٢٦\٣\٢٠١٤
نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی
وەڵامه‌كان.
هەژێن
- بەشی
پێنجەم -
ئەگەر
پێمانوابێت، وەڵامەکانی ئێمە تەواو و دوا دەرکی مرۆڤایەتین، ئەوا
خەریکین لە خۆمان بتێک سازدەکەین. ھەروەھا ئەگەر پێمانوابێت، ئەو
سیستەمی ڕێکخستنەی کۆمەڵگە، کە ئێمە خەباتی بۆ دەکەین، دوایین
چاوەڕوانی و گەشەیەکە، کە مرۆڤایەتی پێیدەگات، ئەوا دیسانەوە خەریکین
پووچگەراییەکی دی لە تەپوتۆزی پۆوچگەراییەکانی دیکە، چێدەکەینەوە.
سۆشیالیزم بەھەشتێک نییە لە ئاسمانەکانەوە دایگرین و لە پەڕاوی
ئەفسانەکاندا بیدۆزینەوە و مۆدێرنیزەی بکەین، سۆشیالیزم خەونی مرۆڤی
زیندووە و بە پراکتیکی شۆڕشگێڕانە کەتواریی دەبێتەوە و سەرکەوتنیشی لە
کولتووربوویندا دەبێت، بەبێ ئەوە، لە خەیاڵی گۆشەگیرانە و فەنتازی
ئایدیالیستانە بەولاوەتر نابێت.
ئه‌گه‌ر سه‌رنجی نووسینه‌کانتان بده‌ی، ده‌بینیت
که‌مترین قسه‌تان له‌باره‌ی گه‌نده‌ڵی یه‌کێتی و پارتییه‌وه هه‌یه،
هۆی ئه‌مه بۆچی ده‌گه‌ڕێته‌وه؟
تا ئه‌وه‌نده‌ی بگه‌ڕێته‌وه سه‌ر من، ڕاستییه‌که‌ی نووسینی نیوه و
ناچڵی زۆرم هەن، که دەستپێکیان بۆ ساڵی ١٩٩٩ ده‌گه‌ڕێته‌وه و
به‌داخه‌وه تائێستا بۆم ته‌واو نه‌کراون، ده‌توانم لێره‌دا نێوی دوو
نووسین، که په‌یوه‌ندییان به‌م باسه‌وه هه‌یه، بهێنم، “ئایا به‌ڕاست
دونیا گۆڕاوه؟”، “ده‌سه‌ڵاتی بۆرژوازی کورد له ئه‌شکه‌وته‌وه بۆ
پارله‌مان”، که به‌داخه‌وه ڕۆژگار بواری ته‌واوکردنیان نه‌دام و
بابه‌تی گرنگتر یه‌خه‌یان ده‌گرتم یا کاتیان بۆ نه‌ده‌مایه‌وه، بەڵام
بەجۆرێک لە جۆرەکان لێرە و لەوێ بۆچوونی خۆمم لە بارەی پرسەکانی
کۆمەڵگەی هەرێمی کوردستانەوە دەربڕیوە.
به بۆچوونی من و ده‌شتوانم بڵێم زۆربه‌ی ئه‌نارکییه‌کان، گه‌نده‌ڵی
به‌شێکی جیانه‌کراوه یا هاوه‌ڵدوانه‌ی سیستمی چینایه‌تییه، ئه‌مه‌ش
ته‌نیا سیستمی بازارئازاد ناگرێته‌وه، بەڵکو مۆدێله ئابوورییه‌که‌ی
ڕوسیه‌ی بۆلشه‌ڤیکیش ده‌گرێته‌وه. لەبەرئەوە به‌بێ وه‌لانانی یا
له‌نێوبردنی سیستمی چینایه‌تی، ئه‌سته‌مه بتوانرێت گه‌نده‌ڵی
بنبڕبکرێیت، چونکه گه‌نده‌ڵی له‌سه‌ر بنه‌مای جیاوازی له دەسەڵات و
ڕێوشوێنی کۆمه‌ڵایه‌تیدا دروستده‌بێت، کاتێک که که‌سێک [چ فەرمانبەرێک
یا شالیارێک] مافی له‌پێشتربوون و زاڵبوونی به‌سه‌ر ژیان و داهاتی
که‌سانی دیکەدا هه‌یه، ئیدی چ میکانیزمێک هه‌یه، تا به‌ر به خراپ
که‌ڵکوه‌رگرتن له ڕێوشوێن و سامانی به‌رده‌ستی بگرێت؟
به‌پێچه‌وانه‌وه له‌وانه‌یه من که‌متر له‌م باره‌وه قسه‌م کردبێت،
به‌ڵام هاوڕێیانێک که هاوبیری یه‌کین، زۆر به ڕۆشنی له
باته‌کانیاندا ئه‌وه‌یان نیشانداوه، که ده‌وڵه‌ته
بۆرژوا-دێمۆکراته‌کان له گه‌نده‌ڵیدا هیچیان له ده‌وڵه‌ته
دیکتاتۆره‌کان نه‌هێناوه و به‌ڵکو به زیاتره‌وه گه‌نده‌ڵترن.
لێره‌دا ته‌نیا هێنانه‌وه‌ی نموونه‌ی سکانداڵی ئه‌ندام پارله‌مان و
شالیاره‌کانی بریتانیا، که پارساڵ [پار بەپێی کاتی وەڵامدانەوەی ئەم
پرسیارەیە] ده‌رکه‌وت، ته‌نانه‌ت سه‌یرکردنی فیلمێکی سێکسی له کۆتایی
پشووی هه‌فته‌یاندا له‌سه‌ر داهاتی کۆمه‌ڵگه بووه! هه‌روه‌ها
گه‌نده‌ڵییه‌کانی سه‌رده‌می سه‌رۆکشالیارانی ئا‌ڵمانیا (هێڵموت کۆڵ) و
کڕین و مامه‌ڵه‌ی پایه‌ی سه‌رۆککۆماریی ئه‌مه‌ریکا له ڕێگه‌ی به‌رتیل
و کاری ژێربه‌ژێره‌وه، هیچی له گه‌ندەڵییه‌کانی هه‌رێمی کوردستان یا
عیراق که‌متر نییه!
لەبەرئەوە بەبۆچوونی من، ئه‌وه‌ی خوازیاری که‌مکردنه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی و
بنبڕکردنی بێت، ئه‌وا پێویستە و بەناچاریش دەبێت له هه‌وڵی
که‌مکردنه‌وه‌ی دەسەڵاتی ده‌وڵه‌ت و چڵکاوخۆره‌کانی و گێڕانه‌وه‌ی
زۆربه‌ی کاروباره ئابووریی و کارگێڕیی و کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان بۆ
نێوه‌نده‌کانی ژیان و به‌رهه‌مهێیان و کارگوزاری، بێت. کاتێک بڕیار و
کارگوزاری کاروباری خوێندکاران، کرێکاران، جوتیاران، خانه‌نشینان،
کاورباری گه‌ڕه‌ک و کۆڵان و گونده‌کان بگه‌ڕێته‌وه بۆ خودی که‌سانێک،
که ڕاسته‌وخۆ په‌یوه‌ندی به ژیان و داهاتوویانه‌وه هه‌یه و بوار
بدرێت به خۆیان له ڕێگه‌ی دێمۆکراتی ڕاسته‌وخۆوه (دێمۆکراتی
نوێنه‌رایه‌تی پارله‌مانی نا!) کاروباره‌کانیان ڕاپه‌ڕێنن، ئیدی بوار
بۆ مشه‌خۆرانی سه‌ربار و ناپێویست نامێنێته‌وه.
به‌ڵام، ئه‌وه‌ی که ئه‌وڕۆکه له هه‌رێمی کوردستاندا گه‌نده‌ڵکاران
به‌خۆیان له پێش هه‌مووانه‌وه به گه‌نده‌ڵی نێوی ده‌به‌ن، ته‌نیا
گه‌نده‌ڵی کارگێڕیی نییه، به‌ڵکو تایبه‌تیکردنی که‌رته گشتییه‌کان یا
ده‌وڵه‌تییه‌کانه له‌سه‌ر مۆدێلی بازارئازادی نیئۆلیبراله‌کان له
هه‌رێمه پاشڕه‌وه‌کاندا. ئه‌مه‌ش شێوازێکه له مۆنۆپۆڵکردنی دەسەڵات
بۆ هه‌میشه و به‌رگرتن به ئه‌گه‌ری سه‌رکه‌وتنی هه‌ر هه‌وڵێکی
شۆڕشگێڕانه‌ی خه‌ڵکی. ئه‌گه‌ر ئه‌م مۆدیله ڕوونتربکه‌ینه‌وه، ئه‌وا
هه‌مان هه‌وڵی سه‌رمایه‌داری و ئیمپریالیزم له چیڵی ساڵی ١٩٧٣دا به
شێوه‌یه‌کی دیکە ڕوویداوە. ساڵی ١٩٧٣ له وڵاتی چیڵی، له هه‌ڵبژاردنی
دیاری‌کرا و دانپێدانراوی خودی ده‌وڵه‌ته سه‌رمایه‌دارییه‌کاندا، که
مۆدێلی دێمۆکراتی نوێنه‌رایه‌تی پارله‌مانییه (واته دێمۆکراتی
ناڕاسته‌وخۆ)، چه‌په‌کان به زۆرینه‌ی ده‌نگ گه‌یشته پارله‌مان و
زۆرینه‌ی کورسییان بۆ پێکهێنانی فەرمانداریی به‌ده‌ستهێنا، به‌ڵام
ئه‌مه بۆ سه‌رمایه‌داری گورزێکی سه‌خت و ناوه‌خت بوو و ده‌بوو به‌ری
پێبگیردرێت، چونکه ده‌بووە هۆی تێکچوونی هاوسەنگیی هێزی نێوان بلۆکی
بازارئازاد و بازاری دەوڵەتی [پیەمانی ناتۆ و پەیمانی وارشۆ] و گۆڕان
له سیستمه جه‌نراڵییه‌کانی سه‌راپای ئه‌مه‌ریکای لاتیندا و ئه‌مه‌ش
دەیکردە ناهاوسه‌نگی هێز له‌به‌رامبه‌ر بلۆکی سه‌رمایه‌داری
ده‌وڵه‌تیدا. لەبەرئەوە دنەی سه‌رمایه‌داره‌کانیان دا، تا
سه‌رمایه‌کانیان له‌و وڵات‌دا ده‌ربکه‌ن و بنه‌مای ئابووریی ئه‌و وڵاته
بته‌پێنن. هه‌ر ئه‌مه‌ش بوو بووه هۆی زه‌مینه‌سازی بۆ کۆدەتای
سەربازیی و هاتنی جه‌نڕاڵی کۆمه‌ڵکوژییه‌کان (پێنۆشێت) و ڕاگرتنی
هاوسه‌نگی چ له ئه‌مه‌ریکای لاتین و چ له ئاستی جیهانیدا به نرخی
خوێنی هه‌زاران کەس. ئه‌م تاکتیکه له جه‌زائیر و فه‌له‌ستین، که
ئیسلامییه‌کان زۆرینه‌ی ده‌نگیان هێنا به‌شێوە‌یه‌کی دیکە و ڕێگه‌یه‌کی
دیکە بۆ فریودانی خه‌ڵکی ده‌نگه‌ده‌ر گریردرایە‌به‌ر. له هه‌رێمی
کوردستانی لای خۆمان، که ڕزگاری و دێموکراسییه‌کەی به سه‌ر نووکی
ڕۆکێت و پاژنه‌ی چەکمەی ئاسنینی سه‌ربازه‌کانی ئه‌مه‌ریکا و
هاوپه‌یمانانییه‌وه بۆ هاتووه و چه‌ند پارتێکی په‌نابه‌ری دیوی ئێران
و سورییه به‌و پاڵپشتییه و له ڕێگە‌ی تێکشکانی ڕاپەڕینه‌وه،
زه‌مینه بۆ سیناریۆی هه‌ڵبژاردنی فیفتی فیفتییه‌که‌ی ئایاری ١٩٩٢ و
هه‌ڵبژاردنه سه‌ره‌نجام پێشتر دیاریکراوه‌کانیان خۆشکراوە، هانا بۆ
هه‌مان تاکتیک به‌شێوە‌یه‌کی دیکە براوەتەوە. ئەم تاکتیکە بۆ
هاوپه‌یمانان و دەوڵەتانی ناوچه‌که و ده‌سه‌ڵاتدارانی نێوخۆ ئه‌وه
مسۆگه‌رده‌کات، که له ڕێگه‌ی کۆنترۆڵی ئابوورییه‌وه هه‌موو هه‌وڵ و
تێکۆشانێک یا هه‌لێکی گونجاو بۆ کۆتاییهێنان به چه‌پاوڵگه‌ری و
دیکتاتۆری پارت و ده‌سه‌ڵاتبه‌خشینه‌وه‌ی خێزانیی دەگردرێت.
وه‌ک ده‌زانین، ئه‌وه‌ی له شه‌ڕی ساردا سه‌رکه‌وتنی به‌ده‌ستهێنا،
سه‌رمایه‌داری نه‌بوو به‌سه‌ر بزاڤی سۆشیالیستیدا، به‌ڵکو سه‌رکەوتنی
بازارئازادی نیئۆلیبراڵه‌کان بوو به‌سه‌ر سه‌رمایه‌داری دەوڵەتیی
بۆلشه‌ڤیکه‌کاندا. ئه‌م سه‌رکه‌وتنه له بواری ڕامیارییدا واته
سه‌رکه‌وتنی فره‌پارتی یه‌کجۆر به‌سه‌ر تا‌کپارتی یه‌کجۆردا، له بواری
ئابوورییدا واته سه‌رکه‌وتنی بازارئازاد به‌سه‌ر بازاری کۆنترۆڵکراوی
ده‌وڵه‌تییدا، له بواریی کۆمه‌ڵایه‌تییشدا واته تێکشکان و
وردوخاشکردنی هه‌موو په‌یوه‌ندییه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان و
جێگرتنه‌وه‌یان به په‌یوه‌ندییه بۆرجوازییه‌کان له سه‌راپای
پێکهاته‌ی کۆمه‌ڵ و کۆمەڵگەدا.
ئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ له هه‌رێمی کوردستاندا له قۆناخی ته‌واوبوون و
جیگیربووندایه، ڕێک هه‌ر ئه‌و تاکتیکه‌یه، که له سه‌ره‌وه
باسمکرد. سه‌ره‌تا پارت ده‌ست به‌سه‌ر داهاتی "نه‌وت به‌رامبه‌ر به
خۆراک" و کۆمه‌کەکاندا ده‌گرێت و زۆربه‌ی کۆمه‌که ده‌رمانی و
خواردنه‌مه‌نییه‌کان له بازاری ڕه‌شدا به خه‌ڵک ده‌فرۆشرێنه‌وه و
ده‌بنه سه‌رمایه‌ی پارت و له‌نێو پارته‌کانیشدا بەسەر سه‌رانی پارت
به پله‌ی یه‌که‌م، دابەشەکرێت. هاوکات کۆمه‌که داراییه‌کان به
ڕێژه‌یەکی هه‌ره زۆر، ده‌چنه گیرفانه شاراوه‌کانی پارت، پاشان
نۆره‌ی قۆناخی دووه‌م دێت، واته تایبه‌تییکردنه‌وه‌ی که‌رته
گشتییه‌کان، که یه‌کێکه له مه‌رجه سه‌ره‌کییه‌کانی سندوقی دراوی
نێوده‌وڵه‌تی و بانکی جیهانی و نێوه‌نده سه‌روومیلییه‌کانی ئه‌مه‌ریکا
و ئه‌وروپا له پێدانی کۆمه‌ک و چوونه‌وه هه‌ر وڵاتێکه‌وه، بەپێی
مەرجە سەرەکییەکانی ئەو ناوەندە جیهانلووشانە، ده‌بێت ئابووری و
ڕامیاری و دار و نه‌داری ئه‌و وڵاته بخرێته ژێر ڕکێفیان و ئه‌وان له
پشتپه‌رده‌وه بریاری یه‌کالاییکه‌ره‌وه بده‌ن. لێره‌دایه که داهاتی
دزراوی کۆمه‌ڵگه له شێوه‌ی سه‌رمایه‌ی پارت و به په‌رده‌پۆشی و
به‌نێوی کۆمپانیای جۆراوجۆری یه‌کشه‌وە و ڕۆژه‌وه دێته‌وه مه‌یدان و
که‌رته گشتییه‌کانی پێده‌کڕدرێته‌وه، به واتایه‌کی دیکە سه‌رانی
پارت له‌سه‌ر داهاتی کۆمه‌ڵگه ده‌بنه سه‌رمایه‌داری گومناو و ڕوخساری
دیکە وه‌ک کارگی به‌هاران قوتده‌کرێنه‌وه و به‌هه‌مان داهاتی دزراو،
که‌رته گشتی و ده‌وڵه‌تییه‌کان له هه‌راجێکی سیناریۆییدا له خۆیان
ده‌کڕنه‌وه و ئه‌وه مسۆگه‌رده‌که‌ن، که ئه‌گه‌ری هه‌موو ئاڵوگۆڕێکی
ڕامیاریی له ڕێگه‌ی هه‌ڵبژاردنی پارله‌مانییه‌وه له پێکهاته‌ی بازار
و کارگێرییدا تیکشکاوبێت. ئه‌و ئه‌گه‌رانه‌ش که بۆی هه‌بوو به‌و
شێوه‌یه له ڕێگه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌وه بتوانن بگه‌نه ده‌سه‌ڵات و
ئابوورییه‌کی داخراوتر له‌وه‌ی ئێستا له‌لایه‌ن ئیسلامییه‌کانه‌وه
[هەروەها هەرچەندە کۆمونیستەکان هێزی پێشنیار و کارانەبوون و نین،
بەڵام هەمان بەرنامەڕێژیی نێوەندگەرای دوڵەتییان بۆ ڕێکخستنی ئابوویی
کۆمەڵگە هەیە]، که له‌و باردا له‌سه‌ر مۆدێلی ئابووری ده‌وڵه‌تی
نێوه‌ندڕێژ ده‌بوو و ده‌بووه سه‌رئیشه و رێگر بۆ پلانه
ئابوورییه‌کانی بازارئازاد له ناوچه‌که‌دا، که کوردستان بڕیاره
پێگه‌یه‌کی سه‌ره‌کی ئەو بازارە بێت.
کاتێک بتوانین ئه‌م نه‌خشانه به وردی ببینین و ده‌رکیان بکه‌ین، ئیدی
بۆمان ڕۆشنه بۆ بزاڤێکی په‌نگخواردووی کۆمه‌ڵایه‌تی گۆڕانخوازی ئه‌م
هه‌رێمه به کۆمه‌کی ماسمیدیا و ڕاگه‌یاندنه‌کانی دەسەڵات و کۆمه‌کی
دارایی خودی ده‌سه‌ڵات له‌نێو خودی پارته پێکهێنه‌ره‌کانیدا باڵێکی
ڕیفۆرمیست، که له‌هه‌موو ئه‌و که‌ینوبه‌ینانه‌دا هاوبه‌ش و هاوڕۆڵ
بووه، ده‌هێنرێته پێشه‌وه‌ی شانۆی ڕامیاریی و ده‌سه‌ڵات و سواری
بزاڤه‌که ده‌کرێت و به کۆمه‌ڵێک ڕه‌خنه‌ی ناجۆر و لاوه‌کی بزاڤه‌که
به‌لاڕێدا ده‌بات.
بۆ که‌سانێک که باوه‌ڕییان به ڕۆڵی کۆمه‌کگه‌رانه و ڕزگارگه‌رانه‌ی
ئه‌مه‌ریکا و هاوپه‌یمانانی هه‌یه و پێیانوایه نێوه‌نده
جیهانییه‌کانی وه‌ک سندوقی دراوی نێوده‌وه‌تی و بانکی جیهانی و
نێوه‌نده به‌ناو خیرخوازییه‌کانی دیکە، ڕۆڵی پۆزەتیڤ و
دەستگیرۆییانەیان بۆ هەرێمەکە هه‌یه، ئیدی سه‌خته بتوانن په‌ی به
سیناریۆی لیستی نەوشیروانییەکان و نه‌خشه و کاره سه‌ره‌کییه‌کانی
ئه‌م هه‌وڵه به‌رن، زۆریش ئاساییه که به‌نێوی خه‌ڵک و به‌رژه‌وه‌ندی
گشتییه‌وه ببنه جاڕده‌ری ئه‌و باڵه‌ی ده‌سه‌ڵات. ئه‌گه‌ر به وردی
سه‌رنجی داخوازی و ئامانجه‌کانی لیستی نەوشیروانییەکان بده‌ین،
ده‌بینین، که لە جیاتی کۆمەڵایەتییکردنەوە و گشتییکردنه‌وه و
گێرانه‌وه‌ی زانکۆکان بۆ ژێرچاودێڕی کۆمه‌ڵگه و که‌سانی سه‌روکاردار
به‌و بوواره، خوازیاری ده‌رهێنانییانه له چنگی پارته
ده‌سه‌ڵاتداره‌کان و سپاردنیانە بە دەڵاڵانی بازارئازاد، که ئه‌مه‌ش
ده‌کاته‌وه پیاده‌کردن و ته‌واوکردن و گشتگیرکردنی نه‌خشه‌که‌ی
سه‌ره‌وه، واته تایبه‌تییکرنه‌وه‌ی ئه‌و که‌رت و به‌شانه‌ی که هێشتا
به‌ڕواڵه‌ت گشتیی و ده‌وڵه‌تیین، ئه‌مه‌ش دیسانه‌وه زه‌مینه بۆ
کۆمپانیاییه‌کی دیکەی وه‌ک (کۆڕک) و (نۆکان) و تد خۆشده‌کات، ئه‌م
که‌رتانه‌ش له ژێر جه‌پۆکی پارتدا بۆ هه‌میشه بکه‌نه موڵکی سه‌رانی
سه‌رمایه‌داری پارت یا سه‌رمایه‌گوزارێکی دیکەی ده‌ره‌کی.
بۆ که‌سانێک که له سروشتی سه‌رمایه‌داری و کارکردی بازارئازاده‌که‌ی
تێده‌گه‌ن، ئاسانه له‌وه تێبگه‌ن، که جیاوازی سەروەریی بارزانی و
تاڵه‌بانی و نه‌وشیروان و ئاخوندێک و فیلۆسۆفێک نییه، به‌ڵکو
پێداویستی و کارایی که‌سه‌کان له‌سه‌ر جێگیرکردنی پلانه‌کان گرنگه و
کاتێک که که‌سایه‌تییه‌کی کارێزما ئێکسپایه‌ر ده‌بێت، زۆر ئاسانه به
پلانێک وه‌لابنرێت یا پێشتر جێگره‌وه و ئه‌ڵته‌رناتیڤی بۆ مسۆگه‌ر و
ئاماده‌بکه‌ن و پێشتر پێش ڕووداوه‌کان بکه‌ون و له ده‌روونی بزاڤه‌کاندا
له‌وێدا، که خۆشباوه‌ڕی به پاڵه‌وانه ئه‌فسانه‌ییه‌کانی دوێنێ بۆ به‌رگرتن
به خودی بزاڤه‌که به‌کاردە‌برێن؛ وه‌ک ئه‌وه‌ی له بزاڤی کۆمەڵایه‌تی
"گۆڕان"دا دیتمان، که خه‌ڵک دژی چه‌پاوڵگه‌ری و گه‌نده‌ڵی و دابه‌شکاری
سامان و داهاتی کۆمه‌ڵگه بوو، که‌چی به پلان و کارله‌سه‌رکردنی
ڕۆژانه ئه‌و ئامانجانه تا ئاستی گله‌یی چه‌ند مشه‌خۆڕێکی دیکەی نێوده‌سه‌ڵات
و هه‌وڵدان بۆ به‌شداربوونیان له ده‌سکه‌وته ناڕه‌واکانی پارت، دابه‌زانده
خواره‌وه. هه‌ر ئه‌و که‌سانه‌ی که دژی دەسەڵاتی بنه‌ماڵه‌یی تاڵه‌بانی
ده‌نگی خۆشباوەڕانه‌ی خۆیان به لیسته‌که‌ی نه‌وسیروان دا، ده‌نگپێدراوان
وه‌ک نه بایان دیبێ و نه‌باران، به‌نێوی ئه‌و خه‌ڵکه ناڕازییه‌وه
چوونه پای ده‌نگدانه‌وه به تاڵه‌بانی وه‌ک سه‌رۆککۆمار لە بەغداد.
لەبەر ئەوە بەبۆچوونی من، شه‌ڕی گه‌نده‌ڵی به پێشڕه‌وی گه‌نده‌ڵانێکی
دیکە، که گله‌یی له به‌رکه‌وت و به‌شه‌دزی خۆیان له داهاتی دزراوی
کۆمه‌ڵگه ده‌که‌ن، ناکرێت و گێڕانه‌وه‌ی که‌رته گشتییه بەتایبه‌تییکراوه‌کان[بەپارتییکراوەکان]
و کردنیان به به‌شێک له بازارئازاد و که‌رتی تایبه‌تی کۆمپانیایه‌کی
نوێ یا بیانی مەیسەرنابێت و هه‌روه‌ها ناشتوانێت هۆکاری کۆتاییهێنان به
ده‌سه‌ڵاتی سه‌رکوتگه‌رانه‌ی پارته میلیشییاییه‌کان و
فەرماندارییەکانیش یێت، ئەوەش له‌به‌ر دوو هۆ: یه‌که‌م، ئه‌وه‌ی له
دونیای دیمۆکراتی نوێنه‌رایه‌تییدا ئه‌وه چه‌ند سه‌ده‌یه ده‌سه‌ڵات
له‌م بنه‌ماڵه‌ی خانزاده‌وه بۆ ئه‌و شازاده و له‌م پارتی پارێزگاره‌وه
بۆ ئه‌و پارتی سۆشیال-دێمۆکرات و له خولێکی دیکەدا پێچەوانە ده‌بێته‌وه
و هیجی له سه‌روه‌ری چینایه‌تی و ناداپه‌روه‌ری و سته‌م و هه‌ژاری و
به‌دبه‌ختی و هه‌ڵاواردنی مرۆڤه‌کان و ڕه‌گه‌زه‌کان نه‌گۆڕیوه.
هۆی دووه‌م، وه‌ک گوتم قۆرخکردنی ده‌سه‌ڵات له ڕێگه‌ی تایبه‌تییکردنی
بنه‌ما ئابوورییه‌کانی کۆمه‌ڵگه و که‌رته گشتییه‌کانی به‌رهه‌مهێنان
و خزمه‌تگوزاری وه‌ک موڵکی سه‌رمایه‌دارانی پارته ده‌سه‌ڵاتداره‌کانەوە،
دیسانه‌وه ئه‌گه‌ری هه‌ر ئاڵوگۆڕێکی ڕواڵه‌تیی ڕامیاریی ئەستەمده‌که‌ن.
با ئاوای دابنێین، پارتێکی ئیسلامی یا پان-ناسیونالیست یا پارتێکی چه‌پ
زۆرینه‌ی پارلەمان به‌ده‌ستبهێنێت و فەرمانداریی [حکومەتی] خۆی
پێکبهێنێت، ئایا کۆمپانیا کۆمه‌ڵگه‌لووشه‌کانی وه‌ک (نۆکان) و (کۆڕەک)
و ...تد بە پاڵپشتی لەشکری ئەمەریکا و سیخوڕیی ڕێکخراوە بەناو
کۆمەککارەکان و سندووقی دراوی نێودەوڵەتی و بانکی جیهانی و ناوەندە
پیلانگێرەکانی دیکە، بواری هیچ ئاڵ‌وگۆڕێک یا وه‌رچه‌رخانێک ده‌ده‌ن؟
ئایا بوار و ئەگەری هیچ ئاڵ‌وگۆڕێک لە سیستەمی بەڕێوەبەاریەتی [سەرخانی
کۆمەڵ]دا هەیە، کاتێک کە بنەمای ئابووریی [ژێرخانی کۆمەڵ] دارایی
کۆمەڵێک کۆمپانیای تایبەت و پارتیی بێت؟ ئیدی سەرانی لیستی
ناسیونال-نیئۆلیبراڵ [لیستی بەناو گۆڕان] بەتەمان چی بگۆڕن؟
بەڕێوەبەرایەتی کۆمەڵگە یا گۆڕینی تاکی ناڕازی ناهوشیار بە کۆیلەی
خۆشباوەڕ؟
من بە دڵنیاییەوە ده‌ڵێم هه‌ر ئاڵ‌وگۆڕێک که بچووکترین ناکۆکی له‌ته‌ک
پلانی نێوه‌نده جیهانییه‌کانی وه‌ک سندوقی دراوی نیوده‌وڵه‌تی و بانکی
جهیانی و له‌شکری ده‌وڵه‌ته زلهێزه‌کانیاندا هه‌بێت، ئه‌وا له ڕێگه‌ی
ئه‌و کۆمپانیانانه‌وه و لە ڕێگە‌ی بانده پاڕێزه‌ره‌کان و پشتپه‌رده‌ییه‌کانی
ئه‌و کۆمپانیایانه‌وه پوچه‌ڵ و ته‌نانه‌ت سه‌رکوتیش ده‌کرێت، ئه‌مه‌ش
زۆر ئاسانه، چونکه ئه‌وان له پاش تێکشکانی ڕاپەڕینه‌وه تا ئێستا
کار له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌که‌ن و ھێزی بۆ ڕێکده‌خه‌ن و کۆمه‌ڵی خۆشباوه‌ڕ
و پاشڕه‌وی بۆ په‌روه‌رده‌ده‌که‌ن. نۆزده ساڵه ده‌زگه‌کانی ڕاگه‌یاندن
مێشکی خه‌ڵک که‌ڕوواوی ده‌که‌ن، خه‌ڵک نائومید و نه‌وه‌ی نوێ به
شێواندنی مێژوو فریوده‌ده‌ن.
هه‌روه‌ک چۆن ئه‌وان [ڕامیاران و دەسەڵاتداران] زه‌مینه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تیی
بۆ خۆجێگیرکردن و کۆمه‌ڵایه‌تییکردنه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی و سه‌رکوت و ڕه‌شه‌کوژی
ژنان و تیرۆری نه‌یاران و هه‌ڵخڕاندنی شۆڤێنیزمی ناوچه‌یی به‌رامبه‌ر
ناوچه‌کانی دیکە یا که‌مایه‌تییه‌کانی دیکە خۆشده‌که‌ن، هه‌رواش ته‌نیا
ڕێگه و مه‌یدان بۆ ڕووبه‌رووبوونه‌وه و بەرگرتن بە هه‌وڵه‌کانی ئه‌وان،
ته‌نیا مه‌یدانی خەباتە کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان و بزاڤه جەماوەرییه
سەربەخۆکانن؛ بۆ نموونه تا کاتێک بزاڤی ئازادیخوازی و دژه‌سه‌رکوت نه‌بووبێته
که‌توارێکی کۆمه‌ڵایه‌تیی گشتگیر، قسه‌کردن له ده‌ستکۆتاکردنی هێزه
سه‌رکوتگه‌ر و تیرۆریسته‌کان و ده‌زگه‌کانی ئاسایش و پۆلیسی سه‌رووخه‌ڵکی،
ده‌چێته خانه‌ی خه‌ونی باڵۆنئاسا له هه‌وادا. ئه‌مه بۆ ڕزگاری نه‌ته‌وه‌یی
و ژنان و ته‌نانه‌ت سۆشیالیزمیش هه‌ر وایه و به‌بێ کۆمەڵایه‌تیبوونه‌وه‌ی
خواست و بۆچوون و ویسته‌کان، ئه‌گه‌ری هه‌ر ئاڵوگۆڕێکی شۆڕشگێرانه ئه‌سته‌مه
و هه‌رگیز ڕوونادات.
وەک پێشتر وتم، گەندەڵی وەک دیاردەیەکی سیستەمی فەرمانداریی و کارگێڕیی
و بەرێوەبردن، تایبەت بە پارتێک یا فەرمانداریی و دەوڵەتێکی دیاریکراو
نییە، بەڵکو تایبەتمەندیی بەڕێوەبەرایەتیی سەرووخەڵکییە، ئیدی ئەو
بەڕێوەبەرایەتییە پاشایەتی و تاکپارتیی بێت یا فرەپارتیی پارلەمانی و
فەرمانداریی [حکومەتی] تێکنۆکراتەکان و فیلۆسۆفەکان، ھیچ کات
نەیتوانیوە و ناشتوانێت پاکتاویبکات، چونکە ڕیشەی گەندەڵی لە پێکھاتەی
بنچینەکانی سیستەم و پێکھاتەی قوچکەیی و سەرووخەڵکیدایە. کاتێک کە
ئامانج لە بەشداریکردن لە بەڕێوەبەرایەتی کۆمەڵگەدا، پلەی سەروەریی و
پایەی ئابووریی و کۆمەڵایەتیی باڵاتر بێت، ئیدی زۆر ئاساییە،
نوێنەرەکان و دەسەڵاتداران بۆ مانەوەی خۆیان ھەم بدزن و ھەم چاوپۆشی لە
دزی و تاڵانی کەسانی چواردەوریان بکەن. چونکە بنەمای سیستەمی چینایەتی
دزییە لە ڕەنجی بەرھەمھێنەران و چەپاوڵکردنی سامان و داھاتی کۆمەڵگە.
بۆ زیاتر دڵنیابوون لەمە، دەتوانین ئەم پرسیارە لە خۆمان بکەین؛ ئەگەر
ڕێکخستنی کۆمەڵگە قوچکەیی [ھەرەمی] نەبووایە و بەشداریی بەڕێوەبەرایەتی
[نەک ئەوەی پێدەڵێن کایەی ڕامیاریی] کۆمەڵگە خۆبەخشانە و بەبێ پاداشت
بووایە و خانەنشینی پاشایانە و مشەخۆریی ھەتایی مسۆگەر نەبووایە، ئایا
ھیچ کەسێک لە ڕامیاران و دەسەڵاتخوازان، بیری لە پێک‌ھێنانی پارت یا خۆی
بۆ نوێنەرایەتی و کارگێڕیی کاندیددەکرد؟ ئایا کەسانی بێلایەنی نێو
کۆمەڵگە ھیچ گومانیان لە نەرێنی وەڵامی ئەم پرسیارە ھەیە؟
لەبەرئەوە پێویستە ڕیشەییتر دژی دیاردەکە بچینە جەنگەوە، واتە گۆڕینی
دروشمی بزووتنەوەکە بۆ " نا بۆ تایبەتیکردنەوەی کەرتەکان، نا بۆ
بەڕێوەبەرایەتی گەندەڵ، بەڵێ بۆ خۆبەڕێوەبەرایەتی جەماوەریی ". ئەوەش
تەنیا بە بەرگرتن بەتایبەتیکردنەوەی کەرتە گشتییەکان و سەندنەوەی کارگە
و زەوییەکان و گردەکان و کەرتەکانی خزمەتگوزاریی لە پارت و
سەرمایەدارەکانی پارت مەیسەردەبێت. هەڵبەتە ئەم هەنگاوەش دوو ڕێگە
لەخۆدەگرێت، ڕێگە‌ی یەکەم، سەندنەوەیانە لە پارتەکان و سەرمایەدارەکانی
پارت و گێڕانەوەیان بۆ کەرتی دەوڵەتی، کە ئەمەیان هەردەم ئەڵتەرناتیڤی
ڕیفۆرمیستەکان و نێوەندگەراکانە، کە لە باشترین باردا سەروەریی خۆیان
دەکەنە ئەڵتەرناتیڤی دزان و گەندەڵکاران. ڕێگە‌ی دووەم، سەندنەوەی
کەرتەکانە لە پارتەکان و سەرمایەدارەکانی پارت و گێڕانەوەیان بۆ
کۆمەڵگە، واتە کۆمەڵایەتیکردنەوەی کەرتەکان بەوەی خودی کرێکاران،
فەرمانبەران یا جوتیارانی ئەو بەشە یا ئەو کەسانەی کە گێڕاویانەتەوە،
بەخۆیان بەڕێوەبەرایەتیدەکەن و دەیخەنە خزمەت کۆمەڵگەوە.
ئەگەر لەوانەش بگوزەڕیێن، دەتوانین بە کەمێک گەڕانەوە بۆ ڕابوردووی
کۆمەڵگەکەمان، کە خۆشبەختانە زۆر دوور نییە و ئەگەر بەخۆشمان تێیدا
نەژیابین، ئەوا دایک و باوکمان یا داپیرە و باپیرەمان وێنایەکیان
لەبارەیەوە لە ئاوەز و ھۆشماندا جێگیرکردووە؛ پێش ئەوەی دەوڵەت و پارتی
ڕامیاریی دروستببن، لە کۆمەڵگەدا کوشتن و دزی و فڕوفێڵ و ئەتک و
تاڵانگەریی و چەپاوڵ و پاوانکردن، زۆر دەگمەن بوون و لە کۆمەڵگەدا وەک
دیاردەی ناوازە و ناباو ڕەفتاریان لەتەکدا کراوە و زۆر جار بکەرانیان
ناچار بە ڕەوکردن و بەجێھێشتنی کۆمەڵگەکە بوون، لە بەرامبەردا
پێکەوەژیان و ھەرەوەزیی و ھاریکاری و گەلکاریی و متمانە و پشتیوانی و
یەکترپارێزیی کۆمەڵایەتیی ھەبووە و زاڵبووە. بەڵام لە ئێستادا ئەم
ھاوکیشەیە بە تەواوی پێچەوانە بووەتەوە و نەرێنییەکان تاڕادەیەکی زۆر
باو و گشتگیربوون و ئەرێنییەکان لە پانتایی ژیانی ھاوچەرخدا بە ھەمان
ڕادە نامۆکراون. ھەموو ئەمانە، ھەروا بە ڕێکەوت و بەبێ پلان و خۆبەخۆ
ڕوویاننەداوە، بەڵکو سەرەتا دەسەڵاتی سەرووخەڵکیی بەگ و ئاغاکان و
پاشان دەوڵەت ھەموو خۆبەرێوەبەرایەتیی و خۆکاراییەکی لە تاک و بوونە
کۆمەڵایەتییەکان سەندووەتەوە و ئینجا بۆ پاراستنی دەوڵەت و بەرژەوەندی
کۆمپانییە کۆمەڵگە و جیھانخۆرەکان، پارتی ڕامیاریی قوتکراونەتەوە و لە
ڕێگە‌ی گۆڕین و لەنێوبردنی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییە تەبا و ھەروەزییەکان
و یاسا سروشتییەکانی پێکھاتنی کۆمەڵایەتی و جێگرتنەوەیان بە پەیوەندییە
ڕامیارییە دەستکرد و نامرۆییەکان، پارت و ڕێزبەندیی پارتیی کۆمەڵگەی
بەسەر دەستە و بەرەی دژبەیەکی ھەردەم لە جەنگ و نائارامیدا دابەشاندووە
و لەم ڕێگەیەشەوە زەمینەیان بۆ کۆمەڵایەتییکردنەوەی گەندەڵیی سازکردووە
و بەم جۆرە دەبینین، نەوەی ئەو مرۆڤانەی کە دوێڼێ بەبێ بوونی دەوڵەت و
پارت و نوێنەر، لە ڕێکەوتنێکی کۆمەڵایەتییدا لەسەر بنەمای یاسا
سروشتییەکانی پێکھاتنی کۆمەڵگە، کە کۆمەڵایەتیبوونی مرۆڤ مامانی
لەدایکبوونیانە، دەژیان و کاروباری خۆیان ڕێکدەخست و خۆشی و
ناخۆشییەکانیان، بوون و نەبوونییەکانیان لەنێوان خۆیاندا دادەبەشاند و
بەختەوەریی ھەر تاکێک پەیوەستبوو بە بەختەوەریی ئەوانی دیکەوە، کەچی
لەم ڕۆژەدا نەوەکانیان بەھۆی پاشڕەوییان بۆ دەسەڵاتی سەرووخەڵکیی و
پارتەکان و ڕامکاران [ڕامیاران]، لە پێشینە و پاشبنەمای کۆمەڵایەتیی و
ھەرەوەزیی و پێکەوەژیانی ئاشتییانە نامۆبوون و ناتوانن ژیان و ڕێکخستنی
کۆمەڵگە بەبێ بوونی دەوڵەت و سیستەمی نوێنەرایەتی و پاشڕەویی پارتایەتی
و مێگەلبوون بۆ جەنەڕاڵەکانی جەنگ، ژیان وێنا بکەن و بیربکەنەوە. کاتێک
کۆمەڵگە لەو تاکە لەخۆنامۆیانە پێکھاتبێت و دەنگی ناھوشیارانەی ئەوان
ھەڵبژێری سیستەم و کارگێریی کۆمەڵگە و شێوەی ژیان بێت، ئیدی گەندەڵی
ئاسایی‌ترین و سەرەتاییترین دیاردە و تایبەتمەندیی سیستەمی کارگێڕیی و
کۆمەڵگە دەبێت، بەواتایەکی دیکە گەندەڵی ڕامیاریی، بە ھۆی ڕامبوونی
تاکی چەوساوە و ژێردەستەوە، کۆمەڵایەتی دەبێتەوە و دوا تەون و ڕایەڵەی
پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان بۆگەندەکات و ھەموو تاکێک دەکاتە دژی
تاکەکانی دیکە و پشێوییەکی کۆمەڵایەتیی وەھا دروستدەکات، کە تاکی
ناھوشیار و دۆشداماو و دەستەمۆ، ھەردەم وێڵی سەرۆکی باش و دەوڵەتی باش
و پارلەمانی باش و نوێنەری باش بێت و بە کایەکردن و ختووکەدانی
دەمارگیریی ئایینی و ناوچەگەریی و شارچییەتی و ناسیونالیستی لەلایەن
کەسانی ڕامکارەوە، جەنڕاڵەکانی مرۆڤکوشتنی لێدەبێتە فریادڕەس!
بۆ له‌گه‌ڵ مارکسیزمه‌کان ناکه‌ونه گفتوگۆ و
کاری هاوبه‌ش؟
بەر لەوەی وەڵام بەخودی پرسیارەکە بدەمەوە، بەپێویستی دەزانم ئەوە
ڕۆشنبکەمەوە، کە چەمکی هزریی لەتەک هەڵگری هزر، لە تەواوی زمانەکانی
دونیادا دوو واژە و کاربردی جیاوازیان هەیە، چونکە "مارکسیزم" چەمکێکی
ئایدیۆلۆجییە و بۆ کۆی ئەدەبیاتی "مارکسیست"ەکان بەکاردەبرێت، لەم
پرسیارەدا بەکاربردنی وەک چەمک هەڵەیە و ناتوانێت ئاماژەبێت بە
هەڵگرانی ئایدیۆلۆجیاکە [مارکسیستەکان].
ئەگەر مارکسیسته‌کان باوەڕییان بە خەباتی سەربەخۆی جەماوەریی لەسەر
بنەمای «خۆجێی ببزوێ و جیهانی بیربکەرەوە» و دوور لە پاشکۆیی بۆ پارت و
گروپەکانیان هەیە، ئەوا هیچ پێویستمان بە ڕێککەوتن نابێت و خۆبەخۆ
لەتەک ئەنارکییەکانا لەو بوارەدا یەکدەست دەبن. بەڵام کاتێک ئەوان وەک
پارتە بۆرجوازییەکان خەریکی دەستەمۆکردن و پاشکۆکردنی بزووتنەوە
کۆمەڵایەتییەکان بن و هەر بیرکردنەوەیەک لە دەرەوەی ئایدیۆلۆجیاکەیان
ڕەتبکەنەوە و ڕێکخراوی کۆمیتەیی بۆ چین و توێژە کۆمەڵایەتییەکان
قوتبکەنەوە و گیانی دەستەگەریی (سکتاریزم) تەشەپێبدەن و هەر
دەستبەکاربوونێکی ئازادانەی تاکەکان لەژێر چەکمەی پۆڵایی نێوەندگەرایی
و بڕیارە نێوەندیی و قوچکەییەکانیاندا بپڵیشێننەوە، ئەوا بە بۆچوونی من
نابێت کەمتر لە دژایەتی بۆرجوا دەسەڵاتدارەکان، دژایەتییان بکرێت.
من بۆ خۆم، وەک کەسێک، کە سەرەتای چالاکی "ڕامیاری"یم بە ئەندامبوونی "کۆمەڵەی
ڕەنجدەرانی کوردستان" دەستپێکردووە و بە وازھێنانم لە ئەندامەتی "ڕەوتی
کۆمونیست" کۆتاییھاتووە، لە مەیدانی خەباتی جەماوەرییدا خاوەنی
خەروارێک ئەزموونی کەسییم و ھەردەم تای تەرازووی خەباتی ڕۆژانەم بەلای
سەربەخۆیی خەباتی جەماوەریی و بەرگرتن لە سیکتاریزم شکاوەتەوە و
لەبەرئەوە لەلایەن ھاوڕێکخراوەییەکانمەوە دژایەتیکراوم و ھەوڵی
تەریکخرانەوەم دراوە. ھەر بەو پێیە بە ئەزموون گەیشتوومەتە ئەو بڕوایەی
کە گروپ و پارتی ڕامیاریی ھەر ناوێک و ھەر بەرنامەیەکیان ھەبێت، بێجگە
لە کەوڵکردن و دەستەمۆکردن و کەرتکەرتکردنی خەباتی جەماوەریی بۆ
ئامانجی پارتیی و دەسەڵاتخوازیی ئەندامانی باڵا، ھیچی دیکە نەبووە و
نییە و هیچی دیکەشی بەرهەمنەهێناوە. لەبەرئەوە ھەموو کارکردن و
ھاریکارییکردنێک لەتەک گروپی ڕامیارییدا ڕەتدەکەمەوە و بەھیچ شێوەیەک
متمانەیان نادەمێ. ئەم بۆچوونەم تەنیا لەمەڕ گروپ و پارتە
کۆمونیستەکانی کوردستان بەرتەسکنابێتەوە، بەڵکو لە سەراپای مێژوودا هەر
لە یەکێتی کۆمونیستەکان [یەکەمین پارتی کۆمونیستی] کە بە بەیاننامەیەکی
خودی مارکس و ئەنگلس لەدەرەوەی ویستی ئەندامانی هەڵوەشێنرایەوە تا
پارتی سۆشیال-دێمۆکراتی ئا‌ڵمانیا و دواتر هەزاران پارتی کۆمونیستی دیکە
و تا دەگاتە دواترینیان لە هەرێمی کوردستان [مشتەقاتەکانی کۆمونیزمی
کرێکاری] تەنیا دەمارگیری دەستەگەریی و جیابوونەوە و دابەشکردن و
بێهێزکردنی ڕێزی ناڕازییان و کرێکارانی هوشیارییان بەرهەمهێناوە و
دەهێنن. بەپێچەوانەوەی خۆشباوەڕیی و گۆشەگیریی ئایدیۆلۆجی هەندێک
ئازیزەوە، بە بۆچوونی من ئەوەی ڕامیاران و پارتە کۆمونیستەکان لە ماوەی
سەدە و نیوێکدا بۆ دژەشۆڕش و سەروەریی چینایەتی ئەنجامیانداوە، سەراپای
کۆمەڵگەی چینایەتی خودی ئیمپراتۆرییەکان دەوڵەتەکان و پارتە
ناسیونالیست و مەزهەبییەکان نەیانتوانیوە ئەنجامیبدەن. ئەوەش تەنیا
لەبەر یەک هۆکاری زۆر سادە و ئاشکرا، کە سەرەوەران و دەزگەکانیان
نەیانتوانیوە هێندەی مارکسیستەکان، چەوساوان بە دەوڵەتی باش و سەروەری
دادگەر و پارتی باش و پارلەمان خۆشباوەڕبکەن، هەموو ئەوانەش بەناوی
خودی کرێکاران ولەژێر دێوجامەی سۆشیالیزم‌دا توانیویانە نارازییان
فریوبدەن و بەداخەوە هێشتاکەش بازاری ئەو فریوکارییانە گەرمە.
__________________________________
بەشی
چوارەم:
www.emrro.com/nojenkirdinewey4.htm
بەشی
سێیەم:
www.emrro.com/nojenkirdinewey3.htm
بەشی
دووەم:
www.emrro.com/nojenkirdinewey2.htm
بەشی یەکەم:
www.emrro.com/nojenkirdinewey1.htm
ماڵپه‌ڕی هه‌ژێن
|