په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٩\٥\٢٠١٤

نوێنەرانی پارتەکانی سوێد و ئامنیستی ئینتەرناشنال

لە رەوشی ئازادیی رادەربڕین و ژنکوژیی دەدوێن.

 


نوێنەری پارتی سۆسیال دیموکرات: دەبێ رێگایەک بدۆزینەوە بۆ ئەو بەرپرسانەی تاوان دەکەن و خاوەن رەگەزنامەی سوێدیین.
نوێنەری پارتی ژینگە: ئێمە لەسەر ئەو تاوان پێشیلکارییانە لە پەرلەمان دەوەستین و داوای هاریکاریی پتری لە گەیاندنی زانیاریی کرد.
نوێنەری وەزارەتی دەرەوە: لە مانگی ئۆکتۆبەر لە پەرلەمانی ئەورپا راپۆرتەک لەسەر مافی مرۆڤ و ئازادیی بیرورا لەسەر عێراق بلاودەکەینەوە.
نوێنەری پارتی مۆدیراتی دەسەلات: دەبێ هاریکاریی ریکخراوە سڤیلەکان لەسەر ئازادیی رۆژنامەگەریی و ژنان بکەن.
نوێنەری ئامنستی: لە سەردەمی دەسەلاتی هەرێم ژن کوشتن لە سەردەمی بەعس زیاتر بووە.

لە سیمینارەکەی رۆژی ٢٧ی ماییسی ٢٠١٤ لە پارلەمانی سوێد کە بەهاریکاری پەرلەمانتاری پارتی چەپ ئامینە کاکەباوە و گرووپی ١٧ی شوبات رێکخرا بوو، ئامینە کاکەباوە سەرپەرشتی سێمینارەکەی دەکرد و بە تیشکخستنە سەر بواری ئازادیی رادەربڕین و ئازادیی ژن و کوشتنی ژنان لە هەرێمی کوردستان دا کردەوە.


رۆژنامەنووس کەمال چۆمانی کە لە هەرێمی کوردستانەوە هاتبوو، بە زمانی ئینگلیزیی وتارێکی پوخت و بابەتیانەی لە سیمنارەکە پێشکەشکرد و باسی لەوەی کرد سەرەڕای پێشکەوتنی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بواری ئابوریی بە هۆی داهاتی نەوت، بەڵام لەو چەند ساڵەی رابردو دا ئازادیی رادەربڕین پاشەکشەی کردوە. چۆمانی بەوردی باسی لەو پێشێلکارییانە کرد کە لە چەند ساڵی رابردوودا روویانداوە و جەختی لەوە کردەوە کە بکوژانی رۆژنامەنووسان تا ئێستا دەستگیرنەکراون و حکومەتی هەرێم هیچ لێکۆڵینەوەیەکی سەربەخۆی نەکردوە. ئەو گوتیشی: "لە تاوان خراپتر، رێدانە بە تاوانباران تا بە ئازادیی بخولێنەوە." دواتر فیلمێکی دۆکیومێنتاریی لە بارەی کوشتنی ژنان و کچانی کورد بە ناوی شەڕەفەوە نماییشکرا و بووە جێی سەرنجی ئامادەبووانی سێمینارەکە. هەڵاڵە رافیع، بەرپرسی سەنتەری نینا ، وتارێکی لە بارەی پێشێلکارییەکانی ژنان پێشکەش کرد و جەختیکردەوە کە ژنان لە کوردستان دەکوژرێن و بکوژانیش ئازاد دەکرێن. سێمینارەکە بە بەشداریی دەیان کوردی دانیشتوی سوێد و ١٠ پەرلەمانتاری سوێدی لە هەموو پارتەکان دیپلۆماتکارانی سوێد بەڕێوەچوو. دوای پێشکەشکردنی وتارەکان، بەرپرسانی وەزارەتی دەرەوەی سوێد و ئەندام پارلەمانانی سوێد و نوێنەری ئامنێستی ئینتەرناشناڵ را و سەرنجی خۆیان پێشکەشکرد.


بۆدیل سەبەلۆس، ئەندامی پارلەمانی سوێد و بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی پارلەمان وپارتی ژینگە، ئاماژەی بۆ ئەوە کرد کە پارلەمانی سوێد بەجدییەوە لە پێشێلکارییەکان دەڕوانێ و سازش لەسەر هیچ پێشێلکارییەکان ناکەن و حکومەتی هەرێم و بەرپرسانی لێئاگاداردەکەنەوە. سەبەلۆس تەئکیدی لەوە کردەوە کە ئەوان هەمیشە پشتیوانیی ئازادیی رادەربڕین و ئازادیی سیاسیی و داکۆکیکردن لە ژنان دەکەن. ئەوەشی خستەڕو بردنەوەی زۆرینە لای حیزبە سیاسییەکان هەرگیز بەو مانایە نایەت کە ئەوانە هێزی دیمۆکراسیین و ناکرێ قسەیان لەسەر بکرێ. سەبەلۆس ئامادەبوانی دڵنیاکردەوە کە ئەوان بەردەوام دەبن لە دروستکردنی فشار لەسەر حکومەتی هەرێمی کوردستان و لەڕێی وەزارەتی دەرەوەی خۆشیانەوە ئەو فشارانە دەگەیەنن. سەبەلۆس داواشی لە کوردان کرد کە هاوکارییان بکەن بۆئەوەی پێکەوە فشارەکان بەسەرکەوتویی بە ئامانج بگەیەنن چونکە ئەو دۆخەی کە هەیە پێویستیی بە کاری هەموان هەیە.


دواتر کارۆلینا سیلڤستەر، بەرپرسی بەشی عێراق لە وەزارەتی دەرەوە بەنیگەرانییەوە باسی لە دۆخی ئازادیی رادەربڕین و دۆخی ژنان کرد لە هەرێمی کوردستان و عێڕاق دا. ئەو جەختی کردەوە کە لەڕێی وسەفارەتی سوێد لە بەغدا و نوێنەرایەتییان لە هەرێمی کوردستان دا، بەبەردەوامیی ئاگاداری روداوەکانن و هاوکات بەرپرسی وەزارەتی دەرەوە ئەوەشی راگەیاند لە مانگی ئۆکتۆبەر رای خۆیان لەڕێی راپۆرتێکەوە لە پارلەمانی یەکێتیی ئەوروپا رادەگەینن لەسەر رەوشی ئازادیی رادەربڕین و مافی مرۆڤ و ژنان و دۆخی دیمۆکراسیی لە عێڕاق و کوردستان دا ، کە ئەوان ئەو باسانە تێیدا جێدەکەنەوە بەجدی کاری لەسەردەکەن سیلڤستەر ئاماژەی بەوە ش کرد سیاسەتی دەرەوەی سوێد لەسەر دو پرەنسیپب بونیاتنراوە: داکۆکی لە مافی مرۆڤ و ئازادیی رادەربڕین و دیمۆکراسیی ، کە ئەو دوانە هەرگیز جێگەی سازش نین و بۆ پەیوەندییەکانیان لەگەڵ هەر وڵاتێک دا، ئەوانە پێشینە دەبن.


ئیلیزابێس لوفگران لە رێکخراوی ئامنێستی ئینتەرناشناڵ باسی لەو وێنە رەشە کرد کە حکومەتی هەرێم بۆ خۆی دروستکردوە لە باری ئازادیی رادەربڕینەوە. ئەو ئەوەشی دڵنیاکردەوە کە کاری ئەوان هەمیشە لەپشتی ئازادیی رادەربێنەوە دەبێ. لوفگران باسیشی لە رەوشی ژنان کرد لە کوردستانی عێڕاق و گوتی: "راستە بەبەراورد بە سەردەمی سەدام حوسێن زۆر شت گۆڕاوە، بەڵام بۆ مەسەلەی کوشتنی ژنانە لەسەر شەڕەف، خراپتر بوە." ئیلیزابیس رام لە پارتی مۆدیراتی دەسەلات نیگەرانیی خۆی لەبارەی پێشێلکارییەکانی سەر ئازادیی چاپەمەنیی نەشاردەوە و بەتوندیش رەخنەی لە حکومەتی هەرێم گرت. ئەوەشی ئاشکراکرد کە دەبێ زیاتر پشتیوانیی کۆمەڵگەی مەدەنیی بکرێ بۆ پێشخستنی ئازادیی رادەربڕین و ئازادیی ژن.


کارین هێگ یەکێ لەبەرپرسانی سیاسەتی دەرەوەی پەرلەمان لەپارتی سۆسیال دیموکرات رای گەیاند ئەوان بەنیگەرانیەوە لەو پێشیلکاری و تاوانانە بەرامبەر رۆژنامەنوسان و ئازادی بیرورا و تیرۆری ژنان دەروانن و بەردەوامیش لەدیدارەکان لەگەل بەرپرسە سیاسیەکان باسی دەکەن هاوکات ئاماژەی بەوە کرد دەبێت سوێد و پەرلەمان رێگایەک بدۆزنەوە بۆ ئەو بەرپرسانەی لەولاتەکانیان تاوان دەرهەق بەرامبەر هاولاتیان دەکەن و لەسویش خاوەن رەگەزنامەن

دواتر پرسیاری ئامادەبووان دەستی پێکرد کەزۆرینەی پرسیارو سەرنجەکان لەسەر ئەو خالە چر بۆوە کەدەبێت سوێد سنور بۆ رەفتاری ئەو بەرپرسانە دابنێ کە خاوەن رەگەزنامەی سوێدین و ئەشکەنجە و تیرۆری رۆژنامەنوس و هاولاتیان دەدەن... هاوکات یەکی لەو رەخنانەی ئاراستەی سیاستەمەدارانی سوێد کرا کەپیویستە ئیوە سنوورێک بۆ ئەو هەموو پیشێلکارییە مەترسیانەی مافی مرۆڤ و ئازادی بیرورای پارتی دیموکراتی کوردستان دابنرێ و وەک پارتێکی تیرۆریست بیناسن چونکە هەموو سالێ چەندین پێشیلکاریی مەترسیدار دژ بە مافی هاولاتیان ئەنجام دەدا.

 


گرووپی ١٧ی شوبات / ستۆکهۆلم
٢٨\٥\٢٠١٤

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک