٧\٤\٢٠١٤
نۆژهنكردنهوهی
وەڵامهكان.
هەژێن
- بەشی
هەشتەم -
ئەگەر
پێمانوابێت، وەڵامەکانی ئێمە تەواو و دوا دەرکی مرۆڤایەتین، ئەوا
خەریکین لە خۆمان بتێک سازدەکەین. ھەروەھا ئەگەر پێمانوابێت، ئەو
سیستەمی ڕێکخستنەی کۆمەڵگە، کە ئێمە خەباتی بۆ دەکەین، دوایین
چاوەڕوانی و گەشەیەکە، کە مرۆڤایەتی پێیدەگات، ئەوا دیسانەوە خەریکین
پووچگەراییەکی دی لە تەپوتۆزی پۆوچگەراییەکانی دیکە، چێدەکەینەوە.
سۆشیالیزم بەھەشتێک نییە لە ئاسمانەکانەوە دایگرین و لە پەڕاوی
ئەفسانەکاندا بیدۆزینەوە و مۆدێرنیزەی بکەین، سۆشیالیزم خەونی مرۆڤی
زیندووە و بە پراکتیکی شۆڕشگێڕانە کەتواریی دەبێتەوە و سەرکەوتنیشی لە
کولتووربوویندا دەبێت، بەبێ ئەوە، لە خەیاڵی گۆشەگیرانە و فەنتازی
ئایدیالیستانە بەولاوەتر نابێت.
ئایا ئازادی ڕهها که ئێوه باوهڕتان پێی ههیه،
نابێته هۆی پێشێڵی ئازادی کهسانێک لهلایهن کهسانێکی دیکەهوه؟
ئازادی ڕەها وەک بۆرجواکان و دەسەڵاتخوازان دەیانەوێت بیشێوێنن، بە
واتای ملهوڕی کەسانێک نایێت، بەلکو بە واتای ئەوە دێت، ئازادی من لە
ئازادی تۆوە دەستپێدەکات و ئازادی کەسانی دیکە دەبێتە مسۆگەرگەر و
دابینگەری. ئازادی لە ڕێکەوتنی کۆمەڵایەتی لەسەر بنەمای یەکسانی
هەمووان و دادپەروەری بەدی دێت. ئەنارکییەکان لەمێژە لە بەرامبەر
پاگەندەی لیبراڵەکاندا کە دارایی تایبەت بە مەرجی بوونی ئازادی دەبینن
و لە بەرامبەر پاگەندەی مارکسیستهکاندا کە یەکسانی تەنیا لە سایەی
دەسەڵاتی قەرەقوشیانەی پارتەکەیاندا دەبینن، دەڵێن «ئازادی بەبێ
یەکسانی، بەهرەکێشییە، یەکسانیش بەبێ ئازادی، کۆیلەتییە» و بە بۆچوونی
منیش بەبێ ئازادی لە کۆتوبەندە ئابوورییەکان و یەکسانی هەمووان لە
دەسەڵاتدا، دادپەوەرییش ئەفسانەیە!
ئەگەر وێناکردنمان بۆ ئازادی ئەو مافەبێت، کە سەروەران یا هێزێکی
دەرەوەی خۆمان دیاریدەکەن و پێماندەبەخشن و هەل و پانتاییەکی یەک شەو و
ڕۆژە بۆ توانایەکانمان پەیدابووبێت، بێگومان تاکە هارکراوەکان یا
هاربووەکان دەتوانن ئازادی ئەوانی دیکەی بەمێگەلکراو بەرتەسکبکەنەوە و
بخەنە مەترسییەوە. بەڵام ئازادییەک کە بنەماکەی خودهوشیاریی تاکەکان
بێت بە هاودەردی و هاوبەرژەوەندیی و هاوخواستیی و هاومافیی ئەوانی دیکە،
ئەوا هیچ کات نابێتە دروستکەری ئەو بارودۆخە ترسێنەرە. وەها
خودهوشیارییەک پرۆسێسێکی درێژماوەی چەکەرەکردووی مەیدانەکانی خەباتی
جەماوەریی و کۆمەڵایەتییە، واتە تاکەکان لە هاوبەشیی و گشتێتی ئەو
خەباتەدا کەسایەتی و ئازادی خۆیان نازدەکەن و ئەوە دەرکدەکەن و بەو
سەرەنجامە هوشیارانەیە دەگەنن، کە ئازادی هەر کەس لە ئازادی گشتدایە و
ئازادی گشتیش لە ئازادی تاکەکاندا بەرجەستەدەبێت و مسۆگەردەبێت. هەروا
سنووری ئازادی هەر تاکێکێش بە ئازادی ئەوی دیکە دیاریدەکرێت، بەڵام
خودی ئازادی تەنیا کاتێک واتا پەیادەکات و دەگاتە ئاستی بێسنووریی، کە
تاک لە کۆتوبەندە ئابووریی و ڕامیاریی و کولتوورییەکان ڕزگاری بووبێت و
یەکسانی ماف و دەسەڵات بۆ هەمووان مسۆگەربووبێت و هەمووان لە هارمۆنی
کۆمەڵگەدا بژین و ئازادی و دەسەڵاتییان دەرببڕن.
کاتێک کە ئازادی ڕەها لەسەر بنەمای خۆڕزگارکردن و ئازادبوونی تاک لە
هێزە دەرەکییەکان و پشتئەستووبوونی ئەو ئازادییە بە هاوپشتی و
هەرەوەزیی کۆمەڵایەتی لە پڕۆسێسی خەباتی کۆمەڵایەتیدا بێتەدی و شۆڕشی
کۆمەڵایەتی ڕێکخەری بێت، ئەوا هەرگیز سەرەنجامی ڕەهابوونی تاک لە
ئازادیدا بە ملهوڕیی و زەوتکردن و بەزاندنی سنووری ئازادی کەسیی ئەوانی
دیکە کۆتایینایێت. بەڵام ئەگەر تاکەکان لە چاوەڕوانی بەدیهاتنی یەک
شەوڕۆژەی ئەو ئازادییە لە سایەی بەدەسەڵاتگەییشتنی پارتێک یا
لەقاڵبدانی ژیان لە چوارچێوەی ئایدیۆلۆجییەکدا بن، ئەوا بەدڵنییاییەوە
هەم ئازادی ڕەها بوونی نابێت و هەم ئەگەر ئەفسانەی ئاوا "ئازادی ڕەها
لە سایەی سەروەریی پارت و فەرمانداریی و دەوڵەتی بەناو کرێکاریی" ببێتە
شتێکی کەتواریی، ئەوا تاکەکان کە لە پرۆسێسێکی خۆڕزگارییدا پەروەردە
نەبوون و هێشتا پەروەردەی کۆمەڵگەی سەرمایەدارین، یەک شەووڕۆژە نابنە
فریشتەی ئازادی و بە دڵنیاییەوە درێژە بە ملهوڕییەکانی کەسایەتی
بۆرجوازییان دەدەنەوە. هەر ئەم هۆکارانەیە، کە ئەنارکییەکانی
گەیاندووەتە ئەو بڕوایەی کە گۆرانی تاک لە کەسایەتی بۆرجوازییەوە بۆ
کەسایەتی سۆشیالیستی لە ئەم ڕۆژەوە و هەر لەم کۆمەڵگە ناسۆشیالیستییەدا
دەستپێدەکات و لە ڕەوتی خەباتی جەماوەریی و کۆمەڵایەتییدا خۆی
پەروەردەدەکات، نەک لە ساتی سەرکەوتنی ڕاپەڕین و ڕوخانی دەوڵەتی
سەرمایەدارییەوە!
باشه ئهگهر ئێوه حکومهتی کرێکاری و حکومهت
به ههموو یوهکانییهوه ڕهتدهکهنهوه، چ جۆره فۆرم و ئاڵتهرنایفێکتان
بۆ ڕێکخستنی کۆمهڵگا ههیه؟
ئەمە پرسیارێکی گرنگە و وەڵامێکی تێروتەسەل دەخوازێت، کە لێرەدا
بڕواناکەم بتوانرێت بچینە سەر هەموو لایەنەکانی، بەڵام بەکورتی دەتوانم
بڵێم، ئەنارکییەکان دەوڵەت و بەڕێوەبەرایەتی قوچکەیی ڕەتدەکەنەوە،
لەبەرئەوەی کە ئەو شێوانە لە ڕێکخستنی کۆمەڵگە، سەروەری کەسانیک بەسەر
کەسانێکی دیکەدا مسۆگەردەکەن، کەواتە بۆ ڕەتکردنەوەیان، پێویستە
شێوازێکی دیکە لە ڕێکخستن و بەڕێوەبەرایەتی بگیردرێتەبەر، کە
بەرئەنجامێکی پێچەوانەی ئەوەی ئێستا هەیە، بەدەستەوە بدات. واتە لە
پایەکانی سەروەری و دەستەمۆبوونی مرۆڤ بدات، ئەویش خۆبەرێوەبەرایەتی
هەرەوەزییانەیە، واتە هەمووان لە کار و فەرماندا بەشداردەبن، هەر بەو
جۆرەش دەبێت لە بەڕێوەبەردن و ڕێکخستنی ژیانیاندا بەشداربن. ئەمەش بە
یەکێتی ئازادانە و ڕێکخستنی زنجیرەیی شوێنەکانی کار و ژیان دەکرێت.
بۆئەوەی بەر بە دروستبوونەوەی سەروەری دەستەمۆکردن بگرین، پێویستە لە
شێوازی نێوەندیبوونی بەڕێوەبەرایەتییەکان بدرێت و بڕیارەکان بۆ پێکهاتە
خۆجێییەکان [ئەنجومەن، شورا ، سۆڤیەت، کۆمونە و هەرچی دیکە] بگەرێنەوە
و ئەوانیش لەسەر بنەمای ئازادی و یەکسانی و هاوپشتی، دادپەوەری
کۆمەڵایەتی مسۆگەر بکەن و خۆیان لە ئاستێکی فراوانتردا ڕێکبخەنەوە.
بەکورتی، پێش هەموو شتێک پێویستمان بە لێدان و هەڵوەشاندنەوەی نێوەندیی
ڕێکخستن هەیە، ئیدی ڕێکخستنی خێزانێک بێت یا ڕێکخستنی تیپێکی وەرزشیی و
ڕێکخراوێکی جەماوەریی و کارخانەیەک و دەزگەکانی بەڕێوەبردنی کۆمەڵگەکان
بێت، واتە ڕێکخسینەوەی کۆمەڵگە لە شێوەیی پێکهاتەی ئاسۆیی؛ یەکسانی
هەموو ئەندامانی لە بڕیاردان و جێبەجێکردن یا ڕەتکردنەوە و
سەرپێچییکردن. ئەمەش دەبێتە هەڵوەشاندنەوەی گوتەی "دەوڵەت - وڵات -
سەرتاسەریی". بە واتایەکی دیکە کۆمەڵگە نانێوەندییەکان دەبنە یەکەی
پێکهێنەری یەکێتییە ئازادەکان لە فێدراسیۆن و کۆنفێدراسێۆنەکاندا.
ئەگەر وردتری بکەمەوە، دەکاتە ئەوەی هەموو گوندێک خۆبەڕێوەبەرایەتی خۆی
دەبێت، لە یەکێتییەکی ئازادانەدا لەتەک گوندەکانی دەوروبەری
یەکدەگرنەوە و فێدراسیۆنە ناوچەییەکان پێکدەهێنن. لەسەر ئاستی شارە
گەورەکانیش ئەنجومەن/ شورای گەڕەکەکان خۆبەڕێوەبەرایەتی گەڕەکەکان
پێکدەهێێن و لەتەک خۆبەڕێوەبەرایەتی گەڕەکەکان و کارگەکان و
کارگێڕییەکان و خوێندنگە و نێوەندەکانی دیکە یەکدەگرنەوە و فێدراسیۆن
یا ئەنجومەن/ شورای شار خۆبەڕێوەبەرایەتی شار پێکدەهێنن و یەکگرتنەوەی
فێدراسیۆنە ناوچەییەکان و شاریییەکان، فێدراسیۆنی هەرێمیی پێکدەهێنن و
یەکگرتنەوەی ئازادانەی فێدراسیۆنە هەرێمییەکان، کۆنفێدراسیۆنەکان
پێدەهێنن. بەم جۆرە ئەم زنجیرەیە لە یەکگرتن و پێکهاتن کیشوەریی و
جیهانی دەبێتەوە. بەڵام لەبیرمان نەچێت ئەم پێکهاتنانە بەبێ یەکێتی و
هاوپشتی هەرەوەزییە ئازادەکان و گروپە خۆجییەکان و خۆبەڕێوەبەڕایەتیی
دەزگە و نێوەندەکان، هەرگیز مەیسەر نابێت. لەمەش گرنگتر هەنگاونان و
کارکردنی هەر ڕۆژەیە هەر لە ئێستاوە لەنێو ڕێکخراوە جەماوەرییە
سەربەخۆکان و لە ڕەوتی خەباتی کۆمەڵایەتییدا بۆ جێخستنی وەها ژیان و
ڕێکخستن و کارکردن و پێکهاتنێک.
ئهگهر ئێوه دەسەڵات بگرنه دهست، ئایا بوونی مزگهوت و کلیسا و کهنیسه
و تێمپلهکان چی بهسهر دێت، ئهی مانگاپهرستی چی؟
بەر لە هەموو شتێک ئەنارکییەکان هەوڵی بەدەستهێنانی دەسەڵات نادەن،
بەڵکو هەوڵی لەنێوبردنی هەموو دەسەڵاتێکی سەروو خەڵکی دەدەن، بە
واتایەکی دیکە، هەر ئاوا پێیانوایه کە هەموو تاکێک توانانی
خۆڕزگارکردن و خەباتکردنی هەیە، هەر ئاواش هەموو تاکێک توانی
خۆبەڕێوەبردن و بریاردانی هەیە. بەم جۆرە خۆبەڕێوەبەرایەتی کۆمەڵگە
ئەرکی هەمووان دەبێت و پێویستمان بە ڕابەریی و سەروەریی هیچ کەس نییە و
نابێت، تاوەکو کۆمەڵگە بە فەرماندان و سەرەنێزە ڕێکبخات و ڕابگرێت.
هەروەها هەر ئاوا کە ئەنارکییەکان بیرکردنەوە وەک ئازادی تاکەکەسی
لەبەرچاو دەگرن، ئایینیش وەک شتێکی تایبەت و تاکەکەسی لەبەرچاو دەگرن.
بەڵام کاتێک کە ئایین و ئەو نێوەندانە بکرێنە شوێنی دژایەتی کۆمەڵگە،
ئەوسا ئەوە ئەرکی گشت ئەندامانی کۆمەڵگەیە، چۆن هەڵوێست وەردەگرێت، نەک
ئەنارکییەکان لە جیاتی خەڵکی. چونکە ئەنارکییەکان تاکی ئاسایی کۆمەڵگەن
و تەنیا بەو ڕادەی کە هوشیارن و دەرکی پرسێک دەکەن، ئەرک و خەباتی
زیاتریان دەکەوێت ئەستۆ، ئەرک و خەبات نەک فەرماندان و دەسەڵات و
سەروەری و بڕیاری قەرەقوشییانە بەناوی خەڵکەوە!
لەسەر ئەو بنەمایە، ئایین پرسێکی تاکەکەسییە و بوونی پەرستگەکان وەک
هەر شوێنێکی گشتی، پەیوەندی بە کۆمەڵگەکانەوە هەیە، واتە ئەوە گوند و
شارەوانییەکانن کە بڕیاردەدەن، تازەبکرێنەوە، گەورەبکرێن یا
بچووکبکرێنەوە و بڕوخێندرێن. هەر ئاوا کە کەسانێکی وەرزشگەر مافی
ئەوەیان هەیە، وەرزشگە و تیپێکی تایبەت بە خۆیان هەبێت، بە هەمان شێوە
پێویستە و دەبێت ئایینداران یا بێئایینان مافی ئەوەیان هەبێت پەرەستگە
یا شوێنی کۆبووەنوەی گشتییان هەبێت، بەڵام یەک شت دەبێت ڕۆشنبێت، کە
چالاکی ئایینی وەک چالاکی وەرزشیی و هونەریی و ئارەزووەکانی دیکە، بە
پیشەی کۆمەڵایەتی لەبەرچاوناگیردرێت و هیچ پاداشتێکی نابێت، بەڵام
ئاییندارانیش وەک گشت دەتوانن لە تواناییەکانی کۆمەڵگە بەهرەمەندبن.
سەرەرای ئەوەش دیسانەوە ئەوە خودی کۆمەڵگەکان [گوند و شارەوانییەکان]ن،
کە بڕیاردەدەن، چۆن بێت و چی بکرێت، هەروەها لەو بارەوە هیچ کۆموڵگەیەک
پابەندی بڕیاری کۆمەڵگەکەی هاوسێی نابێت.
ئەمە خوێندنەوە و تێڕوانینی منە بۆ کۆمەڵگەیەک کە ئارەزوویی دەکەم و
ئاوا تێدەگەم، کە کۆمەڵگەی ئازاد، هەر ناوێکی هەبێت، پێویستە لەسەر ئەو
بنەمایانە ڕێکبخرێت، ئەگەر نا، دواجار سەری لە قەرەقووشییەکانی سەردەمی
بۆلشەڤیکەکانەوە دەردەجێت.
باشه، کامانهن ئهو کارانهی که ئێوه له خهباتدا
بۆ ههڵخراندن و ڕێکخستنی خهڵک ئهنجامیان دهدهن، کاتێک که ئێوه
ههموو لێپرسراوهتییهک و رابهرییهک ڕهتدهکهنهوه؟
ئازیزم، کار و خەباتکردن، خۆبەڕابەرکردن و خۆبەڕابەرزانین نییە.
خەباتکردن پێویستی بە ناوبانگ و پلە و پایەی ڕامیاریی نییە، خەباتکردن
ئەرکی کۆمەڵایەتییە و ئەرکی کۆمەڵایەتیش، کارێکی خۆبەخشانە و
خۆویستانەیە. کاتێک کە کەسێک خۆبەخشانە و خۆویستانە کارێکی کۆمەڵایەتی
ئەنجامدەدات، نە پێویستی بە ڕابەر هەیە تا فەرمانی جێبەجێکردنی کارەکەی
بەسەردا بدات، نە پێویستی بە ڕابەربوونە، تا فەرمان بەسەر کەسانی
دیکەدا بدات، بۆ ئەوەی کارەکە جێبەجێیبکەن. تەنیا شتێک کە پێویستییەتی،
خۆبڕیاردان و خۆجێبەجێکردنە، کە دەکاتە لێپرسراوەتی کۆمەڵایەتیی.
ئەنارکییەکان لە شوێنی کار و ژیانی خۆیاندا وەک تاکێک لە خەباتی
ڕۆژاندا بە بۆچوونی تاکیی خۆیانەوە بەشداریدەکەن و ئەوەی دەیڵێن، هەوڵی
کردەییکردنەوەی دەدەن و چاوەرێی دەرچوونی فەرمان لە هیچ کەسێکەوە ناکەن
و فەرمانیش بەسەر کەسی دیکەدا نادەن. واتە نە خۆیان لەسەرووی خەڵکەوە
دەبینن و نە خەڵکیش لە سەرووی خۆیانەوە. ئەمەش بۆ ئەو بنەمایە
دەگەڕێتەوە، کە ئەوان پێویستیان بەناونان و بڕوایان بە خۆقوتکردنەوە
وەک نوێنەر و قسەکەری ئەنارکیستەکان نییە و هەر کەس لە شوێنی کار و
ژیانی خۆیدا وەک کەسێک بەشداری خەباتی جەماوەریی و کۆمەڵایەتی دەکات و
هەوڵی بۆچوونگۆرینەوە و گفتوگۆکردن لەسەر پرسەکانی ئەو چین و توێژە یا
ئەو ڕێکخراو و گروپە خۆجییە لەو ڕۆژەدا دەکات و خۆی لە بیرکردنەوە و
گفتار و کرداری خۆی بەرپرسە و نوێنەرایەتی کەس ناکات و بەناوی کەسانی
دیکەوە قسەناکات و باشترین شوێنیش بۆ چالاکیکردنی چالاکێکی ئەنارکیست،
شوێنی ژیان و کار و خوێندن و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانییەتی، نەک
خۆهەڵقورتاندنە کاری شوێن و گروپ و ڕێکخراوەکانی دیکە. ئەمەش بەو
بنەمایە پشتئەستوورە، کە دەبێژێت "خۆجێی چالاکی بکە و جیهانی هاوپشتی
بە و بیربکەرەوە".
من بهرچاوم نهکهوتووه که ئێوه شیعاری جیایی دین له دهوڵهت و
کۆمهڵگهی سکیولار بهرز بکهنهوه، بۆچی، ههر لهبهرئهوهی که
مارکسیستهکان و عیلمانیهکان ئهو دروشمانه بهرزدهکهنهوه؟
ئەگەر بە کورتی بیبڕمەوە، ئەوا دەڵێم من ئەم دروشمە بەهەندوەرناگرم،
لەبەرئەوەی کە دروشمێکی فریودەرانەیە. جیاکردنەوەی ئایین لە دەوڵەت،
ڕێک وەک جیاکردنەوەی سێبەرە لە تەن ! دەوڵەت بەخۆی زەمینیکردنەوەی
دەسەڵاتی خوای ئەفسانەکانە، واتە بە خواکردنی مرۆڤی دارا و دەسەڵاتدارە.
لە باری یەکەمدا، کە مرۆڤی دەسەڵاتدار لەژێر پەردەی دەسەڵاتی خوادا
پاوانگەریی خۆی بەسەر ئەوانی دیکەدا دەسەپێنێت و خۆی وەک جێبەجێکەری
فەرمانی هێزێکی نامرۆیی لە ئاسمان نماییشدەکات، لە باری دووەمدا، لەژێر
کارایی هوشیاربوونەوەی تاکە ژێردەستەکان و یاخیبوونیان و سەرهەڵدانی
ڕاپەڕینەکاندا و زاڵبوونی بەڵگە زانستییەکان بەسەر ئەفسانەکانی خوادا،
ناچاردەبێت بەناوی خۆیەوە ئەو فەرامانانە نمایشبکات. بۆ ئەوەش پێویستی
بە پیکهاتەیەکی تۆکمەتری قووچکەیی هەبوو، بۆ ئەو مەبەستە دەوڵەتی
ئاسمانی پێکهاتوو لە سێکوچکەی ( خوا - پەرتووکی پیرۆز- کەنیسە و
ئیمپراتۆر) لە دەوڵەتی هاوچەرخ "دەوڵەتی نەتەوەیی/ سێکیولار" لەسەر
سێکوچکەی (پارلەمان - یاسا و ڕەایەتیدان - سەپێنەر [فەرماندار])
دادەڕێژێتەوە و ناوی دەنێت جیایی ئایین لە دەوڵەت!
بەڵام ئەگەر بە وردی سەرنجی ئەو دوو فۆرمە لە دەسەڵات [چ کلیسایی و چ
پارلەمانی] بدەین، ئەوە دەبینین، کە هیچ لە پێکهاتەی دەسەڵات
نەگۆڕدراوە و تاکی ژێردەست هەمان ڕێوشوێنی پێشووی هەیە و پارێزراوە،
تەنیا شتێک کە گۆڕادراوە، گۆڕانی شوناسی ڕواڵەتیی تاکە لە "کۆیلەی خوا
/ کەنیسە"وە کراوە بە "هاووڵاتی / کۆیلەی دەوڵەت [سیستەمی ڕامیاریی]" و
ڕێکخستن لەسەر بنەمای (خوا - کۆیلە) هەر وەک خۆی ماوەتەوە. بێجگە لەوەش،
ئەگەر سەروەریی ئیمپراتۆر تەنیا پێویستی بەیەک ئایدیلۆجیا بووبێت، کە
ئایینە، ئەوا دەوڵەتی هاوچەرخ بێجگە لە ئایین، پێویستی بە کۆمەڵێک
ئایدیۆلۆجیی دیکەش هەیە؛ دیارترینیان ناسیونالیزمە، کە پاش کەمبوونەوەی
کارایی ئایین لەسەر تاکە ژێردەستەکان، توانی جێگەی دەبەنگکەریی مەزهەب
بگرێتەوە.
ئەگەر بمەوێت لە ڕوانگەی هزری ئەنارکییەوە ئەو دروشمە ڕاستبکەمەوە،
ئەوا دەبێتە «جیایی دەوڵەت لە کۆمەڵگە و کاروباری کۆمەڵایەتی». چونکە
دەوڵەت خۆی پێکهاتەیەکی سەر و خوارە و لەسەر بنەمای خوا و کۆیلە،
فەرماندەر و فەرمانبەر دامەزراوە. دەوڵەت کۆپی دەسەڵاتی خوای
ئایینەکانە، ھەروەک چۆن سۆشیالیزمی دەوڵەتی کۆپی و ھەوڵی دونیاییکردنی
بەھەشتی ئایینەکانە.
دەوڵەتە ئەوروپییەکان و تەنانەت دەوڵەتی ئیسرائیل و (تورکیە)ش
سێکیولارن، ئایا لەو دەوڵەتانەدا ئایین هیچ کاراییەکی لەسەر بڕیارەکان
نییە؟ ئایا بەتەواوەتی لە سیستەمی خوێند و پەروەرەدە دابڕاوە و
دەستکۆتاکراوە؟ ئایا دەوڵەت وەک لە سعودیە و ئێران و ڤاتیکان، هەر
دەوڵەتی چیناتیەتی نییە؟ دەوڵەتانی بلۆکی ڕوسیای جاران و بلۆکی چین
نائایینی بوون و تەنانەت ئایین تیایاندا بەجۆرێک قەدەخە بوو، ئایا
دەوڵەتی چینایەتی نەبوون؟ لەبەرئەوە، ئایا پێکهێنانی دەوڵەتی سێکیولار
[دێمۆکراسی پارلەمانی] لەجێی دەوڵەتە تیئۆکراسییەکان، ئامانجی
بزووتنەوەی سۆشیالیستخوازە و کۆتایی بە ئامانجگەییشتنمانە؟ ئەگەر وەڵام
[نا/ نە]یە، ئیدی ئەو هەموو وزە بەخەرجدانەی بزووتنەوەکە لەپێناو
دروستکردنی فەرمانداریی و دەوڵەتی سیکیولاریست، لەلایەن کەسان و گروپ و
پارتانێکەوە، کە پاگەندەی سۆشیالیستبوون دەکەن، لەپێناو چییە؟
ھەڵبەتە ئەوەشمان لەبیرنەچێت، کە جیایی ئایین لە دەوڵەت لە
دیمۆکراتترین [دێمۆکراتی پارلەمانی] و سێکیۆلاریستترین دەوڵەتانی
ئەوروپادا بوونی نییە و ئایین بێدەسەڵات نییە و لە دەوڵەت دابڕاو نییە.
نموونە، لە وڵاتانی ئەوروپی دەسەڵاتی ئابووریی کەنیسە لە پاش دەسەڵاتی
دەوڵەتەوە ھاتووە و ئێستا لە پێش دەوڵەتەوەیە، لەبەرئەوەی کە دەوڵەتە
سێکیۆلاریستەکانی ئەوروپا بەھۆی ڕامیاریی تایبەتیکردنی کەرتەکانی
بەرھەمھێنان و کەرتە خزمەتگوزارییەکان و خانووبەرەوە، قەرزاری
بانکەکانن و جاران کە ھۆساری دەوڵەت بەدەست کەنیسەوە بوو، ئێستا ھۆساری
دەوڵەتە سێکولاریستەکان بەدەست بانکەکانەوەیە، بەڵام کەنیسە و
دامەزراوەکانی بەراورد بە دەوڵەت، سەربەخۆیی ئابوورییان زیاترە.
ھەروەھا ڕۆڵی دەزگە ئایینییەکان لە پەروەردە و فێرکردندا [بە
دیاریکراوی لە ساڵانی ھەرە گرنگ و ھەستیار و چارەنووسسازی منداڵاندا،
واتە باخچەی مناڵان و فێرگەی سەرەتایی] لە پاش دەوڵەتەوەیە؛ دەتوانین
بڵێین کە ژمارەی باخچەی ساوایان و فێرگەکانی سەر بە لکەکانی کەنیسە،
ئەگەر لە ژمارەی باخچەی ساوایان و فێرگە دەوڵەتییەکان زیاتر نەبێت، زۆر
کەمتر نییە. بێجگە لەوەی کە دەسەڵاتی ئابووری کەنیسە و دامەزراوەکانی
لە دەوڵەت زیاترە، کەنیسە لە بەرامبەر وەرگرتنی منداڵان لە باخچە و
فێرگەکانیدا لەلایەن دەوڵەتەکانەوە ھاریکاری و پشتیوانی دارایی
وەردەگرێت، بەڵام لە بەرامبەردا کەنیسە ئازادە لە سەپاندنی ئایین بەسەر
مناڵاندا لە شەش مانگییەوە تا شەش ساڵی. ھەورەھا ھەر سەرپەشتیگەر یا
فێرکارێک کە ئایینی نەبێت یا ئایینێکی دیکەی ناکریستی ھەبێت، ماف و
چانسی بەدەستھێنانی کار و وانەگوتنەوەی لە باخچە و فێرگەکانی کەنیسەدا
نییە. لەمەش خراپتر ئەوەیە کە منداڵانی فێرگەکان لە ڕۆژاێکی هەفتەدا
وەک بەشێک لە وانەی ئایین، بە کۆمەڵ دەبەنە کەنیسەکان و وێردیان
پێدەخوێنن !
ئەگەر لەمەش بگوزەرێین، دانەری یاسای دەوڵەتەکانی وڵاتانێک، کە ئایینی
زۆرینەیان ئیسلامە، دەستی پشتپەردەی دەوڵەتە سێکیۆلاریستەکانە. ئایا
سێکیۆلاریزمی وردەبۆرجوازی گلەییکەر [گلەییکەر نەک ڕەخنەگر و ڕەتگەرەوە]
لە سەرکوتی مەزهەبیی و ڕامیاریی، کە دەیەوێت بە پاشگرکردنی سۆشیالیزم و
کۆمونیزم بۆ پارتە دەسەڵاتخوازەکانی، کۆمەڵگەی ژێر چەپۆکی دەوڵەتانی
سێکولاری ئەوروپی لە ئێمەی بکات بە دونیا ئازاد و یەکسان و دادپەروەر،
دەتوانێت لە سێکیۆلاریزمی دەوڵەتانی ئەوروپا باشتر و ڕادیکاڵتر بێت، کە
لەژێر فشاری چەند سەدە خەباتی چەوساوانی ئەو وڵاتانە و وەڵامدانەوە بە
نیازە بازرگانییەکانی سەرمایەداران ملیان بەو ڕیفۆرمانە پێداوە؟
لەبەرئەوە دروشمگەلی "جیایی ئایین لە دەوڵەت" و "دەوڵەتی سێکیولار"،
کۆمەڵێک دروشمگەلی فریودەرانەن، کە وردەبۆرجوازی ناڕازی و دەسەڵاتخواز
[لەپێش ھەموویانەوە پارتە مارکسیست- لێنینست- حیکمەتیستەکان] دەیەوێت
دەوڵەتی چینایەتی بە ڕەنگ و بەرگێکی دیکەوە بە کرێکاران و زەحمەتکێشانی
کوردستان بفرۆشێتەوە. ئەوەی دەوڵەت لە ھەندێک شوێن و ساتی مێژووییدا
ناچارە کاژێک فڕێبدات، بەخۆشی خۆی و خۆبەخشانە نایکات، بەڵکو فشاری
کۆمەڵگە و بەرزبوونەوەی ئاستی و چاوەڕوانی خەڵکە، کە ئەو فشارە
دروستدەکات و دەوڵەت دەخاتە دووڕیانی تیاچوون یا چاکسازیی ناچاریی لە
بەرژەوەندی ژێردەستان.
جیاکردنەوەی ئایین لە کۆمەڵگە تا ئەو کاتەی کە تاکەکانی کۆمەڵگە
پێویستییان پێیەتی و پەیڕەوی دەکەن، ئەستەمە و ھەر زۆردارییەک لە
سەرکوتی ئاییندا، ئایین بەھێزتر و دواجار بەرەو ئایدیۆلۆجیای دەسەڵاتی
دەبات، ھەروەک لە ڕوخانی بلۆکی بۆلشەڤیکیدا دیتمان. لەبەرئەوە تەنیا
ڕۆشنگەریی و ھوشیاریی لە بوارە جیاجیاکانی کۆمەڵگە و ژیاندا دەتوانن
ھۆکارێکی کارابن بۆ ڕەواندنەوەی خۆشباوەڕیی بە پوچگەرایی و ئەفسانەکانی
ئایین، بەڵام ھەر فشار و سەرکوتێک، بەھەمان ڕادە جێفشار و سەرکوت بەھێز
و یەکگرتووتر دەکات. ھەر بۆیە لە جیاتی سەرکوتی ئایین، پێویستە ئایین
وەک پرسێکی کەسیی تاکەکانی کۆمەڵگە ئازادبێت و لە جیاتی جیاکردنەوەی
ئایین لە دەوڵەت، پێویستە دەوڵەت وەک ئامرازی ڕاگرتنی ستەم و پێکھاتەی
قوچکەییانەی خوا و بەندە، وەک کۆپی دەسەڵاتی خواکان لە کۆمەڵگە
جیابکرێتەوە، واتە لەنێوببرێت. لێرەوەشەوە ھەنگاو بۆ ڕەواندنەوەی
خۆشباوەڕیی تاکە چەوساوەکان بە بەدونیاییکردنی بەھەشت بەناوی
سۆشیالیزمەوە [سۆشیالیزمی دەوڵەتی] بنرێت. بە واتایەکی دیکە، ئایین
شتێکی کەسیی تاکەکانە و نابێت گشتگیر بکرێت، دەوڵەت ئامرازی ستەمگەریی
چینایەتییە و سۆشیالیزمی دەوڵەتیش، وێناکردن و دونیاییکردنی بەھەشتی
ئەفسانەکانە!
بە بۆچوونی من، ئەوی بخوازێت خۆشباوەڕیی بە پووچگەرایی ئایین و
نوێنەرایەتی دەسەڵاتداران بۆ خوای ئەفسانەکان بڕەوێنێتەوە، پێویستە لە
نێوەندی ژیان و کارکردن و خوێندن و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان و
خەباتی جەماوەریی و کۆمەڵایەتییدا بڕوابوون بە تواناییەکانی تاک و هێزی
کۆمەڵایەتیی یەکگرتنی ئەو تاکانە و چارەنووسسازیی خەبات و تێکۆشانی
جەماوەریی و کۆمەڵایەتی و وازهێنان و پشتکردنە پێکهاتە و ڕێکخستنە
ڕامیارییەکان و خستنەڕووی هاوبەشییەتی داخوازییەکان و بەرژەوەندییە
کۆمەڵایەتییەکانی هەمووان و ناکۆکییان لەتەک بەرژەوەندی و بڕیارەکانی
دەسەڵاتداران و سەرمایەداران و بەڕێوەبەرەکان و لە توانادابوونی
هێنانەدی ئەو داخوازیی و ئاواتانە لە خەبات و ڕووبەڕووبوونەوەی
یەکگرتووانەی جەماوەریی و کۆمەڵایەتییدا بەرامبەر دەسەڵاتداران و
سەرمایەداران و ڕامیاران و دەرکەوتنی هەڵوێستی پیاوانی ئایینی و پارت و
گروپە ئایینییەکان لەو کیشمەکێشە چێنایەتییەدا. بە تێروانین و
ئەزموونگیریی کەسیی من، بێجگە لەم شێوازە، هەر پەلاماردانێکی ئایین و
خۆشباوەڕیی کەسەکان بە پووچگەرایی ئایین، تەنیا ئەوە بەرهەمدەهێنێتەوە،
کە لە بلۆکی ڕوسیدا بەرهەمیهێنا، واتە زیاتربوونی هەژماری پەرستەگەکان،
یا ئەو ڕەخنە ڕامیاریی و وردەبۆرجوازییانەی کە ڕەوتی "کۆمونیزمی
کارگەریی" وەک دژە-ئیسلامێک ئاراستەی ئایینی باوی کۆمەڵگەی هەرێمی
کوردستانی کردن و بێجگە لە بەهێزکردنی دەمارگیریی ئایینی و توندوتیژی
و هاندان بۆ توندوتیژی، هیچی دیکە نەبوون. چونکە یەکەم، لە سووکایەتی و
جنێودان بە سیموڵەکانی ئەو ئایینە تێنەپەڕین و دووەم، هەوڵێکی ڕامیاریی
بوون و لە بەیاننامە و هەرای ژووری مەسینجەرەکان تێنەپەڕین و لە
مەیدانەکانی خەباتی کۆمەڵایەتییدا نەیانتوانی ببنە چەکی کارا بۆ لێدانی
پایەکانی خۆشباوەڕیی و پووچگەرایی ئایین، بەڵکو دەمارگیریی ئایینی
کرێکاران و زەحمەتکێشانیان بەهێزتر کرد!
__________________________________
بەشی
هەفتەم:
www.emrro.com/nojenkirdinewey7.htm
بەشی
شەشەم:
www.emrro.com/nojenkirdinewey6.htm
بەشی
پێنجەم:
www.emrro.com/nojenkirdinewey5.htm
بەشی
چوارەم:
www.emrro.com/nojenkirdinewey4.htm
بەشی
سێیەم:
www.emrro.com/nojenkirdinewey3.htm
بەشی
دووەم:
www.emrro.com/nojenkirdinewey2.htm
بەشی یەکەم:
www.emrro.com/nojenkirdinewey1.htm
ماڵپهڕی ههژێن
|