په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٦\٥\٢٠١٤

نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی وەڵامه‌كان.


هەژێن

- بەشی شازدەیەم (کۆتایی زنجیرەی یەکەم) -


ئەگەر پێمانوابێت، وەڵامەكانی ئێمە تەواو و دوا دەركی مرۆڤایەتین، ئەوا خەریكین لە خۆمان بتێك سازدەكەین. ھەروەھا ئەگەر پێمانوابێت، ئەو سیستەمی ڕێكخستنەی كۆمەڵگە، كە ئێمە خەباتی بۆ دەكەین، دوایین چاوەڕوانی و گەشەیەكە، كە مرۆڤایەتی پێیدەگات، ئەوا دیسانەوە خەریكین پووچگەراییەكی دی لە تەپوتۆزی پۆوچگەراییەكانی دیكە، چێدەكەینەوە. سۆشیالیزم بەھەشتێك نییە لە ئاسمانەكانەوە دایگرین و لە پەڕاوی ئەفسانەكاندا بیدۆزینەوە و مۆدێرنیزەی بكەین، سۆشیالیزم خەونی مرۆڤی زیندووە و بە پراكتیكی شۆڕشگێڕانە كەتواریی دەبێتەوە و سەركەوتنیشی لە كولتووربوویندا دەبێت، بەبێ ئەوە، لە خەیاڵی گۆشەگیرانە و فەنتازی ئایدیالیستانە بەولاوەتر نابێت. هەژێن

تۆ دژی راپەڕینی خەڵکی ئازادی خوازی میسر و بڕیاری شۆڕشگێرانەی سوپای ئەو وڵاتەیت ئایا ئەمە لایەنگیری لە مانەوەی ئیخوانەکان نییە؟

پێش ئەوە وەڵام بەو گومانە یا ئەو تۆمەتە بێبنەمایە یا حەزۆکە ڕامیارییەی تۆ بدەمەوە، بەپێویستی دەزانم کەمێك بگەڕێمەوە دواوە و سەراپای ڕاپەڕینەکان بخوێنمەوە. بەگوێرەی ئەوەی کە لە ساڵی ٢٠٠٧ بەدواوە یەکێك بووم لە سەرنجدەران و چاودێرانی خەباتی کرێکاریی و ناڕەزایەتییەکانی وڵاتانی مەغریب، جەزائیر، تونس و میسر و جار جاريش پەیوەندیم لەتەك چالاکانی ئەو وڵاتانەدا هەبووە، بەر لەوەی کە ڕووداوی خۆسووتاندنی بێکار یا شمەکفرۆشێکی کەنار جادە ببێتە خاڵی تەقینەوەی جەماوەریی لە تونس و ببێتە هۆی ڕوخانی فەرمانداریی دیکتاتۆرییانەی چەند دەهەی ئەو وڵاتە، ڕۆژانە لەو وڵاتانەدا خۆپیشاندانی بێکاران بۆ دابیکردنی کار، خۆپیشاندان دژی ملهوڕیی ڕامیاران لە ناوچە و گەڕەکە هەژارنشینەکانی ئەو وڵاتانەدا ڕوویدەدا و لە پەرسەندندا بوو، هەروەها لە تونس یەکێتی دەرچووانی بێکاری زانکۆکان چالاك بوو و چالاکییەکانی فشارییان بۆ سەر یەکێتی سەرتاسەریی فەرمی کرێکارانی ئەو وڵاتە، کە پاشکۆی دەسەڵات بوو، دروستکردبوو. ئۆپۆزسیۆنی ڕامیار لە ئەوروپا خەریکی وڕێنەکردن بوو، کۆمونیستەکان سفری پاش کۆما بوون. تەنیا جیاوازییەك کە لە وڵاتی میسر هەبوو، قەدەخەبوونی ئیخوانەکان و کارکردنی ناڕاستەوخۆیان بوو لە بواری خزمەتکاریی کۆمەڵایەتییدا لەوانە خەستەخانەکان، کە باشترین خەستەخانەکان لەژێرەوە هی ئەوان بوون، لە بەرانبەردا زۆربەی پڕۆژە و کارخانەکان هی سوپای میسر بوون و پارتی فەرماندار پشکی گەورەی هەبوو، هەروەها هەر دوو وڵاتی تونس و میسر لەلایەن دەوڵەتانی ئەوروپا و ئەمەریکاوە پشتیوانی لۆجیستیکی سەربازیی و دراوی و تەنانەت هاریکاریی سیخوڕییان دەکرا. تەنانەت دەوڵەتی لیبیا کە قەزافی و پارتەکەی فەرمانداری بوون، بەپێچەوانەوەی پاگەندەی میدیکانەوە، هاریکارێکی گەورەی دەوڵەتانی ئۆروپا و ڕۆڵی پۆلیستی ئەوروپای دەبینی و گەورەترین زیندانی بۆ کۆچەران و پەنابەرانی ئەفریکا لە بیابانی ئەو وڵاتەدا دروستکردبوو. دەوڵەتی سوریە و بنەماڵەی ئەسەد باشترین پاسەوانی سنووری ئیسرائیل بوون.

کاتێك کە جەماوەر سەربەخۆ لە دەرەوەی پلان و ویستی ڕامیاران ڕاپەڕی، دەوڵەتانی زلهێز و دەوڵەتانی ئەوروپا تووشی شۆك بوون و دەسبەجێ کاردانەوەیان بۆ نیشاننەدرا و نەیانتوانی پاسەوانانی بەرژەوەندییەکانیان لەو وڵاتانەدا بپارێزن یا لەنێو ئۆپۆزسیۆنی ڕامیارییدا ئەڵتەرناتیڤیان بۆ بدۆزێتەوە. لەبەرئەوە ناچار بە ملدان بە کەتواری ڕووداوەکان بوون. بەڵام ئەمە زۆری نەیاخاند و لە ڕاپەڕینی جەماوەر لە مەغریب و ئوردن و سعودیە و یەمەن و بەحرەین'دا فریای خۆیان کەوتن و توانیان بە هاریکاریی دەوڵەتانی ناوچەکە دژەپلان ئامادەبکەن، بۆ نموونە لە بەحرەین بە لەشکرکێشیی سعودیە، لە لیبیا بە چەکدارکردنی ڕاپەڕینەکە و لە سوریە بە هاریکاریی دەوڵەتی تورکیە و سعودیە توانیان چەندین میلیشیای چەکدار لە گروپە ناسیونالیست و مەزهەبییەکان دروستبکەن و ڕاپەڕینی ناچەکدارانەی سەربەخۆی جەماوەریی بەرەو جەنگی نێوخۆیی و کوشتارێكی چەند ساڵە بەرن.

کاتێك کە لە تونس و میسر فریای پیادەکردنی پلانی میلیشیایییکردنی ڕاپەڕینەکە نەکەوتن، ناچار پەنایان بردە بەر پشتیوانی هێزە ئیسلامییەکان و بەدەسەڵاتگەیاندنیان لە ڕێگەی پاگەندەی میدیاییەوە بۆ ئەوەی هەنگاوی یەکەم بە بەدەسەڵاتگەییشتنی ئەوان بەرەی جەماوەر تێکبشکێنێت و هەنگاوی دووەم، لە سەرهەڵدانەوەی ناڕەزایەتییەکاندا بە ئاسانی بتوانرێت لەژێر ناوی جۆراوجۆر و کودەتای سەربازییدا دەستوپەیوەندەکانی خۆیان بهێننەوە سەرکار و جەنگی خۆیان لەتەك ئیسلامییەکان لەسەر دەسەڵات، بگۆڕن بە جەنگی کۆمەڵایەتیی نەبڕاوە لەنێوان بەرەی جەماوەر و جەماوەری ئیسلامییەکاندا. ئەمە پشتپەردەی ئەو ڕووداوانە بوو، کە لە وڵاتی تونس و میسر ڕوویدا، ئەوەی کە چەپەکانی کوردستان بەوپەڕیی لایەنگریرییەوە نازناوی "شۆڕش"یان لە کودەتای سەربازیی نا !

بەبۆچوونی من، ئەوەی ڕاپەڕینەکان بۆ تێکشکان و چۆن ئیخوانەکان و نەهزە بە هەڵبژرادنی پارلەمانی بەدەسەڵات گەییشتن و چۆن ڕاپەڕینی جەماوەریی لیبیا و سوریە گۆڕدرا بە جەنگێکی میلیشییایی نەبڕاوە و فرەڕەهەند، هەمووی پەیوەندی بە ئاستی خودهوشیاریی جەماوەرەی ناڕازییەوە هەبوو و هەیە. کاتێك کە جەماوەر هێشتا لەو خۆشباوەڕییەدایە، کە بە لابردنی (بن عەلی) و (موبارەك) و دانانی کەسێکی دیکە، ئیدی دیکتاتۆریی نامێنێت یا بە هەڵبژادنی پارتێکی دیکە لە جێی پارتە فەرماندارەکانی سی ساڵی ڕابوردوو، ئیدی پرس و گرفتە ئابووریی و کۆمەڵایەتییاکانیان چارەسەردەبن یا ئەگەر دەستەبژێرکی تێکنۆکرات سەروەربن، ئیدی کۆتایی بە ژێردەستەیی ئەوان دێت، بەدڵنیاییەوە گاڵتەجاریی پارلەمانی و کودتای سەربازیی دەبنە دیمەنی کۆتایی ڕاپەڕینەکان و سەرەنجام زیندانەکان ئاوەدان دەبنەوە و کوشتنی خۆنیشاندەران و لەسێدارەدانی بەرهەڵستکاران دەبنەوە بە ڕووداوی ڕۆتینی کۆمەڵگە. هەڵبەتە هەر لە سەرەتاوە ناهوشیاریی و خۆشباوەڕیی بە دەوڵەت و پارلەمان و ڕامیاران دیاربوو و ڕۆژ بە ڕۆژ لە تەشەنەکردن و جێگیربوون و تەنانەت مۆدیڵبووندا بوو، لەوانە بەرزکردنەوەی ئاڵای نەتەوەیی و دەوڵەت، کە بە بۆچوونی من کۆنەپەرسترین دیاردەی ئەو ڕاپەڕینانەبوو و ئەوەندەی کە ئەو دیاردەیە توانی خزمەت بە ناسیونالیزم و دەوڵەت و سەرمایەداریی بکات، لە شکستی ڕاپەڕینی گەورەی فەرنسە و (کۆمونەی پاریس)ەوە تا هەڵای سەرکەوتنی یەکجارەکی بلۆکی ناتۆ و بازارئازاد، سەرمایەداریی جیهانی بە هەموو دەزگە و نێوندە سیخوڕییەکانییەوە بە هەموو تەرخانکردنێكی ئابووریی و کایە ڕامیارییەکانییەوە نەیتوانیبوو وەها هێزێکی دژەشۆڕش لە خودی ڕاپەڕیوان و ناڕازییان پێکبهێنێت. تاکی ناڕازی لەو ڕاپەڕینانەدا لە ئامادەنەبوونی خودهوشیاریی شۆڕشگێڕانەدا لە بەرانبەر هەژموونی پاگەندەی دەوڵەتە عەرەبییەکان و هێزە ناسیونالیست و ئیسلامییەکاندا خۆی بە ناچار دەبینێت، ئاڵایەك بەرزبکاتەوە، کە تا ئەو ساتەش هەر لە سایەیدا سەرکوتکراوە و زیندانیکراوە لە سێدارەدراوە ! ئایا سەراپای مێژوو، گاڵتەجارییەکی خەمناکتر لەمەی بەرهەمهێناوە و بەخۆیەوە دیوە؟

ئەمە کورتەی بۆچوونی منە لەمەڕ ئەو ڕاپەڕینانەی کە لە وڵاتانی عەرەبیدا ڕوویاندا و دیاردەی کۆنەپەرستانە و دژەشۆڕشانەی وەك بەرزکردنەوەی ئاڵای نەتەوەیی و دەوڵەت و گوتنەوەی "اللە اکبر"یان کردە مۆدێلی ڕاپەڕینە کۆپیکراوەکانی دیکە لە وڵاتانی دەوروبەر [هەروەك لە (سلێمانی)شدا (بەردەرکی سەرا) کرا بە مزگەوت] و ئەو مۆدێلە کۆنەپەرست و ناسیونالیستانەیە بە کۆمەکی میدیای دەوڵەتان جیهانگیرکرا و وەك دەبینین، لە وڵاتانی ئەوروپی و ئەمەریکای باکووریش وەها کۆنەپەرستییەك [بەرزکردنەوەی ئاڵای دەوڵەت-نەتەوە] کەوتە پەلوپۆهاویشتن. پێش ڕاپەڕینی وڵاتانی عەرەبی، لە ڕاپەڕینە جەماوەرییەکاندا ئاڵاکانی دەوڵەت دەسووتێندران، بەڵام لە کۆتایی ٢٠١٠ بەدواوە بەرزکردنەوەی ئاڵای سەرکوت و سەروەریی بۆرجوازیی ئەم پەیامەی بە گوێی بزووتنەوە کۆنەپەرست و زلهێزە جیهانخۆرەکاندا دەدا، کە ئامانجی زۆرینەی ڕاپەڕیوان لەنێوبردنی سەروەریی و هەڵوەشاندنەوەی سیستەمەکە نییە، بەڵکو گۆڕینی جەنەڕاڵێك بە تەکنۆکراتێك و گۆڕینی (حوسنی) بە (مورسی) و گۆڕینەوەی (مورسی) بە (حوسنی)یە بە کودەتا ! ئەمە بەرەنجامی خۆشباوەڕیی جەماوەری ناڕازی و ڕاپەڕیو و نەبوونی خودهوشیاریی شۆڕشگێڕانەیە، لەم بارەوە دەتوانین ئەو خۆشباوەڕیی و ڕەدووکەوتنی ڕامیاریی لە خۆپیشاندانەکانی پاش ١٧ی شوباتی هەرێمی کوردستان)یشدا بە ڕۆشنی ببینین!

بەبۆچوونی من، تاکو تاکی ژێردەست و ستەملێکراو، بە دەوڵەت و فەرمانداریی باش، بە پارتیی باش و سەرۆکی چاوەڕوانکراو، بە هاتنەدی ئازادی و یەکسانی و دادپەروەریی کۆمەڵایەتی لە سایەی سەروەریی چینایەتییدا خۆشباوەڕبێت، بەدڵنیاییەوە هەم بواری کایەی دەستەبژێریی کەسانی دەسەڵاتخواز و پایەخواز لەئارادادەبێت، هەم بواری خۆسەپاندن و قۆرخکردنی دەسەڵات لەلایەن پارتە ڕامیارییەکانەوە هەیە و هەم بواری دەستتێوەردان و سەرکەوتنی پلانەکانی زلهێزەکان مسۆگەردەبێت، هەم لەجیاتی سووتاندنی ئاڵای ستەمکاران، ئاڵای سەروەریی بۆرجوازیی بەدەستی خۆنیشاندەرانی ناهوشیار و خۆشباوەڕەوە دەشەکێتەوە.

تۆ زۆر سووکایەتی بە سیاسیەکان دەکەیت و دەتەوێت سیاسەت ناشیرین بکەیت ئایا سەبەبی ئەوە شکست و رابوردووی خۆت نیە؟


خاتوونی بەڕێز، هەرچەندە لێرە و لەوێ هەوڵمداوە بەدرێژدادڕییەوە زۆر لەسەر ئەم بابەتە بوەستم و بڕۆم، بەڵام لەوە دەچێت، کە لە دەربڕینمدا ناوڕۆشنییەك هەبێت، کە بەڕێزتی بەو سەرەنجامە گەیاندبێت، کە من شکستخواردووی ئەو مەیدانەم و ڕابوردووم گرفتی تێدایە، یا لەوانەیە چاویلکە پارتییەکەت ڕوانگەی من ئاوا ناڕۆشن و لنگاوقوچ نیشانبدات. سەرباری ئەوەش لێرەدا هەوڵدەدەم وەڵام بە پرسیارەکەت بدەمەوە، هەرچەندە خوێنەری وریا و سەرنجدەر بەئاسانی دەتوانێت وەڵامی ئەم پرسیارەی تۆ لە بابەتەکانمدا بەدەستبهێنێت.

ڕامکردن - ڕامیاریی - ڕامیار، ئەمە هاوواتای کوردییەکەی واژەی "سیاسەت، سیاسي"ن وەك چاوگی فرمان و چەمك و وەك بکەر، کە ڕیشەیەکی فرەکۆنیان لە ژیانی مرۆڤایەتیدا بەگشتی هەیە و تەنانەت پێش زمانیش دەکەون. چونکە مرۆڤ پێش هەبوونی زمانێکی تەواو هەم ئاژەڵی ڕامکردووە و هەم بیرۆکەی ڕامکردنی پەرەپێداوە و هەم ڕامکار بووە.

بە بۆچوونی من، ئەگەر بە وردی و لە دەرەوەی شێواندنی چاویلکەی ڕامیارییەوە دیاردەکان بخوێنینەوە، ئەوا ڕامکردنی تاکەکان لە پەیوەندییە پارتییەکاندا درێژەی هەمان پرۆسێسی ڕامکردنە، کە مرۆڤ مانگا و مەڕ و بزن و گوێدێژ و مریشك و ..تد تێدا ڕامکردووە. بەواتایەکی دیکە ڕامیاریی-ڕامکردن بریتییە لە دەرهاویشتنی بوونەوەرێك لە شێوەی پەیوەندییە سروشتی و کۆمەڵایەتییەکانی و بارهێنانەوەی لەسەر شێوازێکی دیکە. مانگا پێش ڕامکردن بوونێکی ئازادی هەبووە و ژیانێکی سروشتییانەی هەبووە، شیرەکەی تەنیا بۆ بەچکەکانی بووە، لەتەك هاوجۆرەکانیدا لە پەیوەندییەکی ئازاد و هارمۆنیدا ژیاوە، هەروەك مرۆڤی دەرەوەی شارستانی لە پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانیدا ئازادبووە و چاوەڕوانیی و کار و فەرمانی لە چوارچێوەی ڕێکەوتنی کۆمەڵایەتییدا لەتەك هاوجۆرەکانی ڕێکخراوە. بەڵام کاتێك کە مرۆڤ ئاژەڵەکان ڕامدەکات، ئیدی کاتی خواردن و چوونەدەر و گەڕانەوە و شوێنی خەوتنی مانگا، خاوەنەکەی دیاریدەکات، هەروەك چۆن ئەندامی پارتێك، پارتەکەی و لێپرسراوە زنجیرەییە پلە بە پلەکانی بۆی دیاریدەکەن، چی بڵێت و چی بکات و چی نەکات و سنوورەکانی چالاکی و ئازادییەکانی چەندە فراوانن، هەروەك چۆن دەوڵەت و ڕامیاران ماوەی کار و بڕی خواردن و جۆری خواردن و سنووری چالاکی و هاتووچۆ و پانتایی ژیانی کەسیی و خێزانی ژێردەستانی کۆمەڵگە [پڕۆلیتێرەکان] دیاردەکەن. ئایا هیچ جیاوازی لەنێوان ڕامکراوی ئەندامی پارتێك و هاووڵاتییەکی دەوڵەتی هاوچەرخ لە سنوورەکانی ڕامیارییدا و ئاژەڵێکی ڕامکراو هەیە؟

ئایا لە کەتواری ژیانماندا ڕامیاریی واتایەك و بوونێکی دیکەی هەیە ؟ هەڵبەتە مەبەستم لە ڕامیاریی سەراپای کردارەکە و چەمکەکەیە، نەك تەنیا پارتێك و ئاراستەیەك و شێوازێکی دیاریکراو لە ڕامیاریی/ڕامکردن. من دەزانم هەم لە شێواز و هەم لە ڕەفتار و هەم لە ڕادەی بەهرەبردن لە ڕامکردنی ئاژەلاندا لە ڕامکارێکەوە بۆ ڕامکارێکی دیکە جیاوازی هەیە، بەڵام ئایا ئەو جیاوازییە ڕواڵەتییانە هیچ لە کڕۆکی ئاراستە و ئامانجی ڕامیاریی دەگۆڕن؛ بەواتایەکی دیکە هیچ لە دەستەمۆکردن و سنووردارکردنی ژیان و حەزی ئاژەڵان دەگۆڕێت؟

گرفتی من لێرەوەیە، کە ڕامیاریی تەنیا بە لەنێوبردنی پەیوەندییە سروشتیی و کۆمەڵایەتییەکان دەتوانێت لە کایەی کولتووریدا جگەی خۆی بکاتەوە. بەواتایەکی دیکە تەنیا بە گۆڕینی مرۆڤ لە بوونەوەرێکی خودهوشیاری کۆمەڵایەتیی هاودەرد و هەرەوەزەوە، بۆ بوونەوەرێکی ناهوشیاری، چاوچنۆکی و ناکۆك و دەستەمۆ و ملکەچی سەروەران [پارت، دەوڵەت و پێکهاتە قووچکەییەکانی دیکە]، ڕامکردنەکە مەیسەردەبێت. ئایا بێجگە لەمە، ڕامیاریی هیچ شتێکی دیکەی ئەنجامداوە؟

باشە با ئاوای دابنێێن، کە من شکستخواردووی مەیدانی ڕامیارییم و لە ڕابوردوومدا گرفتم هەیە. ئایا شکشت بۆ خۆی مامانی هەموو داهێنان و هانابردن بۆ شێوازانێکی نوێ نەبووە؟ ئایا هیچ سەرکەوتنێکی مرۆڤ بەبێ کۆمەڵێك شکست سەریهەڵداوە یا هیچ تیئۆریییەك بەبێ خوێندنەوە و تێگەییشتن لە هۆکاری شکستەکان و هەڵسەنگاندنی ئەزموونگیرییەکان سەریهەڵداوە؟ لەسەر ئەم بنەمایە کەواتە ئەگەر ئەو گومانەی تۆش دروستبێت، ئەوا ناتوانێت سەلمێنەری دروستیی و ئاوەزگیریی و ڕەوایەتی ڕامکردنی ئاژەڵان و مرۆڤەکانی دیکەبێت ! بەڵام وێڕای نادروستی گومانەکەی تۆ لە هاندەرەوەکانی من بۆ دژایەتی ڕامیارییکردن و ڕامیاریی، بە پێویستی دەزانم ئەوە بدرکێنم، کە من لە کۆمەڵگەی هاوچەرخدا دوو گرفتم هەن [گرفت لە ڕوانگەی کەسانی وەك تۆوە]، کە بۆم هەرگیز چارەسەرناکردرێن؛ یەکەم نە دەتوانم کەس ڕامبکەم و نە دەشتوانم مل بە ڕامیاریی کەسانی دیکە بدەم. دووەم نە بەئاسانی دەتوانم مل بە کرێگرتەیی بۆ کەسانی دیکە بدەم، نە دەشتوانم بۆ مسۆگەرکردنی مشەخۆریی خۆم، کەسانی دیکە بەکرێبگرم، بە واتایەکی دیکە نە دەتوانم بەئاسانی کرێکاری کەسانی دیکە بم، نەدەشتوانم خاوەنکاری کەسی دیکە بم [بەو جۆرەی کە ئەندامانی نێوەندی پارتە کۆمونیستەکان لە پیتزەری و ڕیستورانتەکانیاندا کرێکاران و لەنێو ئەوانیشدا هاوپارتییە پاشڕەوەکانی خۆیان بەکرێدەگرن]. هەڵبەتە نەتوانینەکانم لەوەوە نین، کە دەسەپاچەبم، بەڵکو لەو بارەوە تواناییەکی لە ڕادەبەدەری لێهاتوویی و شارەزایی و هۆشیم هەیە، بەڵام تەنیا شتێك کە ڕێگرییم لێدەکات دەرك و ویژدانمە، ئازادبوونمە لە کایە ڕامیارییەکان، دیتنی ژیان و کۆمەڵگەیە لە دەرەوەی چاویلکە ڕامیارییەکان، کە هەردەم ژیان و پەیوەندییەکان ئاوا نیشاندەدەن، کە ئاراستەکەرانیان دەخوازن. ڕێك تەواو بەپێچەوانەی گرفتی هەرە سەرەکی تاکی دەستەمۆی پارتیی و دەوڵەتەوە، تاکی گیرۆدەی دەمارگیریی مەزهەبیی و نەتەوەیی و ئایدیۆلۆجی و خودسێنتەرەوە [خودسێنتەریی بەواتای تاکایەتی (سەربەخۆیی ئیندیڤیدوالیستی) نا، بەڵکو بەواتای خێزان-سێنتریست، ئێتنۆ-سێنتریست، پارت-سێنتریست، دەوڵەت-سێنتریست .. تد]، کە هاوجۆری خۆی دەکوژێت، دەچەوسێنێتەوە، برسیدەکات، زیندانیدەکات، فریودەدات، دەکڕێت، دەفرۆشێت، دەخوات، ... تد.

لە تێڕوانینی ناڕامیارانەی مندا، ڕامیاریی واتە هونەری لەخشتەبردن، هونەری دەسەڵاتداریی، هونەری پاوانگەریی و هونەری مشەخۆریی، وەها هونەرێك تەنیا لە بوونێکی ناکۆمەڵایەتییدا توانای تەشەکردن و سەرتاپاگیربوونی هەیە، تەنیا بە هەڵوەشاندنەوەی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان، تەنیا بە هەڵوەشاندنەوەی ڕێکەوتنە کۆمەڵایەتییەکان، ڕامیاریی تەنیا بە دروستکردنی جەنگی فرەڕەهەندی کۆمەڵایەتیی نەبڕاوەی دەروونی لە تاکی دەستەمۆدا، توانای جێکەوتەبوون و بەکولتووربیوونی هەیە؛ کە ڕامیاران بەناوی خواستی هێزی ئاسمانییەوە، بەناوی نەتەوە و پێکهاتەی ناسروشتی دیکەوە بەگژی یەکدیماندا دەدەن، تاوەکو سەروەریی خۆیان مسۆگەر بکەن. ئەمە ڕامیارییە، ئەمە ئەو شانازییەیە کە دەسەڵاتخوازە بەناو سۆشیالیستەکان هەردەم لەسەر بەدەستهێنانی پاشقول لە هاوسەنگەرانیان دەگرن و ملیاندەشکێنن !

لەم بارەوە دەتوانین لەخۆمان بپرسین؛ ئایا پێش سەرهەڵدانی پارتایەتی و ئایدیۆلۆجیای ڕامیاریی، ئاسوودەیی و ئاڕامی و تەبایی و هاریکاریی و هاوسۆزی و هاودەردی و هاوخەمی و هاوپشتیی نێوان مرۆڤەکان و کۆمەڵگەکان و یەکگرتوویی خەباتی ژێردەستان [ثرۆلیتێرەکان] هەبووە و بەهێز بووە یا پاش سەرهەڵدانی پارتایەتی و یاسا و سیستەمە ڕامیارییەکان؟

هەڵبەتە نەگوتراو نەمێنێتەوە، منیش وەك هەر کەسێکی دیکە، ڕۆژگارێك لە خۆشباوەڕیی و ناهوشیارییمدا [نەبوون و ئامادەنەبوونی خودهوشیاریی] لە داوی ڕامیارییدا دەستەمۆبووم و خۆشترین و بەنرخترین و کاراترین ساتەکانی ژیانم لەو پێناوە پووچەدا بەفێڕۆداون و کەسانی دەسەڵاتخواز و مشەخۆڕ و هەلپەرستم لە سەرووی خۆمەوە سەروەرکردوون. وەها ڕەوتێك، وەها سەردەمێك لەبەردەم زۆرێکماندا ئەگەری هەبووە و هەیە، بەڵام بە ئەزموونگیریی لە ڕووداوەکان و بەرەنجامەکان، بەئاسانی دەتوانین لە داو و تەلیسمی خۆشباوەڕیی بە ڕامیاریی و دەبەنگیی شانازیکردن بە ڕامیارییبوونەوە، خۆمان ڕابپسێنین و ببینەوە بە خودە ئازادەکەی ناخی خۆمان. وەها ڕوودانێك لێبڕاویی و بڕوابەخۆبوون و سەربەخۆیی بیرکردنەوەی گەرەکە و کاتێك کە بەو ئاستە یا بەو پلەیە لە خودهوشیاریی بگەین، ئیدی ئەستەمە بچینە ژێر باری سەروەریی کەسانی دیکە و هەروەها لەوەش ئەستەمتر ئەوەیە، کە ببینە سەروەری کەسانی دیکە !

تۆ سەر بە کام باڵی ئەنارشیسمی و بۆچی ئەوەیانت هەڵبژاردووە؟


وابزانم کەم تا زۆر لێرە و لەوێ ڕۆشناییم خستووەتە سەر ئەم بابەتە، سەرباری ئەوەش وەك ڕێزگرتنێك لە داخوازیی و چاوەڕوانیی بەڕێزت، هەوڵدەدەم بەکورتی جارێکی دیکە، وەڵام بەم پرسە ئاڵۆزە بدەمەوە. هەڵبەتە ئاڵۆز لەبەرئەوە نا، کە وەڵامدانەوەی سەختبێت، نەخێر بەڵکو لەبەرئەوەی کە یەکەم ئەنارکیزم لە هەرێمەکەی ئێمەدا [خۆرهەڵات بەگشتی و خۆرهەڵاتی ناوین و کوردستان بەتایبەتی] وەك هزر ناسراو نییە [هەڵبەتە تەنیا وەك هزر، نەك وەك شێوەی ژیان، چونکە لە ژیانی هەر کۆمەڵگەیەکی خۆرهەڵاتییدا بەجۆرێك لە جۆرەکان پێکەوەژیان و هەرەوەزیی کۆمەڵایەتیی / ئەنارکیزم بوونی هەبووە و هێشتاکەش ئامادەیە، لەو بارەوە خوێندنەوەی پەرتووکی ( لە جاکارتا تا یۆهانسبورگ: ئەنارکیزم لە سەرتاسەری جێهاندا / نووسینی Sebastian Kalicha, Gabriel Kuhn ) دەتوانێت ڕۆشنگەربێت]. دووەم، لەبەرئەوەی کە لە ناوچەکەی ئێمەدا هزری سۆشیالیستی تەنیا لە چوارجێوەی ئایدیۆلۆجیای مارکسیستیدا ناسێنراوە، بواری ناسینی ئەنارکیزم وەك (سەنتێز) نەبووە و بەداخەوە هەر ڕەخنەگرێك کە لەبارەیەوە دوابێت، بەبێ پێشداوەریییە ئایدیۆلۆجییەکان نەیتوانیووە دەستبەکاربێت. هەروەها یەکانگیریی دژایەتی دەسەڵات و ئایین و ئایدیۆلۆجیا بەرانبەر بە بیرۆکەکانی ئازادیخوازیی / ئەنارکیزم و لەو نێوەشدا شێواندن و ئاوەژووکارییەکانی چەپ بە هەموو باڵەکانییەوە، توانیویانە بەربەستێك، ئەگەرچی کاتییش بێت، لەنێوان بڵاوبوونەوەی ئەنارکیزم وەك هزر و سەنتێزێك و ناڕازییانی ئازادیخوازدا دروستبکەن. هەڵبەتە بەپێچەوانەی ئەوەی کاتێك ئەو سۆشیالیستخوازانەی، کە ئەنارکیزم وەك ئاژاوەچییەتی و بێسەرەوبەرەیی و دوژمنی کرێکاران دەناسێنن، لە کاتی پێناسەکردن و لێدوان لەبارەی سۆشیالیزم و بیرۆکەکانیان لەبارەی کۆمەڵگەی سۆشیالیستییەوە، هەمان وێنای ئەنارکیستی بۆ کۆمەڵگەی خوازراو دەکەن و ئەگەر دەربڕینەکانیان لە پیرۆزکردنە ئایدیۆلۆجییەکان ڕووتبکەینەوە، ئەوا هەمان خەونی ئەنارکسیتییان هەیە. ئەمە ئەو دژوارییەیە، کە بۆ وەڵامدانەوەی پرسیارەکەی تۆ، لەبەردەم مندا قوتدەبێتەوە.

بەبۆچوونی من، ئەنارکیزم وەك بزووتنەوەیەکی کۆمەڵایەتیی ئازادیخواز، کە ئامانج و ئاراستەی لە کۆمەڵگەی هەرەوەزییە و تێیدا سەروەریی بە هەموو جۆرەکانییەوە [سەروەریی پیاو بەسەر ژن، سەروەریی دایك و باوك بەسەر منداڵ، سەروەریی فێرکار بەسەر فێریاردا، سەروەریی چین و پارت و سەرۆك و فەرمانداریی و دەوڵەت بەسەر کۆمەڵگە و تاکەکانیدا ]، دەبنە ئەفسانە یا ڕابوردوویەکی تاڵ و نەخوازراو. هەر کات ئەم بزووتنەوە هەوڵی بەڕامیارییکردن و گونجاندنی لەتەك سیستەمی ڕامیارییدا درا، ئەوا دەچێتە خانەی دژەشۆڕشەوە. چونکە ڕامیاریی و سیستەمی ڕامیاریی [پێکهاتەی قووچکەیی و ئایدیۆلۆجیی سەروەری ڕەگەزیی، ئایینی، ئێتنیی، نەژادیی و چینایەتی] تەنیا لە بەلەنێوبردنی هەرەوەزیی و هاوپشتی کۆمەڵایەتی و هاودەردیی و خەمخۆریی و ئاشتی کۆمەڵایەتییدا دەتوانن جێگیرببن و ببنە ڕاگر و مسۆگەرکەری سەروەریی هەندێك بەسەر هەندێکی دیکەدا. هەر لەبەرئەوەیە، کە تەنیا بە سڕینەوە و وازهێنان لە پەیوەندییە ڕامیارییەکان و چۆڵکردنی ڕیزی ڕێکخراو و پێکهاتە ڕامیارییەکان و هەڵوەشاندنەوەی پەیوەندی ڕامیاریی و پارتایەتی و سیستەمی ڕامیاریی، توانانی گەییشتنەوە بە بنەما کۆمەڵایەتییەکانی ڕێکخستنی کۆمەڵگە دەگەینەوە. ئەوەش تەنیا بە هەڵوەشاندنەوەی بنەما ڕامیاریی و ئابوورییەکانی کاریکرێگرتە و دارایی تایبەتیی - دەوڵەتیی و سەرلەنوێ ڕێکخستنەوەی کۆمەڵگە و پێکهاتەکانی لەسەر بنەمای پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان و هەرەوەزیی و هاوپشتی و پێکەوەژیان و تەبایی و ئاشتی کۆمەڵایەتی یا بەواتایەکی دیکە کۆمەڵایەتییکردنەوەی بەرهەمهێنان و دابەشکردن و بەرێوەبردن و بڕیاردان و بەهرەمەندیی تاك لە بەرهەم و داهات و سامانی هاوبەشانەی کۆمەڵگە و کۆمەڵگە لە وزەی داهێنەرانەی تاك.

لەبەرئەوە ئەنارکیزم/ سۆشیالیزمی ئازادیخواز، تەنیا دەتوانێت بزووتنەوەیەکی کۆمەڵایەتیی بێ و ڕێکخستن و شێوە و شێوازەکانی خەباتی لەسەر بنەمای پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانی شوێنی ژیان بەرهەمهێنان و خوێندن و چالاکییە کۆمەڵایەتییەکانی دیکە هەبن و شۆڕشەکەشی هەر کۆمەڵایەتییە و لێرەوە ئامانجیشی هەڵوەشاندنەوەی سیستەمی ڕامیاریی و ڕەتکردنەوەی پارتایەتی و هەموو دەسەڵات و پەیوەندییەکی ڕامیارییەکان دەبێت؛ ئیدی ئەو پەیوەندییە پەیوەندی نێوان سالاریی پیاوان و ژێرچەپۆکیی ژنان، زاڵیی دایکان و باوکان و ملکەچیی منداڵان، ڕەنجدەریی کرێکاران-جوتیاران و مشەخۆریی سەرمایەدار، پەیوەندی خوابوونی مامۆستا و کۆیلەتی فێریار/ خوێندکار، پەیوەندی بڕیاردەریی و فەرماندەریی سەرۆکی پارتیی و فەرمانبەریی ئەندامان بێت، یا پەیوەندی سەرکوتگەریی ڕامیاران و دەوڵەتمەند/دەوڵەتدار و سەرکوتکراویی تاکی ژێردەستەبێت !

کاتێك کە بزووتنەوەیەك پێکهاتەیەکی کۆمەڵایەتیی هەبێت و ئامانجیشی هەڵوەشاندنەوەی هەموو پەیوەندییە ڕامیارکردەکان و لەنێوبردنی سەروەریی و مشەخۆریی هەندێك بەسەر هەندێكی دیکەوە بێت و لە ڕێزەکانی خۆی و لە شێوازی ڕێکخستن و خەبات و چالاکیی خۆیدا سەر و خوار ڕەتبکاتەوە، ئیدی قسەکردن لەسەر باڵ و ئاراستەی جیاواز و ناکۆك، کەتوارییبوونی خۆی لەدەستدەدات و هەر هەوڵێك بە ئاراستەی دەستەگەریی و بەشبەشبوون و قوتکردنەوەی ئایدیۆلۆجیا، تەنیا یەك سەرەنجامی دەبێت، ئەویش ئەوەیە کە سەری لە بەرەی دژەکەیەوە دەردەچێت و لە باشترین باردا لە ئەنتی تێزێکی ڕواڵەتیی سیستەمەکە بەولاوەتر نابێت.

لەبەرئەوە بەبۆچوون و تێگەییشتنی من، ئەنارکیزم هزرێکی کۆمەڵایەتییە، کە لە ئەنجامی ڕەتکردنەوەی هەر هەوڵ و پێکهاتەیەکی سەروەرییخوازانە و ئاراستەکەرانەی ئایدیۆلۆجی و ڕامیارییدا، تەنیا دەتوانێت وەك سەنتێزێك یا میتۆدێکی تێڕوانین و بیرکردنەوە دەربکەوێت. ئەوانەی کە بە ئاراسته‌ و باڵی جیاواز له‌نێو (ئه‌نارکیزم)دا ناسراون‌، بریتین لە تێڕوانینی چالاکان و بیریارانی ئەنارکیستی لەبارەی پرسە کۆمەڵایەتییەکانەوە، لەوانە: ستەمی ڕەگەزیی [ئەنارکۆفێمینیزم]، ڕێکخستنی ئازادیخوازانەی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان [ئەنارکۆسەندیکالیزم]، پاراستنی ژینگە و ڕزگاریی ئاژەڵان [ئیکۆ-ئەنارکیستەکان/Green anarchist]، ئاشتی کۆمەڵایەتی و دژەمیلیتاریزم [ ئەنارکۆ-ئاشتیخوازەکان Anarcho-pacifist / Non-violent anarchist ]، ئازادی تاك/ تاکگەرایی [ئەنارکۆ تاکگەراکان Individual anarchist] و چەند تێڕوانینی دیکە و هەروەها چەندین هەوڵی دیکە بۆ گونجاندنی ئەم هزرە لەتەك چەپ و ناسیونالیزم و ئایین و تەنانەت سەرمایەداریی، هۆکاری ئەو هەوڵانەش بۆ ناکۆکی یا پارادۆکسبوونی بنەماکانی خودی هزرەکە ناگەڕێتەوە، بەڵکو بۆ کارایی هزرەکە بۆ سەر چەپ و ئاراستەکانی دیکە دەگەرێتەوە، کە زۆر جار لە بەرانبەردا بۆ بەرگرتن بە هەژموون و کارایی هزر و بزووتنەوەی ئەنارکیستی کەوتوونە دژەهەوڵ بۆ بەرگرتن لێی. هەروەها بێجگە لەمەش، لە سەردەمەکانی سەرکوتکردن و پاشەکشێی ڕێکخراوەیی بزووتنەوەکە بەتایبەت پێش و پاشی جەنگی دووەمی جیهانی کارایی کەسانی ئەکادیمیستی نائومێد و ڕوونانی تاك و گروپە مارکسیستییەکان پاش ڕووخانی دیواری بەرلین لە هزری ئەنارکیستی، بێکارایی نەبووە و زبڵ و زاڵی ڕامیاریی خۆیان هاوردەکردەووە و هەوڵی گونجاندن و جێکردنەوەیان داوە. هەڵبەتە کارێکی ئاوا، زۆر ئەستەم نییە، چونکە ئەنارکیزم ئایدیۆلۆجیا نییە، تاوەکو دیوار و سنوورەکانی ڕێگەنەدەن، بەتایبەت لەو وڵاتانەی کە ئەنارکیزم چ وەك هزر و چ وەك بزووتنەوەی کۆمەڵایەتیی پێشینەی ئامادەیی مەیدانی و ڕێکخراوەیی نییە.


لەم بارەوە ئەگەر سەرنجی ئەو تاکانەی کە لە وڵاتانی عەرەبی پاش ڕاپەڕینەکانی ساڵی ٢٠١٠- ٢٠١١ و ئیرانی پاش ساڵی ٢٠٠٩ و کوردستانی [بەتایبەت بەشی تورکیە] پاش وەرچەرخانی بۆچوونەکانی ئۆچەلان لە مارکیسیزمەوە بەرەو بیرۆکەکانی پڕۆدۆن [فێدرالیزم و کۆنفیدرالیزم] و موری بوکچین [هەرەوەزییە ئابوورییەکان] بدەین، ئەوا بە ئاشکرا لە چالاکی و لە تێڕوانینی کەسەکاندا پاشماوەیی دەسەڵاتخوازیی و دەستەبژێریی و پاوانگەریی و تاکڕەویی پێشینەی ئایدیالیستی و ناسیونالیستی و مارکسیستی دەبینین. ئەمە شتێکی ئاساییە، لەبەرئەوەی کەسێك کە پاش چەندین ساڵ پەروەردەبوون و ڕاهاتن لەسەر سەر و خواری پێکهاتەی ڕێکخستنی ڕامیاریی، کتوپڕ یا لە ماوەیەکی کورتدا ناتوانێت دەستبەرداری ڕاهاتن و گۆشبوون بە ڕێسا ناکۆمەڵایەتییەکان وەڵابنێت، بەڵام ئاسایی نییە، ئەگەر ئەوانەی دەرکی ڕۆشنتر و ئەزموونی فرەتریان هەیە، لە ئاست ئەو هەوڵە نائەنارکییانەدا بێدەنگە و بێهەڵویستی هەڵبێرن، چونکە کارنەدانەوە بەرانبەر هەر هەوڵێکی ئاوا، ڕێگە بۆ لەباربردنی هەلی سەرهەڵدانی بزووتنەوەی کۆمەڵایەتیی ناقووچکەیی ئازادیخواز لە وڵاتانی خۆرهەڵات و باشووردا لەباردەکات.

من دەزانم و کاردانەوەیەکی ئاساییشە، کە ئەگەر هاوڕێیانێکی ئەنارکیست یا چەپەکان لە دژی ئەم پێناسە یا ئەم وێناکردنەی من لەبارەی ئەنارکیزمەوە وەك هزر و بزووتنەوەی کۆمەڵایەتیی، بوەستنەوە. بەڵام مەرج نییە هەموو کاردانەوەیەكی کەسانی دیکە، نیشانەی هەڵەبوونی ئێمە بێت. دەکرێت من لەم بارەوە هەڵەبم و خەریکی وڕێنەکردن و خەونبینین بە دونیایەکی خەیاڵییەوە بم، بەڵام من وەك کەسێك کە وەك بەرەنجامی ئەزموونەکانی چەپایەتی خۆم بە بیرۆکە و بنەما هزرییەکانی ئەنارکیزم گەییشتووم، ناتوانم شتێکی دیکە وێنابکەم و هەم ئاستی بیرکردنەوە و خودهوشیارییم و هەم سەلماندنە ئەزموونییەکانم لە بواری خەباتی جەماوەرییدا بەم سەرەنجامەم دەگەیێنن؛ ئەگەر ئەنارکیستەکان وەك هزر و فیلۆسۆفی و چالاکی خەباتی کۆمەڵایەتیی و لە هەموو ڕوویەکەوە خۆیان لە کارایی بزووتنەوە و پێکهاتە ڕامیارییەکان دانەبرن، ئەوا سەرەنجام لە دوو ئەگەر زیاتر نابێت : یەکەم، لە هەمان خوڵگەی ڕامیاریی هزر و بزووتنەوە بەناو سۆشیالیستییەکانی دیکەدا دەسووڕێنەوە؛ دووەم، وەك تا ئێستا هەرچی هەوڵ و کۆششی بزووتنەوەکەیە دەبێتە سەرمایەی ڕامیاریی کەسان و گروپ و ڕەوتە دەسەڵاتخوازە بەناو سۆشیالیستەکان و سەرەنجام سەریان لە چاکسازیی سەروەریی چینایەتییەوە دەردەچێت، هەروەك چۆن لە ڕاپەڕینی ١٩١٧ی ڕوسیەدا ڕوویدا هەوڵی ئەنارکیستییانەی کۆمیتە و سۆڤیەتەکانی کرێکاران و سەربازانی یاخی، بوو بە سەرمایەگوزاریی ڕامیاریی بۆ بۆلشەڤیکەکان، یا ئەوەی کە (کۆمونەی پاریس) وەك یەکەمین ئەزموونی خەباتی ئەنارکی ئاوەژووکرایەوە و کرا بە شانازی ئەوانەی کە تا دوای تێكشکانی کۆمونەش لێی تێنەگەییشتن!

__________________________________
کۆتایی زنجیرەی یەکەم: ئەگەر توانیم ئەو بەشانەی کە بە سڕانەوەی ئەرشیڤی بابەتەکانم لە فەوتانی وێب بلاگەکانم [هەژێن (کوردپلانێت) ، خەمی نان و خەونی ئازادی (کورد بلۆگەر)] دا، بەدەستبهێنمەوە، ئەوا لە ئایەندەدا وەك زنجیرەی دووەم یا تەواوکاری ئەم زنجیرەیە دەیانخەمە بەرچاوی خوێنەرانی ئازیز.

__________________________________

بەشی پازدەیەم: www.emrro.com/nojenkirdinewey15.htm   

بەشی چواردەیەم: www.emrro.com/nojenkirdinewey14.htm  

بەشی سیازدەیەم: www.emrro.com/nojenkirdinewey13.htm 

بەشی دوازدەیەم: www.emrro.com/nojenkirdinewey12.htm

بەشی یازدەیەم: www.emrro.com/nojenkirdinewey11.htm 

بەشی دەیەم: www.emrro.com/nojenkirdinewey10.htm

بەشی نۆیەم: www.emrro.com/nojenkirdinewey9.htm

بەشی هەشتەم: www.emrro.com/nojenkirdinewey8.htm

بەشی هەفتەم: www.emrro.com/nojenkirdinewey7.htm

بەشی شەشەم: www.emrro.com/nojenkirdinewey6.htm

بەشی پێنجەم: www.emrro.com/nojenkirdinewey5.htm

بەشی چوارەم: www.emrro.com/nojenkirdinewey4.htm

بەشی سێیەم: www.emrro.com/nojenkirdinewey3.htm

بەشی دووەم: www.emrro.com/nojenkirdinewey2.htm

بەشی یەکەم: www.emrro.com/nojenkirdinewey1.htm

 

ماڵپه‌ڕی هه‌ژێن

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک