په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٣٠\١١\٢٠١٠

نوێژە بە بارانە!


ئەردەشێر شۆڕش

 

نوێژە بە بارانە، مەلای سەر دەغڵانە، هەیاران و مەیاران... یاخوا نەکاتە باران... بۆ نوێژەکەی یەکێتی زانایان.....!!!!


لەم چەند ڕۆژەی ڕابوردوودا هەواڵێکی یەکیه‌تی زانایان ، هەموو لایەکمانی سەرسام کرد ، چونکە لەم سەردەمەی پێشکەوتنی تێکنۆلۆجیادا ، تازە تازە زانایانی ئایینیی کورد ئەیانەوێت بە زەبری نوێژەکانیان! ئاسمان دابدۆشن و بارانمان بۆ ببارێنن!


ئەم هەواڵە سه‌ردەمی مناڵیی هێنایەوە یادم کە بوکە بە بارانێمان ئەکرد ، بۆ ئەوەی خوای تەبارەک و تەعالا ڕەحمێکی بە ئێمەی مناڵ بکردایە! و لەبەر خاتری بوکە بە بارانەکەمان ، بارانی ببارانایە!


مرۆڤ هەر کاتێک توانای هێزێکی سروشتیی لە خۆی بەهێزتری نەبووە ، ئەوا ڕاستەوخۆ پەنای بردووه‌تە بەر ئەفسانە و هێزە خه‌یاڵییەکان ، وەک مرۆڤە سەرەتاییەکانی چاخی بەردین ، قوربانیی بۆ لافاو و ڕوبارەکان ئەکرد ، بۆ ئەوەی لافاوەکان دابمرکێننەوە ، یان عه‌رەبەکانی بیابان کچه‌کانیان زیندەبەچاڵ ئەکرد و قوربانیی گەورەیان لەپێناوی وشکە ساڵییەکان و کارەساتە سروشتییەکاندە ئه‌دا ، بەڵام ئیسلام هات و هەموو ئەوانەی بە مۆدێلێکی نوێتر گۆڕییەوە ، ئەویش بە هەمان نەفەس کاری لەسەر عەقڵیەتی مرۆڤەکان کرد!


ئەم بابەتە لە ڕووی سایکۆلۆجییه‌وه‌ و گەڕانەوە بۆ دیرۆکی ئەم دیاردەیە ، زۆری ئه‌وێت ، بەڵام ئەمەوێت زۆر بە کورتیی بە یەکیه‌تی زانایانی ئایینیی کوردستان بڵێم ، ئایا نەئەکرا لەبری نوێژە بارانەکەتان! زووتر موسڵمانەکانتان لە مزگەوتەکانتانەوە ئاگاداربکردایە کە گرنگیی بە ڕوه‌ک و دره‌خت چاندن ، سەوزکردنی ماڵەکان ، گەڕەک و شارەکان بدەن؟


ئایا نەئەکرا داواتان لەو دەوڵەمەندە موسڵمانانە بکردایە کە ڕەحمێک بە ژینگەی ئەو شارە بکەن! لە ڕووی ئەم هەموو دوکەڵی کارگە و هێنانی ئەو هەزاران ئه‌وتۆمۆبیلی ئێکسپایەره‌ و .. تد؟


نەئەکرا داواتان لەو خاوەن پاڵاوگەی نەوتە بکردایە لە چواردەوری هەولێر کە پیسکردنی ژینگە ڕابگرن؟


بۆچی بوێریی ئەوەتان نەبوو که‌ بە کاربەدەستانی حکومەتی هەرێم بڵێن لەبری ئەو هەزاران موه‌لیدەیە کە بووه‌ بە هۆکارێکی سەرەکیی پیسبوونی ژینگە و نەبارینی باران! حکومەت کارەبای چاک بکردایەته‌وه‌؟


450 حاجی لە مه‌که ومه‌دینه‌وه‌ دوعایان بۆ ئەو بارانە کرد! کەچی تنۆکێک نەباری! که‌چی ئێوە ئەتانەوێت‌ لە پلاکەکەیه‌وه‌ دوعا بکەن!


ئێوە نەتانئەتوانی بە ئێرانی موسڵمان و تورکیای موسڵمان و برا عەرەبە موسڵمانەکانتان بڵێن کە چیتر ژینگەی وڵاتەکەمان بە کاڵا و شتومەکی بەسەرچوو ، پیس مەکەن ، بۆ ئەوەی ژینگەیەکی پاکمان هەبێت تا (حەزرەتی باران) کەرەم بکاتە سەر زەوی و نیشتمانە بریندارە ئەنفالکراوەکەی کوردستان!


هەزاران مزگەوت لە کوردستاندا هەن و هەر مزگەوتێک بە لایه‌نی کەمه‌وه‌ 5 تا 6 ئاوده‌ستی تیادایه‌ کە بوونەتە هۆی پیسبوونی ئاوی خواردنەوە و ژینگەی شار! بۆچی داوای کەمکردنەوەی مزگەوتەکانتان نەکرد؟


دڵنیام خوای تەبارەکو تەعالا وەڵامی ئەم نامەیەتان ناداتەوە! ئەگەر هەزار ڕکاعەت نوێژی تریشی بۆ ئەو بۆنەیە بۆ بکەن! چونکە خواش ئەزانێت‌ کە ئێوە چەند ترسنۆکن لە درکاندنی ئەو پرسیارانەدا!


لە کۆتاییدا پێم باشە یادی مناڵیی بە شێوەیەکی نوێ بکەمەوە و بڵێم:
نوێژە بە بارانە! مەلای سەر دەغڵانە! هەیاران و مەیاران.. یاخوا نەکاتە باران! بۆ نوێژەکەی مەلا و زانایان!


لینکی هه‌واڵه‌که‌ی یه‌کیه‌تی زانایانی ئایینیی!
http://www.zanayan.org/t_detail.php?section=1&id=679

 

 

ardasher21@hotmail.com