په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٧\٥\٢٠٢٠

نوێترین پڕۆژەی "کەیوان کەریمی" لە نێوان ١٠ باشترین پڕۆژەی فیستیڤاڵی فیلمی کانی ٢٠٢٠.

 

مەنسوور جیهانی

 


نوێترین پرۆژەی سینەمایی سینەماکاری کورد "کەیوان کەریمی" لە نێوان ١٠ باشترین پرۆژەی بەرچاویی دنیا لە حەفتاوسێیەمین خولی فیستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی کانی ٢٠٢٠ ھەڵبژێردرا.

"ئایا ئێوە شتێک سەبارەت بە ھیوا دەزانن؟" نوێترین و دووھەمین پرۆژەی سینەمایی سینەماکاری بانەیی "کەیوان کەریمی" بە نوێنەرایەتی لە وڵاتی ئێران، لە نێوان ١٠ باشترین پرۆژەی کۆتایی لە بەشی "سینەمای جیھان لە کان" لە حەفتا و سێیەمین خولی فیستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی کان لە ساڵی ٢٠٢٠ ھەڵبژێردرا و دەرھێنەرانی ئەم ١٠ پڕۆژەیە، لە ڕۆژانی بەڕێوەچوونی ئەم ڕووداوە گرینگەی سینەمای جیھاندا لە شاری کانی وڵاتی فەڕەنسا ئامادەدەبن و لە کۆبوونەوە پسپۆڕانەکانی ئەوێی بەشداریی دەکەن، بینەری فیلمەکانی فیستیڤاڵ دەبن و لەگەڵ دنیای پیشەیی سینەما ئاشنا دەبن.

بەشی "سینەمای جیھان لە کان" بە ناونیشانی سەرەکی بەشێک لە ڕێکخراوەی سینەمایی وڵاتی فەڕەنسا دێتەئەژمار کە پشتیوانی لەو پڕۆژانە دەکات کە لە دەرەوەی ئەورووپا بەرھەمدێن و مەبەست لە بەڕێوەچوونی ئەم بەشەش، سازکردنی پردێکی پەیوەندیی لە نێوان پڕۆژەکان و بەرھەمھێنەرەکان، بڵاوکەرەوەی فیلمەکان و ھەروەھا ناوەندە بەرھەمھێنەرە سینەماییەکانە تاکوو ھەر ساڵە، ١٠ پڕۆژەی بەرچاویی جیھان بگەنە قۆناغی بەرھەمھێنان و بە سینەمای دنیا زیاد بکرێن.

ئەم بەرھەمانە بە شێوەی بەردەوام لە لایەن ڕێکخراوەی سینەمایی فەڕەنسا پشتیوانی ئیداری دەکرێن و نزیکەی سەتا حەفتای ئەم پڕۆژانە دەگەنە قۆناغی کۆتایی و نمایش کردن و لە بەشە جۆراوجۆرەکانی فیستیڤاڵە گرینگەکانی دنیا، لەوانە: فیستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی کان و ھەروەھا فیستیڤاڵە بەرچاوەکانی جیھان نمایش دەکرێن.

ڕێکخراوەی سینەمایی فەڕەنسا بە پشتیوانی ڕێکخراوەیی و ئیداریی خۆی تاکوو قۆناغی کۆتایی بەرھەمھێنانی ئەم پڕۆژانە لە تەنیشت دەرھێنەرەکانیاندا دەبێت، تاکوو بەرھەمھێنەر و بڵاوکەرەوەی خۆیان ببیننەوە و بەم ھەنگاوە، داھاتووی ئەم پڕۆژانە گەرەنتی دەکا.


بەشی "سینەمای جیھان لە کان" کە بە بەشی کەشف و ناساندنی پرۆژە سینەماییەکانی جیھان ناسراوە، ھەموو ساڵێک ١٠ سیناریۆ و ١٠ دەرھێنەری سەرکەوتووی دنیا دەستنیشان دەکات کە ئەمساڵ پرۆژەی نوێی سینەماکاری کورد "کەیوان کەریمی" بە ناوی "ئایا ئێوە شتێک سەبارەت بە ھیوا دەزانن؟" لە ئێران، لە تەنیشت ٩ سیناریۆی دیکە لە دەرھێنەرەکانی وڵاتانی میسر، موزامبیک، سێنێگال، بڕازیل، کۆماری دۆمێنیکەن، قەزاقستان، تایلەند، ڤییەتنام و مۆنتێنەگرۆ بەرچاودەکەێت. ئەم پڕۆژە سینەماییە چیرۆکی و دیکۆمێنتاریانە، لە قۆناغی جۆراوجۆری بەرھەمھێناندان، کە لە ڕاستیدا بەرھەمی یەکەم یا دووھەمی دەرھێنەرەکانیان دێنەئەژمار.

ئەم ١٠ دەرھێنەرە لە لایەن "ڕەشید بووشارب" دەرھێنەر، ئەکتەر و بەرھەمھێنەری ناوداری ئەلجەزایری و دانیشتووی وڵاتی فەڕەنسا ھاوڕێیەتی دەکرێن. ئەم فیلمسازانەی ھەڵبژێردراویی لە بەشی "سینەمای جیھان لە کان" لە ڕۆژانی بەڕێوەچوونی حەفتا و سێیەمین خولی فیستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی "کان" لە وڵاتی فەڕەنسا ئامادە دەبن تاکوو چەغماغی بەرھەمھێنانی ١٠ پڕۆژەی ھەڵبژێردراو و چوونە ناو سینەمایی جیھان لێبدەن.

"کەیوان کەریمی" دەرھێنەری ٣٥ ساڵەی سەربەخۆی سینەمایی، تا ئێستا کورتە فیلمەکانی "سنووری شکاو"، "ڕووداوەکانی ژن و شووی کرێکار"، فیلمی دیکۆمێنتاری بڵندی "نووسین لەسەر شار"، چەندین کورتە فیلمی دیکۆمێنتاری و چیرۆکی و ھەروەھا فیلمی سینەمایی "تەپڵ" سازکردووە و بەم بەرھەمانە لە فیستیڤاڵە جۆراوجۆرەکان لە ئاستی دنیادا بەشداریی کردووە و کۆمەڵێک خەڵاتی گرینگیشی بەدەستھێناوە.

فیلمی سینەمایی "تەپڵ" یەکەمین بەرھەمی بڵندی سینەمایی "کەیوان کەریمی" لە یەکەمین بەشداریی نێودەوڵەتی خۆیدا لە ساڵی ٢٠١٦ لە بەشی "حەوتووی ڕخنەگران" لە حەفتا و سێیەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "ڤێنیز" لە وڵاتی ئیتاڵیا نمایش کرا و لە لایەن بینەران، ڕۆژنامەنووسان، سینەماکاران و ڕخنەگرانی سینەمایی بەشداربوو لە ڤیستیڤاڵ پێشوازیی لێکرا و لە درێژەدا لە فیستیڤاڵی جۆراوجۆر لە دنیا و ھەروەھا لە ناوەندە فەرھەنگی و ھونەریی چووە سەر پەرەی سینەماکان و ھەر لە ھەمان ساڵدا لە ڕوانینی ھەندێک لە ڕخنەگران و ڕۆژنامەنووسانی بەرچاوی جیھان لەوانە: "ژان میشێل فڕۆدۆن"، "جوولیانۆ وچیلینی"، "جونا نازارۆ"، "رافائێل میل"، "فێدریکۆ رۆسین" و ... لە نێوان ١٠ باشترین فیلمی سینەمای جیھان لە ساڵی ٢٠١٦ دەستنیشان کرا.

حەفتا و سێیەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "کان" بە سەرۆکایەتی "پیێر لێسکیۆر" و بە بەڕێوەبەری ھونەری "تیێری فرێمۆ" بە ھۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کوشەندەی کۆڕۆنا تا ئەم ساتە، دیار نییە کە لە چ کاتێک و بە چ شێوازێک بەڕێوەدەچێت؛ بەڵام بەشی بازاری فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "کان" بە ناونیشانی سەرەکی لە ڕۆژانی ٢٢ تا ٢٦ی جوونی ٢٠٢٠ بە شێوەی ئۆنلاین بەڕێوەدەچێ.

بڕیار وایە بەشی "پێشبڕکێی سەرەکی"، بەشی پێشبڕکێی "جۆرێک ڕوانین"، بەشی پێشبڕکێی "سینە فۆنداسیۆن"، بەشی پێشبڕکێی "کورتە فیلم" و چەندین بەشی دیکەی حەفتا و سێیەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "کان" بە بەرھەمی دەرھێنەرانی وڵاتانی جۆراوجۆری جیھان لە کاتێکی گونجاو لە شاری ساحیلی کان لە باشووری وڵاتی فەڕەنسا بەڕێوەبچێت؛ بەڵام ئەمساڵ، بەشی "دوو حەوتووی دەرھێنەران" و بەشی "حەوتووی ڕەخنەگران"ی ئەم ڕووداوە گرینگەی سینەمایی بەڕێوەناچێ.
________________________________________
بۆ زانیاریی پتر:
https://www.lescinemasdumonde.com/en/la-fabrique/2020/projet/do-you-know-anything-about-omid
https://www.lescinemasdumonde.com/en
https://www.if.institutfrancais.com/fr/actualite/la-fabrique-cinema-2020-et-son-parrain  

 


بەڕێوەبەرایەتیی راگەیاندنی گشتیی پڕۆژەی سینەمایی "ئایا ئێوە شتێک سەبارەت بە ھیوا دەزانن؟"

 

ماڵپه‌ڕی مه‌نسوور جیهانی

 

 


 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک