نوێنه‌رانی ناوه‌ندی چاک له ناو په‌رله‌مانی سویسرادا.
له درێژه‌ی هه‌ڵمه‌تی به جینۆساید ناسینی کاره‌ساتی ئه‌نفال له ئاستی نێونه‌ته‌وه‌ییدا، له سه‌عات شه‌شی ئێواره‌ی ڕۆژی دووشه‌مه ڕێکه‌وتی ٢/٦/٢٠٠٨ وه‌فدێکی کۆمیته‌ی سویسرای ناوه‌ندی چاک که پێک هاتبوو له (هیوا ناسیح، عوسمان تازیک، عه‌لی موئمینی) له ناو باڵه‌خانه‌ی پارله‌مانی سویسرادا له‌گه‌ڵ (کارلۆ سوماروگا) په‌رله‌مانتاری سه‌ر به لیستی حزبی سۆسیال دیموکراتی سویسرا و ئه‌ندامی کۆمسیۆنی کاروباری ده‌ره‌وه له‌په‌رله‌مان, که هاوکات به‌ڕێزی سه‌رۆکی (گروپی په‌رله‌مانتارانی سویسری بۆ په‌یوه‌ندییه‌کان له‌گه‌ڵ گه‌لی کورد)یشه، کۆبونه‌وه. مه‌به‌ستی ئه‌م دانیشتنه هاوکاری به‌رێزی و گروپه‌که‌ی بوو له کار و هه‌ڵمه‌تی به جینۆسایدناسینی ئه‌و تاوانه له‌سه‌ر ئاستی په‌رله‌مان و حکومه‌تی سویسرادا، هه‌روه‌ها په‌یوه‌ندی دروستکردن له نێوان کۆمیته‌ی سویسرای ناوه‌ندی چاک و گروپی ناوبراو بوو.
پاش ئه‌وه‌ی نوێنه‌رانمان باسێکی کورتی کاره‌ساتی ئه‌نفالیان بۆ به‌رێزی کرد، کۆمه‌ڵێک دۆکیومێنتی مێژوویی و کتێب و سی‌دی‌یان له‌سه‌ر ئه‌وکاره‌ساته دا به به‌رێزی. ناوبراویش کۆمه‌ڵێک ڕێنوێنی و تێبینی باشی له سه‌ر چۆنێتی کارکردن له سه‌ر ئه‌و دۆسیه‌یه و ڕێگا یاساییه‌کانی به نوێنه‌رانمان دا، به‌ڵێنیشی دا که هاوکاری ته‌واوی ڕێکخراوه‌که‌مان بکات و په‌یوه‌ندییه‌کانیشمان بۆ کاری هاوبه‌ش به‌م ئاڕاسته‌یه‌دا به‌رده‌وام بێت.
ناوه‌ندی چاک/ کۆمیته‌ی سویسرا 3.6.2008
|