په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٢\٤\٢٠١٢

  نیشتمانێک لە ئەرخەوان.


کەژاڵ ئیبراھیم خدر

١

دەیان جار چوومەتە وەرزی تەنھایی
دڵی باخێکی بەجێماوی پڕ ئەسرین و
گۆرستانێکی بێ باڵندە و
تریفەی شەونمی مانگ و
کیژۆڵەیەکی بێ ناونیشانم دیوە
دەیان جار بە نێو پایزی
عەشقێکی تاریکدا راگوزەر بووم
کە مەرگی خۆیان لە نێو
شەپۆلە سەرشێتەکانی دەریادا بینیووە.


٢

من لە خۆمەوە نەھاتوومەتە نێو باخچەی
پڕ لە گوڵزاری ژیانەوە
من لە بەھاری خوێنەوە و
لە نێو کەشتیەکی بەجێماوەوە ھاتووم
لە نێو شەپۆلی دەریایەکی ھێمندا
سەرم وەک ئاوی رووبار سپی و
دەروونم وەک گەڵایەکی وەریوو.


٣

من لە خۆمەوە نەھاتووم
لە نێو ئاگری بەر ئاگری سوتاندا
لە پێدەشتی بە گوڵ چێنراوی زامەکاندا
تێکەڵاوی رەنگی تاریکی و
دڵ شکانی پەپوولەیەک
ھاتووم و، لەدایک بووم.


٤

من لە خۆمەوە نەھاتووم
لە زستانێکی پڕ کڕێوە و تۆفاندا
لە شارێکی داڕووخاوی وێرانەدا
لەدایک بووم
تاکو رەنگی رەش بکەمە بەرم
ئەو کاتەی باوکم جێی ھێشتم
شعرێکی رەش پۆش ھات و،، کردیە بەرم
من گریانم وەک باڵندە و، نەسیمی مۆسیقایەک
نەناسی بوو ،ئەو پێی وتم.

 
٥

من لە خۆمەوە نەھاتووم
بچمە دنیای دڵشکان و ئازارەوە
جەستەی سوتاوی ژنێکی ھەڵەبجە
پشکۆی رقێکی تووڕە بوون
وای لی کردم زامەکانیان بنووسمەوە.


٦

من لە خۆمەوە نەھاتووم
ببمە باڵندەیەکی دیل
ئەوە گریانی منداڵە ھەژارەکانی
کەرکوک بوو وای لێ کردم
بچمە نێو دنیای خەباتی
کیژۆڵە نەشمیلەکانی قەندیل.


٧

ئەگەر  رۆژێک ھات و،
لە شارەکەمدا دیار نەمام
لە دارئەرخەوانەکانی سەیوانی
وەرزی وەرین بۆم بگەڕێن
رەنگە لەسەر گۆڕی شەھیدان بم
ئەگەر لەوێش نەمدۆزنەوە
رەنگە لە کۆڵانێکی داڕووخاوی قەڵادزێ و
لە ماڵی ژنە بێوەژنێکی پاکیزەیی
دوای ئەنفالی گەرمیان بم.


٨
ئەگەر لە ھیچیشیان نەبووم
لەوانەیە بووبم بە کۆترێکی سپی
بۆ باڵای ئەم گەلە بخوێنم
یاخود بوبم بە شعریکی ناسک
بۆ کێلی گۆڕستانەکان و
وەرینی خونچە گوڵی، ژاکاوی ئازیزانم.

٢٠١٢

ماڵپهڕی که‌‌ژاڵ ئیبراهیم خدر

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک