په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٩\٤\٢٠١٣

نیشتمانەکەم بە بلۆک سەری پانکردمەوە.


لاوژە ماهیە       


ڕۆژی ٧ی نیسانی ئەمساڵ ٦ ساڵ بەسەر بەرد بارانکردنی دوعا تێدەپەڕێ، دوعا ئەو کچە یەزیدیە بوو کە بەهۆی پەیوەندی خۆشەویستی لەگەڵ کوڕێکی موسڵمان بەڕۆژی ڕوناک لەبەرچاوی دەسەڵات دارانی کوردستان و دەزگای بەناو پۆلیس و ئاسایشەکایانەوە بە دڕندانەترین شێوە کوژرا. ئەم ڕوداوە ڕەنگدانەوە و پاشان کاردانەوەی زۆری لێکەوتەوە، لەوانە نفرەت و نارزایەتی خەڵکی ئازادیخواز، دەیان وتاری جوان چەندین شیعرو پەخشانی لەسەر نوسرا و کۆڕو و کۆبونەوەی توڕەیی لەسەر دروست بوو، سەرۆکی حکومەت ناچاربوو هەڵوێست بگرێت و لەوێوە بەڵێنی باشبونی ڕەوشی ژنان و دادگایی کردنی تاوانبارانی دا. بەڵام ئایا جەنابی سەرۆک بە کردەوە بەرپرسیاریەتی نواندو دۆخی ژنانی باشترکرد یان بەڵێنەکانی تەنها وڕێنەی بەتاڵ بوون؟


تیرۆرو ڕەشەکوژی ژنان لەژێر ناوی ناموس لە لایەک و خۆکوشتنیان لە ژێر کاردانەوەی توندو تیژی و کێشەی کۆمەڵایەتی ومادی لە لایەکی تر بەردەوامە. ڕۆژ نیە هەواڵی قوربانی بوونی ژن ڕامان نەچڵەکێنێت. بەتەنها ڕۆژی ٤ی٤ هەواڵی گیان لەدەستدانی سێ ژن لە دەزگای وارڤینەوە بڵاوکراوەتەوە. دوانیان بەهۆی کێشەی کۆمەڵایەتی خۆیان سوتاندوەو یەکێکیان بە چەقۆ کوژراوە.


دیاریدەی ژن کوشتن بۆتە دیاریدەیەکی ئاسایی و بەشێکی دانەبڕاو لە کەلتوری کۆمەڵگای کوردی و بەردەوام لە ڕاوی ژنانی بێدیفاع دایە، تاوانی هەموو ئەو ژنانە کە بوونەتە قوربانی یک شتی هاوبەشە، تەنها ژن بوونیانە و هیچی تر. پاساوی ئەم حوکمەشم ئەوەیە کە کێ بینیویەتی و بیستویەتی باوک یان دایک کوڕی خۆێان، برا یان خوشک برای خۆێان، عەشیرەتو خێڵ کوڕ و پیاوی خۆیان بکوژن لەبەر ئەوەی کچێکی خۆشویستوە؟


لە نیشتمانەکەی من کچ بە شەرم و سەرشۆڕیەوە لە دایک دەبێت هەر بەم چاوی سوکایەتی و ئیهانەتیشەوە ڕۆحی پەروەردە دەکرێت، ئەگەر ڕاستگۆ بین لەگەڵ خۆمان کام تاکی کورد گوێی لێ نەبووە ئەگەر ژنێک یەکەمجار کچی بووبێت، دڵخۆشی دراوەتەوە بەوەی ئینشائەڵا جارێکی تر کوڕت دەبێت.


زۆر جار بۆ خۆشی و ڕابواردنی باوک یان برا کچ مەعاملەی پێوەکراوە، لە زۆر شوێنی نیشتمانەکەم خوێندن بۆ کچ زەرورەتی نیە یان لە ئاستێکی دیاریکراو تەرکی خوێندنی پێدەکەن و پارەی بۆ سەرف ناکەن، لە تەمەنی هەرزەکاری خولیاو ئارەزوەکانی عەیب و سەرشۆڕین بۆ نمونە چونەدەرەوە، سەفەرکردن، چونە سینەما بە بێ خاوەنەکەی(باوک یان برا) قەدەغەیە. دەیا شێوازی جۆراجۆر هەیە بۆ فرۆشتنی کچ لە ژێر ناوی زەواجدا بە زەبرو زەنگ بەڕێوەدەچێت، لە باشتری دۆخی زەواجدا ئەگەر بە ڕەزامەندی کچەکەش بێت لە لای بنە ماڵەو عەشرەتی خۆیەوە ئەو پرۆسەیە بە سەر شۆڕی و عەیبو عار تێپەڕ دەبێت. دوای زەواج خاوەنێکی راستەقینەی بۆ پەیدا دەبێت کە هەر بەڕاستی پارەی سەرف کردووە لە پێناویا و پێوەی ماندو بووە، جا بۆێە ژن ئەگەر ژیانی لە دۆخی زەوجیدا دۆزەخیش بێت ئەوە ناوێرێت هیچ بڵێت چونکە جیابونەوەش لە جەهەندم دژوار ترە.


ئەگەر تێڕوانین و پەیوەندیەکانی کۆمەڵگای کوردی ئینسانی و یەکسان و دور لە ڕەگەز پەرەستی بوایە ئەوکات ئەگەر لە سەرتاسەری کوردستان تەنها چوار ژنیش هەبێت ئەوە وەک ئینسان و لە پەیوەندیەکی یەکساندا هەڵسوکەوتیان لەگەڵ دەکرێت، بەڵام ئەوەتەی مێژو لە بیری بێت، پێ بە پێی پیاو ژنی کورد ئەرکی لەسەرشان بووە هەر لە بەڕێوەبردنی خێزان و پەروەردەی منداڵ تا دەگاتە مۆمێنتەکانی ناسیونالیزم وەک بەندیخانەو خەباتی شارو شاخ و ئەنفال بێ وچان بەژدار بووە.
ئەمڕۆ بەرهەمی ئەم مێژوە دورو درێژە لە کوردستانی بە ڕوکەش ئازاد دا بۆتە پلە دووی تەواو بۆ ژنان، هەمو ژنانی کوردستان بە بێ جیاوازی پێگەی کۆمەڵایەتی و ئابوری لە پەیوەندیەکی نا هاوسەنگدان چ لە خێزان چ لە دەرەوەی خێزان، بە ڕوڵەتیش چوار داهۆڵی لەچک بەسەر لە پەرلمانە کارتۆنیەکەی هەرێمی کوردستان بوونەتە ئەندام پەرلمان، بەڵام بونەتە سەربازی دڵسۆزو بێ معاشی سیستەمی پیاو سالاری و ناوێرن ناوی ژن بهێنن و باسی کێشەکانیان بکەن، نکا پۆستە حیزبی کانیان لەدەست دەن یان بەبێ ئابڕو ناویان ببەن. ئەوە هەموو بەرو سەمەری کوردستانی ئازادە بۆ ژنان.


یاساو ڕێسای نیشتمانەکەم، بنەمای کەلتوری سیاسی و سیستەمی بەڕێوەبردنەکەی ئالودەن بە ژەهری دژە ژنە، لە پرۆسەی خوێندنی مەکتەبەوە، مەنبەر ومەلای مزگەوتەوە، بنەماو یاسا گشتیکانی هەرێمەوە، هەڵسوکەوتی فەرمانگە و شوێنەگشتیەکانەوە، بازاڕی لەشفرۆشی و یانەی شەوانی شارەوە، لە قسەوباسی ناو بازاڕ و تادەگاتە نوکتەکانی ئەحۆل پڕن لە سوکایەتی و ئیهانە بە ژن.


بەدوای ڕاپەڕینی بەهاری ١٩٩١ەوە بزوتنەوەی یەکسانیخوازی ژنان و ڕێکخراوەکانی ژنان، بەمساڵانەی دوایش ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی بەردەوام هەرکامەیان بە شێوازی خۆێان خەریکی کارکردن بوون دژی ئم هەڵاواردنە، بەڵام هیچکاتێک لە ئاستی شیاودا نەبوون و نەیانتوانیوە بەر بەم هەمو شاڵاوە بگر کە ڕۆژانە دەکرێتە سەر ژنان.


کێ بەرپرسە؟


لە ژێر سێبەری دەسەڵاتی ناسیۆنالیزم و عەشییرەتی کوردیدا، زیاتر لە ئەنفالی بارزانیەکان و کیمیا بارانی هەڵەبجە، ژنی کورد بوونەتە قوربانی. بەڵام نەک هەر دەسەڵات داران و جەنابی سەرۆکی هەرێم، بەڵکو ویژدانی گشتی کۆمەڵگاش لە ئاستی ئەم بەڕبەڕیەتە نوستووە.


هیچ گومانی تێدانیە کە دەسەڵات بەرپرسی یەکەمە لە هەر تاوانێک کە لەکۆمەڵگا ڕودەدات، بەڵام کام دەسەڵات، دەسەڵاتێک کە فەلسەفەی پێکهات و مانەوەی لەسەر زەبر وزەنگ، کۆنەپەرەستی و ناهوشیاری گشتی بەندە. لە ڕێگای سەرۆکی خێڵ، عەشیرەت و مەلای مزگەوتەوە ئیرادە و هێزی لە هاووڵاتیان بڕیوە، هیچ سنورێک نیە بۆ ڕاگرتنی تەرویجی کۆنە پەرەستی ڕۆژانە لە مەنبەری مزگەوتەکانەوە فتوای ناحەق و ناڕەوا دەدرێت، خوێنی خەڵک حەڵاڵ دەکەن یان درۆو دەلەسە لێک گرێ دەدرێ و بە زمانی خواوە قەول و بەڵێنی بەتاڵ بە خەڵک دەفرۆشن. بە بێ ئەوەی هیچ سنورێک ڕایانگرێت.


ژنان دەبێت چی بکەن؟


ئەزمون و راستیەکانی ٢٣ ساڵی ڕابردوو ئەوە دەسەلمێنن کە کێشەی ژنان لە کوردستان کێشەیەکی بنەڕەتی سیاسی و کۆمەڵایەتیە. پێویستی بە بزوتنەوەیەکی سەرتاسەری هەیە کە بەرچاوی رۆشن بێت بەوەی کە ئەحزابی ناسیونالیست و مەزهەبی چ لە دەسەڵات و چ لە ئۆپۆزسیۆن هۆکار و سەبەبی بنەڕەتی ئەو کەش و هەوایەن کە ژنان تێیدا کۆیلەن. ئەو رێکخراوانەی کە لەپەراوێزی حیزبەکانیانەوە رێکیان خستوە تەنها بۆ بەکارهێنانی خەڵکە لە ململانێ دەسەڵات و هاوکێشە سیاسیەکاندا. کە واتە بزوتنەوەی یەکسانیخوازی ژنان دەبێت سەرەتا ڕیزی خەباتی خۆی لە ئەحزابی ناسیۆنالیستی کوردی و مەزهەبی بە دەسەڵاتو ئۆپۆزشیۆنەوە جیا کاتەوە. بەرەیەکی سەربەخۆ لەدەوری مافە ڕەواکانی ژنان پێک بهێنێت بۆ خەبات لەسەر پرسەکانی ژنان بەبێ هیچ بەندو بەستو سازشێک ، مەسەلەی ژنانو داخوازی بۆ مافە رەواکانیان ببەنە ناو کارگەو شوێنەگشتیەکان، خویندنگاو فەرمانگەکان و سازمانی بدەن، بکرێتە بزوتنەوەیەکی جەماوەری خەڵک و ڕابەرانی ئەم بزوتنەوەیە لە ناو کارگەو فەرمانگاکاندا ناسراو و جێی متمانە و باوڕ بێت، دیارە ئەمە وا ئاسان نیەو کاری زۆری دەوێت و دەبێت بواری بۆ بکرێتەوە ، ئەگەر بێتو ژنانی چەوساوە لە کارگە، خوێندنگاو فەرمانگەکان یەک ڕۆژ بەرامبەر بە نایەکسانی و هەڵاواردنی جنسی لە کۆمەڵگا مانبگرنو ڕێگەو شەقامەکان دابخەن، ئەوکاتە بەرپرسان لە کوردستان ناچار دەبن کە بەجدی هەنگاو بنێن بۆ بەتاوان ناسینی تیرۆرو ڕەشەکوژی ژنان ودەرگا ئاوەڵە بکەن بۆ کاری ڕاستەوخۆو جدی لەسەر کێشەکانی ژنان و ڕێگا خۆش کەن بۆ بەدیهێنانی یەکسانی ژن و پیاو لە کۆمەڵگادا.
 

 

٨\٤\٢٠١٣

lawzha@yahoo.com

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک