په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٩\٤\٢٠١٤

نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی وەڵامه‌كان.


هەژێن

- بەشی یازدەیەم -

 

ئەگەر پێمانوابێت، وەڵامەكانی ئێمە تەواو و دوا دەركی مرۆڤایەتین، ئەوا خەریكین لە خۆمان بتێك سازدەكەین. ھەروەھا ئەگەر پێمانوابێت، ئەو سیستەمی ڕێكخستنەی كۆمەڵگە، كە ئێمە خەباتی بۆ دەكەین، دوایین چاوەڕوانی و گەشەیەكە، كە مرۆڤایەتی پێیدەگات، ئەوا دیسانەوە خەریكین پووچگەراییەكی دی لە تەپوتۆزی پۆوچگەراییەكانی دیكە، چێدەكەینەوە. سۆشیالیزم بەھەشتێك نییە لە ئاسمانەكانەوە دایگرین و لە پەڕاوی ئەفسانەكاندا بیدۆزینەوە و مۆدێرنیزەی بكەین، سۆشیالیزم خەونی مرۆڤی زیندووە و بە پراكتیكی شۆڕشگێڕانە كەتواریی دەبێتەوە و سەركەوتنیشی لە كولتووربوویندا دەبێت، بەبێ ئەوە، لە خەیاڵی گۆشەگیرانە و فەنتازی ئایدیالیستانە بەولاوەتر نابێت. هەژێن

باشە كە تۆ فیدراڵیەتی ئێستای ھەرێمی كوردستان ڕەتدەكەیتەوە، لەولاشەوە دەوڵەتی سێكیولار و سەربەخۆی حزبی كۆمۆنیستی كرێكاری ڕەتدەكەیتەوە، وابزانم باوەڕیشت بە ولایەتی ئیسلامیش نییە، ئەدی چ ئەڵتەرناتیڤێكت ھەیە، كە ئیدیعای بكەی؟

بە بۆچوونی من ھەر پێشنیار و ئەڵتەرناتیڤێكت ھەبێت، ئەوا دوو ڕێگە بۆ جێخستنیان ھەن؛ یەكەم پاگەندە و ھوشیاركردنەوە و پراكتیزەكردن لە خوارەوەرا بە یەکگرتن و هەنگاوی کردەیی ژێردەستان، دووەم سەپاندن لە سەرەوەرا، بە بڕیاری ڕامیاران و سەودا و سازشی دەسەڵاتخوازان. پێش ئەوەی لە پێشنیارەكەی خۆم بدوێم، باشترە نموونە بۆ ھەر دوو بارەكە بھێنینەوە، كە من لێرەدا كۆلخۆزەكانی ڕوسیەی سایەی بۆلشەڤیزم و ھەرەوەزییەكانی ئۆکرانیای ١٩١٧- ١٩٢١ و هەرەوەزییەکانی سەردەمی جەنگی نێوخۆی ئیسپانیا ١٩٣٦-١٩٣٩، بەراورددەکەم:


لە ڕوسیە'ی پاش ڕاپەڕینی ساڵی ١٩١٧ بۆلشەڤیكەكان ھەوڵیاندا ئۆلگوی خۆیان بۆ كێڵگەی سۆشیالیستی بەزۆر بسەپێنن، لەو بارەوە سەرچاوە و دۆكومێنتە مێژووییەكان كارەساتی بێوێنەی مێژوویی لە زۆرداری و ملھوڕی پارتی بۆلشەڤیك و نائامادەیی خەڵك و مردنی چەندان ملیۆنی و بێبەرھەمی ئەو ھەوڵە دەگێڕنەوە، کە بەڕادەیەك جوتیارانی ڕوسیە تووشی كارەسات بوون، كە باری ژیان و بەرەھەم و گوزەرانیان لە سەردەمی پاشایەتی [تزاری] و جەنگی نێوخۆ خراپتر بوو و ڕادەی بەرھەمھێنان دابەزیبوو و گرانی و نەبوونی باڵی بەسەر گوندەكاندا كێشابوو، لێرەدا بواری لیستکردنی ئەو ئەو ئامار و دراوانە،كەمە، لەبەرئەوە خۆم لەو کارە لادەدەم، ئەگەر گومانت لەمە هەیە، تکایە لە وەڵامی ئەم وەڵامەدا، ئاگادارمبکەرەوە تا نموونەگەلێکی زۆری بەڵگەدار، لە دەمی ڕەخنەگرانی کۆمونیستەوە، بخەمەڕوو.

لە بەرانبەردا هەرەوەزییەکانی ئۆکرانیا ١٩١٧-١٩٢١ کە لەلایەك لەلایەن لەشکری نەمسا و ئاڵمانیاوە هێرشیان دەکرایە سەر و هاوکات لە پشتەوەڕا لەلاەین لەشکردی سوورەوە هێڕشیان دەکرایە سەر، هەروەها هەرەوەزییەکانی ئیسپانیا لە ڕاپەڕینی ١٩٣٦ی "جەنگی نێوخۆیی" ئیسپانیادا، كە لەلایەك فرانكۆ خۆی بۆ ھێرش ئامادەدەكرد و لەلایەكی دیكەوە كۆمونیستە پڕۆ-ڕوسەكان ڕێگرییان لە هەر هەوڵ و ئۆلگویەکی ئازادیخوازانە دەکرد، كەچی بە پێچەوانەی ئەزموونی سەرکوتگەرانی بۆلشەڤیکەکانەوە، ھەرەوەزییە ئازادەكان ھەم لەلایەن جوتیاران و کرێکارانەوە پێشوازییەکی فراوانی جەماوەرییان لێ دەکرا و ھەم بەرھەم و سەركەوتووییان بەراورد بە ناوچەکانی دیکە زیاتر و بەرچاوبوو. بەڵێ سەرکەوتن و پەرەسەندنیان بەڕادەیەك بوو، كاتێك كە خاوەنی كێڵگە گەورەكان و كارگە و كارخانەكان بە سەركەوتنی لەشكری فرانكۆ گەڕانەوە، ھەم كێڵگە و كارگەكان ئاوەدان بوون و ھەم بڕی بەرھەمھێنان زیادیکردبوو. ئەمە پەرجووی کار و یەكێتی و هەروەزیی ئازاد بوو، کەتوار و ڕاستییەك، کە بۆلشەڤیکەکان نیو سەدە بە هەموو جۆرێك هەوڵی شاردنەوە و شێواندنیان دا!

