵا
|