١\٣\٢٠١٦
نیشتیمانێک لە نێرگز، خاکێک لە گوڵ.

کەژاڵ ئیبراهیم
خدر
لە
نێو زامەکانی رۆحماندا
دەیان برینی دوێنێ ھەیە
نازانم چی بنوسم
نمەی باران و دڵۆپە فرمێسکەکانی ئێوە
یاخوود گەڵای وەریووی
ناڵەی پڕ لە ئازاری نیشتمان
نازانم چۆنتان بخوێنمەوە
رابردوی پڕ لەتریفەو
تیشکی زێڕینی ھەتاوی جوانیتان
یان شمشاڵی پڕ لە گەرووی خنکاوو
مەرگەساتی دایکی شەھیدانمان.
٢
ئەو وەختەی نیشتیمان
لەبەردەم پەنجەرەکانی شەڕدا
دەیان کۆرپە گوڵی خونچەیان دەوەرێ
تاریکی باوەش دەکاتەوە
تۆ دەبێتە ئاوازێکی پڕ لە خەمم و
گۆرانیەکی وەڕس بۆمردن
دەستێکت پڕاوپڕ دەبێ لە خوێنء
ئەوەی تر سیخناخ لەتەرم.
٣
ئەو کاتەی شەڕ دەرگا بەنیشتیمان دەگرێ،
چاوی پڕ دەبێت لە فرمێسک و
مەرگی ھێواشی رۆڵەکانی و
چاوەکەی تری دەبێتە گۆڕستانێکی سەوزو
باڵای چناریش لق و پۆپی خەم دایدەگرێ.
٤
ئەو دەمەی شەڕ بەرۆکمان پێدەگرێ
ئامێزی خاک وێرانترو
نیشتمانی دڵمان کارەساترو
گوڵی باخچەی شەھیدانمان گەشتر دەبێ.
٥
"ئەوکاتەی نیشتمان
خوێن دەبەخشێ و سەروەریەکانی تۆماردەکا
پەلکەزێرینە گوڵ دەردەکاو
خونچەی ژیان سەما دەکا.
٦
نا بۆ شەڕ..
نا بۆ پڕ بوونی نیشتیمان لەتەرم
نا بۆ ھەڵوەرینی پەنجەکانء
مەرگی ھێواشی رۆڵەکان
کە شەڕ رۆحمان لێ دەسێنێ
سەدان گوڵە گەنمی پڕ لە پەلکەزێڕینەی
ئەم خاکە نەشمیلە
وەکوو نێرگزی بەھار و
جوانی سروشت، کۆتایی دێ.
٧
ئای نیشتمانی پر لە ئازار
ئەوان خەجاڵەت بن
ئەو ھەموو خوێنەمان بەخشی
ئەو ھەموو تەرمەیان بەرێکرد
تاکوو تریفەی مانگ دەرکەوێ
تاکوو لاولاوی ماڵەکەمان
ببێتە پەرژینی ناسک و
بەنێو رۆحماندا سەرکەوێ
تۆ چەند گوڵە ھەنارت بینی
چەند لقە داری پڕ لەگەڵای جوان و
چەندین پەپولەی ناسکت بەخشی
ئەوانەی بە ناوی تۆوە
رۆژانە پەیکەری خۆشەویستمان دەشکێنن
ئەوانەی رۆژانە بانگەوازی شەڕو
نوقڵانەدەبەخشنەوە
رۆژێک دادێ
لەبەردەم چریکەی پڕ لەئاوازی ئازادیدا
بە چۆکا دێن.
ماڵپهڕی
کهژاڵ
ئیبراهیم خدر
|