١١\٤\٢٠١٤
نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی
وەڵامه‌كان.
هەژێن
- بەشی
نۆیەم -
ئەگەر پێمانوابێت، وەڵامەکانی ئێمە تەواو و دوا دەرکی مرۆڤایەتین، ئەوا
خەریکین لە خۆمان بتێک سازدەکەین. ھەروەھا ئەگەر پێمانوابێت، ئە‌و
سیستەمی ڕێکخستنەی کۆمەڵگە، کە ئێمە خەباتی بۆ دەکەین، دوایین
چاوەڕوانی و گەشەیەکە، کە مرۆڤایەتی پێیدەگات، ئەوا دیسانەوە خەریکین
پووچگەراییەکی دی لە تەپوتۆزی پۆوچگەراییەکانی دیکە، چێدەکەینەوە.
سۆشیالیزم بەھەشتێک نییە لە ئاسمانەکانەوە دایگرین و لە پەڕاوی
ئەفسانەکاندا بیدۆزینەوە و مۆدێرنیزەی بکەین، سۆشیالیزم خەونی مرۆڤی
زیندووە و بە پراکتیکی شۆڕشگێڕانە کەتواریی دەبێتەوە و سەرکەوتنیشی لە
کولتووربوویندا دەبێت، بەبێ ئەوە، لە خەیاڵی گۆشەگیرانە و فەنتازی
ئایدیالیستانە بەولاوەتر نابێت. هەژێن
ئێوه له کۆڕوکۆمه‌ڵه‌کاندا ونن و ئاماده نین، ئیتر ده‌کرێت بزانین
مه‌یدانی خه‌باتی ئیوه کوێیه؟ یا ئه‌وه‌تا بۆ ئێوە پشتی ده‌زگا‌یه‌کی
چاپ و نووسین بووه‌ته هه‌موو مه‌یدانێکی عه‌مه‌لی؟
ئازیزم، بەر لەوەی وەڵامی پرسیارەکەت بدەمەوە، دەکرێت بزانم ئە‌و کۆڕ و
کۆمه‌ڵانەی کە تۆ مەبەستن و ئەنارکییەکان بەشدارییان تێداناکەن،
کامانەن و لە کوێی خەباتی کۆمەڵایەتییدا وەستاون؟
ئەگەر مەبەستت لە سەندیکاکانی سەربەدەسەڵاتە یا ڕێکخراوە پاشکۆکانی
پارتە چەپەکانە، کە ھەر ڕۆژەی لە شوێنێک وەک کارگی بەھاران قوتدەبنەوە
و پاش ماوەیەک بۆگەندەکەن و دەپووکێنەوە، ئەوا بە بۆچوونی من ئەوانە
نەک کۆڕ و کۆمەڵی کرێکاریی و جەماوەریی نین، بەڵکو ھەوڵێکن بۆ
دەستەمۆکردنی دەستبەکاربوونی خۆبەخۆیی جەماوەر و کرێکاران و نەبوونیان
زۆر لە بوونیان باشترە، چونکە باش پووکانەوە و نەزۆکی ھەر یەکەیان،
دونیایەک نائومیدی لای جەماوەر بە خەبات و توانای خۆی، بەجێدەهێڵێت!
لەو بارەوە دەیان نموونەی بیست ساڵی ڕابوردوو لەبەردەستدان، لەوانە "یەکێتی
بێکاران لە کوردستان"، کە ھەزاران کەس خۆی وەک ئەندام تێیدا
ناونووسکردبوو و "ڕێکخراوی سەربەخۆی ئافرەتان"، کە ھەموو شتێک بوو،
تەنیا سەربەخۆ نەبوو، "کۆمەڵەی ئاوارەکانی کوردستان"، ڕێکخراوەکانی
بەناو کرێکاران و کارمەندانی خەستەخانەکان و شورای پەنابەران و لە
سەرووی ئەوانەوە فێدراسیۆنی سەرتاسەری ڕێکخراوە کرێکارییەکانی کوردستان،
کە ھەموویان لەتەک پووکانەوەی پارتەکانی حیکمەتیزم، بوونە مەرەکەبی سەر
کاخەز.
ئە‌و ھەوڵە پارتییانە نەک تەنیا مایەپووچ و دەستەمۆکەری کرێکاران و
زەحمەتکێشانی ناڕازی بوون، لەوەش خراپتر نائومێدگەری دەیان و سەدان
ئەندام بوو، کە لەو ڕێکخراوە پاشکۆییانەدا کۆبووبوونەوە و ھەنووکە
باوەڕیان نە بەخۆیان و نە بەتوانای چینایەتییان نەماوە و قەدەری خۆیان
داوەتە دەست بزووتنەوەی ڕامیاریی وەک لیستی نیئۆجەلالییەکان (لیستی
گۆڕان).
بە بۆچوونی من، ئەگەر لە کوردستان ئەنارکییەک بوونی هەبێت و لە خەباتی
کۆمەڵایەتییدا بۆ باشترکردنی باری ژیان یا گۆڕینی کۆمەڵگە و
سیستەمەکانی بەڕێوەبردنیدا بەشدارینەکات، ئەوا ئەنارکیبوونی خۆی دەخاتە
ژێر پرسیارەوە. چونکە تاکە مەیدانێک کە ئەنارکییەکان بە مەیدانی خەباتی
خۆیانی بزانن، لە ڕوانگەی ئەوانەوە خەباتی شۆڕشگێڕانە، تەنیا خەباتی
کۆمەڵایەتییە و هەموو گۆڕانێکیش لە گۆڕانی کۆمەڵایەتییەوە دەستپێدەکات.
ئیدی ئە‌و خەباتە کۆمەڵایەتییە بۆ پاڕاستنی ژینگە بێت یا باشترکردنی
باری گوزەران، یا بۆ فراوانکردن و سەپاندنی ئازادییە تاکەکەسیی و
گشتییەکان بێت. بەپێچەوانەوەی ئەوەوە، ئەنارکییەکان ھەموو ھەوڵێک بۆ
ڕامیارییکردنی بزاڤە کۆمەڵایەتییەکان و ئاراستەکردنی شۆڕشی کۆمەڵایەتی
بەرەو ڕامیارییکردن و بەدەستھێنانی دەسەڵاتی ڕامیاریی ڕەتدەکەنەوە،
چونکە شۆڕش یا کۆمەڵایەتییە یا نییە و ئەوەی بە پاشگریی ڕامیارییەوە
هەیە، دژە-شۆڕشە. هەر بەو پێوەرە ھەموو ڕێکخراوە و کۆڕ و کۆمەڵێکی
پاشکۆ بۆ پارتەکان و دەسەڵات دژە-شۆڕشە. چونکە کاری ئە‌و ڕێکخراوانە
بەڕامیارییکردنی خەبات و پرسە کۆمەڵایەتییەکانە. لەبەرئەوەی پارتەکان
تەنیا لە ڕامیارییکردنی خەبات و پرسەکاندا بەختی دەرکەوتنیان وەک
دەستەبژێر و نوێنەرانی سەرووخەڵکی دەبێت، بەپێچەوانەشەوە ئەنارکییەکان
تەنیا لە خەباتی کۆمەڵایەتییدا بەختی کردەییەکردنەوە (پراکتیزەکردن)ی
بیرۆکەکانیان دەبێت و ھزری ئەنارکی گەشەدەکات و بڵاودەبێتەوە. ھەر بۆیە
لە جیاتی گەمەی پارلەمان و شەڕەدەندووکی نێوەندی و سەرکردایەتی
پارتەکان، سەرشەقامەکان و مانگرتن و کارگە و کۆڕ و کۆمەڵەکانی گەڕەک و
خوێندنگە و ھەڵدەبژێرن، تاوێک تەماشای کەناڵە تەلەفزیۆنییەکان و تۆڕە
کۆمەڵایەتییەکان، گەواھی ئە‌و ڕاستییەت بۆ دەدات، کە لە وڵاتانی ئەوروپی
و ئەمەریکییدا ئەنارکییەکان لە کوێی کۆڕ و کۆمەڵە جەماوەریی و
کۆمەڵایەتییەکانەوە وەستاون.
پێت وانییه ئه‌گه‌ر دەسەڵات له‌ده‌ست ژنان بێت، کوشت‌وبڕ که‌متر ده‌بێت
و دادپه‌روه‌ری زیاتر؟ باشتر نییه هاوڕێیانی ئه‌نارکۆ فیمینیست که تۆ
لایه‌نگری ده‌که‌ی خۆیان کاندیدبکه‌ن یا ڕێکخراوه دروستبکه‌ن و له
شوێنێکه‌وه ببنه هێز و بچنه ده‌سه‌ڵاته‌وه؟
ئەوەی کە پێتوابێت دەسەڵات لە دەستی ژنان یا کرێکاراندا [وەک بەشێکی
چەوساوەی کۆمەڵگە]دا بێت، ئیدی دادپەروەری مسۆگەر دەکرێت، جۆرێکە لە
ژیان لە ئەفسانەدا و فێڵکردنە لە خودی ژنان و کرێکاران. چونکە
دەسەڵاتخوزان لە هیچ سەردەمێکدا نەهاتوون بەناوی خۆیانەوە داخوازی
بەدەستهێنانی دەسەڵات بکەن، هەمیشە لەژێر ناوێکی دیکەی وەک نەتەوە،
کرێکاران یا ژنان هاتوون و کنەیان کردووەتە نێو ڕیزی خەباتکاران و
بزووتنەوە جەماوەریی و کۆمەڵایەتییەکان.
بە گوێرەی ئەزموونەکان و بە بۆچوونی منیس، ئەوە بیرۆکەی ژنانێکە، کە
خۆیان بە دەستەبژێری نێو ژنان دەزانن و پێیانوایە، کە زۆرینەی ژنان
توانانی بیرکردنەوە و خۆڕزگارکردنی خۆیان نییە و پێویستیان بە شوانەیی
ئەوان هەیە. هەروەها ئە‌و بۆچوونە بە پاگەندەیەکی ژاراوی پاساودەدەن،
گوایە « لە کۆمەڵگەدا پیاو دەسەڵاتدارە» و مادام وایە، باشترە کۆمەڵێک
ژن ئە‌و دەسەڵاتە بگرنەدەست. ئەمە لەسەر کێش و سەروای هەمان بالۆرەی
ناسیونالیستەکانە، کە دەڵێن «ئەگەر دەوڵەتی خۆییمان هەبێت و خۆمان
فەرمانڕەابین، هەموو ئەندامانی نەتەوە ئازاددەبن، یا بالۆرەی
مارکسیست-لێنینیستەکان، کە دەڵێن «ئەگەر دەسەڵات لەدەستی ئێمەدا بێت و
حکومەتی کرێکاریمان هەبێت، هەموو کرێکاران و کۆمەڵگەش ئازاد دەبن».
بۆ تێگەیشتن لە پووچی ئە‌و پاگەندەیە، ئەوەندە بەسە لەو بارەوە وەک
نموونە، سەرنجی ڕووداوەکانی سەدەی ڕابوردوو و سەرەتای ئەم سەدەیە بدەین،
تاوەکو ببینین، کە چۆن کرێکاران لە سایەی دەسەڵاتی دیکتاتۆریی
مارکسیست-لێنینیستەکاندا خراپتر لەژێر سایەی دەسەڵاتی دەسەڵاتی
پارلەمانی بۆرجواکاندا دەچەوسانەوە و چۆن کوردان لە هەرێمی کوردستانی
ئەم ڕۆژگارەدا وەک جارانی سەردەمی بەعس لە ڕووی ئابووریی و ڕامیاریی و
کۆمەڵایەتی و تەنانەت کولتوورییەوە دەچەوسێنەوە و وەک چۆن لە سەردەمی
بەعسدا تاکەکانی هەرێم «شمال العزیز» لە ڕووی مافی بەکاربردنی زمانەوە
لەچاو ناوچەکانی خواروو پلە دوو بوون، ئەم ڕۆژە لە سایەی دەسەڵاتی
بۆرجوازی کورد«ناسیونالیستەکان واتەنی دەسەڵاتی خۆیی»دا ناوچەکان و
زمانەکان و زاراوەکانی دیکەی کوردی بە پلەدوو دادەنرێن، هەروەها لە
سایەی سەروەریی شاژن ئەلیزابێت و سەرۆکشالیاران تاچەر و چیلەر و
مێرکڵ'دا ژنان خراپتر چەوسانەوە و دەچەوسێنەوە.
وەها پاگەندەیەک دەیەوێت، ئاوا نیشانبدات، کە ژنان لە هیچ بوارێکی
کارگێڕیی و فەرمانداریی و ڕامیاریی سەرمایەداریدا ڕۆڵیان نییە و هەموو
شتێک بەدەست پیاوانەوە و ژنان لە دەرەوەی سیستەمەکەن و هەر کەس بەڕەگەز
نێرینە بوو، ئیدی سەروەرە ! ئینگلیزواتەنی ئەمە "تەرسەقولە" ! چونکە
ژنان لە هەمان سیستەمی خێزانی‌دا باڵێکن لە پەروردەی سەرکوتگەرانە، هەر
ئاوا لە دایەنگە و فێرگەکاندا تا دەگاتە زانکۆکان، ژنانی پەروەردەکار و
ماموەستا و وانەبێژ وەک هاوکارە پیاوەکانیان ئازاری منداڵان دەدەن و بە
وانەکانی سەروەریی و پیرۆزکردنی مێژوویی کۆمەڵگەی چینایەتی و
ڕەوایەتیدان بە سیستەمەکە و دەمارگیریی ئایینی و نەتەوەیی منداڵان و
لاوان دەبەنگدەکەن، ژنان لە فەرمانگەکاندا وەک هاوکارە پیاوەکانیان
سووکایەتی و کارکردە دژە مرۆییەکانی سیستەمەکە بەسەر خەڵکیدا
دەشکێننەوە، ژنانی کرێکار وەک پیاوانی کرێکار، سەرمایە بۆ سەرمایەداران
کەڵەکەدەکەن، لەتەک هاوکارەکانیاندا کێبڕکێدەکەن و پاشقول لەیەکدی
دەگرن، ژنانی بەرێوەبەر، پۆلیس و سەرباز وەک هاوکارەکانیان پارێزگاریی
لە سیستەمەکە دەکەن، ژنانی سەرمایەدار و ڕامیار و دەسەڵاتدار وەک
پیاوانی هاوکاریان هەوڵی فریودانی خەڵک و چەوسانەوەیان دەدەن، ژنانی
پارلەمانتار وەک هاوکارە نێرینەکانیان، دەنگ بە یاسا دژە مرۆییەکان
دەدەن، لەوانە یاسای چەند-ژنە بۆ پیاوانی دەوڵەتمەند!
دەکرێت پشکی ژنان لەو هەموو تاوانانەدا بەپێی کەمی هەژ ماری ژنان لەو
بوارانەدا کەمتر بێت، بەڵام ئەمە بەو واتایە نییە، کە ژنان لەو
سیستەمدا دەستییان نییە و تاوانبارنین یا دژی سیستەمەکەن! ئەگەر بەهیچ
شێوەیەک لە بوارەکانی بەڕێوەبردنی کۆمەڵگە و ڕاگرتنی سیستەمە
چینایەتییەکەدا بەشدارنەبوونایە و ژنان وەک سروشت و تایبەتیمەندیی
خۆیان لە مرۆڤبوونی پیاوان جیابوونانە و خودبەخود دژی ئە‌و هەمووە
تاوانانە بوونایە، یا بەلایەنی کەمەوە ئەوانەی کە ئە‌و پاگەندەیە دەکەن،
دژی هەموو پێکهاتەیەکی چینایەتی و دژی هەموو جۆرە چەوسانەوەیەک و هەموو
سیستەمێکی چەوسێنەر و هەموو ئامراز و ئایدیۆلۆجیاکانی چەوسانەوەی مرۆڤ
بوونایە، ئەوسا دەمانتوانی بڵێین، ئەگەری دروستبوون و دروستدەرچوونی
وەها پاگەندەیەکی نالۆجیکی هەیە. بەڵام بەداخەوە کەتواری کۆمەڵگە و
ڕووداوەکان و سروشت و پێکهاتەی ستەمگەریی لە کۆمەڵگەدا پێچەوانەوەی ئە‌و
پاگەندەیە دەسەلمێنن. من لێرەدا تەنیا یەک نموونە دەهێنمەوە: ئەوەندەی
ژنان بەخۆیان لە خەتەنەی کچاندا، لە دوورینەوەی کۆئەندامی زاوزێی
بێوەرژناندا، لە کێبرکێ و شووکردن بەسەر یەکدیدا ڕۆڵیان هەیە، پیاوان
ناتوانن ئە‌و کارایی و ڕۆڵەیان هەبێت!
پاشان، ئە‌و ڕێکخراوانەی کە تا ئێستا پاگەندەی ڕزگاری و ئازادی و
یەکسانی ژنانیان کردووە، بەکردەوە پێچەوانەی ئەوەیان سەلماندووە؛ بەوەی
کە خۆیان خەریکی قوتکردنەوە و ڕێکخستنەوەی ژنانی ناڕازین لە پێکهاتە
قووچکەییە ستەمکارەکاندا، واتە سەپاندنەوەی ڕێکخستن و پێکهاتەیەکی
دیکەی قووچکەیی فەرماندەر و فەرماندەر، پێشرەو و پاشڕەو، کە لە پێکهاتە
قووچکەییە کۆمەڵایەتیی و ئابووریی و ڕامیارییەکانیشدا هەمان بوون هەیە؛
خێزان، فێرگە، مزگەوت، کارگە، فەرمانگە و کارگێڕیی و پارلەمان و
فەرمانداریی و دەوڵەت. بەواتایەکی دیکە پەسەندنانەوەی هەمان پێکهاتەی
زۆردارانە و پڕ ستەمکاریی، بەڵام ئەم جارە بەناوی خودی ژنان و ڕزگاری و
یەکسانییەوە.
لەبەرئەوە بە بۆچوونی من [لێرەدا مەرجنییە ئەمە بۆچوونی هەموو
ئەنارکییەک بێت]، ئەگەر بڕیاربێت گروپ و ڕێکخراوێک بەناوی ژنانەوە
هەبێت، ئەوا دەبێت ڕێکخستنێکی ئاسۆیی هەبێت و ئامانجی خۆکۆمەکییکردنی
ژنان بێت. بەڵام ئەوەی کە ستەم لە ژنان و پلەچەندیی و ژێردەستەیی
ڕەگەزیی لەنێوببرێت، لەبەرئەوەی کە ستەمەکە پێگەی کو‌لتووریی و ئابووریی
و ڕامیاریی هەیە و پرسێکی کۆمەڵایەتییە، کەواتە ژنان تەنیا لە
بزووتنەوە کۆمەڵایەتییە نا نێوەندیی و نا قووچکەییەکاندا دەتوانن
هەنگاو بۆ وەلانانی بنێن و هەروەها بەبێ ڕاکێشانی ڕەگەزە
کۆمەڵایەتییەکەی دیکە، کە لە هەموو بوارێکی ژیان و کاروباری کۆمەڵگەدا
پێکەوە کاردەکەن و دەژین و ئەوینداریی دەکەن، ئەستەمە ئە‌و باڵدارەی
ئازادی بتوانێت بەتەنیا یەک بەاڵ بفڕێت. بە واتایەکی دیکە لەبەرئەوەی
کە پرسی ژنان، پرسێکی کۆمەڵایەتییە و بنەمای ئابووریی و کو‌لتووریی و
ڕامیاریی هەیە و بە پێکهاتەی سیستەم و بەڕێوەبەرایەتی کۆمەڵگەوە
پەیوەستە، هەم ڕزگاری ژنان بە ڕزگاری کۆمەڵگە و خودی پیاوانیشەوە
پەیوەستە و هەم ئەرکی سەر شانی پیاوانی ئازادیخواز و ڕزگاریخواز و
سۆشیالیستخوازە، کە پەیگرانە هاوپشتی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازانەی ژنان
بکەن. چونکە ئەستەمە چین و توێژە بندەستەکان بەبێ ڕزگاریی ژنان وەک
بەشێک لەوان، ڕزگاریان ببێت، لەبەرئەوە ئەگەر پیاوانێک هەن و خوازیاریی
ڕزگاربوونیان لە کۆتوبەندە ئابووریی و ڕامیاریی و کولتوورییەکان، ئەوا
هەم وەک ئەرکی مرۆیانەیان و هەم بە ناچاری پێویستە لەپێناو ڕزگاریی
ژنان لە پلەچەندی ئابووریی و کۆمەڵایەتیی و هەڵاواردن و ستەمی ڕەگەزیی،
شان بە شانی ژنانی ئازادیخواز تێ‌بکۆشن، وەک گوتم تەنیا لەبەر
ڕزگاربوونی ژنان نا، بەڵکو لەبەر ڕزگاربوونی خودی پیاوانیش!
شتێکی دیکە کە نابێت لەبیری بکەین، ئەوەیە، ئەگەر جاران پێش پێکهاتنی
دەوڵەتی سەرتاپاگیری هاوچەرخ [نەتەوەیی]، ستەم لە ژنان زیاتر بارێکی
کو‌لتووریی بەخۆوەگرتبێت و ئایین ڕێکخەر و دیاریکەری ڕۆڵ و پێگەی
پلەدووی ژنان لە کۆمەڵگەدا بووبێت، ئەوا لەم ڕۆژگارەدا پارلەمان و
فەرمانداریی و و یاسا و دەوڵەت و دەزگە ڕامیارییەکان دیاریگەری ئە‌و
ڕێوشوێنەن، بە نموونە بڕیاری چەند-ژنە لەلایەن پارلەمانی هەرێمەوە،
گەشتی ژنان بە هامڕایی نێرینەیەکی خێزانەکەی و ..تد. بەم جۆرە ئەمە
سەلمێنەری ئە‌و ڕاستییەیە، کە ستەم لە ژنان لەم ڕۆژگارەدا ڕیشە و بنەمای
ڕامیاریی و ئابووریی و سیستماتیکی هەیە و ئەوی دژی هەڵاواردن بەگشتی
[ڕەگەزیی، زمانی، نەژادی، ئایینی، هەڵاوردن لەسەر بنەمای ڕەنگ و شوێنی
لەدایکبوون] و لەم پەیوەندەدا بە دیاریکراویی هەڵاواردنی ڕەگەزیی [ژنان
و پیاوان] بێت، خۆبەخۆ ناچاردەبێت، کە دژی هەموو پێکهاتە و دەزگە
قووچکەییەکان، پلە و پایە سەر و خوارەکان، نایەکسانی ئابووریی و
نایەکسانی دەسەڵات و نایەکسانی ئەرک و ماف و دژی سیستەمی ڕامیاریی بە
پارلەمانی و ناپارلەمانییەوە، تێبکۆشێت و هەوڵی کۆمەڵایەتییکردنەوەی
چارەسەری پرسەکان و ناتەباییەکان بدات، ئەگەر نا، ئەوا خۆبەخۆ سەری لە
دروستکردن و قوتکردنەوەی دەیان ڕێکخراوی قووچکەیی دەستەبژێرانە و
ڕامیاریی بەناوی ژنان و منداڵان و ژینگە و ئاژەڵ و چین و توێژەکانەوە
دەردەچێت و دواجار هەرچەندە ئامانجیشی خزمەتکاریی سەروەریی چینایەتی
نەبێت، هەر ئاو بە ئاشی سەروەریی دەوڵەتدا دەکاتەوە.
جیاوازی ئه‌نارکۆ - فێمینیزم و فێمینیزمه‌کانی دیکە چییه؟
ئه‌گه‌ر به چەند ده‌سته‌واژه کورتی بکه‌مه‌وه، ئه‌وا بە خوێندنەوەی
من بۆ ئەنارکۆفێمینیزم وەک تێڕوانینی ئەنارکیستی لەمەڕ نەهێشتنی ستەم و
هەڵاواردن بەرامبەر ژنان، ئه‌نارکۆ-فێمینیسته‌کان ئامانجیان
زیندووکردنه‌وه‌ی گیانی خۆڕزگاری و خۆکارابوونە له‌نێو بزاڤی ژناندا دژ
به کۆیله‌تی پلە-چه‌ندیی ژنان له پاش کۆیله‌تی پیاوانه‌وه.
به‌واتایه‌کی دیکە ئه‌نارکۆ-فێمینیسته‌کان به‌پێچه‌وانه‌ی ئاراستە
فێمینیستییه‌کانی دیکە، کار بۆ ده‌سته‌مۆکردنی ژنانی ئازادیخواز له‌ژێر
ڕابەرایه‌تی خۆیان ناکه‌ن؛ هەم ڕابەرایەتی خۆیان بەسەر ئەوانی دیکەدا
ڕەتدەکەنەوە و هەم ڕابەرایەتی ئەوانی دیکە بەسەر خۆیاندا ڕەتدەکەنەوە،
بە واتایەکی دیکە ڕابه‌رایه‌تی و ڕێکخستنی قوچکه‌یی (هیرارشی) به
پارێزه‌ری کۆیله‌مانه‌وه‌ی ژنان و چه‌وساوان به‌گشتی ده‌زانن.
ئه‌نارکۆ- فێمینیسته‌کان پێیانوایه و به‌بۆچوونی منیش بۆئه‌وه‌ی ژنان
ئازادی بستێنن و خۆیان له داوه‌کانی بابسالاری و سیسته‌می هه‌ڵاوارێزی
مرۆڤه‌کان به‌گشتی ڕاپسێنن، سه‌ره‌تا پێویسته له‌نێو ڕیزه‌کانی
خۆیاندا ئه‌و پێکهاته و پله‌به‌ندییه باوانه ڕەتبکەنەوە و
له‌نێوبه‌رن. ڕزگاری ژنان له پله-چه‌ندی کۆمه‌ڵایه‌تی و یاسایی
ته‌نیا به ڕیفۆرمی چه‌ند خاڵێک له یاسای سه‌روه‌راندا نایێته دی،
به‌ڵکو پێویستی به لێدان و لەنێوبردنی پایه ئابووریی و ڕامیاریی و
کو‌لتووریی و یاساییه‌کانی هه‌ڵاواردن و هەڵوەشاندنەوەی پێکهاتە
پارێزەرەکانی ئە‌و بنەمایانە هەیە، کە هەموو پێکهاتەیەکی قووچکەیی
دەگرێتەوە.
بەڕێزم، لەو باوەڕەدا نیم، له‌سه‌ر ئه‌وه ناکۆک بین، که ئازادی
نادرێت، بەڵکو ده‌سێنرێت. ده‌ی که‌واته که‌سێک خۆی ویستی (ئیراده‌ی)
ئازادبوونی تێدا نه‌بێت، که‌س ناتوانێت ببێته ڕزگارگه‌ری له ڕێوشوێنی
ناله‌باری کۆمەڵایەتیی. ئه‌مه‌ش پێویستی به هوشیاری خۆکارابوون و
خۆڕادەربڕین هه‌یه و ئه‌و ڕێکخراو و کۆمەڵانه‌ی که هاوشێوە‌ی خودی
دەوڵەت و پارت و خێزان، ڕێکخراون و پێکهاتوون، ناتوانن چوارچێوه‌یه‌کی
گونجاو بن بۆ خۆڕزگاری و خۆکارابوون. چونکە له‌وێشدا کۆمەڵێک
فه‌رمانده‌ر و پله-یه‌کن و کۆمه‌ڵێکیش فه‌رمانبه‌ر و پله-دوو. هه‌ر
به‌و جۆره ژنانی پله-یه‌ک ( ڕابەران و سکرتێران و لیپرسراوان و
سه‌رکردان ) و ژنانی پله-دوو ( گوێڕایه‌ڵان و فه‌رمانبه‌ران و ژێرکردان
) له‌و ڕێکخراوانه‌دا به‌رهه‌م ده‌هێنرێنه‌وه. به‌م جۆره ڕێسه‌که‌مان
ده‌بێه‌وه خوری و ژنانێک که لە تاو ستەم و بێدەرەتانی
هاتوونه‌ته‌ده‌ر و ده‌یانه‌وێت ڕزگاریانبێت، ئه‌م جاره له‌لایه‌ن
هاوڕه‌گه‌زه‌کانی خۆیانه‌وه، به تۆرێکی وردتر و زیره‌کانه‌تر له‌وه‌ی
باوک و مزگەوت و پارت و ده‌وڵه‌ت و یاساکانیان، ژنانی ناڕازی
ڕاوده‌کرێته‌وه و له چوارچێوه‌ی یاسای سه‌روه‌ر و ژێروه‌ر،
فه‌رمانده و فه‌رمانبه‌ر، پێشڕه‌و و پاشڕه‌ودا کۆتوبه‌ند
ده‌کرێنه‌وه. ئیدی بەو جۆرە ڕزگاربوونیان له‌و جاڵجاڵۆکه
ئایدیۆلۆجییه‌ی هه‌ڵاواردن و پله- پله‌کردن ئەسته‌متر ده‌بێت،
له‌به‌رئه‌وه‌ی که دڵخواستانه‌ی خۆیان و له ناهوشیارییه‌وه خۆیان
ئه‌و بریاره‌یان داوه و هه‌ر کاتێکیش سه‌رپێچی و هه‌ڵگه‌رانه‌وه له
کۆیله‌تی نێو ئه‌و ڕێکخراوانه ببێته خه‌یاڵی سه‌ری ژنێکی ئازاده،
ئه‌وا تۆمه‌ته مۆڕاڵییه‌کان و یاسا و سزا کۆمه‌ڵایه‌تی و ئابووریی و
ڕامیارییه‌کان ئاماده‌ن و ده‌رگه‌ی زیندانه‌کان بۆ تاوانبارکردنیان به
تۆمه‌تی هه‌ڵبه‌ستراو، ئاوه‌ڵا دەکرێت.
به‌بۆچوونی من، ڕزگاری؛ هه‌نگاوی یه‌که‌م له ناخی خۆمانه‌وه
ده‌ستپێده‌کات، له‌وێوه که دیوار و کۆت و زنجیره کو‌لتووریی
ده‌ستکرده‌کانی خێزان، مزگەوت و کۆمه‌ڵگه و ده‌وڵه‌ت و هاوشێوە‌کانیان
له ئاوەزماندا بڕوخێنین و بپسێنین و له کۆڵیانبکه‌ینه‌وه، تاوەکو
بتوانین لە تێکۆشانێکی کۆمەڵایەتییدا لەتەک هاوچین و هاوتوێژ و
هاودەردەکانمدا یەکبگرینەوە. ئه‌مه بۆ هه‌ر مرۆڤێکی چه‌وساوه و
بنده‌ست، که خوازیاری ئازادبوونه، دروسته. پاشان "نا"گوتن به هه‌ر
فه‌رمان و یاسایه‌ک، که دەسەڵاتی [ئۆتوریته‌ی] که‌سانی دیکە
به‌سه‌رماندا ده‌سه‌پینێت و ملکه‌چی زاڵبوون و پاوانگەریی
[دۆمینه‌یتگەریی] ئه‌وانی دیکەی هاوجۆر یا ناجۆرمان ده‌کات،
خۆبڕیاردانی گەرەکە. ئێمه‌ی چه‌وساوه یا ژنان ناتوانین خواست و
خه‌ونه‌کانیان به که‌سانی دیکە بسپێرین و بیانکه‌ینه ده‌مڕاستی
خۆمان، چونکە له نێوان فەرماندانی نێرینه‌کانی خێزان و فەرماندانی
دەسەڵاتدارانی کۆمه‌ڵگه و یاساکانی ده‌وڵه‌ت و په‌یڕه‌وپرۆگرامی
پارته‌کاندا جیاوازی نییه و ئەوەی کێ دیاریبکات، کە چی بکه‌ین و چی
نه‌که‌ین، یا ئەوەی که‌سانێک دیکه به‌ناوی ئێمه‌وه ببنه سکرتێر و
ڕابەری ڕێکخراوه و کۆمه‌ڵه‌کانمان و فه‌رمانمان پێبده‌ن چۆن خه‌بات
بکه‌ین و لە کوێ خەبات بکه‌ین و چۆن هه‌ڵوێست وه‌ربگرین، هیچ جیاوازی
نییە و نابینرێت!
ئه‌گه‌ر ژنانی ئازادیخواز خوازیاری هه‌ڵوه‌شانندنه‌وه‌ی هه‌ڵاواردنن
له‌نێوان خۆیان وه‌ک ڕەگه‌زی مێینه و باوک و براکانیان و نێرینه‌کانی
کۆمه‌ڵگه‌ن، ئه‌وا هه‌نگاوی یه‌که‌م پێویستە له‌نێو خودی بزاڤه‌که‌دا
دژی هه‌ر هه‌ڵاواردن و پله‌وێرییه‌ک بن کە پێکهاتەی قووچکەیی ڕێکخستن
دەیسەپێنێت. بزاڤێک یا ڕێکخراوێک که هه‌ڵگری تۆوی پله-یه‌کی و
پله-دووی خودی ژنان به‌نێوی ڕابەران و ڕێبه‌ریکراوانەوە بێت، ناتوانێت
هه‌ڵگری په‌یامی یه‌کسانی و دژبوون به هه‌ڵاواردن بێت و سه‌ره‌نجام
به‌جۆرێکی دیکە ژنان ده‌سته‌مۆی پێکهاته قوچکه‌ییه پڕ
هه‌ڵاوێرییه‌کان ده‌کاته‌وه. لەبەرئەوە ژنانی ئازادیخواز
(ئه‌نارکۆ-فێمنیست) خۆبه‌خۆ دژی پله‌به‌ندی نێو بزاڤه‌که و
ڕێکخراوه‌کان دەبن و شوانه‌یی هیچ ژن و پیاوێک به ڕه‌وا و دروست
نازانن و به‌وپه‌ڕی توانایانه‌وه وه‌ک هه‌ر پێکهاته‌یه‌کی دیکەی
بابسالاری و سیسته‌می نایه‌کسانی مرۆڤه‌کان، دژایه‌تییان ده‌که‌ن و
له‌نێوبردنیان به ئه‌رکی ده‌ستبه‌جێی خۆیان ده‌زانن.
ژنانی ئازادیخواز پێویستییان به فۆرومی کۆمه‌ڵایه‌یی له‌سه‌ر ئاستی
گه‌ڕه‌ک و شوێنی کار، نیتوۆرکی ژنان، که پشت به ڕێکخستن و په‌یوه‌ندی
زنجیره‌یی و لابه‌لایی ئاسۆیی (نه‌ک سه‌ره‌وخواری) هه‌یه. بۆ نموونه:
ژنانی کۆڵانێک، گوندێک، گه‌ڕه‌کێک ده‌توانن فۆرومێکی کراوه‌یان هه‌بێت
و لەسەر پرسەکانیان وتووێژبکەن، بۆ نموونە ئاوکێشان که کارێکی
تاقه‌پڕوکێنی کۆمه‌ڵگه‌که‌مانه، به‌سه‌ر پیاوانیشدا بسه‌پێنن و به‌و
جۆره پیاوان ڕاسته‌وخۆ له‌ته‌ک گرفتێکی کۆمه‌ڵایه‌تی و هه‌ر ڕۆژه‌ی
کۆمه‌ڵگه ڕووبه‌ووده‌بن و ناچار شان به‌شانی ژنان ده‌چنه جه‌نگی
ئاودزانی کۆمه‌ڵگه‌وه، ده‌چنه پای خه‌بات بۆ دابینکردنی ئاوی پێویست
بۆ هه‌مووان. ئه‌م نموونه‌یه بۆ زۆر بوار و گۆشەی خه‌باتی ڕۆژانه
کردەییه و ده‌کرێت سوودی لێ وه‌ربگیردرێت. ئه‌مه شێوازی خه‌باتی
ژنانی (کرلا)ی هیندوستانه دژی کارخانه‌کانی کۆکاکۆلا و خواردنه‌وه
گازییه‌کانی دیکە، که بوونه‌ته هۆی که‌مکردنه‌وه‌ی ئاوی
خوارده‌نه‌وه له ناوچەکانیاندا.
وەک ئامارەکان نیشانیدەدەن، ژنان له‌سه‌ر کار نیوه یا که‌متر له
مووچه‌ی پیاوان وه‌رده‌گرن و ته‌نانه‌ت له ئەمەریکا و وڵاته
ئه‌وروپییه‌کانی وه‌ک ئا‌ڵمانیا و بریتانیا'ش هەر وایە، ژنان لە
بەرامبەر کارێکی هاوشێوەدا بەڕێژەی ٢٥% مووچە و کرێی کەمتر لە پیاوان
وەر دەگرن. ده‌کرێت له‌م باره‌دا که‌مکاری به‌و ڕێژه‌یه‌ی کەمی
مووچه‌که‌یان بەراورد بە هاوکاره پیاوه‌کانیان، کاری که‌متر بکه‌ن و
کاره که‌ڵه‌که‌بووه‌کان بخه‌نه سه‌رشانی هاوکاره پیاوه‌کانیان [-که
بۆ ته‌نیا جارێکیش به‌بیریاندا نه‌هاتووه و بیریان لێ
نه‌کردووه‌ته‌وه؛ بۆچی ژنانی هاوکاریان به‌رامبه‌ر هه‌مانکار،
موووچه‌ی که‌متر وه‌رده‌گرن]- و به‌جۆره ناچارییەک دەتوانن بیانکێشنه
پای خه‌بات بۆ مووچه و کرێی یه‌کسان. ژنانێک که کاری ده‌ره‌وه‌ی ماڵ
ده‌که‌ن و هاوکاتیش کاری نێوماڵ و سه‌رپه‌رشتی منداڵیان له‌ئه‌ستۆیه،
هه‌ر به هاریکاری و هاوڕیزی ژنانی گه‌ڕه‌ک و کۆڵان و ته‌نانه‌ت
سه‌رکاریش، ده‌توانن له چوارچێوه‌ی سەکۆکەیاندا [فۆرومه‌که‌یاندا]
بڕیاری سه‌پاندنی به‌شێک له کاری نێوماڵ و سه‌رپه‌رشتی منداڵان به‌سەر
پیاوه‌کانیاندا بدەن و به‌و جۆره پیاوانیان به‌شدار و ناچار به
بیرکردنه‌وه بۆ ڕزگاربوون و کۆمه‌ڵایه‌تییکردنه‌وه‌ی کاری نێوماڵ و
سه‌رپه‌رشتیکردنی منداڵ، بکەن. ئه‌مه‌ش داخوازی دایه‌نگه و باخچه‌ی
منداڵان و چێشتخانه‌ی گشتی دێنێته ئاراوه، که ده‌توانن پایه‌ی
کۆمه‌ڵگه‌یه‌کی نوێ بن، کە تێیدا کاری نێوماڵ و بەخێوکردنی منداڵ کار و
ئەرکی کۆمەڵگەیە.
بەبۆچوونی من، له‌به‌ر ڕۆشنایی ئایدیای ژنانی ئه‌نارکۆ-فیمینیستدا
جیاوازییەکان گەلێک زۆرن. له‌پاڵ ئه‌مانه‌شدا پێویستە ئه‌وه‌مان
له‌بیرنه‌چێت، هه‌ر ئاوا ڕزگاری ژنان، کرێکاران، جوتیاران و خوێندکاران
و ... تد ته‌نیا له توانای خودی ژنان، خودی کرێکاران، خودی جوتیاران،
خودی خوێنداکارن و … و .. تددایه، هه‌ر ئاواش گۆڕینی به‌ندێکی یاسایی
وه‌ک چه‌ند-ژنه یا نه‌هێشتنی نه‌ریتێکی کۆمه‌ڵایه‌تیی وه‌ک خه‌ته‌نه
و پاشه‌کشێ به ڕێسایه‌کی ئایینی وەک شەلاقدان و زیندەبەچاڵکردنی ژنان،
به واژۆکۆکردنه‌وه و نامه‌گۆڕینه‌وه له‌ته‌ک سه‌روه‌ران و چوونه
پارله‌مانی سه‌دان ژن، ناتوانێت ئاڵوگۆڕ له ژیانی که‌تواریماندا بکات
و له ڕزگاربوون له دەست ئە‌و یاسا و نه‌ریتانه نزیکمانبکاته‌وه.
به‌ڵکو هه‌ر گۆڕنێک، پێویستی به هەڵخڕان و بەرجەستەبوونی بزاڤی
کۆمه‌ڵایه‌تیی هه‌یه، پێوستی به ئاماده‌یی تاک هه‌یه، پێویستی به
هۆشیاری خۆکاریی و خۆبڕیاردان و خۆهه‌نگاونان و خۆجێبه‌جێکردن و
خۆپیاده‌کردن هه‌یه، ئه‌مه‌ش پێویستی به ڕێکخراوه جه‌ماوه‌رییه
سه‌ربه‌خۆکان هه‌یه وه‌ک فێرگه و په‌روه‌ردگه‌ی ژنانی ئازاده‌ی
کۆمەڵگه‌ی نوێ. لێره‌دا ڕێکخراوه‌کان بێجگه له چوارچێوه‌یه‌ک یا
چەترێک بۆ کۆوه‌بوون و هوشیاریی و یەکگرتن و زیندووکردنه‌وه‌ی ویستی
ئازادیخوازیی و یه‌کسانیخوازیی، فێرگەیەکیش دەبن بۆ و په‌روه‌رده‌ی
مرۆڤی کۆمەڵگەی نوێ، هەر لەبەرئەوە گروپە خۆجێیی [فۆرومەکانی گەڕەک و
تۆڕە سەرتاسەرییەکان] و جەماوەرییەکانی ژنان پێویستییان به ڕابەر و
سه‌رکرده و ژنانی پله‌یه‌ک نییه، پێویستییان به ڕێنوێنی پیاوانی
سه‌رکردایه‌تی پارته‌کان و چەپڵەڕیزان و چەنەبازیی هۆله‌کانی
په‌رله‌مان نییه، بەڵکو تەنیا پێویستیان بە خۆهوشیاریی و خۆکارایی و
خۆکۆمەکیی و خۆویستەکی ئەندامانیان هەیە.
من، سته‌م و هه‌ڵاواردن به‌رامبه‌ر ژنان ته‌نیا له‌لایه‌ن پیاوانه‌وه
نابینم، به‌ڵکو زۆرجار له‌لایه‌ن خودی ژنانه‌وه ئه‌م سته‌م و
هه‌ڵاواردنه په‌ره پێده‌درێت. بۆ نموونه که‌م نین ئه‌و ژنانه‌ی که
خۆیان به‌زۆر به‌شوو دراون و که‌چی هه‌مان پشتیوانی له هه‌مان سته‌م
ده‌که‌نه‌وه و کچ و نه‌وه‌کانیان ده‌خه‌نه ژێر فشار و ناچارکردن.
که‌م نین ئه‌و ژنانه‌ی که خۆیان خه‌ته‌نه کراون و بوونەتە قوربانی
ئه‌و تاوانه و که‌چی به‌ده‌ستی خۆیان کچه‌کانیان ده‌به‌نه به‌رده‌م
گوێزانی ژەنگینی ژنانێکی دڕندە و خه‌ته‌نه‌گه‌ر. که‌م نین ئه‌و ژنانه‌ی
که له ژیانی ژن و مێردایه‌تییاندا باجی بڕه ئاڵتون و ماره‌یی و
عه‌وداڵبوونی پیاوی ده‌وڵه‌مه‌دنییان داوه، که‌چی کچه‌کانیان له‌سه‌ر
هه‌مان شێوازی بیرکردنه‌وه په‌روه‌رده‌ده‌که‌نه‌وه و ده‌یانخه‌نه‌وه
ژێر چه‌کمه‌ی سووکایه‌تی پیاوه دارا‌کان. که‌م نین ئه‌و ژنانه‌ی ژنیان
به‌سه‌ردا هاتووه و که‌چی کچه‌کانیان ناچار به دانیشتن لای پیاوانێکی
فرەژەندار [حەرەمسەرادار] ده‌که‌ن. که‌م نین ئه‌و ژنانه‌ی که له
ژیانی خۆیاندا هاوه‌ڵێکی خۆشه‌ویستی خۆیان له‌سه‌ر ئه‌وینداری
کوژرابێت، که‌چی به‌خۆیان وتی وتی له‌سه‌ر کچه دراوسێ و خزمانی خۆیان
ده‌که‌ن. که‌م نین ئه‌و ژنانه‌ی که له‌لایه‌ن خه‌سوویانه‌وه
سووکایه‌تی و سته‌میان لێکراوه، که‌چی به‌خۆیان هه‌مان کار و ڕه‌فتار
به‌رامبه‌ر بووکه‌کانیان ده‌که‌نه‌وه، به‌م جۆره ده‌بین سته‌م له
ژنان دیارده‌یه‌کی ئاڵۆزی فرەڕەهەندی کۆمه‌ڵگه‌که‌مانه، نه‌ک تەنیا
داهێنراوی یاسایه‌کی نووسراوه یا زۆرداری پیاوانێک. کاتێک ئه‌و
بۆچوونه لاوازانه ده‌خوێنمه‌وه، که سته‌م له ژنان بۆ ئایینی
ئیسلام به‌ته‌نیا ده‌گێرنه‌وه. به‌ڕاستی ئه‌و ژن و پیاوانه جێگه‌ی
به‌زه‌یین، که خوێندنه‌وه‌ی ئاوا سه‌رپێی بۆ دیارده
کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان ده‌که‌ن. سته‌م له ژنان ڕه‌هه‌ندی مێژووی هه‌یه و
ئه‌و ڕه‌هه‌نده زۆر له ئیسلام و ئاینه‌کانی دیکەیش کۆنتره. بەم جۆرە
نەبینی ئەم دراوە کەتوارییانە، نەبینینی زەمینە کو‌لتووریی و ئابووریی و
ڕامیارییەکانی ستەم لەلایەن ڕێکخراوە قووچکەییە ڕامیارییە پاشکۆکانی
دسەڵات و پارتەکانەوە، خاڵێکی دیکەی جیاوازی چۆنیەتی تێڕوانین و
دەرککردنی ستەم و هەڵاواردنی ژنانە، لەلایەن فێمینیستە
دەسەڵاتخوازەکانەوە و لەلایەن فێمینیستە دژە-سەروەرەکانەوە
[ئەنارکۆفێمینیستەکان]. ئەنارکۆ فێمینیستەکان بە قوڵی لە هەموو پێکهاتە
و دەزگەیەکی کۆمەڵگە و بەڕێوەبەرایەتییەکەیدا لە دووی ڕەگ و ڕیشە
ئابووریی و کو‌لتووریی و ڕامیارییەکانی ستەم و هەڵاواردن، دەگەڕێن و
ڕادیکاڵانە هەموو ئامراز و میکانیزم و پێکهاتیەک، کە ئافەرێنەر و
پارێزەری ستەم و هەڵاواردن بێت، ڕەتدەکەنەوە و لە خەباتی ڕۆژانەی
جەماوەریی و کۆمەڵایەتییدا هەنگاو بە هەنگاو بۆ سڕینەوەی لە هۆش و لە
کردەوە و لە ئاخاوتنی تاکەکان و لە نێوەندە کۆمەڵایەتییەکاندا، بەبێ
وچان تێدەکۆشن.
من ناڵێم باوه‌ڕه‌کانی ئیسلام ده‌ستییان له‌و سته‌م و تاوانانه‌دا
نییه، نا و نه‌خێر، هه‌رگیز بەتەمانیم شتێکی ئاوا بڵیم. به‌ڵام گونجان
و ته‌بایی و ڕێککه‌وتێک له‌نێوان باوه‌ڕه‌کانی ئیسلام له‌مه‌ڕ ڕۆڵ و
ڕێوشوێنی ژن و پێکهاتە و تێڕوانینی خیڵه‌کییانەی کۆمه‌ڵگەی کوردستاندا
هه‌یه. ئه‌گینا بە کوتوپڕیی و لە چاوتروکانێکدا تیرۆری ژنان و
ئه‌تککردنیان نه‌یده‌توانی به‌و ڕه‌هه‌نده ڕیشه‌یی و ترسناکه‌وه له
ده‌هه‌ی یه‌که‌می هه‌زاره‌ی سییه‌مدا ئاماده‌بێت. که‌سانێک که بەختی
هوشیاربوونەوەی ڕادیکاڵی ئازادیخوازانەیان هه‌بووه یا ڕووداوەکانی
ڕۆژگار بەو هوشیارییەی گەیاندوون، ئه‌وه ده‌زانن که باوه‌ڕه‌کانی
ئیسلام پاشبنه‌مایه‌کی خێله‌کییانەی نیوه‌دوورگه‌ی عه‌ره‌بییان هه‌یه
و کۆمه‌ڵگه‌ی کوردستانیش بنه‌مایه‌کی خێڵه‌کییانەی هه‌یه و
یەکانگیربوونی ئه‌م دووانەیە، کە زه‌مینە‌ی به‌ردبارانکردن و لوتبڕین و
سوتاندن لەباردەکەن و پێکدەهێنن. بۆ تێگەییشتن و دەرکردنی ئەم
پێگەییشتنە، خوێنه‌ری ئازیز ده‌توانێت سه‌رنجی جیاوازی هه‌ژماری کوشتنی
ژنان و باری یاساخی ئه‌وینداریی بدەن؛ له‌و ناوچانه‌ی که به قۆناخی
خیڵەکیبووندا تیپه‌ڕیوون و تاکایه‌تی هێشتا تیایاندا
به‌رجه‌سته‌نه‌بووه و ڕێساخێڵه‌کییه‌کان تیایاندا سه‌روه‌رن، لەتەک
بەو ناوچانەی کە زوو نیشتەجێبوون و شیرازە و بنەمای خێڵەکیی
پەیوەندییەکانی نێوان تاکەکانی پێکناهێنێت و پێکەوەی نەبەستوون،
بەراوردبکه‌ن. مه‌گه‌ر ئیسلام هه‌ر ئه‌و ئیسلامه نییه، که له
هه‌ردوولایاندا ئاماده‌یه، بۆچی له شوێنێک زۆرتر ژن ده‌کوژێت و له
شوێنێک یا هیچ یا که‌متر ده‌کوژێت. هه‌روه‌ها ئه‌گه‌ر سه‌رنجی
ئایینه‌کانی دیکەی کۆمه‌ڵگه‌مان بده‌ین و گوتراوە‌کانیان بخوێننیه‌وه،
ئه‌گه‌ر زۆرتر له ئیسلام ژن به‌که‌م نه‌گرن، ئه‌وا سووکایەتییکردنیان
بە مێینە که‌متر نییە. لەبەرئەوە ئایینی ئیسلام تەنیا وەک ئامرازێکی
گونجاو لەلایەن کۆمەڵگەی خێڵەکیی کوردستان و کولتووری دژە-ژنییەوە
کەڵکی لێوەرگیراوە، نەک ئەوەی کە لە خودی کۆمەڵگەکەدا تێڕوانینی
هەڵاوێڕانە و ستەمگەرانە و بکوژانە دژی ژنان نەبووبێت و ئایینی ئیسلام
لەتەک خۆی هێنابێتی، وەک چەپ و ناسیونالیستەکان پاگەندەی دەکەن.
هەروەها ئه‌گه‌ر سه‌رنجی بڕیاردانی په‌رله‌مانی هه‌رێمی کوردستان
له‌سه‌ر یاسای چه‌ند-ژنه بده‌ین، ده‌بینین هیچ بزووتنه‌وه‌یه‌کی
کۆمه‌ڵایه‌تی [بزووتنەوەی کۆمەڵایەتیی نەک بەیاننامە و سەرمایەگوزاریی
ڕامیاریی پارتەکان] کاردانه‌وه‌ی نیشاننه‌دا و نه‌بووه هۆی
ناڕه‌زایه‌تی و مانگرتن و ده‌ستله‌کارکیشانه‌وه. ئه‌گه‌ر به
پروپاگه‌نده‌ی بێبنه‌مای ژنانی سه‌ره‌وه‌ی ڕێکخراوه بابسالار و
پارتسالاره‌کانی به‌ناو ژنان و چەپەکان بووایه، ده‌بوو ژنان له
هه‌موو ناوچه‌کانی کوردستانه‌وه، له هه‌موو شار و گونده‌کانه‌وه به
خۆپیشاندان و مانگرتن و ڕێپێوانی چه‌ند ڕۆژه به‌ره‌و پارله‌مان و
ده‌زگه باڵاکانی میری بڕۆن و داگیریانبکه‌ن و داروپه‌ردوویان به یاسا
چه‌ندژنه‌که‌یانه‌وه بسووتێنن، هەر ئاوا کە دەهەیەک لەمەوبەر لە
وڵاتێکی ئەفەریکاییدا ژنانی یاخی نێوەندەکانی دەسەڵاتیان داگیرکردن. [
باش له‌بیرم نه‌ماوه له سه‌ره‌تای هه‌زاره‌ی سێیه‌مدا له چ وڵاتێکی
ئه‌فریکی بوو، کە ژنان ڕابوون و زۆر شوێنی گشتی و دەوڵەتییان داگیرکرد
و به‌چه‌ک و بە هێزی یەکگرتووی خۆیان داخوازییه‌کانیان سه‌پاندن].
به‌ڵام له کوردستان هیچ یه‌ک له‌مانه ڕوویاننه‌دا و ته‌نانه‌ت وه‌ک
بڵێی که هیچ شتێکی پەیوەست بە ژنانەوە له کۆمه‌ڵگه‌دا ڕووینه‌دابێت.
ئه‌مه نیشانه‌ی بێبروایی خودی ژنانه به هێزی خۆیان، ئه‌مه نێشانه‌ی
وردوخاشبوونی کەسایەتی و ده‌سته‌مۆبوونی هه‌زاران ساڵه‌ی ژنانه بۆ
ڕێسای هێزه کولتوورییه‌کان و یاسا ڕامیارییەکان. ئه‌مه نیشانه‌ی
ئاماده‌نه‌بوونی خۆهوشیاری و ویستی ئازادڕه‌وانه‌ی ژنانی
کۆمه‌ڵگه‌که‌مانه، ئه‌مه به‌رهه‌می پشتبه‌ستنی ژنانه به ڕێکخراوه
به‌ناو ژنییه‌کان و پارته ڕامیارییه‌کان و بزاڤه ڕیفۆرمیسته‌کان.
ئه‌مه نیشانه‌ی ڕامبوون و ده‌سته‌مۆبوونی ژنانی ڕزگاریخواز و
یه‌کسانیخوازه بۆ ژنانی دەستەبژێر و پێکهاته سه‌روو ژنییه‌کان.
بەبۆچوونی من، ئه‌گه‌ر هه‌ر یه‌که له ئێمه، چه‌ند مانگێک له‌سه‌ر
ئه‌و ڕووداوه بووه‌ستێت و بنووسێت و لێکیبداته‌وه و توێژینه‌وه‌ی
له‌سه‌ر بکات، هێشتا به ئه‌نجامی کۆتایی و هه‌مه‌لایه‌نه ناگه‌ین.
له کۆمه‌ڵگه‌یه‌کدا که پارته ڕامیارییه‌کان بۆ خۆقه‌به‌کردن و
سەرمایەگوزاریی ڕامیاریی پاگه‌نده‌ی سکیولاریستبوونی کوردستانەکەیان
بکه‌ن و ڕۆژانە ئەم دەستەواژە پڕ سووکایەتی و پووچانە "ئێرە ئەفغانستان
نییە، ئێرە ئەفریقا نییە، ئێرە بیابان نییە، ئێرە وڵاتانی عەرەبی نییە"
هەزاربارە بکەنەوە و ڕێکخراوه ژنییه‌کان که بڕیاری سمێڵزله‌کانی
نێوه‌ندی پارته‌کانیان به ژنان ده‌گه‌یێین و ته‌نانه‌ت هه‌ندێکیان
ده‌ڵاڵی بۆ هاوپارتییه‌کانیان ده‌که‌ن و "٨ی مارس" ڕۆژی ناڕەزایەتی و
هاوپشتی جیهانی دژی هەڵاواردنی ژنان کرابێتە بۆنەی ئاهەنگێڕان و
مەینۆشی ڕامیاران، ئیدی شایانی سه‌رسووڕمان و گومانکردن نییه، که
بۆچی ژنان ئاوا بێده‌نگن و ته‌نانه‌ت ژنان له کارگه‌یه‌ک، فێرگه‌یه‌ک،
گه‌ڕه‌کێک، شارێک، زانکۆیه‌ک، بۆ چەند چرکه‌یه‌ک یاسای چه‌ند-ژنه
نەبووە مه‌شخه‌ڵه و گرفتیان و بۆ به‌رپێگرتنی و ڕه‌تکردنه‌وه‌ی
وەخۆنەنەکەوتن!
گۆڕانی کۆمەڵگە له بارێکی ئاوا، گۆڕانی ڕیشه‌یی ده‌خوازێت، که ته‌نیا
له خواره‌وه‌ڕا توانا و بەختی ڕوودانی هه‌یه، ڕێک به‌پێچەوانە‌ی
خه‌ونی فێمینیسته بۆرجوازییه‌کانەوە، که خه‌ریکی نامه‌گۆڕینه‌وه‌ن
له‌ته‌ک دەسەڵاتداران و کردنه‌وه‌ی نووسینگه و نێوه‌ندی به‌ناو ژنان
له‌نێو ده‌سه‌ڵات و به پاره و کۆمه‌کی ئه‌و پیاوانه‌ی، که خۆیان
چه‌ند ژنیان له ماڵه‌وه وەک کۆیله ڕاگرتووه و خۆیان ده‌سته‌کانی
تیرۆری ژنیانیان پێکهیناوه و خۆیان یاساکان ده‌رده‌که‌ن و
واژۆیانده‌که‌ن. ئایا ئه‌مه به‌ڵگه نییه بۆ هاوبه‌شبوونی فیمینیزمی
بۆرجوازی، که به‌شداری له چه‌وسانه‌وه‌ی ژناندا ده‌کات و به یاساکان
و دەسەڵات و دیمۆکراتییه‌ته‌که‌یان خۆشباوه‌ڕییان ده‌کات و
له‌نێوه‌ندیاندا ڕێوشوێنی پله‌به‌رزی و دەسەڵاتداری خۆیان به‌سه‌ر
ژناندا ده‌که‌نه‌وه و ئه‌وه‌ی له‌نێو پارته‌کان و دونیای
سه‌رمایه‌گوزاریدا به‌ده‌ستییان نه‌هێناوه، به‌هۆی ده‌سته‌مۆکردنی
ژنانه‌وه، پێکه‌وه‌یده‌نێن.
بە کورتی، ئەمانە بەشێکی بەرچاوی جیاوازییەکانن لە تێڕوانیندا، کە
بێگومان لە کارکردن و تێکۆشانی ڕۆژانەدا، لە نێوەندەکانی خەباتی
کۆمەڵایەتییدا، کە ژنانی ئازادیخواز لە هەموو هەنگاوێکدا خۆیان لە
بەرامبەر ژنانی ڕامیار و دەسەڵاتخوازدا دەبیننەوە، جیاوازییە
کردەییەکان ئاشکراتر و ڕۆشنتر بەرچاودەکەن، بەدڵنیاییشەوە، کۆمەڵێک
جیاوازیی دیکەش دێنە پێشەوە، کە ئێمە هەرگیز لە وەڵامێکی
ئەزموونگیرانەی سنوور دیاریکراودا توانای دەرککردیانمان نییە و تەنیا
خەباتی ڕۆژگاری داهاتوو دەتوانێت وەڵامیان پێبداتەوە و
بەرجەستەیانبکات.
__________________________________
بەشی
هەشتەم:
www.emrro.com/nojenkirdinewey8.htm
بەشی
هەفتەم:
www.emrro.com/nojenkirdinewey7.htm
بەشی
شەشەم:
www.emrro.com/nojenkirdinewey6.htm
بەشی
پێنجەم:
www.emrro.com/nojenkirdinewey5.htm
بەشی
چوارەم:
www.emrro.com/nojenkirdinewey4.htm
بەشی
سێیەم:
www.emrro.com/nojenkirdinewey3.htm
بەشی
دووەم:
www.emrro.com/nojenkirdinewey2.htm
بەشی یەکەم:
www.emrro.com/nojenkirdinewey1.htm
ماڵپه‌ڕی هه‌ژێن
|