په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٥\٢\٢٠١٥

نیویۆرک و تاڵیبان و پاریس و ئۆجەلان.

شێرزاد عەزیز*   


تەقینەوەکانی ١١ سێپتەمبەر کە بووە رووخانی ئەمارەتی تاڵیبان، ئەمەریکا و ئەوروپا بۆ دژایەتی تیرۆر ، زۆر شێوازی دژایەتی قاعیدەیان گرتە بەر کە ھەندێ جار دەگەیشتە ئاستی بەرتەسککردنەوەی بەھاکانی ئازادی و پێشێلکاری مافی مرۆڤ، بۆ خۆپاراستنین لە تاعوونی تیرۆر.

کردوە تیرۆریەکانی داعش ناتوانن ئەوە بسەلمێنن کە قاعیدە نین، بەتایبەت دوای ھێرشەکانی پاریس و سەربڕینی بارمتە بیانییەکان و سووتانی فڕۆکەوانە ئوردونییەکە.

ھاوسۆزی گەورەی دنیا و ئەوروپا بۆ فەرەنسا دەبنە خاڵی وەرچەخان بۆ مەرگ و کۆتایی داعش.

ئیمڕۆ کە داعش بۆتە کێشەیەکی گەورە و جیھانی بە خۆیەوە سەرقاڵکردووە، یەکەم ھێزی گەورەی دژە داعش لەسەنگەری ڕووبەڕووبوونەوەدا کوردە.

شکانی داعش لە کۆبانێ و جەنگی بەردەوامی پێشمەرگە و گەریلای دژە داعش، ئەمەریکا و ئەوروپای لەھەر کاتێ زیاتر ناچاری ئاوڕدانەوە لە کورد کردووە.

بۆ دژایەتی داعش دوای پەلامارەکەی پاریس ، کۆبوونەوەی وەزیرانی ئەوروپا و ئەمەریکا، پلانی دژایەتی ئەم ڕێکخراوە تیرۆریستەی داڕشتووە.

لەم شەوانەدا ڕاپۆرتێکی تەلەفیزیۆنی سویدی باسی ئەوەی دەکرد پێش ئەوەی پلانی ئەوروپا بۆ دژایەتی تیرۆری داعش پراکتیزە بکرێ، دەبێ ئەوروپا پەکەکە لە لیستی تیرۆر بێنێتە دەرەوە، تا لەڕووی یاساییەوە مامەڵەتی داعش یان تیرۆری لەگەڵ نەکرێ.

دەرھێنانی پارتی ویەکێتی لەلیستی تیرۆری ئەمەریکا ئاماژەیە بۆکۆمەڵێ یاسا و ڕێسا کە دژ بە داعش دەگیرێ.

خەبات و بەرخودانی قارەمانانەی کۆبانێ . ئەلیزای ھێنایە سەر ئەو باوەڕەی لەکۆشکی سەرۆکایەتی و خودی سەرۆکی فەرەنسا پێشوازی لە پەیەدە و یەپەگە بکات کە دوو قوربانی گەورەی تیرۆری داعشن.

لە یەکەم ڕۆژانی دەرکەوتن و گەورەبوونی داعشەوە. یەکەم ھێزی کوردی کە بەگژ داعشدا چووبێتەوە یەپەگە و گەریلا بوون لە ڕۆژئاوا.. ھەر ئەمەش ڕۆژنامەیەکی گەورەی جیھانی وەک نیویۆرک تایمزی والێکرد کە وێنەی گەریلای پەکەکە بڵاو بکەنەوە کە دۆستایەتی ئاژەڵ دەکەن و بپرسێ دەتوانرێ بەمانە بووترێ تیرۆریست.

ھاوسەنگەری گەریلاکانی پەکەکە و ئەمەریکا لە کۆبانێ و لە باشووری کوردستان و لە شەڕەکانی داعش، ئەو بیردۆزە سفر دەکاتەوە کە پەکەکە تیرۆریستە. کەی تیرۆر بەگژ تیرۆردا چۆتەوە تا پەکەکە بەگژ داعشی کەمتیار ڕەفتاردا بچێتەوە.

لە ١٥ شوباتی ١٩٩٩ گەورەترین غەدری مێژوویی لە کورد کرا بە ڕفاندنی عەبدوڵا ئۆجەلان.

ئێستا لە ھاوکێشەی تیرۆری داعش و جیھانی ڕۆژئاوا، پەکەکەی تیرۆریست شەری داعش دەکات و تورکیای ناتیرۆر سەیرکەرێکی جەنگەکەیە و ناڕاستەوخۆش ھاوکاری تیرۆر دەکات لە پشتیوانی داعش. بەھەر پاساوێ بێت ھەرس کردنی ئەمە بۆ ئەوروپا و ئەمەریکا ئاسان نییە.

ڕۆژی ١٥ ئەم مانگە ساڵڕۆژی ڕفاندنی عەبدوڵا ئۆجەلانە. پەکەکە لە ئێستادا ئاگربەستی لەگەڵ تورکیا ھەیە و لە پرۆسەیەکی ئاشتییە لەگەڵ ئەنقەرە.

ھەلێکی گەورەی مێژووییە لەم یادەدا کوردی ھەموو دنیا و بەتایبەت ئەوروپا و ئەمەریکا وھەندەران ڕێپیوانی گەورە بکەن تا یادەکە بکەن یادی ڕەشکردنەوەی ناوی پەکەکە لە لیستی تیرۆر و بە دنیا بڵێن ئەوەی شەڕی تیرۆری داعش دەکات پەکەکە و پێشمەرگەیە.

گەر بتوانرێ پەکەکە لە لیستی تیرۆر بھێنرێتە دەرەوە ، کورد دەتوانێ سەرکەوتنێکی گەورە تۆمار بکات و حکوومەتی ھەرێمی کوردستانیش لە باشوور ئازادنەتر دەکا لە مامەڵە لەگەڵ ئەم ھێزە قارەمانەی لە شەنگالەوە تا خانەقین لەسەنگەری بەرخودان و خەباتدایە دژ بە ھیزێکی دڕندانەی داعش کە ھەموو دوژمنەکانمان بۆ دژایەتی کورد بەکاری دێنن بێ جیاوازی.

دەبا مەراسیمی ١٥ شوبات ئیمساڵ بکرێتە مەراسمی نەتەوەیی و بەجیھان بووتری شۆڕشی کورد نەک تیرۆر نەبووە، بەڵکو قوربانی گەورەی تیرۆر خەڵکی کوردستانە، جا داگیرکەران یان تیرۆریستان بن.

_________________________

* سەرنووسەری ماڵپەڕی مالمۆکورد.

 

malmokurd@hotmail.com

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک