په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٥\٤\٢٠١٤

نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی وەڵامه‌كان.


هەژێن

- بەشی دوازدەیەم -


ئەگەر پێمانوابێت، وەڵامەکانی ئێمە تەواو و دوا دەرکی مرۆڤایەتین، ئەوا خەریکین لە خۆمان بتێک سازدەکەین. ھەروەھا ئەگەر پێمانوابێت، ئەو سیستەمی ڕێکخستنەی کۆمەڵگە، کە ئێمە خەباتی بۆ دەکەین، دوایین چاوەڕوانی و گەشەیەکە، کە مرۆڤایەتی پێیدەگات، ئەوا دیسانەوە خەریکین پووچگەراییەکی دی لە تەپوتۆزی پۆوچگەراییەکانی دیکە، چێدەکەینەوە. سۆشیالیزم بەھەشتێک نییە لە ئاسمانەکانەوە دایگرین و لە پەڕاوی ئەفسانەکاندا بیدۆزینەوە و مۆدێرنیزەی بکەین، سۆشیالیزم خەونی مرۆڤی زیندووە و بە پراکتیکی شۆڕشگێڕانە کەتواریی دەبێتەوە و سەرکەوتنیشی لە کولتووربوویندا دەبێت، بەبێ ئەوە، لە خەیاڵی گۆشەگیرانە و فەنتازی ئایدیالیستانە بەولاوەتر نابێت. هەژێن

ئایا لە خورت و خۆراییە کە مارکسیەکان ئەنگۆ بە ئاژاوەچی و دژە کۆمۆنیزم و دژە کرێکار دەزانن یا بەڕاستی ئەنارکیزم هەر ئەوەیە؟

دەبێت ئەوە بڵێم، بەداخەوە زۆرێک لە کەسە ناڕازایی و شۆڕشخوازەکان، کە بەهۆی زاڵیی ئایدیۆلۆجیای دەسەڵاتخوازان [چەپەکان و مارکسیستەکان]، ئەنارکیزم بە دوژمنی کرێکاران دەزانن و ڕەتیدەکەنەوە، هەڵبەتە وەها هەڵوێستگیرییەک لەلایەن بنکەی یا بەشی خوارەوەی پارت و گروپە ڕامیارییەکانەوە، لە نائاگابوون و نەبوونی زانیارییانەوەیە لەمەڕ ئەنارکیزم چ وەک هزر و چ وەک بزووتنەوەی کۆمەڵایەتی. چونکە زۆرێک لەوانە کاتێک کە دەکەونە ئاخاوتن لەمەڕ دونیای خەون و ئارەزەوویان، دەقاودەق کۆمەڵگەی ئەنارکی وێنادەکەن، بەڵام گیرۆدەییان بەهۆی ئایدیۆلۆجیاوە، توانای بەگەڕخستنی بیرکردنەوە و تێڕوانینی کەسیی و ئاوەز و لۆجیکی لێ سەندوونەتەوە، بەدڵنیاییەوە دەوێرم بڵێم، ئەگەر ئەو کەسە دڵسۆز و سۆشیالیستخوازانە، چەند ساتێک لە کاتیان بۆ بەراوردی ئەوەی بەرانبەر ئەنارکیزم لەلایەن دژەکانییەوە گوتراوە و ئەوەی کە ئەنارکیزم بەخۆیی [وەک هزر و مێژووی کۆمەڵایەتی بزووتنەوەکە] هەیە و چیە، بکەن، ئەوان نەک هەر دەبنە ئەنارکیست، بەڵکو لە ئەنارکیستبوون و تیکۆشان بۆ ناساندن و پەرەپێدانی ئەم هزرەدا، لەتەک ئێمەی ئەنارکیستدا دەکەونە پێشبڕکێ و توانای بیرکردنەوە و ئاوەز و تێڕوانینی وردبینانەی خۆیان بەدەستدەهێننەوە و بە پێچەوانەی تێگەییشتنی دەوڵەتیی و پارتییانەوە [ڕامیارییانە] بۆ سۆشیالیزم، ئەنارکیزم وەک سۆشیالیزمی ئازادیخواز [تێگەییشتنی کۆمەڵایەتییانە] وێنا و دەرکدەکەن.

هەروەها لە بەرانبەردا هیچ گومانم لەوە نییە، کە ئیدئۆلۆگەکانی سۆشیالیزمی دەوڵەتی، زۆر هوشیارانە و بە ورییاییەوە دژایەتی هزر و بزووتنەوەی ئەنارکی دەکەن و دەیشێوێنن، چونکە هزر و تێڕوانینی ئەنارکی دژایەتی سەروەرییخوازیی و ئۆتوریتەگەریی و پاوانگەریی و چەپاوڵگەریی ئەوان و گشت خۆ بە ڕابەرزان و شوانە ڕامیارییەکان دەکات و ئەگەر بەڕێکەوت و بە هەڵە سەرۆک و ئەندامانی نووسینگەی ڕامیاریی و کۆمیتەی نێوەندی پارت و گروپە دەستەبژێر و سکتاریستەکان ببنە هەڵگری هزر و تێڕوانینی ئەنارکی، ئەوا پێوێستە دڵخۆشنەبین و بە وریایی و سەرنجەوە لە دەربڕین و نووسین و چالاکییەکانیان بڕوانین. بۆی هەیە بە ئەگەرێکی زۆر زۆر کەمەوە، ڕۆژگارێک سەرمایەدارێک لەژێر پەروەردەی خێزانی و هاندانی ئایینیییەوە بۆ کۆمەکی هەژاران دەستبەرداری سەرمایەکەی ببێت و کارخانە و کێڵگەکانی بکاتە هەرەوەزیی کۆمەڵایەتی و دارایی کۆمەڵگە، بەڵام ھەرگیز من هیچ کات بڕوا و متمانەم بەو کەسانە نییە، ئەوانەی کە دەتوانن سەروەر و فەرماندەری ئەوانی دیکە بن [هەر لە سەرۆکشانەیەکەوە تا دەکاتە سەرۆکی پارتێک]، بتوانن ببنە ئەنارکی و دەستبەرداری خۆباڵابینینی خۆیان بن و واز لە پوچگەرایی پێشڕەوایەتی و شوانەیی جەماوەر بهێنن، چونکە دەسەڵاتخوازان بەشی پێشڕەو و ھوشیاری بۆرجوازی و وردەبۆرجوازی بۆڵەبۊڵەکەرن، ئیدی لەژێر ھەر پۆشاک و ناوێکدا خۆیان بە کۆمەڵگە بناسێنن و تێبکۆشن، ھیچ لە کڕۆکە سەروەرییخوازەکەیان ناگۆڕێت !

لەبەرئەوە منیش پێداگریی لەسەر بۆچوونەکەت دەکەم، کە لە خورت و خۆراییەوە نییە، کە دەسەڵاتخوازە بەناو سۆشیالیستەکان دژایەتی شێوازی خەباتی ئەنارکیستی دەکەن. ئەوان بەوپەڕی هوشیارییەوە بەو کارەهەڵدەستن، چونکە لە جێکەوتنی هەر شێوازێکی چالاکی و کارکردن و بیرکردنەوەی ئەنارکییدا، بۆشبوونی ژێرپێی خۆیان لە نێو بزووتنەوەکەدا دەبنن. بەواتایەکی دیکە ئەنارکیزم وەک شێوازی بیرکردنەوە، تاکی ئازادیخواز بەرەو متمانەکردن بە تواناییەکانی خود و یەکێتی لەتەک هاودەردانی و سەربەخۆیی چالاکی و ڕێکخراوبوون دەبات، کە ئەمە بە دیوەکەی دیکەیدا دەکاتە پشتتێکردن و وازهێنان لە وابەستەیی، لە دستەمۆبوون، لە لەخۆنامۆیی، لە ڕامبوون بۆ ڕامیاران. بە کورتی ئەنارکییەکان لە خەباتی کۆمەڵایەتییدا بواری کایەکردن بۆ ڕامیاران ناهێڵنەوە، کە بزووتنەوەکە ڕەدووی دەسەڵاتخوازان بکەوێت، بۆ ئەوان سۆشیالیزم نە فازێکی باڵای پێگەییشتنی بەرەبەرەی گەشەی ئابووریی و ڕامیارییە، نە بەرەنجامی نەخشە و لەقاڵبدانی ئایدیۆلۆجی کۆمەڵگە لەلایەن پارتی "پێشڕەو" و نە بەرهەمی بەزەیی و سۆزداریی سەرمایەداران و سەروەران، بەڵکو بەرەنجامی کار و چالاکی هوشیارانەی بزووتنەوەیەکی کۆمەڵایەتیی دژە سەروەرییە و تەنیا ویستکردنی یەکگرتووانەی چەوساوان بۆ ڕزگاربوون لە کۆت و بەندەکانی کۆمەڵگەی چینایەتی، دەتوانێت مسۆگەرکەری وەھا ئامانج و داھاتوویەک بێت!

ئەنگۆ کوو دەڕواننە پرسی یەکسانی ژن و پیاو؟

پێش ئەوەی لە پرسی یەکسانی و ڕزگاریی ڕەگەزیی بدوێین، پێویستە خۆمان لەسەر خوێندنەوەی چەمکەکە یەکلاییبکەینەوە؛ ئایا مەبەست لە یەکسانی، یەکسانبوونی ژنان و پیاوانە لە کۆیلەتییدا [یەکسانی لە ملکەچیدا بۆ فەرمانی سەروەرانی کۆمەڵگە] یا ڕزگاربوونی یەکسانانەی مرۆڤە لە سەروەریی مرۆڤ بەسەر مرۆڤ و ڕزگاریی لە پێکهاتە سەر و خوارییەکان، یەکسانی ڕزگاربوون لە کۆتوبەندە ئابووریی و کولتوورییەکان، یەکسانی لە گەییشتن بە بەھا مرۆییە باڵاکان؟

چونکە بەبۆچوونی من، ئەو شتەی کە لە ماسمیدیا و پاگەندەی نیئۆلیبراڵەکاندا بە مافی ژن و یەکسانی ژن و پیاو ناسراوە، دیوێکی دیکەی هەمان هەڵاوارننی ڕەگەزییە، هەروا کە پیاوسالاری / بابسالاری لەسەر بنەمای ستەم لە ژنان خۆی ڕاگرتووە و ڕەوایەتی بە مانەوەی خۆی دەدات، هەرواش ژنسالاری/ دایکسالاری، لەسەر بنەمای ستەم لە پیاوان خۆی ڕادەگرێت و ڕەوایەتی بە سەرهەڵدانی خۆی دەدات و ستەمگەریی و هەڵاواردن وەک پایەی سیستماتیکی دەسەڵاتی کولتووریی و ڕامیاریی دەکاتە بنەمای مانەوە/ درێژەپێدانی خۆی.

لەبەرئەوە، پیاوسالاری و ژنسالاری وەک دوودیوی یەک دراو، تەواوکەری یەک سیستەم و پێکهاتەی کولتووریی و ڕامیاریین، کە لەسەر بنەمای هەڵاواردنی مرۆڤەکان بەپێی ڕەگەز و ئایین و نەژاد و ئێتنی و پێگەی ئابووریی و پلەوپایەی ڕامیاریی خۆڕاگرتووە و درێژە بە مانەوەی خۆی دەدات و بنەماکانی خۆی نۆژەندەکاتەوە و بەپێی گۆڕانی سەردەمەکان، کاژ و ڕواڵەتی خۆی دەگۆڕێت؛ زیندووترین نموونە لەم بارەوە، نیئۆلیبرالیزمە، کە بێجگە لە داگیرکاریی نوێی و هەڵاواردن و ستەمکاریی نوێ و درێژەدان بە نایەکسانییە کۆمەڵایەتیی و ئابوورییەکان، هیچ شتێکی دیکەی بەرهەمنەهێناوە و بەرهەمناهێنێتەوە، چونکە وەک وەڵامدەرەوە بە پێداویستی پاراستنی کۆمەڵگەی چینایەتی سەریهەڵداوە نەک پێچەوانەی ئەوە.

لەم ڕۆژانەدا هەژموونی ژنسالاری هێندە تەشەنەی پێدراوە، کە بینەری ڕووداوەکانی کوێرکردووە. تەنانەت لە خۆنیشاندانێکدا کە پۆلیس سەرکوتی خۆپیشاندەران دەکات، تا ئەو کاتەی کە ژنێک بەر پەلامارنەکەوتبێت، وێنە و کورتە ڤیدیۆیییەکان، کۆمەڵگە تووشی شۆک و داچڵەکان ناکەن. ئایا ئەمە هەر ئەو تێڕوانین و جیهانبینییە نییە، کە ژن بە لاواز و شایانی بەزەییپێداهاتنەوە دەزانێت؟ هەمان ڕوانگە نییە، کە پیاو بە بەهێز و بەتوانا دەبینێت و بۆ ئەو پیاو بەرگەگری هەموو سەختییەک دەگرێت و ژن بە لاواز دەبێنێت؟ ئەگەر نا، ئەدی لەبەرچی لێدان و پەلکێشکردنی دەیان و سەدان پیاو و تێهەڵدان و ئەشکنجە دانیان، لەلای بینەر ئاسایی وەردەگیردرێت، بەڵام لێدان لە ژنێک لە خۆپیشاندانێکدا کۆمەڵگە تووشی شۆک دەکات؟ ئایا ئەمە لە دوو هۆکار زیاتری هەیە؛ یەکەم، ژن بوونەوەرێکی لاوازە و شایانی بەزییپێداهاتنەوەیە؛ دووەم، هەژموونی ژنسالاری لە ڕێی ماسمیدیاوە بەسەر تێگەیشتن و تێڕوانینی بینەردا زاڵبووە؟ ئایا هیچ بیرمان لە ڕەهەندی مەترسیداری وەها کوێربوون و نادەربەستبوونێکی ڕەگەزپەرستانە کردووەتەوە، کە لە ئایەندەیەکی نزیکدا فیمینیزمی دەسەڵاتخواز، جێگەی ئایدیۆلۆجیە ئێکسپایەرەکانی بۆرجوازی [ئایین و ناسیونالیزم] دەگرێتەوە و دەبێتە هۆی درێژەدان بە هەڵاواردن و توندوتیژی ڕەگەزیی و بە قازانجی سیستەمە چینایەتییە دەشکێتەوە، کە ئەم سیستەمە بەبێ نایەکسانی و توندوتیژی و هەڵاواردن، ئەستەمە بتوانێت یەک تاقە ڕۆژ مانەوەی نەگریسی خۆی مسۆگەربکات؟

بەڵام هیچ کات، ئەمە بەو واتایە نییە، کە نایەکسانی و پلەچەندیی ژنان لە کۆمەڵگەکانی سەر گۆی زەویدا نادیدە بگرین یا هەڵوەشاندنەوە و لەنێوبردنی بە ئەرکی هەنووکەیی و هەردەمی خۆمان نەزانین و بەو بیانوو و پاساوانەوە شانی خۆمان لەژێر باریدا خاڵیبکەین. نەخێر، بەڵکو مەبەست ئەوەیە، کە نەکەوینە ژێر هەژموونی ئاراستە دەسەڵاتخوازەکان و بە پاگەندە بریقەدارەکانیان نەخەڵەتێین و واوەتر لەوە ڕادیکاڵانە بنەما و پاساو و هێزە ڕاگرەکانی هەڵاواردنی ڕەگەزیی بدەینەبەر ڕەخنە و لە نێو بزاڤ و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکاندا بەرپەرچی هەژموونی کۆنەپەرستیی و هەڵاواردن و پاوانگەریی نێرسالارانە بدەینەوە. واتە لە کایەکانی ژیانی ڕۆژانەماندا لە بنەماکانی هەڵاواردن بدەین، لە خەبات و داخوازییە کۆمەڵایەتییەکانماندا هەڵاواردن وەلابنێین و هێزی جەماوەریی بۆ هەڵوەشاندنەوەی هەڵخرێنین. چونکە ئەستەمە بتوانرێت بزووتنەی ئازادیخوازانەی کرێکاران، بێکاران، جوتیاران، خوێندکاران، فەرمانبەران، مامۆستایان، خانەنشینان لە ئارادابێت و هەڵوەشاندنەوەی هەڵاواردنی ڕەگەزیی، دروشمی نەبێت، یەکسانی و ڕزگاری خاڵی سەرەکی داخوازی و بەرنامەی نەبن، هەروا کە ئەستەمە بەبێ دژایەتیکردنی هەڵاواردنی دانیشتووانی کۆمەڵگە بەسەر خۆیی و بێگانە [خۆیی و بێگانەی ڕاسیستی و ناسیونالیستی و ئایینی و ..تد]دا، بزووتنەوەیەکی ئازادیخواز بوونی هەبێت!

کەی تاکە ژێردەستە خەباتکارە هوشیارەکان توانییان پرسە کۆمەڵایەتییەکان لە تان و پۆی هەڵپێکراوی کۆمەڵایەتییدا پێکەوە گرێبدەنەوە و وەک گشتێک خەبات و چالاکیان بۆ بکەن، ئەو کات، هەم پرسی هەڵوەشاندنەوەی هەڵاواردنی نێوان ژن و پیاو و خۆیی [ھاووڵاتی] و ناخۆیی [کۆچەر]، پرسی هەموو بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان دەبێت و هەم خەبات بۆ چارەسەری پرسەکانی دیکەش تەواوکەری چارەسەری پرسی هەڵاواردنی نێوان ژنان و پیاوان دەبێت. بە واتایەکی دیکە، کەی ژنان وەک کرێکار، وەک بێکار، وەک جوتیار، وەک خوێندکار، وەک فەرمانبەر، وەک مامۆستا، وەک خانەنشین، وەک چالاکی گروپە خۆجێیەکانی گەڕەکەکان و ڕێکخراوە جەماوەرییەکان هاتەمەیدان و بەکردەوە پرسی هەڵوەشاندنەوەی هەواڵاردنیان بەسەر تەواوی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییە ئازادیخوازەکاندا گشتیگیرکردەوە، ئەو کات ئیدی شتێک بەنێو ئەوە پرسی ژنانە و ئەوە پرسی پیاوانە بوونی نابێت و هەموو پرسێکی ژێردەستان، پرسێکی کۆمەڵایەتیی دەبێت و بەشێک دەبێت لە خەباتی ڕۆژانە. بەڵام ئەگەر ژنان بەپێجەوانەوە، نادەربەستانە ببنە پاشکۆی پارتەکان و پەرەپێدەری پاگەندەی ڕامیاران و خۆشباوەڕیی بە دەسەڵات و تیندەری دەمارگیریی ڕەگەزیی و ناسیونالیستی و ئایینی و نیشتمانی، ئەوا نەک هەر پرسی هەڵاواردن چارەسەرنابێت، بەڵکو هێندەی دیکە قوڵتردەبێتەوە و زیاتر تەشەنەدەکات و ڕیزەکانی چەوساوان بەسەر ڕەگەز و ئاراستەی ڕامیاییدا دابەشدەکات. چونکە هەر تاک و ڕەگەزێک لە کۆمەڵگە و پرسە کۆمەڵایەتییەکاندا دەتوانێت ڕایەڵەی پێکەوەبەستنەوەی هێزە کۆمەڵایەتییەکان بێت. بۆ نمنوونە ژن وەک دایک لە خەباتدا بۆ پاراستنی منداڵان لە توندوتیژی و دابینکردنی مافەکانیان، دەتوانێت بە بەشداری چالاکانە لە بزووتنەوە و ڕێکخراوە سەربەخۆکاندا، پرسی وەلانان و نەهێشتنی هەڵاواردنی منداڵان لەسەر بنەمای ڕەگەزی لە پەروەردە و خوێندندا پێشنیار و جێگیربکات و بکاتە چەقی تێکۆشانە جەماوەرییەکە، هەروا ژن وەک کرێکار، وەک بێکار، وەک جوتیار، وەک خوێندکار، وەک فەرمانبەر، وەک مامۆستا، وەک خانەنشین و ...تد بە بەشداری چالاکانە لە بزاڤی جەماوەریی و خەباتی سەربەخۆی کۆمەڵایەتیی ئەو چین و توێژانەدا پرسی هەڵوەشاندنەوەی هەڵاواردنی ڕەگەزیی بکاتە چەق و تان و پۆی کۆی خەباتە جەماوەرییەکە و بیکاتە بنەمایەکی جێگیری خۆڕزگاریی بزووتنەوەکە.

بە بۆچوونی من، بەو پێیەی هەموو ستەمێکی چینایەتی و ڕەگەزیی و کولتووری، سەرەتا دەستپێکێکی ڕامیاریی و سەرووکۆمەڵگەیی هەیە و بەپێی جێکەوتن و کۆمەڵایەتییکرنەوەی ئەو ستەمە، دەتوانێت گشتگیرببێت و تاکە ژێردەستەکان هەم وەک ستەملێکراو و هەم وەک ستەمکەری نائاگا و نادەربەست ڕابگرێت. لەبەرئەوە تەنیا کاتێک دەتوانین لە لەنێوبردن و هەڵوەشاندنەوەی ستەم و هەڵاواردنێک بدوێین، کە زەمینە کۆمەڵایەتییەکانی ئەو ستەمە، ئەو هەڵاواردنەمان لەنێوبردبن. بەواتایەکی دیکە واتە کاتێک کە لە هەموو بوارە کۆمەڵایەتییەکاندا هەڵوەشاندنەوەی ئەو هەڵاواردنەمان کردبێتە دروشمی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییە دژە سەروەرییەکان، ئیدی ئەو کات هەر ستەم و هەڵاواردنێک تەنیا بواری یاسایی و ڕامیاریی و ئابووریی سیستەمی سەروەرییدا دەمێنێتەوە و وەک بنەمایەک بۆ پاراستن و هێشتنەوەی سەروەریی چینایەتی هەوڵی مانەوە و درێژەبەخۆدان دەدات. لەو بارەشدا وەک ئەزموونە مێژووییەکانی خەبات و تێکۆشانی چەوساوان نیشانداوە، وەلانان و سڕینەوەی بە کۆی خەباتی جەماوەریی و هاوسەنگی نێوان هێزی شۆڕش و دژەشۆڕش پەیوەستە. ئەگەر نا هەر دابڕاندندنێک لەسەر بنەمای ڕەگەزیی و ناسیونالیستی و ئایینی و ..تد لە خەباتی کۆمەڵایەتییدا، تەنیا لە خزمەت بە سەروەرمانەوەی سیستەمی چینایەتی تەواودەبێت و تاقانە پەڕجووی مانەوە و درێژەکێشانی سەروەریی چینایەتیی کەمینەیە بەسەر زۆرینەدا، ھەر ئەو دابڕان و ناتەباییە کۆەڵایەتییەیە!

لە نووسینەکانتدا کەمتر قسە لە چینی کرێکار دەکەیت، بۆچی؟

بەڵێ، ئاوایە، ئەمەش لەبەر چەند ھۆیەک، یەکەم تەنیا چینی کرێکار لە کۆمەڵگەی سەرمایەداریدا ناچەوسێتەوە، بەڵکو ھەموو کرێگرتەیەکەیەک، ھەموو نەدارێک و ھەموو ژێردەستێک [بێدەسەڵاتێک، فەرماندارییکراوێک] دەچەوسێتەوە، بێجگە لەمەش بە پێچەوانەی سروتە ئایینییەکانی چەپ لەمەڕ کرێکاران، کرێکاران ھەمووان شۆڕشگێڕنین چ وەک تاک و چ وەک چین، تەنیا کرێکارانی ھوشیار و سۆشیالیست، کرێکارانی خەباتکار بۆ کۆمەڵگە ناچینایەتی شۆڕشگێڕن. چونکە زۆرینەی کرێکاران وەک ھەر کۆیلەیەکی دیکەی خۆشباوەڕ و سۆپاسگوزار لە شوێنی ژیانەوە تا کارخانە، لە کولتوورەوە تا دەنگدان بە کاندیدانی پارلەمان، لە بەکاربەریی نادەربەستەوە تا پێداگریی لەسەر دەسەڵاتی کەنیسە و مزگەوت، لە ھەڵاواردنی ڕەگەزییەوە تا شانازیی ناسیونالیستانە و نەژادپەرستی و دژایەتی کرێکارانی کۆچەر، بە ژیان و بیرکردنەوە و ئامادەییانەوە، چ ڕاستەوخۆ و چ ناڕاستەوخۆ سیستەمی چینایەتی دەپارێزن. ھەروەھا بێجگە لەمەش داواکردنی زیادکردنی کرێ و ھەندێک داخوازیی دیکە بەپێی ھەڵاوسانی دراوی و بەرزبوونەوەی نرخ، ناکاتە شۆڕشگێریی کرێکاران، ئەگەر ئەوە بۆ شۆڕشگێڕبوون بەسبێت، ئەوا پۆلیس و هێزە سەرکوتگەرەکانی دیکەش وەک توێژێکی کۆمەڵگەی چینایەتی، زۆر جار خۆنیشاندان و ناڕەزایەتی و داوای زیادکردنی مووچەکانیان دەکەن. هەڵبەتە مەبەستم ئەوە نییە، کە خەباتی ڕۆژانە بۆ باشترکردنی گوزەران ڕەتبکەمەوە، نەخێر دەمەوێت بڵێم، بەبێ ھەببوونی تێڕانین و جیهانبینییەکی شۆڕشگێرانە لەو خەباتەدا [ڕەتکردنەوەی سیستەم و سەروەریی چینایەتی وەک هۆکاری نایەکسانیی]، سەرەنجام ھەموو ھەوڵ و خەباتێکی چەوساوان بە سووڕانەوە لە بازنەی خۆشباوەڕیی ڕیفۆرمیستانەدا کۆتاییدێت.

بێجگە لەوەش، من واژەی پرۆلیتاریا [کرێگرتان/ بێدەسەڵاتان] لە جیاتی واژەی پیرۆزکراوی "کرێکاران" بە دروستتر دەزانم و ئەوەش بەکاردەبەم، چونکە ھەموو چین و توێژە بندەست و چەوساوە و بێدەسەڵاتەکانی کۆمەڵگە دەگرێتەوە و ئەگەر قسە لە چەوساوەیی بێت، ئەوا هەموو تاکێکی نادارا و بێدەسەڵات لە سایەی سیستەم و پێکهاتەی چینایەتییدا بە ڕێژەیەک دەچەوسێتەوە، بەڵام چەوساوەبوون ناتوانێت شوناسی شۆڕشگێڕبوونی بێت و کرێکاربوون خۆبەخۆ تاکە پێکهێنەرەکانی چینی کرێکار ناخاتە بەرەی شۆڕش و دژایەتی سەروەریی چینایەتی، بەپێچەوانەوە ئەگەر خۆشباوەڕیی و ئامادەیی چەوساوان بۆ پاراستنی سیستەمی چینایەتی نەبێت، هەرگیز کەمینەیەکی سەرمایەدار و سەروەری سیستەمەکە، ناتوانێت کۆمەڵگەیەکی شەش ملیارد مرۆیی لەم بارەدا ڕابگرێت.

هەروەها نەوتراو نەمێنێتەوە، ئەو ھەموو پیرۆزکردنەی کە پارتە چەپەکان بۆ کرێکارانی دەکەن، ھۆکارەکەی بۆ لایەنگریی ئەوان بۆ ڕزگاری کرێکاران ناگەڕێتەوە، بەڵکو بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، کە ئەم چینە بەدبەخترین و ناھوشیارترین چینە و بە ئاسانی دەتوانن ئەندامەکانی بکەنە پاشڕەوی خۆیان و دەنگەکانیان بەدەستبھێنن، ھەر لەبەرئەوەشە کە باوەڕیان بە خۆڕزگاریی کرێکاران نییە و بە دەبەنگ و بێتوانایان دادەنێن و بۆ ئەو مەبەستەش خۆیان وەک ڕزگارکەر و فریادڕەسی کرێکاران کاندیددەکەن.

ئەگەر بە پاگەندە و لاواندنەوەی چەپەکان بێت، ئەوا بەپێی تێزەکانی ئەوان دەبوو سەروەریی چینایەتی یەک چرکە توانای خۆراگرتنی نەبووایە، چونکە لە لاواندنەوەی هەڵخەڵەتێنەرانەی ئەواندا زۆرینەی کۆمەڵگە کرێکارانن و کرێکاران چ وەک چین و چ وەک تاک بەسروشت شۆڕسگێڕن و دژی سیستەمی سەرمایەداری و خوازیاری کۆمەڵگەی کۆمونسیتین. باشە، کاتێک کە سەروەران لە سەدا یەک و کرێکاران لە سەدا نەوەد و نۆ بن و لە سەدا (نەوەد و نۆ)کە هەموو شۆڕشگێڕ و دژەسەرمایەداری بن، ئەدی لە سەدا یەک چۆن بە درێژایی سەدان ساڵ توانای کۆیلەڕاگرتنی لە سەدا (نەوەد و نۆ)کەی هەبووە و هەیە؟ ئایا ئەمە خۆخەڵەتاندنێکی ئایدیۆلۆجی نییە؟ ئایا ئەمە چەشتەکردنی چەوساوان بە دیاریکراوی کرێکاران نییە بۆ ئامانجە دەسەڵاتخوازییەکانی پارت و پاشڕەوڕاگرتنیان؟ ئایا ئەمە پارادۆکسی ڕامیاریی نییە ؟

لەبەرئەوە بە بۆچوونی من، وەها تێڕوانینێک بەدرێژایی سەدەکانی ڕابوردوو تەنیا خزمەتی بە خۆشباوەڕمانەوە و شانازیکردن بە کۆیلەتی کردووە، کە ئایینەکان و فاشیستەکان و چەپەکان بە کارکردنیان لەسەر جێخستنی تێڕوانینی پیرۆزیی و شازنازیی کار لە سایەی سیستەمی چینایەتیدا تا ڕادەی شانازییکردن بە کرێکاربوونەوە، کرێکارانیان گەوجاندووە، وەک گوتم ئەو هەمووە تیۆریزەکردنەی شانازیداریی کاری چینایەتی و بەرزراگرتنی شوناسی چینایەتی، تەنیا لەپێناو یەک ئامانجدا بووە، ئەویش خۆشباوەڕکردنی لەشکری کۆیلانە بە بەختەوەربوونیان لە سایەی بەدەسەڵاتگەییشتنی "پارتی پێشڕەو" و بەخشینەوەی بەڵێنی سەرخەرمانە بەسەریاندا، هەڵبەتە ئەمە کار و پیشەی هەموو ڕامیارێکە لە چەپەوە بۆ ڕاست!

ئێوە باوەڕتان بە کۆبوونەوەی گشتی هەیە؟


بەڵێ، بەڵام هەڵبەتە تێڕوانین و بڕوابوون و گرنگی کۆبوونەوەی گشتی بۆ ئەنارکییەکان لە وەها وەڵامێکی کورتدا تەواونابێت، چونکە کۆبوونەوەی گشتی لە تێڕوانین و ئەزموونگەریی ئەنارکییەکاندا، ئامراز و میکانیزمێکە بۆ بەرگرتن بە تاکڕەویی و دەسەڵاتخوازیی دەستەبژێرە ئابووریی و ڕامیارییەکان لە ئەنجومەنەکان و سۆڤیەتەکان و ھەرەوەزییە کرێکاریی و گەلییەکاندا. ئەمە بێجگە لەوەی کە وەک شێواز و میکانیزمێکی سروشتی خەباتی ژێردەستان لە کۆڕە کرێکارییەکانی سەدەی نۆزدەھەمدا گرنگیی مێژوویی سەلمێنراوەتەوە و لە تێروانینی ئەنارکییەکاندا بووەتە سروشبەخش و ئافەرێنەری سەنتێزەکان، هەر خوێنەرێک لە دەرەوەی پێشداوەریی ئایدۆلۆجییدا دەتوانێک لە هەموو سەردەمەکاندا لە سەراپای ئەدەبیاتی ئەنارکیی [سۆشیالیزمی ئازادیخواز]دا پێداگریی بەردەوام لەسەر ئەو میکانیزمە سروشتییەی خەباتی کرێکاران و خەباتی جەماوەریی بەدیبکات، لەو بارەوە دەتوانین بگەڕێنەوە سەر مشتومڕەکانی نێوان باڵی دەسەڵاتخواز و باڵی دژەسەروەری نێو نێونەتەوەیی یەکەم، کە تیایاندا ئەنارکییەکان لە نێو کۆبوونەوەکانی نێونەتەوەیی یەکەم و لە دەرەوەیدا پێداگرییان لەسەر بنەمابوونی کۆبوونەوە گشتییەکان و کۆڕ و کۆمەڵە کرێکارییەکان دەکرد، هەروەک چۆن ئەنارکییەکان لە سۆڤییەتەکانی ڕوسیادا وەک جوتیاران و کرێکاران و سەربازانی هوشیار یەکەمین دەستپێشخەرانی پێکھێنانی سۆڤییەتەکان بوون و دواتر بە هۆی زاڵبوونی دەسەڵاتخوازیی بۆلشەڤیکەکان، لە مێژووی شێوێندراوی ئەو ساڵانەدا، سۆڤییەتەکان کرانە دەستکردی کادرە ڕامیارپیشەکانی بۆلشەڤیک، ھەر ئاواش کۆبوونەوەی گشتی وەک میکانیزمی ڕێکخراوبوون و بڕیاردانی نێو کۆڕە خەباتکارییەکانی جوتیاران و کرێکاران و سوونەتی کاری ئەنارکیستەکان، شێوێنراوە و دەشێوڼرێت و ل کڕۆکە ئازادیخوازانەکەی کەوڵدەکرێت.

بەپێچەوانەی تیڕوانین و بەکاربردنی مارکسیستەکانەوە، کۆبوونەوەی گشتی تەنیا ئامرازی ھەڵبژرادنی ئازاد نییە، بەڵکو ئامرازی بڕیاردان و دابەشکردنی کار و بەرێوەبردنیشە، بەواتایەکی دیکە، لە کۆبوونەوە گشتییەکاندا ھەم پرسەکانی کۆمەڵگە و پرسی گروپ و ڕێکخراوە خۆجییەکان دەخرێنە بەر لێدوان و ھەم بڕیاریان لەسەر دەدرێت و هەم کەسانی ئامادە و خۆبەخش بۆ جێبەجێکردن و درێژەپێدانیان دیاردەکرێن و ھەم ئۆرگانەکانی کار و چالاکی ھەڵدەبژێردرێنەوە، ئەمە جیاوازی سوشیالیستە ئازادیخوازەکان و دەسەڵاتخوازە بەناو سۆشیالیستەکان دیاریدەکات.

وەک گوتم، کۆبوونەوەی گشتی یا کۆبوونەوەی جەماوەریی چین و توێژە ژێردەستەکان لە ڕەوت و کۆڕی خەباتی ڕۆژانەدا، داهێنراوی کەس نییە، ڕێسا و شێوازێکی خۆبەخۆی خەباتی چینایەتییە و لە هەموو سەردەمە مێژووییەکاندا بوونی هەیە، تەنیا جیاکەرەوە و تایبەتمەندییەکی سەردەمیی کە هەیبێت، بۆ سەرەبەخۆیی و ناسەربەخۆیی ڕێکخراوەکانی خەباتکاران دەگەڕێتەوە، واتە کاتێک کە ڕێکخراوە جەماوەرییەکان پاشکۆی پارتێک یا هەر دەستەبژێرێکی ڕامیاریی بن، ئەوا خۆبەخۆ کۆبوونەوە گشتییەکان لە کڕۆکە خەباتکارانە و شێوازە ئازادیخوازانەکەیان کەوڵدەکرێن و ئەوی دەمێنێتەوە، تەنیا ناوێکە و وەک دێوجامە بە باڵای شێواز و میکانیزمێکی دیکەدا دەبڕدرێت. بۆ نموونە لە پاش ڕاپەڕینی ئازاری ١٩٩١وە هەم لە شوراکاندا و هەم لە ڕێکخراوە جەماوەرییەکانی دواتردا، پێش دەستپێکردنی کۆبوونەوەکان لەلایەن ڕێکخراوە ڕامیارییەکانەوە کەسەکان دیاردەکران و ئەندامان بۆ دەنگدان بەوان و هەڵبژرادن و پەسەندکردنی بۆچوون و بڕیارەکانیان ئاگاداردەکرانەوە. هەڵبەتە ئەم کارکردە هەم لە کۆبوونەوەی گشتی گەڕەک و ئوردووگەکاندا دەگیردرایەبەر و هەم لە کۆبوونەوەی گشتری ئەندامان و لێژنەکانی ڕێکخراوەکاندا دەگیردرایەبەر؛ لەو شوێنانەدا کە بەشداریی هەمووان هەبوو وەک ئوردووگەکان، کۆبوونەوە گشتییەکان تەنیا شوێێک بوون بۆ ساخکردنەوەی ڕامیاریی گروپی زاڵی نێو ڕێکخراوە جەماوەرییەکە و بەشداربووان هیچ ئاشنایەکییان بە شێوازی کارکردن و گرنگیی لایەنەکانی نەبوو و تەنیا دەنگدانێکی ناڕاستەوخۆ بوو، واتە کەسانێک هەڵدەبژێردران و ئیدی هەر کەس بۆ ماڵی خۆی و چاوەڕوانمانەوەی ڕابەرانی ئاسمانی. بەڵام لە کۆبوونەوەکانی ڕێکخراوەکاندا پرسەکە لە میکانیزمی گشتی دەنگدانیشدا نەدەمایەوە و تا ڕادەی دەستەگەریی و پێشتر دیاریکردنی دەنگدانەکان و فەرمییدان بە ڕابەران بەرتەسکدەبووەوە و هەر گروپێک ئەندامانی گۆێڕایەڵی خۆی بۆ دەنگدان بە ڕامیارپیشە بە ڕابەراوەکانی بەڕێدەکرد و کۆبوونەوە بەناو گشتییەکان دەبوونە شوێنی یەکلاییکردنەوەی شەڕەدەندووکی گروپەکان و ئەندامە دەسەڵاتخوازەکانیان [ئۆتوریتەخوازەکانیان].

ئەمە ئەزموونی منە لە بارەی تێگەییشتنی چەپ لە کۆبوونەوەی گشتی و چۆنیەتی بەکاربردنی بۆ شاردنەوەی ئامانجە ڕامیارییەکان و خواستی دەسەڵاتخوازیی و سروشتە خۆسەپێنەرانەکەی خۆی [چەپ] و هەروەها تێگەییشتنی مێژوویی ئازادیخوازانە بۆ کۆبوونەوەی گشتی و گرنگی وەک میکانیزمێک بۆ بەرگرتن لە پاوانگەریی و خۆسەپێنی گروپە ڕامیارییەکان و پاشەروانیان لە خەباتی جەماوەرییدا.

بە بۆچوونی تۆ فاشیزم چیە کە ھەمیشە هەموو دەوڵەتێک بە فاشیست ناو دەبەیت؟


فاشیزم دیاردەیەکی کۆنی کۆمەڵگەی مرۆیی نییە، بەڵکو ھاوەڵدووانەی دەوڵەتی نەتەوەییە و ڕێکخستنی ڕامیاریی مامان و دایانییەتی. پێش هەموو شتێک بیرۆکەیەکی ڕامیارییە و لە پرۆسێسی خۆڕێکخستنی هەڵگرانی بیرۆکەکە لە ڕێکخستنێکی قووچکەییەدا، وەک ئایدیۆلۆجیای پارتایەتی دەردەکەوێت دەبێتە دەمارگیریی و دژایەتی هەموو جیاوازییەک و هەموو هەوڵ و بوونێکی دەرەوەی گروپە ڕامیارییەکە دەکات و دواجار دەبێتە کولتووری ئەندامان و لایەنگرانی گروپە ڕامیارییەکان و تێڕوانین و جیهانبینی و گوفتار و ڕەفتاریان پێکدەهێنێت. کاتێک کە بوو بە کولتووری تاک، ئیدی ھەموو سنوورەکانی بڕیوون و ھەموو پەیوەندییە مرۆیی و کۆمەڵایەتییەکانی تێکداون و لەنێویبردووون و تاکی ھەڵگر سەربەخۆیی بیرکردنەوەی لەدەستداوە و ئیدئۆلۆگەکانی بزووتنەوە فاشیستییەکە گوفتار و ڕەفتاری دیاردەکەن و ئاراستەیدەکەن، بە واتایەکی دیکە هەموو ڕەخنەیەک لە گروپەکەی بە مەترسی لەنێوچوونی و دژایەتی خۆی دەزانێت و هەموو ناپارتییەک و ناخۆدییەک بە دوژمن دەبینێت. لەو بارەوە ئەگەر سەرنجبدەین، هەموو گروپێکی ڕامیاریی، هەموو پێکهاتەیەکی قووچکەیی، هەموو دەوڵەتێک لە سروشتی بوونی خۆیدا، هەڵگری گەرای فاشیزمە و لەتەک گەورەبوون و پیربوونی، فاشیزم بە لوتکەدەگات. هەروەها زۆر جار فاشیزم لە کاردانەوەدا هەستیپێدەکرێت و تا کاتێک کە ئەندام یا گروپەکە هەست بە مەترسی نەکات، دیوە ڕاستەقینە [فاشیستییەکەی] خۆی نیشاننادات، ئەمە لە بارەی دەوڵەتانیشەوە هەر ئاوایە، دەوڵەت تەنیا لە کاتی تەنگەتاویدا دیوە فاشیستییەکەی دەردەخات !

فاشیزم زادەی سەروەرییە و پێداویستی یا میکانیزمی پاراستنی سەروەرییە لە کاتی خواستراودا. لەبەرئەوە ھەم دەتوانێت لە بیرۆکەی ئایینی و ناسیونالیستیەوە سەردەربھێنێت، ھەم ئەگەری سەرھەڵدانی لە بیرۆکەی سۆشیالیزمی دەسەڵاتگەرایانەدا ھەیە، ھەم زادەی دەسەڵاتی کولتوورە و ھەم زادەی دەسەڵاتی ڕامیاریی. ھەر کات ھەر کەس و ھەر گروپێک چ ئابووریی و ڕامیاریی و چ کولتووری، پێیوابوو کە ڕاستی ڕەھا لای ئەوە، ئەوانی دیکە ھەموو نەزانن و پێویستیان بە دەستەبژێریی و ڕابەریی و سەروەریی ئەو ھەیە، ئەوا بانگی فاشیزمی خۆی ڕاگەیاندووە. لە سەرووی ھەموو ئەمانەوە گەرای فاشیزم لە سیستەمی سەروەرییدایە، واتە دەوڵەت بە ھەموو شێوەکانییەوە، بێشکە و لانکی جۆرێک لە فاشیزمە و ھەر کات سەروەریی خۆی کەوتە مەترسییەوە، ئەوا بێپەردە دەینێرێتە سەر شەقامەکان تاوەکو خرۆشان و ڕاپەڕینی چەوساوان لەبەردەم خۆیدا ڕابمالێت، یا بەواتایەکی دیکە، ئاوەڵدووانەی دەسەڵاتی سەرووخەڵکی [قوچکەیی]یە، ئیدی ئەو دەسەڵاتە سەرووخەڵکییە دەوڵەتێکی پاشایی بێت یا دەوڵەتێکی کۆماریی تاکپارتتی و سەربازیی و پارلەمانیی بێت.

بۆ کەسانی وریا و ھەستەوەر، ئەمڕۆ فاشیزم وەک گوتار و وەک ڕەفتار لە ڕاگەیاندنی گشت دەستەبژێر و پارت و ئاراستە ڕامیارییەکان و لیست و باڵەکانی دەسەڵات و لە میدیای زاڵدا، لە ھەموو جێیەک و لە ھەموو ساتێکدا سەرەتاتکێدەکات، بەڵام ھێشتا بەو ڕادە تەنگەتاو نەبووە، کە تانک و دەستە "سەد ڕەشەکان*"ی یا لایەنگرە** "کراسڕەشەکان"ی بڕژێنێتەوە سەر شەقامەکان . وەک ئەزموونی مێژوویی هەردەم بزووتنەوە و دەسەڵاتە فاشیستەکان لە بەرانبەر پەرەسەندنی خەبات و بزووتنەوە ئازادیخوازەکاندا وەک وەڵامدانەوە بە پێداویستی پاراستنی سەروەریی چینایەتی [دەوڵەت] لە هەڵچووندا بووە، لە وڵاتی ئیتالیا کۆمیتەی کارخانەکان و بزووتنەوەی سۆشیالیستی بەڕادەیەک مەترسییان لەسەر دەوڵەت دروستکردبوو، کە پۆلیس و دەزگە سیخورییەکان ناتوانا دۆشدامابوون و شکستی کۆمەڵایەتیی ڕۆژ بە ڕۆژی خۆیان دەدیت، لەبەرئەوە تەنیا بزووتنەوەی فاشیستی "کراسڕەشەکان" دەیتوانی لە جەنگێکی کۆمەڵایەتیی فرە ڕەهەنددا، کۆبوونەوە کرێکارییەکان کوتەککاری بکات و ئەرکە سەرەکییەکەی دەوڵەت لە ئەستۆبگرێت. هەروەها لە ئاڵمانیا و لە وڵاتی ئیسپانیا'ش لە بەرانبەر بزووتنەوەی سۆشیالیستی و سەرهەڵدانی خۆبەڕێوەبەرایەتی هەرەوەزییە کشتکاریی و پیشەسازییەکاندا، تەنیا هێزە فاشیستەکەی جەنەڕاڵ فرانکۆ بە کۆمەکی فرۆکە جەنگییەکانی هیتلەر و چەکدارە بەکرێگیراوەکانی، توانی بە زرێپۆش و تیمەکانی گوللەبارانکردن دوا سەنگەر و ماڵ و دوا جەنگاوەر و دوا کێڵگە و دوا کارگە، لەنێوبەرن!

بەکورتی فاشیزم، ڕەنگدانەوە و کردەییکردنەوەی کینەدۆزیی ناسیونالیزم و شۆڤێنیزمە لە دەسەڵاتدا، واتە بە لوتکەگەییشتنی نیشتمانپەروەریی و و نەتەوەپەرستی [لێرەدا مەبەست لە نیشتمانپەروەریی، خواستی ژێردەستان نییە بۆ ڕزگاربوون لە داگیرکەر، ھەروەھا مەبەست نەتەوەپەرستی، ھەستی ھاوزمانی و ئارەزووی ئازادیی کولتووریی نییە، بەڵکو مەبەست لە ئایدۆلۆجیاکانی دەسەڵاتداریی بۆرجوازییە بەناوی نەتەوە و نیشتمانەوە]، لە مێژووی نیشتمانپەروەریی و نەتەوەپەرستییدا موسۆلینی و پارتەکەی، ھیتلەر و پارتەکەی و سەدام و پارتەکەی نموونە زیندووەکانی سەردەمی ئێمە و پێش ئێمەن. هەموو بزووتنەوەیەکی ڕامیاریی و هەموو گروپێکی ڕامیاریی و هەموو پێکهاتەیەکی قووچکەیی و ڕامیاریی، هەڵگری گەرای فاشیزمە و هەر کەس بە ئاوڕدانەوەیەک لە ڕابوردووی ڕامیاریی خۆی، لە گروپ و بزووتنەوە ڕامیارییەکاندا نائاگایانە هەڵوێست و تێڕوانین و گوتار و کرداری فاشیستیی پەیڕەوکردووە، هەرچەندە هیچ کات ئامانجیشی ئەوە نەبووبێت یا لە خەیاڵی خۆیدا دژی ڕژێمێکی فاشیستی وەک بەعس'یش جەنگابێت، بەڵام لە کاردانەوەیەکی فاشیستیدا خەریکی پەیڕەوکردنی فاشیسم بووە. لێرەدا دەتوانم نموونەیەک بهێنمەوە، کە هەر ئێستا لە ڕووداندایە و ئەگەر بەرەنگاریی بەرانبەر بتوانێت ببێتە مەترسی، ئەوا بەداخێکی گرانەوە دەبینە بینەری فاشیزمی ناسیونالیزمی کورد لەم هەرێمەدا؛ لە ئێستادا بە پاڵپشتی دەسەڵاتی ڕامیاریی، شۆڤێنیزمی زمانی لە کاردانەوەدایە بەرانبەر داخوازیی ڕەوای ئاخێوەرانی زمانە کوردییەکانی دیکە [کەلهوڕی و هۆرامی و زازاکی و کرمانجی]، هەر کات بەرەنگاریی و پێداگریی ئاخێوەرانی ئەو زمانانە گەیشتە یاخیبوون و مەترسی بۆ سەر خەونە شۆڤیستییەکەی ڕۆشنبیرانی دەسەڵات، ئەوا فاشیزم وەک مشتی پۆلایینی دەسەڵات، ناچاردەبێت خۆی لە پشت دێوجامە دێمۆکراسیەکەی دەربخات و خوێن و خاک و باروت تێکەڵبکات. ئەمە خەیاڵ یا ترسی هەڕەمەکی نییە، ئەمە ڕاستییەکە و لە ساڵانی ڕابوردوودا نووسەران و ڕۆشنبیرانی دەسەڵات چەندین جار گڵۆپی سەوزیان بۆ خستنەگەڕی ماشێنەکەی بە فەرمانی "سەرۆک" هەڵکردووە، کە بۆ بەرگرتن بە ئازادی و بەکاربردنی مافی ڕەوایی دیگەران، دیوە فاشیستییەکە دەربخات. هەروەها جەنگی نێوخۆیی ١٩٦١-١٩٩٨ و دواتری نێوان پارتەکان و میلیشیاکان و دەسەڵاتدارانی بۆجوازی کورد تژیەتی لە دیمەنی دەرکەوتنی دیوە فاشیستییەکەی دەسەڵاتخوازان و هەردەم جەنگی سڕینەوەی یەکدییان کردووە !

__________________________________
* سەد ڕەشەکان، ھێزی تایبەتی ئیمپراتۆری تزاریی ڕوسیە بوون، کە لە بەرانبەر ڕاپەڕینی ساڵی ١٩٠٥ و ڕاپەڕینی فێبریوەری و ئۆکتۆبەری ١٩١٧دا بەکاریھێنان.
** کراسڕەشەکان، لایەنگرانی موسۆلینی بوون، کە کار و چالاکییان ھێڕشکردنەسەر مانگرتنی کرێکاران و چالاکی یەکێتی و سەندیکان و کۆڕ و کۆمەڵە سۆشیالیستەکان [کۆمونیستەکان و ئەنارکیستەکان] بوو.

__________________________________

بەشی یازدەیەم: www.emrro.com/nojenkirdinewey11.htm 

بەشی دەیەم: www.emrro.com/nojenkirdinewey10.htm

بەشی نۆیەم: www.emrro.com/nojenkirdinewey9.htm

بەشی هەشتەم: www.emrro.com/nojenkirdinewey8.htm

بەشی هەفتەم: www.emrro.com/nojenkirdinewey7.htm

بەشی شەشەم: www.emrro.com/nojenkirdinewey6.htm

بەشی پێنجەم: www.emrro.com/nojenkirdinewey5.htm

بەشی چوارەم: www.emrro.com/nojenkirdinewey4.htm

بەشی سێیەم: www.emrro.com/nojenkirdinewey3.htm

بەشی دووەم: www.emrro.com/nojenkirdinewey2.htm

بەشی یەکەم: www.emrro.com/nojenkirdinewey1.htm

 

ماڵپه‌ڕی هه‌ژێن

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک