٢٠\٣\٢٠١٤
نۆژهنكردنهوهی
وەڵامهكان.
هەژێن
- بەشی
سێیەم -
ئەگەر
پێمانوابێت، وەڵامەكانی ئێمە تەواو و دوا دەركی مرۆڤایەتین، ئەوا
خەریكین لە خۆمان بتێك سازدەكەین. ھەروەھا ئەگەر پێمانوابێت، ئەو
سیستەمی ڕێكخستنەی كۆمەڵگە، كە ئێمە خەباتی بۆ دەكەین، دوایین
چاوەڕوانی و گەشەیەكە، كە مرۆڤایەتی پێیدەگات، ئەوا دیسانەوە خەریكین
پووچگەراییەكی دی لە تەپوتۆزی پۆوچگەراییەكانی دیكە، چێدەكەینەوە.
سۆشیالیزم بەھەشتێك نییە لە ئاسمانەكانەوە دایگرین و لە پەڕاوی
ئەفسانەكاندا بیدۆزینەوە و مۆدێرنیزەی بكەین، سۆشیالیزم خەونی مرۆڤی
زیندووە و بە پراكتیكی شۆڕشگێڕانە كەتواریی دەبێتەوە و سەركەوتنیشی لە
كولتووربوویندا دەبێت، بەبێ ئەوە، لە خەیاڵی گۆشەگیرانە و فەنتازی
ئایدیالیستانە بەولاوەتر نابێت.
من وا له ئهنارشیزم دهگهم، كه دژی كۆمهڵگهی
هاوچهرخ بێ و خوازیاری گهڕانهوهی ژیان و كۆمهڵگە بێت بۆ سهردهمی
ئهشكهوتنشینان، ئایا بەخۆشتان پێتان وانییه؟
ئەگەر مەبەست لە كۆمەڵگەی ھاوچەرخ، تەكنۆلۆجیای بۆمب و ڕۆکێتی ژیری
چۆنیەتی مرۆڤکوژی و فڕۆكەی جەنگی و تانك و پیشەسازی ناپێویست و تێكدانی
ژینگە و نامۆكردنی مرۆڤ بەخۆیی و سروشت بێت، بەدڵنیاییەوە پێویستە
ئەناركیزم دژایەتی سەرسەختی ئەوانە بێت و ھەوڵ بۆ لەنێوبردنیان بدات.
بەڵام ئەگەر مەبەست لە ھاوچەرخییکردنی كۆمەڵگە و ئاسانكاریی و
ئاسوودەیی مرۆڤ بێت لە سایەی دەسكەوتە زانستی و تەكنۆلۆجییەكاندا، ئەوا
پێویستە ئەناركیزم پشتیوانی پەرەپێدانیان بكات. لە باری یەكەمدا [لایەنگریی
ڕۆبۆتکردنی مرۆڤ و وێرانکردنی ژینگە] مرۆڤ لە سەرووی سروشت و ھەموو
بوونەوەرەكانەوە دادەنرێت و ڕێگە بەخۆی دەدات، بۆ كایە گەمژەییەكانی (جەنگ
و سوودپەرستی و زۆرداری)، ژینگە تێكبدات و ئاژەڵەكانی دیكە لەنێوبەرێت
و لەوەش واوەتر ھاوجۆرەكانی خۆی كۆیلەبكات. ھەموو ئەمانە ڕۆژ بە ڕۆژ
لەتەك گەشە و پەرەسەندنی تەكنۆلۆجییە ناپێویست و مەترسیدارەكان، بەرەو
لوتكە دەكشێن و مرۆڤ بەخۆی نامۆتر و ژینگە وێرانتر و ھاوسەنگی بوون و
ژیان لەنێودەبەن. زۆرێك لە بەناو دژەكان لە كۆمەڵگەی چینایەتییدا لەسەر
ئەو بنەما ئایینییە كۆكن، كە ھەموو شتەكان بە خاتری مرۆڤ ئافەرێنراون و
مرۆڤیش لەسەر ئەو بنەمایە ڕێگە بەخۆی دەدات، ببێتە وێرانگەری سروشت و
دواجار لەنێوبردنی خۆیشی وەك بەشێك لە سروشت. ئاییندارێك لەسەر بنەمای
دانراوی خوادایانەی شتەكان، ڕەوایەتی بەكوشتنی ئاژەڵەكان و شەڕەكان
دەدات، سەرمایەدارێك لەپێناو سوود و سەروەریی، جەنگ بەرپادەكات و ژینگە
وێران دەكات و ئاژەڵەكان قڕدەكات، چەپەكانیش لەسەر ھەمان بنەمای
باڵاىوونی مرۆڤ لە ئاییبنەكاندا و خۆپەرستی مرۆڤ، پاگەندەی یەخسیركردنی
سروشت و گیانەوەرەکانی دیکە بۆ باڵابوونی دەكەن . بە بۆچوونی من،
بەنرخترین سەرمایە خودی مرۆڤ نییە، بەڵکو ژینگەیەکە کە مرۆڤ دەتوانێت
ئازادانە و ئاسوودە تیایدا بژیت، چونکە بەبێ سروشت وەك گشتێك، هەرگیز
مرۆڤ توانانی بوون و مانەوەی نییە و نابێت، بە واتایەکی دیکە پاراستنی
یاسا سروشتییەکان مەرجی مانەوەیە نەك سەروەریی مرۆڤ بەسەر ئەوانی دیکە
و دەوروبەرەکەیدا.
بەڵام ئەناركییەكان و لایەنی كەم لە تێڕاونینی مندا، مرۆڤ بەشێكە لە
سروشت نەك سەروەری سروشت، تەنیا سەروەر لە سروشتدا، یاساكانی خودی
سروشتن، مرۆڤ تەنیا یەكێكە لە زیندەوەرەكان و پێویستە پێبەپێی
ھوشیاربوونەوەی، پشت لە پاشماوە دڕندانە ئاژەڵییەكەی بکات و ببێتە
پارێزەری سروشت؛ بە ژینگە و ئاژەڵان و خودی خۆیشییەوە، بەواتایەكی دیكە
ئەگەر بوونەوەرەكانی دیكە بەشێكی بێ(زیان) و تەواوكەری سووڕی ژیانەوە و
بەردەوامی سروشتبن، ئەوا دەبێت و پێویستیشە مرۆڤ بەپێی دەرك و توانای
ھوشیاریی، پێشەنگی سروشتپاریزیی بێت، ڕێك پێچەوانەی ئەوەی كە لەم
ڕۆژەدا ھەیە و دەیكات. ئەوی ئاگای لە تێكچوونی باری كەش و ھەوا و ژینگە
و لەنێوچوونی ئاژەڵان ھەبێت، ئەوە دەزانێت، ھوشیارییەك كە ئەم ڕۆژە
مرۆڤ شانازی پێوەدەكات، ھاوچەرخكردن (مۆدێرنیزەكردن) و كولتوورییكردنی
پاشماوەی دڕندایەتییە ئاژەڵییەكەیەتی، نەك ھوشیاری ئاشتكردنەوەی ھەموو
پێكھێنەرەكانی سروشت و دووركەوتنەوە لەو پێشینە دڕدانەیە.
لەبەرئەوە ئەگەر مرۆڤ ناچاربێت مل بە دڕندەیی بەلوتكەگەییشتووی ئەم
ڕۆژەی بدات و لەنێوان دڕندەیی ئاژەڵییانەی سەرەتایی و دڕندەیی
ھوشیارانەی ھەنووكەییدا، ڕێگەی سێیەمی مەیسەر نەبێت و بوونی نەبێت،
ئەوا باشترە بگەڕێتەوە سەر دڕندەییە سەرەتاییە ئاژەڵییەكەی، چونكە
ھەرچۆنێك بێت، لە دڕندەیی تەکلۆلۆجیکراوی ھەنووكەیی باشتر و كەم
ڕەھەندترە!
لە وەڵام بە بەشی دووەمی پرسیارەكەتاندا، دەبێت بڵێم نا، ئەناركیستەكان
خوازیاری بەكاربردنی تەكنۆلۆجیا و زانست و توانایییە پەرەسەندووەكانی
مرۆڤن لەپێناو بەرپاكردنی كۆمەڵگەی پێشكەوتووی ئازاد و یەكسان و
دادپەوەر، كە تێیدا بەھرەمەندی مرۆڤ لە دەستكەوتە پێویست و
ئاوەزپەسەندەكان و ئازادی و دادپەوەروەری، بەوپەڕی ئازادی و یەكسانی و
سروشدۆستیی بگات.
له نووسینه ئهنارشیتییهكاندا دژایهتی
ئایدیۆلۆجیا و پاشگره “ئیسم”ییهكان به ئاشكرا دیاره، ئایا جیاوازی
لهنێوان ئیسمی ماركسیزم و ئهنارشیسم چییه؟
پێش ئەوەی جیاوازی ئەو دوو ئاراستەیە دەستنیشانبكەم، كە ھۆكاری ناكۆكی
نێوان ئەو دوو ئاراستەیەش بۆ ھەمان ئەو جیاوازییانە دەگەڕێتەوە.
پێویستە ئەوە ڕۆسنبکەمەوە، کە ئایدیۆلۆجیا،
مەزھەب (ڕێڕەو)، ئاییننامەیەكی دانراوە، تاوەكو ژیان و ڕەوتی گەشەی
كۆمەڵگە ئاراستەبكات و داھاتووی كۆمەڵگە دیاریبكات. ئەمە ھەمان ئەركە
كە دانراوەكانی یەھوڤا و ئینجیل و قورئانەكەی موحەمەد لە
ئەستۆیانگرتووە، واتە ئاراستەكردنی كۆمەڵگە لە چوارچێوەی تێڕوانین و
دەركەوتی ھۆشیی كەسانێكەوە، كە بڕیارە پەیامەكەیان ببێتە ڕێكخەری
كۆمەڵگە. وەك دەزانین لە ئایدیۆلۆجیا ڕامیارییەكان و ڕێڕەوە
ئایینییەكاندا ھەموو شتێك یەكلاییكراوەتەوە و ھیچ بوارێك بۆ
بیرلێكردنەوە و ڕەخنە نەھێڵڕاوەتەوە و ئەوەی لە دەرەوەی ئەوانەوە
ھەنگاو بنێت یا گومانبكات، دەبێتە لادەر و داردەستی دوژمن و دژی
بەرژەوەندی گشتی.
ھەڵبەتە دانانی ئایدیۆلۆجیا بە چێکەری کۆمەڵگە یا ڕێڕەوی گەیشتن بە
کۆمەلگەی داهاتوو، سەرچاوەی بۆ ئەو بۆچوونە دەگەرێتەوە، كە ھەموو كەس
توانانی بیركردنەوەی نییە و تەنیا كەسانێك لەوە بەھرەمەندن و ئەركی ئەو
بەھرەمەندانەش بیركردنەوەیە بۆ ئەوانی دیكە و ئاراستەكردنیان و
ڕێكخستنی كۆمەڵگەیە بۆیان، كە بنچینەكەی ھەمان ئایدیای پێش مادەبوونی
ھۆشە. ئەگەر خۆمان گێلنەكەین، ھەموومان بەرھەمی ئەو ئاراستەكردن و لە
چوارچێوەدانەمان دیتوە، كە سیستەمە چینایەتییەكان؛ سەرمایەداری جۆری
بازارئازاد و پارلەمان، سەرمایەداری جۆری دەوڵەتی (لەوانەش سۆشیالیزمی
دەوڵەتی)، سیستەمی ئایینی جۆری ئیسلامی، كۆمەڵگەی پێدەچەپێن و دەبنە
ھۆی لەكارخستنی ھۆشی تاك و ڕەوتی گەشەی ئازادانەی كۆمەڵگە و گەیشتن بە
كۆمەڵگەی ئازاد و یەكسان و دادپەروەر.
ماركسیزم، ئایدیۆلۆجیایە و لەسەر بنەمای تێڕوانین و لێكدانەوەكانی
ماركس و ئینگلس ڕۆنراوە و پاشڕەوانیان كۆمونیزم وەك ئایدیۆلۆجیایەك بۆ
داھێنان و پێگەییشتنی ماركس و ھاوەڵەكانی دەگێڕننەوە و کۆمەڵگەی
کۆمونیستی بە جۆرێك لە بیردۆزە و یاسامەندی ڕامیاریی دەناسێنن.
ھەرچەندە ژیانی مرۆڤ لە بەرەبەیانەوە بەجۆرێك كۆمەڵایەتیی (سۆشیالیستیی)
بووە و تا ئێستاش پاشماوەكانی ئەو كۆمەڵایەتییبوونە (سۆشیالیستیبوونە)
و پێكەوەژیانە (كۆمونگەراییە) لە كۆمەڵگە سەرەتاییە دوور لە دەوڵەت و
یاسای ڕامیاریی و ناچینایەتییەكاندا دەبینین و كۆمونیزم بەر لە ماركس و
بیریارانی، خەونی كۆنی مرۆڤی ژێردەست بووە بۆ گەڕانەوە بۆ بنەما
كۆمەڵایەتییەکانی ژیانی سەرەتایی یا بۆ ژیانێكی باشتر و ئاوەزپەسەندتر
و گەشەکردووتر. بەڵام بەداخەوە پاشڕەوانی كارل ماركس و پاشینانی، تا
ڕادەی مەزھەبێك، ھزر و ئایدیای كۆمونیزمیان تووشی دۆگماتیزم و
سەرووڕەخنەیی كردووە و بۆ ھەموو وەڵامێك لە ھەر سەردەمێكدا یا بۆ
لێكدانەوە و تێگەییشتن لەھەر كەتوارێك، دەگەڕێنەوە سەر گوتەكانی ماركس
وەك پەرتووكە پیرۆزەكانی دیكە و ھەموو سەردەمەكان و ھەموو ڕووداوەكان و
ھەموو بارەكان و ھەموو كەتوارەكان بە پێوەری دەركی ماركس دەپێون و
ئەگەر وەڵامێكی ئامادەیان لە گوتەكانی ئەودا دەستنەكەوێت و دۆشدابمێنن،
ئەوا دەستبەجێ سەرنج و ڕەخنە و ئایدیا و بۆچوونەكان بە لادەر و دژە
كۆمونیزم و نازانستی و ناكەتواریی تۆمەتباردەكەن و بۆ پاساوی ھەموو
ئەوانەش ئایدیۆلۆجیای ماركسیستیی بە زانست ناودەبەن، نائاگا لەوەی كە
خودی زانست وەك دەركی مرۆڤ و دۆزینەوە كردەییەكان و زانستەكان بەگشتی،
وەك ھەر ھزرێك بەردەوام لە گۆڕان و نۆژەنبوونەوەدان و بە وەلانانی
ھەندێك بیردۆزی ھەڵە و جێگرتنەوەیان بە كۆمەلێك بیردۆزی ئاوەزپەسەندتر،
دەبنە گیانی تیڕامان و زانستی سەردەم. بە واتایەكی دیكە لە ڕووی
زانستییەوە، دەكرێت ئەوەی دوێنێ بیردۆزێكی زانستی بووبێت، لەم ڕۆژەدا
نادروست بێت و ئەوەی لەم ڕۆژە زانستییە، سبەینێ پووچگەراییبێت.
لەبەرئەوە، بەکاربردنی چەمکی زانست و زانستی بۆ ئایدیۆلۆجیای کۆمونیستی،
پارادۆکسی خۆی بەرهەمدەهێنێت؛ کاتێك مارکسیزم زانست زانسبێت، ئەوا
دەبێت بەوەش ڕازی بن، کە دەبێت تیئۆرییەکی ناجێگیر و نەتەواوبێت و
وەڵامی هەموو پرسیار و گومان و نەزانراوەکانی نەداوەتەوە. بەڵام ئەمە
پێچەوانەی پاگەندەی مارکسیستەکانە، کە لەو باوەڕەدان مارکسیزم وەلامی
بە هەموو شتێك داوەتەوە و کۆمەڵگەی داهاتوو [ناچینایەتی] هەمان کۆمەڵگە
دەبێت، کە مارکس و ئەنگلس کڵێشەیان کێشاوە و هەروەها وەها بۆچوونێك
سەرد و هەشتا پلە پێچەوانەی بۆچوونە زانستییەکانە و هاوڕا و هاودیدی
بۆچوونە مەزهەبییەکانە، هەروەک چۆن پەیڕەوانی قورئان لەو بڕوایەدان
قورئان وەڵامی بە هەموو شتێکی داهاتوو داوەتەوە و هەر بیرکردنەوە و
بۆچوونێك لە دەرەوەی بازنەی ئەو، لادانە.
هەروەها ئەگەر سۆشیالیزم و کۆمونیزم بە بیردۆزە یا دۆزراوەی مێشك و
هۆشمەندی چەند کەسێك بێت، ئەوا کۆمەڵایەتییەبوونی وەک بزووتنەوەیەکی
مێژوویی دەخەنە ژێر پرسیار و ڕەتدەکەنەوە. ئەمەش دیسانەوە هەر
ئایینگەراییە، واتە ئاراستەکردنی کۆمەڵگە بەرەو ئایدیالبوون لە سایەی
سێکوچکەی خوا - کلیسا - پاشا. واتە خوا [مارکس] دیاریدەکات کە چۆن بە
کۆمەلگەی داهاتوو دەگەین، کلیسا [پارت] دەبێتە پێشەنگی ئەو ڕەوتە و
پاشا [دەوڵەت] کۆمەڵگەمان بۆ ڕێدەکات و ئاگاداریمان دەبێت، ئەمەش
دەکاتە بوونی هۆشمەندی لەپێش ماددەوە. هەر ئەم بنەما ئایدیۆلۆجییەکە کە
تیئۆریسیۆنانی مارکسیزمی ناچار بە هانابردن بۆ دیکتاتۆری و دەوڵەت
بەناوی پرۆلیتاریاوە، کردووە. لە بەرامبەردا ئەو سۆشیالیستانەی کە
دیکتاتۆری و دەوڵەت وەك پێشمەرجی گەییشتن بە سۆشیالیزم، ڕەتدەکەنەوە،
بڕوایان بە شۆڕشی کۆمەڵایەتیی بە واتای گۆڕانی تاك و پەیوەندییە
کۆمەڵایەتیی و ئابوورییەکانی کۆمەڵگە هەیە، کە هەنگاو بە هەنگاوی
کۆمەڵایەتییبوونەوەی ئامراز و پرۆسێس و پەیوەندییەکانی بەرهەمهێنان و
گۆڕانی دارایی [الملکیة] تایبەت بە کۆمەڵایەتیی و نەمانی پێداویستیی
کاریکرێگرتە و سەروەریی و جێگرتنەوەیان بە کاری هەرەوەزیی و هاوپشتی
کۆمەڵایەتی و خۆبەڕێوەبەرایەتی کۆمەڵگەکان بە بەشداریی ڕاستەوخۆی
هەمووان، ئەو گۆڕانانە مەیسەردەبن.
بەبۆچوونی من ماركسیزم وەک هەر ئایدیۆلۆجیایەكی دیکە، لەسەر چەند
پایەیەكی یەقینگەرایی وەستاوە و لە زیانی پاشڕەوانییەتی كە بە زانست
ناوی بەرن، لەبەرئەوەی كە زانستی چەقبەستوو، بوونی نییە و تەنیا ئایین
و مەزھەبەكان ئەو تایبەتمەندییەیان ھەیە، ھیوادارم دۆستە ماركسیستەكانم
ئەم بۆچوونەم بە ھێرش و دوژمنایەتی كەسیی لێوەرنەگرن. ئەگەر ئەمەیان
پێقوتنادرێت و دەخوازن ڕەتیبكەنەوە، با لە خۆیان و مێژوویەكی
مەزھەبییەوە، كە بۆ بزووتنەوەی كۆمونەخوازی و خودی ھزری ماركس و
ھاوەڵانی دروستیانكردووە، دەستپێبكەن و ماركسیزم لە چەقبەستنی
ئایدیۆلۆجییەوە بگێڕنەوە نێو كایە ھزرییەكان و لە ئاسمانی پیرۆزییەوە
دایگرنەوە نێو قوڕولیتەی ژیانی چەوساوان و بە ڕەخنەی شۆڕشگێڕانەیان
گیانی بەبەردابكەنەوە. ئەگەر نا تەنیا وەك چەند پەرتووكێكی
زەردھەڵگەڕاوی نێو پەرتووكخانەكان یا چەند تێكستێكی دەرخكراوی نێو
كەلەسەری ڕامیاران و چەند سكرتێری پارتێك دەمێنێتەوە و ھەر ئەو ئایینە
دونیاییە دەبێت، كە پییەر جۆزیف پرۆدۆن لە وەڵامی نامەیەكی (خودی كارل
ماركس)دا ماركس لە خراپیی و مەترسییەكانی ئاگاداریدەكاتەوە. [بۆ
خوێندنەوەی وەڵامەكەی پڕۆدۆن بۆ نامەكەی كارڵ ماركس، كرتە لەسەر ئەم
بەستەرە بكەن
http://anarkistan.wordpress.com/2008/05/28 وەرگێڕانی
قەرەنی قادری].
بەڵام تا ئەوەندەی دەگەڕێتەوە سەر ئەناركیزم، ئەنارکیزم شێوازی ھزرین و
کۆمەڵێك تێڕانینی یەکانگیرە بۆ کۆمەڵگەی داهاتوو، کە بەرەنجامی خەباتی
ڕۆژانەن و تیئۆری بە بەرەنجامی کار و چالاکی دەزانن و كەس پەیامبەر و
كەس خاوەنی نییە، بەردەوام لەتەك ڕەوتی گەشەی ژیان و مرۆڤایەتی،
گەشەیكردووە و دەكات و وەك گیانی سەردەمەكان ھەردەم لە ھەموو
مەیدانەكانی خەبات [ئازادی، یەكسانی ،دادپەروەریی كۆمەڵایەتی،
لەنێوبردنی سەروەریی، ھەڵوەشاندنەوەی كۆمەڵگەی چینایەتی، پاراستینی
ژینگە، ئاژەڵدۆستی، پێكەوەژیان و تەبایی بوونەوەرەكان و سروست، زانست و
ھونەر و داھێنان]دا ئامادەبووە، ھەمووان چ بیریاران و چ كرێكارانی
مانگرتوو و چ ئازادیخوازانی ئەناركییخواز، تەنیا سەربازی گومناوی ئەو
پێناوەن و ھەر بۆچوون و بیرۆكە و بیردۆزێكی ئەنارکیستی، بەرھەمی خەباتی
ڕۆژانە و ئەزموونە كردەییەكانی ئەناركیخوازەكانە. ھەڵبەتە ھەر لە
نێونەتەوەیی یەكەم [ئەناركیستان واتەنی 'نانەتەوەیی یەكەم']ەوە چ
ماركسیستەكان و چ لیبڕاڵەكان دواتر بە ھەموو شێوەیەك ھەوڵیانداوە، ناو
و ناتۆرەی جۆراوجۆری وەك باكونیییەكان، پرۆدۆنییەكان لەسەر كێش و
سەروای بلانكیستەكان و ماركسیستەكان، بە ئەناركییەكانەوە بلكێنن، بەڵام
لەبەرئەوەی كە لەنێو خودی ئەناركییەكاندا كاڵای ساختەی ئاوا كڕیاری
نەبووە و دژایەتی سەرسەختانە كراوە، بۆ تەنیا ڕۆژێكیش جێكەوتە نەبووە.
بەداخەوە بە پێچەوانەوە لەنێو دۆستانانی (كۆمونیست)دا، بە شانازییەوە
ئەو ناو و ناتۆرانە لەخۆیان دەنێن و زۆر مەزھەبیی و ئایییارانە دەڵێن "ئێمە
ماركسیستین" و قوڕولیتەیەك كە ئیدئۆلۆگەكانی بۆرجوازی بۆیان دەگرنەوە،
ئەوان بە پێخۆشبوون و تامەزرۆیی و (في سبیل الـلـە)ییەوە لاقی
تێوەردەدەن. ھەڵبەتە ئەوەش یەكدەست و یەك جۆر نەبووە و نییە؛ سەرانی
پارتە كۆمونیستەكان بە ھوشیارییەوە بەو كارە ھەڵدەستن و بەو ھۆیەوە
لەنێو دەروێشانیان پلەوپایەیەكی مەزھەبیی بۆ خۆیان چێدەكەن، بەڵام
لایەنگران و پاشڕەوان و ئەندامانی خوارەوە، لە ناھوشیایی و دەركنەكردنی
مەترسی ئەو دیاردەوە، بەو كارە ھەڵدەستتن.
__________________________________
بەشی
دووەم:
www.emrro.com/nojenkirdinewey2.htm
بەشی یەکەم:
www.emrro.com/nojenkirdinewey1.htm
ماڵپهڕی ههژێن
|