|
٧\٦\٢٠٢٦
نزیک بە پەنجا
پەنابەر
لە ئەڵمانیاوە
رەوانەی عێراق کرانەوە.
دۆێنێ
لە کاتژمێر ١١ی بەیانی، نزیک بە پەنجا پەنابەر لە فرۆکەخانەی هانۆڤەری
ئەڵمانیاوە بە زۆرەمڵێ رەوانەی فرۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا کرانەوە.
بە پێی زانیارییەکان، بەشێک لەوانە هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستانن.
باوکی یەکێک لە پەنابەرە دیپۆرتکراوەکان، کە خەڵکی هەولێرە، بە ناوەندی
هەواڵگری فیدراسیۆنی ڕاگەیاند گوتی: «کوڕەکەم لە نێو ئەو
پەنابەرانەدایە کە ناردراونەتەوە. ماوەی حەوت ساڵ لە ئەڵمانیا ژیاوە،
کاری کردووە و زمانی ئەو وڵاتەش فێر بووە. هەرگیز هیچ کێشەیەکی یاسایی
نەبووە.».
ئەوەشی گوت ”رۆژی یەکشەمە ٣١ی مایس سەردانی کۆنسۆڵی گشتی ئەڵمانیام لە
هەولێر کرد چەند بەڵگەی کورکەم ونامەی پشتیوانی فیدراسۆنم پێ بوو
لەپرسگەکە هەرچی داواوتکام لیکردن کەسیێک ببینم وەیان ئەو نامانەم لێ
وەربگرن بەداخەوە داواکەمیان ڕەتکردەوە وئەوەشم پێووتن من پیشمەرگەبووم
و چەند جار شەری داعشمکردوە کوری من تاوانی نەکردوە دەستگیرتانکردوە
بەڵام گوێیان لێنەگرتم”.
هەروەها گوتی: «ئەمرۆ کوڕەکەم لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لە بەغداوە
پێی راگەیاندووم کە بە شێوەیەکی زۆر نامرۆڤانە لە هانۆڤەرەوە بە
زۆرەمڵێ خراونەتە ناو فرۆکە. لە نێوماندا ژن و منداڵیش هەبوون. هیچ
کێشەیەکی یاساییمان نەبوو، بەڵام تەنها داواکاریی پەنابەرییمان ڕەت
کرابووەوە.».
شایەنی باسە کە لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا، حکومەتی ئەڵمانیا لە
چوارچێوەی ڕێککەوتننامەیەکدا کە لەگەڵ حکومەتی عێراق واژۆی کردووە،
دەیان پەنابەری بۆ عێراق گەڕاندووەتەوە. زۆربەی ئەو کەسانە ساڵانی زۆر
لە ئەڵمانیا ژیاون و لە کۆمەڵگەی ئەو وڵاتە تێکەڵ بوون.
ناوەندی هەواڵگری فیدراسیۆن ئەوەی زانیوە کە فیدراسیۆنی سەراسەری
پەنابەرانی عێراقی لە سەرەتای دەستگیرکردنی ئەم پەنابەرانەوە لەسەر هێڵ
بووە لەگەل چەند پەنابەرو کەسوکاریان لە کوردستان، بەیانی رۆژنامەگەری
دەرکرد روو بە حکومەتی ئەڵمانیا و ناڕەزایەتی توندی دەربڕی دژ
بەدەستگیرکردنی ئەو پەنابەرانەوە داوای دەستەبەجێ ئازادکردنیان و
چاوخشانەوە بە کەیسەکانی ئەو پەنابەرانەی کرد. هەروەها فیدراسیۆن ئەم
پرۆسەیە بە جێگای نیگەرانی دەزانن و ئاماژەیان بەوە کرد کە زۆرێک
لەوانەی نێردراونەتەوە دوای گەڕانەوە بۆ عێراق، بێ پشتگیریی و هاوکاریی
پێویست بەجێدەهێڵدرێن. هاوکات فیدراسیۆن سەرباری سەرکۆنەکردنی ئەو
رێکەوتننامانەی لەگەل حکومەتی ئەڵمانیا واژۆکراوە بە ژیانی ئەو
پەنابەرانەوە، ڕەخنەی توند لە حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان دەگرن
کە تا ئێستا هیچ بەرپرسیارێتییەکی دیاریکراویان لە ئاست چارەنووس، ژیان
و داهاتووی ئەو کەسانە هەڵنەگرتوە کە بە زۆرەمڵێ نێردراونەتەوە.
ناوەندی هەواڵگری
فیدراسیۆن
٣\٦\٢٠٢٦
- هەولێر

|