ئارێز سمکۆ حوسێن بۆ (هەندرێن)، شاعیر و هاوڕێ.
لێرەوە لە وڵاتى شەڕ وڵاتى پڕ بۆمبى ناکۆکیی بۆ ئەوێیى وڵاتى غوربەت و ئازادى بە باڵێکەوە ، باڵێکى شکاوى ڕووحەوە لێت دەپرسم تۆ لەم کوچەى غوربەتەدا چۆنیت؟ ها سەیرى پەنجەرەکەت بکا و هەر باڵندەیەکت بینى ئەوە بێ گومان منم و هاتوومەتە لات نا لە یادی ناکەم مشتێ لە خۆڵى "چەغەمیرە" و شنەیەک لە سپێدەکانى کەندێناوە و شەمامک ئا سۆزى چاوەکانى بەدیدارى گەڕانەوەى دایکت و نامیلکەیەکى هاوڕێ "ئارام"ت بۆ دێنم نا... نا قەت نایەم تا بەلاى قەڵا گوزەرێ نەکەم و یادەوەرییەکانت بۆ کۆنەکەمەوە خۆ دەزانم ئەستەمە یادەوەرییە تێکچڕژاوەکانت و خەمە بێهودەییەکانى شار و پاسەوانەکانى نا قەت لە یادی ناکەم و لەگەڵ خۆمدا دەیانەێنم .
نا هاوڕێ هەرگیز لەیادم ناچێت و لەگەڵ خۆمدا بۆتی دەهێنم پەیامی کیژی شیعر و وەسیەتی دوندەکانی قەندیل و زنارەکانی بادینان هاوڕێ لەلات سەیر نەبێت لەم زەمەنە تێکچڕژاوەدا کە پەنجەرەیەک بۆ ڕامان و دەرگایەک بۆ هەڵاتن نەمابێت کیژی شیعر گڕی لەخۆی بەردابێت و دوندەکانی قەندیل بە بەفری سوور داپۆشرابێت و زنارەکانی بادینان ورد و خاش بووبن.
هاوڕێ تەنیا تۆ لەم زەمەنە داڕماوەدا شتی جوانیی و بەها و جوامێریم بۆ نمایش دەکەیت ئەوە تۆ کاکێ چۆن توانیت ببیت بە شنە؟ لەکاتێکدا باوی ڕەشەباکان بوو! تۆ چۆن شۆڕشگێڕێکیت کە لێدانەوەی دڵمان بۆ ڕابردوو لەمەحاڵ دەچوو و ئۆخژنی خەیاڵمانت بە گزنگ سپارد! من کەسەیرى ناولەپى زمان دەکەم تۆ و کە لەنێوچاوانى نیشتمان دەنواڕم غوربەتى دێتە بەرچاوم لێ هەرگیز خەم مەخۆ هاوڕێ نیشتمان دایکێکى بێ ڕەحم نییە لێ پاسەوانەکانى بێ ئەمەک گەر سەیرى مانگت کرد لەوێ ئەوە دڵنیابە هەمان مانگى نیشتیمانە لێ ناهێڵن تریفەکەیمان بەرکەوێ ئاخر چۆن دەتەوێ نیشتمان بە باڵى شکاوى بفڕێ نا هاوڕێ گیا لە هەور ئەوکاتە سەوز دەبێ کە زەوى ئاو بە ئاسمانەوە ببارێنێ سپێدە ئەو کاتە دەست پێدەکات کە مانگ لە پشوو بێت.
نا خەم مەخۆ براکەم ڕۆژێک دێ و زەمەنێک دێت تۆ دڵی هەموو ئەو وشانە دەدەیتەوە کە لەلایەن پیاوە باڕونەکانەوە قژیان ڕاکێشراوە و سووتێنراون.
برام ، بۆیە هەموو جار پێم دەوتیت من خەمگینم و لەوە دەترسم ئەوەی ئێمە چاوەڕوانی دەکەین نەیەت باڕۆنەکان خۆیان ببن بە شاعیر و خۆیان ئارایشت بکەن و وەک نۆێنەری بەەا جوانەکان خۆیان بنوێنن!
ئازیزەکەم ئێوارە بیرەوەرییەکان لێم ئاڵاون و پێم دەڵین هەرگیز ئێوارەی تری وەهامان نەدیبوو کە مانگ نیگاکانی لە ئێمە و دڵی لە لای ئەو ژنانە بوو کە چاوەڕوانی پیاوەکانیان دەکرد بگەڕێنەوە و لە شەودا نقومی ئاوزەکانیان بکەن.
هاوڕێ چەند سەختە بێ ئومێد بین و باڕۆنەکان دڵیان خۆش بێت هەرگیز پێت وانەبێت ئاخر لە تاریکیش شوێنێک هەیە بۆ ژیان نا هاوڕێ ئەگەر هەرچوار دەورمان تەنرا و دەرفەتێک بۆ هەڵاتن نەما دەتوانیین ببین بە با گەر ئاسمان جێگەی کەسی تری تێدا نەما و شوێنێک نەما بۆ هەناسەدان دەتوانیین ببین بە ئاو گەر دواجار بێئومێد بووین لە ڕزگار بوون دەتوانین دڵنیابین کە دەزانین گۆرانی بڵێین .
هاوڕێ من دەڵێم نیشتمان باڵدارێکە و ئەنگێوراوە و نۆ پێم دەڵێت "نا" هەر دەتوانێن بفڕێت من دەڵێم ئێستە نیشتمان مانگە و هەرگیز تریفە نابەخشێت تۆ دەڵێیت "نا" ئاخر پێت وایە ئەویش ڕۆژێک دێت تریفە بدات و وەکو جارانی لێبێتەوە.
تێدەگەم هاوڕێ لە دڵ شکانت و ئاواتە بەدی نەهاتووەکانت وەلێ لەیاد مەکە و بزانە هەموو یادەوەرییەک ژیانە و هەموو خەمگینیەک یادەوەربیە لەو وەرزانە دەگەم کە تۆیان بەرەو بێمروەتی یار بردووە و لێیانەوە بۆنی ناخی خۆت کردووە.
بمگەڕێنەوە ئەی کات وزەم پێ ببەخشە ئەی مەرگ دەمەوێ دوا هەوارگەی هاوڕێیەک ببینم کە بەرسڤی ئەو رستەیەم پێ بڵی: "لە سێبەری کێوەکاندا ونت دەکەم ، لە پێدەشتێک دەتبینمەوە"؟ پێشمەرگەیەکی شکۆمەند یان تاراوگەیەکی بە گمە؟ ئەمە چ خەونێکە پڕ بێ لە یادەوەریی و چ ئازارێکە خاڵی لە مردن بمگەڕێنەوە ئەی کات وزەم پێ ببەخشە ئەی مەرگ دەمەوێ لەوە بگەم کامەیە کیژی شیعر "ئەوەی وەک کەروێشکێک لە دەستت ڕۆیشت و دەتویست مانگیش بکەیتە پاسەوانی" یان ئەوە تاراوگەیە و جار ناجارێکیش نیشتیمان کە تەنیا ڕوانینیت بۆ ەاتنی سەرابە و یان ئەو شۆرشگێرەیە کە بە دەڵەمەیی مەرگی کوژرانی پێکەنینی جوانیەکان بۆ خۆی دەبات؟ یان ئەو پەڕە کاغەزەیە کە سەردەمانێکە دایکت چاوەڕێیەتی تا لە ەەندەرانێ و لە غەریبیەوە لۆی بنێریتەوە و لە فرمێسکەکانی دڵنیا بێ و ناوی کۆرپەکەتی پێبڵێی و مەراقی هاتنەوەی تۆی تیدا بەدیەاتبێ ؟
برا شیرینەکەم نائومێدى لەناخی هەردووکماندا بەرجەستە دەبێتەوە و بەرەو "باڵا"چوون دەفراژێ ئەرێ تۆ بڵێ: ئەم روحەی ئێمە لەگەڵ چیدا ئاوێزانە چەندە سەیرە هاوکات حەزی لە قاسپەی "کەو"ە و دڵی بۆ بینینی شوێنپێی "سوێسکە" لە دەشتدا لێدەدا!
ئەز و تۆ مەحکومین بە سزایەک "سزای ئێمە گومانە" * ئەوە نییە گومان دەکەین و پرسیار دەکەین : بۆ مردن هەبێت، کە نەمری نییە؟ چۆن دەبێ شەڕ ڕووبدات ، هاوکات کە گوڵیش ەەیە؟ بۆ بەفر بتوێتەوە ، کە خۆر خۆی بکوژ نییە؟ کیژی شیعر ون ببێت و شۆڕش نووشتە ئاسا بەتاڵببێتەوە؟ چۆن دەکرێ شیعر سووک بکرێ و پێشمەرگە پەشیمان بێتەوە و ئاوەز بە عەقڵ و خەون بە ئاگا بێتەوە ؟ ئەی بۆ بوودەڵەکان دەمڕاستمانبن و کە زەینیشمان لێڵ نەبووبێت؟ ئێمە هەردوو گومان دەکەین مارەکانی دوێنێ بە گۆڕینی کاژەکانیان لە هەور بچن و ویست وابەستە بێت و بیرکردنەوە دۆشدامێنێ و بوونمان لە لەنگەی بێ قەدریدا هەڕاج بکرێ؟
برام هێشتا دڵم لاتە دەڵێم دەبێ : ئەم هەموو کانیەمان بیر بچێتەوە کە لە ڕووباری هاوڕێیەتی ئێمەدا خۆیان دەشۆن و تێکەڵ بە مانا دەبن؟ ئاخۆ دەبێ بە ڕامانێک ئەم ڕووداوەت بیر بێتەوە و لە یادەوەریتدا فرمێسکێکی بۆ بسڕیت وشەیەک خەریکە دەخنکێ و باڕۆنەکان خێرا خێرا تابووتی بێنرخی بۆ چێدەکەن و ئێمەش لە فرمێسکی خۆماندا بە گۆڕستانی نەمری هەناسە ساردی دەسپێرین !؟
برام باوەڕ دەکەم ئازیزێک لەوێ ەەیە نزیک بە "سکاندیناڤیا" و بە دووری هەزاران فەرسەخ لە یەکترەوە هەر دەڵێی "نیوەکەیتری خۆمە" ئەی کەی لە بیرەوەریماندا دووری و غەریبیمان دەڕسکێ؟
دڵنیام لە یادت نەچۆتەوە کە لە ئێوارەیەکدا ژێرمان گیابوو و مێزێکی وەنەوشە لە نێوانماندا وەلێ ئەی داخ شەربەتێک لە یادەوریمان لێ ڕژا بریا دەمانتونی جارێکیتر کۆیبکەینەوە! تۆ بڵییت بتوانین ؟
ئەمە چ خەمێکە هاوڕێ لە یادەوەریماندا ئاڵاوە و لە خەونە سەوەزەکانماندا پاییزە ئەمە چ خەونێکە ەاوڕێ دواجار لەوە تێبگەین هەموو شتێک سەرەتای ەەیە و وەلی بێ کۆتایە! _______________________ * ئەم کۆپلەیە هی ڕامبۆیە.
تەمووزی 2008 هەولێر
|