ئەو جیاوازییە لە سەرەنجامدا تەنیا بۆ یەك ھۆ دەگەڕێتەوە، ئەویش ئازادی ویست (ئیرادە)ی تاك و كۆمیونیتییەكانە، كە لە باری یەكەمدا [ڕوسیای بۆلشەڤیکی] جوتیاران بەزۆر ناچار بەبەشداری دەكران و زۆرینەی بەرھەمیان لەلایەن باجگرانی پارتی پێشڕەو و سیخورانی (چیكا)وە زەوتدەكرا و ئەوی ئامادەی بەشداری كۆلخۆزەكان نەبووایە، ئەوا بۆ سیبریا و ئوردووگە زۆرەملێییەكانی دیكە دەگوێزرایەوە. بەڵام لە ھەرەوەزییە ئەناركییەكانی ئۆکرانیا و ئیسپانیادا، ھەر كەس ئازادبوو بەشداریبكات یا نا، لەتەك ئەوەشدا ئەو كەسەی كە بەشداری نەكردایە و لە كۆتایی ساڵدا بەرھەمی كەم بووایە، لەلایەن جوتیارانی نێو ھەرەوەزییەكانەوە، دەستگیرۆیی دەكرا و ژیانی وەك كۆمەكی كۆمەڵایەتی دابیندەكرا. ھەر ئەم خاڵە وای لە جوتیاران كرد، كە گرنگی و سەركەوتوویی ھەرەوەزییەكان دەركبكەن و بە هاریكاری و بە چەك پارێزگارییان لێ بكەن و لەو پێناوەشدا بەرانبەر لەشكری فرانكۆ، لەپێناو ئازادی و یەکسانی دەسەڵات و سەربەخۆیی ئابووریی و دادپەروەریی کۆمەڵایەتییدا گەورەترین قوربانیبدەن.

ھەڵبەتە ئەم خودهوشیاریی و ئامادەییە چینایەتییە لە شەوڕۆژێكدا سەریھەڵنەداوە و نەبووەتە ھێزی كۆمەڵایەتی و بەشێك لە كولتووری خەڵكەكە. ئەوەی كە بۆ وڵامەكەی من گرنگە، ھەر ئەم خاڵەیە و دەمەوێت بڵێم، شۆڕش پرۆسێسێكی بەردەوامی مێژووییە و ھەموو خاڵێك لەو پرۆسێسەدا پێویستی بە كاری ھوشیاریبەخش و پاگەندەی شۆڕشگیرانە ھەیە، هەر ئەوەی كە ئەناركییەكان لە كۆتایی سەدەی نۆزدەوە تا ساڵی ١٩٣٦ لە ئیسپانیا، شەو و ڕۆژ بەردەوام لەنێو كارگەكان و كێڵگەكاندا كاریان بۆ كردبوو و بووبووە بەشێك لە ھوشیاری و تەنانەت ئاوەز و كولتووری خەڵك.

ھەر لەبەرئەوە، ئەگەر ئێمەش [هاوسەردەمیانی ئەم ساتە] بۆ ھەر كارێك چ پێكھێنانی ڕێكخراوێكی جەماوەری بێت یا بەرپاكردنی ڕاپرسییەك [ڕیفراندۆمێك] یا ھەڵخڕاندنی ڕاپەڕینێك یا ڕێكخستنەوەی كۆمەڵگە لەسەر شێوازێك و جێخستنی ئەڵتەرناتیڤێك، ئەوا پێویستمان بە پاگەندە و ھوشیاركردنەوەی بەردەوام ھەیە، وەك پێشمەرجی دەستبەكاربوون. چونكە سەرگرتن و جێكەوتەبوونی دیاردەیەك، پێویستی بە بوون بە بەشێك لە كولتوور و ئاوەزی تاك و كۆمەڵگە بەگشتی ھەیە، ئەگەر نا، یا ئەوەتا وەك ئەزموونی چەپەكان لە عیراق و كوردستان نیشانیدەدات، دەبێت خۆزگە بە پەرجووی ئاسمانی بخوازین بۆ ھاتنەدی یا ئەوەتا وەك بۆلشەڤیكەكان بە كوشتن و زیندان و ھەڕەشەی دوورخستەنەوە دەیسەپێنین.

چ عێراق بەگشتی چ ھەرێمی كوردستان، لە كۆمەڵێك ئێتنی و ئایین و كولتووری جیاواز پێكھاتووە، لە كۆتایی سەدەی نۆزدەوە بەگشتی و لە پاش داگیركردنی عیراق لەلایەن داگیركاریی بریتانیاوە بزاڤە ناسیونالیستییەكان و پارتە ڕامیارییەكان لەسەر ڕێكخستنی ھەرێمەكان و ناوچەكان لەسەر بنەمای ئایدیۆلۆجی ناسیونالیستی و دروستكردنی دوژمنایەتی و كێشە و جەنگ و كوشتار لەنێوان نەتەوەكاندا بەگشتی و ناوچە ھاوبەشەكاندا بەتایبەتی كاردەكەن و ئەم هەرێمە چەند جەنگی نێوخۆیی و دەرەکی بەسەردا هاتووە، کیمیاباران و جینۆسایدی تێداکراوە. هەر ئەڵتەرناتیڤێك ئەم ڕووداوانە لەبەرچاونەگرێت، بەدڵنیاییەوە وەك بەیاننامە پارتییەکان دەبێتە ڕابوردوویەکی نەزۆك.

وەك دەزانین لەنێو زۆربەی گروپە ڕامیارییەكاندا بە چەپ و ڕاست و نێوەندەوە یەك ئەڵتەرناتیڤ پێشنیارە، ئەویش گۆڕانی ڕواڵەتی [ڕامیاریی] یا گۆڕان لە دەسەڵاتی ڕامیاریدا، كە ھەر گروپ و ئاراستەیەكی ڕامیاریی خۆی بە باشترین كاندید بۆ جێگرتنەوەی سەروەرانی ئێستا دەبینێت، گشت دەسەڵاتخوازان یەك پەیامیان بۆ جەماوەرێك كە دەیانەوێت سەروەریی بەسەردا بكەن، هەیە، ئەویش ئەوەیە "ئەگەر دوای من بكەێت، بەھەشتی ئاسمانەككانت لەسەر زەوی بۆ مسۆگەردەكەم". ئەم ئەڵتەرناتیڤەش یا بە بەشداری ھەڵبژاردنی پارلەمانی جێبەجێیدەکەن یا بە كودەتای سەربازی و قۆستنەوەی لازاری ڕاپەڕینەكان. لە بەرانبەردا ئەو شتانەی کە لە هیچ سەردەمێکی ئەم ناوچەیەدا لەلای گروپ و پارتە چەپەكان پێشنیارنەبوون، ڕێکخستنی سەربەخۆی جەماوەریی، چالاکی [خەباتی] ڕاستەوخۆ، خۆبەڕێوەبەراریەتی سەربەخۆ [ئۆتۆنۆم]ی كۆمیونیتیەکان و كارگە و كێڵگە ھەرەوەزییەكان، دێمۆکراسی ڕاستەوخۆ و یەکگرتنەوەی فێدراڵیستییانەی کۆمەڵگەکان، كە دەبنە بناخەی ڕێكخستنەوەی كۆمەڵگەی ئازاد.

هەروەها بە بۆچوونی من، ھەر كات دەستپێبكەین، پێویستە لەم سەرەتایەوە دەستپێبكەین و بەبێ ئەم سەرەتایە و بەبێ ئەم ئامادەكارییە، ئەستەمە لە ھیچ ھەڵچوون و ڕاپەڕینێكی شۆڕشگێرانەدا یا لە ھیچ قەیرانێكی سەرمایەداریدا، بتوانین ھەنگاوێك بەرەو ئاڵۆوگۊری كۆمەڵایەتی؛ بەواتای تێكدانی بنەمای ئابووریی و بوونە كولتوورییەكانی سیستەمی سەرمایەداری، بنێین. لە ھەموو سەردەمەكاندا گرفتی ئەوانەی كە پاگەندەی سۆشیالیستبوونیان كردووە [بەتایبەت لە ساڵی ١٩٩١ بەدواوە] ئەوە بووە، كە پاگەندەی گۆڕانەكانیان وەك خەونێك بۆ ڕۆژانی ھەڵچوون و قەیران ھەڵگرتووە و لەو ڕۆژەدا ویستوویانە بە دەركردنی ڕاگەیاندنێك [بەیاننامە] و بانگەوازكردنی خەڵك، شۆڕش [بە واتای خۆیان] بەرپابكەن.

من نازانم كەی و چەند دەخایێنێت، تا خەونەكانی ئێمە چ لە ژیانی خۆماندا و چ بۆ نەوەکانی داهاتوو دێنەدی، بەڵام لەوە دڵنیام ھەر ئێستا یا ئەو ساتەی کە ئەركی ھەنووكەیی سەرشانمان دەكەین، پێویستە كاری بۆ بكەین و ئەوە لەبەرچاوبگرین، كە لە داھاتوودا بەبێ كار و تێكۆشانی ئێستا، ئەستەمە سەركەوتن بەدەستبھێنین. بۆ نموونە ئەگەر بمانەوێت لە ساڵی داھاتوودا بزووتنەوەیەكی بێكاری بەھێز و سەربەخۆ یا بزووتنەوەیەكی شواریی جێكەوتەمان ھەبێت یا لە چەند ساڵی داھاتوودا زنجیرەیەك ھەرەوەزی دیھاتەكان و كۆمونەی شاریی و كۆمەڵێك خۆبەرێوەبەریی كرێكاریی كارخانەکان و كۆمەڵێك خوێندنگەی سەربەخۆ و ئازادی خۆبەڕێوەبەرایەتی خوێندكاران و مامۆستایانمان ھەبن، پێویستە ھەر ئێستا و لەم ساتەوە پاگەندەیان بۆ بكەین و خۆھوشیاری و خۆڕێكخستن و خۆبەڕێوەبەرێوەبردن و ئۆتۆنۆمی ژیان بكەینە بەشێك لە بەرنامەی چالاکی و تێکۆشانی ڕۆژانەمان و هەوڵبدەین بیانکەین بە بەشێك لە كولتووری ژیانی ڕۆژانەمان. نەك چاوەڕێی ھەلبارین لە ئاسمانەوە یا لەدایبوونی ڕابەران بین!

وەك گوتم عیراق و ھەرێمی كوردستان، فرە كولتوور و فرە ئێتنی و فرە ئایینن، بۆ ئەوەی كار و تێكۆشانی شۆڕشگێڕانەمان سەركەوتووبێت، پێویستە شێوازی "خۆجێی چالاکیکردن و سەرتاسەریی هاوپشتیکردن " بكەینە بنەمای کار و چالاکی و پەیڕەویبكەین. بۆ ئەمەش پێویستە پێش ھەموو شتێك وەك سەرەتایەك و بنەمایەك لە بڕوابوونمان بە ئازادی، باوەڕمان بە جیابوونەوە و یەكگرتنی ناوچەكان، ھەرێمەكان، ئێتنیەكان، ئازادی كولتووری، ئازادی زمان و خوێندنی زمانی دایك، ھەبێت.

لە ھەنگاوی دووەمدا ھەر كەسە و لە شوێنی كار و ژیانی خۆیدا، خەریكی پاگەندە و ھوشیاركردنەوە بێت و لە ڕێكخراوەی پیشەیی و ئابووریی و تۆڕی كۆمەڵایەتیی خۆجێیدا خەریكی چالاكی سەربەخۆی خۆی بێت. ئەمە دەكاتە خۆپەروەردەكردن و پەروەردەكردنی تاكی ئازادیخواز و سەربەخۆ. كاتێك کە توانرا لە ئاستی كۆمەڵگەدا بزووتنەوە كۆمەڵایەتییەکان بەو ئاراستە بەڕێبخرێن و ئاستی ھوشیاری تاك بگەیێنرێتە ئەو ئاستەی، كە چیدی نەتوانرێت لە ژێر سایەی سیستەمی قوچكەیی بەڕێوەبردندا بژی. ئەو كات لە ئامادەیی و یەکێتی کۆمەڵایەتیی فرە ڕەهەنددا ھاوسەنگی ھێز لەنێوان بەرەی گۆڕانخواز (شۆڕش) و بەرەی كۆنەپارێز (دژەشۆڕش)دا بەلای بەرەی شۆڕشدا دەشكێتەوە و ئاسانتر دەتوانرێت ئەوە وێنابكرێت، كە بە مانگرتنی گشتی و یاخیبوونی كۆمەڵایەتیی بەردەوام و هێزگرتنی خۆبەڕێوەبەرایەتییەکان و کەنارخستنی ڕۆڵی دەوڵەت و بەڕێوەبەران لە ژیانی کۆمەڵایەتییدا، دەسەڵاتی چینایەتی دەڕوخێنرێت. لەوانەیە بۆ ئەوانەی کە بە پاشڕەویی دەسەڵاتخوازان دەستەمۆبوون و خویانگرتووە، وێناکردن و بڕواکردنی وەها شتێك ئاساننەبێت، بەڵام ئەگەر سەرنجی مێژووی بیست ساڵی ڕابوردوو بدەین، ئەوا بە ئاسانی چەندین نموونەی زیندوو بەرچاودەکەون، کە پێچەوانەی تێروانینی پاشرەوانە و دەستەمۆییانەی ڕامیارییین: لە سەدەی ڕابوردوودا لە وڵاتی بەنگلادیش و هەروەها لە وڵاتی لوبنان، هەرچەندە بزووتنەوەکانی: بەرگرتن بە تایبەتیکردنەوەی کەرتەکان و پێکهێنانی هەرەوەزییەکان و سەندنەوەی کارخانە و نێوەندەکانی خزمەتگوزاری و شوێنە گشتییەکان لە دەوڵەت و سەرمایەداران لە ئارادانەبوون و ڕێکخستنەوەی کۆمەڵایەتیی بەرهەمهێنان و خۆبەڕێوەبەرایەتی گەلیی بوونیاننەبوو، بەڵام وێرای ئەوەش چەند جار فەرمانداریی (حکومەتی) ئەو دوو وڵاتە بەهۆی مانگرتنی گشتی و سەرتاسەرییەوە توانراوە بڕوخێندرێن و هەڵوەشێندرێنەوە. هەروەها لە مانگی جونی ٢٠١٠- ٢٠١١ وڵاتی بەلجیکا بەهۆی کێشەی نێوان لیستە براوەکانی هەڵبژاردنەوە، بەبێ فەرمانداریی مایەوە و وەك وڵاتی بەبێ فەرمانداریی، ڕیکۆردی جیهانی شکاند و هەموو کاروبارەکانی کۆمەڵگە و گوزەرانی ژیانی ڕۆژانە و ڕۆتیین بەڕێوەدەچوو و بەبێ ئەوەی ئەو بێسەرەوبەرەییە دروستببێت، کە ڕامیارەکان بەوە کەسانی ناهوشیار و بڕوابەخۆنەبوو دەترسێنن؛ "ئەگەر شوانەیی دەوڵەت و فەرمانداریی سەرووخەڵکی نەبێت، ژیان ناگوزەرێت". ھەڵبەتە پێش ئەو هەنگاوانە و پاش ئەوەش، پێویستە مافی بڕیاردان و ڕاپرسیی لەسەر پرسە كۆمەڵایەتی و ئابوورییەكان، لەبەرچاوگیرابێت و ھەر ناوچە و ھەرێمێك یا گوند و شارێك لەسەر بڕیاردانی گشتی ھەرەوەزییەكان و شوراكان و ڕێكخراوە جەماوەرییەكانی، بەپێی بنەماكانی دێمۆكراتی ڕاستەوخۆ، مافی جیابوونەوە یا یەكگرتن یا چۆنیەتی ڕێكخستنی ژیان و خۆبەڕێوەبردنی خۆی ھەبێت.

بەو جۆرە دەتوانین بەر بە خوێنڕشتن و جەنگی لابەلایی نێوان ناوچەكان و ئێتنییەكان و ئایینەكان و كولتوورە جیاوازەكان بگرین و لە دەستەبەركردنی ئازادی و سەربەخۆیی ھەموواندا گیانی تەبایی و ھاوپشتی و پێكەوەژیان بەھێزبكەین؛ واتە ناسێنرالیزەكردنی بەڕێوەبەرایەتی و شێوەی ژیان و ڕێكخستنی كۆمیونیتییەكان؛ واتە گێڕانەوەی بڕیاردان و بەڕێوەبەرایەتی بۆ خودی خەڵك [گشت ئەندامانی کۆمەڵگە]، ئەگەر نا هەر هەوڵێکی ڕامیاریی لە نزیکترین وێستگەیدا، سەری لە بیرۆکراسی و تیئۆکراسییەوە دەدەچێتەوە !

بەڵام لەبیرمان نەچێت، كە دەستبەكاربوون بۆ پێكھێنانی ھەرەوەزییەكان و خۆبەڕێوەبەرایەتی كارخانە و كێڵگە و خوێندنگە و فەرمانگە و شارەوانییەكان و بوونی ڕێكخراوە سەربەخۆ جەماوەرییەكان وەك بەردی بناخەی كۆمەڵگە ئازادەكان، یەكەمین ھەنگاوی دەستبەكاربوونە بە ئامانجی گۆڕینی سیستەمی چینایەتی. ھەروەھا پەروەردەكردنی بڕوابەخۆبوونی تاكەكەس و سەربەخۆیی لە دەسەڵاتی سەروەری و پارتەكان و بایكۆتی ڕامیاركاران و مشەخۆران لە ژیانی كۆمەڵایەتییدا، مەرجی سەربەخۆیی نێوەندەكانی خەباتە.

تا ئەوەندەی من بیستبێتم ئەنارشیستەكان باوەڕییان بە شۆڕش نیە، ئەی تۆ چی دەڵێیت؟

ئەگەر وەڵامەكە كورتبكەمەوە، ئەوا ئەمەی لێ دەردەچێت؛ ئەناركیستەكان باوەڕیان بە شۆڕشی كۆمەڵایەتی ھەیە و ھیچ ئاڵوگۊرێكی ڕامیاریی و سەرووخەڵكی بە شۆڕش ناناسن و قۆناخبەندیش بۆ شۆۊڕش ناكەن و ڕاستەوخۆ خۆیان لە شۆڕشی كۆمەڵایەتییدا دەبیننەوە، ھەڵبەتە شۊۆڕش بەو واتایەی كە ئەناركیستەكان مەبەستییانە نەك بەواتای سەركەوتنی پارتێك لە ھەڵبژاردنی پارلەمانیدا یا كودەتایەكی سەربازی و بەدەسەڵاتگەیشتنی پارتێك لە شکستی ڕاپەڕینێکدا بەناوی پڕۆڵیتاریاوە، یا هەڵچوونێکی ساتەکی ناڕازییانی کۆمەڵگە و گۆڕینی سەروەرێك بە سەروەرێکی دیکە، گۆڕینی دیکتاتۆڕێکی سەربازیی بە دیکتاتۆڕێکی پارلمانی، گۆڕینی تیئۆکراسی بە هەرای پارلەمانی، گۆڕینی فاشیزمی ئایینی بە فاشیزمی سێکیولار. شۆڕش ڕەوتی گۆڕانی کۆمەڵایەتییانەی کۆمەڵگەی چینایەتییە بەرەو کۆمەڵگەی ناچینایەتی، وەها پرۆسێسێکی مێژوویی تەواو پێچەوانەی ئاڵوگۆڕە ڕامیاریی و ڕواڵەتییەکانە، گۆڕینی کۆمەڵگەیە بە گۆڕینی ڕیشەیی بنەما و ڕێکخستنە ئابووریی و کولتووریی و پێکهاتەییەکانی!

لە ڕوانگەی منەوە، شۆڕش ڕووداوێكی كتوپڕ و كاتیی نییە، فوكردنی پارتێك و ڕابەرایەتی پارتاێك نییە بە جوقەیەكی لەشكرییدا، بەڵكو پڕۆسێسێكی مێژووییە و لەوەتەی چەوسانەوە ھەیە، ئەویش بەردەوامە و ھێشتا لە ھیچ شوێنێكی گۆی زەمیندا سەركەوتنی یەكجارەكی بەدەستنەھێناوە، ئەو ڕووداوە مێژووییانەی کە بە "شۆڕش" ناوبراون و ناودەبرێن، لە ڕاپەڕین و ھەڵچوونی ساتەکی شۆڕشگێڕانە بەولاوەتر نین. شۆڕش واتە گۆڕانی کۆمەڵایەتی، کە لە بواری ئابوورییدا دەکاتە گۆڕانی پەیوەندییەکانی بەرهەمهێنان و کۆمەڵایەتییکردنەوەی کەرتەکانی بەرهەمهێنان و لەنێوبردنی پایەکانی سیستەمی چینایەتی [کاریکرێگرتە و دارایی تایبەت]، لە بواری بەڕێوەبردنی کۆمەڵگەدا دەکاتە هەڵوەشاندنەوەی سیستەمی ڕامیاریی و کۆمەڵایەتییکردنەوەی پرسە کۆمەڵایەتییە بەڕامیارییکراوەکان و ڕێکخستنەوەی کۆمەڵگەکان و تەواوی جیهان لەسەر بنەمای یەکگرتنی فێدرالیستییانەی ئازاد و پشتبەستوو بە هاوپشتی و تەبایی و پێکەوەژیانی مرۆڤ و بوونەوەرەکانی دیکە.

بە بۆچوونی من، خودی ڕەوتی گەشەی كۆمەڵگەی چینایەتی، لە ھەناوی خۆیدا ھەڵگری ئاراستەی شۆڕش و دژەشۆڕشە، بەڵگەكان و دەركەوتەكان و لۆجیكی دەركەوتن و تێداچوونی دیاردە كۆمەڵایەتییەكان، سەلمێنەری بوون و بەردەوامی ململانێی نێوان شۆڕش و دژەشۆڕشن، هەر لە بەرەبەیانی كۆمەڵگەی مرۆییەوە تا ھەنووكە. ئەگەر بەراوردی سەرەتا و ئێستای دیاردەكان بكەین، ئەوا لۆجیكی بەردەوامی شۆڕشمان لە ژیانی ڕۆژانەدا بۆ دەردەكەوێت؛ بۆ نموونە توندوتیژی و كوشتار لەنێو ئەشكەوتنشینان و ئێستا، شێوەی پێكەوەژیانی سپیپێست و ڕەشپێست پێش ١٠٠ ساڵ و ئێستا، گۆشتخۆری و ئاژەڵكوژی جاران و ئێستا، ڕێوشوێنی ژنان، جاران و ئێستا زۆر شتی دیكە، دەبینن، سەرەڕای ھەوڵەكانی سەروەران بۆ مۆدێرنیزەكردنی دڕندایەتی هوشیارانەی مرۆڤ بەھۆی توانای تەكنۆلۆجی و سەرتاپاگیری سیستەمەكەوە، ھێشتا ھۆشیاری و پشتتێكردنی تاكەكان لە جەنگ و نەژادپەرستی و دەمارگیری ئایینی و ئێتنیی و ڕەگەزیی، ڕوو لە پێشە و بازاری دڕندەیی لە چاو جاران ڕوو لە كزییە. بۆ من ئەمانە دیاردەی شۆڕشن و گەواھی بۆ بەردەوامی شۆڕش دەدەن.

بەپێچەوانەی بیری باو و زاڵ، ھیچ یەك لە گۆڕانەكانی سیستەمەكان [کۆیلایەتی بە دەرەبەگایەتی بە سەرمایەداری] ھەر لە ئەوەی پێیدەڵێن "شۆڕشی کۆیلان"، "شۆڕشی گەورەی فەرەنسە" تا "شۆڕشی كۆمونە" و تا "شۆڕشی ئۆكتۆبەری ١٩١٧" و "شۆڕشی ١٩٣٦ی ئیسپانیا " و "شۆڕشی ١٩٧٩ی ئێران" و ئازاری ١٩٩١ی كوردستان، شۆڕش نەبوون، بەڵکو تەنیا بازنەیەك و هەنگاوێك بوون لە ڕەوتی شۆڕشدا، شۆڕشێك كە تا ژیان ھەبێت، بەردەوام دەبێت و ڕوخان و دروستبوونی ھیچ سیستەمێكی كۆمەڵایەتی ناتوانێت كۆتایی ئەو بێت. ئەو ڕووداوانە و ھەزاران ڕووداوی دیكەی نەناسراو و شێوێنراوی دیكە، تەنیا ھەڵچوون و تەقینەوەی خێرای شەپۆلەكانی شۆڕش بوون و لەتەك تێكشكانی ڕاپەڕینە جەماوەرییەكاندا، دژەشۆڕش سەركەوتنی بەدەستھێناوە، لە ساڵانی نێوان ١٧٧٩ – ١٧٩٣ - ١٨٤٨ لە تێكشكانی بەرەی جەماوەریی چەوساواندا [جوتیاران و کرێکارانی شاریی]، بۆرجوازی فەرەنسی وەك دژەشۆڕش و پاوانگەری خواستەکانی شۆڕش، سەركەوتنی بەدەستھێنا، لە ساڵانی پاش ڕاپەڕینی جەماوەریی ئۆكتۆبەری ساڵی ١٩١٧دا، بۆلشەڤیزم وەك دژەشۆڕش لە تێکشکاندنی کۆمیتەی کارخانەکان و شورای شارەکان و هەروەزیی گوندەکاندا سەركەوتنی بەدەستھێنا، ساڵی ١٩٣٩ لە ئیسپانیا، لەشكری فرانكۆ بە تێکشکاندنی میلیتێریانەی هەرەوەزییەکان گەڕایەوە دەسەڵات، لە تێكشكاندنی پیلانانەی ڕاپەڕینی جەماوەریی ڕێبەندانی ١٩٧٩ی ئێراندا، بە کۆمەکی زلهێزەکان، ئاخوندەكان بەدەسەڵایگەییشتن، لە تێكشكاندنی ڕاپەڕینی جەماوەریی ئازاری ١٩٩١دا بەرەی كوردستانی و لایەنگرانی ئەمەریكا سەركەوتنیان بەدەستھێنا، وەك دەبینین لە تێكشكانی ڕاپەڕینەكانی ئەم دوو ساڵەی دواییشدا [٢٠١١-٢٠١٢] لە وڵاتانی باکووری ئەفریکا، ئیسلامییەكان و ناسیونالیست و پڕۆ-ئەمەریكییەكان سەركەوتنیان بەدەستھێناوە و دەھێنن، بەڵام هیچ کات و لە هیچ شوێنێك شۆڕش نەوەستاوە و بەردەوامە و بەرامبەر هەوڵەکانی دژەشۆڕش کاردانەوەی نیشانداوە و دەداتەوە، چونکە شۆڕش هیوا و هاندەری ژیانە و ژیان بەبێ شۆڕش نە بوونی هەیە و نە دەتوانێت درێژەی هەبێت!

شۆڕش وەك ئاڵۆگۆڕی كۆمەڵایەتی و گۆڕانی شێوازی ڕێكخستنی ئابووری و كۆتایی سەروەری چینایەتی و چێكردنی كۆمەڵگەی ئازادی و یەكسان و دادپەروەر، لە ھیچ یەك لەو جێیانەدا، كە ڕاپەڕینەكانیان بە "شۆڕش" ناودەبرێن، سەركەوتنی یەكجارەکی بەدەستنەھێناوە و بەردەوام لە ھەڵكشان و داكشاندا بووە و هەیە. بەڵام ھیچ كات نەوەستاوە و ھیچ كاتیش خودی شۆڕش تێكناشكێت، بەڵكو ئەوەی تێكدەشكێت، تەنیا ڕوودا و ھەڵچوونێكی خێرای نێو ڕەوتی شۆڕش و هێزە ڕامیارییەکانی نێو ڕەوتی ڕووداوەکانن. ھەر بۆیە كاتێك كە ئیمپراتۆری بۆلشەڤیكی پاش ٧٠ ساڵ تێكدەشكێت، دەركەوتنەوەی خێرای شەپۆلەكانی شۆڕش ھەم لەوێ و لەم لە دەرەوەی ئەو بەرچاوتر دەبن و خەبات پەرەدەسێنێتەوە !

ئەوەی كە ئەو واژە و دەستەواژانە [هەڵپەی ڕامیاریی، ڕاپەڕین و شۆڕش] بە ھەڵە بەكاردەبرێن و جێگۆڕكێیان پێدەكرێت، لە ناھوشیاری ئێمە و لێزانی دوژمنانەوەیە، تاوەكو لەو ڕێگەوە لە ئاوەز و هوشیاریی ئێمەدا قوفڵ لە ڕەوتی شۆڕش بدەن. کاتێك کە كۆیلە لە دژی كۆیلایەتی ڕادەپەڕێت و لە تێكشكانیدا جۆری سەروەری دەگۊڕێت و ئەو سەروەرییە خۆی دەكاتە بەرھەمی ڕاپەڕینی كۆیلان و مۆری كۆتایی شۆڕش لێدەدات و خۆیشی دەكاتە دوائامانجی چەوساوان. هەر ئاوا کاتێك کە لە ئەوروپادا ڕاپەڕینی جوتیاران و کرێکارانی شاریی تێكدەشكێت و كۆمەڵێكی دیکە [دەوڵەتمەندەکان] جێگەی سەروەرەكانی پێشوو (فیئۆداڵەكان) دەگرنەوە و بەدەسەڵاتگەیشتینی خۆیان دەكەنە ئامانجی بەدیهاتووی ڕاپەڕینی "شۆڕشی" جوتیاران. ئەمە دەستاودەستکردنی دەسەڵاتە لە دەستی فیئۆداڵەکانەوە بۆ دەستی بۆرجواکانی شار. کاتێك کە كرێكاران و سەربازان لە ڕوسیە ڕادەپەڕن و لە تێكشكانی هەرەوەزییەکان و شورا و كۆمیتەی كارخانەكاندا بۆلشەڤیكەكان دەسەڵاتی قەرەقووشیانەیان دەسەپێنن و ئەمە دەكەنە كۆتایی مێژوو و بەرھەمی شۆڕشی پڕۆڵیتاریا و ھەر بەو ناوەوە سەركوتی ھەموو ڕاپەڕینەوە و یاخیبوونێكی پڕۆڵیتێری دەكەن، ئەوە تێکشکانی ڕاپەڕینی چەوساوانە بە سەرکەوتنی دژەشۆڕش. بەم جۆرە زنجیرەی تێكشكانەكان بەردەوام بەناوی شۆڕشەوە دەبنە سەركوتگەری شۆڕشی چەوساوان و ئەو نائومێدییە بەرهەمدەهێنێت، کە لەم ڕۆژگارەدا بەسەر مرۆڤایتیدا زاڵبووە؛ بەواتایەکی دیکە کاتێك دەڵێین "ڕاپەڕین" تێكشکاوە، واتە تێكشکانی هەوڵێك لە کات و شوێن و بار و دۆخێکی دیاریکراودا، هیچ کات ئەمە لە ئاوەز و هۆشی تاکی چەوساوەدا نابێتە نائومێدکەری، لەوەی کە بەیانی یا لە شوێنێکی دیکە و بار و دۆخێکی دیکەدا، ئەگەری سەرکەوتنی هەیە. بەڵام کاتێك کە بڵێین "شۆڕش" تێكشکاوە، لە هۆش و ئاوەزی تاکی یاخی تێکشکاودا ئەو پوجگەراییە بەرهەمدەهێنێت، کە سەرکەوتنی "مۆدێلی بیسمارکی" لەلایەن بۆلشەڤیکەکانەوە لە ڕوسیا دەکاتە سەرەنجامی "شۆڕش" و دواتر تێکشکانی هەمان مۆدیل لە ساڵی ١٩٨٩دا دەکاتە بەرهەمهێنەری پووچگەراییەکی دیکە؛ " شۆڕش هەر ئەوە بوو، کە ئازادی سەرکوتدەکرد، شۆڕش ڕوخا وکۆتاییهات و ئیدی بۆ هەمیشە سەرمایەداری دوا قۆناخی مێژووە"!

بە بۆچوونی من، كاتی ئەوە ھاتووە، کە بە وریاییەوە دەستەواژەكان بەكاربەرین و واژەی دروست لە شوێنی گونجاودا بەكاربەرین. "شۆڕش" بریتییە لە خەباتی هوشیارانەی بەردەوام بۆ كۆتاییھێنان بە چەوسانەوەی مرۆڤ و ئاژەڵ و تێكدانی ژینكە لەلایەن مرۆڤە هوشیارە دڕندەکانەوە. ئەم خەونە بەبێ لەنێوبردنی پایەكانی ڕاگرتنی چەوسانەوە؛ سەروەری، دارایی تایبەت، كاریكرێگرتە، مشەخۆریی، ئەستەمە ببێتە كەتوار. لێرەوە دەتوانین سەرنجی ئەو ڕووداوانە بدەین، كە لە مێژوودا بە "شۆڕش" ناوبراون و دەبرێن. ئایا ئەو چوار تایبەتمەندییەی سیستەمی چینایەتییان لەنێوبردووە؟

بەبۆچوونی من نەخێر و لە ڕادیكاڵترینیاندا، كە ڕاپەڕینی ئۆكتۆبەری ١٩١٧ بوو، نەك نەتوانرا ھەر چوار پایەكەی سیستەمی چینایەتی لەنێوببرێن، بەڵكو ھەر چواریان لەو سیستەمەدا مانەوە و ئامادەییان ھەبوو و بەهێزتر کران؛ پارتی كۆمونیست سەروەر بوو، دەوڵەت دارای ئامرازەكانی بەرھەمھێنان و زەمین و سامانی كۆمەڵگە بوو، كرێكاران كرێگرتەی دەوڵەت بوون، سەرانی پارت و دەوڵەت مشەخۆری ڕەنجی بەرهەمهێنەرانی كۆمەڵگە بوون.

بۆچی ئەنارشیستەكان ھەمیشە پەنا بۆ توندوتیژی دەبەن و خەباتی چینایەتی و جەماوەری ڕەتدەكەنەوە؟

بەداخەوە زۆربەی بڕیارەکانی تاکی گۆشکراو بە پەروەردەی پارتیی، لە پێشداوەرییەوە سەرچاوەدەگرن؛ "مادام ئاوا باوە و ئاوا دەڵێن، ئیدی ئاوایە. من ئاوام بیستووە". "هەمووان ئاوا دەڵێن" ...تد. بەڕێزم، من لە دەستەواژەکانی تۆدا ئەوەندەی پێشداوەریی و هەژموونی میدیای دەسەڵات دەبینم، ئەوەندە سەرنجدەریی و پرسیار نابینم. من نازانم زۆربەی ئەوانەی کە ئەنارکستەکان بە توندوتیژ و وێرانگەر دەبینن، چ سەرچاوە و بەڵگەیەك یا دیتنێکی خودییان لەو دیمەنانە هەیە، کە وێنایاندەکەن؟

بەپێچەوانەوەی پاگەندە باوەکانەوە، یەكەم پێكدادانەكان بەو جۆرە نین، كە كامێرای ماسمیدیا نیشانیاندەدەن. لەم بارەوە دەتوانین سەرنجی ئەو فیلمە دۆكومێنتەری و كورتە فیلم و وێنانە بدەین، كە دەستەی ھەواڵنێری خۆپیشاندەران لە خۆپیشاندانەكان دەیانگرن و لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و لە میدیای سەربەخۆ [www.indymedia.org] دەیانخەنە ڕوو، ھێرشكەری یەكەم ھێزەكانی دەسەڵاتن، کە پەلاماری خۆپیشاندەران دەدەن و ئەوەی لە نیشاندەری کاناڵەکانەوە نیشاندەدرێت، كاردانەوەیە بە ڕووی توندوتیژی دەسەڵاتدا، بۆ نموونە سەرنجی ھەر دوو دیوی ڕووداوەكان ئەوەی میدیای دەسەڵات و ئەوەی میدیای دژەدەسەڵات لە سیاتل و گوتیبێرگ و گێنێڤا و ..تد دەیخەنەڕوو، بدەن.
 
پاشان بەپێچەوانەی ئەوەی كە لە دوو سەدا ساڵی ڕابوردوودا لەمەڕ ئەناركییەكان گوتراوە و پاگەندەی بێبنەمایان بۆ كراوە، بەپێچەوانەی ئەوانەوە، كە باوەڕیان بە تێكۆشانی ڕامیاریی و پارتایەتی و ھەڵپەی پارلەمانی و ڕێكخستنی قوچكەیانەی ڕێكخراوە جەماوەرییەكان ھەیە، ئەناركییەكان تەنیا یەك شێواز لە تێكۆشان بە سەنگەری چینایەتی دەزانن، ئەویش خەباتی جەماوەریی و ڕێكخستنی ناقوچكەییی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکانە، کە ڕێکخستنێکی وەها تێکۆشانی ناتوندوتیژ دەخوازێت، چونکە ڕێكخراو و ڕێکخستنەکانی ئەو بزووتنەوانە، پێکهاتەی میلیشیایی نین و پێویستییان بە پلان و بەرنامەی پشتپەردەی پارتایەتی و دەستەی تێرۆر و تۆقێنەر نییە. دەکرێت لە بزووتنەوەیەکی جیهانگردا لە خۆرهەڵاتەوە بۆ خۆراوا، لە باشوورەوە بۆ باکوور، چەندین گروپی پێکهاتوو لە لاوانی خوێنگەرم و بێئەزموون هەبن، کە پێکدادان لەتەك پۆلیس و دامرکانەوەی ساتەکی تووڕەیی کەڵەکەبووی ساڵانەیان بەرامبەر دەزگە سەرکوتگەرەکانی پۆلیس و بۆدیگاردەکان، کە ڕۆژانە سوووکایەتی و توندوتیژی بەرامبەر تاکە ژێردەستەکان دەنوێنن و بەکاردەبەن، بە کارێکی شۆڕشگێرانە و سوودمەند بزانن. بەڵام سەرپای مێژووی بزووتنەوەی ئەنارکیستی تژیەتی لە بزووتنەوەی کۆمەڵایەتیی و بیریاران و تیئۆری ناتوندوتیژ، لەوانە دەتوانین ناوی ماهاتما گاندی [Mahatma Gandhi] و کلارا ڤیشمان [Clara Wichmann] و تۆلستۆی و چەندینی دیکە بەرین.

پاشان، مەبەست لە خەباتی چینایەتی چییە، ئایا ھەوڵ و چەنەبازیی پارلەمانی، خەباتی چینایەتییە؟ ئایا واژۆكۆكردنەوە و پاڕانەوە لە دەسەڵات و بەرەی ھاوبەش لەتەك پارتە ڕامیارییەكان، خەباتی چینایەتییە؟ ئایا پێكھێنانی ڕێكخراوەی قوچكەیی، كە كەمایەتییەك تیایاندا بۆ زۆرینە بڕیاردەدەن، ڕێكخستنی چینایەتییە؟ ئایا جوڵانەوە و خۆپیشادان لە چوارچێوەی یاسا و چاودێری و سەرپەرشتی ھێزەكانی دەوڵەت و بەرزكردنەوەی لافیتەی سپی و دروشمی شەرمنۆكانەی نەتەوەیی و نیشتمانی و تاوانباركردنی دەسەڵاتداران بەوەی كە نەیانتوانیوە نەتەوەپەروەر و نیشتمانپارێزبن، خەباتی دژە-سەرمایەداریی چەوساوانە؟

بەداخەوە، لەم بارەوە، سۆشیالیستەکانی کورد و ناوچەکە لەلایەك سەرچاوەی بەڵگە و بڕیاردانەکانیان نیشاندەری تەلەفزیۆنەکانیانە و لەلایەکی دیکەوە هێندە بە خەباتی سەربەخۆی جەماوەریی و کۆمەڵایەتی نامۆبوون، کە هەر بزووتنەوەیەك لەژێر فەرمانی سەرانی پارتەکان نەبێت و هەوساری دەسەڵات لە ملیدا نەبێت، بە ئاژاوە و توندوتیژیی دەزانن، ئەمە لە کاتێکدا هیچ دەزگە و ڕێکخستنێکی قووچکەیی چ لە دەسەڵاتدا و چ لە دەرەوەی دەسەڵات بوونی نییە، کە ڕۆژانە توندەتیژیی بەرامبەر ئەندامانی و کەسانی ژێردەستەی بەکارنەبات. هەڵبەتە مەبەست لە توندوتیژیی، تەنیا توندوتیژیی جەستەیی نییە، بەڵکو فەرمان و فشار و تەنگەتاوکردنی دەروونی و تیرۆری هۆشیی و کەسایەتیش دەگرێتەوە، کە لە هەموو دەزگەیەکی چینایەتیدا بەکاردەبرێت و بنەمای کارکردن و مانەوەی پێکدەهێنێت. بەڵام لەبەرئەوەی کە لە هۆشیی تاکی ژێردەستەدا وەها ڕەفتار و بەکاربردنێك ڕەوایەتی پێدراوە و وەك بەشێك لە کولتوور و شێوازی بیرکردنەوە و جیهانبینیی گشتی جێگیرکراوە، کەسانی ناهوشیار و خۆشباوەڕ بە پاگەندە و یاساکانی سەروەریی، نادەربەستانە و دەستەمۆیانە پاشرەویی لێدەکەن و هیچ کاردانەوەیەکی سەربەخۆ نیشاننادەن، لە بەرامبەردا کاتێك کە دەبینن، کەسێك بەرانبەر پۆلیس کوتەك بەرزدەکاتەوە یا بەردێك دەگرێتە جامخانەی بانکێك، ئیدی تووشی نائارامیی دەبێت و توانانی خوێندنەوەی ئەوەی نییە، کە ئەوەی ئەو لەو ساتەدا کامێراکان بۆی دەگوازننەوە، تەنیا کاردانەوەیەکی سروشتیی کاتی هەڵچوون و پارێزگاریی لەخۆکردنی خۆپیشاندەرانە !

ئەو ھەمووە باڵ و لق و پۆپانەی كە بەناوی ئەنارشیسمەوە ھەن، مەگەر نیشانەی سكتاریستبوون نین، ئەی چین؟

سەرەتا پێویستە ددان بەو كەتوارەدا بنێم، كە ئاراستە یا تێڕوانینە ئەناركیستییەكان لەمەڕ پرسە كۆمەڵایەتییەکان بەرەو باڵ و لكگەریی چوون، ئەمەش لەژێر كارایی پاشەكشێی پاش تێكشكانی ڕاپەڕینەكان و جەنگە جیھانییەكان و كارایی دانانی دەستەگەریی ماركسیستی بووە، بەتایبەت ڕووكردنی چەپەكان لە ئەناركیزم و پاراستنی فەرھەنگە پارتیی و سكتاریستییەكەیان لە بار و دۆخی لاوازیی بزاڤەكەدا. من بە دیاریكراوی و بە ئاشكرا لە وڵاتانی خۆرھەڵاتی ناوین، ئەمە دیاردەیە دەبینم و زۆرێك لەوانەی واز لە چەپ دەھێنن و ڕوو لە ئەناركیزم دەكەن، بەھەمان سوونەتی پێشوو و كاردەكەن و تێڕامانە ئەناركیستییەكان بە ڕەوتی جیا وەردەگرن و خۆیان بەو جۆرە ڕێكدەخەن و دەیكەنە شوناسی گروپەكانیان. چونکە لە سونەتێکی ئاوا هاتوون و بەئاسانی ناتوانن و هەروەها زەمینەی کۆمەڵایەتیی لەباریش بۆ خۆدەربازکردنیان لەو ڕابوردووە، لە ئارادا نییە یا زۆر لاوازە. لەبەرئەوە لەوانەیە ماوەیەکی زۆری بوێت، تا دەستبەرداری کارایی ڕێکخراوی ڕامیاریی و پێکهاتەی قووچکەیی و کردار و گوفتاری سکتاریستی و خودنمایی ڕامیاریی ببن. هەر لەبەرئەوەشە کە ئەو کەسانە فرەتر وەك پلاتفۆرمیست کاردەکەن و لەو بارەدا هەست بە ئارامی دەکەن.

بە بۆچوونی من لە ڕابوردوودا ھیچ یەك لە بیریارانی ئەناركیزم نەھاتووە تێڕامانی لەمەڕ پرسێكی دیاریكراو وەك ڕەوتێكی جیای ئەناركی بناسێنێت. بۆ نموونە ئێما گۆڵدمان [Emma Goldman] نەیگوتووە ژنانی ھەڵگری ئایدیای ئەناركۆ-فێمینیستی دەبێت جیا لە پیاوان و دابڕاو لە تێرامانە ئەناركیستییەكانی دیكە خۆیان ڕێكبخەن و كاربكەن، یا ڕۆدۆڵف ڕۆكەر [Rudolf Rocker] نەھاتووە بڵێت ھەڵگرانی ئایدیای ئەناركۆ-سەندیكالیستی بە جیا لە ھەڵگرانی ڕەوتەكانی دیكە خۆیان ڕێكبخەن و ھەروا پیتەر كرۆپۆتكین و ئەوانی دیكەش ھەروا نە خۆیان و نە تێڕوانین و تێزەکانیان جیا لە گشتییەتی بزووتنەوە، نەخوستووەتە ڕوو.

نەخێر، ئایدیا ئەناركیستییەكان و تێڕامانەكان تەنیا ئەڵتەرناتیڤی ئەناركیستەكان بوون لە بەرانبەر ھەژموون و كاری چەپ و ڕاستدا، بەواتایەكی دیكە ئەناركۆ-سەندیكالیزم شێوازی ڕێكخستنی ڕێكخراوەی جەماوەریی ئەناركیستییە، واتە كاتێك ئێمە ڕێكخراوێكی ژنانمان ھەبێت و ئاراستەی ئەنارکیستی ھەبێت، خۆبەخۆ خۆڕێكخستنی لە خوارەوەرا و ئاسۆیی دەبێت، واتە پێكھاتەی قوچكەیی ڕێكخستن و ڕێكخراو ڕەتدەكەنەوە، ئەمەش ئەڵتەرناتیڤی ئەناركیستییە لە بواری ڕێكخستندا، كە دەكاتە [ئەناركۆسەندیكالیزم]، یا ئەگەر ڕێكخراوێك، ھەرەوەرزییەك، سەندیكایەكی كرێكاریمان ھەبێت، ئەوا ئەناركۆ فێنمینیستەكان لەسەر بنەمای خەباتی ھاوبەش بۆ لەنێوبردنی ھەڵاواردنەكان لەو ڕێكخراوەدا، لەسەر بنەمای تێڕامانە ئەناركۆ فێمینیستییەكان، دژایەتی ھەموو دووبەرەكییەك و ھەر ھەڵاواردنێك لەسەر بنەمای ڕەگەزیی دەكەن. بەم جۆرە هەروا تێڕامانی ئەنارکیزمی تاكگەرا و كۆمونیستی و ژینگەپارێز و ئاژەڵدۆست و بوارەكانی دیكە تەواوكەری بزاڤی ئەناركیستین، نەك باڵێك و ڕەوتێكی دابڕاو و خۆڕێكخستوو بەجیا لەوانی دیکە، بەڵکو بە هەموو ئەڵتەرناتیڤەکان و تێڕامانەکانەوە، بزووتنەوەیەکی کۆمەڵایەتیی فرەڕەهەند پێکدەهێنن [بزووتنەوەی ئەنارکیستی]. ھەر كات بزاڤی ئەناركیستی بەو ئاراستەیە چوو، كە وەك چەند باڵێك خەباتبكات، ئەوا ئەو كاتە ئیدی تەنیا بریتی دەبێت لە چەند كۆمەڵەیەكی مەزھەبی و سكتاریستی وەك پارت و گروپە ماركسیست و لیبراڵ و ناسیونالیست و ئایینییەكان.

__________________________________

بەشی دەیەم: www.emrro.com/nojenkirdinewey10.htm

بەشی نۆیەم: www.emrro.com/nojenkirdinewey9.htm

بەشی هەشتەم: www.emrro.com/nojenkirdinewey8.htm

بەشی هەفتەم: www.emrro.com/nojenkirdinewey7.htm

بەشی شەشەم: www.emrro.com/nojenkirdinewey6.htm

بەشی پێنجەم: www.emrro.com/nojenkirdinewey5.htm

بەشی چوارەم: www.emrro.com/nojenkirdinewey4.htm

بەشی سێیەم: www.emrro.com/nojenkirdinewey3.htm

بەشی دووەم: www.emrro.com/nojenkirdinewey2.htm

بەشی یەکەم: www.emrro.com/nojenkirdinewey1.htm

 

ماڵپه‌ڕی هه‌ژێن

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک