په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢\١٢\٢٠١٨

    نۆڤەمبەر.


شوان حه‌سه‌ن

لەنجەولاری ئۆکتۆبەر، هێشتا خەیاڵی گەڵاکانی جێنەهێشتووە
ڕەنگەکانی دەڕژێنە درزی سپێدەیەک
لەوێ، خۆم بە ملە باریکەکەی مانگ وەدەکەم
تا قاچە تەزیووەکانی نۆڤەمبەری پێ گەرم بکەمەوە...
مەترسن ڕوناکی بە ئاگاناهێنم

چۆلەکەیەکم بە دوای ئەو دەنکە گەنمەدا دەگەڕێم
کە شەختە چەندان وێنەی لەسەر گرتووە
سروشت، بەڵێ سروشت...
ئەو بەشێک لە کات و ساتی یارییەکان دیاری دەکات

ئەو دڵۆپانەی لە چلورەی درەختەکانی سەر ڕێگادا دەبارین
هێدی هێدی لە بێ نازیدا دەبوون بە شیعرو
چاوی گەڵایە مردوەکانیان دەشوشت
لە لاڕێیەکەی ئەولاتر
شەقام هێشتا قاوەی بەیانی نەخواردبۆوە
گلۆپی سەیارەکان بە وریاییەوە، تاریکیان بەدوای خۆیاندا ڕادەکێشا
ئەو دراوسێیەی
هەموو بەیانیەک پشووییەک بە سەگەکەی دەدات
دەبێ جگە لە من چاوەڕوانی چەند کەسیتر بێت
تا بەیانی باشیان لێبکات؟
دەزانی ئەو، ئەوڕۆژانەش هەر لەوێیە
کە نۆڤەمبەر کراسێکی ڕەشی تەڕ تەڕیپۆشیوە
ئێستا دەبێددان بەوە دابنێم
ئەو ڕٶژە پەنجە تەزیوەکەی جوانیم تۆراند
کە پێمگوت:
ببورە ، تۆ سەگەکە دەهێنیتە دەرەوە، یان ئەو تۆ دەهێنێتە دەرەوە؟

نۆڤەمبەر من جەستەیەکی ڕاهاتووم و
لە شەقار، شەقاری زەوی، ڕەگم دزیوە
لە ناخۆشترین ساتدا
لەسەر جەستەی ماچ
مۆمێک دا دەگیرسێنم و
سەیری فیلمێک دەکەم
دەزانی هاوڕێم، لێرە وەرزەکان چیتر لەماڵەوە بە ئاگامان ناهێنن و
لەوانەیە ئەوان دەستەمۆ ببن و حەز لەسەرەتاتکێ نەکەن؟
دوێنێ کە دواکەوتم لە کار
دەمژمێرەکەم لە قۆڵی درەختێک کرد
تا لە ساتەکانتبگەم
بۆ خۆیشم دەمزانی خەیاڵێکی منداڵانە بوو
ئێ چی بکەم لەزمانت ناگەم؟
کە دێیتە ماڵەکەم
لە ترسی تاریکی و تەنیایی ناچیتە دەرەوە و
لەتەکم ڕادەکشێیت
کە دەچمە دەروەش، دەبیت بە سێبەرێکی شەرمن و
لەو ساتەی
هێشتا تاریکی بەیانی جێی نەهێشتووە
تاریکی ئێوارە بە خۆت دا دەدەیت
لەیەک شت دڵنیابە، نۆڤەمبەر
کە دەڕۆیت غەم لە مانگێکی تەمەن ناخۆم

 

ماڵپهڕی شوان حهسهن

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک