په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٤\٥\٢٠٢٣

    نوێژی شەو.


دڵکەش قادر

لە نوێژی ئێوارەی ئەمڕۆمدا
نزام کرد
جێنزرگەی ئەندێشە و ژوانم
رووەو رۆژئاوا بێ
رووەو نیگای تۆ بێ.

دوێ ئێوارێ
ئەندێشەم لای ئەو دەنگە بوو
کە لە نوێژی دوای نیوەڕۆ دەستنوێژی شکاندم.

سەرم خستە سەر باڵی چەپی
قژی ئاڵۆسکاوم
شانە دەکەم و
دڵی تەژی دەکەم لە خۆم
خۆم دەکەم بە شاباڵی نوێژی شەو.

دوێ سپێدە
کە هەڵسام
چاوی ئەندێشەی تۆ لەسەر سینەم کایەی دەکرد و
هەڵیدەگڵۆفیم.

هەموو نوێژەکانم دەڕژێنە نێو
جامی تەنیاییتەوە
خۆم لە رقی ئەو نەوڕەسانە دادەبڕم کە شەوان دەڕژێنە نێو گوڵاوی جەنگ.

گوڵاوی تۆ کایەکردنی منداڵیی منە لەسەر شەقامێ
کە دەچێتەوە نێو دڵی سلێمانیی و
گۆیژە دەکاتە جوانترین بووکی سپیپۆشی جیهانی زستان.

گوڵاوی نوێژ و
گوڵاوی من دووانەیەکی دانەبڕاون لە نیگای تۆ
نیگای تۆ نوێژی نیوەی شەوە لە گریانی منداڵیی.

تۆ خوناوی سەر گوڵەگەنمی گیانمی
هەستم تژی دەکەی لە سروەی سپێدان.

 

سلێمانی

ماڵپه‌ڕی دڵکەش قادر

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک