په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

 

نوێنەر ئەحمەد:

بەرنامەیەک نییە بۆ بەرەوپێشچوونى هونەر لە کوردستان.


دیمانە: ئاسۆعوسمان


تەونى خەیاڵ یەکەمین سیدى هونەرمەند نوێنەر ئەحمەد بوو،وەک خۆى پێیوتین:نزیک بەپێنج ساڵ کارى تێداکردووە. تەونى خەیاڵ ساڵى (2007) بڵاوکرایەوەو بووە یەکێک لەبەرهەمە سەرکەوتووەکانى ساڵ، بڵاوبوونەوەى تەونى خەیاڵ بووە فاکتەرێک تا نوێنەری هونەرمەند زیاتر سووربێت لەسەر کارى هونەریى وهەردەم دڵى جەماوەرەکەى بەبەرهەمە نوێیەکانى شادبکا. تەونى خەیاڵ بریتیبوو لەحەوت بەرهەم وبەهاوکاریى وەزارەتى رۆشنبیریى بڵاوکرایەوەو تائێستاش نوێنەر چوار بەرهەمى کلیپ کردووە. نوێنەر یەکێکە لەو هونەرمەندە گەنجانەى هەمیشە لەخەمى داهاتووى هونەرى نەتەوەکەیدایە هەر ئەم فاکتەرەش وای دەکات هەمیشە سەرەتای وتەکانى رەخنە بن لەم بارودۆخەى کە ئێستا هونەرى گۆرانى ومۆزیکى کوردیى پێیدا تێدەپەڕێت. لەسەر گرفت‌وکێشەکانى ئەمڕۆی هونەرى گۆرانى ومۆزیکى کوردیى،ئەم دیدارەمان لەگەڵ نوێنەر ئەحمەد سازکرد.


ئاسۆ: رەخنەگران لەبوارى مۆزیک وگۆرانى کوردیى ئاستى هونەریى ئێستا بەلاواز دەزانن و پێیانوایە ساڵ لەدواى ساڵ لەگەڵ پێشکەوتنى هونەرى موزیک وگۆرانى گەلانى تردا هونەرى کوردیى بەرەودواوە دەگەڕێتەوە! دەمەوێت ئەوە بزانین ئایا هونەرى کوردیى بەمشێوەیە پاشەکشەى کردووە؟.


نوێنەرئەحمەد: بەبڕواى من بەرنامەیەک نییە بۆ بەرەو پێشچوونى هونەر لەکوردستان. بەکوردییەکەى خۆمان هونەر خۆى بەڕێوە دەچێت هیچ دەزگایەک نییە تایبەت بێت بەهونەر و خەڵکانى پسپۆڕ کارى تێدابکەن، لێرە هونەر خراوەتە خزمەتى سیاسەت، گرنگ نییە گۆرانیبێژ کێیەو ئاستى هونەریى چەندە! لاى سیاسەتمەدارانى ئێمە گرنگ ئەوەیە ئەو کەسە کۆمەڵە خەڵکانێک کۆبکاتەوە بۆخزمەتی ئەوان. دەبێت ئەوە جیابکرێتەوە گۆرانیبێژ شتێکەو هونەرمەند شتێکى ترە، هەرکەس دەنگى خۆش بێت دەتوانێت گۆرانى بڵێت بەڵام هەموو کەس ناتوانێت هونەرمەند بێت. پێموایە پێشنەکەوتنى هونەر پەیوەندیى بەسیاسەتەوە هەیە، هونەر بەشێوەیەکى گشتى بەلاى سەرکردەکانى کوردەوە گرنگ نییە، بڕواش ناکەم مەسئولەکانى کوردستان هەر گوێ لەگۆرانى بگرن، وەک لەسەرەتاشەوە وتم دواکەوتن وپێشنەکەوتنى هونەر لەکوردستان پەیوەندیى بەمیزاجى مەسئولەکانەوە هەیە.


ئاسۆ: باسى نەبوونى دامەزراوەى هونەریت کرد، ئێمە وەزارەتى رۆشنبیریمان هەیەو سەرۆکى حکومەت راوێژکارى تایبەتى بۆ هونەر هەیە. پرسیارەکە با وابکەین رۆڵى ئەمانە چیبووە لەچارەسەرکردنى ئەوگرفت وکۆسپانەى کەدەبنە هۆى پاشکەوتنى هونەرى موزیک وگۆرانى؟.


نوێنەر ئەحمەد: کاکى برام لەکوردستان دوو دەسەڵات هەیە سلێمانى وهەولێر دوو حکومەتن شتێک نییە پێى بوترێت حکومەتی کوردستان، حکومەتى سلێمانى جیایە وەزیر بۆى نییەو ناتوانێت هیچ رۆڵێکى لەسلێمانى هەبێت ئیدارەکە جیایەو پارەکە جیایە، بەکوردییەکەى ئەملا خەریکى کۆمەڵێک خەڵکن ئەولاش خەریکى کۆمەڵێک خەڵکن. لەکوردستان لەگەڵ رێزی تەواوم بۆ پۆلیس هونەرمەند وەک پۆلیس دابەشکراوە بەسەر ئەم و ئەودا.


ئاسۆ: زۆرجار گوێبیستى ئەوە دەبین هونەرمەندانى ناوخۆ بایەخیان پینادرێت، لەبەرامبەردا هونەرمەندانى دەرەوە کارى باش دەکەن وبەرهەمیان زۆرەو لەلایەن کۆمپانیاکانەوە بانگهێشت دەکرێن.


نوێنەر ئەحمەد: سیاسەتێک هەیە پێى دەوترێت مەقاش یانى دەستى خۆت مەخەرە ئاگرەکەوە! حکومەتیش وایە خۆى کۆمپانیا دروستدەکات، باشە کۆڕەک بۆچى ئیش بۆ من ناکات بۆ ئیش بۆ گەنجانى تر دەکات؟ خۆشم چوومە لایان قسەم لەگەڵکردن وبەرهەمیشم داوە پێیان بەڵام ئەوان ئیش بۆ من ناکەن! بەڵام خەڵکى وەها دەهێننەوە کوردستان لەرووى هونەرییەوە هیچ مواسەفاتێکى تێدانییە. وەک ئاماژەم پێدا ناوى کۆمپانیاو سەنتەرو رێکخراو وەک مەقاش بەکاردێت. لەم رۆژانەدا سەنتەرى عێراقى رێزیان لەهونەرمەند زەکەریا نا، من لەگەڵ ئەوەم رێز لەهەموو هونەرمەندێک بنرێت وزەکەریاش شایستەى رێزە، بەڵام ئەوەى جێگای داخ وناخۆشییە ئەو پڕوپاگەندە زۆرە بۆ زەکەریا کرا کەناویلێنرا هونەرمەندى سەمفۆنیا، هونەرمەندى نەتەوەیى کورد! بەدەنگێک ئە پڕوپاگەندانە دەکرا وەک تەنیا زەکەریا هونەرمەند بێت، بەڕاستى ئێمە هونەرمەندى زۆر گەورەمان هەیە، زەکەریا لەسەر شانۆ بینیمان کەلەکاتی گۆرانى وتندا چوارجار ئاوتى کرد! کەنابێت هونەرمەندى بەتوانا ئاوت بکات، پاشان ئەو سەنتەرى ئەم راپرسییەى کردووە لەکوردستاندا چوارکەس نایناسێت ئیتر چۆن دەتوانێ هونەرمەندى بەتوانا دەستنیشان بکات؟.


ئاسۆ: مەبەستت ئەوەیە زەکەریا لەئاستى ئەو خەڵاتەدا نەبووە؟.


نوێنەر ئەحمەد: بەدڵنیاییەوە ئەو خۆشى دەزانێت کەهونەرمەندى زۆر لەو گەورەترو لەپێش ئەوەوە هەیە کەهەموومان باش دەزانین کێن.


ئاسۆ: مەبەستتان ئەوەیە کەئامانجێکى سیاسیى هەیە لەپشت خەڵاتکردنى زەکەریاوە؟.


نوێنەر ئەحمەد: بەدڵنیاییەوە دەستى سیاسەت لەپشت هەموو شتێکەوە هەیە لەم وڵاتەدا، زەکەریا هونەرمەندێکى باشەو توانیوویەتى خزمەت بکات، بەڵام دەبێت هەموومان ئەوە بپرسین ئێمە هەموومان هونەرمەندین ودەزانین پارە پەیداکردن لەهونەردا نییە، زەکەریا دەیان هەزار سیدى چاپکردووە بەڵام رەنگە هەزارانى لیفرۆشرابێت زۆربەى مابێتەوە لەبازاڕدا، چۆن ئەم هەموو پارەو دەسکەوتەى هەبووە؟.


ئاسۆ: دەمەوێت راى تۆ بزانم لەسەر دەشنێ، کەلەم ڕۆژانەدا سیدییەکى بڵاوکرایەوەو ناوى لێنرا هونەرمەند، وەک لەو ریکلامکردندا دەرکەوت بەپشتیوانییەکى زەبەلاحەوە دێتە ناو دونیاى پاشکەوتووى هونەرى کوردیى. من دەمەوێت لەوەڵامى ئەم پرسیارەش راى تۆ بزانم لەسەر ئەو بۆچوونەى کۆمەڵێکی نزیک لەدەسەڵات پێیانوایە پێشنەکەوتنى هونەر پەیوەندیى بەکچى سەرنجڕاکێش وجلوبەرگى کورتى کچانەوە هەیە! ئایا ستایڵەکەى دەشنێ بەڕاستى هونەرى کوردیى مۆدێرن و پێشکەوتووە؟.


نوێنەر ئەحمەد: لەهونەردا ستایڵ هەیە، هەرکەسەو بەستایڵى خۆى کاردەکات بۆ گۆرانى ئەو کچەش، برادەرێک بۆى باسکردم کەدەشنێ لەچوارچرا وتوویەتى: من بەڕاستى دەنگم خۆش نییە وناشزانم ئەم ئیشە چۆن بووە؟ ئەو دانسەرێکى باشە دیارە ئارەزوومەندى دانس هەیە، پێویستە لەوڵاتى ئێمەشدا شوێنێک هەبێت بۆ دانس وسەماى بالێ.


ئاسۆ:: دوابەرهەمى نوێنەر چییە؟.


نوێنەر ئەحمەد: گۆرانییەکم هەیە کەبەرهەمى یەک ساڵی منە، تائێستاش نەتوانراوە کلیپى بکەم، چەند لایەنێک ویستیان کلیپى بکەن وەک ئارت کۆمپانیا کەبەڕاستى نەیانکرد، چوومە لاى کۆڕەک مۆزیک نەیانکرد، وتیان ئێمە سەرقاڵى تەلەفزیۆن دروستکردنین، بەڵام لەهەمان کاتدا سیدى "دەشنێ"یان بڵاوکردەوە.